زۆرترین گەڕان
کۆمەڵێک فەتوا سەبارەت بە حەج وعومرە وسەردانی كردنی مزگەوتی سەروەرمان
هەڵبژێردراوە لە كتێبی (مجموع فتاوى لجنة الإفتاء الدائمة) لە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە، لەگەڵ کورتکردنەوەی پرسیارەكان لە هەربابەتێکدا بەشێوازێکی گونجاو. یەكەم: فەتوا گشتیەكان پ: ئایا دروستە باوكم عومرە بكات بە پارەیەك کە لە بانک بە قەرز وەریگرتووە؟ ج: ئەو كەسەی دەیەوێت حەج یان عومرە بكات جا بۆ خۆی یان بۆ كەسێكی تر؛ واجبە بۆ حەج وعومرەكەی ئەو خەرجیە هەڵبژێرێت كە پاكە، چونكە خوای گەورە -جل وعلا- پاكە وتەنها پاكیش وەردەگرێت.
This PDF is generated automatically from the book's text; its layout may differ from the printed edition.
کۆمەڵێک فەتوا سەبارەت بە حەج وعومرە وسەردانی كردنی مزگەوتی سەروەرمان
عومرەكاران زۆر پێویستیانە [1]
هەڵبژێردراوە لە كتێبی (مجموع فتاوى لجنة الإفتاء الدائمة) لە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە، لەگەڵ کورتکردنەوەی پرسیارەكان لە هەربابەتێکدا بەشێوازێکی گونجاو.
لیژنەی زانستی لە (كۆڕگەی خزمەتگوزاری بڵاوکراوە ئیسلامیەكان بە زمانەكانی جیهان - جمعية خدمة المحتوى الإسلامي باللغات)
یەكەم: فەتوا گشتیەكان
پ: ئایا دروستە باوكم عومرە بكات بە پارەیەك کە لە بانک بە قەرز وەریگرتووە؟
ج: ئەو كەسەی دەیەوێت حەج یان عومرە بكات جا بۆ خۆی یان بۆ كەسێكی تر؛ واجبە بۆ حەج وعومرەكەی ئەو خەرجیە هەڵبژێرێت كە پاكە، چونكە خوای گەورە -جل وعلا- پاكە وتەنها پاكیش وەردەگرێت.
وە بابەتی قەرز وەرگرتن لە بانک یان لە شوێنی تر ئەگەر سووی تێدا بێت؛ ڕێگەپێدراو نییە، چونكە ئەمە ڕیبایە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەفرەتی كردووە لەو كەسەی ڕیبا دەخوات یان بریكاریەتی یان دەینووسێت یان شاهێدی لەسەر دەدات، وفەرموویەتی: «هەموویان یەكسانن»، وخواردنی حەرام هۆكارە بۆ ڕەتکردنەوەب نزا وقبوڵ نەبوونی كردەوە، بەڵام ئەگەر قەرزەكە سووی تێدا نەبێت؛ ئاساییە ودروستە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 353)
***
پ: ئایا ڕاستە ئەگەر كەسێك لە مەككە دوربێت بۆ ماوەی چل ڕۆژ ئەوا دەبێت عومرەیەك بكات؛ ئەگەرچیش لە پێشوودا چەند جارێك عومرەی كردبێت؟
ج: لە هەموو تەمەندا تەنها یەك جار عومرە كردن واجبە لەسەر كەسی موكەلەف وتوانادار، ئەگەر زیاتر لە یەك جار عومرە بكات؛ سوننەتە، وعومرە كردن ڕێگەپێدراوە لە هەموو كاتێكدا وكاتێكی دیاریكراوی نییە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 20)
***
پ: ئایا عومرە كردن لە هەركاتێكی ساڵدا ڕێگەپێدراوە؟
ج: عومرە كردن لە هەموو ڕۆژەكانی ساڵدا ڕێگەپێدراوە، تەنانەت لە مانگەكانی حەجیشدا، ئەگەر لە مانگەكانی حەج ئەنجامی بدات پاشان حەج بكات لەو ساڵەدا ئەوا تەمەتوعی كردووە؛ واتا: عومرەی ئەنجامداوە ولەدوای عومرە لەهەمان ساڵدا حەجیشی کردووە، بەڵام ئەگەر عومرە وحەج پێکەوە بکات وتێهەڵکێشیان بکات ئەوا پێی دەووترێت (قارن)، وئەوەی (تەمەتوع) یان (قارن) هەڵبژاردووە دەبێت ەیوانێک سەرببڕێت ئەگەر دانیشتووی مەككە نەبێت، بەڵام ئەگەر حاجیەكە عومرە بكات لە مانگی (ذي الحجة) لە پاش ڕۆژەكانی (تەشریق)*؛ ڕێگەپێدراوە، ولەوکاتەدا سەربڕینی حەیوانی لەسەر نییە. *(ڕۆژەكانی تەشریق: واتا ڕۆژەكانی 11 و 12 و 13 ی مانگی -ذي الحجة-)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 316)
***
پ: ئایا دروستە کەسێک عومرە بكات پێش ئەوەی حەجی فەرز ئەنجام بدات؟
ج: بەڵێ؛ ڕێگەپێدراوە مرۆڤ عومرە بكات پێش ئەنجامدانی حەج، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانی عومرەیان كردووە پێش ئەوەی حەجی فەرز ئەنجام بدەن.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 318)
***
پ: حوكمی دووبارە كردنەوەی عومرە لە یەك ساڵدا چییە؟
ج: دروست ئەوەیە چەند جارێك دووبارە كردنەوەی عومرە لە ساڵێكدا؛ ڕێگەپێدراوە، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «عومرە بۆ عومرە كەفارەتی تاوانی نێوانیانە، وحەجی مەبرور (كە تاوان وڕیای تێدا نەبێت)؛ هیچ پاداشتێكی نییە جگە لە بەهەشت نەبێت». [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە]
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 334)
***
پ: هەندێك كەس دێت بۆ ئەنجامدانی حەج، وپاش تەواوبوونی عومرەی تەمەتوع دەیەوێت عومرە بۆ دایكی یان باوكی ئەنجام بدات؛ ئایا دەبێت چی بكات؟
ج: هەركەسێك ئیحرامی بەست بۆ ئەنجامدانی عومرەی تەمەتوع لە مانگەكانی حەجدا ئەوا باشتر وایە پاش تەواوبوونی عومرەكە لە مەككە چاوەڕێ بكات هەتاوەكو كاتی حەج كردن دێت، ئیحرام دەبەستێت وعومرە دووبارە ناكاتەوە پێش ئەنجامدانی حەج، ئەگەر حەج كردنی تەواو بوو؛ ئەوا ئاساییە دواتر عومرەیەكی تر ئەنجام بدات ونییەت دەهێنێت لە (تەنعیم) یان لەهەرشوێنێکی تر لەدەرەوەی مەمککە، وئەگەر عومرەیەكی تر بكات بۆ باوكی مردووی یان دایكی مردووی یان ناتوانن بەهۆی پیری یان نەخۆشی، وهیوا نییە بەوەی چاك بنەوە، یان بۆ هەركەسێكی تر كە ئەم وەسفانەیان تێدایە؛ ئەوا ئاساییە چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «عومرە بۆ عومرە كەفارەتی تاوانی نێوانیانە، وحەجی مەبرور (كە تاوان وڕیای تێدا نەبێت)؛ هیچ پاداشتێكی نییە جگە لە بەهەشت نەبێت». [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە]
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 117)
***
پ: ئایا حوكمی ئەو كەسە چییە كە لە سەفەرێكدا زیاتر لە یەك عومرە ئەنجام دەدات؟ ولە هەموو عومرەیەكدا دەچێت بۆ (تەنعیم) بۆئەوەی ئیحرام ببەستێت بۆ ئەنجامدانی عومرەیەكی تر؟
ج: دووبارە كردنەوەی عومرە لە ماوەیەكی كەمدا بۆ ئەو كەسەی دێت بۆ مەككە؛ لە سوننەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانی نەبووە -ڕەزای خوایان لێبێت-، ئەگەر ئەمە باشتر بوایە ئەوان ئەنجامیان دەدا، ئەو كەسەی دێت بۆ مەككە وڕێوڕەسمەكان تەواو دەكات چاکتر بۆی ئەوەیە بە تایبەتی زۆر تەواف بكات، وقورئان بخوێنێت ونوێژ وخێر بكات وپەرستنەكانی تر ئەنجام بدات، وئەگەر عومرە بكات بۆ خۆی یان بۆ كەسێكی تر؛ کە ڕێگەپێدراوە عومرەی بۆ بكات، وەكو مردوو، ویان ئەو كەسەی ناتوانێت بەهۆی نەخۆشیەك كە هیوا نییە بەوەی چاك بێتەوە؛ ئەمە ئاساییە، ئەگەر ئەم عومرەیە نەبێـتە هۆی ناڕەحەتی لەسەر خۆی یان لەسەر خەڵكی وەكو كاتی قەرەباڵەغیەكی زۆر، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «عومرە بۆ عومرە كەفارەتی تاوانی نێوانیانە، وحەجی مەبرور (كە تاوان وڕیای تێدا نەبێت)؛ هیچ پاداشتێكی نییە جگە لە بەهەشت نەبێت». ولە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم- كە فەرمانیكرد بە دایکی ئیمانداران عائیشە بەوەی عومرە لە (تەنعیم)ەوە ئەنجام بدات پاش كۆتاییهێنانی بە حەج وعومرەكەی؛ لەوکاتەی عائیشە داوای ڕوخسەت وەرگرتنی لێی كرد بۆ ئەنجامدانی عومرەیەكی تر.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 355)
***
دووەم: فەتوا دەربارەی میقاتەكان (شوێنە دیاری کراوەکان بۆ نییەت هێنان)
پ: كەسێك بیەوێت حەج یان عومرە بكات وئیحرام بەستن لە سەری قورس بێت لە نێو فڕۆكەدا، لەگەڵ ئەمەیشدا شوێنی میقات نازانێت، ئایا دەتوانێت ئیحرام بەستنەكە دوا بخات هەتاوەكو دەگاتە جەددە یان نا؟
ج: ئەگەر بیەوێت حەج یان عومرە بكات لەكاتێكدا لەناو فڕۆكەدایە؛ ئەوا دەتوانێت هەر لە ماڵەوە خۆی بشوات، وجلەكانی ئیحرام -ئیزار وریدائـ- لەبەر بكات، وئەگەر ماوەیەكی كەمی مابێت بۆ میقات؛ ئەوا نیەتی ئیحرام دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە، (میقات: واتا شوێنی هێنانی نیەت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە)، وئەمە هیچ ناڕەحەتیەكی تێدا نییە، ئەگەر شوێنی میقات نەزانێت ئەوا پرسیار دەكات لە کاپتنی فڕۆکەکە یان هاوكارەكانی یان یەكێك لە خزمەت کاران یان سەرنشینانی فڕۆكەكە لەو كەسانەی متمانەی پێیانە وشارەزان سەبارەت بەم بابەتە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 153)
***
پ: ئەگەر كەسێك گەشت بكات بە فڕۆكە وبیەوێت عومرە ئەنجام بدات؛ ئایا ڕێگەپێدراوە بۆی كە نیەت بهێنێت وتەلبیە بكات بۆ ئەنجامدانی عومرە بە بێ ئەوەی جلی ئیحرام بپۆشێت، چونكە دەیەوێت هەندێك لە كارەكانی جێبەجێ بكات لە شاری جەددە، پاش تەواوكردنیان ئیحرام دەبەستێت لە جەددە ودەڕوات بۆ ئەنجامدانی عومرە؛ یان چی شتێكی لەسەر واجبە؟
ج: هەركەسێك گەشت دەستپێبكات وبیەوێت دروشمەكانی حەج یان عومرە جێبەجێ بكات؛ ئەوا ڕێگەپێدراو نییە بۆی میقات تێپەڕێنێت مەگەر بە جلی ئیحرامەوە نەبێت لەگەڵ ئەو نیەتەی هێناویەتی، ونابێت جلی دووراو لەبەر بكات، ودەبێت خۆی لە هەموو قەدەغەكراوەكانی ئیحرام بە دوور بگرێت.
بۆیە ئەوەی باستكرد لە پرسیارەكەدا ؛ ڕێگەپێدراو نییە، چونكە پێچەوانەی حوكمی شەرعییە، بەڵام هیچ ڕێگرێك نیە لەوەی بچێت بۆ جەددە بە بێ هێنانی نیەتی ئیحرام بۆئەوەی پێویستیەكەی جێبەجێ بكات، پاشان بگەڕێتەوە بۆ میقات ولەوێوە ئیحرام ببەستێت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 81)
***
پ: ئایا دروستە حاجی یان عومرەكار ئیحرام ببەستێت لە (بیری عەلی)یەوە لە مەدینە لەکاتێکدا ئەو لە فڕۆكەخانەی جەددە دابەزێت، وپاشان دەڕوات بۆ مەدینە ولە (بیری عەلی)یەوە ئیحرام دەبەستێت؟
ج: حاجی ئەگەر لە فڕۆكەخانەی جەددە دابەزێت وبیەوێت لە جەددەوە بڕوات بۆ مەدینە پێش ئەنجامدانی حەج؛ ئەگەر سەردانیكردنی مەدینەی تەواو كرد، پاشان بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ مەككە بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە؛ ئەوا لە میقاتی خەڵكی مەدینەوە ئیحرام دەبەستێت كە پێی دەووترێت (زی ئەلحولەیفە یان بیری عەلی)، چونكە ئەم كەسە حوكمی خەڵكی مەدینەی هەیە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت سەبارەت بە میقاتەکان: «ئەو شوێنانە (میقاتن) بۆ ئەو خەڵكانەی لەو شوێنانەوە دێن وبۆ ئەوانەیشی بەو شوێنانەدا تێپەڕ دەبن لەكاتێكدا خەڵكی ئەو شوێنانە نین ودەیانەوێت حەج یان عومرە ئەنجام بدەن» [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە]
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 94)
***
پ: كەسێك عومرەی كردووە لە ڕۆژی هەینی لە هەر مانگێكدا ودەیەوێت بڕوات بۆ ناوچەیەكی تر، وپاش دوو یان سێ ڕۆژ دەگەڕێتەوە بۆ مەككە، ودەیەوێت عومرەیەكی تر بكات، ئایا ڕێگەپێدراوە عومرە ئەنجام بدات بە بێ پۆشینی جلەكانی ئیحرام؟
ج: هەركەسێك بیەوێت عومرە بكات ئەوا دەبێت لە میقاتەوە ئیحرام ببەستێت كە پێیدا تێپەڕ دەبێت ودێت بەرەو مەككە، ونابێت میقات تێبپەڕێنێت بە بێ ئیحرام پۆشین لەوێوە دەرهەق بە ئەو كەسانەی دەیانەوێت حەج یان عومرە ئەنجام بدەن، ئەگەر بۆ عومرەی یەكەم یان دووەم یان زیاتر بێت، بەڵام ئەو كەسەی لە نێو ناوچەی میقاتدایە؛ ئەوا لەو شوێنەوە ئیحرام دەبەستێت كە نیەتی عومرە كردنی تێدا هێناوە، مەگەر لە مەككە بێت لەم حاڵەتەدا دەبێت دەربچێتە دەرەوەی سنوری مەککە بۆ بەستنی ئیحرام وئەنجامدانی عومرە، هەوەکو دایکی ئیماندان عائیشە ئەنجامیدا -ڕەزای خوای لێبێت- بە فەرمانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 354)
***
پ: حوكمی ئەو كەسە چییە كە عومرە بۆ باوكی دەكات پاش ئەوەی عومرەی بۆ خۆی كردووە، لەکاتێکدا بۆ عومرەكەی باوكی لە دەرەوەی شاری مەککە ئیحرامی بەستووە؟
ج: ئەگەر عومرەت بۆ خۆت کرد، وپاشان وبتەوێت عومرە بۆ باوكت بكەیت ئەگەر مردووبێت یان زیندووبێت ونەتوانێت بەهۆکاری نەخۆشییەوە خۆی عومرە بکات؛ ئەوا دەردەچیت بۆ دەرەوەی سنوری مەککە وەكو تەنعیم، ولەوێوە ئیحرام دەبەستیت بۆ ئەنجامدانی عومرە و واجب نییە سەفەر بكەیت بۆ میقاتێک لە میقاتەکان.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 135)
***
سێیەم: فەتواكانی ئیحرام وقەدەغەكراوەكانی
پ: ئەگەر ئیحرام بپۆشێت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە پاشان نیەتەكەی هەڵوەشاندەوە؛ ئایا چی لەسەر واجبە؟
ج: ئەگەر پۆشاکی ئیحرام بپۆشێت ونیەتی ئەنجامدانی حەج وعومرە نەهێنێت وتەلبیە نەكات؛ ئەوا بژاردە لە دەستی خۆیدایە، ئەگەر بیەوێت حەج یان عومرە دەكات، وئەگەر بیەوێت ئەنجامیان نادات، وهیچ شتێكی لەسەر واجب نییە ئەگەر پێشتر حەج وعومرەی ئیسلامی ئەنجامدابێت.
بەڵام ئەگەر نیەتی ئەنجامدانی حەج وعومرەی هێنا بێت ئەوا بۆی نییە ئەم نیەتە هەڵبوەشێنێتەوە وپەشیمان ببێتەوە، بەڵكو واجبە ئەو نیەتەی بهێنێتە دی حەجبێت یان عومرە؛ چونكە خوای گەورە -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ﴾ واتە: ﴿ھەر بۆ خودا و لەبەر ڕەزامەندی ئەو حەج وعومرە بە چاکی و بەتەواوی وکامڵی ئەنجام بدەن﴾
لێرەوە ڕوون دەبێتەوە كە: مسوڵمان ئەگەر نیەتی حەج وعومرە بهێنێت ئەوا بۆی نییە ئەنجامیان نەدات، بەڵكو واجبە لەسەری ئەونیەتەی هێناویەتی تەواوی بکات بە کامڵی وتەواوی؛ بە بەڵگەی ئەو ئایەتە پیرۆزەی باسكرا، مەگەر مەرجی دانابێت لەکاتی نیەت هێناندا وئەو ڕێگرە بێتە پێشی كە لێی دەترسا؛ لەم حاڵەتەدا بۆی هەیە حەج یان عومرەكەی تەواو نەكات، چونكە زوباعەی كوڕی زوبەیر كاتێك بە پێغەمبەری خودای ووت -صلى اللە علیە وسلم-: ئەی پێغەمبەری خودا دەمەوێت حەج بكەم وگومانم هەیە -واتە دەترسا ڕێگرێک بێتە ڕێی ونەتوانێت حەجەکەی بکات-، سەروەرمان فەرمووی: «حەج بكە ومەرج دابنێ -كە كۆتایی بە ئیحرامەكەم دەهێنم- لەو شوێنەی کەڕێگرێک دێتەڕێم ونەتوانم حەجەکەم تەواوبکەم». [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە]
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 166)
***
پ: ئافرەتێك نیەتی هێناوە بۆ ئەنجامدانی عومرە، پاشان تووشی سووڕی مانگانە بووە وتەواف وسەفا ومەڕوەی نەکردووە، وگەڕاوەتەوە بۆ شوێنی مانەوەی ولە ئیحرامەکەی دەرچووە، ئایا هیچ شتێكی لەسەرە، وئەگەر كۆتایی بە ئیحرامەكەی نەهێنا بێت؛ ئایا هیچ شتێكی لەسەرە؟
ج: هەر ئافرەتێك نیەتی ئیحرامی هێنا بۆ ئەنجامدانی عومرە پاشان تووشی سووڕی مانگانە بوو وكۆتایی بە ئیحرامەكەی هێنا پێش تەواف وسەفا ومەڕوە؛ ئەگەر نەزان بێت سەبارەت بە حوکمی ئەم کارە، ولەدووای دەرچونی لە ئیحرام سەرجێیی لەگەڵ هاوسەری نەکردبێت؛ ئەوا واجبە عومرەكەی تەواو بكات لە پاش پچڕانی سووڕی مانگانەكەی، پاشان خۆی دەشوات بۆ پاكبوونەوە لە سووڕی مانگانە هەروەكو چۆن خۆی دەشوات بۆ پاكبوونەوە لە لەشگرانی، وپاشان تەواف وسەفا ومەڕوە دەكات وكۆتایی بە ئیحرامەكەی دەهێنێت پاش ئەوەی هەندێك لە قژی دەبڕێت، وبەم شێوازە هیچ شتێكی لەسەر نییە.
خۆ ئەگەر سەرجێیی لەگەڵ هاوسەری کردبێت لەدووای دەچونی لە ئیحرام؛ ئەوا عومرەكەی هەڵوەشاوەتەوە، ولەگەڵ ئەمەشدا دەبێت تەواف سەفا ومەڕوە بکات وڤژی کورت دەکاتەوە، وە واجبە عومرەیەکی تر بکاتەوە بە کامڵی لە شوێنی ئەو عومرەیەی کە هەڵوەشاوەتەوە، ولەشوێنی نیەت هێنانی بۆعومرەی یەکەم نیەت دەهێنێت بۆ عومرەی دووەم، ولەگەڵ ئەوەشدا دەبێت حەیوانێک سەرببڕێت؛ یان مەڕێک كە تەمەنی شەش مانگ وبەرەوسەربێت، یان بزنێك تەمەنی ساڵێك وبەرەوسەربێت، لە شاری مەككە سەڕی دەبڕێت وگۆشتەكەی دابەش دەكات بەسەر هەژارانی ئەوێدا.
خۆ ئەگەر لە ئیحرامەكەی دەرنەچوبێت؛ ئەوا دەبێت عومرەكەی تەواو بكات بە ئەنجامدانی تەواف وسەفا ومەڕوە، وووا جار كۆتایی بە عومرەكەی دەهێنێت پاش كورتكردنەوەی ڤژی، ولە هەموو حاڵەتێكدا سووڕی مانگانە نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی عومرە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 323)
***
پ: ئایا بەكارهێنانی سابوونی بۆندار ڕێگەپێدراوە بۆ كەسی موحریم؟
ج: ئەوکەسەی لە ئیحرامدایە جا پیاو یان ئافرەت بێـت ڕێگەپێدراو نییە بۆن بەكاربهێنێت، لەوانەیش بەكارهێنانی سابوونی بۆندار، وهەركەسێك بۆن لە خۆی بدات بە ئەنقەست وویستی خۆی وزانایە بە حوکمەکەی؛ ئەوا فیدیەی لەسەرە، وئەوەی نەزان بێت یان لەبیری چووبێـت؛ ئەوا هیچ شتێكی لەسەر نییە؛ چونكە خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿رَبَّنَا لاَ تُؤَاخِذْنَا إِن نَّسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا﴾ واتە: ﴿پهروهردگارا؛ لێمان مهگره ئهگهر فهرامۆشیمان بهسهردا هات یان گوناهـ و ههڵهیهکمان له دهست قهوما﴾، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «(قەڵەمی گوناهـ نووسین) هەڵگیراوە لەسەر ئومەتەکەم لەسەر هەڵەکردن ولە بیرکردن ولەو شتانەی کە بە زۆر پێیان کراوە».
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 137)
***
پ: پێش ئەوەی بچمە نێو حەرەمی مەككەوە چووم بۆ دەست شۆر، وبە هەڵە ئیحرامەكەم لەسەر سەرم دانا، پاشان بیرم كەوتەوە ولام برد لە سەر سەرم، پرسیار: ئایا هیچ شتێكم لەسەرە؟
ج: ئەگەر موحریم شتێك بكات لە قەدەغەكراوەكانی ئیحرام بەهۆی لەبیرچوونەوە؛ ئەوا واجبە دەستبەجێ وازی لێبهێنێت هەركاتێك بیری كەوتەوە، وگوناهبار نابێت وهیچ كەفارەتێكی لەسەر نییە، چونكە خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿رَبَّنَا لاَ تُؤَاخِذْنَا إِن نَّسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا﴾ واتە: ﴿پهروهردگارا؛ لێمان مهگره ئهگهر فهرامۆشیمان بهسهردا هات یان گوناهـ و ههڵهیهکمان له دهست قهوما﴾. وخوای گەورە لە جوابی ئەم دۆعایەدا فەرمووی: «جێبەجێم كرد»؛ هەروەكو بە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- هەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «(خوای گەورە) لە ئومەتەکەم خۆش بووە لەسەر هەڵەکردن ولە بیرکردن ولەو شتانەی کە بە زۆر پێیان کراوە».
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 149)
***
پ: من وخێزانەكەم وخوشكەكەم چوین بۆ ئەنجامدانی عومرە لە مانگی ڕەمەزاندا، بەڵام ئەوان لە كاتی عومرەدا دەستكێشیان لەدەست كرد بە فەرمانی من وسەبارەت بە حوكمەكەی نەمدەزانی، ئایا چیمان لەسەرە بیكەین؟
ج: ئەگەر ئافرەت دەستكێش لەدەست بكات بەهۆی نەزانیەوە ئەوا هیچ شتێكی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر سەبارەت بە حوكمەكەی بزانێت لەكاتی ئیحرامدا ئەوا واجبە دەستبەجێ دەستكێشەكانی لابات.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 156)
***
پ: خۆم وخێزانەكەم نیەتی ئەنجامدانی عومرەمان هێنا، وپاش نییەت هێنان خێزانەكەم تووشی سووڕی مانگانە بوو، وبەهۆی نەزانیمەوە سەبارەت بە حوكمی ئەوبابەتە ئیحرامەكەم كۆتایی پێهێنا، وجلەكانی ئیحرامم داكەند، ونەچووین بۆ مەككە، پاشان لە ڕەمەزانی ئەمساڵدا من وخێزانەكەم عومرەمان ئەنجامدا -بە فەزڵی خوای گەورە-؛ هیوادارم بفەرموون بە ڕوونكردنەوەی حوكمی شەرعی ئەو ڕووداوە، وئایا ئێستا دەبێت چی بكەم؟
ج: واجب بوو عومرەكەتان ئەنجام بدەن وهەڵینەوەشێننەوە، ووازهێنان لەنیەتی عومرە کردن وپۆشینی پۆشاک هیچ لە نیەتەکەی پێشو ناگۆڕێت، وبۆیە نیەتەکەی پێشوتان هەرماوە وهەڵنەوەشاوەتەوە، وعومرەی دووەمتان بە تەواوكاری عومرەی یەكەم دادەنرێت، وئەگەر سەرجێی لەو ماوەیەدا پێش ئەنجامدانی عومرەی دووەم ڕووی دابێت، ئەوا دەبێت عومرەیەكی تر بكەن؛ لە جێی عومرەی یەکەم کە بەسەرجێی هەڵوەشاوەتەوە ودەبێت لەهەمان میقاتی عومرەی یەکەم نیەتی بۆ بێنن، و هەردووکتان فیدیەتان لەسەرە ئەمیش بریتیە لە سەربڕینی حەیوانێک بۆ هەریەكێكتان لە شاری مەككە وگۆشتەكەیان دابەشدەكرێت بەسەر هەژارانی شارەکەدا.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 384)
***
پ: ئایا حوكمی بەکار هێنانی پشتوێنی كەمەر چییە ئەگەر لە پێست دروستكرا بێت، ودوورانەوەی تێدایە؛ واتا بە مەكینە دووراوەتەوە، هەروەها حوكمی پێڵاوە دووراوەكان چییە؟
ج: ئەوەی نیەتی دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە؛ ڕێگەپێدراوە پشتوێنی چەرم وپێڵاو بەکار بهێنێت با دورینیشی تیا بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 170)
***
پ: كاتێك ئیحرامم بەست لە (ئەبیار عەلی)، وڕۆیشتین بەرەو مەككە بەهۆی ڕێگاكەوە تووشی ناڕەحەتی بووم، وتایەكی تووند گرتمی، بۆیە خەوتم وسەرم داپۆشی، ئایا چی شتێك واجبە لەسەرم بیكەم؟
ج: واجبە فیدیە بدەیت، ئەمیش بریتیە لە ڕۆژووگرتنی سێ ڕۆژ، یان خواردنی شەش هەژار دەدەیت، یان سەربڕینی حەیوانێک لە شاری مەککە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 181)
***
پ: حوكمی لەپێكردنی گۆرەوی چییە لەكاتی تەواف كردندا؟ وئایا گۆرەوی بە دووراو دادەنرێن؟
ج: لەپێكردنی گۆرەوی لەكاتی ئیحرامدا ڕێگەپێدراو نییە، ئەگەر ناچار بێت لەپێیان بكات بەهۆی نەخۆشیەك یان هۆكاری تر؛ لەم حاڵەتەدا ڕێگەپێدراوە بەڵام دەبێت فیدیە بدات، فیدیەكەیش بریتیە لە ڕۆژووگرتنی سێ ڕۆژ، یان خواردنی شەش هەژار دەدەیت؛ یان سەربڕینی حەیوانێک.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 183)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە موحریم هەموو لاشەی بشوات بۆ خۆ فێنككردنەوە؟
ج: ڕێگەپێدراوە ئەو کەسەی لە ئیحرامدایە هەموو لاشەی بشوات بۆ خۆ فێنككردنەوە ئەگەر كەشوهەوا گەرم بوو، وئەمە یارمەتی دەدات بۆ چالاكبوون لەسەر ئەنجامدانی پەرستنەکان، ودەبێت لەكاتی خۆشۆرینیدا بەئاگا بێت سەبارەت بەوەی هیچ شتێك لە مووی قژی یان ڕووی نەكەوێـتە خوارەوە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 184)
***
پ: ئەگەر موحریم بە ئۆتۆمبێلەكەی بڕوات بەسەر دارێك یان گژوگیای سەر زەویدا؛ ئایا هیچ شتێكی لەسەرە؟
ج: ئەگەر كەسی موحریم لە خاكێكی تر جگە لە خاكی حەرەم بڕوات بەسەر ئەوانەدا؛ هیچ شتێكی لەسەر نییە، بەڵام دەبێت نرخی ئەوەی كە شكاندوویەتی یان تێكیداوە بیدات بە خاوەنەكەی ئەگەر خاوەنی هەبوو، وئەگەر دارێك بشكێنێت یان گژوگیایەك تێكبدات لە حەرەمدا؛ بەهەمان شێوە دەبێت نرخی ئەوەی كە شكاندوویەتی یان تێكیداوە بیدات بە خاوەنەكەی ئەگەر خاوەنی هەبوو، وئەگەر خاوەنی نەبوو ئەوا هیچ شتێكی لەسەر نییە، ونابێت بە بێ هۆکار ئەم كارە بكات؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی لێكردووە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 185)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە موحریم پیاو یان ئافرەت بێت پۆشاکی ئیحرامەكەی بگۆڕێت بە ئیحرامێكی تر، جا لەكاتی حەج یان عومرە بێت؟
ج: ڕێگەپێدراوە موحریم پۆشاکی ئیحرامەكەی بگۆڕێت بە ئیحرامی تر لەكاتی حەج وعومرەدا، وئەم گۆڕینە هیچ كاریگەری نابێت لەسەر نیەتەکەی بۆ ئەنجامدانی حەج یا عومرە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 185)
***
پ: لە کاتی نزاو دۆعاکردنم لە مولتەزەم دەستم بەر زەیتی ئەو عەترەکەوت کە کەعبەی پێ بۆن خۆش دەکەن، ولاشە وقژ وجلەكانم بەم بۆنە چەور كرد، ئایا حوكمی ئەو جۆرە لە خۆ بۆنخۆشکردن بە ئەو عەترەی دراوە لە کەعبە وبەبێ مەبەست دەستم بەری کەوتووە چیە، وپاشان دەستنوێژم گرت وتەقریبا نەما لە سەر لاشەم؟
ج: دەستدان لەو بۆنەی بەسەر دیواری كەعبەوەیە بە نائەنقەست پاشان بەكارهێنانی بۆ لاشە وقژ وجلەكانت لەكاتێكدا قەدەغەكراوە لەسەرت لەكاتی حەج وعومرەدا؛ حوكمەكەی ئەوەیە واجبە كەفارەت بدەیت ئەمیش بریتیە لە ڕۆژووگرتنی سێ ڕۆژ، یان خواردن شەش هەژار بدەیت، یان سەربڕینی حەیوانێک لە شاری مەککە، مەگەر نەزان بیت سەبارەت بە حوكمە شەرعیەكە، یان بەهۆی لە بیرچوونەوە ئەم كارەت كردبێت؛ لەم حاڵەتانەدا هیچ شتێكت لەسەر نییە. *(مولتەزەم: ئەو مەسافەیە دەوترێت کە لە نێوان دەرگای كەعبە وبەردە ڕەشەكەدایە)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 186)
***
پ: ئافرەتێك سێ جار عومرەی كردووە، لەکاتێکدا نیقابی پۆشیوە، ولەسەر نیقابەکەیەوە بە قوماشێكی تەنك ڕووی داپۆشیوە، وهەندێك جار بەسەر نیقابەکەدا دای داوەتەوە، وهەندێك جار لای بردووە، لە کاتێکدا نەزان بووە سەبارەت بە حوكمی نیقاب پۆشین لەكاتی حەج وعومرە كرندا، شێخی بەڕێز ئایا حوكمی ئەم بابەتە چییە؟
ج: ڕێگەپێدراو نییە ئافرەتی موحریم نیقاب بپۆشێت لەكاتی حەج وعومرە كردندا، بەڵام ئەگەر پیاوی نامەحرەم ئامادە بوو لەو شوێنەدا ئەوا بە پارچەیەک لە لەچکەکەی ڕووی دادەپۆشێت، ئەمەیش كردەوەی خێزانەكانی پێغەمبەر بووە-صلى اللە علیە وسلم- لەكاتی حەجی ماڵئاوایی، وئافرەتی باسكراو کە نیقابی پۆشیووە بەهۆی نەزانینەوە هیچ شتێكی لەسەر نییە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 194)
***
چوارەم: فەتواكان سەبارەت بە تەواف
پ: ڕێوڕەسمەكانی عومرەم جێبەجێ كرد، وبەهۆی نەزانینم سەبارەت بە تەواوی ڕێو ڕەسمەکان؛ لە ئاراستەی بەردە ڕەشەكەوە تەوافم دەستپێنەكرد بەڵكو لە (ڕوكنی یەمانیەوە) دەستم پێكرد، ئەمیش بەهۆی نەزانینم سەبارەت بە مەرج و واجبەكان، وبە ویستی خودای گەورە ڕێوڕەسمەكانی ترم بە دروستی جێبەجێ كردووە، هیوادارین بەڕێزتان ڕوونی بكەنەوە چیم لەسەرە بیكەم؟
ج: ئەوەی پرسیاركار كردوویەتی لە دەستپێكردن بە تەواف لە (ڕوكنی یەمانیەوە)؛ ئەمە بە هەڵە دادەنرێت، چونكە دەبێت تەواف لە بەردە ڕەشەكەوە دەستپێبكات، لەگەڵ ئەمەیشدا ئەمە بە هەڵە دادەنرێت وكاریگەری نابێت لەسەر دروستی تەواف كردنی؛ چونكە هەندێكی زیاد كردووە بۆ تەوافی یەكەم، وزیانی نابێت ئەگەر حەوت دەورەی تەواو كردبێـت ولە ئاراستەی بەردەكە ڕەشەكە كۆتایی بە تەوافەكە هێنا بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 210)
***
پ: ئایا (ئیزتیباع) لە كاتی تەوافدا سوننەتە؟ وئەو كەسەی لەبیری چووە (ئیزتیباع) بكات؛ چی شتێكی لەسەرە؟ ئایا ماچ كردنی بەردە ڕەشەكە شوێنی ووتنی: (بسم الله والله أكبر) دەگرێتەوە؟ ئایا كەسێك چی لەسەرە ئەگەر واز لە ووتنیان بهێنێت بەهۆی لەبیرچوونەوە وتەنها ماچی بەردەكە بكات، وکاتێک بیری دەکەوێتەوە دووركەوتەوە لە ئاراستەی بەردەڕەشەکە، ولەکاتێکدا وتوویەتی کە بەرەو مەقامی ئیڕاهیم دەڕۆیشت؟
ج: ئیزتیباع: بریتیە لەوەی موحریم ناوەڕاستی پۆشاكی سەرەوە بخاتە نێو باڵی ڕاستیەوە وتەنیشتەكانی پۆشاكەكە لەسەر شانی چەپی بێت؛ بۆیە شانی ڕاستی ڕووت دەبێت ودەردەكەوێت، (موحریم: واتا ئەو كەسەی نیەت دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە)، (ئیزتیباع) كاتی تەوافی یەكەم سوننەتە كاتێك دەگات بە شاری مەككە؛ ئەمیش بریتیە لە تەوافی عومرەی تەمەتوع*، یان لە كاتی تەوافی هاتن بۆ (قارین)** وموفرید^، وئەوەی (ئیزتیباع) نەكات هیچ شتێكی لەسەر نییە.
وئەوەی نەڵێت (بسم الله والله أكبر) لە سەرەتای تەوافدا هیچ شتێكی لەسەر نییە، چونكە تەكبیر ونزا لەكاتی تەواف وسەعی هەمووی سوننەتە و واجب نییە، بەڵكو واجب بریتیە لەوەی بە نیەتەوە تەواف وسەعی بكات لە سەرەتایاندا. *(تەمەتوع -موتەمەتیع-: واتا ئەنجامدانی عومرە لە پێش ئەنجامدانی حەج لە مانگەكانی حەجدا)، **(قارین: نییەتی حەج وعومرە پێکەوە دێنێت)، ^(موفرید: واتا تەنها حەج ئەنجام دەدات).
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 210)
***
پ: لە كاتی تەوافدا كچە بچووكەكەم هەڵدەگرم ودایبی بۆ بەستراوە، وبیستوومە دەڵێن تەواف كردن بەم حاڵەتەوە دروست نییە، چونكە دایبیەكە دەگونجێت میزی تیابێت، دەمانەوێت لە بەڕێزتانەوە بیزانین ئایا حوكمی ئەم بابەتە چییە؟
ج: ڕێگەپێدراوە بۆ تەوافكار منداڵ لەباوەش بكات ئەگەرچیش دایبی بۆبەسترابێت بەمەرجێك پیسی بەر لاشە وجلی تەوافكار نەكەوێت، وە هەمان حوکمیش باسدەکرێت بۆ بابەی نوێژ لەو حاڵەتەدا.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 236)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە ئافرەت لەسوڕی مانگانەدابێت تەواف بكات؟
ج: ڕێگەپێدراو نییە بۆ ئافرەت لەسوڕی مانگانەدابێت تەواف بكات هەتاوەكو خاوێن دەبێتەوە وخۆی دەشوات بۆ پاكبوونەوە لە سووڕی مانگانە؛ چونكە كاتێك عائیشە تووشی سووڕی مانگانە بوو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: «تەواف مەكە بە دەوری كەعبەدا هەتا پاك دەبیتەوە».
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 249)
***
پ: ئایا دروستە ئافرەت تەواف وسەعی بكات وپیاوەكەی یان مەحرەمەكەی چاوەڕێی بكەن هەتاوەكو تەواو دەبێت؛ واتا لە كاتی تەواف وسەعی لەگەڵ ئافرەتەكە نابن، بەڵكو لە حەرەمی پیرۆز چاوەڕێی دەكەن؛ هەتاوەكو عومرەكەی تەواو دەكات؟
ج: بوونی مەحرەم لەگەڵ ئافرەتەكە لەكاتی تەوافی عومرە یان حەج مەرج نییە بۆ دروستی تەواف، بەڵكو بوونی مەحرەم واجبە لە كاتی گەشتكردنی ئافرەتەكە بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە یان هەر گەشتێكی تر.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 353)
***
پ: كەسێك تەوافی دەكرد بە دەوری كەعبەدا وبۆ نمونە لە خولانەوەی پێنجەمدا بوو، پێش ئەوەی خولانەوەی پێنجەم تەواو بكات قامەت كرا بۆ ئەنجامدانی نوێژ، نوێژی كرد وپاشان هەستا بۆ تەواوكردنی تەوافەكە، ئایا ئەم تەواوكاریە لەسەر خولانەوەی پێنجەم حسێب دەكرێت كە وەستانی بۆ ئەنجامدانی نوێژ؛ مەبەست ئەوەیە لەوێوە دەستپێبكات كە تێیدا وەستا، یان دەبێت خولانەوەی پێنجەم هەڵبوەشێنێتەوە وسەرەتا دەستی پێبكاتەوە لە ئاراستەی بەردە ڕەشەكە؟
ج: ڕای دروست ئەوەیە خوڵانەوەكە پوچەڵ ناكاتەوە لەم حاڵەتەدا، بەڵكو دەستدەكات بە تەواوكردنی خولانەوەكە لەو شوێنەی كە پچڕاندی بۆ ئەنجامدانی نوێژ لەگەڵ ئیمامدا.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 230)
***
پ: ئایا بەردە ڕەشەكە لە ئاسمانەوە دابەزیووە؟ یان بەردێكە هەروەكو بەردەكانی تر؟
ج: خودای گەورە هەندێك تایبەتمەندی بەخشیووە بە بەردە ڕەشەكە وڕێگەی پێداوین كە ماچی بكەین ودەستی لێبدەین، و ویستی وابوو لەو گۆشەیەی كەعبەدا بێت كە ئێمە ڕووی لێدەكەین لەكاتی نوێژەكانماندا، وماچكردنی ودەستلێدانی ڕێگەپێدراوە بۆ تەوافكاران؛ بە مەرجێك توانایان هەبێت، ئەگەر نەیانتوانی ماچی بكەن ودەستی لێبدەن ئەوا دەتوانن تەنها ئاماژەی بۆ بكەن كاتێك بە ئاراستەیدا تێپەڕ دەبن لەگەڵ ووتنی (الله أكبر)، وفەرموودەیەك گێڕدراوەتەوە لە لایەن (الترمذي) وئەوانی تر كە ئاماژەیە بۆئەوەی لە بەهەشتەوە دابەزیووە، بەڵام سەنەدەكەی لاوازی تێدایە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 228)
***
پ: ئایا ماچكردنی كەعبەی پیرۆز لە ڕێوڕەسمەكانی حەج یان عومرە حەڵاڵە یان حەرامە؟
ج: تەنها ماچكردنی بەردە ڕەشەكە ڕێگەپێدراوە، وهاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- كە ماچی بەردە ڕەشەكەی كردووە وماچی هیچ شوێنێكی تری نەكردووە لە كەعبەی پیرۆزدا.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 228)
***
پ: ئایا دروستە ئافرەت ماچی بەردە ڕەشەكە بكات لەكاتێكدا پیاوی نامەحرەم لە دەوروپشتیدان؟
ج: ماچكردنی بەردە ڕەشەكە لە كاتی تەوافدا سوننەتە وجەختی لەسەر كراوەتەوە؛ ئەمیش وەكو شوێنكەوتنێك بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لەم كردەوەیەدا، بەمەرجێك ماچكردنی ئاسان بێت بە بێ پاڵنان وبێ كێبڕكێ وبێ ئازاردانی كەس، وئەگەر ماچكردنی ئاسان نەبوو مەگەر بە پاڵنان وكێبڕكێ وئازاردان نەبێت ئەوا دەبێت وازی لێبهێنێت، وتەنها بە دەست ئاماژەی بۆ بكات، بە تایبەتی ئافرەت؛ چونكە شەرمگەیە، پاڵنان وكێبڕكێ لەو شوێنەدا دەرهەق بە پیاوان دروست نییە، بۆیە دەرهەق بە ئافرەتان لە پێشترە كە دروست نەبێت، هەروەها ئەگەر ماچكردنی بەردەكە بۆ ئافرەت ئاسان بوو بە بێ پاڵنان وبێ كێبڕكێ؛ ئەوا ڕێگەپێدراو نییە بۆی ڕووی دەربخات لەكاتی ماچكردنی بەردە ڕەشەكە، چونكە پیاوی نامەحرەم لەو شوێنەدا هەیە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 229)
***
پ: ئایا حاجی یان عومرەكار لە كاتی تەواف بە دەوری كەعبەدا دەتوانێت بچێتە نێو (حیجری ئیسماعیل) لە كاتی تەواف كردنیدا؟
ج: تەوافكار بە دەوری كەعبەدا لە حەج یان عومرە یان تەوافی سوننەتدا؛ ڕێگەپێدراو نییە بۆی بچێتە نێو (حیجری ئیسماعیل)ەوە، وئەمە شوێنی تەواف ناگرێتەوە، چونكە تەواف دەبێت بە دەوری كەعبەدا بێت و (حیجر)یش بە بەشێك لە كەعبە دادەنرێت، خودای گەورە -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿وَلْيَطَّوَّفُوا بِالْبَيْتِ الْعَتِيقِ﴾ واتە: ﴿تەواف بکەن بە دەوری ماڵی دێرین وبەڕێزدا (بەدەوری کەعبەدا)﴾ [مسلم] وئەوانی تر دەیگێڕنەوە كە عائیشە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: «پرسیارم لە پێغەمبەری خودا كرد -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە (حیجر)، فەرمووی: بەشێكە لە ماڵەكە (لە كەعبە)»، ولە گێڕانەوەیەكدا ووتی: من نەزرم كردووە كە لە نێو كەعبەدا نوێژ بكەم، فەرمووی: «لە نێو حیجردا نوێژ بكە، چونكە حیجر بەشێكە لە كەعبە».
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 233)
***
پێنجەم: فەتواكان سەبارەت بە سەفا ومەڕوە
پ: سەبارەت بە هەروەلە (خێرا ڕۆیشتن) لە نێوان دوو نیشانە سەوزەكە لە كاتی سەفا ومەڕوەدا بۆ ئافرەتان؛ لە خوێندنەوەم بۆ كتێبەكانی فیقهـ لە بابەتی حەج وعومرە هیچ شتێكم نەدۆزیەوە ڕێگر بێت لە ئافرەتان لەوەی هەروەلە بكەن، لە تەلەڤزیۆنەوە بیستم یەكێك لە زانایان دەیووت: ئافرەت هەروەلە ناكات لە سەعیدا، وتەنها لەسەر پیاوانە، چونكە ئەمە دەبێـتە هۆی پاراستنی ئافرەت بۆئەوەی هەندێك شوێنی لاشەی دەرنەكەوێت لە كاتی هەروەلەدا، وهیچ بەڵگەیەكی باس نەكرد لەسەر ئەم قسەیە، منیش لە نەفسی خۆمدا ووتم: ئەگەر ڕای خۆی بێت لە ئیجتیهادەوە ئەوا هەروەلە سوننەتە وهاجەرە -ڕەزای خودای لێبێت- یەكەم كەس بوو ئەنجامیدا، بەڵام حەمد وستایش بۆ الله لەو ڕاوبۆچوونە تێدەگەم وحەمد بۆ الله كە ئاین بە ڕاوبۆچوون نییە هەروەكو پێشەوای ئیمانداران عەلی -ڕەزای خودای لێبێت- فەرموویەتی، وکەواتە فەتوامان بۆ بدەن لەسەر ئەم بابەتە؛ بارك الله فیكم.
ج: ئیبن مونزیر دەڵێت: زانایان یەكدەگن لەسەر ئەوەی رەمل (خێرا رۆیشتن) لەسەر ئافرەتان نییە لە كاتی تەواف بە دەوری كەعبەدا، بە هەمان شێوە لە نێوان سەفا ومەروە، و(ئیزتیباع)یشان* لەسەر نییە؛ چونكە بنچینە لەم كردەوانە ئەوەیە بەهێزی لاشە تێیدا دەربكەوێت، بۆیە ئافرەتان ئاراستە ناكرێن بۆ ئەنجامدانیان؛ چونكە بنچینە لە ئافرەتدا ئەوەیە داپۆشراو بێت، ولە (رەمل وئیزتیباع)دا تووشی دەرخستنی لاشە دەبن. *(ئیزتیباع: بریتیە لەوەی موحریم ناوەڕاستی پۆشاكی سەرەوە بخاتە نێو باڵی ڕاستیەوە وتەنیشتەكانی پۆشاكەكە لەسەر شانی چەپی بێت؛ بۆیە شانی ڕاستی ڕووت دەبێت ودەردەكەوێت).
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 226)
***
شەشەم: فەتواكان سەبارەت بە كۆتایی هێنان بە عومرە
پ: هەركەسێك قژی تاشیبێت پاش ئەنجامدانی عومرە لەم هەفتەیەدا؛ پاشان بیەوێت عومرەیەكی تر ئەنجام بدات لە هەفتەی داهاتوو، ئەوا دەبێت چی بكات؟ چونكە قژی زۆر كورتە ولەوەیە هێشتا دەرنەچووبێت.
ج: هەركەسێك عومرە یان حەج ئەنجام بدات ئەوا دەبێت مووی سەری بتاشێت یان كورتی بكاتەوە، وئەگەر قژی مووی پێوە نەبێت؛ ئەم واجبەی لەسەر لادەچێت، وحەج وعومرەكەی دروستن.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 327)
***
پ: چەند هاوڕێیەك چوون بۆ ئەنجامدانی عومرە، وڕێوڕەسمەكانیان تەواو كرد ویەكێكیان (كەسی یەكەم) قژی ئەوانی تری تاشی، پاشان یەكێكیان هەستا وقژی (كەسی یەكەم)یشی بە هەمان شێوە تاشی وبەم شێوە كۆتاییان بە ڕێوڕەسمەكان هێنا، ئایا حوكم چییە لەم بابەتەدا؟
ج: ئەگەر موحریم مووی سەری موحریمێكی تر بتاشێت ودەیەوێت بەم شێوەیە كۆتایی بە ڕێوڕەسمەكان بهێنێت؛ ئەمە ئاساییە وهیچی تێدا نییە، چونكە قژ تاشین ڕێگەپێدراوە. (موحریم: واتا ئەو كەسەی نیەت دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە).
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 146)
***
پ: هیوادارین فەتوامان بۆ بدەن سەبارەت بە قژ تاشینی دروست لە حەج وعومرەدا، ئایا قژ تاشین بە مووس یان بە مەكینە دەبێت؟ وئایا قژ تاشین بە مووس باشترە لە قژ تاشین بە مەكینە، یان هەردووكیان یەكسانن؟
ج: مەبەست ئەوەیە قژ بتاشرێت یان كورت بكرێتەوە ئینجا بە هەر ئامێرێك بێت، بۆ زانیاری تاشین باشترە؛ وتاشین: بریتیە لە بنەبڕکردنی مووی قژ لە بنچینەوە بە مووس یان هەر ئامێرێكی تر، وهاتووە بە سەحیحی لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- كە سێ جار نزای لێخۆشبوون وڕەحمەتی كردووە بۆ ئەوانەی قژی سەریان دەتاشن ویەك جار نزای كردووە بۆ ئەوانەی قژیان كورت دەكەنەوە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 201)
***
پ: كەسێك نیشتەجێبووی جەددەیە ومووی سەری نەتاشی هەتاوەكو گەیشتە جەددە، ئایا حوكمی ئەم كارە چییە؟
ج: تاشینی مووی سەر لە ڕێوڕەسمەكانی حەج یان عومرەدا لە هەرشوێنێك بێت لە نێو حەڕەم یان دەرەوەی؛ ڕێگەپێدراوە، بەڵام لە عومرەدا كۆتایی نەهێناوە بە ئیحرامەكەی هەتاوەكو قژی دەتاشێت یان كورتی دەكاتەوە، هەروەها لە حەجدا ئەگەر بەردەكانی هاویشتبێت وتەواف وسەعی كردبێت؛ ئەوا سەرجێی ناکات لەگەڵ خێزانەكەی هەتاوەكو قژی دەتاشێت یان كورتی دەكاتەوە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 203)
***
پ: كەسێك هات بۆ جەددە، لە ڕۆژی دواتر ڕۆیشت بۆ ئەنجامدانی یەكەم عومرە لە ژیانیدا، ولەگەڵ كەسێكی نزیكی ڕۆیشت وعومرەكەی تەواو كرد، پاش تەواو كردنی سەعی پێم ووت: قژمان بتاشین یان كورتی بكەینەوە؟ ووتی: لە ماڵەوە دەیتاشین. كاتێك گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە لەبیرمان چوو قژمان بتاشین وجلەكانی ئیحراممان داكەند، چیمان لەسەرە خودای گەورە پاداشتتان بداتەوە؟
ج: هەركەسێك تاشینی قژ یان كورتكردنەوەی لەبیرچوو پاش تەواوكردنی تەواف وسەعی، وجلەكانی لەبەركرد پێش ئەوەی قژی بتاشێت یان كورتی بكاتەوە؛ ئەوا ئەگەر بیری كەوتەوە واجبە دەستبەجێ جلەكانی دابكەنێت وجلی ئیحرام بپۆشێت، پاشان قژی بتاشێت یان كورتی بكاتەوە، ودواتر دەتوانێت جلەكانی لەبەر بكاتەوە وهیچ شتێكی لەسەر نییە، وگوناهبار نابێت چونكە بەهۆی لەبیرچوونەوەوە عوزری هەیە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 206)
***
ئەو فەتوایانەی حاجیەكان زۆر پێویستانە [2] وهەڵبژێردراوە لە نێو كتێبی (مجموع فتاوى لجنة الإفتاء الدائمة) لە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە، لەگەڵ پوختەیەكی گونجاو بۆ پرسیارەكان كە بگونجێت لەگەڵ بابەتەكاندا.
حوكم وپلە وپایەی حەج وبریكاری تێیدا (بەدەل حەج)
پ: ئایا گرنگی مەككە چییە بۆ جیهانی ئیسلامی؟
ج: خوداى گەورە كردوویەتی بە شوێنی كۆبوونەوەی خەڵكی ومەڵبەندی ئاسایشە، وحەرەمێكی ئارام وهێمەنە، حاجیەكان وزانایان تێیدا كۆ دەبنەوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێوڕەسمەكانیان لە ئەوپەڕی هێوری وئارامیدا، بە هیوای پاداشتی الله ن -سبحانه وتعالی-، ولە سزای دەترسن، مسوڵمانان لە نێو خۆیاندا یەكتر دەناسن وئامۆژگاری یەكتر دەكەن، وڕاوێژی یەكتر دەكەن سەبارەت بە بابەتە گرنگەكانی ئاین ودونیا، تێیدا پاداشتی نوێژ وكردەوە چاكەكان چەندەها قاتە بۆیان.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 8)
***
پ: لە ڕابردوودا باوكم یەك حەجی ئەنجامداوە بە پێ نزیكەی 40 ساڵ پێش ئێستا، ودوو جار عومرەی كردووە، یەكێكیان پێش سێ ساڵ لە وەفات كردنی ئەنجامیدا، وپیاوێكی نەخوێندەوار بوو، نازانم چۆن ئەو حەجەی ئەنجامداوە، ئایا دەبێت حەجێكی تری بۆ ئەنجام بدەم، وڕای بەڕێزتان چییە سەبارەت بەم بابەتە؟
ج: حەجكردن تەنها یەك جار واجبە لە تەمەندا، وبنچینە لە جێبەجێكردنی كردەوەكان وڕێوڕەسمەكان تەواوی وسەلامەتیە، بۆیە حەجكردن بۆ جاری دووەم واجب نییە، بەڵام ئەگەر بۆ باوكت حەجێكی تر ئەنجام بدەیت؛ ئەم حەجكردنە دەبێتە سوننەت، وپاداشتی گەورەی تێدایە بۆ تۆ وبۆ ئەویش؛ ئەگەر خودای گەورە لێت قبوڵ بكات.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 15)
***
پ: حوكمی دەرچوونی ئافرەت چییە بۆ ئەنجامدانی حەجی فەرز بە بێ ئەوەی ڕوخسەت لە مێردەكەی وەربگرێت؟
ج: حەجی فەرز واجبە ئەگەر مەرجەكانی تواناداری هەبێت، وڕوخسەت وەرگرتن لە مێرد یەكێك نییە لەو مەرجانە، ونابێت ڕێگری لێبكات لە ئەنجامدانی حەج، بەڵكو ڕێگەپێدراوە یارمەتی بدات بۆ ئەنجامدانی ئەم واجبە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 20)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە ئافرەتێك كە هاوسەرگیری كردبێت بڕوات بۆ حەج بە بێ ڕەزامەندی مێردەكەی، لەگەڵ كەسە نزیكەكانی دەڕوات وبراكانی لەگەڵیدان؟
ج: ڕێگەپێدراو نییە ئافرەت گەشت بكات بۆ ئەنجامدانی حەج مەگەر پاش ڕوخسەتی مێردەكەی؛ بەڵام ئەمە حەجی فەرز ناگرێتەوە، چونكە مێردەكەی مافی ئەوەی نییە ڕێگری لێبكات ئەگەر مەحرەمی لەگەڵدا بێت، ونابێت ئافرەت بە بێ مەحرەم گەشت بكات بۆ ئەنجامدانی حەج یان بۆ هەر شوێنێكی تر؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «حەڵاڵ نیە بۆ ئافرەتێک کە باوەڕی بە خودا وڕۆژی دوایی هەبێت سەفەر بكات مەگەر کەسێکی مەحرەمی لەگەڵدا بێت». وچوونی لەگەڵ كۆمەڵێك ئافرەت شوێنی مەحرەم ناگرێتەوە، چوونی لەگەڵیان بۆ حەجی فەرز یان هەرشوێنێكی تر هەمان حوكمی هەیە وڕێگەپێدراو نییە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 40)
***
پ: ئەگەر بمەوێت منداڵەكەم كە هێشتا باڵغ نەبووە لەگەڵ خۆمدا حەج ئەنجام بدات، ئایا جلەكانی ئیحرامی پێ بپۆشم ولە جیاتی ئەو هەموو ڕێوڕەسمەكان جێبەجێ بكەم وەكو تەواف و...هتد، یان جلە ئاساییەكانی پێ لەبەر بكەم وهیچ شتێك لە جیاتی ئەو ئەنجام نەدەم بەهۆی ئەوەی بچووكە وحەجی لەسەر نییە؟
ج: منداڵێک كە هێشتا باڵغ نەبوو؛ ئەگەر بەخێوكارەكەی بیەوێت حەج ئەنجام بدات ئەوا فەرمانی پێدەكات بە پۆشینی جلەكانی ئیحرام، ودەبێت خۆی هەموو ڕێوڕەسمەكانی حەج جێبەجێ بكات لە دەستپێكردنی ئیحرام لە میقاتەوە* هەتاوەكو كۆتا كردەوەكانی حەج، ولە جیاتی ئەو بەردەكان دەهاوێژێت ئەگەر نەیتوانی، وفەرمانی پێدەكات بەوەی خۆی لە قەدەغەكراوەكان بە دوور بگرێت، وئەگەر منداڵەكە زۆر بچوک بوو؛ لێرەدا لە جیاتی ئەو نیەت دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە، وتەواف وسەعی دەكات ولەگەڵ خۆیدا دەبێت لە هەموو ڕێوڕەسمەكاندا ولە جیاتی ئەو بەردەكان دەهاوێژێت. *(میقات: واتا شوێنی هێنانی نیەت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە).
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 22)
***
پ: منداڵی بچووك ئەگەر كوڕ یان كچ بێت ئەگەر فەریزەی حەج ئەنجام بدات، ئایا بەسە یان بە سوننەت دادەنرێت وپاداشتەكەی بۆ دایك وباوكیەتی؟
ج: ئەنجامدانی حەج وعومرە بۆ منداڵێك باڵغ نەبووبێت بە سوننەت دادەنرێت، وشوێنی حەج وعومرەی فەرز ناگرێتەوە لە ئاینی ئیسلامدا.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 23)
***
پ: ئافرەتێک هاتووە بۆ سعودیە وجێبەجێكردنی فەریزەی حەجی بۆ ئاسان بوو لەسەر خەرجی میواندارێك، وپرسیار دەكات ئایا ئەم حەجكردنە بەسە وشوێنی حەجی فەرز دەگرێتەوە لە ئیسلامدا، چونكە لەم حاڵەتەدا هیچ شتێكی لە پارەی خۆی خەرج نەكردووە بۆ ئەنجامدانی حەج؟
ج: ئەگەر هیچ شتێكی لە پارەی خۆی خەرج نەكردبێت بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ئەمە هیچ كاریگەری نییە لەسەر دروستێتی حەجكردنی، یان ئەگەر پارەیەكی كەمیشی خەرج كردبێت، وكەسێكی تر پارەی زۆری بۆ خەرج كردبێـت لە خەرجیەكانی حەج، بەمەرجێك حەجكردنەكەی مەرج وپایە و واجبەكانی تەواو بێت؛ لێرەدا فەریزەی حەجی لەسەر نەماوە، ئەگەرچیش كەسێكی تر خەرجی بۆ كردبێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 34)
***
پ: لەم وڵاتەدا ئەگەر كەسێك بیەوێت بچێت بۆ حەج دەبێت بڕێك پارە بە بڕی 125 هەزار لە بەنك دابنێت، وئەمە بڕێكی زۆرە، بۆ زانیاری بەنكەكە مامەڵەی ڕیبایی تێدایە، وهیچ ڕێگایەكی تر نییە بۆ چوون بۆ حەج مەگەر لەم ڕێگایەوە نەبێت، ئایا حەجكردن لەم حاڵەتەدا فەرزە لەسەر مسوڵمانی توانادار، وئەگەر مسوڵمان بەم شێوەیە حەج بكات حەجەكەی دروستە، بۆ زانیاری لەم حاڵەتەدا یارمەتی بانكە ڕیبادارەكان ودەوڵەتی داوە؟
ج: حەجەكەی دروستە، وئەوەی باسكرا نابێتە عوزر بۆ دواخستنی حەج ئەگەر ئەو كەسە توانادار بێت بۆ ئەنجامدانی حەج.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 42)
***
پ: ئایا حوكمی ئەو كەسە چییە كە بە پارەی حەرام حەج دەكات؟ ئایا حەجەكەی قبوڵە یان نا؟
ج: ئەگەر بە پارەی حەرام حەجی كردبێت؛ ئەمە كاریگەری نابێت لەسەر دروستی حەجكردنەكەی، بەڵام گوناهبار دەبێت چونكە ئەو پارەیەی بە حەرام بەدەستهێناوە، وئەمە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی پاداشتی حەج بەڵام نابێتە هۆی پوچەڵبوونەوەی.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 43)
***
پ: بڕێك پارەم لە بەنك هێنا كە بە قستی ساڵانە پێیان دەدەمەوە، ئایا ڕێگەپێدراوە حەج بكەم لەكاتێكدا ئەم بڕە پارەیەم لەسەرە ودەبێت بیدەمەوە بە بانك؟
ج: تواناداری بۆ ئەنجامدانی مەرجێكە لە مەرجەكانی واجبوونی حەج، ئەگەر توانیت حەج بكەیت وقستەكە بدەیتەوە لە ماوەی حەجدا؛ ئەوا دەبێت حەج بكەیت، ئەگەر ناتوانیت هەردووكیان پێكەوە ئەنجام بدەیت؛ ئەوا دانەوەی قستەكە پێش بخە كە لێت داواكراوە، وحەجەكە دوا بخە بۆ ئەو كاتەی كە دەتوانیت؛ چونكە خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا﴾ واتا: ﴿خودای گەورەیش بڕیاریداوە لەسەر خەڵکی حەج و سەردانی (بیت الحرام) بکەن بە تەنھا ئەوانەی کە توانای (دارایی و تەندروستیان) ھەیە﴾.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 45)
***
پ: ئەو كەسەی حەج دەكات بۆ مردوویەك یان بۆ كەسێكی بەتەمەن، وپێشتر حەجی نەكردووە وپارەی نییە جگە لەو پارەی بۆ بەدەل حەج پێیدراوە، ئایا كامیان پێش بخات حەج كردن بۆ خۆی یان حەج كردن بۆ ئەو كەسەی وەکیلیەتی؟
ج: ڕێگەپێدراو نییە مرۆڤ حەج بۆ كەسێكی تر بكات لە پێش حەج كردن بۆ خۆی، وبنچینە لەم مەسەلەیەدا ئەوەیە كە ئیبن عەباس -ڕەزای خودای لێبێت- دەیگڕێتەوە: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-لە پیاوێكی بیست دەیووت: (لبیك) لە جیاتی شوبرومە، فەرمووی: ئایا بۆ خۆت حەجت كردووە؟ پیاوەكە ووتی: نەخێر، فەرمووی: بۆ خۆت حەج بكە، ئینجا بۆ شوبرومە».
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 50)
***
پ: ئەو مسوڵمانەی كە فەریزەی حەجی ئەنجامداوە ئایا ڕێگەپێدراوە حەج بكات بۆ كەسێكی نزیكی بەهۆی ئەوەی ناتوانێـت بگاتە ئەو شوێنە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج؟
ج: ئەو مسوڵمانەی كە فەریزەی حەجی بۆ خۆی ئەنجامداوە؛ ڕێگەپێدراوە حەج بكات بۆ كەسێكی تر ئەگەر ئەو كەسە نەتوانێت لە خودی خۆیدا حەج ئەنجامدات، ئینجا بەهۆی بەتەمەنی یان نەخۆشی یان مردن بێـت؛ بە بەڵگەی فەرموودە سەحیحەكان، بەڵام ئەو كەسەی دەیەوێت حەجی بۆ بكات ناتوانێت ئەنجامی بدات بەهۆی ڕێگرێك كە هیوا هەیە بە نەمانی وەكو نەخۆشیەك كە هیوا هەیە چاك بێتەوە، یان پۆزشی سیاسی، یان نائاسایشی ڕێگاوبان وهاوشێوەكانیان؛ ئەوا نابێت حەج لە جیاتی ئەم جۆرە كەسە ئەنجام بدات.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 51)
***
پ: ئایا حەج بكەم بۆ دایك وباوكم كە مردن وفەریزەی حەج لەسەریان واجب نەبوو بەهۆی هەژارییان، بەڵام دەمەوێت حەج بۆ خۆیشم ئەنجام بدەم؟ دەمەوێت حوكمی شەرعی بزانم لەم مەسەلەیەدا.
ج: ڕێگەپێدراوە بە خودی خۆت حەج بكەیت بۆ دایك وباوكت، یان كەسێك بكەیتە وەکیل بۆ ئەنجامدانی حەج بۆیان؛ بەمەرجێك پێشتر خۆت حەجت ئەنجامدا بێت، یان ئەو كەسەی وەکیله پێشتر خۆی حەجی ئەنجامدابێت؛ بە بەڵگەی ئەم گێڕانەوەیە كە (أبو داود) لە (سنن)دا دەیگێڕێـتەوە لە عبد اللەی كوڕی عەباسەوە -ڕەزای خودایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە پیاوێكی بیست دەیووت: (لبیك) لە جیاتی شوبرومە، فەرمووی: ئایا بۆ خۆت حەجت كردووە؟ پیاوەكە ووتی: نەخێر، فەرمووی: بۆ خۆت حەج بكە، ئینجا بۆ شوبرومە». [(ابن ماجه) گێڕاویەتیەوە، وبەیهەقی دەڵێت: ئەم ئیسنادە سەحیحە، لەم بابەتەدا لەم گێڕانەوەیە سەحیحتری تێدا نییە].
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 53)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە مرۆڤ یەك جار حەج بكات؛ وتێیدا حەج دەكات بۆ دایكی وباوكی وخۆی؟
ج: وەکیل لە حەج كردندا بۆ كەسی مردوو یان بۆ كەسێك ناتوانێت خۆی حەج بكات؛ ڕێگەپێدراوە، ونابێت مرۆڤ لە یەك ساڵدا حەج بكات نیەتی بۆ دوو كەس بێت، یەك حەجكردن تەنها بۆ یەك كەسە، هەروەها عومرەیش، بەڵام ئەگەر حەج بۆ كەسێك بكات وعومرە بۆ یەكێكی تر بكات لە یەك ساڵدا؛ ئەمە ڕێگەپێدراوە ئەگەر حاجیەكە پێشتر حەج وعومرەی بۆ خۆی ئەنجامدا بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 57)
***
پ: حوكمی ئەو كەسە چییە كە گەشت دەكات بۆ حەج ونیەتی عومرە كردن دەهێنێت بۆ دایكی ونیەتی حەج كردن دەهێنێت بۆ باوكی، ولە ساڵی دواتر بە پێچەوانەوە حەج بۆ دایكی دەكات وعومرە بۆ باوكی دەكات، ئایا ئەمە ڕێگەپێدراوە یان نا؟
ج: حەج وعومرە ڕێوڕەسمەكانیان سەربەخۆ وجیاوازن، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چۆنیەتی ئەنجامدانیانی ڕوون كردۆتەوە بە (قارین)*ی یان بە (ئیفراد)** یان تەمەتوع^ بە عومرە بۆ ئەنجامدانی حەج، بۆ نمونە هەركەسێك بیەوێت ئیحرام ببەستێت بۆ ئەنجامدانی عومرە بۆ دایكی ودوای كۆتاییهاتنی عومرەكە؛ ئیحرام ببەستێت بۆ ئەنجامدانی حەج بۆ باوكی، یان بە پێچەوانەوە ئەمە ڕێگەپێدراوە، وئەگەر ئیحرام ببەستێت بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەكانی یەكێكیان (حەج یان عومرە) بۆ خۆی، وپاش كۆتاییهاتنی ئیحرامێكی تر ببەستێت بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەكانی ئەوی تریان بۆ نمونە بۆ باوكی؛ ڕێگەپێدراوە، چونكە كردەوەكان لەسەر نیەتەكان بنیات نراون، وپاداشت لەسەر كردەوەكان بە پێی نیەتەكانە. *(قارین: واتا عومرە بكات لەكاتی حەج كردندا وهەردووكیانی پێكەوە ئەنجام بدات)، **(موفرید: واتا تەنها حەج ئەنجام دەدات)، ^(تەمەتوع -موتەمەتیع-: واتا ئەنجامدانی عومرە لە پێش ئەنجامدانی حەج لە مانگەكانی حەجدا)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 58)
***
پ: مێردەكەم وەفاتی كردووە ڕەحمەتی خودای لێبێت، وبە ئیزنی الله دەمەوێت كەسێك بكەم بە وەکیل بۆ ئەوەی حەجی بۆ ئەنجام بدات لە ئەمساڵدا، ئایا دروستە ئەو كەسەی حەجی بۆ دەكات بڕێك پارەی پێبدرێـت وەكو كرێ بێجگە لەو پارەیەی وەریدەگرێت بۆ كرێی هاتوچۆو وخواردن وخواردنەوە، یان نا؟ فەتوانمان بۆ بدەن لەمبارەیەوە خودای گەورە پاداشتتان بداتەوە.
ج: ئەو كەسەی كراوە بە وەکیل بۆ ئەنجامدانی حەج بۆ كەسێكی تر؛ ئەو كرێیەی پێیدەرێت بەرامبەر ئەنجامدانی ئەو حەجە ڕێگەپێدراوە وەریبگرێت، ئەگەرچیش زیاتر بێت لە خەرجی هاتوچۆو وخواردن وخواردنەوە وهتد لەو شتانەی پێویستە بۆ ئەنجامدانی حەج، وڕێگەپێدراوە مەبەستی لەم كارە بەشداریكردن بێت لە خێر وچاكە وجێبەجێكردنی ئەوەی خودا ئاسانی كردووە بۆی لە پەرستنەكان لە حەرەمی پیرۆزدا، ونابێت تەنها مەبەستی پارەكە بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 60)
***
پ: حەجمان كرد ومنداڵێكی بچووكمان لەگەڵدا بوو ونیەتمان بۆی گرێدا كە وەكو نوێنەرایەتی -بریكاری- ئافرەتێك حەج ئەنجام بدات، تەوافمان كرد وڕێوڕەسمەكانمان تەواو كرد وفیدیەمان بۆی دا لە نوێنەرایەتی -لە جیاتی- ئافرەتە مردووەكە، ئایا حوكمی ئەم مەسەلە چیە؟
ج: ئەوەی منداڵەكە بچووكەكە جێبەجێی كردووە وەكو كردەوەی سوننەت بۆی حسێب دەكرێت، ونابێت حەج بۆ كەسێكی تر ئەنجام بدات هەتاوەكو حەج بۆ خۆی ئەنجام دەدات، وئەم حەجكردنەی شوێنی حەجی فەرز ناگرێتەوە هەتاوەكو باڵغ دەبێت.
[فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 68)؛ بە گۆڕانكاریەكی كەمەوە]
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە مرۆڤ دایك وباوكی بنێرێت بۆ حەج پێش ئەوەی خۆی بڕوات بۆ حەج؟
ج: حەج فەرزە لەسەر هەموو مسوڵمانێكی باڵغ وئازاد وئاقڵ كە بتوانێت ئەنجامی بدات، یەك جار لە تەمەندا، وچاكەكاری بەرامبەر دایك وباوك ویارمەتیدانیان بۆ جێبەجێكردنی واجبەكان؛ كارێكی ڕێگەپێدراوە بە پێی توانا، بەڵام دەبێت سەرەتا بۆ خۆت حەج بكەیت، پاشان یارمەتی دایك وباوكت بدەیت ئەگەر حەج كردنی هەمووتان پێكەوە ئاسان نەبوو، وئەگەر دایك وباوكت بخەیتە پێش خۆت وئەوان سەرەتا بڕۆن ئەوا حەج كردنەكەیان دروستە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 70)
***
پ: دایكێكم هەیە وبەتەمەنە وتەمەنی لە سەد ساڵ كەمتر نابێت، وناتوانێت فەریزەی حەج ئەنجام بدات، حەج وعومرەم بۆ كردووە لە ساڵی پێشوو لەسەر حسێبی خۆی، وهەندێك خەڵك دەڵێن: حەج كردنەكە دروست نییە هەتاوەكو وەفات دەكات، وئەم حەج كردنەت هیچ سوودێكی نییە، ئایا وەڵامی بەڕێزتان چییە؟
ج: ئەگەر دایك نەتوانێت بە خودی خۆی ئەنجامیان بدات ئەوا حەج وعومرە كردنەكەت بۆی دروستە، بەمەرجێك پێشتر واجبی حەج وعومرەت بۆ خۆت ئەنجام دابێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 71)
***
پ: ئەو شتانە چین كە نوێنەرایەتی یان بریكاری تێیاندا ڕێگەپێدراوە لە ڕێوڕەسمەكانی حەجدا، وكەی ڕێگەپێدراوە حەج بكەیت بۆ كەسێكی تر؟
ج: حەج وعومرە كردن بۆ مردووی مسوڵمان؛ ڕێگەپێدراوە، هەروەها ڕێگەپێدراوە ئەنجام بدرێن بۆ مسوڵمانێك كە نەتوانێت بە خودی خۆی ئەنجامیان بدات؛ بەهۆی بەتەمەنی یان نەخۆشیەك هیوا نەبێت بە چاكبوونەوەی، ونوێنەرایەتی ڕێگەپێدراوە لە كاتی هاویشتنی بەردەكان بۆ كەسێك نەتوانێت ڕاستەوخۆ خۆی بەردەكان بهاوێژێت؛ بۆ نمونە وەكو منداڵ ونەخۆش وبەتەمەن، بەمەرجێك ئەو كەسەی بەردەكان دەهاوێژێت لە حاجیەكانی ئەو ساڵە بێت وپێشتر بۆ خودی خۆی بەردەكانی هاویشتبێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 76)
***
پ: مسوڵمانێك لە وڵاتێك مرد كە وڵاتی سعودیە نەبوو، وحەجی ئەنجام نەدابوو، بۆ زانیاری حەج لەسەری واجب بوو، ئایا ڕێگەپێدراوە لە سعودیەوە حەجی بۆ بكەم؟ لەكاتێكدا من لەوێ نیشتەجێم، وئایا جیاوازی هەیە لە پاداشتی حەج بۆ كەسێك لە وڵاتێكی دوور یان نزیكەوە بێت بۆ حەج؟
ج: ڕێگەپێدراوە لە سعودیەوە حەج بكەیت بۆ هەر مسوڵمانێك كە لە وڵاتەكەی خۆی یان لە هەر وڵاتێكی تر مردبێت، ئەگەر پێشتووتر حەجی كردبێت یان حەجی نەكردبێت، وهیچ بەڵگەیەك نییە سەبارەت بە جیاوازی پاداشت لەسەر دووری شوێنەكە، بەڵكو پاداشت بە پێی دڵسۆزی وخەرجی وماندووبوون وپێكاندنی فەرمانە شەرعیەكانە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 77)
***
پ: پیاوێك بە كرێ حەج بكات بۆ مردوویەك: پیاو یان ئافرەت بێت، یان بۆ بێ توانایەك بێت كە ناتوانێت حەج بكات بەهۆی بەتەمەنی یان بەهۆی نەخۆشیەك كە هیوای چاكبوونەوەی نەبێت، ئایا ئەم كەسە خودای گەورە پاداشتی پێدەبەخشێت؟
ج: هەركەسێك حەج یان عومرە بكات بۆ كەسێكی تر بە كرێ بێت یان بێ كرێ ئەوا پاداشتی حەج وعومرە بۆ ئەو كەسەیە كە نوێنەرایەتی بۆ دەكات، هەروەها هیوا هەیە بەوەی پاداشتی مەزن ببەخشرێت بە ئەم كەسەیش بە پێی دڵسۆزی وهیوای لەسەر خێر وچاكە، وهەركەسێك بگاتە مزگەوتی حەرام وپەرستن وكردەوە سونەتەكانی زۆر تێدا ئەنجام بدات ئەوا هیوا هەیە بەوە خێر وپاداشتی زۆری پێببەخشرێت ئەگەر كردەوەكانی بە دڵسۆزی بۆ الله بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 77)
***
پ: كەسێك لە ئەفریقیا نیشتەجێیە ودەیەوێت كەسێك دیاری بكات بۆئەوەی حەج ئەنجام بدات بۆ دایكی، ئایا كرێی ئەو حاجیەی پێبدات كە لە ئەفریقیاوە دێت بۆ مەككەی پیرۆز، وئایا دەتوانێت لە كرێكەی كەم بكاتەوە؟
ج: ڕێگەپێدراوە بۆ كەسی باسكراو مسوڵمانێكی متمانەپێكراو دەستنیشان بكات لە مەككە نیشتەجێ بێت یان لە هەرشوێنیكی تر بۆئەوەی حەج ئەنجام بدات بۆ دایكی، ئەگەر دایكی مردوو یان بێ توانا بێت لە ئاست ئەنجامدانی حەج بە خودی خۆی؛ بەهۆی بەتەمەنی یان بەهۆی نەخۆشییەك كە هیوای چاكبوونەوەی نەبێت، بە كرێیەكی كەم یان زۆر بێت، یان بە بێ كرێ بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 80)
***
پ: باوكم وەفاتی كرد وفەریزەی حەجی ئەنجام نەدا، وتێگەیشتم كە واجبە لەسەرم حەجی بۆ ئەنجام بدەم، ولەگەڵ كەسێك ڕێككەوتم بۆئەوەی حەجی بۆ ئەنجام بدات، بەڵام كاتێك پرسیاری كرد سەبارەت بە ناوی باوكم وناوی دایكی باوكم كە وەفاتی كردووە ناویمان نەزانی، ئایا تەنها ناوی مردووەكە بەسە وپێویست ناكات ناوی دایكی بزانرێت؟
ج: حەج كردن بۆ كەسێكی تر تەنها نیەت هێنان تێیدا بەسە، وداوا كراو نییە ناوی ئەو كەسە بهێنرێت كە حەجی بۆ دەكرێت، هەروەها داواكراو نییە نە ناوی خۆی ونە ناوی باوكی ونە ناوی دایكی بهێنرێت، وئەگەر ناوی بهێنرێت لە سەرەتای ئیحرام یان لە كاتی تەلبیە یان لە كاتی سەربڕینی قوربانی لە تەمەتوع ئەگەر بە تەمەتوع* حەج بكات یان بە قارین**؛ ئەمە شتێكی باشە، چونكە (أبو داود وابن ماجه) دەیگێڕنەوە، و(ابن حبان) بە سەحیحی داناوە لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە پیاوێكی بیست دەیووت: (لبیك) لە جیاتی شوبرومە، فەرمووی: ئایا بۆ خۆت حەجت كردووە؟ پیاوەكە ووتی: نەخێر، فەرمووی: بۆ خۆت حەج بكە، ئینجا بۆ شوبرومە». *(تەمەتوع -موتەمەتیع-: واتا ئەنجامدانی عومرە لە پێش ئەنجامدانی حەج لە مانگەكانی حەجدا)، **(قارین: واتا عومرە بكات لەكاتی حەج كردندا وهەردووكیانی پێكەوە ئەنجام بدات).
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 81)
***
پ: کەسێک تەمەنی 25 ساڵە، وەفاتی كرد وحەجی ئەنجام نەدابوو، ئایا ڕێگەپێدراوە حەجی بۆ بكەم، ئایا تەنها حەج كردن بۆی بەسە بە بێ ئەنجامدانی عومرە بۆی هەرچەندە خۆیشی پارەی هەبووە؟
ج: هەركەسێك حەجی لەسەر واجب بێت وبمرێت پێش ئەوەی حەج بكات، ئەوا لە هەموو پارەكەی هێندەی خەرجی حەج وعومرە كردنی بۆ دەردەهێنرێت، وڕێگەپێدراوە كەسێك حەجی بۆ بكات بە بێ ئەوەی لە پارەكەی دەربهێنرێت بۆ خەرجی حەج؛ ئەگەر كەسێك هەبوو خۆبەخشانە ئەنجامی بدات، بەڵام حەجی ناسراو پایەیەكە لە پایەكانی ئیسلام، وبە مردن واجبێتی حەج لەسەر مسوڵمان لاناچێت، وئیمامی (البخاري) ڕەحمەتی خودای لێبێت لە سەحیحەكەیدا دەیگێڕێتەوە: «ئافرەتێك لە هۆزی جوهەینەوە هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ووتی: دایكم نەزری كرد حەج ئەنجام بدات بەڵام مرد وحەجی ئەنجام نەدا، ئایا حەجی بۆ بكەم؟ فەرمووی: بەڵێ، حەجی بۆ بكە، ئەگەر دایكت قەرزی لەسەر بووایە دەتدایەوە بۆی؟ مافەكانی الله جێبەجێ بكەن، خودای گەورە شایستەترە بەوەی مافەكانی جێبەجێ بكرێت». «وئافرەتێك لە هۆزی خەسعەمەوە پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كرد، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، فەریزەی حەج كە خوای گەورە فەرزی كردووە لەسەر بەندەكانی واجب بوو لەسەر باوكم لەكاتێكدا ئەو تەمەنی گەورەیە وناتوانێت لەسەر سواری جێگیر بێت، ئایا حەجی بۆ بكەم؟ فەرمووی: حەج بكە بۆ باوكت». سەبارەت بە عومرە پێنج لە گێڕەرەوەكانی فەرموودە دەیگێڕێنەوە: «ئەبو رەزینی عوقەیلی دەڵێت: هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ووتی: باوكم پیاوێكی بەتەمەنە وناتوانێت حەج وعومرە وگەشت بكات، فەرمووی: حەج وعومرە بكە بۆ باوكت».
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 87)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە ئافرەتی مسوڵمان حەجی فەرز ئەنجام بدات لەگەڵ كۆمەڵێك ئافرەتی متمانەپێكراو، ئەگەر نەیتوانی كەسێك لە ئەندامەكانی خێزانەكەی لەگەڵ خۆی ببات، یان باوكی مردووە؟ ئایا ڕێگەپێدراوە دایكی یان پوری لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ ئەنجامدانی ئەم فەریزەیە، یان هەركەسێكی تر كە هەڵیدەبژێرێت بۆئەوەی ببێتە مەحرەمی لە كاتی حەجدا؟
ج: دروست ئەوەیە كە ڕێگەپێدراو نییە بۆی گەشتی حەج بكات مەگەر لەگەڵ مێردەكەی یان لەگەڵ مەحرەمێكی بێت لە پیاوان، بۆیە ڕێگەپێدراو نییە گەشت بكات لەگەڵ ئافرەتی متمانەپێكراو یان لەگەڵ پیاوی متمانەپێكراوی نامەحرەم یان لەگەڵ پوری ودایكی، بەڵكو دەبێت مێردەكەی لەگەڵدا بێت یان مەحرەمێكی لە پیاوان، لەم حاڵەتەدا ئەگەر كەسێك نەبوو لەگەڵیدا بڕوات ئەوا حەجی لەسەر واجب نییە؛ بەهۆی نەبوونی مەرجی تواناداری، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا﴾ واتە: ﴿خودای گەورەیش بڕیاریداوە لەسەر خەڵکی حەج و سەردانی (بیت الحرام) بکەن بە تەنھا ئەوانەی کە توانای (دارایی و تەندروستیان) ھەیە﴾
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 91)
***
پ: ئایا حەج كردن لەسەر ئافرەت واجبە ئەگەر مێرد ومەحرەمی نەبێت، لەكاتێكدا دەتوانێت ولە ماوەی چاوەڕوانیدایە (پاش مردنی مێردەكەی)؟
ج: حەج كردن لەسەر ئافرەت واجب نییە ئەگەر مەحرەمێكی نەبێت لەگەڵیدا گەشت بكات، ونابێت ئافرەت گەشت بكات بۆ حەج كردن لەكاتێكدا لە ماوەی چاوەڕوانیدایە پاش مردنی مێردەكەی.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 94)
***
پ: ئافرەتێك حەجی فەرزی كرد بە بێ مەحرەم لەگەڵ چەند هاوگەشتێكی چاك لە ئافرەتان، ئایا فەریزەی حەجی لەسەر لاچووە یان نەخێر؟
ج: ئەگەر حاڵەتەكە بەو شێوەیە بێت كە باستكرد ئەوا حەجەكەی دروستە وفەریزەی حەجی لەسەر لاچووە، بەڵام گوناهبارە بەهۆی گەشتكردنی بە بێ بوونی مەحرەم، ودەبێت تەوبە بكات وبگەڕێتەوە وداوای لێخۆشبوون لە الله بكات.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 97)
***
پ: پیاوێك مرد وفەریزەی حەجی ئەنجام نەدابوو، و وەسیەتی كرد بەوەی حەجی بۆ بكرێت لە پارەی خۆی وپرسیار دەكرێت سەبارەت بە دروستی ئەم حەج كردنە، وئایا حەج كردنی كەسێك بۆت وەكو حەج كردنی خۆت وایە؟
ج: ئەگەر مسوڵمان بمرێت وفەریزەی حەجی ئەنجام نەدابێت لەكاتێكدا مەرجەكانی واجب بوونی حەجی تێدا بێت؛ ئەوا واجبە حەجی بۆ بكرێت لە پارەی خۆی كە بە جێی هێشتووە ئینجا وەسیەتی كردبێت یان نەیكردبێت، وئەگەر كەسێكی تر حەجی بۆ بكات لەوانەی حەج كردنیان دروستە وپێشتر فەریزەی حەجی بۆ خۆی ئەنجام داوە؛ ئەوا حەج كردنەكەی بۆ ئەو كەسە دروستە وفەریزەی حەجی لەسەر لاچووە، سەبارەت بەوەی ئایا حەج كردنی كەسی یەكەم بۆ كەسی دووەم وەكو حەج كردنی كەسی دووەم وایە بۆ خۆی یان فەزڵ وپاداشتی كەمترە یان زیاترە؟ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ الله -سبحانه وتعالی-، وبێگومان واجبە دەستبەجێ حەج بكات ئەگەر بتوانێت پێش ئەوەی بمرێت؛ ئەمیش بە ئاماژەی بەڵگە شەرعیەكان لەسەر ئەم بابەتە، وئەو كەسەی بە ئەنقەست دوایدەخات ترسی گوناهباربوونی لەسەرە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 100)
***
پ: ئەگەر پیاوێك تووشی هەندێك مشتومڕ بێت لەگەڵ هاوڕێكانی لە كاتی حەجدا؛ ئایا حەج كردنەكەی دروستە ولەسەری لاچووە ئەگەرچیش حەجی فەرز بێت؟
ج: حەج كردنەكەی دروستە، وحەجی فەرزی لەسەر لاچووە، بەڵام پاداشتی كەم دەبێتەوە بە پێی ئەو مشتومڕە سەرزەنشتكراوەی تووشی بووە لە كاتی حەجدا، ودەبێت تەوبە بكات؛ چونكە خودای گەورە -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَ الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ﴾ واتە: ﴿ھەمووتان تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا ئەی ئیماندارەکان تا ڕزگار و سەرکەوتوو بن﴾
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 112)
***
فەتواكان سەبارەت بە میقاتەكان وئیحرام
پ: ئایا ئیحرام بەستن لە جەددەوە ڕێگەپێدراوە؟
ج: جەددە میقات* نییە بۆ حەج یان عومرە مەگەر بۆ نیشتەجێبووانی یان بۆ ئەوانە نەبێت كە لەوێ دەمێننەوە، هەروەها بۆ ئەوانەیشی دەگەن بە ئەوێ بۆ پێویستیەك وپێداگیر نین لەسەر ئەنجامدانی حەج یان عومرە، دواتر بڕیار دەدەن حەج یان عومرە ئەنجام بدەن. بەڵام ئەو كەسەی میقات هەبێت لە پێشیدا وەكو (زی ئەلحولەیفە:ذي الحليفة) بۆ خەڵكی مەدینەوە وبەرەو ژوور وبۆ ئەوانەی لەو ئاراستەیەوە تێپەڕ دەبن لەسەر وشكانی یان بە ئاسمانەوە، ومیقاتی (الجحفة:ئەلجوحفە) بۆ نیشتەجێبووانی وبۆ ئەوانەی لەو ئاراستەیەوە تێپەڕ دەبن لەسەر وشكانی یان بە ئاسمانەوە، ومیقاتی (یەلەملەم:يلملم) ومیقاتەكانی تریش بەهەمان شێوە، واجبە لە میقاتەكەیەوە نیەت بهێنێت بۆ ئیحرام بەستن یان لە ئاراستەی هاوتەریبی میقاتەكەوە بۆ ئەوانەی تێپەڕ دەبن بەسەریدا لەسەر وشكانی یان بە ئاسمانەوە. *(میقات: واتا شوێنی هێنانی نیەت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 130)
***
پ: ئەگەر حاجی ئیحرامی بەست و ویستی بۆن لە خۆی بدات، ئایا پێش خۆشۆردن یان پاش خۆشۆردن بۆ ئیحرام بۆن لە خۆی بدات؟
ج: ئەو كەسەی دەیەوێت ڕێوڕەسمەكانی حەج وعومرە جێبەجێ بكات ودەیەوێت بۆن لە خۆی بدات لە كاتی ئیحرام بەستن وپێش تەلبیە بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرەدا؛ ئەمە ڕێگەپێدراوە، وباشتر وایە لە پاش خۆشۆردن بێت، چونكە عائیشە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: «بۆنم دەدا لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئیحرامەكەی پێش ئەوەی نیەتی ئیحرام بهێنێت، ولە كۆتایی ئیحرامەكەی* پێش ئەوەی تەواف بكات بە دەوری كەعبەدا». *(كۆتایی ئیحرامەكەی: مەبەستی لێی كۆتایی یەكەمە -تەحەلولی یەكەمە- لە حەجدا پاش هاویشتنی بەردەكانی -جەمرەتی عەقەبە- وقژ تاشین، واتا پێش تەوافی ئیفازە) [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی فەرموودەکەیان گێڕاوەتەوە]
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 168)
***
پ: بۆچی خودای گەورە پۆشینی جلی دوراوی حەرام كردووە لەسەر حاجیەكان، وحیكمەت لەمەدا چییە؟
ج: یەكەم: خودای گەورە حەجی فەرز كردووە لەسەر ئەوانەی دەتوانن ئەنجامی بدەن لە موكەلەفەكان، یەك جار لە تەمەندا، وكردوویەتی بە پایەیەك لە پایەكانی ئیسلام، لە شتە زانراوە گرنگەكانە لە ئایندا، دەبێت مسوڵمان ئەوەی الله لەسەری فەرزی كردووە جێبەجێی بكات؛ لە پێناو ڕەزامەندی خودای گەورە وجێبەجێكردنی فەرمانی، وبە هیوای پاداشتی بێت ولە سزای بترسێت، لەگەڵ متمانە بوون بەوەی الله -سبحانه وتعالی- دانایە لە شەریعەت دانانیدا ولە هەموو كردەوەكانیدا، وبە ڕەحمە بەرامبەر بە بەندەكانی، وشتێكیان بۆ دادەنێت لە شەریعەتدا كە بەرژەوەندی ئەوانی تێدا بێت وسوودی بۆیان هەبێت لە دونیا وقیامەتدا، شەریعەت دانان لە ژێر فەرمانی پەروەردگارمانە كە پادشا ودانایە -سبحانه وتعالی-، وبەندە دەبێت گوێڕایەڵ وملكەچ بێت.
دووەم: لە شەریعەتدا جلی دوراو لەبەر ناكرێت لە كاتی حەج وعومرەدا؛ بەهۆی چەند حیکمەتێکەوە لەوانەیش: بیركردنەوە لە حاڵی خەڵكی لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا؛ خەڵكی زیندوو دەكرێنەوە بە پێی پەتی وڕووتی پاشان دادەپۆشرێن، وبە بیرداهێنانەوەی حاڵەتەكانی ڕۆژی قیامەت چەند ئامۆژگاری وپەندێكی تێدایە، لەوانەیش: ملكەچكردنی نەفس، وناچاركردنی لەسەر سادەیی، وپاككردنەوەی لە پیسی خۆبەگەورەزانین، هەروەها بە هۆشدا هێنانەوەی نەفسە سەبارەت بە بنەماكانی نزیكبوونەوە ویەكسانی وزوهد، ودووركەوتنەوە لە ڕابواردنی سەرزەنشتكراو، ودڵدانەوەی هەژار وپێویستەكانە..وهتد لە مەبەستەكانی حەج بەو شێوەیەی خودای گەورە لە شەریعەتدا بڕیاری لەسەر داوە وپێغەمبەرەكەی ڕوونی كردووەتەوە -صلى اللە علیە وسلم-.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 179)
***
پ: بۆچی حاجی ئەو جۆرە جلانە دەپۆشێت لە كاتی حەج كردندا؟
ج: خودای گەورە لەسەر زمانی پێغەمبەرەكەی -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی پێكردووین بەوەی پوشاکی ئیحرام بپۆشین لە كاتی حەج وعومرەدا بەهۆی حیکمەتێک كە پەروەردگار خۆی دەیزانێت، بۆیە واجبە لەسەرمان گوێڕایەڵ بین وجێبەجێی بكەین؛ وبە هیوای پاداشت بین، ئینجا دانایی لە پۆشینی ئەم جۆرە جلە بزانین یان نەیزانین، ولەو داناییانەی زانایان باسیان كردووە: بیركردنەوە لە حاڵی خەڵكی لە ڕۆژی كۆكردنەوە ولێپرسینەوە لە ڕۆژی قیامەتدا، وبە هۆشدا هێنانەوەی حاجیە سەبارەت بە سادەیی ویەكسانی نێوان دەوڵەمەند وهەژار، داواكارین خوای گەورە ئێمە وئێوەیش سەركەوتوو وجێگیر بكات لەسەر هەق هەتاوەكو پێی دەگەین.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 171)
***
پ: حوكمی حەج كردنی ئافرەت لەسوڕی مانگانەدابێت چییە؟
: سووڕی مانگانە ڕێگر نییە لە ئەنجامدانی حەج، ئەوەی نیەتی ئیحرام دەهێنێت ولە سووڕی مانگانەدایە كردەوەكانی حەج جێبەجێ دەكات، جگە لەوە نەبێت كە تەواف ناكات بە دەوری كەعبەدا هەتاوەكو سووڕی مانگانەكەی دەپچڕێت وخۆی دەشوات، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەتی زەیستانی، ئەگەر پایەكانی حەج جێبەجێ بكات؛ حەج كردنەكەی دروستە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 172)
***
پ: ئافرەتێك لێرەوە لە نێو سعودیە چوو بۆ ئەنجامدانی حەج پاشان تووشی سووڕی مانگانە بوو پێش تەوافی گەیشتن، ئایا حوكمی ئەم ئافرەتە چییە؟ وئایا دەتوانێت بڕوات بۆ عەرەفە لە ماوەی سووڕی مانگانە وحوكمی ئەمە چییە؟
ج: لە حاڵەتی ئیحرامدا دەمێنێتەوە، هەموو كردەوەكان ئەنجام دەدات هەروەكو هەموو حاجیەكان جگە لەوە نەبێت كە تەواف ناكات بە دەوری كەعبە، هەتاوەكو پاك دەبێتەوە وخوێنی سووڕی مانگانەكە دەپچڕێت وخۆی دەشوات.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 173)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە بۆ پیاو دابنیشێت ونینۆكەكانی ببڕێت لە كاتی ئیحرام بەستن لە میقاتدا، یان ئەمە ڕێگەپێدراو نییە بۆی مەگەر پاش سەربڕینی قوربانیەكە نەبێت؟
ج: ئەگەر ئەو كارە بكات لە پێش ئیحرام؛ ئاساییە وهیچی تێدا نییە، مەگەر بیەوێت قوربانی بكات ولە نێو مانگی (ذي الحجة) بێت؛ لەم حاڵەتەدا ڕێگەپێدراو نییە چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كردووە لەم كارە، بەڵام ئەگەر ئەم كارە بكات لە پاش ئیحرام واتا لە پاش هێنانی نیەتی ئیحرام بەستنەوە؛ ئەوا بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە، چونكە موحریم* بۆی نییە نینۆكەكانی ببڕێت یان شتێك لە مووی لاشەی بكاتەوە هەتاوەكو تەواف وسەعی عومرە تەواو دەكات، وكۆتایی بە ئیحرامەكەی دەهێنێت بە قژ تاشین یان كورتكردنەوەی، بە هەمان شێوە لە حەجدا ئەگەر بەردەكانی (جەمرەتی عەقەبە)ی فڕێدا، ڕێگەپێدراوە بۆی قژی بتاشێت یان كورتی بكاتەوە، وتاشینی باشترە، پاشان كۆتایی دەهێنێت بە ئیحرامەكەی ئینجا ئەگەر پێش سەربڕینی قوربانیەكە بێت یان لە پاشی، وئەگەر لە پاش سەربڕینی قوربانیەكە بێت باشترە ئەگەر بۆی ئاسان بوو. *(موحریم: واتا ئەو كەسەی نیەت دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 178)
***
پ: باوكم ساڵی پار حەجی ئەنجامدا، وزۆر نەخۆش بوو بەڵام نەیتوانی جلی ئیحرام بپۆشێت، ئایا چی لەسەر واجبە؟
ج: ئەگەر حاجی ئیحرام ببەستێت بە جلەكانی خۆی بەهۆی پێویستیەك وەكو سەرما یان نەخۆشی وهاوشێوەكانیان؛ ڕوخسەتی پێدراوە لە شەریعەتدا، وبەهۆی پۆشینی جلی دوراو ئەوا واجبە سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بێت، یان خواردن ببەخشێت بە شەش هەژار؛ بۆ هەر هەژارێك نیو ساع (دوو گوێل) لە خواردنی ئەو وڵاتە، یان سەربڕینی حەیوانێک، هەروەها هەمان حوكمی هەیە ئەگەر سەری داپۆشێت، ڕۆژووگرتنەكە لە هەموو شوێنێك دەبێت، بەڵام خواردن بەخشین وسەربڕینی حەیوان دەبێت لە حەرەمی مەككەی پیرۆز بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 180)
***
پ: دەمەوێت حەج ئەنجام بدەم بە ویستی الله وكێشەكەم ئەمەیە: پیاوێكم كەچەڵم وقژ بە سەرمەوە نییە، وپێستم زۆر هەستیارە، وتیشكی خۆر بدات لە لاشەم كاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستیم ودەبێتە هۆی هەوكردنێكی توند لە پێستی سەرمدا، ودەمارەكانی سەر وڕووم بە شێوەیەكی گشتی دەردەكەون، هەروەكو دەزانیت لە قەدەغەكراوەكانی ئیحرام بریتیە لە داپۆشینی سەر، هیوادارم بەڕێزتان فەتوام بۆ بدەن لەسەر ئەم حاڵەتە، بۆ زانیاری من پیاوێكم باڵام كورتە وناتوانم چەتر هەڵبگرم؛ چونكە كەسانی دەوروبەرم بێزاردەکەن، خودای گەورە چاودێرتان بێت وڕێنموێنیان بكات لە هەنگاوەكانتان.
ج: ئەگەر بابەتەکە بەو شێوەیە بێت كە باسكرا ئەوا سەرت دادەپۆشی لە كاتێكدا موحریمت*، وفیدیە دەدەیت بە سەربڕینی حەیوانێک وگۆشتەكەی دەبەخشیت بە هەژارەكانی مەككە، یان خواردن دەبەخشیت بە شەش هەژار؛ بۆ هەر هەژارێك نیو ساع (دوو گوێل) لە خورما یان لە خواردنەكانی وڵات، یان سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبیت. ئەمە سەبارەت بە ئیحرامی حەج كردن، هەروەها ئەگەر نیەتی ئیحرامت هێنا بێت بۆ ئەنجامدانی عومرە ئەوا فیدیەیەكی ترت لەسەرە. *(موحریم: واتا ئەو كەسەی نیەت دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 181)
***
پ: حاجیەك تووشی شتێكی قەدەغەكراو بوو، ئەویش بریتیە لە ماچكردنی خێزانەكەی ودەرچوونی مەنی بە شەهوەتەوە؛ لە پاش فڕێدانی بەردەكانی (جەمرەتی عەقەبە) وقژ تاشین وپێش تەوافی ئیفازە، لەكاتێكدا خێزانەكەی حاجی نییە، فتوامان بۆ بدەن خودا پاداشتتان بداتەوە.
ج: ئەگەر مسوڵمان ئیحرامی بەستبێت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە یان بۆ هەردووكیان ڕێگەپێدراو نییە بۆی خۆی تووشی شتێك بكات كە ئیحرامەكەی پوچەڵ دەكاتەوە، یان لە پاداشتی كردەوەكانی كەم دەكاتەوە، وماچكردن حەرامە لەسەر ئەو كەسەی ئیحرامی بەستووە بۆ ئەنجامدانی حەج هەتاوەكو بە تەواوی كۆتایی دەهێنێت بە هەموو ڕێوڕەسمەكان، ئەمیش بە هاویشتنی بەردەكانی (جەمرەتی عەقەبە)، وقژ تاشین یان كورتكردنەوەی وتەوافی ئیفازە وسەعی ئەگەر سەعی لەسەر بوو؛ چونكە هێشتا لە حوكمی ئیحرامدایە كە نزیكبوونەوە لە ئافرەت حەرامكراوە لەسەری، وئەوەی ماچی خێزانەكەی بكات ومەنی دابەزێت پاش كۆتایهێنانی -تەحەلولی- یەكەم؛ ئەمە حەج پوچەڵ ناكاتەوە، ودەبێت داوای لێخۆشبوون لە الله بكات ونەگەڕێتەوە بۆ ئەم كردەوەیە، وقەرەبووی بكاتەوە بە سەربڕینی حەیوانێک ودابەشی بكات بە سەر هەژارەكانی حەرەمی مەككەدا، وواجبە دەستبەجێ ئەم كردەوەیە بكات بە پێی توانا.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 188)
***
پ: فەریزەی حەجم ئەنجامدا، وشەوێكیان كاتێك لە مینا بووم خەوتم وتوشی لەش گرانی بووم ونەمتوانی خۆم بشۆم، ئایا هیچم لەسەرە؟
ج: لەشگران بوون دەرهەق بە ئەو كەسەی لە حاڵەتی ئیحرامدایە بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە؛ ئەمە كاریگەری نابێت لەسەر حەج وعومرەكەی، بۆیە پوچەڵ نابنەوە، وئەوەی لەشگرانە دەبێت خۆی بشوات بە خۆشۆردنی لابردنی لەشگرانی؛ ئەگەر مەنی بینی لە پاش هەستان لە خەو، وفیدیەت لەسەر نییە؛ چونكە لەشگرانی بە بژاردەی خۆت نییە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 188)
***
پ: ئایا كۆترەكانی مەككە ومەدینە هیچ تایبەتمەندیەكیان هەیە؟
ج: كۆترەكانی مەككە ومەدینە هیچ تایبەتمەندیەكیان نییە، جگە لەوە نەبێـت كە ڕاو ناكرێن ونابێت بترسێندرێن هەتاوەكو لە سنووری حەرەمدان؛ بەهۆی گشتگیری ئەم فەرموودەیە: «خودای گەورە مەككەی پیرۆز (بە حورمەتی) كردووە، وبۆ هیچ یەكێك حەڵاڵ نەبوو لە پێش من (كە جەنگی تێدا ئەنجام بدات)، وبۆ هیچ كەسێك لە پاش من حەڵاڵ نابێت، وبۆمن حەڵاڵ بۆ ساتێک، ونابێت گژوگیای هەڵبكەندرێت، ونابێت دارەكانی ببڕدرێتەوە، ونابێت (ئاژەڵە) ڕاودارەكانی بترسێندرێن». [فەرموودەكە (البخاري) گێڕاویەتیەوە]. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئیبراهیم مەككەی پیرۆز (بە حورمەت) كرد، ومنیش مەدینەم پیرۆز (بە حورمەت) كرد لە نێوان هەردوو شاخەكەی، ونابێت دارەكانی ببڕدرێتەوە، ونابێت (ئاژەڵە) ڕاودارەكانی ڕاو بكرێن». [فەرموودەکە موسلیم گێڕاویەتەوە].
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 202)
***
پ: ئایا داكەندنی جلەكانی ئیحرام ڕێگەپێدراوە لە پاش ئەنجامدانی عومرە؛ بۆ زانیاری من بە تەمەتوع حەج دەكەم؟
ج: ئەوەی بە تەمەتوع* حەج دەكات ڕێگەپێدراوە بۆی كۆتایی بە ئیحرامەكەی بهێنێت لە پاش ئەنجامدانی عومرە، واتا پاش ڕێوڕەسمەكانی تەواف وسەعی وقژ تاشین یان كورتكردنەوەی، وجلە ئاساییەكانی دەپۆشێت، هەروەكو چۆن پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی بە هاوەڵان كرد، ئەوانەیان كە قوربانیان نەهێنابوو لە حەجی ماڵئاوایی، پاشان ئیحرام دەبەستێت بۆ ئەنجامدانی حەج لە ڕۆژی هەشتەمدا. *(تەمەتوع -موتەمەتیع-: واتا ئەنجامدانی عومرە لە پێش ئەنجامدانی حەج لە مانگەكانی حەجدا)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 202)
***
پ: هیوادارم شتە ڕێگەپێدراوەكانم بۆ ڕوون بكەنەوە بۆ حاجی موتەمەتیع لە ماوەی كۆتاییهێنانی ئیحرام لە پاش ئەنجامدانی عومرە.
ج: ئەوەی ئیحرام دەبەستێت وبە موتەمەتیعی* حەج دەكات، پاشان ڕێوڕەسمەكانی عومرە جێبەجێ دەكات لە تەواف وسەعی وقژ تاشین یان كورتكردنەوەی؛ ئەوا عومرەكەی كۆتایی هاتووە وئەوەی لەسەری قەدەغە كرابوو بەهۆی ئیحرامەوە ڕێگەپێدراوە ئەنجامی بدات وەكو: قژ تاشین، وبڕینی نینۆك، وپۆشینی جلی دوراو، وداپۆشینی سەر، وبۆن لەخۆدان، وڕاو كردنی ئاژەڵ، وگرێبەستی هاوسەرگیری، وجووتبوون وپێشەكیەكانی. *(تەمەتوع -موتەمەتیع-: واتا ئەنجامدانی عومرە لە پێش ئەنجامدانی حەج لە مانگەكانی حەجدا)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 204)
***
پ: حوكمی تەلبیەی بە كۆمەڵ چییە بۆ حاجیەكان؟ یەكێكیان تەلبیە دەڵێت وئەوانی تریش لە دووایەوە بە یەك دەنگ دەیڵێنەوە.
ج: ئەمە ڕێگەپێدراو نییە، چونكە لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وجێنشینە ڕێنموێنیكراوەكانەوە نەهاتووە كە ئەنجامیان دابێت -ڕەزای خودایان لێبێت-، بەڵكو بیدعەیە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 358)
***
پ: حوكمی ئەو ئافرەتە چییە كە تووشی سووڕی مانگانە دەبێت لە كاتی حەجدا، ئایا هەموو ڕێوڕەسمەكان جێبەجێ بكات ودەبێت خۆی بشوات بۆ ئەنجامدانیان؟ یان هەندێك ڕێوڕەسم هەیە ناتوانێت جێبەجێی بكات وچۆن قەرەبووی بكاتەوە؟ خوای گەورە پاداشتی خێرتان بداتەوە.
ج: ئەگەر ئافرەت لە كاتی حەج كردنیدا تووشی سووڕی مانگانە بوو ئەوا نیەتی ئیحرام دەهێنێت ولە سەر ئیحرام دەمێنێتەوە، وهەموو ئەو شتانەی حاجی ئەنجامی دەدات ئەمیش جێبەجێی دەكات وەكو وەستان لە عەرەفە، وشەو مانەوە لە موزدەلیفە ومینا وهاویشتنی بەردەكان، بەڵام تەواف ناكات بە دەوری كەعبە هەتاوەكو پاك دەبێتەوە وخۆی دەشوات.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 128)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە بۆ ئافرەت كە خۆی بڕازێنێتەوە لە كاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا؟
ج: ڕێگەپێدراو نییە بۆ ئافرەت خۆی بڕازێنێتەوە لە كاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەكانی حەجدا، بەڵام ئەوەی پێوەیەتی لە خشڵ وزێڕ یان بۆیە؛ ئەوا دەبێت بیانشارێتەوە لە بەرچاوی پیاوان، وداواكراو نییە دایان بكەنێت یان لایان بەرێت لە دەستی یان لە هەر شوێنێكی تری.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 144)
پ: حەجم كرد، وپاش بەستنی ئیحرام لە میقاتەوە نیەتم هێنا لەكاتێكدا بە (موفریدی)* حەج ئەنجام دەدەم، ووتم: (لبيك اللهم لبيك حجا) واتە: (خودایە لێرەم بۆ ئەنجامدانی حەج)، پاشان لە بیرم چوو، و ووتم: (لبيك اللهم لبيك حجا وعمرة) واتە: (خودایە لێرەم بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە)، *(موفرید: واتا تەنها حەج ئەنجام دەدات)، فتوام بۆ بدەن لەمبارەیەوە چی لەسەرم واجبە خودای گەورە پاداشتی خێرتان بداتەوە.
ج: ئەگەر ئەوەی وتووتە بەهۆی هەڵەی زمانەوە بێت ومەبەستت نەبێت؛ ئەوا هیچ شتێكت لەسەر نییە، چونكە خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿رَبَّنَا لاَ تُؤَاخِذْنَا إِن نَّسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا﴾ واتە: ﴿پهروهردگارا؛ لێمان مهگره ئهگهر فهرامۆشیمان بهسهردا هات یان گوناهو ههڵهیهکمان له دهست قهوما﴾، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەموو كردەوەیەك بە نیەتە، وهەموو كەسێكیش بە پێی نیەتەكەی پاداشت دەدرێتەوە».
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 132)
***
پ: هەندێك حاجیم بینی لقیان لە دارەكان دەبڕی بۆ دروستكردنی سیواك وسیواكیان پێدەكرد، ئایا حوكمی بڕینی دار چییە لە مینا، وحوكمی قبوڵكردنی سیواك چییە وەكو دیاری كە بڕدراوە لە دارەكانی حەرەمی پیرۆز؟
ج: بڕینی هەر بەشێك لە دارەكانی حەرەم؛ ڕێگەپێدراو نییە ئینجا بۆ موحریم بێت یان بۆ كەسێكی تر، (موحریم: واتا ئەو كەسەی نیەت دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە)، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ڕێگەپێدراو نییە دڕكەكانی تێكبدرێت ودارەكانی ببڕدرێتەوە». [فەرموودەکە موسلیم گێڕاویەتەوە].
ئەوەی شتێكی وا بكات پێویستە دەستبەجێ تەوبە وداوای لێخۆشبوون بكات لە الله -عز وجل-، ونەگەڕێتەوە بۆ ئەو كارە، وقبوڵكردنی سیواك وەكو دیاری ڕێگەپێدراو نییە ئەگەر لە دارەكانی حەرەم بڕدرابێتەوە؛ چونكە ئەمە ڕازیبوون ویارمەتیدانە لەسەر شتی قەدەغەكراو.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 166)
***
مانەوەی شەوانی مینا لە مینادا
پ: چووم بۆ حەج لەگەڵ كۆمەڵێكدا وشەوی نۆیەمی (ذي الحجة) لە مینا ماینەوە، وپێش نوێژی بەیانی چووین بۆ عەرەفە ولە عەرەفە نوێژی بەیانیمان كرد؛ ئەوانەی كۆمەڵەكەیان بەڕێوە دەبرد ئەمەیان ئەنجام دا لە ترسی قەرەباڵەغی، ئایا هیچ شتێكمان لەسەرە؟
ج: هیچ شتێكتان لەسەر نییە، بەڵام باشتر وایە حاجی بڕوات لە میناوە بۆ عەرەفە لە پاش دەرچوونی خۆر لە ڕۆژی نۆیەمی مانگی (ذي الحجة).
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 210)
***
پ: لەگەڵ كۆمپانیایەكی ناوخۆیی حەجم ئەنجامدا وشوێنی مانەوەمان لە دەرەوەی مینا بوو، لە شەوی 9 ی (ذي الحجة) لەو شوێنە خەوتم، بەڵام شەوەكانی ڕۆژانی (تەشریق) لە نێو مینا خەوتم، ئایا شەو مانەوە لە مینا لە شەوی 9 ی (ذي الحجة)؛ واجبە یان سوننەتە، ئەگەر واجبە چی بكەم؟ خوای گەورە پاداشتی خێرتان بداتەوە بەهۆی ئەو خزمەتەی پێشكەشی ئیسلام ومسوڵمانانی دەكەن.
ج: شەو مانەوە لە مینا لە شەوی نۆیەمی مانگی (ذي الحجة)؛ سوننەتە بۆ حاجی و واجب نییە، هیچ شتێكت لەسەر نییە بەهۆی شەو نەمانەوە لە مینا، بەڵكو پاداشتی سوننەتی شەو مانەوەت لەو شوێنە لەدەستداوە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 177)
***
وەستان لە عەرەفە
پ: هەندێك لە خەڵكی دەڵێن: ئەگەر ڕۆژی عەرەفە لە ڕۆژی هەینیدا بێت وەكو ئەمساڵ؛ ئەوا وەكو ئەو كەسە وایە كە حەوت حەجی ئەنجامدا بێت، ئایا هیچ بەڵگەیە هەیە لە سوننەت سەبارەت بەم باسە؟
ج: هیچ بەڵگەیەكی دروست وسەحیح نییە لەسەر ئەم قسەیە، هەندێك خەڵك بانگەشەی ئەوە دەكەن كە: یەكسانە بە حەوت حەج، یان حەفتا ودوو حەج، وئەمیش بە هیچ شێوەیەك ڕاست ودروست نییە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 211)
***
پ: پاش ئەوەی حاجی نوێژی نیوەڕۆ وعەسر ئەنجامدەدات لەگەڵ ئیمامدا لە عەرەفە؛ ئایا ڕێگەپێدراوە بۆی نوێژی سوننەت بكات هەتاوەكو نوێژی مەغریب؟
ج: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ڕۆژی عەرەفەدا نوێژی سوننەتی ئەنجام نەداوە لە پاش نوێژەكانی نیوەڕۆ وعەسر بە كۆكردنەوەی پێشخستن -جمع تقدیم- لە عەرەفەدا، ئەگەر ڕێگەپێدراو بوایە بەپەرۆشتر بوو لەسەر ئەنجامدانی زیاتر لە ئێمە، وهەموو خێرێك لەوەدایە ئەو سەرمەشق بێت وشوێنکەوتەی سوننەتی ئەوبین.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 211)
***
پ: حوكمی ئەو كەسە چییە كە دەرچووە لە عەرەفە بە یەك خولەك لە پێش كاتی دیاریكراو ونووسراو لە ڕۆژمێردا بۆ نوێژی مەغریب؛ بۆ زانیاری سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەكە ووتیان: خۆر ئاوا بووە.
ج: بنچینە ئەوەیە حاجی لە ڕۆژی نۆیەم لە عەرەفە دەمێنێتەوە، وئەوێ بە جێناهێڵێت هەتاوەكو دڵنیا دەبێت لە ئاوابوونی خۆر. وڕێگەپێدراو نییە ئەوێ جێبهێڵێت پێش ئاوابوونی خۆر، بۆیە پێوەر ئاوا بوونی خۆرە، ئەگەر لە عەرەفە دەرچوو بێت لە پاش دڵنیایی لە ئاوابوونی خۆر ئەوا واجبی سەرشانی جێبەجێ كردووە وهیچی لەسەر نییە، وئەگەر لەوێ دەرچوو بێت لە پێش ئاوابوونی خۆر یان دڵنیا نەبوو لێی ونەگەڕایەوە بۆ ئەوێ وتێیدا بمێنێتەوە هەتاوەكو خۆر ئاوا دەبێت، یان نەگەڕایەوە بۆ ئەوێ ئەگەر بۆ ساتێكی كەمیش بێت لە شەودا؛ ئەوا حەیوانێکی لەسەرە سەری ببڕێت لە شاری مەککە بەهۆی جێبەجێ نەكردنی واجبێك لە واجبەكانی حەج.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 181)
***
مانەوەی شەوی موزدەلیفە لە موزدەلیفەدا
پ: حەجم كرد لەگەڵ چەند خێزانێكدا كە ئۆتۆمبێلەكەمیان بە كرێ گرتبوو بۆ ئەنجامدانی حەج، وشەوی موزدەلیفە كاتژمێر نۆ لە عەرەفە دەرچووین، وكاتژمێر دوو گەیشتینە موزدەلیفە، سووربوون لەسەر ئەوەی شەو لە موزدەلیفە نەمێننەوە؛ بە بیانووی ئەوەی خێزانیان لەگەڵدایە، وشەریعەت ڕێگەی بەمە داوە، زیاتر لە چارەكێك لە موزدەلیفە نەماینەوە، ئایا هیچ شتێكم لەسەرە بەهۆی ئەم كارە؟
ج: ئەگەر حاڵیان بەو شێوەیە بێت كە باستكرد، لەوەی خێزانیان لەگەڵدایە وترسیان هەیە لە شەو مانەوە هەتاوەكو دەرچوونی بەرە بەیان؛ هیچ شتێك لەسەر تۆ وئەوان نییە، ئەگەر دەرچوونتان لە موزدەلیفە لە كاتژمێر دووی شەو بووبێت بە كاتی هێڵی درێژی؛ چونكە ئەمە پاش نیوەی شەوە، ولاوازەكان وئافرەتان ڕوخسەتیان پێدراوە لەم حاڵەدا وەكو ڕەحم وبەزەییەک بەرامبەریان.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 212)
***
پ: بەهۆی زۆری قەرەباڵەغی لە حەجی ساڵی ڕابردوو هەندێك لە حاجیەكان نەیانتوانی شەو لە موزدەلیفە بمێننەوە بەهۆی سەختی گەیشتن پێی، وهەندێكیان ڕێگایان ون كرد، ئەوانە چی بكەن؟
ج: هەركەسێك بەهۆی قەرەباڵەغیەوە نەتوانێت لە موزدەلیفە بمێنێتەوە ئەوا شەو مانەوەی لەسەر لادەچێت لەو شوێنە، بەڵام ئەوەی ڕێگا ون دەكات وشەو لە شوێنێكی تر بەسەر دەبات؛ ئەوا قوربانی لەسەرە، چونكە دەتوانێت پرسیار بكات سەبارەت بە موزدەلیفە وڕێگاكە بدۆزێتەوە، وكەمتەرخەمی کردووە بەهۆی پرسیار نەكردنی.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 189)
***
پ: پرسیاركارێك لە ئەوانەی حەجی ماڵە پیرۆزەكەیان كردووە پرسیار دەكات كە موزدەلیفەی بەجێهێشتووە لە دەوروبەری سێیەكی یەكەمی شەو واتا: لە نزیك كاتژمێر دە وبیانووی ئەوە بووە ئافرەتانی لەگەڵدایە، ئایا واجب چییە دەرهەق بە ئەم وئەوان زۆر سوپاستان دەكەین؟
ج: ئەو كەسەی موزدەلیفە بەجێدەهێڵێت لە پێش نیوەی شەو بە بێ بیانووی شەرعی وەكو نەخۆشی؛ ئەم كەسە واجبی شەو مانەوەی لەو شوێنە جێبەجێ نەكردووە، بۆیە دەبێت حەیوانێک سەرببڕێت لە مەككە ودابەشی بكات بە سەر هەژارەكانیدا؛ چونكە كەمترین ماوەی شەو مانەوە بریتیە لە مانەوە هەتاوەكو نیوەی شەو، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوخسەتی نەدا بە لاوازەكان موزدەلیفە بەجێبهێڵن هەتاوەكو دوای نیوەی شەو.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 194)
***
كردەوەكانی ڕۆژی یەکەمی چەژنی قوربان
پ: ئەگەر خەڵكی ولاوازەكان موزدەلیفە جێبهێڵن بەرەو مینا پاش نیوەی شەو وپێش دەرچوونی بەیان؛ ئایا دەتوانن بەردەكان بهاوێژن لە (جەمرەتی عەقەبە) پێش دەرچوونی خۆر، وئەگەر كاتی زۆریان لە بەردەستدا بێت ئایا دەتوانن تەوافی ئیفازە ئەنجام بدەن لە پێش دەرچوونی خۆر؟
ج: ڕێگەپێدراوە بۆ لاوازەكان لە ئافرەتان وبەتەمەنەكان وهاوشێوەكانیان موزدەلیفە جێبهێڵن لە پاش نیوەی شەو، ودەتوانن بەردەكان بهاوێژن وتەوافی ئیفازە ئەنجام بدەن وقژیان بتاشن پێش دەرچوونی بەرە بەیان؛ و ئەمە ئاسانكاریە بۆ ئەوان.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 190)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە حاجی هاویشتنی بەردەكانی (جەمرەتی عەقەبە) دوا بخات بۆ ڕۆژی دووەم یان سێیەم لە ڕۆژەكانی تەشریق بە بێ بیانوو یان نا، وحوكمی ئەو كەسە چییە كە ئەم كارە دەكات؟
ج: ڕێگەپێدراو نییە حاجی هاویشتنی بەردەكانی (جەمرەتی عەقەبە) دوا بخات بۆ ڕۆژی دووەم یان سێیەم لە ڕۆژەكانی تەشریق* بە بێ بیانوو؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ڕۆژی جەژندا بەردەكانی هاویشتووە، وهاوەڵانیش لەم كارەدا شوێنی كەوتن ودوایان نەخستووە بۆ ڕۆژەكانی تەشریق بە بێ بیانوو، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ڕێوڕەسمەكانی حەج لە منەوە وەربگرن»، وئەوەی دوای بخات بۆ ڕۆژەكانی تەشریق بە بێ بیانوو؛ پێچەوانەی سووننەتی كردووە، وبێبەش دەكرێت لە هەندێك لە پاداشتی ڕێوڕەسمەكان، بۆیە دەبێت داوای لێخۆشبوون بكات لە خودای گەورە لەسەر ئەوەی ڕوویداووە، ولە داهاتوودا بەپەرۆش بێـت لەسەر جێبەجێكردنی ڕێوڕەسمەكان بەو شێوەیەی لە شەریعەتدا هاتووە. *(ڕۆژەكانی تەشریق: واتا ڕۆژەكانی 11 و 12 و 13 ی مانگی -ذي الحجة-)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 217)
***
پ: بینیمان لە حەجدا هەندێك خەڵك لە كاتی كورتكردنەوەی قژیان لە حەج یان عومرەدا لە خوارەوەی قژیانەوە كورتی دەكەنەوە بە شێوەی بازنەیی، خوارەوەی قژیان كورت دەكەنەوە لە هەموو ئاراستەكان، بەڵام بەشەكانی تری قژیان هیچ شتێكی لێ كەم ناكەنەوە، وكاتێك ووتمان پێیان: كورتكردنەوە دەبێت هەموو بەشەكانی قژ بگرێتەوە، ووتیان پێمان: ئەمە داواكراوە، ئایا كام كردەوەیە واجبە؟
ج: واجب ئەوەیە قژ تاشین یان كورتكردنەوەی هەموو بەشەكانی قژ بگرێتەوە لە حەج وعومرەدا، ومەرج نییە لە هەموو مووەكانی سەری بكاتەوە، وئەو كەسەی وایكردووە؛ ئەمە بەس نییە لە دروستترین ڕای زانایاندا، ولە سوننەتی موحەمەد نییە -صلى اللە علیە وسلم-.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 217)
***
پ: حاجیەك لە عەرەفە وەستا وشەو لە موزدەلیفە مایەوە ولە مینا بەیانی بەسەردا هات لە ڕۆژی جەژن، بەردەكانی (جەمرەتی عەقەبە)ی هاویشت وقوربانی كرد وقژی تاشی، وجلەكانی لە مینا داكەند، پاشان چوو بۆ مەككە وتەوافی ئیفازەی ئەنجامدا، ئایا ئەمە ڕێگەپێدراوە لە شەریعەتدا؟ یەكێك لە هاوڵاتیان پێی ووتم: قژ تاشین وداكەندی جلەكانی لە مینا ڕێگەپێدراو نییە مەگەر پاش تەوافی ئیفازە نەبێت.
ج: قژ تاشین پێش تەوافی ئیفازە یان پاشی؛ ڕێگەپێدراوە، وئەوەی ئەنجامتداووە لە ڕۆژی جەژن لە هاویشتنی بەردەكان پاشان قژ تاشین پاشان تەواف كردن ئەمە سوننەتە، وكردەوەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەم شێوەیە بوو لە حەجی ماڵئاوایی.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 218)
***
پ: کۆتا کاتی تەوافی ئیفازە؟
ج: کاتی تەوافی ئیفازە لە پاش نیوەی شەو دەستپێدەكات لە شەوی چەژنی قوربان دەرهەق بە لاوازەكان وئەوانەی هەمان حوكمیان هەیە، وبۆ كۆتاییهاتنی كاتێكی دیاریكراو نییە، بەڵام باشتر وایە حاجی دەستپێشخەری بكات بۆ ئەنجامدانی تەوافی ئیفازە بە پێی توانا، لەگەڵ ڕەچاو كردنی نەرمونیان بوون دەرهەق بە نەفسی خۆی، وئەو كاتانە هەڵبژێرێت كە شوێنی تەواف قەرەباڵەغ نییە؛ بۆئەوەی کەس ئازار نەدات وئەویش ئازار نەدرێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 227)
***
پ: ئەگەر حاجی تەوافی ئیفازەی ئەنجامدا، ویەك خولانەوەی لە بیرچوو ونەیزانی لەبیری چووە مەگەر پاش دەرچوونی نەبێت لە مزگەوتی حەرام، ئایا حوكمی ئەم كەسە چییە؟ ئەگەر زانینی سەبارەتی لە پاش كۆتاییهێنانی -تەحەلولی- یەكەم بێت؛ بە دامەزراندن لەسەر ئەو ڕاستیەی ئەم تەوافە یەكێكە لەو دوو كردەوەیەی كە بەهۆیانەوە كۆتاییهاتنی یەكەم دێتە دی.
ج: ئەگەر حاجی تەوافی ئیفازەی كرد ویەك خولانەوەی لەبیرچوو، وناوبڕەكە ماوەكەی درێژ بوو ئەوا تەوافەكە دووبارە دەكاتەوە، وئەگەر ناوبڕەكە ماوەكەی نزیك وكورت بوو ئەوا ئەو خولانەوەی لەبیری چووە ئەنجامی دەداتەوە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 253)
***
پ: ئایا حوكمی ئەو كەسە چییە كە تەوافی ئیفازەی ئەنجامدا وسەعی نەكرد هەتاوەكو خۆر ئاوا بوو، پاش كۆتا ڕۆژەكانی تەشریق؟ وحوكمی سەعی كردن چییە لە پاش ئاوابوونی خۆر لەو ڕۆژەدا، یان لە پاش ڕۆژەكانی تەشریق؟
ج: سەعی كردنت لە كۆتا ڕۆژەكانی تەشریق* یان لە پاش ڕۆژەكانی تەشریق؛ دروستە، وهیچت لەسەر نییە بەهۆی دواخستنەوە، چونكە لە مەرجی دروستی سەعی ئەوە نییە كە ڕاستەوخۆ لە پاش تەواف ئەنجام بدرێت، بەڵام كامڵتر ئەوەیە ڕاستەوخۆ لە پاش تەواف بێت؛ ئەمیش وەكو شوێنكەوتنێك بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-. *(ڕۆژەكانی تەشریق: واتا ڕۆژەكانی 11 و 12 و 13 ی مانگی -ذي الحجة-)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 262)
***
پ: ئایا واجبە قژ تاشین یان كورتكردنەوەی لە كۆتاییهاتنی -تەحەلولی- گەورە، پاش ئەوەی قژی تاشی یان كورتی كردەوە لە كۆتاییهاتنی لە تەحەلولی بچووك؛ واتا: لە پاش كۆتایهێنان بە هاویشتنی بەردەكان؟
ج: قژ تاشین یان كورتكردنەوەی واجب و وسوننەت نییە لە پاش كۆتاییهاتنی -تەحەلولی- گەورە، پاش ئەوەی قژی تاشی یان كورتی كردەوە لە كۆتاییهاتنی تەحەلولی بچووك؛ واتا: لە پاش كۆتایهێنان بە هاویشتنی بەردەكان، چونكە ئەمە لە ڕێوڕەسمەكانی حەجە وپەرستنە، وپەرستنیش بنیات نراوە لەسەر وەستان -لەسەر بەڵگە شەرعیەكان-، ونەهاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- كە قژی تاشی بێت یان كورتی كردبێتەوە لە پاش كۆتاییهاتنی تەحەلولی گەورە، بەڵكو تەنها لە پاش كۆتاییهاتنی تەحەلولی بچووك ئەنجامیداوە، وبە سەحیحی هاتووە كە فەرموویەتی: «ڕێوڕەسمەكانی حەج لە منەوە وەربگرن».
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 263)
***
پ: ڕێوڕەسمەكانی عومرەم ئەنجامدا، ولە پاش ئەنجامدانی گەڕامەوە بۆ وڵاتەكەم، وە بە ویستی خودای گەورە سوورم لەسەر ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە ئەمساڵدا، ئایا فیدیەم لەسەرە یان نەخێر؟ خودای گەورە پاداشتتان بداتەوە.
ج: زۆرینەی زانایان پێیان وایە هیچت لەسەر نییە؛ چونكە عومرە وحەجت پێكەوە ئەنجام نەداوە لە یەك گەشتدا، كاتێك ووتت كە تۆ گەڕایتەوە بۆ وڵاتەكەت لە پاش ئەنجامدانی عومرە لە شەوالی ساڵی 1395 ك، ولە مەككە نەمایتەوە بۆ ئەنجامدانی حەج.
وهەندێك لە زانایان پێیان وایە كە لەسەرتە حەیوانێک سەرببڕیت ئەگەر لەو ساڵەدا حەجت ئەنجامدا ئەگەرچیش تۆ گەڕاویتەوە بۆ وڵاتەكەت یان بۆ شوێنێكی دوورتر؛ بەهۆی گشتگیری ئەم ئایەتە كە خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَمَنْ تَمَتَّعَ بِالْعُمْرَةِ إِلَى الْحَجِّ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ﴾ واتە: ﴿ھەر کەسێک لە سەرەتاوە ئیحرامی بە عومرە بەست و ئەرک وئەرکانەکانی جێبەجێ كرد، پاشان ویستی بەھرە ببا لە عومرە و تەمەتوع بکا ھەتا کاتی ئیحرام بە حەج بەستن، ئینجا ئیحرامی بە حەج بەستەوە، چ ئاژەڵێکی لە دەست دێ دەبێت سەری ببرێت﴾. وفەتوا وكردەوە بەردەوامن لەسەر ڕای زۆرینەی زانایان بەوەی سەربڕینی حەیوانت لەسەر واجب نییە لەم حاڵەتەدا.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 366)
***
پ: حوكمی ئەو كەسە چییە كە چاکردنی قژی لە بیرچووە لە پاش كۆتاییهاتنی كردەوەكانی حەج، وپاش ماوەیەكی زۆر بیری کەوتووەتەوە؟
ج: تاشینی قژ یان کورتکردنەوەی واجبە لە حەج وعومرەدا، وئەوەی وازی لێدەهێنێت بەهۆی لەبیرچوونەوە ئەوا ئەگەر بە بیردا هاتەوە واجبە دەستەجێ قژی بتاشێت یان كورتی بكاتەوە، وئەگەر چبوەلای خێزانی لە پێش تاشینی قژی یان كورتكردنەوەی ئەوا واجبە فیدیە بدات بەهۆی ئەم کارەوە، فیدیەكەیش بریتیە لە سەریڕینی حەیوانێک لە مەككە ودابەش دەكرێت بەسەر هەژارەكانی حەرەمدا؛ چونكە لە حەجدا ئەگەر جووتبوون ڕوویدا بێت لە پێش كۆتاییهاتنی -تەحەلولی- دووەم، ئەمە فیدیە واجب دەكات، هەروەها لە عومرەیش هەمان فیدیەی لەسەرە بەرامبەر ئەو كارە ئەگەر پێش كۆتاییهێنان -پێش تەحەلول- ڕوویدا بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 204)
***
پ: ئەو كەسەی بە قارین حەج دەكات ئەگەر تەوافی هاتنی ئەنجامدابێت، ئایا دەبێت تەوافی ئیفازەیش ئەنجام بدات؟
ج: تەوافی هاتن شوێنی تەوافی ئیفازە ناگرێتەوە دەرهەق بە قارین* وموفرید**؛ چونكە ئەمە كاتی تەوافی ئیفازە نییە، وتەوافی ئیفازە پایەیەكە لە پایەكانی حەج وبە بێ ئەم تەوافە حەجەكە ناكامڵە، وكاتی تەوافی ئیفازە بریتیە لە پاش وەستان لە عەرەفە وبەجێهێشتنی موزدەلیفە، بەڵام تەوافی هاتن سوننەتە ئەگەر بیەوێـت دەتوانێت ئەنجامی بدات وئەگەر بیەوێت دەتوانێت نەیكات. *(قارین: واتا عومرە وحەج پێکەوە بەیەک نییەت بکرێت)، **(موفرید: واتا تەنها حەج ئەنجام دەدات بەبێ عومرە).
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 217)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە كەسێك بكەمە وەکیل بۆئەوەی تەوافی ئیفازە وماڵئاواییم بۆ ئەنجام بدات، ئەگەر گەڕانەوە بۆ مەككە ئاسان نەبوو لەسەرم بەهۆی زۆری تەمەن ولاوازی تەندروستیم؟
ج: وەکیل گرتن ڕێگەپێدراو نییە لە تەوافی ئیفازە وماڵئاوایی، وئەوەی ناتوانێت بە هەڵگرتن یان بە سواری تەوافی پێدەكرێت، دەبێت خۆتان بێن بۆ مەككە هەروەكو لە فەتواكەدا باسكراوە، وخودای گەورە تەوفیقمان بدات، وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 271)
***
ڕۆژەكانی تەشریق(١١و١٢و١٣ مانگی زولحیجە) وهاویشتنی بەردەكان
پ: ئایا چی واجبە لەسەر ئەو كەسەی بەردەكانی هاویشتبێت لە چێشتەنگاوی ڕۆژی دووەمی جەژن، وە نەیزانیوە كە كاتی هاویشتنی بەردەکان پاش نیوەڕۆیە؟
ج: ئەوەی بەردەكان دەهاوێژێت لە چێشتەنگاوی ڕۆژی دووەم پێش زەوال -پێش لادانی خۆر لە نیوەی ئاسمان-؛ دەبێت دووبارە بەردەكان بهاوێژێت لە پاش زەوالی ئەو ڕۆژە، ئەگەر سەبارەت بە هەڵەكەی نەیزانی مەگەر لە ڕۆژی سێیەم یان چوارەم نەبێت ئەوا دەبێت دیسانەوە بەردەكان بهاوێژێت لە پاش زەوالی ڕۆژی سێیەم یان چوارەم، پێش ئەوەی بیانهاوێژێت بۆ ئەو ڕۆژەی بە بیریدا هاتەوە، ئەگەر نەیزانی مەگەر پاش ئاوابوونی خۆری ڕۆژی چوارەم ئەوا بەردەكان ناهاوێژێت، ودەبێت حەیوانێک سەرببڕێت لە حەرەم وگۆشتەكەی ببەخشێت بە هەژارەكانی مەککە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 273)
***
پ: واتای ئەم ئایەتە چییە كە خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَمَن تَعَجَّلَ فِي يَوۡمَيۡنِ فَلَآ إِثۡمَ عَلَيۡهِ﴾؟ لەگەڵ ڕوونكردنەوەی ئەوبابەتەی لەم ئایەتەدا باسی لێوە کراوە.
ج: خودای گەورە -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿وَاذْكُرُوا اللَّهَ فِي أَيَّامٍ مَعْدُودَاتٍ فَمَنْ تَعَجَّلَ فِي يَوْمَيْنِ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ وَمَنْ تَأَخَّرَ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ لِمَنِ اتَّقَى﴾ واتە: وه ئێوه زیكری خودای گهوره بكهن له چهند ڕۆژێكی دیاریكراودا كه رۆژهكانی (مینا)یه كه (ئهیامی تهشریقه) كه (ڕهمی جیمار) ئهكرێت، وئهگهر له ڕۆژی دووهمدا ڕهمی جهمهرات بكات ئاساییه ئهوهیشی دوای بخات بۆ رۆژی سێیهم ههر ئاساییه بۆ كهسێك كه تهقوای خودای گهوره بكات له حهجهكهدا. هەتا كۆتایی ئایەتەكە. مەبەست لە (الأیام المعدودات) لێرەدا: ڕۆژەكانی: یانزە، ودوانزە، وسیانزەیە، هەركەسێك لە حاجیەكان مینا جێبهێڵێت پاش هاویشتنی بەردەكان لە پاش زەوال لە ڕۆژی دوانزەدا؛ ئەوا پەلەی كردووە، وئەوەی لە مینا دەمێنێتەوە هەتاوەكو بەردەكان دەهاوێژێت لە ڕۆژی سیانزەدا؛ ئەوا دواكەوتووە، ودواكەوتن باشترە؛ چونكە شوێنكەوتنی كردەوەی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 297)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە بەردەكان بهاوێژێت لە پێش زەوالی ڕۆژی دووەم یان دەبێت لە پاش زەوال بیانهاوێژێت، لەگەڵ هاویشتنیان لە ڕۆژی دواتریش؟
ج: هاویشتنی بەردەكان لە ڕۆژەكانی تەشریق* دروست نییە مەگەر لە پاش زەوال -پاش لادانی خۆر لە نیوەی ئاسمان-، *(ڕۆژەكانی تەشریق: واتا ڕۆژەكانی 11 و 12 و 13 ی مانگی -ذي الحجة-)، وڕێگەپێدراو نییە و واجبەكەی لەسەر لانەچووە ئەگەر لە بەیانیدا بەردەكان بهاوێژێت، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە پاش زەوال بەردەكانی هاویشتووە، وفەرموویەتی: «ڕێوڕەسمەكانی حەج لە منەوە وەربگرن». وهەركەسێك هاویشتنی بەردەكانی ڕۆژێكی لەبیر چوو ئەوا لە ڕۆژی دواتر دەیانهاوێژێت لە پاش زەوال، وهەموویان دەهاوێژێت پێش دەستپێكردنی هاویشتنی بەردەكانی ڕۆژی دواتر، پاش هاویشتنی بەردەكانی جەمرەتی كۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ بەرد هاویشتن لە هەر سێ جەمرەتەكە بۆ ڕۆژی دواتر.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 189)
***
پ: ساڵێكیان حەجم كرد ولە ڕۆژی دووەمدا پێش زەوال بەردەكانم هاویشت، ئایا هیچ شتێكم لەسەرە وهۆكارەكەی نەزانینم بوو سەبارەتی؟
ج: هاویشتن بەردەكان پێش زەوال -پێش لادانی خۆر لە نیوەی ئاسمان- لە ڕۆژەكانی تەشریق* دروست نییە، *(ڕۆژەكانی تەشریق: واتا ڕۆژەكانی 11 و 12 و 13 ی مانگی -ذي الحجة-)، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەردەكانی هاویشتووە لە پاش زەوال، وفەرموویەتی: «ڕێوڕەسمەكانی حەج لە منەوە وەربگرن». کەواتە فیدیەت لەسەرە بەهۆی ئەوەی بەردەكانت لە پێش زەوال هاویشتووە، ئەم فیدیەیش بریتیە لە سەربڕینی حەیوانێک لە مەككە، ودابەش دەكرێت بەسەر هەژارەكانی حەرەم ونابێت خۆی هیچ بەشێک لە گۆشتەكەی بخوات.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 293)
***
پ: كەسێك لەبیری چووە و هەندێك بەردی هەڵگرتووە كە لە میناوە هێناوویەتی، وپێی ووتراوە ئەوەی بەرد لە مینا هەڵدەگرێت دەبێت بیگەڕێنێتەوە بۆ مەككە، هیوادارین فەتوامان بۆ بدەن لەمبارەیەوە.
ج: هەركەسێك هەندێك لەو بەردانەی پێبێت كە بۆ هاویشتن هەڵی گرتووە؛ ئەوا داواكراو نییە بیانگێڕێتەوە بۆ مینا چونكە ئەم بابەتە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 294)
***
پ: كەسێك هەر حەوت بەردەكانی (جەمرەتی عەقەبە)ی بە یەك جار هاویشتووە لە حەجدا؟
ج: واجبە ئەو كەسەی بەردەكانی (جەمرەت)ی بە یەك جار هاویشتووە؛ جارێكی تر بەردەكان بهاوێژێت لە ڕۆژەكانیدا، چونكە واجب ئەوەیە یەك لە دوای یەك بەردەكان بهاوێژێت، وهاویشتنی هەر هەموویان بە یەكەوە وەكو هاویشتنی یەك بەرد وایە، ئەگەر بەرد هاویشتنەكە دووبارە نەكاتەوە ئەوا لەم حاڵەتەدا واجبە حەیوانێک سەرببڕێت بەهۆی وازهێنانی لە واجبێك لە واجبەكانی حەج، ولە مەككە گۆشتەكەی دابەش دەكرێت بەسەر هەژارەكاندا، ئەگەر نەیتوانی حەیوان سەرببڕێت ئەوا دەبێت دە ڕۆژ بەڕۆژوو بێت ئینجا لە دوای یەك بێت یان بە جیاواز.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 310)
***
پ: پورم ساڵی ڕابردوو حەجی كرد، بەڵام لە كاتی هاویشتنی بەردەكان؛ دەڵێت: كاتێك بەردەكانی دەهاویشت نەیدەبینی بەردەكان لە كوێ دەدەن لە زەوی بەهۆی قەرەباڵەغی، ئایا دەكەونە نێو چاڵەكەوە -حەوزەكەوە- یان نا، بۆ زانیاری هەندێكجار (جەمرەت)ی دەبینی لە كاتی هاویشتنی بەردەكان، چی لەسەرە؟ فەتوامان بۆ بدەن خودای گەورە پاداشتتان بداتەوە.
ج: لە مەرجەكانی دروستێتی هاویشتنی بەردەكان؛ بریتیە لە دڵنیابوون لەوەی بەردەكان لە شوێنی مەبەست دەدەن، ئەگەر لە كاتی هاویشتن دڵنیا بوو لەوەی بەردەكان دەكەونە نێو چاڵاییەكەوە -حەوزەكەوە- پاشان گومانی كرد؛ ئەم گومانە هیچ كاریگەریكی نابێت وبەرد هاویشتنەكەی دروستە، وئەگەر گومانی هەبێت ودڵنیا نەبێت لەوەی بەردەكان لە شوێنی مەبەست دەدەن؛ ئەوا دەبێـت فیدیە بدات، ئەمیش بە سەربڕینی حەیوانێک وگۆشتەكەی دەبەخشرێت بە هەژارەكانی حەرەم، ئەگەر نەیتوانی ئەوا دەبێت دە ڕۆژ بەڕۆژوو بێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 311)
***
پ: هەندێك لە حاجیەكان خودای گەورە هیدایەتیان بدات هەموو شتێك كە دەیدۆزنەوە دەیهاوێژنە (جەمرەتەكان) وەكو پێڵاو ودەبەی ئاوی وهتد، ئایا هاویشتنەكەیان پوچەڵ دەبێتەوە بەهۆی ئەم هەڵسوكەوتەیان، یان بیانوویان هەیە بەهۆی نەزانین؟
ج: هاویشتنی پێڵاو وشوشە وشتی تر بەرەو (جەمرەتەكان)؛ ڕێگەپێدراو نییە چونكە لە شەریعەتدا نەهاتووە، وپێچەوانەی ڕێبازی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-، وبەرد هاویشتن بەرەو (جەمرەتەكان) بە بەردی بچووك دەبێت كە تۆزێك لە نۆك گەورەترە، و-صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «ڕێوڕەسمەكانی حەج لە منەوە وەربگرن»، وئەوان گوناهبار دەبن بەهۆی ئەم كارەیان، وئەوەی دەیانبینێت دەبێت نەهییان لێبكات وئامۆژگاریان بكات، وبەهۆی ئەم كارە هاویشتنەكەیان پوچەڵ نابێتەوە؛ ئەگەر بەردە باسكراوەكانی هاویشتبێت بەرەو (جەمرەتەكان).
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 324)
***
پ: حوكمی ئەو كەسانە چییە كە حەجیان كردووە ولە ڕۆژەكانی تەشریق* ویستیان پەلە بكەن، بۆیە بەردیان هاویشت لە سێ (جەمرەتەكان) لە ڕۆژی یەكەم ودووەم، پاشان ڕاستەوخۆ چوون بەرەو مەككە پێش خۆر ئاوابوونی ڕۆژی دووەم، وشەو لەوێ مانەوە ولە ڕۆژی سێیەم بەردیان نەهاویشت لە (جەمرەتەكان)، ئایا قوربانیان لەسەرە یان نا؟
ج: هەركەسێك بەردی هاویشت لە سێ جەمرەتەكە لە ڕۆژی دوانزەی مانگی -ذي الحجة-، و ویستی پەلە بكات ئەوا مینا بەجێدەهێڵێت پێش ئاوابوونی خۆڕ، و واجب نییە لەسەری ڕۆژی سیانزەیش بەردەكان بهاوێژێت ئینجا لە مەككە یان لە هەر شوێنێكی تر بمێنێتەوە. *(ڕۆژەكانی تەشریق: واتا ڕۆژەكانی 11 و 12 و 13 ی مانگی -ذي الحجة-)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 335)
***
تەوافی ماڵئاوایی
پ: لە شاری جەددە نیشتەجێم، وبەردەوام دەچم بۆ شاری مەككەی پیرۆز، ئایا تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بدەم لەدووای حەج، یان دوای بخەم بۆ كاتی گەشت كردنم بۆ وڵاتەكەی خۆم؟ وئایا دواخستنی تەوافی ماڵئاوایی كەفارەتی لەسەرە؟
ج: ئەگەر حەجت كرد لە پاش حەج كردن گەشت مەكە بۆ جەددە هەتاوەكو تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام دەدەیت، وئەگەر پێش تەوافی ماڵئاوایی گەشتت كرد؛ ئەوا حەیوانێکت لەسەرە كە دەبێت لە حەڕەم سەری ببڕیت، وهیچ شتێكی لێ نەخۆیت، وگۆشتەكەی ببەخشیت بە هەژارەكانی مەککە؛ چونكە تەوافی ماڵئاوایی واجبە لە پاش حەجدا، بەهۆی گشتگیری ئەم فەرموودەیە كە ئیبن عەباس دەیگێڕێتەوە -ڕەزای خودای لێبێت-: «فەرمان بە خەڵکی کرا کە دواین کرداریان لە ماڵی خوادا تەواف کردن بێت بە دەوری کەعبەدا، بێجگە ئەو ئافرەتانە نەبێت کە تووشی سووڕی مانگانە هاتوون ئەوا تەوافی ماڵئاواییان لەسەر نییە». [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە] ودەبێت تەوبە بكەیت وداوای لێخۆشبوون لە الله بكەیت بەهۆی ئەوەی دەرچوویت بەرەو جەددە پێش ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 303)
***
پ: ئایا ڕێگەپێدراوە حاجی لە ڕۆژەكانی مینا بچێت بەرەو تائیف، وپاش بیست ڕۆژ بگەڕێتەوە وتەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بدات؟
ج: ڕێگەپێدراو نییە بۆ ئەو كەسەی حەجی دەكات گەشت بكات هەتاوەكو كۆتایی دەهێنێت بە كردەوە وڕێوڕەسمەكانی حەج، ولەوانەیش تەوافی ماڵئاوایی.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 307)
***
پ: ئایا ئافرەتی حەیزدار وزەیستانی وكەسی بێ توانا ونەخۆش؛ داواكراوە تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بدەن؟
ج: تەوافی ماڵئاوایی واجب نییە لەسەر ئافرەتی حەیزدار وزەیستانی، بەڵام كەسی بێ توانا ونەخۆش تەوافیان پێدەكرێت بە هەڵگرتن یان بە سواری، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نابێت هیچ یەكێك (مەككە) جێبهێڵێت هەتاوەكو كۆتا كردەوەی (تەواف) دەبێت (بە دەوری) كەعبەدا»، ولە سەحیحی بوخاری وموسلیمدا هاتووە لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خودای لێبێت- كە دەڵێت: «فەرمان بە خەڵکی کرا کە دواین کرداریان لە ماڵی خوادا تەواف کردن بێت بە دەوری کەعبەدا، بێجگە ئەو ئافرەتانە نەبێت کە تووشی سووڕی مانگانە هاتوون ئەوا تەوافی ماڵئاواییان لەسەر نییە ». ولە فەرموودەیەكی تردا هاتووە كە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئافرەتی زەیستانی وەكو ئافرەتی حەیزدار وایە، وتەوافی ماڵئاوایی لەسەر نییە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 307)
***
پ: لە كاتی تەوافی ماڵئاوایی نەخۆش كەوتم و وەستام لە تەواف كردن، وهاوڕێكانم تەوافەكەی خۆیان تەواو كرد، وپاش ئەوەی تەواو بوون لەگەڵ یەكێكیان چووم بۆ تەواو كردنی ئەوەی ماوە لە تەوافەكەم، خولانەوەیەكم لەبیرچوو لە كاتی تەوافی ماڵئاوایی، وپاش گەڕانەوەم بۆ وڵاتەكەم پێم زانی، ئایا فیدیە یان هیچ شتێكی ترم لەسەرە؟
ج: ئەگەر دڵنیا بیت لەوەی خولانەوەیەكت ئەنجام نەداوە لە تەوافی ماڵئاواییدا ئەوا دەبێت فیدیە بدەیت، ئەمیش بریتیە لە سەربڕینی حەیوانێک وگۆشتەكەی دابەش دەكەیت بە سەر هەژارەكانی حەرەمدا، ئەگەر نەتتوانی فیدیە بدەیت ئەوا دەبێت دە ڕۆژ بەڕۆژوو بیت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 126)
***
پ: حەجم كرد، ولە ڕۆژی دووەمی تەشریقدا* تەوافی ماڵئاواییم ئەنجامدا لە پاش عەسر بەڵام شەو لە مەككەی پیرۆز مامەوە، ولە بەیانی ڕۆژی دواتر سەفەرم كرد بۆ تائیف، هیوادارم ڕێنموێنیمان بكەن؛ ئایا ئەو تەوافی ماڵئاواییەی من وخێزانەكەم ئەنجاممان داوە بەسە یان كەفارەتمان لەسەرە، یان دەبێت من وخێزانەكەم دووبارە تەوافەكە ئەنجام بدەینەوە؟ فەتوامان بۆ بدەن لەمبارەیەوە خودای گەورە پاداشتتان بداتەوە.
ج: هەركەسێك تەوافی ماڵئاوایی ئەنجامدا وپاشان لە مەككە مایەوە بۆ ماوەیەكی كەم؛ ئەوا دووبارە تەوافی لەسەر نیە، بەڵام ئەگەر ماوەی مانەوەی لە مەككە زۆر بێت ئەوا دەبێت تەوافەكە دووبارە بكاتەوە، چونكە ئێوە لە پاش عەسر تەوافتان كردووە ولە بەیانی ڕۆژی دواتر سەفەرتان كردووە بە بێ ئەوەی تەوافەكە دووبارە بكەنەوە؛ ئەوا دەبێت هەریەكێكتان حەیوانێک سەرببڕن لە مەككە وگۆشتەكەی دابەش بكەن بە سەر هەژارەكانی حەرەم، بەڵام ئەگەر ئافرەتی حەیزدار وزەیستانیتان لەگەڵدا بێت ئەوا تەوافی ماڵئاوایی لەسەر نییە. *(ڕۆژەكانی تەشریق: واتا ڕۆژەكانی 11 و 12 و 13 ی مانگی -ذي الحجة-)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 337)
***
پ: ساڵی ڕابردوو لەگەڵ خێزانەكەم حەجم كرد، وئەو حەجی تەمەتوعی* كرد وهەموو ڕێوڕەسمەكانی حەجی جێبەجێ كرد جگە لە تەوافی ماڵئاوایی بەهۆی سووڕی مانگانەوە، بۆیە تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام نەدا، وباوكم بردی بۆ مزگەوتی حەرام وسەیری كەعبەی پیرۆزی كرد، ئایا حوكمی ئەمە چییە؟ فەتوامان بۆ بدەن خودای گەورە -عز وجل- پاداشتتان بداتەوە بە ویستی خۆی.
ج: ئافرەتی حەیزدار تەوافی ماڵئاوایی لەسەر نییە بۆیە هیچ شتێك لەسەر خێزانەكەت نییە؛ چونكە لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خودایان لێبێت- هاتووە: «فەرمان بە خەڵکی کراوە کە دواین کرداریان لە ماڵی خوادا تەواف کردن بێت بە دەوری کەعبەدا، جگە ئەو ئافرەتانە نەبێت کە تووشی سووڕی مانگانە هاتوون ئەوان تەوافی ماڵئاواییان لەسەر نیە وەک ئاسان کارییەک بۆیان». وعائیشە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: «پاش تەوافی ئیفازە سەفیەی كچی حویەی تووشی سووڕی مانگانە بوو، دەڵێت: ئەوەم باسكرد بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، فەرمووی: ئایا ڕێگر دەبێت لەوەی (مەككە) بەجێبهێڵین؟ ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا، ئەو تەوافی ئیفازەی ئەنجامداوە پاشان تووشی سووڕی مانگانە بووە، فەرمووی: كەواتە با ئەویش (مەككە) بەجێبهێڵێت». (تەمەتوع -موتەمەتیع-: واتا ئەنجامدانی عومرە لە پێش ئەنجامدانی حەج لە مانگەكانی حەجدا)
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 342)
***
پ: ئەوەی بێتە نێو مەككە بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە نەبێت وبیەوێت لە مەككە دەربچێت ئایا دەبێت تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بدات، وئایا عومرەكار تەوافی ماڵئاوایی لەسەرە ئەگەر ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ یان زیاتر لە مەككە بمێنێتەوە، ئایا تەوافێكی تایبەت هەیە پێی بووترێت تەوافی ماڵئاوایی كە لە پێغەمبەرەوە هاتبێت -صلى اللە علیە وسلم-، یان هەموو تەوافێك دروستە ببێت بە تەوافی ماڵئاوایی ئەگەر لە پاش تەوافەكە لە مەككە دەربچێت؟ فەتوامان بۆ بدەن لەمبارەیەوە خودای گەورە پاداشتتان بداتەوە وبێبەشتان نەكات لە بەهەشت، ئامین.
ج: تەوافی ماڵئاوایی لەسەر حاجی واجبە ئەگەر بیەوێت لە پاش حەج لە مەككەوە سەفەر بكات بۆ شوێنێكی تر؛ بەهۆی فەرموودەكەی ئیبن عەباس -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: «فەرمان بە خەڵکی کرا کە دواین کرداریان لە ماڵی خوادا تەواف کردن بێت بە دەوری کەعبەدا، جگە ئەو ئافرەتانە نەبێت کە تووشی سووڕی مانگانە هاتوون وئەوان تەوافی ماڵئاواییان لەسەر نیە وەک ئاسانکارییەک» [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی فەرموودەکەیان گێڕاوەتەوە]، وئافرەتی زەیستانی هەمان حوكمی هەیە، بەڵام ڕای دروست ئەوەیە جگە لە حاجی هیچ كەسێكی تر تەوافی ماڵئاوایی لەسەر واجب نییە، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی نەكرد بە عومرەكارەکان بە ئەنجامدانی، وتەوافی ماڵئاوایی بۆ حەج دەبێت نیەتی لەگەڵدا بێت چونكە پەرستن، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ھەموو کار وکردەوەیەک بە پێی نیەت ومەبەستە، وھەموو کەسێکیش بە پێی نیەتەکەی پاداشت دەدرێتەوە»، وخودا زاناترینە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 344)
***
پ: ئایا كڕینی هەندێك شتی پێویست ڕێگەپێدراوە لە پاش ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی، وئەوەی لە پاش تەواف شت دەكڕێت؛ ئایا هیچ شتێكی لەسەرە؟
ج: واجب ئەوەیە تەوافی ماڵئاوایی كۆتا كردەوەی حاجی بێت لە كردەوەكانی حەج، وپاش ئەنجامدانی لە مەككە دەردەچێت، بەڵام ئەگەر ماوەیەكی كەم بمێنێتەوە تێیدا بۆ چاوەڕێكردنی هاوڕێكانی یان هەڵگرتنی شتومەكەكانی یان كڕینی هەندێك شتی پێویستی؛ ئەمانە ئاساییە وهیچیان تێدا نییە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 345)
***
پ: پیاوێك لە حاجیەكان لە ڕۆژی دوانزەیەم تەوافی ماڵئاوایی ئەنجامدا، پاشان چوو بۆ مینا وبەردەكانی هاویشت؛ ئایا تەوافەكەی دروستە لەکاتێکدا تەوافی كردووە پێش هاویشتنی بەردەكان، ئایا ئەم پیاوە چی لەسەرە وئەو خەڵكی جەددەیە؟
ج: ئەوەی تەوافی ماڵئاوایی ئەنجامدەدات پێش هاویشتنی بەردەكان؛ ئەمە بەس نییە، چونكە تەوافی ماڵئاوایی دەبێت كۆتا كردەوەی حەج بێت، وچونكە سەفەری كردووە پێش ئەوەی تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بداتەوە لە پاش هاویشتنی بەردەكان؛ ئەوا دەبێـت حەیوانێک سەرببڕێت لە مەككە وگۆشتەكەی دابەش بكات بە سەر هەژارەكانی حەڕەم وخۆی هیچ شتێكی لێ نەخوات، هیچ شتێك شوێنی ئەم سەرپێچیەی ناگرێتەوە جگە لە سەربڕینی حەیوانێک نەبێت، وئەگەر نەیتوانی حەیوانێک سەرببڕێت ئەوا دە ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 345)
***
پ: ئاوی زەمزەم وا وەسفكراوە كە تایبەتمەندی زۆری تێدایە، ئایا فەرموودەی سەحیح هەیە سەبارەت بەم بابەتە؟
ج: ئاوی زەمزەم پیرۆزترین ئاوە لەسەر زەوی، وسەحیحترین فەرموودە هاتبێت سەبارەت بە فەزڵی ئەوەیە كە لە (صحیح مسلم)دا هاتووە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە ئاوی زەمزەم دەفەرمووێت: «پیرۆزە وخواردنە كە (مرۆڤ) تێر دەكات». و(أبو داود) ئەم بەشە زیادەی گێڕاوەتەوە بە سەحیحی كە دەفەرمووێت: «وشیفایە بۆ نەخۆشی»، هەروەها گێڕدراوەتەوە لە پێغەمبەوە -صلى اللە علیە وسلم- كە فەرموویەتی: «ئاوی زەمزەم بۆ ئەو شتەیە كە بۆی دەخورێتەوە». [گێڕدراوەتەوە لە لایەن: أحمد وابن ماجه بێجگە لەوانیش گێڕدراوەتەوە].
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 168)
***
فەتواكانی پەیوەست بە سەردانیكردنی مزگەوتی پێغەمبەر
پ: بە ویستی الله نیەتم وایە عومرە بكەم لە ڕەمەزاندا وسەردانی مزگەوتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بكەم؛ ئامۆژگاری ئێوە چییە بۆ من؟
ج: ڕێگەپێدراوە گەشت بكرێت بۆ سەردانیكردنی مزگەوتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، نەك بۆ سەردانیكردنی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ونە هیچ گۆڕێكی تر؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نابێت -سەفەری تایبەت-* ئەنجامبدرێت مەگەر بۆ سێ مزگەوت نەبێت: مزگەوتی حەرام، ومزگەوتی ئەقسا، وئەم مزگەوتەی من -مزگەوتی نەبەوی-». *(سەفەری تایبەت: مەبەست لێی سەفەر وگەشتێکە بۆ پەرستن ونزیکبوونەوە لە خودا ئەنجامبدرێت)، بەڵام ئەو كەسەی سەردانی مزگەوتی نەبەوی دەكات ڕێگەپێدراوە بۆی سەلام بكات لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ولە هاوەڵەكانی ئەبو بەكر وعومەر -ڕەزای خودایان لێبێت-، هەروەها ڕێگەپێدراوە سەردانی گۆڕستانی بەقیع وشەهیدەكان بكات ونزایان بۆ بكات، وداوای ڕەحمەتیان بۆ بكات، ومردن وپاش مردن بە بیری خۆیدا بهێنێتەوە، وڕێگەپێدراوە بۆی سەردانی مزگەوتی قوبا بكات بۆ ئەنجامدانی نوێژ تێیدا؛ چونكە چەند فەرموودەیەك لەمبارەیەوە هاتووە.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 78)
***
پ: ئایا حاجیەكان، بە پیاوان وئافرەتانەوە، داواكراوە سەردانی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وگۆڕستانی بەقیع ومزگەوتی قوبا بكەن، یان تەنها لە پیاوان داواكراوە؟
ج: داواكراو -واجب- نییە حاجیەكان بە پیاوان وئافرەتانەوە سەردانی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وگۆڕستانی بەقیع بكەن، بەڵكو بە ڕەهایی حەرامە گەشتی تایبەت بكرێت تەنها بۆ سەردانیكردنی گۆڕ، وحەرامیشە لەسەر ئافرەتان ئەگەرچیش گەشتی تایبەتیان نەكردبێـت بۆ پەرستن، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نابێت -سەفەری تایبەت-* ئەنجامبدرێت مەگەر بۆ سێ مزگەوت نەبێت: مزگەوتی حەرام، ومزگەوتی ئەقسا، وئەم مزگەوتەی من -مزگەوتی نەبەوی-». *(سەفەری تایبەت: مەبەست لێی سەفەر وگەشتێکە بۆ پەرستن ونزیکبوونەوە لە خودا ئەنجامبدرێت) [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە]، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەفرەتی كردووە لەو ئافرەتانەی زۆر سەردانی گۆڕستان دەكەن، تەنها بەسە بۆ ئافرەتان كە لە مزگەوتی نەبەوی نوێژ بكەن، وزۆر سەڵات بدەن لەسەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە مزگەوت وشوێنی تردا.
فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الأولى (11/ 362)
***
پ: هەندێك لە حاجیەكان وعومرەكاران ئەگەر بێن بۆ لامان لە مەدینەی منەوەرە برایەكم ڕێنیشاندەریان دەبێت بۆ سەردانیكرنی هەندێك شوێن وبڕێك لەو شوێنانە سەردانیكردنیان شەرعی نییە، وبەرامبەر ئەم كارەی بەمەرجی دەگرێت كرێی بدەنێ، ئایا ئەم كارەی ڕێگەپێدراوە لە شەریعەتدا؟
ج: ئەم كارەی براكەت ئەنجامی دەدات لە بردنی حاجیەكان وعومرەكاران بۆ ئەو شوێنانەی سەردانیكردنیان ڕێگەپێدراو نییە لە مەدینەدا؛ كارێكی حەرامە، وئەوەی وەریدەگرێت بەرامبەر ئەم كارە؛ پارەیەكە بە حەرام دەستیكەوتووە، ودەبێت ئامۆژگاری بكەیت بۆ وازهێنان لەم كارە.
[فتاوى اللجنة الدائمة - المجموعة الثانية (10/ 390)؛ بە پوختی]
***
Related books
All books
سەرپێچیەكانی حەج وعومرە وسەردانی کردنی مزگەوتی سوروەرمان صلى الله عليه وسلم37 زمانسەرپێچیەكانی حەج وعومرە وسەردانی کردنی مزگەوتی سوروەرمان صلى الله عليه وسلم
هەڵە وسەرپێچیەكان پەیوەست بە عومرە یەكەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە ئیحرامدا 1. ئیهلال نەكردن، واتا دەنگ بەرز نەکردنەوە بە نییەتەکەی ئایا نییەتەکەی عومرە یان حەجە وئەگەر نییەتەکەی حەجە کام جۆرە لە سێ جۆرەی حەج هەڵدەبژێرێت لەكاتی نییەت هێناندا. سوننەتە لە کاتی نییەت هێناندا دەنگ بەرز بکرێتەوە.
پوختەیەك سەبارەت بە سیفەت وچۆنیەتی ئەنجامدانی عومرە وحوكمەكانی59 زمانپوختەیەك سەبارەت بە سیفەت وچۆنیەتی ئەنجامدانی عومرە وحوكمەكانی
الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين.الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين. پاشان: ئەمە نامیلكەیەكی پوختە سەبارەت بە سیفەت وچۆنیەتی ئەنجامدانی عومرە وحوكم وئادابەكانی، وبەپەرۆش بووین لەسەر ڕوونكردنەوەی زۆرینەی ئەو شتانەی عومرەكار پێویستییەتی. داواكارین لە خوای گەورە بە دڵسۆزی لە پێناو زاتی پیرۆزی ئەو بێت، وهەموو مسوڵمانان سوودی لێ ببینن.
ئیسلام ئاینی هەمو پێغەمبەرانی خودایە85 زمانئیسلام ئاینی هەمو پێغەمبەرانی خودایە
ئیسلام بریتیە لە تەسلیم وملكەچبوون بۆ خوڵقێنەری گەردوون وبەڕێوبەری، وگەردنكەچ بوون بۆی بە خۆشەویستی و بەمەزندانانی، بنچینەی ئیسلام بریتیە لە باوەڕهێنان بە الله، وئەو خوڵقێنەرە وهەموو شتێك جگە لە ئەو زاتە ؛ خوڵقێنراوە، تەنها ئەو شایستەی پەرستنە بەتەنها وبێ بڕیاردانی هاوبەش لە پەرستنیدا، هیچ یەكێك پەرستراوی هەق وڕاست نییە جگە لە ئەو نەبێت، خاوەنی چەندین ناوی جوان وسیفەتی بەرزە، خاوەن كامڵی ڕەهایە بەبێ هیچ كەموكورتیەك، هیچ کهسی لێ نهبووه و خۆيشی له کهس نهبووه، هیچ هاوشێوە وهاوتایەكی نییە، تێكەڵ نابێت وبەرجەستە نابێت لە هیچ یەكێك لە خوڵقێنراوەكانی. ئیسلام ئاینی الله یە كە پەیڕەوكردنی هیچ…
الإسلام دين رب العالمين