مخالفات الحج والعمرة والزيارة
سەرپێچیەكانی حەج وعومرە وسەردانی کردنی مزگەوتی سوروەرمان صلى الله عليه وسلم
سەرپێچیەكانی حەج وعومرە وسەردانی کردنی مزگەوتی سوروەرمان صلى الله عليه وسلم
لیژنەی زانستی لە كۆڕگەی خزمەتگوزاری بڵاوکراوە ئیسلامیەكان بە زمانە جیهانیەکان-جمعية خدمة المحتوى الإسلامي باللغات-.
هەڵە وسەرپێچیەكان پەیوەست بە عومرە
یەكەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە ئیحرامدا
1. ئیهلال نەكردن، واتا دەنگ بەرز نەکردنەوە بە نییەتەکەی ئایا نییەتەکەی عومرە یان حەجە وئەگەر نییەتەکەی حەجە کام جۆرە لە سێ جۆرەی حەج هەڵدەبژێرێت لەكاتی نییەت هێناندا.
سوننەتە لە کاتی نییەت هێناندا دەنگ بەرز بکرێتەوە.
2. هەندێك لە خەڵك گومانیان وایە كە ئیحرام بریتیە لە پۆشینی دووپارچە جلی سپی.
لەکاتێکدا ئیحرام بریتیە: لە نیەتی چوونە نێو عیبادەتی حەج یان عومرە، ونیشانەكەی: دەنگ بەرز کردنەوەیە بە ووتنی تەلبیە، بۆیە هەركەسێك دەنگ بەرز بکاتەوە بە ووتنی تەلیبە ونیەتی حەج یان عومرە كردن بێت؛ ئەوا ئیحرامەکەی دامەزراوە.
3. هەندێك لە خەڵك گومانیان وایە كە خۆشۆردن لەكاتی ئیحرامدا؛ واجبە.
لەکاتێکدا خۆشۆردن لە کاتی ئحرامدا سوننەتە وهەرکەسێک ئەنجامی نەدات هیچی لەسەر نیە.
4. هەندێك لە خەڵك گومانیان وایە ئەنجامدانی دوو ڕكات نوێژ لەكاتی ئیحرام بەستندا واجبە، یان پێیان وایە سوننەتێكی تایبەتە بە ئیحرام بەستنەوە ودەبێت ئەنجام بدرێت، بۆیە لە هەموو حاڵەتێكدا ئەو دوو ڕكاتە ئەنجامدەدات.
بۆچونی دروست ئەوەیە کە ئیحرام بەستن لەدووای نوێژەوە سوننەتە، بەڵام نوێژێک تایبەت بێت بە ئیحرام بەستنەوە بونی نیە، بۆیە ئەوکەسەی دەیەوێت ئیحرام ببەستێت دەتوانێت لە دووای ئەنجامدانی نوێژی فەرزەوە یان هەر نوێژێکی ڕێگە پێ دراو ئیحرامەکەی ببەستێت.
5. هەندێك لە خەڵك پێیان وایە وەستان لە میقات وچونە ناو مزگەوتی لای میقات واجبە.
بەڵام ئەم کارە واجب نییە، بۆیە هەركەسێك خۆی ئامادە كردبێت بە پۆشینی جلی ئیحرام وبە میقاتدا تێبپەڕێت وتەلبیە بكات ئیتر لەلای میقات بێت یان لە ڕێک وئاستیدابێت لەكاتێكدا لە سەیارەکەیدایە ودانەبەزیوە؛ ئەوا ئەمە بەسە بۆی، هەروەكو ئەو كەسەی لە نێو فڕۆكەدایە نییەت دەهێنێت لەكاتی تێپەڕبوون بەسەر میقاتدا یان كەمێك پێش گەیشتن بە میقات؛ بۆئەوەی تێپەڕ نەبێت بەسەر میقاتدا بە بێ نییەت هێنان وکارەکەیشی لەجێی خۆیەتی.
6. بۆن خۆش کردنی پۆشاکی ئیحرام.
ئەوەی دروست وڕەوایە بۆن خۆشکردنی بەیەن ولاشەیەو بەس.
7. هەندێك خەڵك پێیان وایە لابردنی مووی دامێن ونینۆك کردن ولابردنی مووی بن ماڵ لەكاتی ئیحرامدا واجبە، یان پێیان وایە ئەمە سوننەتە لەكاتی ئیحرامدا.
وبەڵام ئەم کارانە سونەتێكی گشتین لەكاتی پێویست بون بە ئەنجامدانیان ئەنجامدەدرێن، وتایبەت نین بە کاتی ئیحرام بەستنەوە.
8. ئیحرام بەستن لە پێش گەیشتن بە میقات.
ئەم کارە پێچەوانەی سوننەتە، بەڵام ئەو كەسەی لە نێو فڕۆكەدایە دەتوانێت كەمێك پێش گەیشتن بە میقات ئیحرام ببەستێت؛ بۆئەوەی ساتی بەرامبەر بوون بە میقاتی لەدەست نەچێت بەهۆی خێرایی فڕۆكەكەوە، هەروەها ئەگەر ترسا لەوەی بخەوێت وساتی بەرامبەر بوون بە میقاتی لەدەست بچێت؛ ئەوا دەتوانێت ئیحرام بەستن پێش بخات بە پێی پێویستی.
9. ئەوکەسەی میقات تێدەپەڕێنێت بەبێ بەستنی ئیحرام لە کاتێکدا دەیەوێن حەج یان عومرە بکات، بە هۆی نەزانییەوە یان کەمتەرخەمییەوە یان بەهۆی خێرایی فڕۆکەوە.
ئەگەر میقات تێبپەڕێنێت لەكاتێكدا نیەتی حەج یان عومرەی هەیە ولە میقات نییەتی نەهێناوە؛ ئەوا واجبە بگەڕێتەوە بۆ میقات ونیەت بهێنێت، وهەروەها ئەو كەسەی لە فڕۆكەخانەی جدە دادەبەزێت ولە نێو فڕۆكەدا ئیحرامی نەبەستووە بەهۆی هەر هۆكارێكەوە بێت؛ ئەوا دەبێت بڕوات بۆ یەكێك لە میقاتەكان ولەوێوە نیەتی ئیحرام بهێنێت، جگە لە ئەو كەسانە نەبێت كە بە میقاتدا تێپەڕ نابن یان لەڕێکیەوە ناڕۆن، ئەمانە لە جدەوە ئیحرام دەبەستن، وەكو خەڵكی سودان ئەگەر بە فڕۆكە یان بە كەشتی بێن؛ مەگەر لە حاڵەتێكدا نەبێت كە بزانن بەرامبەر بە میقاتی یەلەملەم یان میقاتی جوحفە تێپەڕ دەبن لەو ڕێگایەی كە لێوەی هاتوون.
10. تێگەیشتنی هەڵە سەبارەت بە شتی دووراو؛ بەوەی هەموو شتێك دەگرێتەوە كە دووراو بێت، بۆیە خۆیان بە دوور دەگرن لە بەکار هێنانی قایش وهاشێوەكانی یان پێڵاو كە دوورینی تێدابێت.
ئەم تێگەیشتنە ڕاست نیە، شتی دووراو: مەبەست لێی ئەو شتانەیە كە دووراون بە پێی لاشە وەكو جل وبەرگ وشەڕواڵ وبیجامە؛ ئەگەر لەسەر شێوازی ئاسایی خۆیان بپۆشرێن.
11. پۆشینی دەستكێش یان قيناع یان پەچە یان هەڵپێچانی ڕوو لەلایەن ئافرەتانەوە.
-كاتێك پیاوی نامەحرەمی لابێت- واجب ئەوەیە ڕوو ودەستەكانی دابپۆشێت بە شتێكی تر جگە لە پەچە ودەستكێش؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كردووە لە پۆشینیان دەرهەق بە ئەو ئافرەتەی لەحاڵەتی ئیحرامدایە.
12. هەندێك خەڵكی پێیان وایە ئافرەت پۆشاكێكی تایبەتی هەیە بۆ ئیحرام؛ ڕەنگەكەی ڕەش یان سەوز یان سپیە.
ئەمە دروست نییە؛ بەڵكو ئەو ئافرەتەی لە حاڵەتی ئیحرامدایە بۆی هەیە هەر پۆشاكێك لەبەر بكات، بە بێ ئەوەی خۆڕازاندنەوە وسەرنج ڕاكێشانی تێدا بێت.
13. هەندێك خەڵك پێیان وایە گۆڕینی جلی ئیحرام یان داكەندنی؛ ڕێگەپێدراو نییە.
ڕای دروست ئەوەیە كە موحریم بۆی هەیە جلەکانی ئیحرامی بگۆڕێت یان بیانشوات، وجارێكی تر لەبەریان بكاتەوە.
14. ئیزتیباع (دەرخستنی شانی ڕاست) لە سەرەتای ئیحرام بەستن هەتاوەكو كۆتایی.
ڕای دروست ئەوەیە كە ئیزتیباع كردن تەنها لەكاتی تەوافی عومرە وتەوافی گەیشتن بە مەککە لەکاتی حەجدا ( القدوم)؛ ڕێگەپێدراوە.
15. لابردنی ئیحرام ودەرچوون لێی بە بێ هۆكارێكی شەرعی.
واجبە کەسی موحریم لە ئیحرامدا بمێنێتەوە هەتاوەكو كۆتایی دەهێنێت بە کارەکانی عومرە یان حەج، مەگەر هۆكارێكی شەرعی هەبێت بۆ دەرچون لە ئیحرام، كە ڕێگری دەكات لە تەواوكردنی کارەکانی، لەم حاڵەتەدا دەتوانێت كۆتایی بهێنێت بە ئیحرامەكەی، ئەگەر لەكاتی ئیحرام بەستندا مەرجی دانا بێت بۆ كۆتایی هێنان بە ئیحرامەكەی؛ لەم حاڵەتەدا هیچ شتێكی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر مەرجی دانەنا بێـت ئەوا دەبێت حەیوانێک سەرببڕێت وقژی بتاشێت یان كورتی بكاتەوە پاشان كۆتایی بهێنێت بە ئیحرامەكەی.
***
دووەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە تەوافدا
1. پابەند بوونیان بە هەندێك نزاو دۆعاوە لەكاتی چوونە نێو مزگەوتی حەرام یان بینینی كەعبە لەکاتێکدا بەڵگەی لەسەر نییە.
سوننەت ئەوەیە پابەند بێت بەوەی لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم-.
2. نییەت هێنان بەدەنگی بەرز لە پێش دەست كردن بە تەواف.
نیەت هێنان لە دڵدایە، بۆیە ووتنی بەدەنگی بەرز دروست نییە.
3. دەستپێكردن بە تەواف لە پێش گەیشتن بە بەرانبەر بەردە ڕەشەكە وەکو دەست پێش خەری وئیحتیات.
ئەمە زیادەڕەوی وسنوور تێپەڕاندنە.
4. دەستكردن بە تەواف لەدووای تێپەڕ بوون لە ئاستی بەردە ڕەشەكە، وهەژمار کردنی بە دەورەیەک لە حەوت دەورەکە.
ئەم کارە هەڵەیە، ئەگەر وا بكات ئەوا دروست نییە ئەو دەورەیە لە حەوت دەورەکە هەژمار بکات.
5. بەرز كردنەوەی دەستەكان لەكاتی گەیشتنە ئاستی بەردە ڕەشەكە یان دەستەكانی بەرز دەكاتەوە هەروەكو چۆن لە نوێژدا بەرزیان دەكاتەوە، یان سێ جار دەستەكانی بەرز دەكاتەوە.
سوننەت ئەوەیە بە دەستی ڕاستی یەك جار ئاماژە بۆ بەردە ڕەشەکە بکات وبەرزی بکاتەوە.
6. زۆر وەستان كاتێك دەگاتە ئاستی بەردە ڕەشەکە.
سوننەت ئەوەیە زۆر نەوەستێت لەوکاتەدا.
7. قەرەبالغی وپاڵە پەستۆ دروست کردن بۆ گەیشتن بە بەردە ڕەشەکە.
سوننەت ئەوەیە خۆی تووشی پاڵە پەستۆ نەكات، ئەگەر بتوانێت بگات بە بەردە ڕەشەکە بە بێ پاڵە پەستۆ دروست بون؛ با ماچی بەردە ڕەشەكە بكات، ئەگەر نا ئەوا تەنها ئاماژەی بۆ دەكات ودەستی ڕاستی بەرز دەکاتەوە.
8. لە کاتێکدا لە ئاستی بەردە ڕەشەکە تێ دەپەڕێت ودەست بەرز ناکاتەوە یان الله أكبر ناکات دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەردە ڕەشەکە تا دەستی بەرز بکاتەوە یان الله أكبر بكات.
ئەم کارانە هەمووی هەڵەن، ودەست بەرز کردنەوە یان الله أكبر کردن سوننەت وکاتی ئەنجامدانیان تێ پەڕیوە، وگەڕانەوە بۆ ئەنجامدانیان سوننەت نیە، وکەسێک دەست بەرز نەکاتەوە یان الله أكبر نەکات بە هەر هۆکارێک بێت هیچی لەسەر نیە.
9. تایبەتكردنی هەر دەورەیەک لە حەوت دەورەکەی تەواف بە نزا ودۆعایەکی دیاریكراو.
ئەم کارە بەڵگەی لەسەر نییە، وسوننەت ئەوەیە تەوافكار نزا بكات وداوای هەرشتێك بكات لە خێری دونیا وقیامەت کە پێی خۆشە، ویاد وزیکری خودا بكات بە هەر زیكرێكی ڕێگەپێدراو لە: «سبحان الله»، «الحمد لله»، «لا إله إلا الله»، «الله أكبر»، یان خوێندنەوەی قورئان.
10. ڕێكردنی خێرا- گورگە لۆق- لە هەموو دەورەکانی تەوافدا.
سوننەت ئەوەیە تەنها لە سێ دەورەی یەكەم ڕۆیشتنی خێرا ـ گورگە لۆق- ئەنجامدەدات.
11. پابەند نەبوون بەوەی كەعبە لە لای چەپی بێت لە كاتی تەوافدا بە بێ هیچ پاساو وعوزرێک.
سوننەت ئەوەیە كەعبە لە لای چەپی بێت، بۆیە نابێت کەمتەر خەمی بكات لەمەدا، بەڵام ئەگەر عوزر وپاساوی هەبێت بەهۆی قەرەباڵەغی یان هۆكاری تر؛ ئەوا لەم حاڵەتەدا هیچ شتێكی لەسەر نییە.
12. ماچكردنی گۆشەی -ڕوكنی- یەمانی، یان ئاماژە كردن بۆی كاتێك ناتوانێت ماچی بكات.
سوننەت ئەوەیە تەنها دەستی لێبدات بە بێ ماچكردنی، وئەگەر نەتوانێت دەستی لێبدات ئەوا ئاماژەی بۆ ناكات.
13. دەستلێدان وماچكردنی هەموو پایەكانی كەعبە، یان دیوارەكانی وپاشان دەست هێنان بەخۆدا.
ئەمە پێچەوانەی سوننەتە، تەنها ماچكردنی بەردە ڕەشەكە ودەستدان لە گۆشەی یەمانی؛ ڕێگەپێدراوە.
14. گومانی وابێت دەستدان لە گۆشەی یەمانی وبەردە ڕەشەكە بۆ داواكردنی بەرەكەتە نەك پەرستن بێت.
ئەمە نەزانین وگومڕاییە، سوود وزیان تەنها بە دەستی الله یە، ولە عومەرەوە هاتووە -ڕەزای خوای لێبێت- كە هات بۆ لای بەردە ڕەشەكە وماچی كرد، پاشان ووتی: «من دەزانم تۆ تەنها بەردێکیت، هیچ زیان وسوودێکت نییە، ئەگەر پێغەمبەرم -صلى اللە علیە وسلم- نەبینیایە کە ماچتی دەکردیت؛ ئەوا هەرگیز ماچتم نەدەکردیت»[1]. [1] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1597).
16. دەنگ بەرز كردنەوە لەكاتی نزا ودۆعادا بەشێوەیەک دەبێتە هۆی بێزار كردنی تەوافكاران.
سوننەت ئەوەیە یادی پەروەردگاری بكات وبپاڕێتەوە بە دەنگی نزم وبۆ خۆی؛ بۆئەوەی خەڵكی تر بێزار نەبن.
16. خۆ سەرقاڵكردن بە وێنەگرتن یان قسەکردن کەپێویست نەبێت لەكاتی تەوافدا.
ڕێگەپێدراو ئەوەیە تەوافكار بە خشوع وملكەچی وئامادەبوونی دڵەوە سەرقاڵی یادی پەروەردگاری بێت.
17. تەواو كردنی تەواف لەپێش دڵنیابوون لە گەیشتن بە بەردە ڕەشەكە.
وواجب ئەوەیە بەردەوام بێت لە دەورەی حەوتەم هەتاوەكو دڵنیا دەبێت یان زۆرینەی گومانی وایە كە گەیشتووە بە ئاستی بەردە ڕەشەكە.
18. باوەڕبوون بەوەی دوو ڕكاتی تەواف دەبێت ڕاستەوخۆ لە پشت مەقامەوە بێت یان لە نزیكی بێت، بۆیە قەرەباڵەغیەكی زۆر دروست دەكەن لەسەر ئەمە وئازاری تەوافكاران دەدەن لە ڕۆژەكانی حەج وعومرەدا، وبەربەست دروست دەكەن لە ڕێگای تەواف كردنیان.
ئەمە گومانێكی هەڵەیە، دوو ڕكاتی تەواف ڕێگەپێدراوە لە هەرشوێنێكی مزگەوتەكە بێت، ونوێژخوێن دەتوانێت مەقام بخاتە نێوان خۆی وكەعبە -ئەگەرچیش لێی دوور بێت- بۆیە لە ساحەی تەوافدا یان هەر شوێنێکی تر لە ناو مزگەوتەکەدا نوێژەکە دەکات، وبەم شێوەیە دوور دەبێت لە ئازاردان، ونوێژەكەی بە خشوع و لەسەرخۆییەوە ئەنجام دەدات.
19. درێژكردنەوەی دوو ڕكاتی تەواف ونزا ودۆعا كردن لە دووایەوە.
سوننەت ئەوەیە دوو ڕكاتەكە بەکوتی بیکات، ولە دووایەوە هیچ نزا ودۆعایەک نەكات؛ چونكە ئەمە لە پێغەمبەرەوە نەهاتووە -صلى اللە علیە وسلم-.
20. ئەنجامدانی دوو ڕكاتی تەواف لەکاتێکدا شانی ڕاستی دانەپۆشیوە.
سوننەت ئەوەیە لەپاش تەواو بوونی تەواف ڕاستەوخۆ شانەکانی دابپۆشێت.
***
سێیەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە سەفا ومەڕوەدا.
1. دەرخستنی شانی ڕاست لەکاتی سەفا ومەڕوەدا.
پێشتر باسكرا كە دەرخستنی شانی ڕاست تەنها لەكاتی تەوافدا ئەنجام دەدرێت.
2. دەربڕینی نییەت لە پێش دەست کردن بە سەفا ومەڕوە.
پێشتر باسكرا كە نیەت لە دڵیدایە، بۆیە ووتنی؛ ڕێگەپێدراو نییە.
3. دەست پێکردن لە مەڕوەوە لەکاتی ئەنجامدانی سەفا ومەڕوەدا.
وئەم کارە هەڵەیە، هەركەسێك وابكات ئەوا دەورەی لە مەڕوەوە چون بۆ سەفای دروست نییە وحسێب ناكرێت.
4. هەندێك خەڵكی گومانیان وایە یەك دەورە بریتیە لە سەفاوە چون بۆ مەڕوە وگەڕانەوە بۆ سەفا؛ بۆیە ئەم کەسە چوواردە دەور ئەنجام دەدات.
وئەمەش هەڵەیە، ڕۆیشتن لە سەفاوە بۆ مەروە دەورێکە، ولە مەرەوەوە بۆ سەفا دەورێکی ترە، وسەرەتا لە سەفاوە دەستپێدەكات، وكۆتاییەكەی لەسەر مەروە دەبێت.
5. چونە سەر لەوتکەی سەفا؛ وگومانی وایە دەبێت ئەمە جێبەجێ بكات.
وهیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بەمەرج گرتنی ئەم کارە.
6. بەرز كردنەوەی دەستەكان وئاماژە كردن پێیان هەروەكو چۆن لەكاتی تەكبیر كردنی نوێژدا ئەنجام دەدرێت.
وئەوەی دروستە ئەوەیە ڕوو لە كەعبە بكات وبەو شێوەیە نزا بكات كە لە سوننەتدا هاتووە.
7. بە خێرا ڕۆیشتنی ئافرەتان لە نێوان دوو گوڵۆپە سەوزەکەدا.
ڕێگەپێدراو بۆ ئافرەت ئەوەیە بە شێوەیەكی ئاسایی ڕێ بكات؛ بە یەكدەنگی زانایان، وئەمیش بۆ پاراستنیەتی لە دەركەوتنی لاشەی.
8. تایبەتكردنی هەر دەورەیەک لە دەورەکانی سەفا ومەڕوە بە نزا ودۆعایەکی دیاریكراو.
ئەمە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە، بەڵكو بەو شێوەیەی پێی خۆشە دەتوانێت نزا ودۆعا بكات بەبێ پەیوەست بون بە دۆعایەکی دیاری کراوەوە.
9. دەنگ بەرزكردنەوە لە سەفا ومەڕوەدا بەشێوەیەك كە ببێتە هۆی بێزار كردنی خەڵكی.
سوننەت ئەوەیە زیکری پەروەردگاری بكات وبپاڕێتەوە بە دەنگی نزم وبۆ خۆی؛ بۆئەوەی خەڵكی بێزار نەکات.
10. خێرا ڕۆییشتن لە نێوان سەفا ومەروە لە هەموو مەودای نێوانیاندا.
وسوننەت ئەوەیە خێرا ڕۆیشتن تەنها لە نێوان دوو گوڵۆپە سەوزەكەدا بێت.
11. ئەنجامدانی دوو ڕكات لەدووای تەواو بوونی سەفا ومەڕوەدا.
وئەم کارە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە، بۆیە ئەنجامدانی ڕێگەپێدراو نییە.
12. سەفا ومەڕوە کردن بەبێ ئەنجامدانی حەج یان عومرە.
وسەفا ومەڕوە سوننەت نیە بەبێ ئەنجامدانی حەج یان عومرە.
***
چوارەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لەكاتی کورت کردنەوە یان سفر کردنی قژدا.
1. کەمتەر خەمی کردن لە کورت کردنەوە یان سفر کردنی قژ بەشێوازێک هەموو سەری نە گرێتەوە
وسوننەت ئەوەیە قژ تاشین یان كورتكردنەوە هەموو بەشەكانی سەر بگرێتەوە.
2. قژ تاشین یان كورتكردنەوەی لە نێو مزگەوتی حەرام.
وواجب ئەوەیە مزگەوتی حەرام بە گەورە ڕابگیرێت وبە پەرۆش بین لەسەر بە پاك وخاوێن ڕاگرتنی.
3. دواخستنی قژ تاشین یان كورتكردنەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی لەبیرچوونی یان سەرقاڵ بوون بە شتی ترەوە.
وئەوەی کە شەرعییە ڤز سفر کردن یان کورت کردنەوەی ڕاستەوخۆ دوای تەواو بونی سەفا ومەڕوە ئەنجامبدات.
4. ئەنجامدانی قەدەغە کراوەکان پێش سفر کردنی ڤژی یان پێش کورت کردنەوەی.
وواجب ئەوەیە هیچ شتێك لە قەدەغەكراوەكان نەكات هەتاوەكو قژی دەتاشێت یان كورتی دەكاتەوە.
***
هەڵە وسەرپێچیەكان سەبارەت بە حەج
یەكەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە ڕۆژی هەشتی مانگی زو الحیجەدا.
1. هەندێك لە خەڵكی پێیان وایە دەستپێكردنی ئیحرام لە ڕۆژی هەشتی مانگدا لە مزگەوتی حەرامەوە، یان لە ژێر میزابەوە (شوێنی دەرچونی ئاوی سەر كەعبە) دەبێت،
وسوننەت وایە ئیحرام ببەستێک لە شوێنی مانەوەیەوە؛ ئینجا لە مەككە بێت یان لە مینا.
2. دواخستنی ئیحرام بەستن بۆ دووای نوێژی نیوەڕۆ.
وسوننەت ئەوەیە ئیحرام ببەستێت بۆ ئەنجامدانی حەج لە چێشتەنگاودا لە پێش نوێژی نیوەڕۆوە.
3. وازهێنان لەمانەوەی شەوی نۆی مانگ لە مینا ئەگەرچیش بتوانێت.
وسوننەت ئەوەیە حاجیان شەوی نۆی مانگ لە مینا بمێننەوە ئەگەر توانایان هەبوو؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وای کردووە.
4. كۆكردنەوەی نوێژەكان لە مینا.
وسوننەت ئەوەیە نوێژەكان كورت بكاتەوە لە مینا بە بێ كۆكردنەوەیان؛ ئەمیش وەكو شوێنكەوتنێك بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-.
***
دووەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە ڕۆژی عەرەفەدا
1. پێش وەختە چونە ناو خاکی عەرەفەوە لە بەشێکی ڕۆژی هەشتی نۆمینەی حاجیان وەک ئیحتیات وپێش وەختە ئامادەبون بۆ ڕۆژی عەرەفە.
ئەم کارەش زۆر لەخۆكردن وزێدە ڕەوییە، ونەهی لێ کراوە.
2. چونە ناو خاکی عەرەفەوە لە ڕۆژی هەشتی نۆمینەوە ویان مانەوەی شەوی نۆی نۆمینە لە عەرەفەدا.
ئەم کارە پێچەوانەی سوننەتە، وبەم کارەش سوننەتی مانەوەی شەوی نۆی نۆمینە لە خاکی مینا لەدەست دەدات.
3. وەستان لە دەرەوەی سنووری دیاری کراوی عەرەفە.
واجبە حاجی بەپەرۆش بێت لەسەر وەستان لە نێو سنووری عەرەفدا.
4. هەندێك گومانیان وایە كە دەبێت نوێژ لەگەڵ ئیمام بكات لە مزگەوتی نەمیرە وزۆر قەرەباڵغی دروست دەكەن لە کاتی مانەوەیان لە مزگەوتەکەدا.
ئەم کارە پێویست نییە، وقەرەباڵغی دروست كردن بۆ ئەم مەبەستە؛ ڕێگەپێدراو نییە.
5. ڕوو كردنە شاخی (ئیلال) لەكاتی نزا ودۆعادا.
سوننەت ئەوەیە ڕوو لە قیبلە بكات لەکاتی نزا ودۆعادا.
6. وابزانێت واجبە بڕواتە سەر شاخی ئیلال، یان وابزانێت ئەمە لەکارەکانی حەجە، یان وابزانێت ئەم کارە خێرە، یان ئەم کارە خێر ترە لە مانەوە لە شوێنەکانی تری عەرەفەدا.
هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەم كارە، بەڵكو پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-.
7. ناونانی شاخی ئیلال بە شاخی ڕەحمە، یان شاخی نزا ودۆعا.
ئەوەی سەحیحیە ناوی شاخی ئیلالە، وهیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ناونانی بە شاخی ڕەحمە یان شاخی نزا ودۆعا.
8. چوونە نێو ئەو گومەزەی كە لەسەر شاخی عەرەفەیە، وناونانی بە گومەزی ئادەم ونوێژكردن لەنێوی وتەواف كردن بە دەوری وەك تەواف كردن بە دەوری كەعبەدا.
هەموو ئەمانە بیدعەن ونەهی لێكراوە، ولەوەیە بگاتە ئاستی شیرك وهاوبەشدانان بۆ الله.
9. تەبەڕوک کردن بەو پایەی لەسەر شاخی ڕەحمەیە ونوسینی ناو لەسەری.
هەموو ئەمانە بیدعەن ونەهی لێكراوە، ولەوەیە بگاتە ئاستی شیرك وهاوبەشدانان بۆ الله.
10. دانانی پارە یان قژ یان نینۆك یان پارچەیەك لە جلوبەرگ وهاوشێوەكانیان لە نێو ئەو درزانەی لە شاخی عەرەفاتدان یان لە شاخی نور؛ وباوەڕ بەوەی ئەمە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خاوەنەكانیان بۆ ئەم شوێنانە.
هەموو ئەمانە بیدعەن ونەهی لێكراوە، ولەوەیە بگاتە ئاستی شیرك وهاوبەشدانان بۆ الله.
11. هەندێك خەڵك پێیان وایە وەستان لەو شوێنەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لێی وەستاوە؛ واجبە، وزۆر لەخۆكردن لەم بابەتەدا.
وئەم کارە واجب نییە، وزۆر لەخۆ كردن لەم بابەتەدا؛ ڕێگەپێدراو نییە.
12. بەفیڕۆدانی كات و وازهێنان لە نزا ودۆعا وزیكر کردن وسەرقاڵبوون بە شتانێک سوودیان نییە.
13. دواخستنی دەستکردن بە نزا ودۆعا كردن تا نزیک بونەوەی خۆر ئاوا بوون، یان دووا ساتەکانی ڕۆژ.
14. زۆر لەخۆ كردن بۆ وەستان بە پێوە لەكاتی نزا ودۆعا كردن، وپێی وایە ئەمە سوننەتە، یان پێی وایە مانەوە لە عەرەفە واتا بە پێوە وەستان بۆ نزا ودۆعا كردن.
ڕای دروست ئەوەیە وەستان لە عەرەفە واتا مانەوە لە عەرەفە لەو كاتەدا، جا بە پێوە بێت یان دانیشتبێت، بە سواری بێت یان لەسەر پێیەکانی بێت.
15. بە جێ هێشتنی عەرەفە لە پێش خۆر ئاوا بوون.
ئەم کارە حەڕامە؛ چونكە پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-.
16. خۆ دواخستن لە بەجێهێشتنی عەرەفە دووای خۆر ئاوا بوون بە بێ هۆکارێکی ڕەوا.
سوننەت ئەوەیە دەستبەجێ عەرەفات جێ بهێڵێت لە دووای خۆرئاوا بوون مەگەر هۆکارێکی ڕەوا هەبێت.
17. هەندێك پێیان وایە وەستان لە عەرەفە لە ڕۆژی هەینیدا یەكسانە بە حەفتا حەج.
هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەم بیر کردنەوەیە.
***
سێیەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە کاتی گەڕانەوەیان بەرەو موزدەلیفە وشەو مانەوەیان لەوێ
1. زۆر خێرا كردن لەكاتی بەجێهێشتنی عەرەفات وبێزار كردنی خەڵكی بە ئۆتۆمبێلەكان.
سوننەت ئەوەیە بە هێوری و لەسەرخۆیی عەرەفات بەجێبهێڵێت وخەڵكی ئازار نەدات.
2. هەندێك خەڵك پێیان وایە خۆشۆردن بۆ شەو مانەوە لە موزدەلیفە سوننەتە.
هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ڕێگەپێدراوی ئەم كارە.
3. هەندێك خەڵك پێیان وایە سوننەتە كە ئەوەی بە سواری ڕێگای بڕیوە دابەزێت بۆئەوەی لەسەر پێیەكان بچێتە نێو خاکی موزدەلیفەوە.
هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی ئەم كارە سوننەت بێت.
4. مانەوە لە شوێنێك پێش دڵنیابوون لەوەی چووەتە نێو سنووری موزدەلیفە.
5. دەستبەجێ نوێژ ناكات لە سەرەتای گەیشتنی بە موزدەلیفە.
سوننەت ئەوەیە دەستبەجێ نوێژ ئەنجام بدات لە سەرەتای گەیشتنی بە موزدەلیفە.
6. خۆ سەرقاڵكردن بە كۆكردنەوەی بەردەكان لە سەرەتای چوونە نێو موزدەلیفە وبە پەرۆش بوون لەسەر ئەمە وپێی وایە ئەم کارە سوننەتە.
هیچ بەڵگەیە نییە لەسەر ئەم كارە.
7. دواخستنی نوێژەكانی مەغریب وعیشا هەتاوەكو كاتیان نامێنێت، بەلادان لە نیوەی شەو.
واجب ئەوەیە نوێژەكانی مەغریب وعیشا ئەنجام بدات لەپێش نیوەی شەو، ئەگەرچیش هێشتا نەگەیشتبێتە موزدەلیفە.
8. زیندووكردنەوەی شەوی مانەوە لە موزدەلیفە بە نوێژ وپەرستن یان بە گاڵتە وگەپ وشتی بێ سوود.
سوننەت ئەوەیە دەستبەجێ بخەوێت وپشوو وەربگرێت؛ ئەمیش وەكو شوێنكەوتنێك بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، بۆئەوەی هاوكاری بێت لە خۆ ئامادەكردن بۆ كارەكانی ڕۆژی جەژن.
9. دەرچوونی لاواز وپەک کەوتەکان وهاوەڵانیان لە موزدەلیفە لە پێش نیوەی شەو.
واجب ئەوەیە لە موزدەلیفە دەرنەچن هەتا دووای نیوەی شەو.
10. دەرچوونی ئەوانەی لە لاوازەكان وهاوەڵانیان نین لە پێش دەرکەوتنی بەرە بەیان.
واجب ئەوەیە لە موزدەلیفە بمێننەوە هەتا دەرچوونی بەرە بەیان.
11. خۆ دواخستن لە بەجێ هێشتنی موزدەلیفە هەتاوەكو خۆر هەڵهاتن.
سوننەت ئەوەیە لە موزدەلیفە دەربچن لە پێش دەرچوونی خۆر.
***
چوارەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە كردەوەكانی ڕۆژی جەژنی قورباندا
1. هەندێك خەڵكی پێیان وایە خۆشۆردن بۆ ڕەمی جەمەڕات سوننەتە.
هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ڕێگەپێدراوی ئەم كارە.
2. شۆردنی ئەو بەردانەی ئامادەی کردووە بۆ ڕەمی جەمەڕات.
هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ڕێگەپێدراوی ئەم كارە.
3. بڕوا بون بەوەی هاویشتنی بەردەكان كاتێك دروستە ئەگەر بەردەكانی لە موزدەلیفەوە هێنا بێت.
هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەم کارە، ودەتوانێت لە هەرشوێنێك بێت بەردەكان کۆبکاتەوە.
4. هاویشتنی شتێكی تر جگە لە بەرد، یان هاویشتنی بەردی گەورە.
ئەمانە پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەرن -صلى اللە علیە وسلم-.
5. توڕەبوون لەكاتی هاویشتنی بەردەكان، وباوەڕ بەوەی بەرد تێگیراو شەیتان بێت.
6. کۆ بونەوە وڕیز بەستنی بە كۆمەڵ لەكاتی ڕۆیشتن بۆ هاویشتنی بەردەكان، وئازاردانی خەڵكی.
7. ووتنی زیاتر لەوەی ڕێگەپێدراوە لە زیكردا؛ لەكاتی هاویشتنی بەردەكان.
باشتر وایە تەنها تەكبیر (الله أكبر) بڵێت.
8. هاویشتنی هەر حەوت بەردەكە بە یەك جار.
لەم حاڵەتەدا وەكو ئەوە وایە یەك بەردی هاویشتبێت، وواجب ئەوەیە هەر بەردێك بە جیا هەڵبدات.
9. دانانی بەردەكان لە نێو حەوزەكەدا بە بێ هەڵدانیان.
ئەم کارە بەس نییە، وڕێگەپێدراو بریتیە لە هاویشتنی بە كەمترین شێواز كە پێی دەووترێت هاویشتن.
10. بە ئامانج گرتنی خودی دیوارە ڕێکەکە لە كاتی هاویشتنی بەردەكاندا، وپێیان وایە ئەوە مەبەستی سەرەكیە.
ڕێگەپێدراو بریتیە لەوەی بەردەكە بكەوێتە نێو حەوزەكەوە؛ ئەگەرچیش بەر دیوارە ڕێکەکە نەكەوێت.
11. هاویشتنی بەردەكان لە شوێنێكی دوورەوە، ودڵنیا نەبوون لەوەی كە بەردەكە كەوتووەتە نێو حەوزەکەوە
12. وەستان بۆ نزا ودۆعا كردن لە دووای هاویشتنی بەردەكانی (جەمرەتی عەقەبە).
ئەم کارە ڕێگەپێدراو نییە، وهیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە.
13. سەربڕینی هەدی -قوربانی- تەمەتوع وقیران لە پێش ڕۆژی قوربانی.
هەركەسێك وا بكات ئەمە بەس نییە، و واجبە دووبارە قوربانیەك سەرببڕێت لەو ماوەیەی لە شەرعدا دیاریكراوە؛ ئەمیش بریتیە لە ڕۆژی جەژن هەتاوەكو كۆتا ڕۆژی تەشریق.
14. پێی باشترە نرخی قوربانیەكە بكاتە خێر لە جیاتی ئەوەی قوربانیەك سەرببڕێت.
هەركەسێك وا بكات ئەمە بەس نییە بۆی، وبەڵكو واجبە قوربانیەك سەرببڕێت.
15. سفر کردن یان کورت کردنەوەی بەشێکی سەری.
سوننەت وایە قژ تاشین یان كورتكردنەوە هەموو سەری بگرێتەوە.
16. ڕازی بوون بە تەوافی قودوم وگەیشتن لە جیاتی تەوافی ئیفازە، یان ئەنجامدانی تەوافی ئیفازە لە پێش ڕۆژی عەرەفە یان لە پێش مانەوەی لە موزدەلیفە..
هەركەسێك وابكات ئەمە بەس نییە؛ چونكە تەوافی ئیفازە پایەیەكە لە پایەكانی حەج، وحەج كردن دروست نییە بە ئەنجام نەدانی، ودەبێت لە پاش وەستان لە عەرەفە ولە موزدەلیفە ئەنجامی بدات.
***
پێنجەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە كردەوەكانی ڕۆژانی مینادا (ڕۆژەكانی تەشریق)
1. کەمتەرخەمی لە بە وەکیل گرتنی کەسێک بۆ هەڵدانی بەردەکانی ڕەمی لە جیاتی ئەو لەکاتێکدا خۆی توانای هەیە.
وئەسڵ ئەوەیە حاجی خۆی بەردەكانی ڕەمی هەڵبدات، مەگەر بەهۆی پاساوێکی شەرعی ڕێگەپێدراو؛ لەم حاڵەتەدا دەتوانێت یەكێك بكات بە بریكار ونوێنەری.
2. سەفەرکردن لە پێش تەواوبوونی کار وڕۆژەکانی حەج لەلایەن ئەو كەسەی یەكێكی تری كردووە بە وەکیل بۆ هەڵدانی بەردەکانی ڕەمی.
وئەمە هەڵەیە، واجبە لە مینا بمێنێتەوە یان لە شوێنی خۆیدا هەتاوەكو كردەوەكانی حەج تەواو دەبێت وتەوافی ماڵئاوایی دەكات ودەردەچێت.
3. هاویشتنی بەردەكان لە ڕۆژەكانی تەشریق لە پێش لادانی خۆر لە نیوەی ئاسمان.
سوننەت ئەوەیە بەردەكان بهاوێژێت لە پاش لادانی خۆر لە نیوەی ئاسمان لە ڕۆژانی تەشریقدا.
4. ڕیزبەندی نەكردن لەكاتی هاویشتنی بەردەكان لە بەینی جەمڕەکاندا.
واجب ئەوەیە بە پێی ڕیزبەندی بێت، سەرەتا بەردەكان دەهاوێژێت لە (جەمرەتی یەكەم -بچووك-) پاشان (جەمرەتی ناوەڕاست) پاشان (جەمرەتی گەورە -عەقەبە-)، هەركەسێك بە پێچەوانەوە ئەنجامی بدات یان سەرپێچی بكات لە ڕیزبەندیان؛ ئەوا دەبێت هاویشتنی بەردەكان لەم جەمرەتانە دووبارە بكاتەوە بە پێی ڕیزبەندی، هاویشتنی بەردەكان لە جەمرەتی بچووكەوە دەستپێدەكات پاشان ئەوانەی دواتر.
5. وەستان بۆ نزا ودۆعا كردن لە پاش هاویشتنی بەردەكان لە جەمرەتی عەقەبە.
سوننەت ئەوەیە نزا ودۆعا كردن تەنها لە پاش هاویشتنی بەردەكان بێت لە جەمرەتی یەكەم وجەمرەتی ناوەڕاست.
***
شەشەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە تەوافی ماڵئاواییدا.
1. تەوافی ماڵ ئاوایی لەپێش ڕەمی کردنی جەمەڕاتەوە ئەنجام دەدات بۆئەوەی لەدووای ڕەمی جەمەڕاتەوە ڕاستەو خۆ سەفەر بکات.
ئەم کارە هەڵەیە، وئەوەی بیكات ئەوا تەوافی ماڵئاوایی لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەداوە وشوێنی خۆی نەگرتووە، بۆیە دەبێت لە دووای ڕەمی کردنی جەمەڕات تەوافی ماڵئاوایی دووبارە بكاتەوە.
2. کەسێک بە وەکیل دەگرێت بۆ ڕەمی جەمەڕات وخۆیشی تەوافی ماڵ ئاوایی دەکات پێش ئەوەی وەکیلەکەی ڕەمی جەمەڕاتی بۆ بکات.
ڕای دروست ئەوەیە كە چاوەڕێ بكات هەتا ئەوکاتەی وەکیلەکەی ڕەمی جەمەڕات تەواو دەكات؛ ئەوکات ئەم دەست دەكات بە تەوافی ماڵئاوایی.
3. لە دووای تەواو بونی تەوافی ماڵئاوای بە پشتدا دەگەڕێتەوە ونایەوێت پشت بکاتە کەعبەوە.
هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ڕێگەپێدراوی ئەم كارە، وخێرترین ڕێگایەک بگیرێتە بەر ڕێگای موحەممەدە -صلى اللە علیە وسلم- وئەویش ئەم کارەی نەکردووە.
4. وەستان بۆ نزا ودۆعا كردن لەكاتی دەرچوون لە مزگەوتی حەرام.
هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەم كارە.
5. زۆر مانەوە لە مەككە لە دووای تەوافی ماڵئاوایی بە بێ بونی هۆکارێک شەرعی ووەرگیراو بێت.
واجب ئەوەیە دەستبەجێ لە مەككە دەربچێت لە دووای تەوافی ماڵئاوایی، وئاساییە ئەگەر چاوەڕێی هاوەڵانی بكات یان پێداویستی سەفەر كردن بكڕێت، یان هاوشێوەكانی.
ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر لە مەككە بمێنێتەوە بە بێ بونی عوزرێکی شەرعی ووەرگیراو؛ ئەوا واجبە تەوافی ماڵئاوایی دووبارە بكاتەوە.
هەڵە وسەرپێچیەكان پەیوەست بە سەردانیكردنی مزگەوتی سەروەرمان لەشاری مەدینە
1. دەست هێنان بە دیوار وئاسنیەكان لەكاتی سەردانیكردنی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وبەستنی پەت وهەرشتێکی تر بە پەنجەرەكانەوە؛ بەمەبەستی بەدەست هێنانی بەرەکەت.
بەرەكەت وپیرۆزی لەوەدایە خودا وپێغەمبەرەكەی -صلى اللە علیە وسلم- لە شەریعەتدا دایان ناوە، نەك لە داهێنراو وبیدعەدا بێت.
2. چوون بۆ ئەشكەوتەكان لە كێوی ئوحود وكێوی حەڕا وسەور لە مەككە، وبەستنەوەی پەت وپەڕۆ پێیانەوە ودۆعا كردن بە شێوازێک كە خوای گەورە ئیزنی لەسەر نەداوە، وزۆر لەخۆكردن لە ئەنجامدانی ئەم بابەتەدا.
هەموو ئەمانە بیدعەن وهیچ بنەمایەکیان لەسەر نییە لە شەرعدا.
3. سەردانیكردنی هەندێك شوێن كە پێیان وایە شوێنەواری پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم- وەكو شوێنی چۆک دادانی وشترەکەی سەروەرمان، وئەوبیرەی ناو دەبرێت بە بیری خاتەم وبیری عوسمان، وبردنی خۆڵ لەم شوێنانە بەمەبەستی بەدەست خستنی بەرەکەت.
4. داوا كردن لە مردووەكان لە كاتی سەردانیكردنی گۆڕستانی بەقیع وگۆڕستانی شەهیەكانی ئوحود، وفڕێدانی پارە لەو شوێنانە بۆ نزیك بوونەوە لێیان وداواكردنی بەرەكەت لە مردووەکان.
ئەمانە هەڵەی زۆر گەورەن، بەڵكو شیركی گەورەن هەروەكو زانایان باسیان كردووە، وقورئان وسوننەتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئاماژەیان بۆ كردووە؛ چونكە پەرستن تەنها دەبێت بۆ الله بێت ونابێت هیچ پەرستنێك بۆ غەیری الله ئەنجام بدرێت وەكو دۆعا كردن وسەربڕین ونەزر كردن وهاوشێوەكانیان؛ چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَآ أُمِرُوٓاْ إِلَّا لِيَعۡبُدُواْ ٱللَّهَ مُخۡلِصِينَ لَهُ ٱلدِّينَ...﴾ واتە: فەرمانیان پێ نەکراوە مەگەر بەوەی کە پەرستشی خوا بکەن بە ئیخلاس ودڵسۆزیەوە...} [البينة: 5]
وصلى الله وسلم على نبينا محمد.