لێکۆڵینەوە و ڕوونكردنەوەی زۆرێک لە بابەتەکانی حەج و عومرە و سەردانی مزگەوتی پێغەمبەر لە ڕۆشنایی قورئان و سوننەتدا
ئەم کتێبە حوکمەکانی حەج و عومرە و سەردانیکردنی مزگەوتی نەبەوی ڕووندەكاتەوە بەپێی قورئان و سوننەت، وهەروەها واجبەکانی حەج و عومرە و قەدەغەکراوەکانی کاتی ئیحرام و ئادابەکانی سەردانیکردنی مزگەوتی نەبەوی ڕوون دەكاتەوە، هاوکات هۆشداریش دەدات سەبارەت بە داهێندراو بیدعەکان لەم دروشمانەدا.
These files are generated automatically from the book's text; their layout may differ from the printed edition.
لێکۆڵینەوە و ڕوونكردنەوەی زۆرێک لە بابەتەکانی حەج و عومرە و سەردانی کردنی مزگەوتی پێغەمبەر لەژێر ڕۆشنایی قورئان و سوننەتدا
دانراوە لەلایەن زانای پایەبەرز شێخ
عبد العزيز ئیبن عبد الله ئیبن باز
پێشەكی دانەر
بەناوی خوداى بەخشندەى میهرەبان
الحمد لله رب العالمين، والعاقبة للمتقين، والصلاة والسلام على عبده ورسوله محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين.
پاشان:
ئەمە نامیلكەیەكی پوختە سەبارەت بە حەج و ڕوونكردنەوەی گەورەیی و فەزڵی و ڕێسا وئادابەكانی، و ئەو شتانەی پێویستە لەسەر ئەو كەسەی دەیەوێت گەشت بكات بۆ جێبەجێكردنی، و ڕوونكردنەوەی چەندین بابەتی گرنگی حەج و عومرە و سەردانیكردن بەشێوەیەكی پوخت و ڕوون، تێیدا بە وردی گەڕاوم بە دوای ئەوانەی كە بەڵگەن لەسەری لە قورئان و سوننەتی پێغەمبەر ﷺ، كۆمكردووەتەوە وەك ئامۆژگارییەك بۆ مسوڵمانان، و كاركردنێك بە فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿وە ئامۆژگاریان بکە و بیریان بخەرەوە چونکە بەڕاستی ئامۆژگاری سوود ئەگەیەنێت بە بڕواداران﴾ [الذاريات: 55]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿(بێنەوە یادیان) کاتێک کە خودا پەیمانی وەرگرت لە ئەوانەی کە پەیامیان پێ بەخشرا بوو (لە جولەکە و گاورەکان) دەبێ ئەو پەیامە ڕوون بکەنەوە بۆ خەڵکی وە نەیشارنەوە...﴾ [آل عمران: 187]. هەتا كۆتایی ئایەتەكە، وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿...وە کۆمەکی یەکتری بکەن لەسەر چاکە و چاکەکاری...﴾ [المائدة: 2].
ولە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە فەرموویەتی: «ئاین ئامۆژگارییە، (سێ جار فەرمووی)، ووترا: بۆ کێ ئەی پێغەمبەری خودا؟ ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: بۆ خودا، وبۆ کتێبەکەی، وبۆ پێغەمبەرەکەی، وبۆ پێشەوای مسوڵمانان وتێکڕای مسوڵمانان» [1]. [1] (موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (55).
وە تەبەرانی ڕیوایەتی کردووە، لە حوزەیفەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەرکەسێک گرنگی بە کاروباری مسوڵمانان نەدات لە ئەوان نییە، و هەرکەسێک بەیانی و ئێوارەی بەسەردا نەیەت لەسەر ئامۆژگاری كردن لە پێناو خودا و پێغەمبەرەکەی و بۆ کتێبەکەی و بۆ پێشەواکەی و بۆ گشت مسوڵمانان؛ ئەوا لە ئەوان نییە» [2]. [2] تەبەرانی گێڕاویەتیەوە لە الأوسط بە ژمارە (7469).
وداواکارین لە خودای گەورە کە بیکاتە مایەی سوود بۆ من و مسوڵمانان، و هەوڵ و کۆشش تێیدا بە دڵسۆزیەوە لە پێناو زاتی پیرۆزی بێت، و ببێتە هۆکاری سەرکەوتن لەلای ئەو لە بەهەشتە پڕ نیعمەتەکاندا، بەڕاستی ئەو بیسەر و وەڵامدەرەوەیە، ئەویشمان بەسە و باشترین کارسازە.
بابەتێک
دەربارەی بەڵگەکانی واجب بوونی حەج وعومرە و پەلەکردن لە ئەنجامدانیاندا
ئەگەر ئەمە زانرا، ئەوا بزانن -خودای گەورە من و ئێوەش ڕێنموێنی بکات بۆ ناسینی هەق و شوێنکەوتنی- کە خودای گەورە حەجکردنی فەزر كردووە لەسەر بەندەكانی بۆ ماڵە پیرۆزەکەی، و کردوویەتی بە یەکێک لە پایەکانی ئیسلام. خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...خودا بڕیاریداوە لەسەر خەڵکی و فەرزی کردوە لەسەریان حەجی ماڵەکەی لەسەر ھەرکەسێک کە توانای گەیشتن و ڕۆیشتنی ھەبێت بۆی وە ھەر کەسێك بێباوەڕ بێت ئەوە بە ڕاستی خودا بێ نیازە لە ھەموو جیھانیان﴾ [آل عمران: 97].
وە لە هەردوو سەحیحدا لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خودایان لێبێت- هاتووە، کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئیسلام لەسەر پێنج پایە بنیات نراوە: شاھێدی دان بە (لا إله إلا الله ومحمد رسول الله: هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بەهەق جگە لە الله و موحەمەد پێغەمبەری خودایە)، وئەنجامدانی نوێژ، وزەکاتدان، وڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان، وحەجکردنی ماڵی پیرۆزی خودا» [3]. [3] بوخاری گێڕاویەتیەوە بە ژمارە (8)، وموسلیم بە ژمارە (16).
وە سەعید لە سونەنەکەیدا گێڕاویەتیەوە، لە عومەری کوڕی خەتابەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە دەڵێت: «بەتەما بووم چەند پیاوێک بنێرم بۆ ئەم شارانە، تا بزانن کێ توانای دارایی هەیە [4] و حەجی نەکردووە، بۆ ئەوەی سەرانەیان بەسەردا بسەپێنن، ئەوانە مسوڵمان نین، ئەوانە مسوڵمان نین[5]». [4] واتە: پارە و سامانی زۆر وپێویستیان هەیە. [5] لە جامع الأحاديثەدا بە ژمارە (31221) داویەتیە پاڵ سونەنی سەعیدی كوڕی مەنسور، بەڵام لەو چاپەی لەبەردەستدایە بەدیم نەکرد.
هەروەها گێڕدراوەتەوە لە عەلییەوە -ڕەزای خودای لێبێت- كە دەڵێت: «هەرکەسێک توانای حەجی هەبێت و وازی لێبهێنێت، ئەوا باکی نییە بەوەی كە بە جولەکەیی بمرێت یان بە گاوری [6]». [6] تیرمزی گێڕاویەتیەوە بە ژمارە (812).
و واجبە لەسەر ئەو کەسەی کە حەجی نەکردووە و توانای هەیە، پەلە بکات بۆ ئەنجامدانی؛ بە بەڵگەی ئەوەی لە ئیبن عەباسەوە گێڕدراوەتەوە -ڕەزای خودای لێبێت-، کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: «پەلە بکەن لە ئەنجامدانی حەج، چونکە یەکێک لە ئێوە نازانێت تووشی چی دەبێت» [7]. [7] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1732).
وە دەستبەجێ ئەنجامدانی حەج؛ واجبە لەسەر ئەو کەسەی کە توانای هەیە، بە بەڵگەی فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿...وخودا بڕیاریداوە لەسەرخەڵکی و فەرزی کردوە لەسەریان حەجی ماڵەکەی لەسەر ھەر کەسێک توانای گەیشتن و ڕۆیشتنی ھەبێت بۆی وە ھەر کەس بێباوەڕ بێت ئەوە بە ڕاستی خودا بێ نیازە لە ھەموو جیھانیان﴾ [آل عمران: 97]. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە وتارەکەیدا فەرمووی: «ئەی خەڵکینە، بەڕاستی خودای گەورە حەجی لەسەر فەرز کردوون، بۆیە حەج بکەن» [8]. [8] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1337).
وە چەند فەرموودەیەک هاتوون کە بەڵگەن لەسەر واجبێتی عومرە، لەوانەیش:
وتەكەی سەروەرمان -صلى اللە علیە وسلم- لە وەڵامیدا بۆ جبریل کاتێک پرسیاری لێکرد سەبارەت بە ئیسلام، فەرمووی: «ئیسلام ئەوەیە کە شاهێدی بدەیت بە (لا إله إلا الله ومحمد رسول الله: هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بەهەق جگە لە الله و موحەمەد پێغەمبەری خودایە)، و نوێژ ئەنجام بدەیت، و زەکات بدەیت، و حەجی ماڵی خودا وعومرەیش بکەیت، و خۆت بشۆریت لەپاش لەشگرانی، و دەستنوێژ بە تەواوی بگریت، و ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگریت»[9] ئیبن خوزەیمە و دارەقوتنی- گێڕاویانەتەوە، لە فەرموودەکەى عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خوداى لێبێت-، ودارەقوتنی دەڵێت: ئەم ئیسنادە جێگیر و سەحیحە. [9] ئیبن خوزەیمە) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1).
هەروەها: فەرموودەکەی عائیشە -ڕەزای خودای لێبێت- کە دەڵێت: «ئەی پێغەمبەری خودا، ئایا ئافرەتان جیھادیان لەسەر واجبە؟ فەرمووی: جیھادێکیان لەسەر واجبە کە جەنگ وکوشتاری تێدا نیە: حەج وعومرە»[10] فەرموودەکە -ئەحمەد وئیبن ماجه- گێڕاویانەتەوە بە ئیسنادێكی سەحیح. [10] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1520).
وە حەج و عومرە یەک جار واجبە لە تەمەندا؛ بە بەڵگەی فەرموودەی سەحیحی پێغەمبەر ﷺ كە دەفەرمووێت: «حەج یەک جارە، بۆیە هەرکەسێک زیاتری کرد ئەوا سوننەتە»[11]. [11] نەسائی گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2620).
وزۆر ئەنجامدانی حەج و عومرە؛ سوننەتە، لە هەردوو سەحیحدا هاتووە لە ئەبو هوڕەیڕەوە ( خودای لێ ڕازی بێت، کە پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- فەرموویەتی: «عومرە بۆ عومرە هۆكاری لێخۆشبوونە بۆ ئەوەی لە نێوانیاندا ڕوودەدات، وحەجی مەبرور -كە تاوان وڕیای تێدا نەبێت-؛ هیچ پاداشتێكی لەسەر نییە جگە لە بەهەشت»[12]. [12] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1773)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1349).
بابەتێک
سەبارەت بە واجبێتی تەوبە کردن لە تاوانەکان، وداوای گەردن ئازادی لەوانەی ستەمت لێ کردوون
ئەگەر موسڵمان بڕیاری سەفەرکردنی دا بۆ حەج یان عومرە: سوننەتە بۆی ئامۆژگاری و وەسیەتی خێزان وهاوەڵانی بکات بە تەقوای خودای گەورە، کە بریتیە لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی و دوورکەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکانی.
وە دەبێت ئەو قەرزانەی داویەتی و ئەوانەی لەسەریەتی بینووسێت، وە شاهێدی لەسەر دابنێت، وە واجبە لەسەری دەست پێشخەری بکات لە تەوبەکردنێکی ڕاستگۆیانە لە هەموو تاوان وگوناهەکان؛ چونکە خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...و ھەمووتان تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا ئەی ئیماندان تا سەرکەوتوو بن﴾ [النور: 31].
وە تەوبەکردن: لە ڕاستیدا بریتیە لە وازهێنانە لە گوناهەکان و دەستهەڵگرتن لێیان، وپەشیمان بوونەوە لەسەر ئەوەی لە ڕابردوودا کراوە، وپێداگیری لەسەر نەگەڕانەوە بۆیان، وئەگەر مافی خەڵکی لە ئەستۆدا بوو پەیوەست بە نەفس یان ماڵ یان ناوبانگ -شەرەف-؛ بیانگێڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، یان داوای لێبووردن وگەردن ئازادییان لێ بکات پێش سەفەرکردنی؛ چونکە بە سەحیحی لە پێغەمبەرەوە هاتووە ﷺ کە فەرموویەتی: «هەرکەسێک ستەمی لە برایەکی کردووە، لە ماڵ یان کەسایەتی؛ ئەوا با داواى گەردن ئازادیی لێبکات لە دونیادا، پێش ئەوەى ڕۆژێک بێت ودینار ودرهەم نەبێت کە ڕۆژی قیامەتە، وئەگەر ستەمکار کردەوەى چاکی هەبوو؛ ئەوا بە پێی ستەمەکەى لە کردەوە چاكەکانى دەدرێت بەستەم لێکراو، وە ئەگەر کردەوەى چاکى نەبوو؛ ئەوا لە کردەوە خراپەکانی ستەملێکراو دەدرێت بەستەمکار»[13]. [13] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2449).
وە دەبێت بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرەكەی خەرجی پاک وحەڵاڵ هەڵبژێرێت؛ چونكە لە فەرموودەیەكی سەحیحدا هاتووە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «خودای گەورە پاک وپیرۆزە وهیچ شتێک قبوڵ ناکات مەگەر پاک نەبێت»[14]. [14] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1015).
وە -تەبەڕانی- دەیگێڕێتەوە لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەگەر پیاوێک بە نیەتی حەج کردن بە خەرجیەکی پاک وحەڵاڵەوە سەفەری کرد، و سوار سواریەكەی بوو وبەدەنگی بەرزەوە وتی: (لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ) واتە: خودایە وەڵامی بانگەوازی تۆم دایەوە، ئەوا بانگکەرێک لە ئاسمانەوە بانگی دەکات: (لَبَّيْكَ وَسَعْدَيْكَ) واتە: وەڵامت درایەوە وڕەزامەندیت لەسەر درا، توێشووەکەت حەڵاڵە، و سوارییەکەت حەڵاڵە، و حەجەکەت وەرگیراوە، وە ئەگەر پیاوێک بە خەرجیەکی پیس وحەرامەوە دەرچوو، و سوار سواریەكەی بو وتی: (لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ) واتە: خودایە وەڵامی بانگەوازی تۆم دایەوە، ئەوا بانگکەرێک لە ئاسمانەوە بانگی دەکات: (لَا لَبَّيْكَ وَلَا سَعْدَيْكَ) واتە: وەڵامت نەدرایەوە وڕەزامەندیت لەسەر نەدرا، توێشووەکەت حەرامە، و خەرجیەکەت حەرامە، و حەجەکەت وەرنەگیراوە»[15]. [15] تەبەڕانی گێڕاویەتیەوە لە موعجەمی کەبیردا؛ بە ژمارە (2989).
وە پێویستە لەسەر حاجی بێ پێویست بێت لە دەستی خەڵکی، و دووربکەوێتەوە لە داواکردن لێیان؛ بەهۆی فەرموودەکەی پێغەمبەرەوە ﷺ: «وە هەرکەسێک داوای داوێن پاکی بکات، خودا داوێن پاکی دەکات، وە هەرکەسێک خۆی بێ پێویست بکات لە لەدەستی خەڵکی وداوانەکان، خودا دەوڵەمەندی دەکات»[16]. [16] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1427)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1035).
وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «کەسانێک بەردەوام داوا لە خەڵکی دەکەن، هەتا لە ڕۆژی قیامەتدا دێن و هیچ پارچە گۆشتێک بە ڕوخساریانەوە نییە»[17]. [17] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1474)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (4040).
وە واجبە لەسەر حاجی مەبەستی لە حەج و عومرەكەیدا زاتی پیرۆزی الله و ئاوەدان کردنەوە ماڵی دواڕۆژ بێت، وە هەوڵی نزیكبوونەوەبێت لە الله بە ئەو وتە و كردەوانەی كە ڕەزامەندی ئەوی تێدایە لە شوێنە پیرۆزەکاندا، و دەبێت زۆر هۆشدار بێت لەوەی کە مەبەستی لە حەجەكەی دونیا و خۆشیەکانی نەبێت؛ یان مەبەستی ڕیابازی و ناوبانگ و شانازی پێوەكردن بێت، چونكە ئەمە لە ناشیرینترین مەبەستەکانە و هۆكارە بۆ پووچەڵبوونەوەی كردەوە و قبوڵ نەبوونی، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ھەرکەسێك ژیانی دونیا و ڕازاوە و جوانیەکانی دونیای دەوێت ئەوا ئێمە بەرھەمی کردەوەکانیان دەدەین پێیان لە دونیادا بەتەواوی ولە ژیانی دونیادا هیچیان لێ كەم ناكرێتەوە (15) ئەوانە کەسانێکن بۆیان نیە لەڕۆژی دواییدا جگە لە ئاگر وە ئەوەی لە دونیادا ئەنجامیاندا پوچ و بێ بەرھەم بووە وە ھەرچیان کردووە پوچەڵ بووەتەوە (16)﴾ [هود: 15-16].
وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿ھەر کەسێک تەنھا ژیانی دونیای بوێت ئەوا ئەوەی یمانەوێت زوو پێی دەدەین لە پاشان دۆزەخمان بۆ سازداوە دەچێتە ناوی بە لۆمەکراوی و دەرکراوی لە میھرەبانی خودا (18) وە ئەوەی ڕۆژی دوایی بوێت و تێکۆشانی بۆ بکات لەكاتێكدا باوەڕدارە، ئەوانە تێکۆشانیان جێی سوپاسە ووەرگیراوە (19)﴾ [الإسراء: 18-19].
وبە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە فەرموویەتی: «الله تعالی فەرموویەتی: من لە هەموو هاوبەش وشەریکەکان دەوڵەمەندترم ولەهەموویان بێ پێویستم، ئەگەر هەر کەسێک کردەوەیەک ئەنجام بدات وکەسێک بکاتە هاوبەش وشەریکی من؛ ئەوا واز لەو کەسە وکردەوەکەی دەهێنم بەهۆی ئەو هاوبەشدانانەوە کە بۆ منی بڕیار داوە»[18]. [18] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2985).
وە هەروەها پێویستە لەسەری کە لە سەفەرەکەیدا کەسانی چاک و خواپەرست و تەقوادار و شارهزا له دیندا بکات بە هاوڕێ وهاوسەفەری خۆی، وە دووربکەوێتەوە لە هاوڕێیەتی کردنی کەسانی گێل و تاوانبار.
وپێویستە لەسەری فێری ئەو شتانە بێت کە لە شەریعەتدا ڕوونكراوەتەوە سەبارەت بە ڕێگەپێدراوەكان وقەدەغەكراوەكان لە حەج و عومرەدا، و خۆی تێبگەیەنێت و پرسیار بکات سەبارەت بەوەی لەلای ئاڵۆزە و ڕوون نییە؛ بۆ ئەوەی لەسەر بەڵگە و بەرچاو ڕونی بێت، جا کاتێك سواری ئاژەڵەکەی، یان ئۆتۆمبێلەکەی، یان فڕۆكە، یان هەرشتێکی تر دەبێت لە سواریەکان، سوننەتە ناوی خودای گەورە بهێنێت و سوپاسی بکات، پاشان سێ جار تەکبیر -الله أكبر- بڵێت، ودواتر دەڵێـت: ﴿...پاك و بێگەردی بۆ ئەو خودایەی کە ئەمەی بۆ ڕام ھێناوین کە پێشتر ئێمە توانامان بەسەریدا نەبووە (13) وە بەڕاستی ئێمە بۆ لای پەروەردگارمان دەگەڕێینەوە (14)﴾ [الزخرف: 13-14].
«اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ فِي سَفَرِي هَذَا البِرَّ وَالتَّقْوَى، وَمِنَ العَمَلِ مَا تَرْضَى، اللَّهُمَّ هَوِّنْ عَلَيْنَا سَفَرَنَا هَذَا، وَاطْوِ عَنَّا بُعْدَهُ، اللَّهُمَّ أَنْتَ الصَّاحِبُ فِي السَّفَرِ، وَالخَلِيفَةُ فِي الأَهْلِ، اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ وَعْثَاءِ السَّفَرِ، وَكَآبَةِ المَنْظَرِ، وَسُوءِ المُنْقَلَبِ فِي المَالِ وَالأَهْلِ» [19] واتە: «خودایە من لەم گەشتەمدا داوای چاكە و خۆپارێزی وئەو كردەوانەت لێدەکەم كە تۆ پێی ڕازیت، خودایە ئەم گەشتەمان بۆ ئاسان بكە و دووریەكەیمان بۆ نزیك بكەرەوە، خودایە تۆ پارێزەرمان بە لەم گەشتەدا وخانەوادەشمان بپارێزە، كە جێمان هێشتوون، خودایە من پەنات پێدەگرم لە ناڕەحەتی گەشت و شتێك كە ناڕەحەتمان بكات، و -پەنات پێدەگرم- لە خراپی حاڵمان لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ نێو ماڵ وخێزان». چونكە ئەم نزایە بە سەحیحی لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم-، و موسلیم لە فەرموودەی ئیبن عومەرەوە گێڕاویەتیەوە -ڕەزای خودایان لێبێت-. [19] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1342).
وە لە گەشتەکەیدا زۆر زیکر و ئیستیغفار و داوا بكات لە خودای گەورە ولێی بپاڕێتەوە، و قورئان بخوێنێتەوە و لە ماناکانی وردببێتەوە، و نوێژەکانی لەکاتی خۆیدا بە جەماعەت ئەنجامبدات، وزمانی بپارێزێت لە زۆر قسە و قسەڵۆک، و چوونە نێو ئەو باسانەی کە پەیوەندی پێوەی نییە، و دووربوون لە زیادەڕەوی لە گاڵتەوگەپ، هەروەها زمانیشی بپارێزێت لە درۆ و غەیبەت و دووزمانی و گاڵتەکردن بە هاوڕێکانی و جگە لە ئەوانیش لە برا مسوڵمانەکانی.
وپێویستە لەسەری چاکەکار بێت لەگەڵ هاوسەفەرەکانی، وخۆی بپارێزێت لە ئازاردانیان، وفەرمانیان پێبکات بە چاكە ونەهییان لێبکات لە خراپە بە دانایی وئامۆژگاری جوان وبە پێی توانا.
بابەتێک
دەربارەی ئەو کردەوانەی حاجی ئەنجامیان دەدات کاتێک دەگاتە میقات
جا كاتێك دەگاتە میقات سوننەتە بۆی خۆی بشوات وبۆن لە خۆی بدات؛ چونكە گێڕدراوەتەوە كە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- جلە دووراوەکانی داکەند لە کاتی ئیحرام بەستندا، وخۆی شۆرد، ولە هەردوو سەحیحەکەدا هاتووە، لە عائیشەوە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: «بۆنم دەدا لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لەكاتی ئیحرام بەستنی پێش ئەوەی نیەتی ئیحرام بهێنێت، وهەروەها لەکاتی دەچونی لە ئیحرامدا پێش ئەوەی تەوافی ئیفازە ئەنجامبدات»[20]، وە کاتێک عائیشە تووشی سوڕی مانگانە بوو لەکاتێکدا بە عومرە بەستبوو؛ فەرمانیپێكرد کە خۆی بشوات و نیەتی ئیحرام بهێنێت بە ئەنجامدانی حەج، وە ئەسمائی کچی عومەیس کاتێک لە -زی ئەلحولەیفە- تووشی زەیستانى بوو؛ پێغەمبەر -صلى الله علیە وسلم- فەرمانیپێكرد کە خۆی بشوات ودامێنی بە پارچە قوماشێک توند بکات ونیەتی ئیحرام بهێنێت[21]، ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئافرەت ئەگەر گەیشتە میقات ولە سوڕی مانگانەدابو یان زەیستانی بوو؛ خۆی دەشوات ولەگەڵ خەڵکدا نیەتی ئیحرام دەهێنێت، وئەوە ئەنجام دەدات کە حاجی ئەنجامی دەدات بێجگە لە تەوافکردن بە دەوری کەعبەدا، هەروەکو چۆن پێغەمبەر -صلى الله علیە وسلم- فەرمانی بە عائیشە وئەسما کرد بەو شێوەیە ڕێ وڕەسمەکان جێبەجێ بكەن. [20] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1539)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1189). [21] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1218).
وە سوننەتە بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت ئیحرام ببەستێت کە سمێڵی كورت بكاتەوە و نینۆکەکانی چاک بکات، و مووی بەر و مووی بنباڵی بتاشێت، جا ئەوەی پێویستە لەمانە لایدەبات، بۆئەوەی پێویستی بە لابردنیان نەبێت لە دوای ئیحرام بەستن؛ چونكە حەرامە لەكاتی ئیحرام بەستندا ئەنجامیان بدات، و پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی بە مسوڵمانان كردووە کە هەموو کاتێک مووی ئەم شوێنانە لابەرن ونینۆك كورت بكەنەوە، هەروەکو لە هەردوو سەحیحدا هاتووە لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خودای لێبێت-، کە پێغەمبەری خودا -صلى الله علیە وسلم- دەفەرمووێت: «فیتڕەت وپاکژی پێنجە: خەتەنەکردن، ودامێن تاشین، وكورتكردنەوەی سمێڵ، وچاکردنی نینۆکەکان، ولابردنی مووی بن باڵ»[22]. [22] بوخاریەگێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (5891)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (257).
وە لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە، لە ئەنەسەوە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: «كاتمان بۆ دانراوە بۆ كورت كردنەوەی سمێڵ، وچاکردنی نینۆك، وهەڵكەندنی مووی بن باڵ، وتاشینی مووی دامێن: كە نابێت زیاتر لە چل شەو تێپەڕێنێت»[23]. [23] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (258).
وە نەسائی هێناویەتی بە دەستە واژەی: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ماوەی بۆمان دیاری کرد»[24]، وئەحمەد، وئەبو داود، وتیرمزی بە هاوشێوەی نەسائی؛ گێڕاویانەتەوە، وە سەبارەت بە قژی سەر، ئەوا دروست نییە هیچ شتێكی لێ كورت بكرێتەوە كاتێك لە حاڵەتی ئیحرامدایە، نە بۆ پیاوان و نە بۆ ئافرەتان. [24] نەسائی گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (14).
و سەبارەت بە ڕیش، تاشینی یان کورتکردنەوەی لە هەموو کاتێکدا حەرامە، بەڵکو هێشتنەوەی و درێژکردنەوەی واجبە، چونکە لە هەردوو سەحیحدا لە ئیبن عومەرەوە هاتووە -ڕەزای خودایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- فەرموویەتی: «پێچەوانەی موشریکەکان بکەن، ڕیش بهێڵنەوە وسمێڵ کورت بکەنەوە»[25]. و موسلیم لە سەحیحەکەیدا دەیگێڕێتەوە، لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «سمێڵ کورت بکەنەوە، وڕیش بهێڵنەوە، پێچەوانەى ئاگر پەرستان بکەن»[26]. [25] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2892)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (259). [26] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (260).
وبەڕاستی كارەساتێکی گەورەیە لەم سەردەمەدا ئەم سوننەتە لەلایەن زۆرێک لە خەڵکییەوە دژایەتی دەکرێت، وەڕازیبون بە خۆ چوواندن بە کافر وئافرەتانەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەی كە خۆیان دەدەنە پاڵ عیلم وزانست، بێگومان ئێمە موڵکی خوداین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە، و داواکارین لە خوداى گەورە هیدایەتی ئێمە و هەموو مسوڵمانان بدات بۆ پابەندبوون بە سوننەت و دەستگرتن پێوەی، و بانگەوازکردن بۆی، ئەگەرچیش زۆرینە پشتی تێبکەن، و خودای گەورە بەسە بۆمان و چاکترین کارساز و پشتیوانیش هەر ئەوە، و هیچ هێز و توانایەکمان نییە مەگەر ئەوەی خوداى بەرز و مەزن پێمانی دەبەخشێت.
پاشان پیاوان دووپارچە پۆشاکی ئیحرام دەپۆشن، و سوننەت وایە کە سپی و پاك بن، و سوننەتە نەعل لەپێ بكات لەکاتی ئیحرام بەستنی؛ بەهۆی فەرموودەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-: «با هەرکەسێکتان بە پۆشاکی ئیحرام ونەعلەوە نیەت بهێنێت، ئەگەر کەسێک نەعلی دەستنەکەوت؛ ئەوا با خوف لە پێ بکات بەشێوازێک دەی بڕێت کە قولەپێکانی دانەپۆشێت» [27] ئیمام -ئەحمەد- گێڕاویەتیەوە. [27] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1177).
وە سەبارەت بە ئافرەت دروستە بۆی بە هەر پۆشاکێک كە دەیەوێت ئیحرام ببەستێت، جا ڕەش بێت یان سەوز یان جگە لەوانە، لەگەڵ ئاگاداربوون لە خۆچواندن بە پیاوان لە پۆشاکەکانیاندا، بەڵام بۆی نییە لە کاتی ئیحرامەکەیدا نیقاب بپۆشێت و دەستکێش لەدەست بکات، بەڵکو دەم و چاو و لەپی دەستەکانی دادەپۆشێت بە شتێکی تر جگە لە نیقاب و دەستکێش؛ چونکە پێغەمبەر ﷺ نەهی كردووە لەوەی ئافرەتی موحریم نیقاب بپۆشێت و دەستکێش لەدەست بكات، وە تایبەتکردنی ئیحرامی ئافرەتان لەلایەن هەندێک لە خەڵکەوە بە ڕەنگی سەوز یان ڕەش جیا لە ڕەنگەکانی تر؛ ئەمە هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە.
پاشان دوای تەواوبوون لە خۆشۆردن و خۆپاککردنەوە و پۆشینی جلی ئیحرام، لە دڵیەوە نیەتی چوونە نێو ئەو دروشمە دەهێنێت کە مەبەستیەتی، لە حەج یان عومرە کردن؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ھەموو کاروکردەوەیەک بە نیەتە، وە ھەموو کەسێکیش بە پێی ئەو نیەتەی كە ھەیەتی پاداشت دەدرێتەوە»[28]. [28] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1907).
وە ڕێگەپێدراوە بۆی بە زمان نیەتەكەی دەرببڕێت، جا ئەگەر نیەتی عومرە بێت دەڵێت: (لَبَّيكَ عُمْرَةً) یان (اللَّهُمَّ لَبَّيكَ عُمْرَةً) واتە: خودایە وەڵامی بانگەوازیەكی تۆم دایەوە وعومرە ئەنجام دەدەم، وە ئەگەر نیەتی حەج بێت دەڵێت: (لَبَّيكَ حَجًّا) یان (اللَّهُمَّ لَبَّيكَ حَجًّا) واتە: خودایە وەڵامی بانگەوازیەكی تۆم دایەوە وحەج ئەنجام دەدەم؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەم کارەی ئەنجامداوە، وە ئەگەر نیەتی هەردووکیانی هێنا بەیەکەوە ئەوا تەلبیە دەكات و دەڵێت: (اللَّهُمَّ لَبَّيكَ عُمْرَةً وَحَجًّا)، واتە: خودایە وەڵامی بانگەوازیەكی تۆم دایەوە وعومرە وحەج ئەنجام دەدەم، وە باشتر وایە ووتنی ئەمە دوای ئەوە بێت کە جێگیر دەبێت لەسەر سوارییەکەی جا ئاژەڵ بێت یان ئۆتۆمبێل یان جگە لەمانەیش؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دوای ئەوەی لەسەر وڵاخەکەی جێگیر بوو ئینجا نیەتی هێناوە وئەمە ڕاستترین وتەی زانایانە.
وە دەربڕینی نیەت بە دەنگ دروست نییە تەنها لە کاتی ئیحرامدا نەبێت، چونکە لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم-.
بەڵام سەبارەت بە نوێژ و تەواف و جگە لەمانەیش، ئەوا نابێت لە هیچ یەكێكیاندا نییەت بە زوبان دەرببڕێت، بۆیە بە زوبانی ناڵێت: نییەتم وایە فڵان نوێژ بکەم، یان نییەتم وایە فڵان تەواف بکەم، دەربڕینی نییەت بە زوبان بیدعە وداهێنراوە، ووتنی نیەتەكە بە دەنگی بەرز ناشیرینترە و تاوانەکەی گەورەترە، خۆ ئەگەر دەربڕینی نییەت بە زوبان کارێکی ڕێگەپێدراو بووایە، ئەوا پێغەمبەر -صلی اللە علیە وسلم- ڕوونی دەکردەوە بۆ ئوممەتەکەی بە وتە یان بە کردار، وە پێشینە چاکەکان پێشمان دەکەوتن لە ئەنجامدانیدا.
لەکاتێکدا ئەمە نەگێڕدراوەتەوە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-، و نە لە هاوەڵەکانییەوە -ڕەزای خودایان لێبێت-، دەزاندرێت ئەم کارە بیدعەیە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «وخراپترین کاروباریش بریتیە لە داهێنراوەکان، وهەموو بیدعەیەک گومڕاییە» [29] موسلیم گێڕاویەتیەوە لە سەحیحەکەیدا، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەوەی کردەوەیەک دابهێنێت لەم دینەی ئێمە کە لە بنەڕەتدا تێیدا نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوە ڕەت دەکرێتەوە» [30] بوخاری وموسلیم بە هاوبەشی گێڕاویانەتەوە ولە گێڕانەوەیەکى موسلیم دا هاتووە: «ھەرکەسێک کردەوەیەک بکات کە فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوەیە وەرناگیرێت وڕەتدەکرێتەوە» [31]. [29] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (867). [30] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2697)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1718). [31] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2550)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1718).
سەبارەت بە میقاتە شوێنییەکان و دیاریکردنیان
میقاتە شوێنییەکان بریتین لەو شوێنانەی کە پێغەمبەر ﷺ دیاری کردووە بۆ ئیحرام بەستن بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە، میقاتە شوێنیەكان پێنجن:
یەکەم: زو ئەلحولەیفە -ذو الحليفة-، میقاتی خەڵکی مەدینەیە و ئەمڕۆ خەڵکی پێی دەڵێن: ئەبیار عەلی.
دووەم: ئەلجوحفە -الجحفة-، میقاتی خەڵکی شامە، گوندێکی چۆڵە لە نزیک رابیغ، و خەڵکی ئەمڕۆ لە رابیغەوە ئیحرام دەبەستن، و هەرکەسێک لە رابیغەوە ئیحرام ببەستێت هیچ کێشەیەکی نیە؛ چونکە رابیغ کەمێک لە پێش ئەلجوحفەوەیە.
سێیەم: قەرن ئەلمەنازیل -قرن المنازل-؛ میقاتی خەڵکی نەجدە، وە ئێستا پێی دەووترێت: ئەلسەیل.
چوارەم: یەلەملەم، میقاتی خەڵکی یەمەنە.
پێنجەم: زات عیرق -ذات عرق-، میقاتی خەڵکی عێراقە.
وئەم میقاتانە پێغەمبەر ﷺ دیاریکردوون بۆ ئەو کەسانەی کە باسمان کردن، هەروەها بۆ هەر کەسێکی تریش کە پیایاندا تێدەپەڕێت، و دەیەوێت حەج یان عومرە ئەنجام بدات.
وە واجبە لەسەر ئەو کەسەی پیایاندا تێدەپەڕێت ومەبەستی حەج یان عومڕەیە کە لەوێوە ئیحرام ببەستێت، و حەرامە لەسەری پیایاندا تێپەڕ ببێت بە بێ ئیحرام بەستن؛ ئەگەر مەبەستی مەککە بێت وبیەوێت حەج یان عومرە ئەنجام بدات، جا تێپەڕبوونەکەی پیایاندا لە ڕێگەی وشکانیەوە بێت یان لە ئاسمانەوە؛ ئەمیش بەهۆی گشتگیری فەرموودەكەی پێغەمبەر ﷺ کاتێک كە ئەم میقاتانەی دیاریکرد: «ئەو شوێنانە (میقاتن) بۆ ئەو خەڵكانەی لەو شوێنانەوە دێن، و بۆ ئەوانەیشی بەو شوێنانەدا تێپەڕ دەبن لەكاتێكدا خەڵكی ئەو شوێنانە نین، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت حەج و عومرە ئەنجام بدەن» [32]. [32] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1524)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1181).
وە ئەو كەسەی بە فڕۆكە ڕوو لە مەككە دەكات بە مەبەستی ئەنجامدانی حەج یان عومرە؛ ئەوەی شەرعی و دروستە بۆی ئەوەیە كە خۆی بۆ ئامادە بكات پێش ئەوەی سواری فڕۆكە بێت، جا ئەگەر لە میقات نزیك بوویەوە پۆشاکی ئیحرام لەبەر دەكات وپاشان تەلبیە دەكات بۆ ئەنجامدانی عومرە، وئەگەر كاتەكە كەم بوو ئەوا تەلبیە دەكات بۆ ئەنجامدانی حەج، خۆ ئەگەر پۆشاکی ئیحرامی لەبەر كرد پێش سواربوونی فڕۆكە یان پێش نزیكبوونەوە لە میقات، ئەوا هیچ كێشەیەكی تێدا نییە، بەڵام نیەتی حەج یان عومرە ناهێنێت و تەلبیەی بۆ ناكات، هەتاوەكو دەگاتە ئاستی میقات یان لێی نزیك دەبێتەوە؛ چونكە پێغەمبەر ﷺ تەنها لە میقاتەوە نیەتی ئیحرامی هێناوە، و واجبە لەسەر موسوڵمانان كە لەم بابەتەدا شوێنی ئەو بكەون ﷺ، هەروەكو چۆن لە كاروبارەكانی تری دیندا شوێنی دەكەون؛ بە بەڵگەی فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿سوێند بە خودا بەڕاستی لە پێغەمبەری خودا ﷺ سەرمەشق وپێشەوای چاکی ئێوەیە...﴾ [الأحزاب: 21]. وە پێغەمبەری خودا ﷺ لە حەجی ماڵئاواییدا فەرمووی: «ڕێوڕەسمەكانتان لە منەوە وەربگرن» [33]. [33] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1297).
بەڵام هەرکەسێک بەرەو مەککە بڕوات و نیەتی ئەنجامدانی حەج و عومرەی نەبێت؛ وەک بازرگان، و داربڕ، و نامەبەر و هاوشێوەکانیان، ئەوا ئیحرام بەستنی لەسەر نییە مەگەر خۆی ئارەزووی لێی بێت؛ بەهۆی فەرموودەكەی پێغەمبەر ﷺ كە پێشتر باسكرا سەبارەت ڕوونكردنەوەی میقاتەکان: «ئەو شوێنانە (میقاتن) بۆ ئەو خەڵكانەی لەو شوێنانەوە دێن وبۆ ئەوانەیشی بەو شوێنانەدا تێپەڕ دەبن؛ لەكاتێكدا خەڵكی ئەو شوێنانە نین ودەیانەوێت حەج و عومرە ئەنجام بدەن» [34]، کەواتە ئەوەی لێ تێدەگەین کە هەرکەسێک بە میقاتەکاندا تێپەڕ ببێت و نیەتی حەج و عومرەی نەبێت، ئەوا ئیحرامی لەسەر نییە. [34] سەرچاوەكەی پێشتر باسكرا.
وە ئەمەیش لە ڕەحمەت و ئاسانکاری خودای گەورەیە بۆ بەندەکانی، جا سوپاس و ستایش هەر شایستەی خودایە لەسەر ئەمە، هەروەها بەڵگەی تریش لەسەر ئەم باسە ئەوەیە کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ساڵی فەتحکردنی مەککەدا هاتە نێو مەككەوە، ئیحرامی نەبەست، بەڵکو کڵاوی ئاسنینی جەنگی لەسەردا بوو کاتێک چووە نێو مەككەوە؛ چونکە ئەو کات مەبەستی ئەنجامدانی حەج وعومرە نەبوو، بەڵکو تەنها ویستی فەتح وڕزگارکردنی مەککە بوو، وە لابردنی ئەو شیرک وهاوبەشدانانەی تێیدا بوو.
بەڵام ھەرکەسێک ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی لەپاش میقاتەکان بێت؛ وەک دانیشتوانی جدە، وئوم سەلم، و بەحرە، وشەرائیع، و بەدر، ومەستورە و هاوشێوەکانیان، ئەوا پێویست نییە لەسەری بڕوات بۆ هیچ یەكێک لەو پێنج میقاتەی کە پێشتر باسکرا، بەڵکو شوێنی نیشتەجێبوونەکەی خۆی میقاتیەتی و هەر لەوێوە ئیحرام دەبەستێت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرە، وە ئەگەر ماڵێکی تری هەبوو لە دەرەوەی میقات ئەوا سەرپشکە ئەگەر ویستی لە میقاتەکەوە ئیحرام دەبەستێت، وە ئەگەریش ویستی لەو ماڵەیەوە ئیحرام دەبەستێت کە نزیکترە لە مەککەوە بە بەراورد لەگەڵ میقاتەکە، ئەمیش بە بەڵگەی گشتگیری ئەم فەرموودەیەی كە ئیبن عەباس دەیگێڕێتەوە لە پێغەمبەرەوە -صلی اللە علیە وسلم-؛ کاتێک باسی میقاتەکانی کرد، فەرمووی: «جا ئهوهی شوێنهكهی له خوار ئهو میقاتانهوه بێت، ئهوا له شوێنی نیشتهجێبوونی خۆیهوه تەلبیە دەكات -وئیحرام دهبهستێت- [35]، ههروهها خهڵكی مهككهیش له مهككهوه ئیحرام دهبهستن» [36] بوخاری وموسلیم گێڕاویانەتەوە. [35] مەبەست ئەوەیە: تەلبیە دەكات لە شوێنی نیشتە جێبونی خۆیەوە. [36] بەشێکە لە فەرموودەكەى پێشوو.
بەڵام هەرکەسێک بیەوێت عومرە بکات وشوێنی نیشتەجێبوونی لەناو حەڕەمدا بێت، ئەوا پێویستە لەسەری دەربچێت بۆ هەر شوێنێك لە دەرەوەی سنووری حەرەمی مەككە و لەوێوە ئیحرام بۆ عومرە ببەستێت؛ چونکە کاتێک عائیشە -ڕەزای خودای لێبێت- داوای ئەنجامدانی عومرەی لە پێغەمبەر ﷺ کرد، ئەویش فەرمانی بە براکەی (عبد الرحمن) کرد لەگەڵیدا دەربچێت بەرەو (حیل) بۆئەوەی لەوێوە ئیحرام ببەستێت، ئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسەی عومرە دەکات لە حەڕەمەوە ئیحرام بۆ عومرە نابەستێت، بەڵکو لە (حیل)ەوە ئیحرامی بۆ دەبەستێت.
وە ئەم فەرموودەیە فەرموودەكەی ئیبن عەباس تایبەت دەکاتەوە كە پێشتر باسكرا، و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کاتێك پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «هەتا خەڵكی مەككە لە مەككەوە تەلبیە دەكەن -وئیحرام دەبەستن-» [37]، مەبەستی ئەوە بوو كە تەلبیە كردن وئیحرام بەستن بۆ حەج كردنە نەک بۆ عومرە، چونکە ئەگەر تەلبیە كردن وئیحرام بەستن بۆ عومرە دروست بوایە لە حەرەمەوە، ئەوا ڕێگەی دەدا بە عائیشە -ڕەزاى خوداى لێبێت- لەمەدا و ناچاری نەدەکرد کە بچێتە دەرەوەی حەرەم بۆ (حل)، وە ئەمە بابەتێکی ڕوونە، وە وتەی زۆرینەی زانایانە -ڕەحمەتی خودایان لێبێت-، وە ئەمە سەلامەتترە بۆ باوەڕدار؛ چونکە کارکردنە بە هەردوو فەرموودەکە پێکەوە، و خودا ڕێنموێنیكارە. [37] هەمان سەرچاوەى پێشوو.
بەڵام ئەو كارەی هەندێك كەس ئەنجامی دەدەن كە بریتییە لە زۆر عومرەكردن لە دوای حەج لە (تەنعیم) یان (جیعرانە) یان لە شوێنێكی ترەوە؛ لە كاتێكدا پێشتر پێش حەج كردنەكەی عومرەی ئەنجامداوە، هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ڕێگەپێدراوی ئەم كارە، بەڵكو بەڵگەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە باشتر وایە وازی لێ بهێنرێت؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانی -ڕەزای خودایان لێبێت- عومرەیان ئەنجام نەداوە لە دوای تەواوبوونی حەج كردنیان، وعائیشە لە (تەنعیم)ەوە عومرەی ئەنجام دا، چونكە ئەو لەگەڵ خەڵكیدا عومرەی نەكردبوو كاتێك چوونە ناو مەككەوە؛ ئەمیش بەهۆی سوڕی مانگانەوە، بۆیە داوای لە پێغەمبەر كرد -صلى اللە علیە وسلم- كە عومرەیەك ئەنجام بدات لە بری ئەو عومرەیەی كە ئیحرامی بۆ بەستبوو لە میقاتەوە، پێغەمبەریش -صلى اللە علیە وسلم- ڕازی بوو بە داواكەی، وبەم شێوەیە دوو عومرەی ئەنجامدا: ئەو عومرەیەی كە لەگەڵ حەجەكەیدا بوو، وئەم عومرە یەش، جا هەركەسێك وەك عائیشە بێت ئەوا ئاساییە كە عومرە ئەنجام بدات لە دوای تەواوبوونی حەجەكەی؛ بۆ پەیڕەوكردنی هەموو بەڵگەكان، وئاسانكاریە بۆ مسوڵمانان.
گومانی تێدا نییە كە سەرقاڵبوونی حاجیان بە عومرەیەكی ترەوە پاش تەواوبوونی حەجەكەیان، جگە لەو عومرەیەی كە پێی چوونەتە ناو مەككەوە؛ ئەمە ناڕەحەتی لەسەر هەمووان دروست دەكات، و دەبێتە هۆی زۆربوونی قەرەباڵەغی و ڕووداوەكان، هەروەها ئەمە پێچەوانەی ڕێبازی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- و سوننەتەكەیەتی، خودای گەورە ڕێنموێنیمان بكات.
بابەتێک
سەبارەت بە حوکمی ئەو کەسەی دەگاتە میقات لە جگە لە مانگەکانی حەجدا
بزانە، ئەو كەسەی دەگاتە میقات دوو حاڵەتی هەیە:
بگاتە ئەوێ لە مانگێک جگە لە مانگەكانی حەج، وەک ڕەمەزان و شەعبان، ئەوا سوننەت وایە بۆ ئەم کەسە کە ئیحرام بۆ عومرە ببەستێت، جا لە دڵیەوە نیەتی بۆ دەهێنێت و بە زمانیشی دەیڵێت: (لَبَّيكَ عُمْرَةً) یان (اللَّهُمَّ لَبَّيكَ عُمْرَةً) واتە: خودایە وەڵامی بانگەوازیەكی تۆم دایەوە وعومرە ئەنجام دەدەم، پاشان تەلبیە دەکات بە تەلبیەکەی پێغەمبەر ﷺ کە بریتییە لە: «لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ، لَبَّيْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ لَبَّيْكَ، إِنَّ الحَمْدَ وَالنِّعْمَةَ لَكَ وَالمُلْكَ، لَا شَرِيكَ لَكَ» واته: خودایە وەڵامی بانگەوازی تۆم دایەوە، وەڵامی بانگەوازی تۆم دایەوە، وەڵامی بانگەوازی تۆم دایەوە هیچ هاوبەش وشەریکێکت نیە، وەڵامی بانگەوازی تۆم دایەوە، بە دڵنیاییەوە هەموو حەمد وسوپاس ونیعمەت وموڵکێک تەنها بۆ تۆیە، هیچ هاوبەش وهاوەڵێکت نییە[38]. وە زۆر تەلبیە و یادی خودای گەورە دەکات هەتاوەکو دەگاتە ماڵی خودا (کەعبە)، جا کاتێک گەیشتە ماڵی خودا واز لە تەلبیە کردن دێنێت، و حەوت جار تەوافی ماڵی خودا دەکات، و لەپشت مەقامەوە دوو ڕکات نوێژ دەکات، پاشان دەچێت بۆ سەفا و حەوت جار دێت ودەڕوات -سەعی دەكات- لە نێوان سەفا و مەڕوەدا، پاشان سەری دەتاشێت یان کورتی دەکاتەوە، و بەم شێوەیە عومرەکەی تەواو دەبێت و هەموو ئەو شتانەی كە بەهۆی ئیحرامەوە لێی حەرام بوو، بۆی حەڵاڵ دەبێتەوە. [38] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1549)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1184).
دووەم: بگاتە میقات لە مانگەکانی حەجدا، ئەوانیش بریتین لە: شەوال، و زولقەعدە -ذو القعدة-، و دە ڕۆژی یەکەم لە ذولحیجە -ذو الحجة-.
دەی ئەم كەسە سەرپشک دەکرێت لە نێوان سێ شتدا، ئەوانیش: تەنها ئەنجامدانی حەج، یان تەنها عومرە، یان ئەنجامدانی هەردووکیان پێکەوە؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کاتێک گەیشتە میقات لە مانگی -زولقەعدە-دا لەکاتی حەجی ماڵئاوایی، هاوەڵانی سەرپشک کرد لەنێوان ئەم سێ ڕێوڕەسمەدا، بەڵام سوننەت وایە بۆ ئەم کەسەیش ئەگەر ئاژەڵی هەدی لەگەڵدا نەبوو؛ کە ئیحرام ببەستێت بۆ عومرە، وە هەمان ئەو کارانە ئەنجام بدات کە باسمان کرد سەبارەت بەو کەسەی کە لە مانگەکانی تردا دەگاتە میقات جگە لە مانگەكانی حەج؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی بە هاوەڵانی کرد کاتێک لە مەککە نزیک بوونەوە؛ ئیحرامەکەیان بکەنە عومرە، وە لە مەککەدا جەختی لەسەر ئەمە کردەوە، بۆیە ئەوانیش تەواف و سەعییان کرد و سەریان کورت کردەوە و لە ئیحرام چونە دەرەوە وەك گوێڕایەڵییەك بۆ فەرمانەكەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، جگە لەو کەسەی کە ئاژەڵی هەدی لەگەڵدا بوو؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی پێکرد لەسەر ئیحرامەکەی بمێنێتەوە هەتا ڕۆژی جەژنی قوربان لە ئیحرامەکەی دەچێتە دەرەوە. وە ئەو كەسەی ئاژەڵی قوربانی لەگەڵ خۆی بردووە؛ سوننەت بۆی ئەوەیە کە ئیحرام ببەستێت بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە بەیەكەوە؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەم کارەی کردووە، وئاژەڵی هەدی لەگەڵ خۆیدا بردبوو، وفەرمانی بەو هاوەڵانەی کرد کە ئاژەڵی هەدیان لەگەڵ خۆیان بردبوو وئیحرامیان بۆ عومرە بەستبوو؛ کە نیەتی حەجیش بهێنن لەگەڵ عومرەکەیاندا، و لە ئیحرام دەرنەچن هەتاوەکو کۆتایی بە ئیحرامی هەردووکیان دەهێنن بەیەکەوە لە ڕۆژی جەژندا، هەروەها ئەو كەسەی ئاژەڵی هەدی لەگەڵ خۆی بردبوو، وئیحرامی تەنها بۆ حەج بەستبوو ئەوا ئەمیش لەسەر ئیحرامەکەی دەمێنێتەوە هەتاوەکو لە ڕۆژی جەژندا کۆتایی بە ئیحرامەکەی دێنێت، هەروەکو ئەو کەسەی كە حەجی قیران ئەنجام دەدات.
وبەمەش زانرا: هەر كەسێك ئیحرامی بەست بە تەنها بۆ ئەنجامدانی حەج، یان بۆ حەج وعومرە و ئاژەڵی هەدی لەگەڵدا نەبوو، ئەوا نابێت لەسەر ئیحرامەكەی بمێنێتەوە، بەڵكو سوننەت وایە ئیحرامەكەی بگۆڕێت بۆ عومرە؛ وتەواف وسەعی دەكات و قژی کورت دەکاتەوە و لە ئیحرامەکەی دەردەچێت، هەروەكو چۆن پێغەمبەر ﷺ فەرمانی بەو هاوەڵانەی كرد كە ئاژەڵی هەدیان پێنەبوو، مەگەر بۆ كەسێك ترسی لەدەستچوونی كاتی حەجی هەبێت؛ بەهۆی درەنگ گەیشتنەوە ئەوا لەم حاڵەتەدا ئاساییە لەسەر ئیحرامەكەی بمێنێتەوە، وخودا زاناترە.
وە ئەو کەسەی ئیحرامی بەستووە ئەگەر ترسا لەوەی نەتوانێت کارەکانی تەواو بکات بەهۆی نەخۆشی یان ترسی لە دوژمن هەیە وهاوشێوەی ئەمانە، ئەوا سوننەتە بۆی لە کاتی ئیحرام بەستنیدا بڵێت: (فَإِنْ حَبَسَنِي حَابِسٌ فَمَحِلِّي حَيْثُ حَبَسْتَنِي) واتە: ئەگەر شتێك منی وەستاند وبووە ڕێگر ئەوا كۆتایی بە ئیحرامەكەم دەهێنم لەو شوێنەی منت وەستاند؛ بە بەڵگەی فەرموودەکەی زوباعەی کچی زوبەیر -ڕەزای خودای لێبێت-، کە ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، من دەمەوێت حەج بکەم وگومانم هەیە، پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- پێی فەرموو: «حەج بكە ومەرج دابنێ -بڵێ: كە كۆتایی بە ئیحرامەكەم دەهێنم- لەو شوێنەی منت وەستاند»[39]. بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی فەرموودەکەیان گێڕاوەتەوە [39] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (5089)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1207).
وە سوودی ئەم مەرجە ئەوەیە: کە کەسی موحریم ئەگەر شتێکی هاتە پێش کە ڕێگری لێبکات لە تەواوکردنی کارەکانی، وەک نەخۆشی یان ڕێگری دوژمن، ئەوا ڕێگەپێدراوە کۆتایی بهێنێت بە ئیحرامەکەی وهیچ شتێکی لەسەر نییە.
بابەتێک
سەبارەت بە حوکمی حەجكردنی منداڵ، ئایا شوێنی حەجی فەرز دەگرێتەوە بۆی؟
حەجی منداڵ كوڕ یان كچ دروستە؛ بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە، لە عبد اللە ی كوڕی عەباسەوە خودایان لێ ڕازی بێت کە ئافرەتێک منداڵێکی بەرزکردەوە لەلای پێغەمبەر ﷺ، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، ئایا ئەم منداڵە بۆی هەیە حەج بکات؟ ئەویش فەرمووی: «بەڵێ، و تۆیش پاداشتت بۆ هەیە»[40]. [40] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1336).
وە لە سەحیحی بوخاریدا دا هاتووە کە سائیب کوڕی یەزید -ڕەزای خودای لێبێت- ووتی: «حەجیان پێکردم لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، لەکاتێکدا حەوت ساڵان بووم»[41]. بەڵام ئەم حەجە شوێنی حەجی فەرزیان بۆ ناگرێتەوە. [41] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1858).
وهەروەها کۆیلە و کەنیزەک حەجیان دروستە، بەڵام حەجی فەرز لە ئەستۆیان دەمێنێت؛ بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی لە ئیبن عەباسەوە هاتووە -ڕەزای خودایان لێبێت-، کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «ھەر مناڵێک حەجی کرد، پاشان باڵغ بوو، ئەوا پێویستە لەسەری حەجێکی تر بکاتەوە، وە ھەر کۆیلەیەک حەجی کرد، پاشان ئازاد کرا، ئەوا دەبێت حەجێکی تریش بکات»[42] فەرموودەکە ئیبن ئەبی شەیبە وبەیهەقی بە ئیسنادێكی باش -حسن گێڕاویانەتەوە. [42] ئیبن ئەبی شەیبە گێڕاویەتیەوە، (4/444).
پاشان ئەگەر مداڵێک نەگەیشتبێتە تەمەنی جیاكاری -تەمييز-، سەرپەرشتیارەکەی لە جیاتی ئەو نیەتی ئیحرامی بۆ دەهێنێت، و جلی دووراوی لەبەر دادەکەنێت و لە جیاتی ئەو تەلبیە دەكات، و بەم شێوەیە منداڵەکە دەچێتە نێو حاڵەتی ئیحرامەوە، وئەو شتانەی لەسەر کەسێکی پێگەیشتووی ئیحرام بەستوو قەدەغەیە؛ لەسەر ئەمیش قەدەغە دەبێت، و پێویستە لە کاتی تەوافدا جلوبەرگ و لەشیان پاک بێت؛ چونکە تەواف کردن هاوشێوەی نوێژە، و پاکژی مەرجە بۆ دروستبوونی.
وە ئەگەر منداڵ گەیشتە تەمەنی جیاکاری وتەمیز، ئەوا بە ڕوخسەتی سەرپەرشتیارەکەیان ئیحرام دەبەستن، و لە کاتی ئیحرامدا هەمان ئەو کارانە ئەنجام دەدەن کە کەسێکی پێگەیشتوو دەیکات؛ وەکو خۆشۆردن وبۆن لە خۆدان و هاوشێوەکانیان، و سەرپەرشتیارەکەیان ئەو کەسەیە کە هەڵدەستێت بە بەڕێوەبردنی کاروباریان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، جا باوکیان بێت یان دایکیان یان کەسێکی دیکە، و سەرپەرشتیارەکەیان لە جیاتی ئەوان ئەو کارانە ئەنجام دەدات کە ناتوانن بیکەن، وەک بەرد هاویشتنی جەمەڕات و هاوشێوەکانی، و پێویستە لەسەریان ڕێوڕەسمەکانی دیکە ئەنجام بدەن، وەکو ڕاوەستان لە عەرەفە، و مانەوە لە مینا و موزدەلیفە، و تەواف و سەعی. وە ئەگەر نەیانتوانی تەواف وسەعی بكەن، ئەوا بە هەڵگیراوی تەواف وسەعییان پێ دەکرێت، و باشتر وایە بۆ ئەو کەسەی كە هەڵیان دەگرێت؛ تەواف وسەعی هاوبەش نەکات بۆ خۆی وبۆ ئەوانیش، بەڵکو نیەتی تەواف وسەعیەکە بۆ ئەوان بهێنێت، و بۆ خۆی بە جیا تەوافێکی سەربەخۆ و سەعیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدات؛ ئەمیش بۆ زیاتر دڵنیابوون لە پەرستنەكە، و وەكو کارکردنێك بە فەرموودەی: «واز لەو شتانە بھێنە کە گومانت تیایاندا ھەیە، بۆ شتانێک کە گومانت نیە» [43]. ئەو كەسەی منداڵەكە هەڵدەگرێت ئەگەر نیەتی تەوافی هێنا بۆ خۆی و بۆ منداڵەكەیش، ئەوا ئەم تەوافە بەسە بۆی لە ڕاستترینی دوو وتەدا؛ چونکە ئەو ئافرەتەی کە پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد دەربارەی حەجی منداڵەکە؛ ئەو -صلى الله علیه وسلم- فەرمانی پێنەکرد کە تەوافێكی سەربەخۆ بۆ منداڵەكە بکات، وە ئەگەر ئەوە واجب بووایە ڕوونی دەکردەوە، وە خودای گەورە ڕێنموێنیكارە. [43] تیرمزی گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2518).
وە فەرمانیش بە کوڕ و کچێک گەیشتبنە تەمەنی جیاکاری وتمیز دەکرێت بە خۆپاككردنەوە لە بێدەستنوێژی و پیسی پێش دەستپێکردنی تەواف، هەروەكو كەسی پێگەیشتووی موحریم، و ئیحرام بەستن لە جیاتی کوڕ و کچی بچووک واجب نییە لەسەر سەرپەرشتیارەكەیان، بەڵکو سوننەتە، جا ئەگەر سەرپەرشتیارەكە ئەم کارەی کرد ئەوا پاداشتی بۆ هەیە، وە ئەگەر ئەنجامی نەدا ئەوا هیچ شتێكی لەسەر نییە، وە خودا زاناترە.
بابەتێک
سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی قەدەغەكراوەكانی ئیحرام و ئەو شتانەی ڕێگەپێدراون بۆ کەسی موحریم
ئەو کەسەی لە ئیحرامدایە لە پاش ووتنی نیەتی ئیحرام - جا پیاو بێت یان ئافرەت -؛ دروست نیە بۆی مووی لاشەی لابەرێت یان نینۆكی بكات، یان خۆی بۆنخۆش بكات.
هەروەها دروست نییە بۆ پیاو بەتایبەتی کە پۆشاکی دووراو لەبەر بکات بەسەر هەموو جەستەوەیە، واتە: ئەو پۆشاکەی کە بە ئەندازەی بەشەكانی جەستە بڕاوە و دووراوە، وەک کراسی درێژ یان كورت، یان بەسەر بەشێکیەوە؛ وەک فانیلە و شەرواڵ، و خوف وگۆرەوی، مەگەر بۆ كەسێك نەبێت كە (ئیزار)ی دەست نەکەوێت؛ دروستە بۆی شەرواڵ لەپێ بکات، هەروەها ئەو کەسەی نەعلی دەست نەکەوێت دروستە بۆی خوف لەپێ بکات بەبێ بڕینی؛ بە بەڵگەی فەرموودەکەی ئیبن عەباس -ڕەزای خودایان لێبێت- کە لە هەردوو سەحیحدا هاتووە لە پێغەمبەرەوە ﷺ كە فەرموویەتی: «هەرکەسێک نەعلی دەستنەکەوت؛ ئەوا با خوفەكان لە پێ بکات، و هەرکەسێک ئیزاری دەستنەکەوت؛ ئەوا با شەڕواڵ لە پێ بکات»[44]. [44] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1841)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1179).
بەڵام ئەوەی لە فەرموودەکەی ئیبن عومەردا هاتووە -ڕەزای خودایان لێبێت- سەبارەت بە فەرمانکردن بە بڕینی خوفەکان ئەگەر کەسێک پێویستی بە لەپێکردنیان بێت؛ بەهۆی نەبوونی نەعل، ئەمە هەڵوەشێنراوەتەوە -نەسخکراوەتەوە-، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە مەدینە فەرمانی بەمە کرد؛ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کەسی موحریم چی جلێک لەبەر بکات، پاشان کاتێک وتاری بۆ خەڵکی دا لە عەرەفات، ڕێگەی دا بە لەپێکردنی خوفەکان ئەگەر نەعل دەستنەكەوت، و فەرمانی نەکرد بە بڕینیان، و لەم وتارەدا ئەو کەسانە ئامادەبوون کە وەڵامەکەی ئەویان نەبیستبوو لە مەدینەدا، و دواخستنی ڕوونکردنەوە لە کاتی پێویستیدا دروست نییە، هەروەکو لە هەردوو زانستی فەرموودە وفیقهـدا زانراوە، ئەمەیش دەیسەلمێنێت کە فەرمانكردن بە بڕینی خوفەكان؛ هەڵوەشێنراوەتەوە، و ئەگەر واجب بووایە ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونی دەکردەوە، وخودا زاناترە.
وە ڕێگە دراوە بە کەسی موحریم ئەو خوفانە لەپێبكات کە لە خوارەوەی گوێزنگەكانن؛ چونکە ئەمانە هاوشێوەی نەعلن.
ودروستە بۆ موحریم كە ئیزار گرێ بدات و بیبەستێتەوە بە پەتێك وهاوشێوەی؛ بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەر قەدەغەکردنی.
وە دروستە بۆ موحریم خۆی بشوات و سەری بشوات و بیخورێنێت ئەگەر پێویستی بەوەبوو بە ھێمنی و لەسەرخۆیی، جا ئەگەر بەهۆی ئەوەوە شتێک لە سەری کەوتەخوارەوە، ئەوا هیچی لەسەر نییە.
وە حەرامە لەسەر ئافرەتی موحریم کە ڕووی بە شتێکی دووراو دابپۆشێت، وەک نیقاب، یان دەستکێش لەدەست بکات؛ بەهۆی ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم-: «وە ئەو ئافرەتەی لە حاڵەتی ئیحرامدایە نابێت نیقاب بکات، وە نابێت دەستکێش لەدەست بکات» [45] بوخاری گێڕاویەتیەوە. و دەستکێش: بریتییە لەوەی کە لە خوری یان لۆکە یان جگە لەمانەیش بە قەبارەی دەستەکان دووراوە یان چنراوە. [45] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1838).
وە کەلوپەلی دووراو جگە لەم دووانە، بۆ ئافرەت ڕێگەپێدراوە؛ وەک كراس، و شەڕواڵ، و خوف، و گۆرەوی و هاوشێوەکانی.
وە هەروەها دروستە بۆی کە سەرپۆشەکەی شۆڕبکاتەوە بەسەر ڕوویدا ئەگەر پێویستی بەوە بوو، بەبێ ئەوەی بیبەستێتەوە، وە ئەگەر سەرپۆشەکە بەر ڕووی کەوت، ئەوا هیچ شتێکی لەسەر نییە؛ بە بەڵگەی فەرموودەکەی عائیشە -ڕەزای خودای لێبێت- کە دەڵێت: «ڕێبواران بە لاماندا تێدەپەڕین، و ئێمە لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە ئیحرامدا بووین، کاتێک دەگەیشتنە بەرامبەرمان یەکێک لە ئێمە لەچکەکەی لە سەریەوە شۆڕدەکردەوە بەسەر ڕوخساریدا، کاتێکیش تێدەپەڕین، لامان دەبرد» [46] ئەبو داود، وئیبن ماجه، وە دارقوتنی گێڕاویانەتەوە لە فەرموودەی ئومو سەلەمە بە هاوشێوەی فەرموودەکەی عائیشە [46] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1833).
وە هەروەها دروستە دەستەكانی بە پۆشاكەكەی یان شتێكی تر دابپۆشێت، وە واجبە ڕوو و دەستەكانی دابپۆشێت لە كاتی ئامادەبوونی پیاوی نامەحرەمدا؛ چونکە ڕوخسار ودەستەکان شەرمگەن -عەورەتن-، بە بەڵگەی فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿...وە جوانی خۆیان دەرنەخەن مەگەر بۆ مێردەکانیان نەبێت...﴾ [النور: 31]. وە گومانی تێدا نییە کە ڕوخسار و دەستەکان لەپێشترینی جوانیەكانن.
وە داپۆشینی ڕوخسار توندتر و زیاتر جەختی لەسەر كراوەتەوە، خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە ھەر کاتێك داوای شتێکی ناوماڵتان کرد لە (ھاوسەرەکانی پێغەمبەر ﷺ) ئەوە لەپشتی پەردەوە لێیان داوا بکەن ئەو شێوە داوا کردنە لەپێشترە بۆ دڵی ئێوە و ئەوانیش...﴾ [الأحزاب: 53].
بەڵام ئەو کارەی کە بووە بە خووی زۆرێک لە ئافرەتان؛ ئەمیش بریتیە لە دانانی سەربەستێک لەژێر لەچکەکەوە بۆ ئەوەی لەچكەكە لەسەر ڕووی بەرز بکاتەوە، ئەوا بەپێی زانستی ئێمە ئەم كارە هیچ بنچینەیەکی لە شەرعدا نییە، خۆ ئەگەر ئەو کارە ڕێگەپێدراو بووایە ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئوممەتەکەی ڕوون دەکردەوە و لێی بێدەنگ نەدەبوو.
وە دروستە بۆ موحریمی پیاو و ئافرەت جلەکانی ئیحرامی بشوات لەبەر پیسی یان شتی هاوشێوەی، هەروەها بۆی هەیە بیگۆڕێت بە جلی تر.
وە دروست نییە بۆ موحریم كە جلێک لەبەر بکات کە بۆندار کرابێت بە زەعفەران یان وەرس؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی لەمە کردووە لە فەرموودەکەى ئیبن عومەردا -ڕەزای خودایان لێبێت-.
وە واجبە لەسەر کەسی موحریم وازبهێنێت لە قسەی ناشیرین، و سەرجێیی وپێشەكیەكانی، و تاوان و گوناهـ، و مشتومڕ و دەمەقاڵێ؛ چونکە خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿(کاتی) حەج لەچەند مانگێکی دیاری کراودایە ئەمجا ھەرکەسێک لەم مانگانەدا حەجی لەسەر خۆی پێویست کرد ونییەتی هێنا با ئیتر نەچێتە لای ژن وە بەدکاری نەکات وە دەمەقاڵێ نەکات لەحەجدا...﴾ [البقرة: 197].
وبە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە فەرموویەتی: «ئەوەی حەج ئەنجام بدات، وقسەی خراپ وناڕەوا نەکات (نزیک نەبێتەوە لە خێزانی)، وتاوان وگوناهـ ئەنجام نەدات؛ ئەوا دەگەڕێتەوە لە حەج کردنەکەی وەک ئەو ڕۆژەی كە لە دایك بووە» [47]. (الرفث): جووتبوون، و قسە و کرداری ناشرینیش دەگرێتەوە، وە (الفسوق): واتا: تاوانەکان، وە (الجدال): واتا: مشتومڕ و دەمەقاڵێ کردن لەسەر شتی پووچەڵ و ناهەق، یان لەسەر شتێک کە سوودی تێدا نییە، بەڵام ئەو گفتوگۆیەی بە جوانترین شێوە بێت بۆ دەرخستنی هەق و ڕاستی و پووچەڵکردنەوەی ناهەقی؛ ئەوا دروستە، بەڵکو فەرمانی پێکراوە؛ بە بەڵگەی فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿(خەڵکی) بانگ بکە بۆ ڕێبازی پەروەردگارت بە دانایی و بە ئامۆژگاری جوان و چاک و شیرین وە لەگەڵیان بدوێ (موجادەلە بکە) بەچاکترین شێوە...﴾ [النحل: 125]. [47] بوخاری گێڕاویەتیەوە لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزاى خوادى لێبێت-؛ بە ژمارە (1521)، وموسلیم یش بە ژمارە (1350).
وە حەرامە لەسەر پیاوان لە کاتی ئحرامدا سەری دابپۆشێت بە شتێك پێیەوە بنووسێت؛ وەكو: كڵاو، وغوترە، وعەمامە یان هاوشێوەکانی، هەروەها ڕوویشی؛ بە بەڵگەی فەرموودەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەربارەی ئەو کەسەی لە ڕۆژی عەرەفە لەسەر وڵاخەکەی کەوتە خوارەوە و مرد: «بە ئاو وگەڵای کنار بیشۆن، و بە پۆشاکی ئیحرامی کفنی بکەن، وسەر و ڕوخساری دامەپۆشن، چونکە لە ڕۆژی قیامەت لەسەر تەلیبە کردن زیندوو دەکرێتەوە» [48] بوخاری و موسلیم بە هاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە. [48] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1521)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1350).
بەڵام چوونە ژێر سەقفی ئۆتۆمبێڵ یان چەتر و هاوشێوەکانیان، ئەوا دروستە و هیچی تێدا نییە، هەروەکو چوونە ژێر خێمە و درەخت وایە؛ ولە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە پۆشاکێک سێبەری بۆ کرا لەکاتێکدا بەردەكانی -جەمرەی عەقەبە-ی دەهاویشت، هەروەها بە سەحیحی گێڕدراوەتەوە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- خێمەیەکی بۆ هەڵدرا لە نەمیرە، ئەویش لە ژێریدا مایەوە هەتاکو خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان لایدا لە ڕۆژی عەرەفەدا.
وە حەرامە لەسەر کەسی موحریم، چ پیاو بێت یان ئافرەت، ڕاوی نێچیری وشکانی بکات یان یارمەتی بدات لەو کارەدا یان نێچیر بترسێنێت ولە شوێنی خۆی دووری بخاتەوە، هەروەها گرێبەستی هاوسەرگیری، و جووتبوون، و خوازبێنی کردنی ئافرەت و كردنی پێشەكیەكانی جووتبوون لەگەڵ ئافرەت بە شەهوەتەوە؛ هەموو ئەمانە حەرامن، بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی کە عوسمان -خودای لێ ڕازی بێت- دەیگێڕێتەوە، کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: «نابێت کەسی موحریم هاوسەرگیری بکات، ونابێت سەرپەرشتیاری هاوسەرگیریش بۆ کەس بکات، و نابێت خوازبێنی بکات» [49] موسلیم گێڕاویەتیەوە، [49] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1409).
وە ئەگەر موحریم شتی دووراوی لەبەرکرد یان سەری داپۆشی یان بۆنی خۆشی لە خۆی دا؛ بەهۆی لەبیرچوون یان بە نەزانین، ئەوا فیدیەی لەسەر نییە، وە واجبە لەسەری لایببات کاتێک بەبیری دێتەوە یان دەزانێت، هەروەها ئەوەی قژی تاشی یان بەشێک لە مووی لاشەی کردەوە یان نینۆکەکانی کرد؛ بەهۆی لەبیرچوون یان بە نەزانین، ئەوا هیچ شتێکی لەسەر نییە بەپێی دروستترین بۆچوون.
وە کوشتنی ڕاوی حەرەم و یارمەتیدان بۆ کوشتنی بە ئامێرێک یان بە ئاماژە یان شتی هاوشێوەی ئەمانە؛ حەرامە لەسەر موسڵمان -موحریم بێت یان نا، نێر بێت یان مێ-.
وە ترساندنی ڕاو ودووخستنەوەی لە شوێنەکەی؛ حەرامە، وە هەروەها بڕینەوەی دارەکانی حەرەم و ڕووەکە سەوزەکانی و هەڵگرتنەوەی شتە ونبووەکانی؛ حەرامە، مەگەر بۆ کەسێک بیەوێت بەدوای خاوەنەکەیدا بگەڕێت؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەم شارە -واتە مەککە- حەرامکراوە بە هۆی حەرامکردنی خودای گەورە هەتا ڕۆژی قیامەت، دڕکەکانی ناشکێندرێت، وئەو ئاژەڵانەی کە ڕاو دەکرێن نابێت لە شوێنی خۆیان بترسێندرێن، وئەو شتانەی کە ونکراوە تێیدا نابێت هەڵبگیرێتەوە مەگەر بۆ ئەوە نەبێت کە خاوەنەکەی بناسرێتەوە، ونابێت گژوگیای هەڵبكەندرێت» [50] بوخاری وموسلیم بە هاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە. [50] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1834)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1353).
(المنشد): واتا ئەو كەسەی كە دەیەوێت خاوەنی شتە ونبووەكە بدۆزێتەوە، و (الخلا) واتا گیای تەڕ، وە مینا و موزدەلیفە لە حەرەمن، بەڵام عەرەفە لە دەرەوەی حەرەمە.
بابەتێک
سەبارەت بە ئەو کارانەی كە حاجی ئەنجامی دەدات لە کاتی چوونە نێو مەککە، و ڕوونکردنەوەی تەواف و چۆنیەتییەکەی دوای چوونە نێو مزگەوتی حەرام
کاتێک موحریم دەگاتە مەککە، سوننەتە پێش چوونە ژوورەوە بۆ نێو مەككە؛ خۆی بشوات، چونکە پێغەمبەر ﷺ ئەم کارەی کردووە، وە کاتێک دەگاتە مزگەوتی حەرام سوننەتە پێی ڕاستی پێش بخات و دەڵێت: (بِسْمِ اللهِ، وَالصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ عَلَى رَسُولِ اللهِ، أَعُوذُ بِاللهِ العَظِيمِ وَبِوَجْهِهِ الْكَرِيمِ وَسُلْطَانِهِ القَدِيمِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ، اللَّهُمَّ افْتَحْ لِي أَبْوَابَ رَحْمَتِكَ)، واتە: بەناوی خودای گەورە و سەڵات وسەلام لەسەر پێغەمبەری خودا، پەنا دەگرم بە خودای مەزن و بە ڕووە بەڕێزەکەی و بە دەسەڵاتە لەمێژینەکەی لە شەیتانی نەفرین لێکراو، خودایە دەرگاکانی ڕەحمەتی خۆتم بۆ بکەرەوە، وئەم نزایە دەڵێت لە كاتی چوونە نێو هەر مزگەوتێكی تر، وتایبەت نییە بە چوونە نێو مزگەوتی حەرام، وە بەگوێرەی زانیاری من؛ هیچ زیکرێکی دیاریکراو نییە سەبارەت بە چوونە نێو مزگەوتی حەرام کە لە پێغەمبەرەوە هاتبێت ﷺ.
کاتێك دەگاتە لای کەعبە چیتر تەلبیە ناڵێت پێش ئەوەی دەست بە تەواف بکات، ئەگەر تەمەتوعکار یان عومرەکار بوو، پاشان ڕوو دەکاتە بەردە ڕەشەکە، وبە دەستی ڕاستی دەستی لێدەدات و ماچی دەکات ئەگەر بۆی ئاسان بوو، و بە پاڵنان خەڵکی ئازار نەدا، و لە کاتی دەستدانی لە بەردەكە؛ دەڵێت: (بِسْمِ اللهِ وَاللهُ أَكْبَرُ) واتە: بە ناوی خودا، وخودا لە هەموو شتێك گەورەترە، یان دەڵێت: (اللهُ أَكْبَرُ). وە ئەگەر ماچکردنی بەردەكە زەحمەت بوو، بە دەستی یان بە گۆچانێک یان بە هاوشێوەیان دەستی لێدەدات، و ئەوەی دەستی پێی لێداوە ماچی دەکات، جا ئەگەر دەست لێدانیش زەحمەت بوو، تەنها ئاماژەی بۆ دەکات و دەڵێت: (الله أكبر)، و دەستی ماچ ناکات. وە مەرجە بۆ دروستی تەواف: کە تەوافکار پاک بێت لە بێ دەستنوێژی بچووک و گەورە؛ چونکە تەواف وەک نوێژ وایە، تەنها ئەوە نەبێت کە قسەکردنی تێدا ڕێگەپێدراوە، وە دەبێت کەعبە لەلای چەپیەوە بێت لە کاتی تەوافکردندا، وە ئەگەر لە سەرەتای تەوافەکەیدا بڵێت: (اللَّهُمَّ إِيمَانًا بِكَ، وَتَصْدِيقًا بِكِتَابِكَ، وَوَفَاءً بِعَهْدِكَ، وَاتِّبَاعًا لِسُنَّةِ نَبِيِّكَ مُحَمَّدٍ ﷺ) واتە: خودایە، ئەم کارە دەکەم بە باوەڕهێنان بە تۆ، و بە ڕاستدانانی کتێبەکەت -قورئان-، و وەفاداری بۆ پەیمانەکەت، و شوێنکەوتنی سوننەتی پێغەمبەرەکەت موحەمەد ﷺ، ئەوا شتێكی باشە؛ چونکە ئەمە لە پێغەمبەرەوە ﷺ گێڕدراوەتەوە، وە حەوت دەورە دەکات، وە لە سێ خولانەوەی یەکەمدا ڕەمل دەکات، وئەمە ئەو تەوافەیە كە ئەنجامی دەدات کاتێک یەکەم جار دەگاتە مەککە، ئینجا عومرەکار بێت، یان حەجی تەمەتوع ئەنجام بدات، یان ئیحرامی بەستبێت بەتەنها بۆ ئەنجامدانی حەج (ئیفراد)، یان حەج و عومرە پێکەوە بكات (قیران)، وە لە چوار خولانەوەكەی تردا ڕێكردنی ئاسایی دەکاتەوە، وهەموو خولانەوەیەك لە بەردە ڕەشەکەوە دەست پێدەکات و هەر لەوێش کۆتایی پێدەهێنێت.
ڕەمل: بریتیە لە خێرا ڕۆیشتن لەگەڵ نزیككردنەوەی هەنگاوەكان، وە سوننەتە بۆی تەنها لەكاتی تەوافدا ئیزتیباع بكات جیا لە ڕێوڕەسمەكانی تر، ئیزتیباع: بریتییە لە دەرخستنی شانی ڕاست ودانەپۆشینی.
وە ئەگەر گومانی هەبوو لە ژمارەی خولانەوەکاندا، ئەوا لەسەر دڵنیایی بنیاتی دەنێت، کە ژمارە کەمەکەیە، جا ئەگەر گومانی هەبوو ئایا سێ خولانەوەی کردووە یان چوار؟ ئەوا بە سێ خولانەوەی دادەنێت، و لە سەعیکردنیشدا بە هەمان شێوە.
وە پاش تەواوبوونی لە تەواف ئیحرامەکەی دەخاتەوە سەر هەردوو شانی بەجۆرێک کە شانی ڕاستی داپۆشراو بێت.
لەو شتانەی پێویستە ڕێگری لێبکرێت لە ئافرەتاندا و لێی ئاگادار بکرێنەوە: تەوافکردنیانە بە خۆڕازاندنەوە و بۆنی خۆشەوە، وە خۆدانەپۆشین لە کاتێکدا ئەوان شەرمگەن، بۆیە واجبە لەسەریان كە خۆیان دابپۆشن، وە واز بهێنن لە خۆڕازاندنەوە لە کاتی تەواف و لە کات و شوێنەکانی تردا کە ئافرەتان تێکەڵی پیاوان دەبن؛ چونکە ئەوان شەرمگەن و فیتنەن، وە ڕوخساری ئافرەت دیارترین جوانیەتی بۆیە دروست نییە دەریبخات جگە بۆ مەحرەمەکانی نەبێت؛ بە بەڵگەی فەرمایشتی الله -سبحانه وتعالی-: ﴿...وە جوانی خۆیان دەرنەخەن مەگەر بۆ مێردەکانیان...﴾ [النور: 31]، وە ڕێگەپێدراو نییە بۆیان ڕوویان دەربخەن لەكاتی ماچكردنی بەردە ڕەشەكە ئەگەر یەكێك لە پیاوان بیانبینێت، وە ئەگەر بواری دەستلێدان و ماچكردنی بەردەكەیان بۆ ئاسان نەبوو، ئەوا ڕێگەپێدراو نییە بۆیان كە پاڵەپەستۆی پیاوان بكەن، بەڵكو لە دوای ئەوانەوە تەواف دەكەن، ئەمە باشترە بۆیان وپاداشتی گەورەترە لە تەوافكردن لە نزیك كەعبەوە ئەگەر پاڵەپەستۆ كردنی تێدا بوو لەگەڵ پیاواندا. وە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕەمەل وئیزتیباعی ئەنجام نەداوە مەگەر لە یەكەم تەوافیدا نەبێت كاتێك گەیشتە مەككە، وە خەڵگی دەبێت لەكاتی تەوافدا پاك بن لە بێ دەستنوێژی وپیسی، وملكەچ و خۆبەكەمزان بن بۆ پەروەردگاریان.
وە سونەتە بۆ موحریم لەكاتی تەوافەکەیدا زۆر یاد ونزای خودای گەورە بکات، وە ئەگەر شتێکیشی لە قورئان تێدا خوێند ئەوا چاکە، وە لەم تەوافە و لە ڕێوڕەسمەكانی تر و لە سەعیشدا هیچ زیكر و نزایەکی دیاریکراو واجب نییە.
بەڵام ئەوەی هەندێك لە خەڵکی دایانهێناوە بەوەی کە هەر خولانەوەیەکی تەواف یان سەعی تایبەت دەکەن بە زیکر و نزایەكی دیاریکراو، ئەوە هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو هەر زیکر و نزایەک کە بۆی ئاسان بوو؛ ئەوە بەسە، جا کاتێک دێتە بەرامبەر گۆشەی -ڕوکنی- یەمانی بە دەستی ڕاستی دەستی لێدەدات، و دەڵێت: (بِسْمِ اللهِ وَاللهُ أَكْبَرُ) واتە: بەناوی خودا، وخودا لە هەموو شتێك گەورەترە، وە ماچی ناکات، خۆ ئەگەر دەست لێدانی بۆی زەحمەت بوو، وازی لێدەهێنێت و تێدەپەڕێت، وە ئاماژەی بۆ ناکات و تەکبیریش ناکات کاتێک دەگاتە بەرامبەری؛ چونکە ئەمانە لە پێغەمبەرەوە نەهاتووە ﷺ بەپێی ئەوەی ئێمە دەیزانین، وە سوننەت وایە لە نێوان ڕوكنی یەمانی و بەردە ڕەشەكەدا بڵێت: ﴿...خودایە ھەم لەدونیا و ھەم لە ڕۆژی دواییدا خێرو خۆشیمان پێ ببەخشە وە بمان پارێزە لەسزای ئاگر﴾ [البقرة: 201]. وە هەركاتێك بگاتە بەرامبەر بەردە ڕەشەكە دەستی لێدەدات و ماچی دەكات، و دەڵێت: (الله أكبر)، جا ئەگەر دەست لێدان و ماچكردنی بۆ ئاسان نەبوو، ئەوا هەركاتێك گەیشتە بەرامبەری ئاماژەی بۆ دەكات و تەکبیر -الله أكبر- دەکات.
وە تەواف کردن لە پشتی زەمزەم و مەقامەوە دروستە، بەتایبەتی لە کاتی قەرەباڵغیدا، وە هەموو مزگەوتەکە شوێنی تەوافە، و ئەگەر لە ڕێگاكانی هاتوچۆی نێو مزگەوتەكەدا تەواف بکات؛ دروستە، بەڵام تەوافکردن لە نزیک کەعبەوە باشترە ئەگەر بۆی کرا.
کاتێک لە تەوافەکەی تەواو بو، دوو ڕکات نوێژ لە پشت مەقامەوە ئەنجامدەدات ئەگەر بۆی کرا، وە ئەگەر لەبەر قەرەباڵەغی یان ھەر ھۆیەکی تر بۆی نەکرا، ئەوا لە هەر شوێنێکی مزگەوتەكەدا ئەنجامیان دەدات، وە لە پاش خوێندنی سورەتی (الفاتحة)؛ سوننەتە ئەم سورەتانە بخوێنێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ئەی بێباوەڕینە﴾؛ سورەتی -الكافرون-، [الكافرون: 1] لە ڕکاتى یەکەم و ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ھەر ئەو (اللە) یە خودای تاک وتەنها﴾؛ سورەتی -الإخلاص-، [الإخلاص: 1] لە ڕکاتی دووەمدا، ئەمە باشترینیە، وە ئەگەر سورەت وئایەتی تریش بخوێنێت ئەوا دروستە، پاشان ڕوو دەکاتە بەردە ڕەشەکە و بە دەستی ڕاستی دەستی لێدەدات ئەگەر بۆی کرا؛ وەكو شوێنكەوتنێك بۆ پێغەمبەر ﷺ لەم کارەدا.
پاشان بەرەو سەفا دەڕوات و دەچێتە سەر سەفا ئەگەر تووانی یان لەلای ڕادەوەستێت وە لە سەرەتای خولانەوەی یەکەمدا ئەم ئایەتە دەخوێنێت: ﴿بەڕاستی سەفا و مەروە لەدروشمەکانی دینی خودان...﴾ [البقرة: 158].
وە سوننەتە لەسەر سەفا ڕوو بکاتە قیبلە، و سوپاس وستایشی خودای گەورە وتەكبیر بکات، وبڵێت: (لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ، وَاللهُ أَكْبَرُ، لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ المُلْكُ وَلَهُ الحَمْدُ، يُحْيِي وَيُمِيتُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ وَحْدَهُ، أَنْجَزَ وَعْدَهُ، وَنَصَرَ عَبْدَهُ، وَهَزَمَ الأَحْزَابَ وَحْدَهُ) واتە: هیچ کەسێک شایستەى پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله، وخودا لە هەموو شتێك گەورەترە، هیچ کەسێک شایستەى پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله، الله تاكە وهیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە، وهەموو شتێک موڵکی ئەوە، وهەموو سوپاسێک هەر بۆ ئەوە، وئەو لە سەر ئەنجامدانی هەموو کارێک توانادارە، هیچ کەسێک شایستەى پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله وتاك وتەنهایە، پەیمانەكەی جێبەجێ كرد، وبەندەکانی سەرخست، وبە تەنها خۆی شكستی هێنا بە كۆمەڵی کافران، پاشان بەوەی ئاسانە بۆی؛ نزا دەکات، دەستەکانی بەرز دەکاتەوە، وە ئەم زیکر و نزایە (سێ جار) دووبارە دەکاتەوە، پاشان دادەبەزێت و بەرەو مەڕوە دەڕوات هەتا دەگاتە نیشانە سەوزەکەی یەکەم، پیاو ڕۆیشتنی خێراتر دەکات هەتا دەگاتە نیشانە سەوزەکەی دووەم، بەڵام ئەم خێرا ڕۆیشتنە ڕێگەپێدراو نییە بۆ ئافرەت لە نێوان دوو نیشانە سەوزەكەدا؛ چونکە ئافرەت شەرمگەیە، بەڵکو ئەوەی بۆی دانراوە بریتیە لە ڕۆیشتن لە هەموو سەعیەکەدا، پاشان دەڕوات، وسەردەکەوێتە سەر مەڕوە یان لەلای ڕادەوەستێت، وە چونە سەر مەڕوە باشترە ئەگەر بۆی ئاسان بوو، ولەسەر مەڕوە هەمان ئەو وتە و كردەوانە دووبارە دەكاتەوە كە لەسەر سەفا ئەنجامیدا، جگە لە خوێندنەوەی ئایەتەکە، کە بریتییە لە فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿بەڕاستی سەفا و مەروە لەدروشمەکانی دینی خودان...﴾ [البقرة: 158]، خوێندنەوەی ئەم ئایەتە تەنها لە خولانەوەی یەکەمدا ڕێگەپێدراوە لە کاتی سەرکەوتن بۆ سەر سەفا؛ وەكو شوێنكەوتنێك بۆ پێغەمبەر ﷺ، پاشان لەسەر مەڕوە دادەبەزێت و لە شوێنی ڕۆشتن بە ئاسایی دەڕوات، و لە شوێنی خێرا ڕۆشتنیش؛ بەخێرایی دەڕوات هەتا دەگاتە سەفا، ئەم خولانەوە حەوت جار ئەنجام دەدات، ڕۆیشتنی لە سەفاوە بۆ مەڕوە بە خولانەوەیەك حسێب دەکرێت و گەڕانەوەی لە مەڕوە بۆ سەفا بە خولانەوەیەكی تر؛ چونکە ئەوەی باسكرا پێغەمبەر ﷺ ئەنجامیداوە، و فەرموویەتی: «ڕێوڕەسمەكانتان حەج وعومرە لە منەوە وەربگرن» [51]. وە سونەتە لە کاتی سەعیكردندا زۆر زیكر ونزا بکات بەوەی کە بۆی ئاسانە، وە پاک بێت لە بێ دەستنوێژی گەورە و بچووك، ئەگەریش بەبێ دەستنوێژی سەعی بکات کارەکەی دروستە وڕێگەپێدراوە، هەروەها ئەگەر ئافرەت تووشی سوڕی مانگانە بوو یان تووشی خوێنی نیفاس بوو لەپاش تەواف کردن؛ سەعیەكەی دەکات، وكارەكەی دروستە وڕێگەپێدراوە؛ چونکە پاکێتی مەرج نیە لە سەعی کردن دا، بەڵکو سوننەتە هەروەك پێشتر باسکرا. [51] سەرچاوەكە پێشتر باسكرا.
وە ئەگەر سەفا ومەڕوەی تەواوکرد سەری دەتاشێت یان کورتی دەکاتەوە، وقژ تاشین بۆ پیاو باشترە، جا ئەگەر قژی کورتکردەوە و تاشینەکەی هێشتەوە بۆ کاتی حەج ئەوا كارێكی باشە، ئەگەر هاتنی بۆ مەککە نزیك بوو لە کاتی حەج، ئەوا کورتکردنەوەی قژی بۆی باشترە بۆ ئەوەی لەكاتی حەجدا سەری بتاشێت؛ چونکە كاتێك پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانی لە چواری مانگی زی ئەلحیجە گەیشتنە مەککە، فەرمانی بەوانە کرد کە ئاژەڵیان لەگەڵ خۆیان نەهێنابوو لە ئیحرام دەربچن و قژیان کورت بکەنەوە، و فەرمانی پێنەکردن قژیان بتاشن، وە کورتکردنەوەكە پێویستە هەموو قژی بگرێتەوە، و کورتکردنەوەی بەشێکی بەس نییە، هەروەکو چۆن تاشینی بەشێکیشی بەس نییە، وە ئافرەت تەنها قژ کورتکردنەوە شەرعییە بۆی، وئەوەی ڕێگەپێدراوە بۆی ئەوەیە کە لە هەموو پەلكێكی قژی بە ئەندازەی سەرەپەنجەیەک یان کەمتری لێ ببڕێت، یان ئەگەر پەلكی نەبوو ئەوا هەموو قژی كۆ دەكاتەوە و بە ئەندازەی سەرەپەنجەیەک یان کەمتری لێ دەبڕێت، و بۆی نییه زیاتر لە سەرە پەنجەیەك لە قژی نابڕێت.
کەواتە ئەگەر کەسی موحریم ئەوەی باسکرا؛ ئەنجامی دا ئەوا عومرەکەی تەواو بووە و هەموو ئەو شتانەی بەهۆی ئیحرامەوە لەسەری حەرام بوو؛ بۆی حەڵاڵ دەبێتەوە مەگەر ئەوە نەبێت کە ئاژەڵی قوربانی لەگەڵ خۆی هێنابێت، چونکە ئەم کەسە لەسەر ئیحرامەکەی دەمێنێتەوە هەتاوەکو لە ئیحرامی حەج و عومرە دەردەچێت بەیەكەوە.
بەڵام ئەو کەسەی ئیحرامی بەستووە تەنها بۆ ئەنجامدانی حەج، یان بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە پێکەوە؛ ئەوا سوننەتە بۆی ئیحرامەکەی بگۆڕێت بۆ ئەنجامدانی عومرە، هەروەکو کەسێکی تەمەتوعکار كردەوەكان ئەنجام دەدات، مەگەر ئاژەڵی قوربانى لەگەڵ خۆیدا هێنابێت؛ چونكە پێغەمبەر ﷺ بەم شێوەیە فەرمانى بە هاوەڵەکانى کرد، وفەرمووی: «ئهگهر ئهوه نهبوایه كه من ئاژهڵی قوربانیم لهگهڵ خۆمدا هێناوه، ئهوا لهگهڵ ئێوهدا له ئیحرام دهردهچووم» [52]. [52] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1568).
وە ئەگەر ئافرەت تووشی سووڕی مانگانە یان تووشی زەیستانی بوو پاش ئیحرام بەستنی بۆ عومرە ؛ ئەوا تەواف وسەفا ومەڕوە ناکات هەتاوەکو پاک دەبێتەوە، ئەگەر پاکبوویەوە ئەوا تەواف وسەفا ومەڕوە دەکات وهەندێک لە قژی کورت دەکاتەوە وبەم شێوەیە عومرەکەی تەواو دەبێت، وئەگەر پاک نەبوویەوە پێش هەشتەمین ڕۆژی مانگی زی ئەلحیجە ئەوا نیەتی ئیحرامی حەج دەهێنێت لەو شوێنەی کە تێیدا نیشتەجێیە، ولەگەڵ خەڵکی دەردەچێت بۆ مینا، وبەمەیش دەبێت بە قیرانکار كە حەج وعومرە پێكەوە ئەنجام دەدات، وهەموو ئەوانەى حاجی دەیکات؛ ئەویش دەیکات لە وەستان لە عەرەفە وموزدەلیفە، وهاویشتنی بەردەکان، وشەو مانەوە لە موزدەلیفە ومینا، وقوربانی کردن، وقژ کورتکردنەوە، ئەگەر پاکبوویەوە ئەوا تەواف وسەفا ومەڕوە دەکات ویەک تەواف ویەک سەفا ومەڕوە دەكات، وئەم کارە بەسە بۆ حەج وعومرەکەی؛ بەهۆی فەرموودەکەى عائیشە: کاتێك تووشی سووڕی مانگانە بوو پاش ئیحرام بەستنی بۆ ئەنجامدانی عومرە، پێغەمبەر ﷺ پێی فەرموو: «ئەوەى حاجی ئەنجامی دەدات تۆیش ئەنجامی بدە، مەگەر ئەوە نەبێت تەواف مەکە هەتاوەکو پاک دەبیتەوە» [53] بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە [53] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (305)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1211).
وە ئەگەر ئافرەت لەكاتی سووڕی مانگانە یان زەیستانیدا بەردەكانی هاویشت لە ڕۆژی جەژندا، و قژی كورتكردەوە، ئەوا هەموو شتێكی بۆ حەڵاڵ دەبێت كە بەهۆی ئیحرامەوە لێی قەدەغە كرابوو، وەكو بۆن لەخۆدان و بێجگە ئەمەش، جگە لە نزیكبوونەوەی مێردەكەی لێی هەتاوەكو حەجەكەی تەواو دەكات هەروەكو باقی ئافرەتان، جا ئەگەر لە دووای پاكبوونەوەی تەواف و سەفا ومەڕوەی كرد، ئەوا مێردەكەیشی بۆی حەڵاڵ دەبێت.
بابەتێک
سەبارەت بە حوکمی ئیحرام بەستن بۆ ئەنجامدانی حەج لە ڕۆژی هەشتەمی زی ئەلحیجە و دەرچوون بۆ مینا
کاتێک ڕۆژی تەرویە دێت کە ڕۆژی هەشتەمی مانگی -زی ئەلحیجە یە سوننەتە بۆ ئەو کەسانەی لە مەککە نیشتەجێن و دەیانەوێت حەج بکەن؛ لە ماڵەکانی خۆیانەوە ئیحرام ببەستن بۆ ئەنجامدانی حەج، چونکە هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ لە ئەبتەح مابونەوە و لە ڕۆژی تەرویەدا؛ ولەوێوە بە فەرمانی پێغەمبەر ﷺ ئیحرامیان بەست بۆ ئەنجامدانی حەج، وپێغەمبەر ﷺ فەرمانی پێنەکردن بچن بۆ کەعبە بۆئەوەی لەوێ یان لەلای میزابەوە ئیحرام ببەستن، هەروەها فەرمانی پێنەكردن تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بدەن کاتێک بەرەو مینا دەرچوون، خۆ ئەگەر ئەم کارە ڕێگەپێدراو بووایە، ئەوا فێری دەکردن، وە هەموو خێر و چاکەیەک لە شوێنکەوتنی پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانیدایە -ڕەزای خودایان لێبێت-.
وە سوننەتە کە خۆی بشوات و خۆی پاکبکاتەوە و بۆنی خۆش لە خۆی بدات لە کاتی ئیحرام بەستن بۆ ئەنجامدانی حەج، هەروەکو چۆن ئەو کارانە دەکات لە کاتی ئیحرام بەستنی لە میقاتەوە. پاش بەستنی ئیحرام بۆ ئەنجامدانی حەج؛ سوننەتە بۆیان ڕووبکەنە مینا پێش لادانی خۆر لە نیوەی ئاسمان یان دوای زەوال لە ڕۆژی تهرویه، و زۆر تەلبیە بکەن هەتاوەکو بەردەكانی جەمرەتی عەقەبە دەهاوێژن، و لە مینا نوێژەکانی نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا و بەیانی دەکەن، و سوننەت وایە هەموو نوێژێک لە کاتی خۆیدا بکەن بە کورتکردنەوە (قەسر) بەبێ کۆکردنەوە، بێجگە لە نوێژی مەغریب و بەیانی کە کورت ناکرێنەوە.
وە سەبارەت بە كورتكردنەوەی نوێژەكان هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان خەڵکی مەککە و جگە لە ئەوانیش؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێشنوێژی بۆ خەڵکی مەککە وجگە لە ئەوانیش کرد بە كورتكردنەوەوە لە مینا و عەرەفە و موزەدەلیفە وە فەرمانی بە خەڵکی مەککە نەکرد بەوەی نوێژەکانیان بە تەواوی ئەنجام بدەن وکورتی نەکەنەوە، وە ئەگەر ئەمە لەسەریان واجب بوایە، ئەوا ڕوونی دەكردەوە بۆیان.
پاشان لەدوای خۆرهەڵاتنی ڕۆژی عەرەفە حاجیان لە میناوە بەرەو عەرەفە بەڕێدەکەون، و سوننەتە لە نەمیرە بمێننەوە هەتا كاتی نوێژی نیوەڕۆ ئەگەر ئاسان و گونجاو بوو بۆیان؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەمەی ئەنجام داوە.
وئەگەر خۆر لە نیوەی ئاسمان لایدا سوننەتە بۆ ئیمام یان جێگرەکەى وتارێک بدات بەشێوازێک لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێت وتیایدا ئەوە ڕوونبکاتەوە کە ڕێگەپێدراوە بۆ حاجیەكان لەم ڕۆژەدا وڕۆژانی دواتر، و فەرمانیان پێبکات بە تەقوای خودای گەورە و یەکخوداپەرستی -تەوحید- و دڵسۆزی بۆ الله لە هەموو کردەوەکاندا، و ئاگاداریان بکاتەوە لەو شتانەی حەرامکراون، و ئامۆژگاریان بکات بە دەستگرتن بە قورئان و سوننەتی پێغەمبەرەکەی -صلى الله علیه وسلم-، و حوکمکردن پێیان و گەڕانەوە بۆ لایان بۆ حوکم کردن لە هەموو کاروبارێکدا؛ وشوێنکەوتنی پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- لە هەموو ئەمانەدا، و پاش وتارەکە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر دەکەن بە کورتکردنەوە و کۆکردنەوەوە؛ لە کاتی نوێژی نیوەڕۆدا بە یەک بانگ و دوو قامەت، چونکە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- بەم شێوەیە ئەنجامی داوە؛ هەروەكو موسلیم دەیگێڕێتەوە لە فەرموودەی جابرەوە -ڕەزای خودای لێبێت-.
پاشان حاجییەکان لە عەرەفە دەوەستن، وە هەموو شوێنێکى عەرەفە جێگەى وەستانە تەنها ناوچەى بەتن عورنە نەبێت، وە سوننەت وایە ڕوو لە قیبلە و جەبەل ڕەحمە بکرێت ئەگەر ئاسان بوو، خۆ ئەگەر ڕووکردنە هەردووکیان ئاسان نەبوو، ئەوا تەنها ڕوو لە قیبلە دەکات ئەگەرچیش ڕووی لە شاخەكە نەبێت، وە سوننەتە بۆ حاجی لەم شوێنەدا زۆر بە زەلیلی خەریکی زیکری خودای گەورە و نزا و پاڕانەوە بێت، وە لە کاتی نزاکردندا دەستەکانی بەرز دەکاتەوە، وە ئەگەر تەلبیەی کرد یان بەشێکی لە قورئان خوێند ئەوا باشە وە سوننەتە کە زۆر ئەم زیکرە بڵێتەوە: (لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ المُلْكُ وَلَهُ الحَمْدُ، يُحْيِي وَيُمِيتُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ) واتە: هیچ پەرستراوێك شایستەى پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله، وهیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە، وهەموو شتێک موڵکی ئەوە، وهەموو سوپاسێک هەر بۆ ئەوە، ژیان ومردن هەر بەدەستی ئەوە، وئەو لە سەر ئەنجامدانی هەموو کارێک توانادارە؛ چونكە لە پێغەمبەرەوە گێڕدراوەتەوە (ﷺ) کە فەرموویەتی: «باشترین دۆعا ونزا، دۆعا ونزای ڕۆژی عەرەفەیە، وباشترین شتێک کە من وپێغەمبەرانی پێش من وتوومانە بریتییە لە: (لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ المُلْكُ وَلَهُ الحَمْدُ، يُحْيِي وَيُمِيتُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ)، واتە: هیچ پەرستراوێك شایستەى پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله، وهیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە، وهەموو شتێک موڵکی ئەوە، وهەموو سوپاسێک هەر بۆ ئەوە، ژیان ومردن هەر بەدەستی ئەوە، وئەو لە سەر ئەنجامدانی هەموو کارێک توانادارە)» [54] وبە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە فەرموویەتی: «خۆشەویستترین وتە لای خودای گەورە چواردانەن: (سُبْحَانَ اللَّهِ، وَالحَمْدُ لِلَّهِ، وَلَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ، وَاللَّهُ أَكْبَرُ)» [55]. [54] تیرمزی گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (3585). [55] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2137).
کەواتە پێویستە زۆر ئەم زیکرە دووبارە بکرێتەوە بە خشوع و ئامادەیی دڵەوە، و هەروەها پێویستە زۆر ئەو زیکر و نزایانە بکرێن کە ووتنیان لە شەریعەتدا هاتووە لە هەموو کاتێکدا، بەتایبەتی لەم شوێنەدا و لەم ڕۆژە گەورەیەدا، و باشتروایە مسوڵمان زیکر و نزا گشتگیرەکان هەڵبژێرێت، وە لەوانەیش:
* (سُبْحَانَ اللهِ وَبِحَمْدِهِ، سُبْحَانَ اللهِ الْعَظِيمِ)، واتە: پاک وبێگەردی بۆ خوداى گەورە وحەمد وستایش بۆ ئەو زاتە پاک وبێگەردە خودای باڵادەست، ﴿...بەڕاستی ھیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە ھەق وڕاستی جگە لە تۆ پاکی و بێگەردی بۆ تۆیە، بێگومان من لە ستەمکاران بووم﴾ [الأنبياء: 87].
* (لَا إِلَـهَ إِلَّا اللهُ، وَلَا نَعْبُدُ إِلَّا إِيَّاهُ، لَهُ النِّعْمَةُ وَلَهُ الْفَضْلُ وَلَهُ الثَّنَاءُ الْحَسَنُ، لَا إِلَـهَ إِلَّا اللهُ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ) واتە: هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە اللە، وتەنها ئەو زاتە دەپەرستین، وهەموو نیعمەت وفەزڵێک ئەو دەیبەخشێت وهەموو ستایشێکی چاک وجوان تەنها بۆ ئەوە، وهیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە اللە، وپەرستشمان هەر بۆ ئەو زاتەیە ئەگەرچیش کافرەکان پێیان ناخۆش بێت.
* (لَا حَوْلَ وَلَا قُوَّةَ إِلَّا بِاللَّهِ) واتە: هیچ هێز و توانایەک نیە مەگەر بە یارمەتی خودا نەبێت[56]. [56] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ لە ئیبن زوبەیرەوە -خودای لێ ڕازی بێت- بە ژمارە (594).
* ﴿... خودایە ھەم لە دونیا و ھەم لە ڕۆژی دواییدا خێرو خۆشیمان پێ ببەخشە وە بمان پارێزە لەسزای ئاگر﴾ [البقرة: 201].
* (أَعُوذُ بِاللَّهِ مِنْ جَهْدِ البَلَاءِ، وَدَرَكِ الشَّقَاءِ، وَسُوءِ القَضَاءِ، وَشَمَاتَةِ الأَعْدَاءِ) واتە: پەنا بە خودا دەگرم لە بەڵا وتاقیکردنەوەى سەخت وناڕەحەت، ولە قووڵی لێقەومان ومەینەتی، ولەقەزای خراپ، ولە دڵخۆشبوونی دوژمنان [58]. [58] بوخاری لە ئەبی هوڕەیڕەوە -خودای لێ ڕازی بێت- گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (6347).
* (اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الهَمِّ وَالحَزَنِ، وَأَعُوذُ بِكَ مِنَ العَجْزِ وَالكَسَلِ، وَأَعُوذُ بِكَ مِنَ الجُبْنِ وَالبُخْلِ، وَمِنَ المَأْثَمِ وَالمَغْرَمِ، وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ غَلَبَةِ الدَّيْنِ وَقَهْرِ الرِّجَالِ) واتە: خودایە من پەنات پێدەگرم لە خەم و پەژارە، وە پەنات پێدەگرم لە بێ دەسەڵاتی و تەمبەڵی، وە پەنات پێدەگرم لە ترسنۆکی و ڕەزیلی و تاوانکاری و قەرزاری، وە پەنات پێدەگرم لە زاڵبوونی قەرز بەسەرمدا ولە ستەمی پیاوان [59]. [59] بەم دەستەواژەیە ئەبو داود گێڕاویەتیەوە لە ئەبی ئومامەی ئەنساڕییەوە، بێجگە لە بەشی (ومن المأثم والمغرم)، بە ژمارە (1554).
* (اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ البَرَصِ وَالجُنُونِ وَالجُذَامِ وَمِنْ سَيِّئِ الأَسْقَامِ) واتە: خوایە پەنات پێدەگرم لە گولی و شێتی و گەڕی ، وە لە خراپترینی دەرد و نەخۆشیەكان [60]. [60] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە لە ئەنەسەوە خودا لێ ڕازی بێت؛ بە ژمارە (1554).
* (اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ العَفْوَ وَالعَافِيَةَ فِي الدُّنْيَا وَالآخِرَةِ) واتە: خودایە داوای لێخۆشبوون و پارێزگاریت وعافیەتت لێدەکەم لە دونیا و دواڕۆژدا.
* (اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ العَفْوَ وَالعَافِيَةَ فِي دِينِي وَدُنْيَايَ وَأَهْلِي وَمَالِي) واتە: خودایە داوای لێخۆشبوون و پارێزگاریت سەلامەتیت لێدەکەم لە دین و دونیا و خانەوادە و سامانمدا.
* (اللَّهُمَّ اسْتُرْ عَوْرَتِي وَآمِنْ رَوْعَاتِي، اللَّهُمَّ احْفَظْنِي مِنْ بَيْنِ يَدَيَّ وَمِنْ خَلْفِي، وَعَنْ يَمِينِي وَعَنْ شِمَالِي، وَمِنْ فَوْقِي، وَأَعُوذُ بِعَظَمَتِكَ أَنْ أُغْتَالَ مِنْ تَحْتِي) واتە: خودایە عەیب و ناتەواوی و کەمو کورتیەکانم دابپۆشە، خودایە ترس و دڵە ڕاوکێم مەھێڵە، خودایە بمپارێزە لە پێش و پاش و ڕاست و چەپ وسەرەوەمدا، خودایە پەنا دەگرم بە گەورەییت لەوەی کە لە ژێرمەوە سزا بدرێم [61]. [61] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە لە ئیبن عومەرەوە خودا لێ ڕازی بێت، بە ژمارە (5074).
* (اللَّهُمَّ اغْفِرْ لِي جِدِّي وَهَزْلِي، وَخَطَئِي وَعَمْدِي، وَكُلَّ ذَلِكَ عِنْدِي، اللَّهُمَّ اغْفِرْ لِي مَا قَدَّمْتُ وَمَا أَخَّرْتُ، وَمَا أَسْرَرْتُ وَمَا أَعْلَنْتُ، وَمَا أَنْتَ أَعْلَمُ بِهِ مِنِّي، أَنْتَ المُقَدِّمُ وَأَنْتَ المُؤَخِّرُ، وَأَنْتَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ) واتە: خودایە لێم خۆشبە لەو گوناهانەی بە جددی و بە گاڵتە کردوومە، و ئەوانەی بە هەڵە و بە ئەنقەست کردوومە، و هەموو ئەوانەیشم هەیە، خودایە لێم خۆشبە لە گوناهەکانی پێشوو و دواترم، و لەوانەی بە نهێنی و بە ئاشکرا کردوومە، و لەوەیشی کە تۆ زاناتریت پێی سەبارەت بە من، تۆ پێشخەریت و تۆ دواخەریت، و تەنها تۆ دەسەڵاتت بەسەر هەموو شتێکدا هەیە[62]. [62] بەشێکە لە فەرموودەیەک کە موسلیم گێڕاویەتیەوە لە ئەبو موسای ئەشعەریەوە خودا لێ ڕازی بێت؛ بە ژمارە (2719).
* (اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ الثَّبَاتَ فِي الأَمْرِ وَالعَزِيمَةَ عَلَى الرُّشْدِ، وَأَسْأَلُكَ شُكْرَ نِعْمَتِكَ وَحُسْنَ عِبَادَتِكَ، وَأَسْأَلُكَ قَلْبًا سَلِيمًا وَلِسَانًا صَادِقًا، وَأَسْأَلُكَ مِنْ خَيْرِ مَا تَعْلَمُ، وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ شَرِّ مَا تَعْلَمُ، وَأَسْتَغْفِرُكَ لِمَا تَعْلَمُ، إِنَّكَ عَلَّامُ الغُيُوبِ) واتە: خودایە داواى جێگیربوون ودامەزراویت لێدەکەم لەسەر دین، وسووربوون لەسەر کردنی کردەوە چاکەکان بۆ ئەوەى لەسەر هیدایەت وڕێنموێنی بم، وداوات لێدەکەم سوپاسگوزار بم بەرامبەر نیعمەتەکانت، وبە چاکی تۆ بپەرستم، وداواى دڵێکی سەلامەت وزمانێکی ڕاستگۆ لە تۆ دەکەم، وداواى خێری ئەوەت لێدەکەم کە دەیزانیت، وپەنا بە تۆ دەگرم لە شەڕی ئەوەى دەیزانیت، وداواى لێخۆشبوون لە تۆ دەکەم سەبارەت بە ئەوەى دەیزانیت -سەبارەت بە من-، چونکە تەنها تۆ زانایت بە غەیب وشتە شاراوەکان[63]. [63] تیرمزی گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (3407).
* (اللَّهُمَّ رَبَّ النَّبِيِّ مُحَمَّدٍ عَلَيْهِ الصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ، اغْفِرْ لِي ذَنْبِي، وَأَذْهِبْ غَيْظَ قَلْبِي وَأَجِرْنِي مِنْ مُضِلَّاتِ الفِتَنِ مَا أَحْيَيْتَنَا) واتە: خودایە، ئەی پەروەردگاری پێغەمبەر موحەممەد -درود وسەلامی خودای لەسەر بێت-، لە گوناهەکانم خۆش بە، وتوڕەیی دڵم مەهێڵە، وبمپارێزە لەو فیتنە وتاقیکردنەوانەى دەبنە هۆی گومڕابوون هەتا لە ژیانداین[64]. [64] ئەحمەد گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەی ئوم سەلەمەوە -ڕەزاى خوداى لێبێت- (6/301).
* (اللَّهُمَّ رَبَّ السَّمَاوَاتِ وَرَبَّ الأَرْضِ وَرَبَّ العَرْشِ العَظِيمِ، رَبَّنَا وَرَبَّ كُلِّ شَيْءٍ، فَالِقَ الحَبِّ وَالنَّوَى، وَمُنْزِلَ التَّوْرَاةِ وَالإِنْجِيلِ وَالفُرْقَانِ، أَعُوذُ بِكَ مِنْ شَرِّ كُلِّ شَيْءٍ أَنْتَ آخِذٌ بِنَاصِيَتِهِ، اللَّهُمَّ أَنْتَ الأَوَّلُ فَلَيْسَ قَبْلَكَ شَيْءٌ، وَأَنْتَ الآخِرُ فَلَيْسَ بَعْدَكَ شَيْءٌ، وَأَنْتَ الظَّاهِرُ فَلَيْسَ فَوْقَكَ شَيْءٌ، وَأَنْتَ البَاطِنُ فَلَيْسَ دُونَكَ شَيْءٌ، اقْضِ عَنَّا الدَّيْنَ وَأَغْنِنَا مِنَ الفَقْرِ) واتە: ئەی پەروەردگاری ئاسمان وزەوی، وپەروەردگاری عەرشی مەزن، پەروەردگاری ئێمە وپەروەردگاری هەموو شتێک، لەتکار وداقڵیشێنەری تۆ وناوکەکان، دابەزێنەری تەورات وئینجیل وقورئان، پەنا بە تۆ دەگرم لە شەڕ وزیانی هەرشتێک کە جڵەوی بە دەستی تۆیە، خودایە؛ هەر تۆ یەکەمینیت هیچ شتێک لە پێش تۆوە نییە، وهەر تۆیش کۆتاهەمینی هیچ شتێک لە دوای تۆوە نییە، هەر تۆ بەرز ومەزن وبڵندترینیت، هیچ شتێک لە سەرووی تۆوە نییە، هەر تۆ پەنهانیت؛ تەنها تۆ ئاگاداری نهێنیەکانی خەڵکیت، هیچ شتێک لە تۆ شاراوە نییە، قەرزاریمان لەسەر هەڵگرە و لە هەژاری ڕزگارمان بکە)[65]. [65] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2713).
* (اللَّهُمَّ أَعْطِ نَفْسِي تَقْوَاهَا، وَزَكِّهَا أَنْتَ خَيْرُ مَنْ زَكَّاهَا، أَنْتَ وَلِيُّهَا وَمَوْلَاهَا، اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ العَجْزِ وَالكَسَلِ، وَأَعُوذُ بِكَ مِنَ الجُبْنِ وَالهَرَمِ وَالبُخْلِ، وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ عَذَابِ القَبْرِ) واتە: خودایە؛ ویستی خۆپاراستن لە تاوان ببەخشە بە ناخ ودەروونم، وپاك وخاوێنی بكەرەوە لە ویستی تاوان وخراپە كردن چونكە تۆ باشترین كەسیت کە خاوێنی بكەیتەوە، خوایە؛ تۆ سەرپەشتیار وخاوەنی ناخ ودەروونمی، خودایە؛ من پەنات پێدەگرم لە بێ دەسەڵاتی وتەمبەڵی، وپەنا بە تۆ دەگرم لە ترسنۆكی وپیری وڕەزیلی، وپەنا بە تۆ دەگرم لە سزای نێو گۆڕ)[66]. [66] موسلیم گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەی زەیدی کوڕی ئەرقەم خودای لێ ڕازی بێت؛ بە ژمارە (2722).
* (اللَّهُمَّ لَكَ أَسْلَمْتُ، وَبِكَ آمَنْتُ، وَعَلَيْكَ تَوَكَّلْتُ، وَإِلَيْكَ أَنَبْتُ، وَبِكَ خَاصَمْتُ، أَعُوذُ بِعِزَّتِكَ أَنْ تُضِلَّنِي، لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ، أَنْتَ الحَيُّ الَّذِي لَا يَمُوتُ، وَالجِنُّ وَالإِنْسُ يَمُوتُونَ) واتە: خودایە ملکەچی تۆ بووم، وباوەڕم بە تۆ هێنا، وپشتم بە تۆ بەست، وبۆ لای تۆ گەڕامەوە، وبە پشتیوانی تۆ بەرپەرچی دوژمنانم دەدەمەوە، پەنا بە شکۆداریت دەگرم لەوەی گومڕام بکەیت، هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە تۆ، تۆ زیندوویت و هەرگیز نامریت، و جنۆکە و مرۆڤەکان دەمرن[67]. [67] موسلیم گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەی ئیبن عەباسەوە خودا لێیان ڕازی بێت؛ بە ژمارە (2717).
* (اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ عِلْمٍ لَا يَنْفَعُ، وَمِنْ قَلْبٍ لَا يَخْشَعُ، وَمِنْ نَفْسٍ لَا تَشْبَعُ، وَمِنْ دَعْوَةٍ لَا يُسْتَجَابُ لَهَا) واتە: خودایە؛ من پەنات پێدەگرم لە زانستێك كە سوودی نەبێت، ولە دڵێك كە لە تۆ نەترسێت، ولە نەفس ودەروونێك كە تێر نەبێت، ولە پاڕانەوەیەك كە وەڵام نەدرێتەوە[68]. [68] ئەمە بەشێکە لە فەرموودەکەی زەیدی کوڕی ئەرقەم -خودا لێی ڕازی بێت-، کە پێشتر باسكرا بە ژمارە (2722).
* (اللَّهُمَّ جَنِّبْنِي مُنْكَرَاتِ الأَخْلَاقِ وَالأَعْمَالِ وَالأَهْوَاءِ وَالأَدْوَاءِ) واتە: خودایە بە دوورم بگرە لە ڕەوشت وکردەوە وئارەزوو ونەخۆشیە چەوت وخراپەکان[69]. [69] تیرمزی گێڕاویەتیەوە لە زیادی کوڕی عیلاقەوە، ئەویش لە مامیەوە، بە ژمارە (3591).
* (اللَّهُمَّ أَلْهِمْنِي رُشْدِي، وَأَعِذْنِي مِنْ شَرِّ نَفْسِي) واتە: خودایە هیدایەت بەخە دڵمەوە، وبمپارێزە لە شەڕ وخراپەى نەفسم[70]. [70] تیرمزی گێڕاویەتیەوە، لە عیمڕانی کوڕی حوصەینەوە خودا لێی ڕازی بێت، بە ژمارە (3483).
* (اللَّهُمَّ اكْفِنِي بِحَلَالِكَ عَنْ حَرَامِكَ، وَأَغْنِنِي بِفَضْلِكَ عَمَّنْ سِوَاكَ) واتە: خودایە بە حەڵاڵكراوەكانت بێ پێویستم بکە لە حەرامكراوەكانت، ودەوڵەمەندم بكە بە فەزڵ وچاكەی خۆت وبێ پێویستم بکە لە خەڵکی[71]. [71] تیرمزی گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەكەی عەلی ڕەزای خودای لێبێت، بە ژمارە (3563).
* (اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ الهُدَى وَالتُّقَى وَالعَفَافَ وَالغِنَى) واتە: خودایە، من داواى هیدایەت، وتەقواداری، وداوێن پاکی، ودەوڵەمەندیت لێدەکەم[72]. [72] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ لە فەرموودەی عبد اللە ی کوڕی مەسعودەوە خودای لێ ڕازی بێت، بە ژمارە (2721).
(اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ الْهُدَى وَالسَّدَادَ) واتە: خودایە داواى هیدایەت وجێگربوون وبەردەوامی لەسەر ڕێگای ڕاست لە تۆ دەکەم [73]. [73] موسلیم گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەكەی عەلییەوە خودا لێی ڕازی بێت؛ بە ژمارە (2725).
* (لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ المُلْكُ وَلَهُ الحَمْدُ، يُحْيِي وَيُمِيتُ بِيَدِهِ الخَيْرُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، سُبْحَانَ اللَّهِ، وَالحَمْدُ لِلَّهِ، وَلَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ، وَاللَّهُ أَكْبَرُ، وَلَا حَوْلَ وَلَا قُوَّةَ إِلَّا بِاللَّهِ العَلِيِّ العَظِيمِ) واتە: هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە اللە، بەتەنها وتاکە وهیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە، هەموو موڵک و خاوەنداریەک تەنها بۆ ئەوە، و هەموو ستایشێک هەر بۆ ئەوە، ژیان ومردن وهەموو خێرێک بەدەستی ئەوە، وئەو لەسەر ئەنجامدانی هەموو شتێک توانادارە، پاکی و بێگەردی و سوپاس و ستایش بۆ خودایە، و هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە اللە، و الله گەورەترینە، و هیچ توانا و هێزێکمان نییە مەگەر ئەوەی خودای بەرز و مەزن پێمان دەبەخشێت[75]. [75] بوخاری گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەی عوبادەی کوڕی سامیتەوە خودا لێی ڕازی بێت؛ بە ژمارە (1154).
* (اللَّهُمَّ صَلِّ عَلَى مُحَمَّدٍ، وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ، كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ، وَعَلَى آلِ إِبْرَاهِيمَ، إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ، وَبَارِكْ عَلَى مُحَمَّدٍ، وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ، كَمَا بَارَكْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ، وَعَلَى آلِ إِبْرَاهِيمَ، إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ) واتە: خودایە وەسف وستایشی موحەمەد وبنەماڵە وشوێنکەوتووانى بکە هەروەکو چۆن وەسف وستایشی ئیبراهیم وبنەماڵە وشوێنکەوتووانیت کرد، وبەرەکەت وپیرۆزی بڕژێنە سەر موحەمەد وبنەماڵە وشوێنکەوتووانی-؛ هەروەکو چۆن بەرەکەتت ڕژانە سەر ئیبراهیم وبنەماڵە وشوێنکەوتووانی، تۆ ستایشکراو وشکۆداریت[76]. [76] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ لە فەرموودەی كەعبی كوڕی عوجرەوە خودای لێ ڕازی بێت بە ژمارە (3370).
* ﴿خودایە ھەم لەدونیا ولە ڕۆژی دواییدا خێرو خۆشیمان پێ ببەخشە وە بمان پارێزە لەسزای ئاگر﴾ [البقرة: 201].
وە سوننەتە لەم شوێنە گەورە وپیرۆزەدا حاجی ئەو زیکر و نزایانەی پێشوو دووبارە بكاتەوە، هەروەها ئەوانەی هاومانان لە زیکر و نزا و سەڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر ﷺ، وە پێداگری بکات لە نزا و پاڕانەوەدا، و داوای خێر و چاکەی دونیا و دواڕۆژ لە پەروەردگاری بکات، وە پێغەمبەر ﷺ کاتێک نزای بکردایە سێ جار دەی وتەوە، بۆیە پێویستە لەم کارەدا شوێنی بکەوین -عليه الصلاة والسلام-.
وە موسڵمان لەم شوێنە پیرۆزەدا؛ دڵ ودەروونى ملكەچ دەكات بۆ پەروەردگارى، و بە زەلیلی لە بەرانبەری ڕادەوەستێت وهیواى بە ڕەحمەت و لێخۆشبوونى هەیە، و لە سزا و توڕەییەکەى دەترسێت، وە لێپرسینەوە وپێداچوونەوە بە خۆیدا دەکات، و تەوبەیەکى ڕاستگۆیانە دەکات؛ چونکە ئەمە ڕۆژێکى گەورەیە و کۆبوونەوەیەکى مەزنە، وخوداى گەورە تێیدا فەزڵی خۆی بەسەر بەندەکانیدا دەبەخشێتەوە، و لە لای فریشتەکان شانازیان پێوە دەکات، وە تێیدا ڕزگاربوون لە ئاگرى دۆزەخ دەبەخشێت بەزۆرێت، و شەیتان لە هیچ ڕۆژێکدا بە ئەندازەى ڕۆژى عەرەفە بە شکاوی و بچووکی و ڕیسوایی نەبینراوە، جگە لە ڕۆژى جەنگی بەدر نەبێت؛ ئەمەیش لەبەرئەوەیە کە دەبینێت خوداى گەورە چەند بەخشندە و میهرەبانە بەرامبەر بەندەکانى، و چەند بە لێشاو خەڵکى لە ئاگرى دۆزەخ ڕزگار دەکات و لێیان خۆش دەبێت.
لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە: لە عائیشەوە خودای لێ ڕازی بێت، کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هیچ ڕۆژێک نییە کە خودا بەندەکانى لە دۆزەخ ڕزگار بکات وەکو ڕۆژی عەرەفە، وبە دڵنیاییەوە نزیک دەبێتەوە لەبەندەکانی، پاشان لە لای فریشتەکان شانازیان پێوە دەکات، ودەفەرمووێت: ئەم خەڵکە چییان دەوێت؟»[77]. [77] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1348).
کەواتە پێویستە لەسەر موسڵمانان چاکەی خۆیان نیشانی خودا بدەن، و دوژمنەکەیان کە شەیتانە سەرشۆڕ و غەمبار بکەن بە زۆری زیکر و نزا و پاڕانەوە، و بەردەوام بوون لەسەر تەوبەکردن، و داوای لێخۆشبوون لە هەموو تاوان و هەڵەیەک، و حاجیەکان لەم شوێنەدا بەردەوام سەرقاڵی زیکر و نزا و پاڕانەوە دەبن هەتاوەکو خۆر ئاوا دەبێت، ئەگەر خۆر ئاوا بوو ئەوا بە هێمنی و لەسەرخۆیی بەرەو موزدەلیفە دەڕۆن، و زۆر تەلبیە دەکەن و لە شوێنە فراوانەکاندا خێرا دەڕۆن؛ چونکە ئەمە کردەوەی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-، و نابێت حاجیەكان لە پێش خۆرئاوا بوون لە عەرەفات دەربچن؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەوێ مایەوە هەتاوەکو خۆر ئاوا بوو، و فەرموویەتی: «ڕێوڕەسمەکانی حەج لە منەوە وەربگرن» [78]. [78] سەرچاوەکە لە پێشەوە باسکرا.
وە کاتێک دەگەنە موزدەلیفە، هەر لە کاتی گەیشتنیان لەوێدا نوێژی مەغریب سێ ڕکات و خەوتنان دوو ڕکات بەیەکەوە ئەنجام دەدەن، بە یەک بانگدان و دوو قامەت؛ ئەمە کردەوەی پێغەمبەر ﷺ بووە، جا لە کاتی نوێژی مەغریبدا گەیشتبنە موزدەلیفە یان لە کاتی نوێژی خەوتنان.
وە ئەو کارەی هەندێک لە خەڵکی دەیکەن بە هەڵگرتنی بەردەکانی ڕەمی جەمەڕات؛ هەر لەکاتی گەیشتنیان بە موزدەلیفە و پێش ئەنجامدانی نوێژ، وبڕوای زۆربەیان بەوەی ئەمە سوننەتە هەڵەیە و هیچ بنەمایەکی نییە، و پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی نەکردووە کە بەردەكان هەڵبگیرێت مەگەر لە پاش ڕۆیشتن نەبێت لە موزدەلیفەوە بەرەو مینا، و لەهەر شوێنێک بەردەکان هەڵبگرێت دروستە، و واجب نییە لە موزدەلیفە هەڵیانبگرێت، بەڵکو ڕێگەپێدراوە لە میناوە هەڵیبگرێت، وە سوننەت وایە حەوت بەرد لەم ڕۆژەدا هەڵبگیرێت و بیهاوێژێتە جەمرەتی عەقەبە؛ ئەمیش وەكو شوێنکەوتنێك بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، بەڵام لە سێ ڕۆژەکەی ڕۆژانی تەشریق هەموو ڕۆژێک بیست و یەک بەرد لە مینا هەڵدەگرێت، و دەیهاوێژێتە سێ جەمرەتەکە.
وە شۆردنی بەردەكان سوننەت نییە، بەڵكو بە بێ شۆردن دەهاوێژرێت؛ چونكە شۆردنیان لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانییەوە نەگێڕدراوەتەوە، و دروست نییە بەردێك بهاوێژرێت كە پێشتر هاوێژرا بێت.
وە حاجی لەم شەوەدا لە موزدەلیفە دەمێنێتەوە، وڕێگەپێدراوە بۆ لاوازەكان لە ئافرەتان ومنداڵان وهاوشێوەكانیان كە لە كۆتایی شەودا بەرەو مینا دەربچن؛ بەهۆی فەرموودەكەی عائیشە وئوم سەلەمە و جگە لە ئەوانیش. وسەبارەت بە حاجییەکانی تر، دەبێت لەوێ بمێننەوە هەتاوەکو نوێژی بەیانی ئەنجام دەدەن، پاشان لەلای (مەشعەری حەرام) ڕادەوەستن و ڕوو دەکەنە قیبلە و زۆر زیکری خودای گەورە و تەکبیر -الله أكبر- و نزا دەکەن؛ هەتاوەکو بە تەواوی زەردی خۆر دەردەكەوێت. وە سونەتە لێرەدا دەستەکان بەرز بکرێنەوە لە کاتی نزاکردندا، وە لە هەر شوێنێکى موزدەلیفە ڕابوەستن؛ ئاساییە، وە نزیکبوونەوەیان لە (مەشعەر) و سەرکەوتن بەسەریدا؛ واجب نییە، بە بەڵگەی فەرموودەکەى پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- : «لێرەدا ڕاوەستام -واتە: لەسەر مەشعەر ئەلحەرام-، وموزدەلیفە هەمووی شوێنی ڕاوەستانە» [79] موسلیم گێڕاویەتیەوە لە سەحیحەکەیدا. [79] موسلیم گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەی جابرەوە خودا لێی ڕازی بێت؛ بە ژمارە (1218).
جا لەکاتی دەرکەوتنی زەردایی خۆر وپێش هەڵهاتنی خۆر بەرەو مینا بەڕێ دەکەون، و لە ڕۆشتنیاندا زۆر تەلبیە دەکەن، جا کاتێك دەگەنە (موحەسیر)؛ سوننەتە کەمێک خێرا بن لە ڕۆشتنیاندا.
وكاتێك دەگەنە مینا لەلای جەمرەتی عەقەبە واز لە تەلبیە کردن دەهێنن، پاشان هەر لەگەڵ گەیشتنیان حەوت بەردی یەک لەدوای یەک دەهاوێژنە جەمرەتەكە، لەگەڵ هاویشتنی هەموو بەردێکدا دەستی بەرز دەکاتەوە و تەکبیر دەکات، و سوننەتە کە لە ناوەڕاستی دۆڵەکەوە بەردەکان بهاوێژێت، و کەعبە دەکاتە لای چەپی و مینا دەکاتە لای ڕاستی؛ چونکە ئەمە کردەوەی پێغەمبەر بووە -صلى اللە علیە وسلم-، وە ئەگەر لە لایەکانی تریشەوە بەردەکانی هاویشت ئەوا دروستە بەمەرجێک بەردەکان بکەونە ناو حەوزەکە، و مەرج نییە بەردەکان لەناو حەوزەکەدا بمێننەوە، بەڵکو ئەوەی مەرجە ئەوەیە کە بکەونە نێوی، بۆیە ئەگەر بەردێک کەوتە ناو حەوزەکەوە و پاشان لێی دەرچوو، ئەوا ئەم بەرد هاویشتنە دروستە بەپێی وتەی دیاری زانایان، یەکێک لەوانەی کە بەڕوونی ئاماژەی بەمە داوە: نەوەویە لە کتێبی (شرح المهذب)دا، و قەبارەی ئەو بەردەی دەهاوێژرێتە جەمرەتەکان دەبێت هێندەی قەبارەی ئەو بەردە بێت كە بە پەلەپیتكە دەهاوێژرێت واتا قەبارەكەی کەمێک لە دەنکە نۆک گەورەتر بێت.
وپاشان لە دوای هاویشتنی بەردەكان قوربانیەكەی سەر دەبڕێت، وە سوننەتە لە کاتی سەربڕینیدا بڵێت: (بِسْمِ اللهِ وَاللهُ أَكْبَرُ، اللَّهُمَّ هَذَا مِنْكَ وَلَكَ) واتا: بەناوی خودا، و خودا لە هەموو شتێك گەورەترە، ئەی خودایە ئەمە هی تۆیە و هەر بۆ تۆیشە. و بەرەو ئاراستەی قیبلە دایدەنێت، وە سوننەت وایە سەربڕینی وشتر بە پێوە بێت و دەستی چەپی ببەسترێتەوە، و سەربڕینی مانگا و مەڕوبزن لەسەر لای چەپیان بێت، خۆ ئەگەر ئاژەڵەکەى سەر بڕی بەبێ ئاراستەکردنی ڕووەو قیبلە؛ ئەوا سوننەتێکى ئەنجام نەداوە، بەڵام سەربڕینەکەى دروستە، چونکە ئاراستەکردنی قوربانیەكە ڕووەو قیبلە لە کاتی سەربڕیندا؛ سوننەتە و واجب نییە، وە سوننەتە لە ھەدیەکەى بخوات، و لێشی بکاتە دیاری و خێر؛ بە بەڵگەی فەرمایشتى خوداى گەورە: ﴿...جا لە گۆشتی ئەو قوربانیانە بخۆن وە بیدەن بە نەداران و ھەژاران﴾ [الحج: 28]، وە کاتی سەربڕین درێژ دەبێتەوە هەتا ئاوابوونی خۆری سێیەم ڕۆژ لە ڕۆژانی تەشریق (11 و 12 و 13 ی مانگی زو ئەلحیجە)، ئەمیش بەپێی ڕاستترین وتەی زانایان، واتا ماوەی سەربڕینەکە بریتییە لە ڕۆژی جەژنی قوربانی و ئەو سێ ڕۆژەی لە پاشی دێن.
وە پاشان لە دوای سەربڕینی قوربانیەکەى، قژی دەتاشێت یان كورتی دەكاتەوە، وتاشینی باشترە؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سێ جار دۆعای ڕەحمەت و لێخۆشبوونی کردووە بۆ ئەو پیاوانەی كە قژیان دەتاشن، ویەک جار دۆعای كرد بۆ ئەوانەی كە قژیان کورت دەکەنەوە، وکورتکردنەوەى بەشێک لە قژ بەس نییە، بەڵکو پێویستە هەمووی کورت بکاتەوە هەروەکو تاشین، و ئافرەت لە هەموو پەلكێكی بە ئەندازەى سەرەپەنجەیەک یان کەمتر کورت دەکاتەوە، وئەگەر پەلكی نەبوو ئەوا هەموو قژی كۆ دەكاتەوە بەهەمان ئەندازەی پێشوو كورتی دەكاتەوە.
وە لەپاش هاویشتنی بەردەكانی جەمرەتی عەقەبە و قژ تاشین یان کورتکردنەوەی، هەموو شتێک بۆ موحریم حەڵاڵ دەبێتەوە کە بەهۆی ئیحرامەوە لێی قەدەغە کرابوو، جگە لە سەرجێی وپێشەكیەكانی نەبێت لەگەڵ هاوسەرەكەی، و ئەمەیش پێی دەوترێت: حەڵاڵبوونی یەکەم، و سوننەتە بۆی لە پاش ئەم حەڵاڵبوونە خۆی بۆن خۆش بکات و بەرەو مەككە بڕوات، بۆئەوەی تەوافی ئیفازە ئەنجام بدات؛ بە بەڵگەی فەرموودەکەی عائیشە خودای لێ ڕازی بێت کە دەڵێت: «بۆنم دەدا لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئیحرامەكەی پێش ئەوەی نیەتی ئیحرام بهێنێت، ولەپاش كۆتایی ئیحرامەكەی -لەكاتی تەحەلولی یەكەم- پێش ئەوەی تەواف بكات بە دەوری كەعبەدا» [80] بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە. [80] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1539)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1189).
وە ئەم تەوافە پێی دەوترێت: تەوافی ئیفازە، و تەوافی زیارەتکردن، وە پایەیەکە لە پایەکانی حەج کە حەج بەبێ ئەنجامدانی تەواو نابێت، وە ئەم تەوافە مەبەستە لە فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿دوای سەر بڕینی قوربانی چڵک و پیسی لابەن بە خۆیانەوە وە نەزرەکانیان جێبەجێ بکەن و تەواف ی ئیفازە بکەن بەدەوری کەعبەدا﴾ [الحج: 29]
وە پاشان لە دوای تەواف و ئەنجامدانی دوو ڕکات نوێژ لە پشت مەقامەوە، سەعی لەنێوان سەفا و مەروەدا دەکات ئەگەر موتەمەتیع بێت، وئەم سەعی كردنە بۆ حەجەکەیەتی، و سەعی یەکەمی بۆ عومرەکەی بوو.
وە یەک سەعی بەس نییە بەپێی ڕاسترین وتەی زانایان؛ بەهۆی فەرموودەکەی عائیشە ڕەزای خودای لێبێت کە دەڵێت: «لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەرچووین»؛ پاشان باسی فەرموودەکەی کرد، كە تێیدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «وە هەرکەسێک ئاژەڵی قوربانی هێناوە با ئیحرام بۆ حەج و عومرە پێکەوە ببەستێت، پاشان کۆتایی بە ئیحرامەکەی نەهێنێت هەتاوەکو پێکەوە کۆتایی بە ئیحرامی هەردووکیان دەهێنێت»... هەتاوەکو دەڵێت: «جا ئەو کەسانەی کە نیەتی عومرەیان هێنابوو، تەوافیان بەدەوری کەعبەدا کرد، و لەنێوان سەفا و مەروەدا سەعیان کرد، پاشان لە ئیحرام دەرچوون، ئینجا دوای گەڕانەوەیان لە مینا، تەوافێکی تریان بۆ حەجەکەیان ئەنجامدا» [81] بوخاری وموسلیم گێڕاویانەتەوە. [81] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1556)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1211).
وە عائیشە ڕەزای خودای لێبێت سەبارەت بەوانەی کە ئیحرامیان بۆ عومرە بەستبوو؛ دەڵێت: پاشان تەوافێکی تریان کرد بۆ حەجەكەیان دوای ئەوەی لە مینا گەڕانەوە. مەبەستی لە تەواف كردن لێرەدا: سەعی کردنە لەنێوان سەفا و مەروە، بەپێی دروستترینی وتەکان لە لێکدانەوەی ئەم فەرموودەیەدا، وە سەبارەت بە وتەی ئەوانەی کە دەڵێن: مەبەستی تەوافی ئیفازە بوو، ئەمە ڕاست نییە؛ چونکە تەوافی ئیفازە ڕوکنێکی حەجە ولەسەر هەمووانە وهەمووان ئەنجامیان داوە، بەڵکو ئەوەی مەبەستە لێرەدا: تایبەتە بە حاجی موتەمەتیع، کە بریتییە لە سەعی لەنێوان سەفا و مەروە بۆ جاری دووەم؛ دوای گەڕانەوە لە مینا بۆ تەواوکردنی حەجەکەی، وە سوپاس بۆ خودا ئەمە ڕوون و ئاشکرایە، وە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە.
وە هەروەها بەڵگەیش لەسەر ڕاستی ئەم بۆچوونە، ئەوەیە کە بوخاری لە سەحیحەکەیدا بە موعەلەقی گێڕاویەتییەوە لە ئیبن عەباسەوە ڕەزاى خودایان لێبێت، کە پرسیاری لێکرا سەبارەت بە موتعەى حەج، ووتی: «موهاجیر وئەنساڕەکان وخێزانەکانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، لە حەجی ماڵئاواییدا ئیحرامیان بەست وئێمەیش ئیحراممان بەست، کاتێک گەیشتینە مەککە، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئیحرام بەستنەکەتان بۆ حەج بکەن بە عومرە، جگە لەو کەسەى کە ئاژەڵی قوربانی لەگەڵدایە، بۆیە تەوافمان کرد بە دەوری کەعبەدا و لە نێوان سەفا ومەروادا، و چووینە لای خێزانەکانمان، وجلوبەرگی ئاساییمان لەبەرکردەوە، و پێغەمبەر فەرمووی: هەرکەسێک ئاژەڵی قوربانی لەگەڵدایە؛ ئەوا لە ئیحرام دەرناچێت هەتاوەکو قوربانییەکە دەگاتە شوێنی خۆی، پاشان ئێوارەی ڕۆژی هەشتی مانگی زو لحجە فەرمانی پێکردین کە ئیحرام ببەستین بۆ ئەنجامدانی حەج، کاتێکیش دروشمەکانی حەجمان تەواو كرد؛ دەهاتین وتەوافمان دەکرد بە دەوری کەعبەدا ولە نێوان سەفا ومەروادا». [82]. مەبەستە باسکرا، ومەبەستیش ڕوون و ئاشکرایە كە حاجی موتەمەتیع دووجار سەفا ومەڕوە دەكات، وخودا زاناترە. [82] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1572).
وە سەبارەت بەوەی موسلیم گێڕاویەتیەوە لە جابرەوە ڕەزاى خودای لێبێت؛ كە دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانی لەنێوان سەفا ومەروەدا تەنها یەك سەعییان كرد» [83]، تەوافی یەکەم ئەو هاوەڵانە كردیان کە ئاژەڵی قوربانیان هانابوو؛ چونکە ئەوان لەسەر ئیحرامەکەیان مانەوە لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەتاوەکو لە حەج وعومرە بوونەوە پێکەوە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئیحرامی بۆ حەج وعومرە بەستبوو، وفەرمانی بە ئەوانە کرد کە ئاژەڵی قوربانیان هێنابوو ئیحرام ببەستن بۆ ئەنجامدانی حەج لەگەڵ عومرەدا، وە ئیحرامەکەیان هەڵنەوەشێننەوە هەتاوەکو لە هەردووکیان دەبنەوە پێکەوە؛ وە ئەو کەسەی قیران دەکات (حەج و عومرە بەیەک نییەت ئەنجام دەدات)، تەنها یەک سەعی لەسەرە، هەروەکو فەرموودە باسکراوەکەی جابر و فەرموودە سەحیحەکانی تریش بەڵگەن لەسەری. [83] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1215).
وە هەروەها ئەوەی حەجی بە -موفریدی- كردبێت (تەنها حەج ئەنجامبدات)، و لەسەر ئیحرامەكەی مابێتەوە هەتا ڕۆژی یەکەمی جەژنی قوربان؛ تەنها یەك سەعی لەسەرە، جا ئەگەر قارین و موفرید لە پاش تەوافی هاتن سەعییان ئەنجام دا، ئەوا ئەو سەعییە بەسە و شوێنی سەعیی دوای تەوافی ئیفازە دەگرێتەوە، و ئەمە كۆكردنەوەیە لە نێوان هەردوو فەرموودەكەی عائیشە و ئیبن عەباس و فەرموودە باسکراوەکەی جابردا، بەمەیش دژبەیەکی نێوانیان نامێنێت و كردەوە بە هەموو فەرموودەكان دەكرێت.
وە لەو شتانەى پشتگیری لەم کۆکردنەوەیە دەکات ئەوەیە کە هەردوو فەرموودەکەى عائیشە وئیبن عەباس دوو فەرموودەى سەحیحن، وە جەخت دەكەنەوە لەسەر سەعی دووەم دەرهەق بە کەسی تەمەتوعکار، و ڕواڵەتی فەرموودەکەى جابر نکۆڵی لەمە دەکات، وە ئەوەى شتێک دەچەسپێنێت وجەختی لێدەكاتەوە پێشخراوە بەسەر ئەوەى نکۆڵی لێدەکات، ئەمە بڕیاری لەسەر دراوە لە زانستی ئوسوڵ و زاراوەکانی فەرموودە، خودای گەورە -سبحانه وتعالی- ڕێنموێنیكار بێت بۆ گەیشتن بە ڕاستی، وە هیچ دەسەڵات و هێزێک نییە تەنها بە یارمەتی خودا نەبێت.
بابەتێک
سەبارەت بە ڕوونکردنەوەى فەزڵ وپلە وپایەی کردەوەکانی حاجی لە ڕۆژی جەژنی قورباندا
وە باشتر وایە بۆ حاجی کە ئەم چوار کارەی ڕۆژی جەژنی قوربان بەم ڕیزبەندییە ئەنجام بدات؛ هەروەکو باسکرا: سەرەتا دەست دەکات بە هاویشتنی بەردەكانی جەمرەتی عەقەبە، پاشان سەربڕینی ئەو ئاژەڵەی ئامادەی کردووە، پاشان سەرتاشین یان کورتکردنەوە، پاشان تەواف و سەعی كردن لە پاشیدا بۆ کەسی تەمەتوعكار، هەروەها بۆ کەسی موفرید و قارین یش ئەگەر سەعییان نەکردبێت لەگەڵ تەوافی گەیشتنیان بەمەککە، ئەگەر هەندێک لەم کارانەی پێشخست بەسەر هەندێکی تردا ئەوا دروستە؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوخسەتی داوە لەمبارەیەوە، هەروەها پێشخستنی سەعی بەسەر تەوافدا دەچێتە نێو ئەم ڕوخسەتەوە؛ چونکە یەکێکە لەو کارانەی کە لە ڕۆژی جەژندا ئەنجام دەدرێن، بۆیە دەچێتە نێو چوارچێوەی وتەی هاوەڵەکەوە؛ كە دەڵێت: جا لەو ڕۆژەدا پرسیار لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بكرایە دەربارەی هەر شتێک کە پێشبخرێت یان دوابخرێت؛ دەیفەرموو: «بیکە و هیچ گوناح وكەفارەتێكی تێدا نییە» [84]، چونكە ئەمە بابەتێکە لەبیرچوونەوە و نەزانین تێدا ڕوودەدات، بۆیە واجبە بخرێتە نێو ئەم بنەما گشتییەوە؛ بەهۆی ئەو ئاسانکاری و کارئاسانییەی کە تێیدایە. [84] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (83)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1306).
وە هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەو کەسەی كە سەعی کردووە پێش ئەوەی تەواف بکات، ئەویش فەرمووی: «هیچ گوناح وكەفارەتێکی نییە» [85] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەی ئوسامە كوڕی شەرەیكـەوە بە سەنەدێکی سەحیح، بەمەیش ڕوون بوویەوە کە بەبێ هیچ گومانێک دەچێتە ژێر بابەتە گشتییەکەوە، وخودا ڕێنموێنیكار بێت. [85] ئەبو داوود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2015).
وە ئەو کارانەی کە حاجی بە ئەنجامدانیان تەحەلولی تەواوی بۆ دێتەدی سێ کارن، ئەوانیش: هاویشتنی بەردەكانی جەمرەتی عەقەبە، و سەرتاشین یان کورتکردنەوە، و تەوافی ئیفازە لەگەڵ سەعی کردن لە پاشیدا؛ بە پێی ئەو كەسانەی كە پێشتر باسكران، جا ئەگەر ئەم سێ کارەی ئەنجامدا، هەموو شتێکی بۆ حەڵاڵ دەبێتەوە کە بەهۆی ئیحرامەوە لەسەری قەدەغە کرابوو، لە ئافرەتان و بۆنخۆشی و جگە لەمانەیش، وە هەرکەسێک دووان لەمانە ئەنجام بدات، ئەوا هەموو شتێکی بۆ حەڵاڵ دەبێت کە بەهۆی ئیحرامەوە لەسەری قەدەغە کرابوو جگە لە ئافرەتان نەبێت، ئەمە ناودەبرێت بە: تەحەلولی یەکەم.
وە سوننەتە بۆ حاجی تێر لە ئاوی زەمزەم بخواتەوە، وە نزای بەسوود بكات بەو شێوەیەی بۆی ئاسانە، و «ئاوی زەمزەم بۆ ئەو شتەیە كە بۆی دەخورێتەوە» [86]. هەروەها لە سەحیحی موسلیم دا هاتووە لە ئەبی زەڕەوە ڕەزای خودای لێبێت، کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە ئاوی زەمزەم فەرموویەتی: «وەک خواردن وایە ومرۆڤ تێر دەکات» [87]. وئەبو داود ئەم بەشە زیادەی گێڕاوەتەوە كە دەفەرمووێت: «وشیفایە بۆ نەخۆشیەکان» [88]. [86] ئیبن ماجە گێڕاویەتیەوە لە جابر کوڕی عبد اللە وە ڕەزاى خودای لێبێت، بە ژمارە (3062). [87] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2473). [88] واتە: ئەبو داوی تەیالیسی، ودەریهێناوە لە هەمان فەرموودەى بەسەرهاتی موسڵمانبوونی ئەبی زەر ڕەزاى خودای لێبێت. بڕوانە (مسند أبي داود الطيالسي) بە ژمارە (459).
وە لەدوای تەوافی ئیفازە و سەعی كردن لەلایەن ئەو حاجیانەی كە سەعییان لەسەرە، حاجییەكان دەگەڕێنەوە بۆ مینا و سێ ڕۆژ و شەوەكانیان لەوێ دەمێننەوە، وە لە هەموو ڕۆژێك لەو سێ ڕۆژەدا لەدوای لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان؛ بەردەکانی جەمەڕات دەهاوێژن، وڕیزبەندی لە بەرد هاویشتن بۆ جەمرەتەكان؛ واجبە.
دەی بە جەمرەتی یەکەم دەستپێدەكات: ئەمیش ئەوەیە کە لە دوای مزگەوتی خیفە وە دێت، حەوت بەردی یەک لەدوای یەکی تێدەهاوێژێت، لەگەڵ هەر بەردێکدا دەستی بەرز دەکاتەوە، و سوننەتە هەندێك بچێتە دواوە و جەمرەتەكە بکاتە لای چەپیەوە، وە ڕوو بکاتە قیبلە، وە دەستەکانی بەرز بکاتەوە و زۆر نزا وپاڕانەوە بکات.
پاشان بەردەكان دەهاوێژێتە جەمرەتی دووەم هەروەکو ئەوەی یەکەم، و سوننەتە دوای هاویشتنیان کەمێک بڕواتە پێشەوە و جەمرەتەکە بکاتە لای ڕاستیەوە، و ڕووی لە قیبلە دەکات، و دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و زۆر نزا وپاڕانەوە دەکات.
پاشان بەردەكان دەهاوێژێتە جەمرەتی سێیەم و لەلایدا ڕاناوەستێت.
پاشان لە ڕۆژی دووەمی ڕۆژانی تەشریقدا لە پاش زەوال بەردەکان دەهاوێژێت، هەروەكو چۆن لە ڕۆژی یەکەمدا بەردەكانی هاویشت، وە لەلای جەمرەتی یەکەم و دووەمدا هەمان شت دووبارە دەکاتەوە کە لە ڕۆژی یەکەمدا کردی؛ ئەمیش وەكو شوێنکەوتنێك بۆ پێغەمبەر ﷺ.
وهاویشتنی بەردەكان لە جەمرەتەكان لە دوو ڕۆژی یەكەمی ڕۆژەكانی تەشریق واجبێكە لە واجبەكانی حەج، و بەهەمان شێوە مانەوە لە مینا لە شەوی یەكەم و دووەمدا واجبە، جگە لە ئاوگێڕەكان و شوانەكان و هاوشێوەكانیان؛ كە مانەوە لە مینا لەسەریان واجب نییە.
پاشان لە دوای هاویشتنی بەردەكان لە جەمرەتەكان لەو دوو ڕۆژەدا، ئەوەی پێی خۆشە پەلە بکات و مینا جێبهێڵێت ئەوا دروستە، و دەبێت پێش خۆرئاوا بوون دەربچێت، و هەرکەسێک خۆی دوا بخات و شەوی سێیەم بمێنێتەوە و لە ڕۆژی سێیەمدا بەردەکان بهاوێژێت؛ ئەوا باشترە و پاداشتی گەورەترە، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ناوی خودا بەرن (اللە اکبر بکەن) لەچەند ڕۆژێکی دیاری کراودا ھەرکەسێک پەلە بکات لە دوو ڕۆژدا (ھەرسێ جەمەرەکە بەردباران بکات) گوناھی ناگات وە ھەر کەسێکیش دوابکەوێت (سێ ڕۆژ ڕەجم بکات) گوناھی لەسەر نی یە بۆکەسێک پارێزکاری بکات و لەخودا بترسێت لەخودا بترسن و (لەسزای) خۆتان بپارێزن وە بزانن کە ئێوە بۆ لای ئەو (ئەگەڕێنەوەو) کۆدەکرێنەوە﴾ [البقرة: 203]، وە چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێگەی دا بە خەڵکی پەلە بکەن، بەڵام خۆی پەلەی نەکرد، بەڵکو لە مینا مایەوە هەتاوەکو لە پاش زەوال لە ڕۆژی سیانزەیەمدا بەردەکانی هاویشت، پاشان پێش ئەوەی نوێژی نیوەڕۆ بکات بەڕێکەوت.
وە كوڕی بچوك كە ناتوانێت ڕاستەوخۆ خۆی بەرد بهاوێژێت؛ ڕێگەپێدراوە بۆ بەخێوكاری لە جیاتی ئەو بەردەكان بهاوێژێتە (جەمرەتی عەقەبە) وهەموو جەمرەتەكانی تریش، پاش ئەوەی كە بۆ خودی خۆی بەردەكانی هاویشتبێت، هەروەها کچی بچوک کە ناتوانێت بەرد بهاوێژێت؛ بەخێوكارەكەی لە جیاتی ئەو بەردەكان دەهاوێژێت، بە بەڵگەی فەرموودەكەی جابر ڕەزای خودای لێ بێت، كە دەفەرمووێت: «لەگەڵ پێغەمبەری خودا ﷺ حەجمان کرد، و ژنان و منداڵانمان لەگەڵدا بوو، تەلبیەمان بۆ منداڵەکان دەکرد و بەردەكانمان بۆیان دەهاویشت (لە جەمرەتەكان)» [89] ئیبن ماجە گێڕاویەتیەوه. [89] تیرمزی گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (927).
وە ئەو کەسەی ناتوانێت بەردەکان بهاوێژێت بەهۆی نەخۆشی یان بەتەمەنی یان دووگیانی؛ ڕێگەپێدراوە کەسێک بکات بە بریکار ولە جیاتی خۆی بەردەكان بهاوێژێت، چونكە خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿کەوا بوو لە خودا بترسن وبەندایەتی ئەو بکەن ئەوەندەی کە دەتوانن...﴾ [التغابن: 16]، وە ئەمانە ناتوانن لەلای جەمەرەتەكان بچنە ناو قەرەباڵغی خەڵکەوە، و کاتی هاویشتنی بەردەكان لە جەمرەتەكان بەسەردەچێت و قەزاکردنەوەیان دروست نیە لە ڕووی شەرعەوە، بۆیە ڕێگەپێدراوە بۆیان کەسێکی تر بکەنە بریكار، بە پێچەوانەی پەرستنەکانی تری حەجەوە، نابێت کەسی موحریم یەكێک بکات بە بریكاری خۆی بۆئەوەی لەبری ئەو حەجەكەی بۆ ئەنجام بدات؛ تەنانەت ئەگەر حەجەکەیشی سوننەت بێت، چونکە هەرکەسێک ئیحرامی بۆ حەج یان عومرە بەست، تەنانەت ئەگەر هەردووکیان سوننەتیش بن، ئەوا دەبێت تەواویان بکات؛ بە بەڵگەی فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿حەج و عومرەتان کە دەست پێکرد تەنھا بۆ خودا بە تەواوی ئەنجامی بدەن...﴾ [البقرة: 196]، وە كاتی تەواف وسەعی نافەوتێت؛ بە پێچەوانەی كاتی هاویشتنی بەردەكان.
وبەڵام سەبارەت بە وەستان لە عەرەفە، و شەو مانەوە لە موزدەلیفە و مینا، ئەوا گومانی تێدا نیە کاتەکەیان تێدەپەڕێت و بەسەردەچێت، بەڵام کەسی بێتوانا لەم شوێنانەدا دەتوانێت بمێنێتەوە ئەگەرچی بە زەحمەتیش بێت، بە پێچەوانەی هاویشتنی بەردەكان لە جەمرەتەكان بە ڕاستەوخۆیی، وە بەهۆی ئەوەی لە پێشینە چاکەکانەوە هاتووە كە بریكاریان گرتووە لە هاویشتنی بەردەكان لە جەمرەتەكان؛ بۆ کەسێك كە عوزری هەبێت، بە پێچەوانەی ڕێوڕەسمەكانی ترەوە.
وە پەرستنەکان لەسەر بەڵگەکان بنیات نراون و هیچ یەكێك بۆی نییە شتێک زیاد بكات لە شەریعەتدا مەگەر بە بەڵگەیەک نەبێت، وڕێگەپێدراوە بۆ بریكارەکە لەلای هەر جەمەرەتێک لە سێ جەمەرەتەکە؛ سەرەتا بۆ خۆی بەردەکان بهاوێژێت پاشان بۆ ئەو کەسەی کردوویەتی بە بریكار، لە یەک شوێنی وەستاندا، واتا واجب نییە لەسەری کە سەرەتا بەردبارانكردنی هەرسێ جەمەرەتەکە بۆ خۆی تەواو بکات، و پاشان بگەڕێتەوە و بۆ ئەو کەسەی كردوویەتی بە بریكار؛ بەردەكان بهاوێژێت، ئەمە بەپێی ڕاسترینی دوو وتەی زانایان؛ بەهۆی نەبوونی بەڵگەیەک کە ئەم شتە واجب بكات، هەروەها بەهۆی ئەو سەختی و ناڕەحەتییەی کە لەم كارەدا هەیە، و خودای گەورە -سبحانە وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿...وە لە ئاینـدا ھیچ کارێکی قورس و گرانی لەسەر دانەناون...﴾ [الحج: 78]. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئاسانکاری بکەن وکارەکان قورس مەکەن» [90]. وە لەبەرئەوەی ئەمە لە هاوەڵانی پێغەمبەری خوداوە نەگێڕدراوەتەوە -صلی اللە علیە وسلم-؛ کاتێک لە جیاتی منداڵ و بێتواناکانیان بەردەكانیان هاویشتووە، خۆ ئەگەر بیانکردایە ئەوا دەگێڕدرایەوە؛ چونکە لەو بابەتانەیە کە پاڵنەرەکان بۆ گێڕانەوەی زۆرن، خودایش زاناترە. [90] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ لە ئەنەسەوە خودا لێی ڕازی بێت بە ژمارە (69).
بابەتێک
سەبارەت بە واجبێتی سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر ئەو کەسەی حەجی تەمەتوع وقیران دەکات
وە حاجی ئەگەر حەجەکەی بەشێوازی تەمەتوع یان قیران بوو وە لە دانیشتووانی مەککە نەبوو؛ واجبە ئاژەڵێک سەرببڕێت، ئەمیش بریتییە لە: مەڕ یان بزنێك، یان حەوت یەکی وشترێک، یان حەوت یەکی مانگایەک. و دەبێت لە پارەی حەڵاڵ و داهاتی پاک بێت؛ چونکە خودای گەورە پاکە وتەنها پاکیش قبوڵ دەکات.
وە پێویستە موسڵمان دووربکەوێتەوە لە داواکردن لە خەڵکی جا بۆ وەرگرتنی قوربانی -هەدی- بێت یان شتێکی تر، ئەگەر ئەو خەڵکەی داوایان لێدەكات؛ پادشا بن یان هەر چینێكی تر، بەتایبەت ئەگەر خوداى گەورە لە ماڵ وسامان ئەوەندەی پێبەخشیبێت کە پێویستی بە کەس نەبێت وخۆی بتوانێت لێی ببەخشێت؛ ئەمیش بەهۆی ئەو فەرموودە زۆرانەی کە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- هاتوون سەبارەت بە سەرزەنشتکردن وبە عەیبدانانی داواکردن، وستایشكردنی ئەو کەسەی كە وازی لێدەهێنێت.
وە ئەو کەسەی حەجی تەمەتوع یان قیران دەکات؛ ئەگەر هاتوو توانای قوربانیكردنی نەبوو، ئەوا پێویستە لەسەری سێ ڕۆژ لە حەجدا بەڕۆژوو بێت و حەوت ڕۆژیش کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ناو ماڵ و وڵاتی خۆی، وە لە ڕۆژووگرتنی ئەو سێ ڕۆژەدا سەرپشکە، ئەگەر ویستی پێش ڕۆژی جەژنی قوربان بەڕۆژوو دەبێت، وە ئەگەریش ویستی؛ لە سێ ڕۆژەکەی دوای یەکەم ڕۆژب جەژنی قوربان (لە ڕۆژەكانی تەشریق) بەڕۆژوو دەبێت، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...هەركەسێك تەمەتوعی كرد (عومرەی لە مانگی حەجدا كرد) ولەوێ مایەوە تا کاتی حەج ئەوە چی بۆ ھەڵسوڕا لە قوربانی (بیکات) وە ئەگەر یەکێک نەیبوو با سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بێت لە کاتی حەجدا وە حەوت ڕۆژی تریش کاتێک گەڕانەوە ئەمە دەبێتە دە ڕۆژی تەواو ئەمە بۆ کەسێکە کە (خۆی) و کەسوکاری دانیشتووی دەوروبەری (مزگەوتی حەرام) نەبێت...﴾ [البقرة: 196] هەتا كۆتایی ئایەتەكە.
وە لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە، لە عائیشە وئیبن عومەرەوە ڕەزای خودایان لێبێت دەڵێن: «ڕێگەپێدراو نییە لە ڕۆژانی تەشریقدا ڕۆژوو بگیرێت، مەگەر بۆ كەسێك هەدی -قوربانی- دەست نەکەوێت» [91]، وە ئەم فەرموودەیە حوکمی مەرفوعی هەیە؛ واتا وەكو ئەوە وایە پێغەمبەر -صلی اللە علیە وسلم- فەرمووبێتی، وە باشتر وایە ڕۆژووی سێ ڕۆژەکە بخرێتە پێش ڕۆژی عەرەفە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی عەرەفەدا بەڕۆژوو نەبێت؛ چونکە پێغەمبەر -صلی اللە علیە وسلم- لە ڕۆژی عەرەفەدا بەڕۆژوو نەبوو، ونەهی کردووە لە ڕۆژووگرتنی ڕۆژی عەرەفە لە عەرەفەدا، چونکە ڕۆژوو نەگرتن لەم ڕۆژەدا زیاتر چالاک وگوڕوتینی پێدەبەخشێت بۆ زیکر وپاڕانەوە، ودروستە ڕۆژووگرتنی ئەو سێ ڕۆژەی کە باسکران بەدوای یەکدا بن یان بە پچڕ پچڕی، هەروەها بۆ ڕۆژووی حەوت ڕۆژەکەیش؛ مەرج نییە لەسەری کە بەدوای یەکدا بیانگرێت، بەڵکو ڕۆژووگرتنیان پێکەوە بێت یان بە پچڕ پچڕی؛ ڕێگەپێدراوە، چونکە خوای گەورە مەرجی ڕۆژووگرتنیانی بەدوای یەکدا دانەناوە، هەروەها پێغەمبەرەکەیشی -علیە الصلاة والسلام-، باشتر وایە ڕۆژووی حەوت ڕۆژەکە دوابخرێت هەتاوەکو دەگەڕێتەوە بۆ نێو وڵات وخێزانی خۆی؛ هەروەكو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە حەوت ڕۆژی تریش کاتێک گەڕانەوە...﴾ [البقرة: 196]. [91] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1998).
وە ڕۆژووگرتن بۆ کەسی بێ توانا لە ئاست قوربانی -هەدی- کردن باشترە لەوەی داوای قوربانی بكات لە پاشاکان و جگە لەوانیش؛ بۆئەوەی بۆ خۆی سەری ببڕێت، و هەرکەسێک قوربانی یان شتێکی تری پێدرا بە بێ داواکردن و بە بێ چاولێبوون و بە بێ بەرەو پێشچوون بۆی؛ ئەوا ئاساییە، ئەگەرچیش حەج بكات لە جیاتی کەسێکی تر، واتە: ئەگەر ئەو کەسانەی كردوویانە بە بریكار مەرجیان لەسەری دانەنابێت کە قوربانیەکە بەو پارەیە بکڕێت کە پێی دراوە، بەڵام ئەوەى هەندێک خەڵک دەیکەن لە داواکردنی قوربانی لە حکومەت یان لە لایەنی تر؛ بەناوی چەند کەسێکەوە کە ناویان دەهێنێت و لەوەدا درۆ دەکات، ئەوا بێگومان ئەمە حەرامە؛ چونکە لە جۆری خواردنی ماڵ وسامانە بە درۆ، خودای گەورە ئێمە و موسڵمانان لەوە بپارێزێت.
بابەتێک
سەبارەت بە واجبێتی فەرمان بە چاکە لەسەر حاجییەکان و جگە لە ئەوانیش
وە لە گەورەترین واجبەکان لەسەر حاجیەكان و جگە لەوانیش: فەرمانکردنە بە چاکە و نەهی كردن لە خراپە، و پارێزگاری کردنە لە پێنج نوێژە فەرزەکە بە كۆمەڵ، هەروەکو اللە فەرمانی پێکردووە لە کتێبەکەیدا، و لەسەر زاری پێغەمبەرەکەی ﷺ.
وبەڵام ئەوەی کە زۆرێک لە خەڵکی دەیکەن لە دانیشتوانی مەککە و جگە لەوانیش، لە نوێژکردن لە ماڵەکاندا و چۆڵکردنی مزگەوتەکان، کارێکی هەڵەیە و پێچەوانەی شەرعە، بۆیە واجبە نەهی لەو کارە بکرێت، و فەرمان بە خەڵکی بکرێت کە پارێزگاری لە ئەنجامدانی نوێژەكان بکەن لە مزگەوتەکاندا، چونکە لە سوننەتدا هاتووە كاتێك كە ئیبن ئوم مەکتوم خودای لێ ڕازی بێت داوای مۆڵەتی لە پێغەمبەر -ﷺ- کرد لە ماڵەکەی خۆیدا نوێژ بکات؛ لەبەر ئەوەی کەسێکی نابینا بوو و ماڵی لە مزگەوتەوە دوور بوو، پێغەمبەر -ﷺ- پێی فەرموو: «ئایا گوێت لە بانگدانە بۆ نوێژ؟، ووتی: بەڵێ، فەرمووی: وەڵام بدەرەوە» [92]، لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە: «نابینم هیچ ڕوخسەتێکت هەبێت» [93]، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «وام نیاز کرد کە فەرمان بکەم بە نوێژکردن وقامەت بکرێت، پاشان فەرمان بە پیاوێک بکەم پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکات، دواتر بڕۆم بۆ سەر ئەو پیاوانەی کە ئامادەی نوێژی جەماعەت نابن، وماڵەکانیان بەسەریاندا بسوتێنم» [94]، ولە سونەنی ئیبن ماجە و جگە لە ئەو بە ئیسنادێکی حەسەن هاتووە، لە ئیبن عەباسەوە ڕەزای خودایان لێبێت، کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ھەر کەسێک گوێی لە بانگ بوو، و وەڵامی بانگی نەدایەوە (نەهات بۆ نوێژی جەماعەت)؛ ئەوا نوێژەکەی کامڵ نییە، مەگەر بیانویەکی -شەرعی- ھەبێت» [95]، ولە سەحیحی موسلیم دا هاتووە: لە ئیبن مەسعود ەوە ڕەزای خودای لێبێت دەڵێت: «هەرکەسێک پێی خۆشە سبەینێ بە موسڵمانێتی بگاتەوە بە خودای گەورە، ئەوا با پارێزگاری بکات لە ئەنجامدانی ئەم نوێژانە لەو شوێنەی کە بانگیان بۆ دەکرێت (واتە: لە مزگەوتدا بە جەماعەت)، چونکە خودای گەورە سوننەت ڕێبازی بۆ پێغەمبەرەکەتان -صلى الله عليه وسلم- داناوە، وئەم نوێژانە بە جەماعەت لە سوننەت ڕێبازی ئەون، وئەگەر ئێوە لە ماڵەکانتاندا نوێژەکانتان بکەن هەروەکو ئەو کەسە دواکەوتووەی كە لە ماڵەکەیدا نوێژ دەکات، ئەوا وازتان لە سوننەتی پێغەمبەرەکەتان هێناوە، وئەگەر وازتان لە سوننەتی پێغەمبەرەکەتان هێنا ئەوا گومڕا دەبن، و هیچ پیاوێک نییە کە دەستنوێژ بگرێت بە جوانی ودروستی، وپاشان ڕوو بکاتە یەکێک لەم مزگەوتانە؛ ئەوا خودای گەورە بەهۆی هەر هەنگاوێک کە دەینێت چاکەیەکی بۆ دەنووسێت، وپلەیەک بەرزی دەکاتەوە، وگوناهێکی لەسەر دەسڕێتەوە، وە بە دڵنیاییەوە لە سەردەمی خۆماندا وامان دەبینی کە هیچ کەسێک لە نوێژی جەماعەت دوا نەدەکەوت، مەگەر دووڕوویەك -مونافیقێک- نەبێت کە دووڕووییەکەی ئاشکرابوو، وە بە دڵنیاییەوە پیاوێک دەهێنرا لەسەر شانی دوو پیاو هەڵیان دەگرت هەتا لە ڕیزی نوێژدا ڕادەگیرا» [96]. [92] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2420)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (651). [93] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (653). [94] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (552). [95] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (654). [96] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (551).
وە واجبە لەسەر حاجیان و جگە لەوانیش كە دووربکەونەوە لە حەرامکراوەکانی خودای گەورە، و خۆیان بپارێزن لە ئەنجامدانیان؛ لە نمونەی: زینا، ونێربازی، و دزی کردن، و خواردنی ڕیبا، و خواردنی ماڵی هەتیو، و فێڵکردن لە مامەڵەکاندا، و خیانەت کردن لە سپاردە، و خواردنەوەی شتە بێهۆشکەرەکان، و جگەرە کێشان، و درێژکردنەوەی پۆشاک بۆ خوار قولەپێ -دەرهەق بە پیاوان-، و خۆبەگەورەزانین، و حەسودی، و ڕیا و ڕوپامایی، و غەیبەت، و دووزمانی -نەمیمە-، و گاڵتەکردن بە موسڵمانان، و بەکارهێنانی ئامێرەکانی گۆرانی و مۆسیقا؛ وەک عود و ڕوباب و زوڕنا و هاوشێوەکانیان، و گوێگرتن لە گۆرانی و ئامێرەکانی مۆسیقا لە ڕادیۆ و شتی ترەوە، و یاریکردن بە زار و شەترەنج، و مامەڵەکردن بە قومار، و وێنەکێشانی گیانلەبەران لە مرۆڤ و ڕۆحلەبەرەكانی تر، و ڕازیبوون پێیان، چونکە بێگومان هەموو ئەمانە لەو کارە قێزەونانەن کە خوای گەورە حەرامی کردوون لەسەر بەندەکانی لە هەموو کات و شوێنێکدا، بۆیە واجبە حاجیان و دانیشتووانی ماڵی پیرۆزی خودا زیاتر لە کەسانی تر خۆیانی لێ بپارێزن؛ چونکە گوناهـ و تاوانەکان لەم شارە ئارامەدا گەورەترن وسزاكەیشیان سەختترە.
خوداى باڵادەست دەفەرمووێت: ﴿...وە ھەر کەس بیەوێت لەوێ (لە مزگەوتی حەرام) مەیلی لە ھەق لادان زوڵم وستەم بکات پێی دەچێژین سزای ئازاردەر﴾ [الحج: 25]، ئەگەر خودای گەورە هەڕەشەی لەو کەسە کردبێت کە تەنها نیازی ستەمکردنی هەیە لە حەرەمدا، ئەی سزای ئەو کەسە چۆن دەبێت کە کردەوەکە ئەنجام دەدات؟! بێگومان سزاکەی گەورەتر و توندترە، بۆیە پێویستە ئاگاداری سەرجەم تاوانەکان بین.
وە چاکەى حەج و لێخۆشبوون لە گوناهەکان بۆ حاجییان بەدی نایەت، مەگەر بە خۆپاراستن لەم تاوانانە و جگە لەمانەیش؛ لەو شتانەی کە خودای گەورە حەرامی کردووە، هەروەکو لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم- كە دەفەرمووێت: «ئەوەی حەج ئەنجام بدات، وقسەی خراپ وناڕەوا نەکات (نزیک نەبێتەوە لە خێزانی بەچێژوەرگرتن)، وتاوان وگوناهـ ئەنجام نەدات ئەوا دەگەڕێتەوە (لە حەج کردنەکەى) وەکو ئەو ڕۆژەی لە دایك بووە» [97]. [97] بوخاری گێڕاویەتیەوە لە ئەبو هوڕەیڕەوە ڕەزاى خودای لێبێت؛ بە ژمارە (1521)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1350).
وە خراپترین وگەورەترین لەنێو ئەم تاوانانە؛ بریتیە لە: داوا كردن لە مردووەكان، وداواى بەهاناوە هاتن لێیان، ونەزر کردن وسەربڕین بۆیان؛ بە هیوای ئەوەی شەفاعەت بكەن بۆ ئەو کەسەی کە داوایان لێدەکات لەلای الله، یان شیفای نەخۆشەکەی بدەن یان ونبووەکەی بۆ بگەڕێننەوە وهاوشێوەی ئەمانە.
وە ئەمە لە شیرکی گەورەیە کە خودای گەورە حەرامی کردووە، وئەمە ئاینی هاوبەشدانەرانی سەردەمی نەفامییە، وخودای گەورە پێغەمبەرانی ناردووە وکتێبەکانی دابەزاندووە بۆ نكۆڵی ونەهی كردن لێی وڕەتکردنەوەی.
کەواتە واجبە لەسەر هەموو تاکێک لە حاجیان و جگە لەوانیش کە هۆشدار بن لە هاوبەش بڕیاردان بۆ الله، وە تەوبە بکەن وبگەڕێنەوە بۆ لای خودای گەورە لە هەر شتێکی لەو جۆرە کە پێشتر ئەنجامیان دابێت، وە حەجێکی نوێ ئەنجام بدەن دوای تەوبەکردن لەم تاوانە؛ چونکە شیرکی گەورە هەموو کردەوەکان پووچەڵ دەکاتەوە، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە ئەگەر ھاوبەشیان بڕیار بدایە بۆ خودا بێگومان ئەو چاکانەی كە کردبوویان ھەمووی بێ پاداشت دەردەچوو﴾ [الأنعام:88].
وە لە جۆرەکانی شیرکی بچووک: سوێند خواردن بە جگە لە الله؛ وەک سوێند خواردن بە پێغەمبەر ﷺ و کەعبە و ئەمانەت و هاوشێوەی ئەمانە.
وە لە جۆرەكانی تری شیركی بچووك: ڕیا وسومعە، و ووتنی: ما شاء الله وشئت: خودا بیەوێت وتۆ بتەوێت، و لولا الله وأنت: ئەگەر الله وتۆ نەبوونایە، و هذا من الله ومنك: ئەمە بە فەزڵی الله وتۆیە، وهاوشێوەکانى ئەمانە.
واجبە وریا بین لەم تاوان و خراپەکارییە شیرکیانە، و ئامۆژگاری یەکتر بکەین بە وازهێنان لێیان؛ چونکە لە پێغەمبەرەوە هاتووە ﷺ کە فەرموویەتی: «ئەوەی سوێند بە جگە لە خودای گەورە بخوات؛ ئەوا کوفر یان شیرکی ئەنجامداوە»[98]. فەرموودەکە ئەحمەد، وئەبو داود، وتیرمزی بە ئیسنادێكی سەحیح گێڕاویانەتەوە. [98] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (3251).
وبە سەحیحی لە عومەرەوە هاتووە ڕەزای خودای لێبێت کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەرکەسێک سوێندی خوارد؛ با بە خوداى گەورە بێت یان بێدەنگ بێت» [99]. وهەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەوەی سوێند بە سپاردە وئەمانەت بخوات؛ ئەوا لە ئێمە نییە» [100]. ئەبو داود گێڕاویەتیەوە. [99] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (3253). [100] بوخاری گێڕاویەتیەوە لە عبدالله وە؛ بە ژمارە (2679)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1646).
هەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەو تاوانەی کە زۆر لەسەرتان دەترسم ئەنجامی بدەن: شیرکی بچووکە، پرسیاری لێکرا سەبارەتی، فەرمووی: ڕیا وڕوپامایی» [101]. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «مەڵێن: خودای گەورە بیەوێت وفڵان کەس بیەوێت، بەڵکو بڵێن: خودای گەورە بیەوێت پاشان فڵان کەس بیەوێت» [102]. نەسائی لە ئیبن عەباسەوە ڕەزای خودایان لێبێت دەیگێڕێتەوە، کە پیاوێک ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، خوداى گەورە بیەوێت وتۆ بتەوێت، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئایا منت کردە هاوبەشی خوداى گەورە، بەڵکو تەنها خوداى گەورە بیەوێت» [103]. [101] ئەحمەد گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (5/428). [102] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (4980). [103] ئیبن ماجە گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2117).
وە ئەم فەرموودانە بەڵگەن لە سەر كۆششكردنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ پاراستنی بیروباوەڕی یەكخوداپەرستی -تەوحید-، وئاگادارکردنەوەی ئومەتەکەی لە شیرکی گەورە وبچووک، و بەپەرۆشبوونی لە سەر سەلامەتی ئیمانیان وڕزگاربوونیان لە سزای خودا وهۆکارەکانی توڕەبوونی، خودای گەورە پاداشتی بداتەوە لەسەر ئەمە بە باشترین پاداشت، چونکە پەیامەکەی گەیاند و وریای کردینەوە، وئامۆژگاری کرد لە پێناوی خودا وبۆ بەندەکانی، -صلى اللە علیە وسلم-، درود وسەلامی هەمیشەیی خودای لە سەر بێت هەتا ڕۆژی دوایی.
وە واجبە لەسەر زانایان لە حاجیان و دانیشتووانی شارە ئەمینەکەی خودا و شاری پێغەمبەرە بەڕێزەکەی -عليه الصلاة والسلام- کە خەڵکی فێری ئەو شتانە بکەن کە خودای گەورە بۆیانی شەرعاندووە، و ئاگاداریان بکەنەوە لەو شتانەی خودای گەورە لێی حەرام کردوون لە جۆرەکانی شیرك و تاوانەکان، و بە بەڵگەکانییەوە ڕوونی بکەنەوە بۆیان و شیبکەنەوە بە شێوەیەکی تێر و تەسەل؛ بۆ ئەوەی بەم هۆكارانە خەڵکی لە تاریکییەکانەوە دەربهێنن بەرەو ڕووناکی، و بەم شێوەیە ئەو ئەرکەیان جێبەجێ کردووە کە خودای گەورە واجبی کردووە لەسەریان لە گەیاندن و ڕوونکردنەوە، خودای گەورە -سبحانه وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿(بێنەوە بیریان) کاتێک کە خودا وەریگرت پەیمان لەوانەی کە نامەیان پێ بەخشرا بوو دەبێ ئەو نامەیە ڕوون بکەنەوە بۆ خەڵکی وە نەیشارنەوە...﴾ [آل عمران: 187].
وە مەبەست لەم باسە: هۆشداریدانە بە زانایانی ئەم ئوممەتە لە پەیڕەوکردنی ڕێچکەی ستەمکاران لە خاوەن نامەکان (جولەکە وگاورەکان) كاتێك ھەق وڕاستییان شاردەوە؛ ئەمیش بەهۆی ھەڵبژاردنی ژیانی دونیا بەسەر دواڕۆژدا، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿بێگومان ئەوانەی دەیشارنەوە ئەوەی کە ناردوومانەتە خوارەوە لە ئایەتە ڕۆشنەكان وڕێنمایی دوای ئەوەی کە ڕوونمان کردوەتەوە بۆ خەڵکی لە نامەی (تەورات و ئینجیل) دا ئەوانە خودا نەفرەتیان لێ دەکات وە نەفرەتکارانیش نەفرەتیان لێ دەکەن (159) مەگەر ئەوانەی کە پەشیمان بووبنەوە، وە کردەوەی چاکیان کردبێ و (ئەوەی شاردبوویانەوە) ئاشکرایان کردبێ ئا ئەوانه پەشیمانیان لێ گیرادەکەم وە ھەر منم تەوبەوەرگری میھرەبان (160)﴾ [البقرة: 159-160]. ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە بانگەوازى کردن بۆ لای خوداى گەورە و ڕێنمایی کردنی بەندەکان بۆ ئەو مەبەستەی کە بۆی دروستکراون؛ لە گەورەترین پەرستنەكان و گرنگترین ئەرکەکانە، وە ڕێگا و ڕێبازی پێغەمبەران و شوێنکەوتووانیانە هەتاوەکو ڕۆژی دوایی، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿کێ وتەی چاکتر و بەجێترە لەوکەسەی (خەڵك) بۆ لای خودا بانگ دەکات وە کاری چاکە دەکات و دەڵێ بێگومان من لەکۆمەڵی گەردنکەچ و موسڵمانانم﴾ [فصلت: 33]، ھەروەھا خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿بڵێ ئەمە ڕێگای منە بانگی (خەڵکی) دەکەم بۆ لای خودا لەسەر بەڵگەی ڕوون و چاوڕۆشنی من و ئەوانەش شوێنم کەوتوون وخواش پاک و بێگەردە وە من ھیچ کات لە ھاوبەشدانەران نیم﴾ [يوسف: 108].
وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەرکەسێک ڕێنیشاندەر بێت بۆ کارێکی خێر؛ ئەوا پاداشتی وەکو پاداشتی کەسی ئەنجامدەری کارە خێرەکە وایە» [104] «ئەگەر خودای گەورە بەهۆی تۆوە پیاوێک هیدایەت بدات، خێرترە بۆت لە وشتری سوور» [105] وئایەتەکان و فەرموودەکان لەم بابەتەدا زۆرن. [104] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1893). [105] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (3009)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2406).
کەواتە پێویستە لەسەر زانایان و باوەڕداران کە هەوڵ و کۆششەکانیان چڕ بکەنەوە لە بابەتی بانگەواز کردن بۆ لای خودای گەورە -سبحانه وتعالى-، و ڕێنموێنی کردنی بەندەکانی بۆ هۆکارەکانی ڕزگاربوون، و ئاگادارکردنەوەیان لە هۆکارەکانی تیاچوون، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە ئارەزووبازی تێیدا زاڵ بووە، و بنەما تێکدەرەکان و دروشمە گومڕاکەرەکان تێیدا بڵاوبوونەتەوە، و بانگخوازانی ڕێنموونی تێیدا کەمبوونەتەوە، و بانگخوازانی بێباوەڕی (ئیلحاد) و ڕێگاپێدان بە هەموو شتێک (ئیباحیەت) تێیدا زۆر بوون، جا داوای یارمەتی هەر لە خودا دەکرێت، و هیچ هەوڵ و هێزێک نییە تەنها بە یارمەتی خودای بەرز و مەزن نەبێت.
بابەتێک
سەبارەت بە سوننەتی زیاتر هەوڵدان لە ئەنجامدانی پەرستش وعیبادەتەکاندا
وە سوننەتە بۆ حاجییان کە لە ماوەی مانەوەیاندا لە مەککە، بەردەوام بن لەسەر یادی خودای گەورە و گوێڕایەڵی کردنی و کردەوەی چاک ئەنجامدان، وە زۆر نوێژ و تەواف بکەن؛ چونکە كردەوە چاکەکان لە حەڕەمدا پاداشتیان چەندەها جارە، وە كردنی گوناهەکانیش تێیدا؛ خراپەیەكی گەورە و سەختە، هەروەها سوننەتە کە زۆر سەڵاوات و سەلام بدەن لەسەر پێغەمبەری خودا ﷺ.
وە ئەگەر حاجییەکان ویستیان لە مەککە دەربچن، واجبە لەسەریان تەوافی ماڵئاوایی بکەن؛ بۆ ئەوەی دواین کرداریان بێت لە ماڵی خوادا، جگە لە ئافرەتێک لە سوڕی مانگانەدایە یان خوێنی زەیستانی هەیە؛ ئەمانە تەوافی ماڵئاواییان لەسەر نییە، بەهۆی فەرموودەکەی ئیبن عەباس خودایان لێ ڕازی بێت کە دەڵێت: «فەرمان بە خەڵکی کرا کە دواین کرداریان لە ماڵی خوادا تەواف کردن بێت مەگەر ئەو ئافرەتانە نەبێت کە تووشی سووڕی مانگانە بوون»[106] [106] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1755)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1328).
جا ئەگەر لە ماڵئاواییکردنی ماڵی خودا تەواو بوو، و ویستی لە مزگەوت دەربچێت، ئەوا ڕوولەپێش دەڕوات هەتا دەردەچێت، و نابێت پاشەوپاش بڕوات؛ چونکە ئەمە نەگێڕدراوەتەوە لە پێغەمبەرەوە ﷺ و نە لە هاوەڵەکانیەوە، بەڵکو لە بیدعە وداهێنراوەکانە، وپێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێت: «ھەرکەسێک کردەوەیەک بکات کە فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوەیە وەرناگیرێت وڕەتدەکرێتەوە» [107]. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «وریای شتە داهێنراوەکانبن، چونکە هەموو شتێکی داهێنراو بیدعەیە، و هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە» [108]. [107] سەرچاوەکە لە پێشودا باسکرا. [108] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (867).
داواکارین لە خوداى گەورە دامەزراومان بكات لەسەر ئاینەکەی، وسەلامەتیمان پێ ببەخشێت لەوەى دژیەتی، ئەو بەخشندە ومیهرەبانە.
بابەتێک
سەبارەت بە حوكم وڕەوشتەکانی سەردانیکردنی مزگەوتی پێغەمبەر
وە سەردانیکردنی مزگەوتی پێغەمبەر -صلی اللە علیە وسلم- پێش حەج یان دوای حەج؛ سونەتتە، بە بەڵگەی ئەوەی لە هەردوو سەحیحەکەدا هاتووە لە ئەبی هوڕەیڕەوە ڕەزای خودای لێبێت کە پێغەمبەری خودا -صلی اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نوێژکردن لەم مزگەوتەی من خێری زیاترە لە ھەزار نوێژ لەمزگەوتەکانی تر، جگە لەمزگەوتی حەرام نەبێت» [109]. وە لە عبد اللە ی كوڕی عومەرەوە خودایان لێ ڕازی بێت کە پێغەمبەر -صلی اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نوێژکردن لەم مزگەوتەی من خێر لە ھەزار نوێژ لەمزگەوتەکانی تر، جگە لەمزگەوتی حەرام نەبێت» [110] موسلیم گێڕاویەتیەوە، ولە عبداللەی كوڕی زوبەیرەوە ڕەزای خودای لێبێت كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نوێژکردن لەم مزگەوتەی من خێرترە لە ھەزار نوێژ لە مزگەوتەکانی تر، جگە لە مزگەوتی حەرام نەبێت، و نوێژکردن لە مزگەوتی حەرام خێرترە لە سەد نوێژ لەم مزگەوتەی من» [111] ئەحمەد، وئیبن خوزەیمە، وئیبن حیبان گێڕاویانەتەوە. [109] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1190)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1394). [110] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1395). [111] ئەحمەد گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (4/5).
لە جابرەوە ڕەزای خودای لێبێت کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نوێژکردن لەم مزگەوتەی من خێری زیاترە لە ھەزار نوێژ لەمزگەوتەکانی تر، جگە لە مزگەوتی حەرام نەبێت، و نوێژکردن لە مزگەوتی حەرام خێری زیاترە لە سەد ھەزار نوێژ لەمزگەوتەکانی تر» [112] ئەحمەد، وئیبن ماجە گێڕاویانەتەوە. وە فەرموودەکان لەم بارەیەوە زۆرن. [112] ئیبن ماجه گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1406).
بۆیە کاتێک سەردانیكار دەگاتە نزیك مزگەوتەكە؛ سوننەت وایە قاچی ڕاستی پێش بخات لە کاتی چوونە ژوورەوەیدا، و بڵێت: «بِسْمِ اللهِ، وَالصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ عَلَى رَسُولِ اللهِ، أَعُوذُ بِاللهِ الْعَظِيمِ وَبِوَجْهِهِ الْكَرِيمِ وَسُلْطَانِهِ القَدِيمِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ، اللَّهُمَّ افْتَحْ لِي أَبْوَابَ رَحْمَتِكَ» واتە: بەناوی خودای گەورە، و سەڵات وسەلام لەسەر پێغەمبەری خودا، پەنا دەگرم بە خودای گەورە و بە ڕووە بەخشندەکەی و بە دەسەڵاتە دێرینەكەی لە شەیتانی نەفرەتلێکراو، ئەی خودای گەورە دەرگاکانی ڕەحمەتی خۆتم لێ بکەرەوە.
هەروەکو چۆن لە کاتی چوونە نێو هەموو مزگەوتەکانی تر؛ ئەم نزایە دەڵێت، وە بۆ چوونە نێو مزگەوتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هیچ نزایەکی تایبەت نییە. پاشان دوو ڕکات نوێژ دەکات و تێیاندا هەرچی خێر و چاکەیەکی دونیا و دواڕۆژی پێ خۆشە؛ لە خودای گەورە داوای دەكات، وە ئەگەر ئەو دوو ڕکاتە لە ڕەوزەی پیرۆزدا ئەنجام بدات ئەوا باشترە؛ بەهۆی فەرموودەکەی -صلی اللە علیە وسلم- کە دەفەرمووێت: «نێوان ماڵەكەم ومینبەرەكەم باخێكە لە باخەكانی بەهەشت» [113]. پاشان لە دواى دوو ڕکات نوێژ سەردانی گۆڕی پێغەمبەر دەكات -صلى اللە علیە وسلم- وهەروەها گۆڕی هەردوو هاوەڵەكەیشی: ئەبوبەکر وعومەر ڕەزاى خودایان لێبێت، بەرامبەر بە گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە ئەدەب و دەنگی نزمەوە دەوەستێت، پاشان سەلامی لێ دەکات و دەڵێت: (السَّلَامُ عَلَيْكَ يَا رَسُولَ اللهِ وَرَحْمَةُ اللهِ وَبَرَكَاتُهُ)؛ بە بەڵگەی ئەوەى لە سونەنی ئەبی داود دا هاتووە بە سەنەدێکی حەسەن، لە ئەبی هوڕەیڕەوە ڕەزاى خودای لێبێت کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هیچ کەسێک نییە سەلامم لێبکات ئیلا خودای گەورە ڕۆحم دەکاتەوە بەبەردا بۆئەوەی وەڵامی سەلامەکەی بدەمەوە» [114]. خۆ ئەگەر سەردانیکارەکە لە سەلامەکەیدا ووتی: (السلام عليك يا نبي الله، السلام عليك يا خيرة الله من خلقه، السلام عليك يا سيد المرسلين وإمام المتقين، أشهد أنك قد بلغت الرسالة وأديت الأمانة ونصحت الأمة وجاهدت في الله حق جهاده) واتە: سەلامت لێبێت ئەی پێغەمبەری خودا، سەلامت لێبێت ئەی هەڵبژێردراوی خودا لە ناو دروستکراوەکانیدا، سەلامت لێبێت ئەی گەورەی نێردراوان و پێشەوای پارێزكاران، شایەتی دەدەم کە تۆ پەیامەکەت گەیاند، و سپاردەکەت جێبەجێكرد، و ئامۆژگاری ئومەتت کرد، و لە پێناوی خودادا تێکۆشایت بەو شێوەیەی کە شایستەی تێکۆشانە، ئەمە هیچ گرفتێکی تێدا نییە؛ چونکە هەموو ئەمانە لە وەسفەکانی ئەون -صلى الله عليه وسلم-، و سەڵات لەسەر پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- دەدات و دۆعای بۆ دەکات؛ بەپێی ئەوەی لە شەریعەتدا هاتووە، ووتنی سەڵات و سەلام لەسەری پێكەوە؛ ڕێگەپێدراوە، ئەمیش وەکو کارکردنێک بە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿بەڕاستی خودا وفریشتەکانی سەڵات دەدەن لەسەر پێغەمبەر ﷺ ئەی ئەوانەی کە باوەڕتان ھێناوە ئێوەیش سەڵات و سەلامی لەسەر بدەن﴾ [الأحزاب: 56]. پاشان سەلام لە ئەبو بەکر و عومەر دەکات خودایان لێ ڕازی بێت، و دۆعایان بۆ دەکات، و داوا دەكات خودای گەورە لێیان ڕازی بێت. [113] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1195)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1390). [114] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2041).
وە ئیبن عومەر ڕەزای خودایان لێبێت ئەگەر سەلامی بكردایە لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵەكانی، زۆر جار لەمە زیاتری نەدەووت: (السَّلَامُ عَلَيْكَ يَا رَسُولَ اللهِ، السَّلَامُ عَلَيْكَ يَا أَبَا بَكْرٍ، السَّلَامُ عَلَيْكَ يَا أَبَتَاه) واتە: سەلام وسڵاو لە سەر تۆ بێت ئەی پێغەمبەری خودا، سەلام وسڵاو لە سەر تۆ بێت ئەی ئەبا بەکر، سەلام وسڵاو لە سەر تۆ بێت ئەی باوکم. پاشان دەڕۆیشت.
وە ئەم سەردانیكردنە تەنها بۆ پیاوان ڕێگەپێدراوە، وڕێگەپێدراو نییە بۆ ئافرەتان كە سەردانی هیچ گۆڕێك بكەن، هەروەکو هاتووە لە پێغەمبەرەوە -ﷺ- کە: «نەفرەت ولەعنەتی کردووە: لەو ئافرەتانەی کە بە زۆری سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن، وئەو کەسانەی کە مزگەوت لە سەر گۆڕەکان دروست دەکەن ودەیڕازێننەوە بە ڕووناکی» [115]. [115] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (3236).
وە سەبارەت بە مەبەست لە سەردانیكردنی شاری مەدینە بۆ ئەنجامدانی نوێژ لە مزگەوتی پێغەمبەری خودادا -صلی اللە علیە وسلم-، و نزا و پاڕانەوە تێیدا، و ھاوشێوەی ئەمانە لەو کارانەی کە لە مزگەوتەکانی تریشدا ڕێگەپێدراون، ئەوا کارێکی ڕێگەپێدراوە بۆ هەمووان؛ ئەمیش بە بەڵگەی ئەو فەرموودانەی کە ئاماژەمان پێدا.
وە هەروەها سوننەتە بۆ سەردانیکار کە نوێژە فەرزەکانی لە مزگەوتی پێغەمبەردا ئەنجام بدات -صلی اللە علیە وسلم-، وە زۆر یادی خودا و دۆعا و نوێژی سوننەتی تێدا بکات؛ چونكە ئەم كارانە بەدەستهێنانی پاداشتی گەورەی تێدایە.
وە سوننەتە کە زۆر نوێژی سوننەت ئەنجام بدرێت لە ڕەوزەی پیرۆزدا؛ بەهۆی ئەو فەرموودە سەحیحەی کە پێشتر ئاماژەیدا بۆ فەزڵی ئەم شوێنە، كە ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-: «نێوان ماڵەكەم ومینبەرەكەم باخێكە لە باخەكانی بەهەشت» [116]. [116] سەرچاوەكەی پێشتر باسكرا.
وە سەبارەت بە نوێژە فەرزەکان؛ پێویستە لەسەر سەردانیكار و ئەوانی تریش کە بۆ ئەنجامدانی بچن، و بەپەرۆش بن لەسەر ڕیزی یەکەم هێندەی بۆیان دەکرێت، ئەگەرچی لە بەشە زیادکراوەکەی پێشەوەی مزگەوتەکەش بێت؛ بەهۆی ئەو فەرموودە سەحیحانەی لە پێغەمبەرەوە هاتوون -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە هاندان و ئامۆژگاری كردن بۆ ئامادەبوون لە ڕیزی یەکەم، لەوانەیش ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-: «ئەگەر خەڵكی بیانزانیایە چی پاداشت هەیە لە بانگدان و ڕیزی یەكەم، پاشان ئەگەر هیچ ڕێگایەكیان نەدیبا بۆ بەدەستهێنانی جگە لە تیروپشك كردن نەبێت، ئەوا بێگومان تیروپشکیان لەسەر دەکرد» [117] بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی ڕیوایەتیان کردووە، وە نمونەی تریش: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە هاوەڵانی فەرموو: «بێنە پێشەوە ولێم نزیک ببنەوە، وبا ئەوانەى لە پاش ئێوە دێن؛ (لە پشتی: لە نزیکی) ڕیزی ئێوە بوەستن، و بەردەوام پیاوێک دوا دەکەوێت لە نوێژ هەتاوەکو خوداى گەورەیش دوای دەخات» [118] موسلیم گێڕاویەتیەوه. [117] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (438). [118] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (615)، وموسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (437).
وە ئەبو داود بە سەنەدێکی حەسەن لە عائیشەوە ڕەزای خودای لێبێت گێڕاویەتیەوە، کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «بەردەوام پیاوێک لە ڕیزی پێشەوە دوا دەکەوێت، هەتاوەکو خوداى گەورە دوای دەخات بۆ نێو ئاگر» [119]. ولە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم- کە بە هاوەڵانی فەرموو: «ئایا ڕیز نابەستن بەو شێوەیەی فریشتەکان لای پەروەردگاریان ڕیز دەبەستن؟ ووتمان: ئەی پێغەمبەری خودا، فریشتەکان چۆن ڕیز دەبەستن لە لای پەروەردگاریان؟ فەرمووی: سەرەتا ڕیزەکانى پێشەوە پڕ دەکەنەوە، وڕیزەکانیان ڕێکە». [120] موسلیم گێڕاویەتیەوە، [119] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (430). [120] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (679)، ودەستەواژەکەی بەم شێوەیە: "بەردەوام کەسانێک لە ڕیزی یەکەم دوا دەکەون، هەتاوەکو خوداى گەورە دوایان دەخات بۆ ناو ئاگر".
وە فەرموودەکان لەم مانایەدا زۆرن، و مزگەوتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەگرێتەوە پێش فراوانکردنی و دووای گەورەکردنیشی، هەروەها مزگەوتەكانی تریش، بە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە هانی هاوەڵانی داوە لە لای ڕاستی ڕیزەکان بوەستن، وە زانراویشە کە ڕیزی لای ڕاست لە مزگەوتەكەیدا لە سەرەتادا دەکەوتە دەرەوەی ڕەوزەوە، بەمەیش دەزانرێت کە گرنگیدان بە ڕیزەکانی یەکەم و لای ڕاستی ڕیزەکان لە پێشترە لە گرنگیدان بە ڕەوزەی پیرۆز، وە پارێزگاریکردن لێیان باشترە لە پارێزگاریکردن لە نوێژکردن لە ڕەوزەدا، ئەمە ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەو کەسەی سەرنج لە فەرموودەکانی ئەم بابەتە بدات، وە خودای گەورە ڕێنموێنیكارە.
وە دروست نییە بۆ هیچ کەسێک كە دەستەكانی بهێنێت -مەسح بكات- بەسەر دیوی دەرەوەی ئەو ژوورەی پێغەمبەر ﷺ وهاوەڵانی تێدا نێژراوە، یان ماچی بكات، یان تەواف بكات بە دەوریدا؛ چونکە ئەم كارانە لە پێشینە چاکەکانەوە نەگێڕدراوەتەوە، بەڵکو بیدعەیەکی ناپەسەندە.
ونابێت هیچ یەكێك داوا لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بکات بۆ بەدیهێنانی پێویستییەک، یان لابردنی خەم وپەژارەیەک، یان شیفای نەخۆشێک، وهاوشێوەی ئەمانە لە داواكانی تر؛ چونکە هەموو ئەمانە تەنها لە خودای گەورە -سبحانە- داوا دەکرێت، وە داواکردنی لە مردووەکان شیرک وهاوبەشدانانە بۆ خودای گەورە و پەرستنی یەکێکی ترە جگە لە ئەو -سبحانه وتعالی-، وە ئاینی ئیسلام لەسەر دوو بنچینە دامەزراوە:
یەکەمیان: ئەوەیە کە تەنها الله بپەرسترێت.
دووەم: تەنها بەو شێوەیە الله بپەرسترێت کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە شەریعەتدا دیاریكردووە.
وە ئەمەیش واتای شاهێدی دانە بە (لا إله إلا الله و محمد رسول الله) واتە: هیچ پەرستراوێک شایستەى پەرستن نییە بەهەق وڕاستی جگە لە الله، وموحەممەد پێغەمبەر ونێردراوی خودایە.
هەروەها نابێت هیچ کەسێک داوای شەفاعەت لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بکات؛ چونکە ڕوخسەتدان بە شەفاعەتكردن موڵکی الله یە -سبحانه وتعالى-، بۆیە دەبێت تەنها لە ئەو داوا بکرێت، هەروەک خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿بڵێ: تکا وشەفاعەت ھەمووی ھەر بۆ خودایە...﴾ [الزمر: 44]، بۆیە دەڵێیت: «خوداى گەورە بمکەیتە بەر شەفاعەتی پێغەمبەرەکەت، وفریشتەکانت، وبەندە ئیماندارەکانت، وشەفاعەتی ئەو منداڵانەم بۆ قبووڵ بکە کە پێش من مردوون»، وهاوشێوەى ئەمانە. بەڵام سەبارەت بە مردووەکان، ئەوا هیچ شتێکیان لێ داوا ناکرێت، نە شەفاعەت و نە هیچ شتێکی تر، جا پێغەمبەران بن یان جگە لەوانیش؛ ئەمە لە شەریعەتدا نەهاتووە، کردەوەی مردوو بڕاوەتەوە مەگەر لەو شتانەدا نەبێت کە شەریعەت دیاریكردووە.
ولە سەحیحی مسلمدا هاتووە: لە ئەبی هوڕەیڕەوە ڕەزای خودای لێبێت کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «گهر ئادهمیزاد مرد له كردهوهكهى دادهبڕێت، مهگهر لهسێ شت نهبێت: خێرێكى بهردهوام، یان زانستێك سوودی لێوەربگیرێت، یان منداڵێكی چاك نزای بۆ بكات» [121]. [121] موسلیم گێڕاویەتیەوە لە ئەبو هوڕەیڕەوە؛ بە ژمارە (1631).
وە داواکردنی شەفاعەت لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-؛ دروستە كاتێك لە ژیاندا بوو، هەروەها لە ڕۆژی قیامەتدا چونكە توانای هەیە جێبەجێی بكات؛ بەوەی دەچێتە پێش و داوا لە پەروەردگاری دەکات بۆ ئەو کەسەى داوای لێکردووە، بەڵام لە دونیادا زانراوە كە ئەم شەفاعەتكردنە تایبەت نییە بە ئەو، بەڵکو گشتییە بۆ ئەو و بۆ جگە لە ئەویش، بۆیە دروستە بۆ مسوڵمان کە بە براکەی بڵێت: شەفاعەتم بۆ بکە لەلای پەروەردگارم لە فڵانە و فڵانە شتدا، واتا: نزام بۆ بکە، بەمەرجێك براكەی ئامادە بێت -پەیوەندی لەگەڵدا هەبێت- و زیندوو بێت، وە دروستە بۆ ئەو کەسەیش کە داوای لێکراوە؛ لە خوداى گەورە بپاڕێتەوە و شەفاعەت بۆ براکەی بکات، ئەگەر ئەو داواکراوە لەو شتانە بێت کە خوداى گەورە ڕێگەی پێداوە بۆ داواکردنی.
بەڵام لە ڕۆژی قیامەتدا کەس بۆی نییە تکا و شەفاعەت بکات تەنها دوای مۆڵەت و ئیزنی خودای گەورە نەبێت، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...کێیە ئەو کەسەی لەو ڕۆژەدا بتوانێ تکای لەلا بکات مەگەر بە ڕێ پێدانی خۆی نەبێت...﴾ [البقرة: 255].
وە سەبارەت بە حاڵەتی مردن ئەوا حاڵەتێکی تایبەتە و دروست نییە بەراورد بکرێت بە حاڵەتی مرۆڤ پێش مردن، وە نە بە حاڵەتی مرۆڤ لە پاش زیندووبوونەوە و کۆکردنەوە، چونکە کردەوەی مردوو دەپچڕێت و دەبەسترێتەوە بە کردەوەکانی خۆیەوە، جگە لەو كردەوانە نەبێت كە شەریعەت دیاریكردووە وناپچڕێن، وە داواکردنی شەفاعەت لە مردووەکان لەو شتانە نییە کە شەریعەت دیاریكردووە، بۆیە دروست نییە بەراورد بکرێت بە كردەوە نەپچڕاوەكان، بێگومان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە پاش وەفاتی زیندووە بە ژیانێکی بەرزەخی کە کامڵترە لە ژیانی شەهیدەکان، بەڵام لە جۆری ژیانی پێش مردنی نییە، وە لە جۆری ژیانی ڕۆژی دواییشی نییە، بەڵکو ژیانێکە حەقیقەتە و چۆنیەتیەکەی تەنها خوداى گەورە دەیزانێت -سبحانه وتعالى-، هەروەكو پێشتر لە فەرموودە پیرۆزەکە باسكرا كە -عليه الصلاة والسلام- دەفەرمووێت: «ھەرکەسێک سەلامم لێبکات، ئەوا خودای گەورە ڕۆحم دەکاتەوە بە بەردا بۆئەوەی وەڵامی سەلامەکەی بدەمەوە» [122]
کەواتە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو مردووە، و ڕۆحی لە لاشەی دەرچووە، بەڵام لە کاتی سەلام لێکردنی بە بەریدا دەکرێتەوە، و دەقەکان کە بەڵگەن لەسەر مردنی -صلى اللە علیە وسلم- لە قورئان و سوننەتدا زانراون، و ئەمە شتێکە یەكدەنگی زانایانی لەسەرە، بەڵام ئەمە ڕێگری لە ژیانە بەرزەخییەکەی ناکات، هەروەک چۆن مردنی شەهیدانیش ڕێگری نەکردووە لە ژیانە بەرزەخیەکەیان؛ کە لە فەرمایشتی خودای گەورەدا باسکراوە: ﴿ھەرگیز وا گومان مەبەن ئەوانەی کە کوژران لەڕێی خودادا مردوون (نەخێر وانیە) بەڵکو ئەوانە زیندوون لای پەروەردگاریان رۆزی دەدرێن﴾ [آل عمران: 169]. [122] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2041).
درێژەمان بەم بابەتە دا؛ چونکە زۆر پێویستە بەهۆی زۆری ئەو کەسانەی کە گومان دروست دەکەن لەم بوارەدا، و بانگەواز دەکەن بۆ شیرک و پەرستنی مردووەکان لەجیاتی - یان لەگەڵ- الله، بۆیە داوا لە الله دەکەین خۆمان وهەموو موسڵمانان سەلامەت بكات لە هەموو ئەو شتانەی كە پێچەوانەی شەریعەتەکەیەتی، وخودا زاناترە.
وە ئەوەی هەندێك لە سەردانیكاران ئەنجامی دەدەن وەكو بەرزكردنەوەی دەنگ لە لای گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وزۆر وەستان لەوێ؛ ئەمە پێچەوانەی ڕێساكانی شەریعەتە، چونكە خودای گەورە نەهی كردووە لە ئوممەت كە دەنگیان بەرز بكەنەوە لەئاست دەنگی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وە نەهی كردووە لەوەی بە دەنگی بەرز قسەی لەگەڵدا بكەن هەروەكو چۆن هەندێكیان لەگەڵ هەندێكی تردا بەو شێوەیە قسە دەكەن، وهانی داون كە دەنگیان نزم بكەنەوە لەكاتی ئامادەبوون لەلای ئەو؛ هەروەكو پەروەردگار -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان ھێناوە دەنگتان بەرز مەکەنەوە بەسەر دەنگی پێغەمبەردا ﷺ وە بە دەنگی بەرز قسەی لەگەڵ مەکەن وەك دەنگ بەرز کردنەوەتان لەگەڵ یەکتریدا، نەوەکو کردەوەکانتان بەتاڵ ببێتەوە وخۆشتان ھەستی پێنەكەن (2) بێگومان ئەوانەی دەنگیان نزم دەکەنەوە لە خزمەتی پێغەمبەردا ﷺ ئەوانە ئەو کەسانەن خودا دڵیانی زاخاو داوە وپاکی کردۆتەوە بۆ تەقوا وخواناسی، لێخۆشبوون وپاداشتی گەورەیان بۆ ھەیە (3)﴾ [الحجرات: 2-3].
چونكە زۆر وەستان لە لای گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وزۆر دووبارە كردنەوەی سەلامكردن لێی؛ دەبێتە هۆی قەرەباڵغی وژاوەژاو وبەرزبوونەوەی دەنگ لە لای گۆڕەكەی، وئەمە پێچەوانەی ئەوەیە كە خودا بڕیاری لەسەر داوە لە شەریعەتدا بۆ مسوڵمانان لەم ئایەتە دامەزراوانەدا، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێزدارە بە زیندووێتی ومردووێتی، بۆیە نابێـت ئیماندار لە لای گۆڕەكەی شتێك بكات كە پێچەوانەی ئەدەب وڕەوشتە شەرعییەكان بێت.
هەندێك لە سەردانیكاران وخەڵکی تر نزا لە لای گۆڕەكەی دەكەن؛ و بەپەرۆشن لەم كارەدا، ولە كاتی نزاكەدا ڕوو دەكەنە گۆڕەكە ودەستەكانیان بەرز دەكەنەوە؛ بە هەمان شێوە ئەمیش پێچەوانەی ڕێبازی پێشینی چاكە لە هاوەڵانی پێغەمبەری خودا وئەوانەی شوێنیان كەوتوون بە چاكە، بەڵكو ئەم كارەیان بیدعە وداهێنراوی تازەیە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «بۆیە دەستبگرن بە سوننەتی من وسوننەتی خەلیفە ڕێنموێنیکراوەکان لە پاش من، وبە پێداگیریەوە دەستی پێوەبگرن وپابەندی بن، و وریای شتە داهێنراوەکان بن، چونکە هەموو شتێکی داهێنراو بیدعەیە و هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە»[123]. [123] ئەبو داود گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەی عیربازی کوڕی سارییە؛ بە ژمارە (4607).
وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەوەی کردەوەیەک دابهێنێت ولەم ئاینەی ئێمەدا نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوەیە ڕەت دەکرێتەوە»[124] «ھەرکەسێک کردەوەیەک بکات کە فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت (لە دینی ئێمە نەبێت)؛ ئەوا ئەو کردەوەیە وەرناگیرێت وڕەتدەکرێتەوە»[125]. [124] سەرچاوەکە پێشتر باسکرا [125] سەرچاوەکە پێشتر باسكرا.
عەلی کوڕی حسین زەینولعابدین ڕەزای خودایان لێبێت پیاوێکی بینی کە لە لای گۆڕی پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- نزای دەکرد، بۆیە نەهی لێکرد لەو کارە، ووتی: ئایا فەرموودەیەکت بۆ باس بکەم کە گوێم لێبووە لە باوکمەوە، لە باپیرمەوە، لە پێغەمبەری خوداوە -صلى الله علیه وسلم- کە دەفەرمووێت: «گۆڕەکەم مەکەن بە شوێنی سەردانیکردن، وماڵەکانتان مەکەن بە گۆڕستان، وسەڵات بدەن لەسەرم، سەلام کردنی ئێوە بە من دەگات لە هەر شوێنێک بن»[126]. [126] شێخ ئیبن باز گێڕانەوەكەی زەینولعابدینی داوەتە پاڵ الحافظـی مەقدیسی، كە فەرموودەكەی گێڕاوەتەوە بەبێ بەسەرهاتەکە، هەروەها ئەحمەد لە موسنەدەكەیدا (2/367) گێڕاویەتیەوە.
هەندێك لە سەردانیكاران لە كاتی سەلامكردن لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستی ڕاستیان دەخەنە سەر دەستی چەپیان لە سەرەوەی سنگیان یان لە ژێرەوەی وەكو شێوازی نوێژكردن؛ ئەم شێوازە ڕێگەپێدراو نییە لە كاتی سەلامكردن لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وە لە کاتی سەلامکردن لە کەسانی تریش لە پاشا و سەرکردە و جگە لەوانیش؛ چونكە شێوازی زەلیلی وملكەچی وپەرستنە وتەنها دەبێت بۆ الله ئەنجام بدرێت، هەروەكو ئیبن حەجەر دەیگێڕێتەوە لە زانایانەوە لە کتێبی (الفتح) دا، وە ئەم باسە ڕوون وئاشکرایە بۆ ئەو کەسەی کە تێڕامان لەم بابەتە بکات وئامانجی شوێنکەوتنی ڕێبازی پێشینی چاک بێت.
بەڵام هەر کەسێک دەمارگیری و هەوا وئارەزوو و لاساییکردنەوەی کوێرانە و گومانی خراپ بەسەریدا زاڵ بووبێت بەرامبەر بە بانگخوازانی ڕێبازی پێشینی چاك، ئەوا سەرەنجام بۆ لای خودای گەورە دەگەڕێتەوە، وداواکارین لە خودای گەورە هیدایەت و سەرکەوتن ببەخشێت بە ئێمە و بە ئەویش بۆ پێشخستنی هەق بەسەر هەموو شتێکی تردا، بەڕاستی ئەو -سبحانه- باشترین داوالێکراوە.
هەروەها ئەوەی هەندێك لە خەڵكی ئەنجامی دەدەن لە ڕووکردنە گۆڕە پیرۆزەکە لە دوورەوە و جوڵاندنی لێوەکانیان بە سەلام كردن یان نزا؛ هەموو ئەمە لە هەمان جۆری داهێنراوەکانی پێش خۆیەتی، ونابێت مسوڵمان لە ئایینەکەیدا شتێك دابهێنێت كە خودا ڕێگەی پێنەداوە، وئەو بەم كارەی نزیكترە لە وشکی و دوورکەوتنەوە تاوەکو لە خۆشەویستی و دڵپاکی، وئیمام مالیك ڕەحمەتی خودای لێبێت نكۆڵی لەم کارە وهاوشێوەکانی کردووە، ودەڵێت: «کۆتایی ئەم ئومەتە چاک نابێت، مەگەر بەوەی سەرەتاکەی پێ چاک بوو» [127]. [127] إغاثة اللهفان في مصايد الشيطان (١/٣٦٣)
وە زانراوە کە ئەوەی یەکەمینەکانی ئەم ئومەتەی پێ چاک بوو بریتی بوو لە شوێنكەوتنی ڕێبازی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم و خەلیفە ڕێنموێنیكراوەکان و هاوەڵە بەڕێزەکان و شوێنکەوتووانیان بە چاکە، وە دواینەکانی ئەم ئومەتەیش چاک نابن مەگەر بە دەستگرتنیان بەو ڕێبازەوە و ڕۆیشتنیان لەسەری نەبێت.
داواکارین لە خوداى گەورە مسوڵمانان ڕێنموێنی بکات بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری و بەختەوەری و سەربەرزی لە دونیا و دواڕۆژدا، ئەو سەخی وبەخشندەیە.
هۆشداریدان
سەبارەت بە حوکمی سەردانیکردنی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-
سەردانی کردنی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- واجب نییە و مەرجیش نییە لە كاتی حەجدا؛ چونكە هەندێک لە خەڵکی گومانیان وایە كە واجبە، بەڵکو سوننەتە بۆ ئەو کەسەی سەردانی مزگەوتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەکات یان لێیەوە نزیکە.
بەڵام ئەو كەسەی لە مەدینەوە دوورە ڕێگەپێدراو نییە گەشتێكی تایبەت ئەنجام بدات تەنها بە مەبەستی سەردانیكردنی گۆڕەكە، بەڵكو سوننەتە بۆی گەشتێكی تایبەت ئەنجام بدات بە مەبەستی سەردانیكردنی مزگەوتە ڕێزدارەكە، وكاتێك گەیشتە ئەوێ، سەردانی گۆڕە ڕێزدارەكە و گۆڕی هەردوو هاوەڵە بەڕێزەكەی دەکات، و سەردانیكردنی گۆڕی پێغەمبەر -عليه الصلاة والسلام- و هەردوو هاوەڵەكەی دەبێتە شوێنكەوتەی سەردانیكردنی مزگەوتی نەبەوی، ئەمیش بە بەڵگەی ئەوەی لە هەردوو سەحیحدا هاتووە، كە پێغەمبەر -ﷺ- دەفەرمووێت: «ونابێت -سەفەری تایبەت-* ئەنجامبدرێت مەگەر بۆ سێ مزگەوت نەبێت: مزگەوتی حەڕام، وئەم مزگەوتەی من -مزگەوتی نەبەوی-، ومزگەوتی ئەقسا»[128]. *(سەفەری تایبەت: مەبەست لێی سەفەر وگەشتێکە بۆ پەرستن ونزیکبوونەوە لە خودا ئەنجامبدرێت). [128] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1189)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1397).
خۆ ئەگەر گەشت کردن بە مەبەستی سەردانیکردنی گۆڕەکەی -صلى اللە علیە وسلم-، یان گۆڕی هەر کەسێکی تر ڕێگەپێدراو بووایە، ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئوممەتەکەی ڕوون دەکردەوە و ڕێنمایی دەکردن بۆ فەزڵ و پاداشتەکەی؛ چونکە ئەو دڵسۆزترین کەس بووە بۆ ئوممەتەکەی و زاناترینیشیان بوو بە خودای گەورە و لە هەمووانیش زیاتر لێی دەترسا، بە دڵنیاییەوە پەیامە ڕوون و ئاشکراکەی گەیاندووە، وە ئوممەتەکەی ڕێنمایی کردووە بۆ هەموو خێر و چاکەیەک، و ئاگاداری کردوونەتەوە لە هەموو شەڕ و خراپەیەک، جا چۆن شتی وا دەبێت لە کاتێکدا کە ئاگاداری کردووینەتەوە لە گەشت کردنی تایبەت بۆ جگە لە ئەو سێ مزگەوتە، وە دەفەرمووێت: «گۆڕەکەم مەکەن بە شوێنی سەردانیکردن (شوێنی کۆبوونەوە ومەزارێک کە بەسەری بکەنەوە)، وماڵەکانتان مەکەن بە گۆڕستان، وسەڵات لەسەرم بدەن سەڵاتەکەی ئێوە بە من دەگات ئەگەر لە هەر شوێنێک بوون»[129] [129] سەرچاوەكە پێشتر باسكرا.
وە ئەو وتەیەی کە دەڵێت: گەشتكردنی تایبەت بە مەبەستی سەردانیکردنی گۆڕەکەی -صلى اللە علیە وسلم-؛ ڕێگەپێدراوە، ئەمە هۆكارە بۆئەوەی ئەو شوێنە ببێتە جێی كۆبوونەوەی ساڵانە واتا وەكو جەژنی لێدێت، وئەو شتە قەدەغەکراوانە تییایدا ڕوودەدات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لێی دەترسا؛ وەكو زیادەڕەوی کردن لێی و ستایشکردنی لە ڕادەبەدەر، هەروەک چۆن زۆرێک لەو خەڵکەی تێی کەوتوون كە بیروباوەڕەیان وایە كە گەشتكردنی تایبەت بۆ سەردانیکردنی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-؛ ڕێگەپێدراوە.
وە ئەو فەرموودانەی لەم بابەتەدا دەگێڕدرێنەوە لە لایەن ئەوانەی کە دەڵێن گەشتی تایبەت بۆ گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێگەپێدراوە، ودەیانكەنە بەڵگە؛ لەڕاستیدا ئەو فەرموودانە سەنەدەكانیان لاوازە، بەڵکو هەڵبەستراویشن، هەروەکو زانایانی فەرموودەناس هۆشداریان داوە سەبارەت بە لاوازییان؛ وەک دارەقوتنی، و بەیھەقی، و حافزی ئیبن حەجەر و جگە لەوانیش، بۆیە دروست نییە بکرێنە بەرهەڵستکاری ئەو فەرموودە سەحیحانەی کە بەڵگەن لەسەر حەرامبوونی ئەنجامدانی گەشتی تایبەت (بە مەبەستی خودا پەرستی) بۆ جگە لە سێ مزگەوتەکە.
خوێنەری بەڕێز ئەمە لە هەندێك لەو فەرموودە هەڵبەستراوانەیە لەم بابەتەدا بۆ ئەوەی بیانناسیت وهۆشدار بیت لە هەڵخەڵەتاندن پێیان:
یەكەم: «من حج ولم يزرني فقد جفاني» واتە: «ئەوەی حەج بكات وسەردانی من نەكات؛ ئەوا وشك وسارد بووە بەرامبەرم».
دووەم: «من زارني بعد مماتي فكأنما زارني في حياتي» واتە: «ئەوەی لە پاش مردنم سەردانم بكات وەكو ئەوە وایە لە كاتی ژیانم سەردانی كردبێتم».
سێیەم: «من زارني وزار أبي إبراهيم في عام واحد ضمنت له على الله الجنة» واتە: «ئەوەی سەردانی من وسەردانی ئیبراهیمی باوكم بكات لە یەك ساڵدا؛ ئەوا مسۆگەری بۆ دەكەم كە خودای گەورە دەیخاتە بەهەشتەوە».
چوارەم: «من زار قبري وجبت له شفاعتي»، واتە: «ئەوەی سەردانی گۆڕەكەم بكات؛ شەفاعەت كردنم بۆی مسۆگەر دەبێت».
ئەم فەرموودانە وهاوشێوەكانیان هیچ یەكێكیان لە پێغەمبەرەوە نەهاتوون -صلى اللە علیە وسلم-.
پاش باسکردنی زۆربەی گێڕانەوەکانی ئیبن حەجەر لە (التلخيص)دا دەڵێت: ڕێگاكانی ئەم فەرموودانە هەمووی لاوازن.
عوقەیلی دەڵێت: لەم ڕوانگەیەوە هیچ فەرموودەیەكی سەحیح ودروست نەهاتووە.
شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە -ڕەحمەتی خودای لێبێت- جەخت دەكاتەوە كە بە دڵنیاییەوە هەموو ئەم فەرموودانە هەڵبەستراون. دەی زانست و لەبەرکردن و شارەزایی ئەم زانایە بەسە بۆ متمانە پێکردنی.
خۆ ئەگەر هەریەكێک لەم فەرموودانە جێگیر بووایە، ئەوا هاوەڵان -ڕەزاى خودایان لێبێت- پێش هەموو خەڵکی کاریان پێدەکرد، و بۆ ئومەتیان ڕووندەکردەوە و بانگەوازیان بۆ دەکرد؛ چونکە ئەوان چاکترینی خەڵکین لە پاش پێغەمبەران، و زاناترینیانن بە سنوورەکانی خودا و بەوەی کە شەرعاندوویەتی بۆ بەندەکانی، و دڵسۆزترینیانن بۆ خودا و بۆ دروستکراوەکانی، جا کە هیچ شتێک لەم بارەیەوە لێیانەوە نەگێڕدراوەتەوە، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ڕێگەپێدراو و شەرعی نییە.
وە ئەگەر یەکێک لەو گێڕدراوانە ڕاست بووایە، ئەوا دەبوو وا لێكبدرێتەوە كە مەبەست لێی ئەو سەردانیە ڕێگەپێدراوەیە كە سەفەری تایبەت نییە تەنها بۆ سەردانیكردنی گۆڕەكە؛ ئەمیش وەكو كۆكردنەوەیەك بۆ تێگەیشتنێكی ڕوون لە نێوان فەرموودەکاندا، وخودا -سبحانه وتعالی- زاناترە.
بابەتێک
سەبارەت بەوەی سەردانیکردنی مزگەوتی قوبا وگۆڕستانی بەقیع ؛ سوننەتە
وە سوننەتە بۆ سەردانیكاری مەدینە؛ سەردانی مزگەوتی قوبا بكات و نوێژی تێدا بكات، چونكە لە هەردوو سەحیحدا هاتووە لە فەرموودەکەی ئیبن عومەرەوە -ڕەزای خودایان لێبێت-، کە دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- بە سواری وبە ڕێ کردنەوە سەردانی مزگەوتی قوبای دەکرد، ودوو ڕکات نوێژی تێیدا دەکرد»[130]. [130] بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1193)، وموسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1399).
وە لە سەهلی کوڕی حونەیفەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- دەفەرمووێت: «هەركەسێك لە ماڵەوە دەستنوێژ بگرێت پاشان بچێت بۆ مزگەوتی قوبا، ونوێژی تێدا ئەنجام بدات ئەوا پاداشتی وەكو پاداشتی عومرە كردنێک وایە» [131]. [131] ئیبن ماجە گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1412).
وە هەروەها سوننەتە سەردانی گۆڕستانی بەقیع، وگۆڕستانی شەهیدەكانی ئوحود، وگۆڕی حەمزە -ڕەزای خودای لێبێت-؛ بکات چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەردانی دەكردن دۆعای بۆ دەكردن، هەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «سەردانی گۆڕەکان بکەن چونکە قیامەتتان بە بیر دەهێنێتەوە» [132]. موسلیم گێڕاویەتیەوه. [132] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (976).
وە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- هاوەڵانی فێر دەکرد ئەگەر سەردانی گۆڕستانیان کرد بڵێن: «السَّلَامُ عَلَيْكُمْ أَهْلَ الدِّيَارِ مِنَ المُؤْمِنِينَ وَالمُسْلِمِينَ، وَإِنَّا إِنْ شَاءَ اللهُ بِكُمْ لَاحِقُونَ، نَسْأَلُ اللهَ لَنَا وَلَكُمُ العَافِيَةَ» واتە: «سەلام لە ئێوە بێت نیشتەجێبووانى ئەم شوێنە لە ئیمانداران ومسوڵمانان، وئێمەیش بە ویستی الله دەگەین بە لای ئێوە، داواكارین خودای گەورە عافیەت وسەلامەتی ببەخشێت بە ئێمە وبە ئێوەیش»[133]. موسلیم گێڕاویەتیەوە لە فەرموودەی سولەیمانی کوڕی بورەیدەوە لە باوکیەوە. [133] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (975).
وە ترمذی دەیگێڕێتەوە، لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزاى خودایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە لای گۆڕەکانی مەدینەدا تێپەڕ بوو، وڕووی تێکردن وفەرمووی: «السَّلَامُ عَلَيْكُمْ يَا أَهْلَ القُبُورِ، يَغْفِرُ اللهُ لَنَا وَلَكُمْ، أَنْتُمْ سَلَفُنَا وَنَحْنُ بِالأَثَرِ» واتە: «سەلامتان لێبێت ئەی خەڵکی نێو گۆڕەکان، خودا لە ئێمە و ئێوەیش خۆش بێت، ئێوە پێش ئێمە کەوتن و ئێمەیش بە شوێنتاندا دێین»[134]. [134] تیرمزی گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (1035).
وە لەم فەرموودانەوە دەزانرێت کە مەبەست لە سەردانیکردنی گۆڕستان بە شێوەیەكی شەرعی وڕێگەپێدراو؛ بۆ بە بیردا هێنانەوەی قیامەتە، وچاكەكردنە بەرامبەر بە مردووەكان، ونزا وداواى ڕەحمەت کردنە بۆیان.
بەڵام سەردانیكردنیان بە مەبەستی نزا كردن لە لای گۆڕەكانیان یان مانەوە لەلایان، یان داوا كردنی پێویستی یان شیفای نەخۆشی لێیان، یان داوا كردن لە الله بە پێگەی ئەوان وهاوشێوەی ئەمانە؛ ئەمە سەردانییەكی خراپە وبیدعەیە، نە خودای گەورە بڕیاری لەسەر داوە لە شەریعەتدا ونە پێغەمبەرەكەی -صلى اللە علیە وسلم-، هەروەها پێشینی چاك -ڕەزای خودایان لێبێت- ئەم كردەوانەیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو ئەمە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- قەدەغەی کردووە ودەفەرمووێت: «سەردانی گۆڕەکان بکەن، وقسەی نابەجێ مەکەن»[135]. [135] موسلیم گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (977).
وە ئەم شتانەى کە باسکران کۆدەبنەوە لەوەی کە بیدعەن، بەڵام پلەکانیان جیاوازە، هەندێکیان بیدعەیە وشیرک نییە؛ وەک داوا کردن لە خودای گەورە لەلای گۆڕەکان، وداواکردن لە خودا بە مافی مردووەکە وپلە وپایەی وهاوشێوەی ئەمانە، وهەندێکی تریان: شیرکی گەورەیە، وەک پاڕانەوە لە مردووەکان وداواکردنی یارمەتی لێیان، وهاوشێوەی ئەمانە.
وە پێشتر ئەم بابەتە بە وردی باسكرا، جا ئاگاداربە و خۆت بپارێزە، وە داوا لە پەروەردگارت بکە بۆ ئەوەی ڕێنموێنیت بكات بۆ پێکانی ھەق، چونکە ھەر خودای گەورە -سبحانه وتعالی- هیدایەت بەخش و ڕێنموێنیکارە وهیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە ئەو، وە هیچ پەروەردگارێک نییە بێجگە لە زاتی ئەو.
ئەمە کۆتایی ئەوەیە کە ویستمان باسی بکەین، وە سوپاس وستایش بۆ خودا لە سەرەتا ولە کۆتاییدا. وصلى الله على عبده ورسوله وخيرته من خلقه محمد، وعلى آله وأصحابه، ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين.
Related books
All books
سەرپێچیەكانی حەج وعومرە وسەردانی کردنی مزگەوتی سوروەرمان صلى الله عليه وسلم39 زمانسەرپێچیەكانی حەج وعومرە وسەردانی کردنی مزگەوتی سوروەرمان صلى الله عليه وسلم
هەڵە وسەرپێچیەكان پەیوەست بە عومرە یەكەم: هەڵە وسەرپێچیەكانی خەڵكی لە ئیحرامدا 1. ئیهلال نەكردن، واتا دەنگ بەرز نەکردنەوە بە نییەتەکەی ئایا نییەتەکەی عومرە یان حەجە وئەگەر نییەتەکەی حەجە کام جۆرە لە سێ جۆرەی حەج هەڵدەبژێرێت لەكاتی نییەت هێناندا. سوننەتە لە کاتی نییەت هێناندا دەنگ بەرز بکرێتەوە.
کۆمەڵێک فەتوا سەبارەت بە حەج وعومرە وسەردانی كردنی مزگەوتی سەروەرمان25 زمانکۆمەڵێک فەتوا سەبارەت بە حەج وعومرە وسەردانی كردنی مزگەوتی سەروەرمان
هەڵبژێردراوە لە كتێبی (مجموع فتاوى لجنة الإفتاء الدائمة) لە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە، لەگەڵ کورتکردنەوەی پرسیارەكان لە هەربابەتێکدا بەشێوازێکی گونجاو. یەكەم: فەتوا گشتیەكان پ: ئایا دروستە باوكم عومرە بكات بە پارەیەك کە لە بانک بە قەرز وەریگرتووە؟ ج: ئەو كەسەی دەیەوێت حەج یان عومرە بكات جا بۆ خۆی یان بۆ كەسێكی تر؛ واجبە بۆ حەج وعومرەكەی ئەو خەرجیە هەڵبژێرێت كە پاكە، چونكە خوای گەورە -جل وعلا- پاكە وتەنها پاكیش وەردەگرێت.
واجبێتی پەیڕەوکردن وکردەوە کردن بە سونەتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وکوفرى ئەو کەسەی نکۆڵی لە ئەمە دەکات23 زمانواجبێتی پەیڕەوکردن وکردەوە کردن بە سونەتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وکوفرى ئەو کەسەی نکۆڵی لە ئەمە دەکات
دانەر: عبد العزيز ئیبن عبد الله ئیبن باز -ڕەحمەتی خواى لێبێت- بسم الله الرحمن الرحيم پێشەکی سوپاست وستایشت بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وسەرەنجام وکۆتایی بۆ تەقوادارانە، وسەڵاوات وسەلام لەسەر پێغەمبەرمان موحەمەد نێردراو وەکو ڕەحمەت بۆ جیهانیان وسەڵاوات وسەلام لەسەر ئەهلی بەیتی وهاوەڵانی کە قەڕئان وسونەتی پێغەمبەرەکەیان بە پارێزراوی گەیاندووە لەوانەی دووای خۆیان، بەئەوپەڕی پاراستنی ئەمانەت و وردبینیەوە، ومانا ودەستەواژەکانیان پاراستووە -ڕەزاى خوایان لێبێت- وبمانکات بە یەکێک لەئەوانەى شوێنیان دەکەون بەچاکە وبمانکات بە بەڵگە لەسەر هەموو بەندەکان بەگەیاندنی ئاینەکەى، پاشان: زانایان لەپێشوو ولە…
المختصر في آداب زيارة المسجد النبوي وأحكامها58 زمانزيارةالمختصر في آداب زيارة المسجد النبوي وأحكامها
کلیک بکە بۆ بینینی وردەکارییەکانی کتێب.