الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين.
ئەمە نامیلكەیەكی پوختە سەبارەت بە ئاداب وڕەوشت وحوكمەكانی سەردانیكردنی مزگەوتی نەبەوی، بەپەرۆش بووین لەسەر ڕوونكردنەوەی زۆرینەی ئەو شتانەی سەردانیكاری مزگەوتی نەبەوی پێویستیەتی.
داواكارین لە خوای گەورە بە ئیخلاس ودڵسۆزی لە پێناو زاتی پیرۆزی ئەو بێت، وهەموو مسوڵمانان سوودی لێ ببینن.
لیژنەی زانستی لە كۆڕگەی خزمەتگوزاری بڵاوکراوە ئیسلامیەكان بە زمانەكان - جمعية خدمة المحتوى الإسلامي باللغات-.
سەردانیكردنی مزگەوتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سوننەتە، وكاتێكی دیاریكراوی نییە، وبەشێك نییە لە كردەوەكانی حەج، وواجب نییە لەسەر حاجیەكان -بە پیاوان وئافرەتانەوە- سەردانی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وگۆڕستانی بەقیع بكەن.
ڕێگەپێدراو نییە گەشتی تایبەت بكرێت تەنها بۆ سەردانیكردنی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، چونكە گەشتی تایبەت بۆ ئەنجامدانی پەرستن؛ نابێت بۆ سەردانیكردنی گۆڕەكان بێت، بەڵكو دەبێت تەنها بۆ سێ مزگەوت ئەنجام بدرێت، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «سەفەری تایبەت* ئەنجام مەدەن مەگەر بۆ سێ مزگەوت نەبێت: ئەم مزگەوتەی من -مزگەوتی نەبەوی-، ومزگەوتی حەرام، ومزگەوتی ئەقسا». *(سەفەری تایبەت: مەبەست لێی سەفەر وگەشتێکە بۆ پەرستن ونزیکبوونەوە لە خودا ئەنجامبدرێت)
ئەو كەسەی لە مەدینەوە دوورە ڕێگەپێدراو نییە گەشتێكی تایبەت ئەنجام بدات تەنها بە مەبەستی سەردانیكردنی گۆڕەكان، بەڵكو ڕێگەپێدراوە ئەم گەشتە تایبەت ئەنجام بدات بە مەبەستی سەردانیكردنی مزگەوتی نەبەوی ڕێزدار، وكاتێك دەگاتە نێو مزگەوتەكە دەتوانێت سەردانی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵان بكات، چونكە لەم حاڵەتەدا سەردانیكردنی گۆڕەكە شوێنكەوتەی سەردانیكردنی مزگەوتی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم- نەک بەتای بەتی ئەنجامدرایێت.
ڕێگەپێدراو نییە ئافرەت سەردانی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وگۆڕی تر بكات؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەفرەتی كردووە لەو ئافرەتانەی زۆر سەردانی گۆڕستان دەكەن، ولەوەیە بەهۆی ئەم سەردانیكردنە تووشی هەندێك شتی ناشەرعی بن وەكو ناڕەزایی دەربڕین -نیاحە- وخۆ ڕازاندنەوە وهتد، بەڵام سوننەتە بۆیان زۆر سەڵات وسەلام بدەن لەسەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە مزگەوت وشوێنی تردا، ئەم سەڵات وسەلام دانە دەگاتە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر ئافرەتەكە لە هەرشوێنێك بێت؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ماڵەکانتان مەکەن بە گۆڕستان، وگۆڕەکەم مەکەن بە شوێنی سەردانیکردن (شوێنی کۆبوونەوە وئاهەنگ گێڕان)، وسەڵات بدەن لەسەرم سەڵاتەکانتان پێم دەگات ئەگەر لە هەر شوێنێک بوون». هەروەها -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خواى گەورە هەندێک فریشتەى هەیە بەسەر زەویدا دەگەڕێن؛ سەلامی ئومەتەکەم دەگەیەنن بە من».
كاتێك دەچێتە نێو مزگەوتی نەبەوی؛ سوننەتە قاچی ڕاستی پێش بخات لە كاتی چوونە نێو مزگەوتەكەوە ودەڵێت: (اللَّهم افتح لي أبواب رحمتك) واتە: (خوایە دەرگای ڕەحمەتت لەسەرم بکەیتەوە)؛ هەروەكو چۆن دەیڵێت لە كاتی چوونە نێو هەر مزگەوتێكی تر.
وچوونە نێو مزگەوتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- زیكرێكی تایبەتی بۆ دانەنراوە.
پاشان دوو ڕكات نوێژی (سڵاو كردن لە مزگەوت - تحیة المسجد) ئەنجام دەدات.
وئەگەر كاتی نەهی كردن نەبێت لە ئەنجامدانی نوێژی سوننەت؛ دەتوانێت بە ویستی خۆی دوو ڕكات دوو ڕكات نوێژی سوننەت ئەنجام بدات، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «نوێژکردن لەم مزگەوتەی من خێری زیاترە لە ھەزار نوێژکردن لەمزگەوتەکانی تر، جگە لەمزگەوتی حەرام نەبێت».
وپێویستە هەوڵ بدات وبە پەرۆش بێت لەسەر ئەنجامدانی نوێژ لە (ڕەوزە-الروضة) -ئەمیش شوێنێكە لە نێوان مینبەری پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وژوورەكەی-؛ ئەگەر ئاسان بوو، چونكە -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لە نێوان ماڵەكەم ومینبەرەكەم باخێكە لە باخەكانی بەهەشت».
ئەگەر ئاسان نەبوو بۆی؛ دەتوانێت لە هەر شوێنێكی مزگەوتەكە نوێژ بكات، ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر نوێژی بە كۆمەڵ نەبێت، چونكە ئەگەر نوێژی بە كۆمەڵ بوو ئەوا پێویستە بەپەرۆش بێت لەسەر ڕیزی یەكەم لە پشتی ئیمام؛ چونكە بەڵگەكان بە شێوەیەكی گشتی ئاماژە بۆ ئەمە دەكەن.
وئەگەر بیەوێت سەردانی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وگۆڕی دوو هاوەڵەکەی بکات:
بەرامبەر بە گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە ڕێز ولەسەرخۆییەوە دەوەستێت، ودەنگی نزم دەكاتەوە، پاشان سەلام لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەكات ودەڵێت: (السلام عليك يا رسول اللَّه ورحمة اللَّه وبركاته) واتە: (سڵاو وسەلام لە تۆ بێت ئەی پێغەمبەری خودا لەگەڵ ڕەحمەت وپیرۆزی الله)، وئەگەر بڵێت: (أشهد أنك رسول اللَّه حقّاً، وأنك قد بلّغت الرسالة، وأدّيت الأمانة، وجاهدت في اللَّه حق جهاده، ونصحت الأمة، فجزاك اللَّه عن أمتك أفضل ما جزى نبياً عن أمته) واتە: (شاهێدی دەدەم بە ڕاستی تۆ پێغەمبەری خودایت، وپەیامەكەت گەیاند، وسپاردەكەت بەجێگەیاند، ولە پێناو خوای گەورە كۆشش وجیهادت بەرپا كرد بەو شێوەیەی پێویستە بەرپا بكرێت، وئامۆژگاری ئومەتت كرد، خوای گەورە پاداشتت بداتەوە بەهۆی ئەوەی پێشكەشت كرد بۆ ئومەتەكەت بە باشترین پاداشت لەوەی خوای گەورە دەیبەخشێت بە پێغەمبەران بەهۆی ئەوەی پێشكەشیان كرد بە ئومەتەكانیان)؛ ئەوا ئەمیش ئاساییە.
پاشان تۆزێك دەچێتە لای ڕاست وسەلام لە ئەبو بەكری سدیق دەكات -ڕەزای خوای لێبێت-.
دواتر تۆزێك دەچێتە لای ڕاست وسەلام لە عومەری كوڕی خەتاب دەكات، ئیبن عومەر -ڕەزای خوایان لێبێت- ئەگەر سەلامی بكردایە لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵەكانی زۆر جار لەمە زیاتری نەدەووت: (السلام عليك يا رسول اللَّه، السلام عليك يا أبا بكر، السلام عليك يا أبتاه) واتە: (سەلامت لێبێت ئەی پێغەمبەری خودا، سەلامت لێبێت ئەی ئەبو بەكر، سەلامت لێبێت ئەی باوكە)؛ پاشان دەڕۆیشت.
ونابێت زۆر بوەستێت یان نزا بكات لە لای گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وگۆڕی هاوەڵەكانی، مالیك ئەمەی بە مەكروهـ داناوە، ودەڵێت: بیدعەیە وهیچ یەكێك لە پێشینان نەیكردووە، وكۆتایی ئەم ئومەتە چاك نابێت مەگەر بە ئەو شتە نەبێت كە بووە هۆكاری چاكبوونی یەكەمینەكانی.
وئەوەی هەندێك لە سەردانیكاران وخەڵکی تر ئەنجامی دەدەن وەكو بەپەرۆشی لە سەر نزا كردن لە لای گۆڕەكەی، ولە كاتی نزاكەدا ڕوو دەكەنە گۆڕەكە ودەستەكانیان بەرز دەكەنەوە؛ بە هەمان شێوە ئەمیش پێچەوانەی ڕێبازی پێشینی چاكە لە هاوەڵانی پێغەبەری خودا وئەوانەی شوێنیان كەوتن بە چاكە، بەڵكو ئەم كارەیان بیدعە وداهێنراوی تازەیە.
هەندێك لە سەردانیكاران لە كاتی سەلامكردن لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستی ڕاستیان دەخەنە سەر دەستی چەپیان لە سەرەوەی سنگیان یان لە ژێرەوەی وەكو شێوازی نوێژكردن؛ ئەم شێوازە ڕێگەپێدراو نییە لە كاتی سەلامكردن لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، چونكە شێوازی زەلیلی وملكەچی وپەرستنە وتەنها دەبێت بۆ الله ئەنجام بدرێت هەروەكو ئیبن حەجەر دەیگێڕێتەوە لە زانایانەوە لە کتێبی الفتح دا.
ونابێت هیچ یەكێك مەبەستی نزیكبوونەوە بێـت لە الله بە مەسحكردن بە سەر چوارچێوەی ژوورەكەدا، یان تەواف كردن بە دەوریدا، ونابێت داوای هیچ شتێك لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بكات، ونابێـت داوای شیفای لێبكات وهاوشێوەی ئەمە لە داواكانی تر؛ چونكە مرۆڤ دەبێت بە تەنها لە الله بپاڕێتەوە وبە تەنها داوای بە هاناوە هاتن لە ئەو بكات.
سەردانیكاری مەدینە لە كاتی بوونی لە مەدینەدا؛ سوننەتە سەردانی مزگەوتی قوبا بكات ولەوێدا نوێژ بكات، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەچوو بۆ ئەو مزگەوتە بە سواری وبە ڕۆیشتن لەسەر پێ ودوو ڕكات نوێژی تێدا ئەنجام دەدا، لە سەهلی كوڕی حونەیفەوە كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەركەسێك لە ماڵەوە دەستنوێژ بگرێت پاشان بێت بۆ مزگەوتی قوبا، ونوێژی تێدا ئەنجام بدات ئەوا پاداشتی وەكو پاداشتی عومرە كردنێک وایە».
هەروەها سوننەتە پیاوان سەردانی گۆڕەكانی بەقیع بكەن -ئەمیش گۆڕستانێكە لە مەدینەدا- وگۆڕەكانی شەهیدەكان، وگۆڕی حەمزە -ڕەزای خوای لێبێت-؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەردانیانی دەكرد ونزای بۆیان دەكرد، هەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «من نەهیم لێكردن لە سەردانیكردنی گۆڕەكان، بەڵام سەردانیان بكەن چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی قیامەتتان بە بیر بهێنێتەوە»،
وكاتێك سەردانیان دەكات هەروەكو لە كاتی سەردانیكردنی گۆڕەكانی تر؛ ئەم نزایە دەڵێت: (السلام عليكم أهل الديار، من المؤمنين والمسلمين، وإنا إن شاء اللَّه بكم لاحقون ويرحم اللَّه المستقدمين منا والمستأخرين، نسأل اللَّه لنا ولكم العافية) واتە: (سەلام لە ئێوە بێت نیشتەجێبووانى ئەم شوێنە لە ئیمانداران ومسوڵمانان، وئێمەیش بە ویستی الله دەگەین بە لای ئێوە، خواى گەورە ڕەحم بکات بە ئەوانەى لە پێشووتر چوون وبە ئەوانەیش لە داهاتوودا دێن -بۆ ئەم شوێنە-، داواكارین خوای گەورە عافیەت وسەلامەتی ببەخشێت بە ئێمە وبە ئێوەیش).
بێگومان مەبەست لە سەردانیكردنی گۆڕستان بۆ بە بیر هێنانەوەی قیامەت وچاكەكردنە بەرامبەر بە مردووەكان ئەمیش بە نزا كردن بۆیان، هەروەها شوێنكەوتنی سوننەتی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-؛ ئەمە سەردانیكردنی شەرعیە.
بەڵام سەردانیكردنیان بە مەبەستی نزا كردن لە لای گۆڕەكانیان، یان داوا كردن لە الله بە پلەی ئەوان وهاوشێوەی ئەمە؛ ئەمە سەردانییەكی خراپە وبیدعەیە نە خوای گەورە بڕیاری لەسەر داوە لە شەریعەتدا ونە پێغەمبەرەكەی -صلى اللە علیە وسلم-، هەروەها پێشینی چاك ئەم كردەوەیان ئەنجام نەداوە، سەبارەت بە داوا كردنی پێویستی یان شیفای نەخۆشی لە مردووەكان یان هاوشێوەی ئەمانە؛ ئەمە شیركی گەورەیە.
خوێنەری بەڕێز ئەمە لە هەندێك لە فەرموودە هەڵبەستراو وساختەكانە لەم بابەتەدا بۆ ئەوەی بیانناسیت وهۆشدار بیت لە هەڵخەڵەتاندن پێیان:
یەكەم: (من حج ولم يزرني فقد جفاني) واتە: ئەوەی حەج بكات وسەردانی من نە كات؛ ئەوا وشك وسارد بووە بەرامبەرم.
دووەم: (من زارني بعد مماتي فكأنما زارني في حياتي) واتە: ئەوەی لە پاش مردنم سەردانم بكات وەكو ئەوە وایە لە كاتی ژیانم سەردانی كردبێتم.
سێیەم: (من زارني وزار أبي إبراهيم في عام واحد ضمنت له على الله الجنة) واتە: ئەوەی سەردانی من وسەردانی ئیبراهیمی باوكم بكات لە یەك ساڵدا ئەوا مسۆگەری بۆ دەكەم كە خوای گەورە دەیخاتە بەهەشتەوە.
چوارەم: (من زار قبري وجبت له شفاعتي)، واتە: ئەوەی سەردانی گۆڕەكەم بكات؛ شەفاعەت كردنم بۆی مسۆگەر دەبێت.
ئەم فەرموودانە وهاوشێوەكانی هیچ یەكێكیان بە دروستی لە پێغەمبەرەوە نەهاتوون -صلى اللە علیە وسلم-، عوقەیلی دەڵێت: لەم ڕوانگەیەوە هیچ فەرموودەیەكی سەحیح ودروست نەهاتووە، ئیبن حەجەر لە (التخلیص)دا دەڵێت: -پاش ئەوەی زۆر لەم گێڕانەوانەی باسكرد- ڕێگاكانی ئەم فەرموودەیە هەمووی لاوازە. سەردانیكردنی مزگەوتی نەبەوی لە پێش یان لە پاش حەج وعومرە؛ سوننەت نییە وكامڵێتی نییە بۆ ئەنجامدانیان، چونكە سەردانیكردنی مزگەوتی نەبەوی سوننەتێكی ڕەهایە، بۆیە ئەگەر حاجی یان عومرەكار سەردانی نەكات هیچ گوناهبار نابێت، وهیچ پەیوەندییەك نییە لە نێوان حەج یان عومرە وسەردانیكردنی مزگەوتی نەبەوی چونكە ئەمەی كۆتا پەرستنێكی جیاواز وسەربەخۆیە. ئەوەی حەج یان عومرە دەكات پابەند نەكراوە بە سەردانیكردنی مزگەوتی نەبەوی، هەروەها ئەوەی سەردانی مزگەوتی نەبەوی دەكات پابەند نەكراوە بە ئەنجامدانی حەج یان عومرە، بەڵام ئەگەر لە گەشتێكدا حەج وعومرە ئەنجام بدات وسەردانی مزگەوتی نەبەویش بكات؛ ئەمە ئاساییە.
سەرپێچیەكان لە كاتی سەردانیكردنی مزگەوتی نەبەوی مەسح كردن بە دیوار یان بە شیشە ئاسنیەكان لە كاتی سەردانیكردنی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وبەستنەوەی بەن وهاوشێوەكانی بە پەنجەرەكانەوە؛ بۆ بەدەستهێنانی پیرۆزی وبەرەكەت.
بەرەكەت وپیرۆزی لەوەدایە كە خوای گەورە وپێغەمبەرەكەی -صلى اللە علیە وسلم- لە شەریعەتدا بڕیاریان لەسەر داوە نەك لە بیدعە وداهێناندا بێت.
ڕۆیشتن بۆ ئەشكەوتەكان لە شاخی ئوحود وبۆ ئەشكەوتی حەڕا وثەور لە مەككە؛ وبەستنەوەی پارچە قوماشێك بە شتێكەوە لەوێ ونزا كردن بە شێوەیەك كە خوای گەورە ڕوخسەتی پێ نەداوە وئەركی قورس خستنە ئەستۆ لەم كارانەدا.
هەموو ئەمانە بیدعە وداهێنراون، ولە شەریعەتی پاكدا هیچ بنچینەیەكیان نییە.
سەردانیكردنی هەندێك شوێن كە پێیان وایە شوێنەواری پێغەمبەری تێدایە -صلى اللە علیە وسلم- وەكو شوێنی حەوانەی وشترەكە وبیری خاتەم یان بیری عوسمان وبردنی خۆڵی ئەو شوێنانە بۆ بەدەستهێنانی پیرۆزی وبەرەكەت.
داوا كردن لە مردووەكان لە كاتی سەردانیكردنی گۆڕستانی بەقیع وگۆڕستانی شەهیدەكان وفڕێدانی پارە لەوێ؛ بۆ نزیكبوونەوە لێیان وبە دەستهێنانی بەرەكەت وپیرۆزی لە مردووەكانەوە.
وخودا زاناترە، وصلى الله وسلم على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين.