شیکردنەوەی وشە ودەستەواژەکانی بانگ لیژنەی زانستی لە (كۆڕگەی خزمەتگوزاری بڵاوکراوە ئیسلامیەكان بە زمانەكانی جیهان - جمعية خدمة المحتوى الإسلامي باللغات)
بانگ بانگەوازێکی خوداییە کە موسڵمان لە ڕۆژێكدا پێنج جار دەیبیستێت، وگەورەیی خودای بیر دەخاتەوە و بانگی دەکات بۆ خێر و سەرکەوتن. بانگ ساتی پەیوەندییە لە نێوان مرۆڤ و خوڵقێنەرەکەیدا، کە تێیدا لە ژاوەژاوی دونیا دادەبڕێت بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردگاریدا ئاخاوتن وموناجات بکات. بانگ تەنها ڕاگەیاندنی کاتی نوێژەنییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ئارامی و ئیمان و نوێکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ خودادا. بانگ چەندین واتای بەرزی لەخۆگرتووە کە بە گەورەدانانی خودا دەست پێدەکات، و بە بانگەواز كردن بۆ نوێژ کۆتایی دێت؛ کە تێیدا موسڵمان ئارامیی خۆی دەدۆزێتەوە. هەر جارێک دەنگی بانگ بەرز دەبێتەوە، لە دڵدا هەستی وابەستەکردنی ژیانی ڕاستەقینە بە نزیکبوونەوە لە خوداوە دەست پێدەکات وگەشەدەکات.
(اللَّهُ أَكْبَرُ اللَّهُ أَكْبَرُ، اللَّهُ أَكْبَرُ اللَّهُ أَكْبَرُ)؛ واتا: (خودا لە هەموو شتێک گەورەترە وشکۆدارترە، خودا لە هەموو شتێک گەورەترە وشکۆدارترە، خودا لە هەموو شتێک گەورەترە وشکۆدارترە، خودا لە هەموو شتێک گەورەترە وشکۆدارترە). (اللَّهُ أَكْبَرُ : خودا لە هەموو شتێک گەورەترە وشکۆدارترە).
ناوی پیرۆزی: "الله" بە واتای پەرستراو، واتە ئەو زاتەی کە دەپەرسترێت، و ناوی پەروەردگاری خوڵقێنەرە (جل جلاله)، و هەموو ناوەكانی خودا وەسفی ئەون، و الله تاک و تەنهایە، وكەسی لێ نەبووە ولە كەس نەبووە، و خوڵقێنەری ئاسمانەکان و زەوییە.
ووتنی (اللَّهُ أَكْبَرُ)؛ واتا خودا لە هەموو شتێک گەورەترە وشكۆدارترە، وبەرزترە لەوەی بە شتێك وەسف بكرێت وبدرێتە پاڵ وەسفكردنی كە شیاو نەبێت بە شكۆداری وكامڵی ئەو زاتە.
اللَّهُ أَكْبَرُ : ... ئەم دەستەواژەیە موسڵمان بیر دەخاتەوە بەوەی هیچ شتێک لەم ژیانەدا نابێت سەرقاڵی بکات لە خوڵقێنەرەکەی، و پێویستە مرۆڤ لە ژیانیدا بەپێی ویست و شەریعەتی خودا بڕوات، نەک بەپێی حەز و ئارەزووەکانی، چونکە خودا لە هەموو شتێک گەورەترە.
اللَّهُ أَكْبَرُ : پیشەساز دەیبیستێت و پیشەسازییەکەی ڕادەگرێت، و جووتیار دەیبیستێت و کێڵانەکەی ڕادەگرێت، و بازرگان دەیبیستێت و دوکانەکەی دادەخات، و مامۆستا دەیبیستێت و وانەکەی ڕادەگرێت؛ چونکە خودا لە هەموو کار و کردەوەیەک گەورەترە، و ئەم وەستانە و ڕۆیشتن بۆ پەرستن بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە خودا لە دڵی باوەڕداردا لە هەموو خۆشییەکی دونیا گەورەترە. اللَّهُ أَكْبَرُ : الله گەورەترە لە هەموو بەڵا و موسیبەتێک، و لە هەر بارودۆخێک لە ژیاندا، و هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت؛ قەیرانەکان بە بچووک دەبینێت، و دڵی ئارام دەبێتەوە چونکە لەگەڵ الله دایە، ڕازییە بە قەزای ئەو، و دڵنیایە لە دانایی وبەڕێوەبردنی ئەو.
(أَشْهَدُ أَنْ لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللَّهُ، أَشْهَدُ أَنْ لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللَّهُ ) واتە: شاهێدی دەدەم كە هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله، شاهێدی دەدەم كە هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله أَشْهَدُ أَنْ لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللَّهُ : شاهێدی دەدەم كە هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله
ئەمە شاهێدی دانی یەکەمە، واتاکەی دانپێدانانە بەوەی کە الله خوڵقێنەری هەموو شتێکە، و پەروەردگار و خاوەن و بەڕێوەبەری هەموو شتێكە، ئەو زاتەیە کە واجبە تەنها ئەو بپەرسترێت نەک جگە لە ئەو، و هیچ پەرستراوێک هەق وڕاست نییە پەرستنی جگە لە الله ی تاك وتەنها، و ئەو تاکە و هاوبەشی نییە، و منداڵی نییە، و هاوشێوەی نییە؛ بۆیە پەرستن ئەنجام نادرێت بۆ جگە لە الله و داوا ناكرێت لە جگە لە الله.
ئەم شاهێدی دانە گەورەترین شاهێدی دانە لە بووندا، و بنچینەی ئیمانە لە هەموو پەیامە خوداییەکاندا، هەموو پێغەمبەران -علیهم السلام-، وەک نوح و ئیبراهیم و موسا و عیسا هەتا موحەممەد؛ بانگەوازی گەلەکانیان کردووە بۆ دانپێدانان و قبوڵکردن و باوەڕهێنان بە لا إله إلا الله، ئەمە ئەو وشەیەیە کە خودا بوونەوەرەكانی لە پێناویدا دروست کردووە، و نێردراوەکانی ناردووە بۆ چەسپاندنی، و کتێبەکانی دابەزاندووە بۆ ڕوونکردنەوەی، و بەهەشتی کردووە بە پاداشت بۆ ئەو کەسەی کە بە دڵسۆزییەوە لە دڵییەوە باوەڕی پێی هەیە، و ئاگری لەسەر ئەو کەسە حەرام کردووە کە دەمرێت لەسەر دڵنیابوون لێی.
کلیلی ئیمان و دەرگای ڕزگاری و بنچینەی ئاین و بناغەی یەک خودا پەرستییە -تەوحیدە-.
لە پێناو ئەم وشەیەدا خەڵک لە گۆڕەکانیان زیندوو دەکرێنەوە، و لە ڕۆژی قیامەتدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، جا هەرکەسێک لەسەری ژیا و ژیانی پێ کۆتایی هێنا؛ ئەوا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە، و هەرکەسێک ڕەتی کردەوە و نەیوت؛ شایستەی مانەوەی هەتاهەتاییە لە دۆزەخدا.
(أَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ اللَّهِ، أَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ اللَّهِ) واتە: شاهێدی دەدەم كە موحەممەد پێغەمبەر ونێردراوی خودایه، وشاهێدی دەدەم كە موحەممەد پێغەمبەر ونێردراوی خودایه. أَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ اللَّهِ : شاهێدی دەدەم كە موحەممەد پێغەمبەر ونێردراوی خودایه.
واتای ئەم شاهێدی دانە ئەوەیە کە موسڵمان شاهێدی دەدات بەوەی خودا موحەممەدی ناردووە وەک کۆتاییهێنەرێك بە پەیامە خوداییەکان، وپەیامی پەروەردگار دەگەیەنێت بە خەڵكی، موسڵمان دەبێت دڵنیا بێت لەوەی کە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ پەرستنی خودا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەو مەگەر بە شاهێدی دان بۆ پێغەمبەر ﷺ بە پەیامبەری، و شوێنکەوتنی و ئەو سەرمەشقی بێت، و پەرستنی خودا بە پێی ئەو شەریعەتەی کە پێغەمبەر موحەممەد ﷺ گەیاندوویەتی، هەر پەرستنێك کە مرۆڤ خۆی پێ نزیک دەکاتەوە لە الله و پێغەمبەر ﷺ نەیگەیاندووە؛ پەرستنێکی پووچە، و لە دونیا و دواڕۆژدا سوودی بۆ خاوەنەکەی نییە، بەڵکو لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت و سزا دەدرێت؛ چونکە خودای پەرستووە بە جگە لە ئەوەی کە پێغەمبەرەکەی گەیاندوویەتی ﷺ.
شاهێدی دان ئەوە لەخۆدەگرێت کە پێغەمبەر ﷺ بەندە و نێردراوی پەروەردگاری جیهانە، هەروەها ئەوەیش لەخۆدەگرێت کە پێغەمبەر ﷺ کۆتایی پێغەمبەران ونێردراوانە -علیهم السلام-، و هیچ پێغەمبەرێک لە دوای ئەو نییە، هەروەها باوەڕهێنان بە هەموو ئەو نیشانە وموعجیزانەی کە هێناویەتی؛ کە گەورەترینیان قورئانی پیرۆزە، ئەم پەیامە كۆتاییەی خودا هێشتا بوونی هەیە بەو زمانەی کە پێی دابەزێنراوە، و لە زیاد كردن و کەم كردن و گۆڕان پارێزراوە. قورئانی پیرۆز لە ڕەوانبێژی و حوکم و ڕێنماییەکانیدا هاوتای نییە، و خودا تەحەدای مرۆڤایەتی کردووە کە تەنانەت یەک سوورەت وەكو سورەتەكانی قورئان بهێنن؛ بە درێژایی سەردەمەكان و هەتا ئەمڕۆیش مرۆڤایەتی بێ توانایە لەئاست ئەم تەحەدا وبەرەنگاربوونەوەیەدا.
و شاهێدیدان ئەوەیش لەخۆ دەگرێت کە پێغەمبەر ﷺ هاتووە بۆ ئەوەی خەڵکی بگەڕێنێتەوە بۆ یەک خودا پەرستی -بۆ تەوحید-، هەروەکو چۆن ئیبراهیم و موسا و عیسا -علیهم السلام- ئەمەیان ئەنجامدا. ئەو نێردراوی پەروەردگاری جیهانە، لەسەر ئەو ڕێگایە ڕۆیشتووە کە هەموو پێغەمبەران لە گەیاندنی پەیامەکانی پەروەردگاریاندا لەسەری ڕۆیشتوون، تەنها جیاوازی ئەوەیە كە هیچ پێغەمبەرێک لە پاش ئەو نییە.
(حَيَّ عَلَى الصَّلَاةِ، حَيَّ عَلَى الصَّلَاةِ) واتە: وەرن بۆ نوێژ وبەدەم باگەوازی بانگەوە بێن، وەرن بۆ نوێژ وبەدەم باگەوازی بانگەوە بێن. حَيَّ عَلَى الصَّلَاةِ : وەرن بۆ نوێژ وبەدەم باگەوازی بانگەوە بێن
واتای ئەم ڕستەیە: ئەی باوەڕداران، وەرن بۆ پەرستنی پەروەردگارتان، چونکە ئەو لێخۆشبوو و میهرەبانە، تەوبە قبوڵ دەکات، و لە خراپەکان دەبوورێت.
چ شەرەفێکی گەورەیە کە خودا فەرمان بە مرۆڤێک بکات لە هەموو شوێنێک کە کۆمەڵێک موسڵمانی تێدایە؛ بۆ ئەوەی بانگ بە ئاشكرا بدات، و هەموو ڕۆژێک پێنج جار بانگیان بکات بۆ ئەوەی پێیان بڵێت: وەرن و ڕوو بکەنە پەرستنی پەروەردگارتان.
ئەمە بانگەواز و یادخستنەوەیەکە بۆ باوەڕداران کە کاتی پەرستنی پەروەردگاریان هاتووە، و پێویستە واز لەو كاروبارانەی دونیا بهێنن کە سەرقاڵیان دەکات، و بڕۆن بۆ ئەنجامدانی پەرستن، و واز لەوە بهێنن کە لە نێو دەستیاندایە لە بازرگانی یان کشتوکاڵ؛ و ڕوو بکەنە الله، و ئەمە بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی ئیمان، و باوەڕ -ئیمان- لە پێشەوەی هەموو خۆشییەکی دونیایە.
ئەمە بانگەوازێکە کە خەڵکی بانگ دەکات بۆ ئەنجامدانی نوێژ، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە لە نێوان بەندە و پەروەردگاریدا، نوێژ پەرستنێکە کە چینایەتی دەڕووخێنێت و وا لە خەڵکی دەكات لەبەرانبەر پەروەردگاریاندا یەکسان بن.
(حَيَّ عَلَى الفَلَاحِ، حَيَّ عَلَى الفَلَاحِ) واتە: وەرن بۆ سەركەوتن وسەلامەتی، وەرن بۆ سەركەوتن وسەلامەتی حَيَّ عَلَى الفَلَاحِ : وەرن بۆ سەركەوتن وسەلامەتی
الفلاح: واتە ڕەزامەندی و سەرکەوتن و سەلامەتی و ڕزگاربوون لە دونیا و دواڕۆژدا، و بەختەوەریی هەتاهەتایی، و ڕێنموێنی بۆ ڕێگای ڕاست.
و لە واتاکانی: بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خودا، و چوونە نێو بەهەشت و ڕزگاربوون لە دۆزەخ؛ چونکە هەرکەسێک كە باوەڕی هێنا و نوێژی کرد، ئەوا سەرکەوت، و هەرکەسێک سەربکەوت؛ ئەوا ڕزگاری بووە ومانەوەی هەتاهەتایی بەدەستهێناوە لە بەهەشتدا.
بێگومان بانگبێژ لە هەموو نوێژێکدا باوەڕداران بیر دەخاتەوە کە بڕۆن بەرەو ئاسایش و ئارامی و هێوری دڵ، و پاکی ڕۆح، و بەختەوەریی دونیا و دواڕۆژ.
(اللَّهُ أَكْبَرُ اللَّهُ أَكْبَرُ، لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللَّهُ) واتە: خودا لە هەموو شتێک گەورەترە وشکۆدارترە، خودا لە هەموو شتێک گەورەترە وشکۆدارترە، هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاست جگە لە الله بە تەكبیر ویەك خودا پەرستی -تەوحید- كۆتایی بە بانگ دەهێنرێت.
بە دووبارەکردنەوەی ڕستەی "الله أكبر" و جەختکردنەوە لەسەر "لا إله إلا الله" ؛ کۆتایی بە بانگ دەهێنرێت، و ئەم دوو ڕستەیە جەختکردنەوەن لەسەر واتاکانی پێشوو، و بوونی مرۆڤ لەسەر خولگەیان دەسوڕێتەوە، و ئەم ڕاستییە ڕاستگۆترین ڕاستیی گەردوونی و بوونگەراییە، ئینجا مرۆڤ لێی تێبگات یان تێنەگات، پێی بزانێت یان نەزانێت؛ وڕاستییە گەورەکان زیانیان پێناگات ئەگەر هەندێک خەڵک سەبارەتیان نەزانبن ئەم ڕاستییە ناگۆڕێت و جێگرەوەی نییە هەرچەندە سەردەم دور ودرێژ بێت، و هەرچەندە ڕووداوەکان یەک لەدوای یەک بێن، ئەویش ئەوەیە: کە خودا لە هەموو شتێک گەورەترە، و خودا پەرستراوی ڕاستەقینەیە، و ئەو شایستەی پەرستنە بە تەنها، و پەرستنی جگە لە ئەو پوچەڵە.
ئەمە بانگەوازێکە بۆ بەگەورەدانانی ئەوەی کە خودا بە گەورەی داناوە، و شاهێدیدان بۆ خودا بەوەی کە بۆ خۆی شاهێدی لەسەر داوە، و نێردراوان -علیهم السلام- شاهێدییان پێداوە، و باوەڕدارانیش شاهێدیان بەوە داوە.
لە کۆتاییدا: بانگ تەنها بانگەوازێک نییە بۆ نوێژ، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ سەرکەوتن وسەرفرازی، پەیامێکە کە لە مزگەوتەکاندا ڕۆژانە پێنج جار دووبارە دەبێتەوە، بۆ ئەوەی دڵەکان بەئاگا بهێنێت؛ و بیرمان دەخاتەوە کە خودا نزیکە، و بەدەستهێنانی هێوری وئارامی ئاسانە، و ڕێگای سەرکەوتن بە نوێژ و پەیوەندی نێوان بەندە و خوڵقێنەرەکەی دەست پێدەكات.
کەواتە لەگەڵ بانگبێژدا بڵێ: (الله أكبر، الله أكبر، لا إله إلا الله...)، شاهێدیدانی یەك خودا پەرستی -تەوحید- بڵێرەوە، و شاهێدی بدە بەوەی کە خودا بۆ خۆی شاهێدی لەسەر داوە، وشاهێدی بدە بەو ڕاستییەی کە نێردراوەکانی هێناویانە؛ گەر وا بكەیت لە سەرکەوتووان و موسڵمانانی یەک خودا پەرست دەبیت.
دڵت بۆ ئیمان بکەرەوە، و بڵێ: “أشهد أن لا إله إلا الله، وأشهد أن محمدًا رسول الله”، دەچیتە نێو ڕەحمەتی خوداوە، و لە دونیادا بە بەختەوەری دەگەیت، و لە دواڕۆژدا ڕزگارت دەبێت، و لە ڕۆژی قیامەتدا لەگەڵ کۆمەڵی باوەڕداران زیندوو دەکرێیتەوە.