بیروباوەڕی ڕاست و ئەوەی دژیەتی
نامیلکەی یهكهم نووسینی: زانای پایەبەرز الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده، وعلى آله وصحبه. پاشان: لەبەرئەوەی کە بیروباوەڕی ڕاست بنچینەی ئیسلام، و بنەمای ئاینمانە، بۆیە قسە كردن لەسەر ئەم بابەتە و نووسینی نامیلکەیەک بەگرنگ دەزانم.
These files are generated automatically from the book's text; their layout may differ from the printed edition.
نامیلکەی یهكهم
بیروباوەڕی ڕاست و ئەوەی دژیەتی
نووسینی: زانای پایەبەرز
عبد العزيز ئیبن عبد الله ئیبن باز
الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده، وعلى آله وصحبه.
پاشان: لەبەرئەوەی کە بیروباوەڕی ڕاست بنچینەی ئیسلام، و بنەمای ئاینمانە، بۆیە قسە كردن لەسەر ئەم بابەتە و نووسینی نامیلکەیەک بەگرنگ دەزانم.
وە ئەوەی زانراوە بە بەڵگە شەرعییەکان لە قورئان و سوننەتدا: کردەوە و وتەکان تەنها کاتێک دروستن و قبوڵکراون ئەگەر لە بیروباوەڕێکی دروستەوە سەرچاوەیان گرتبێت، بەڵام ئەگەر بیر وباوەڕ دروست نەبێت، ئەوا ئەو کردەوە و وتانە پووچەڵ دەکاتەوە کە لە وەوە سەرچاوەیان گرتووە، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿..وە ئەوەی بێ باوەڕ بێت بەرانبەر باوەڕ هێنان بە الله و دروشمەکانی ئیسلام ئەوە بێگومان کردەوەکانی ھەڵدەوەشێتەوە، وە لەڕۆژی دواییدا یەکێکە لە خەسارۆمەندان﴾ [سورەتی ئەلمائیدە: 5].
وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿...سوێند بە خودا نیگا کراوە بۆ تۆ وە بۆ پێغەمبەرانی پێش تۆش ئەگەر ھاوبەش بۆ خودا دابنێیت بەڕاستی کردەوەت ھەڵدەوەشێتەوە وە بێگومان لەزەرەرمەندان دەبیت﴾ [سورەتی ئەلزومەڕ: 65].
وئەو ئایەتانەى ئاماژە بۆ ئەم واتایە دەکەن زۆرن. وە کتێبی خوداى گەورە وسوننەتی پێغەمبەرەكەی -باشترین دروود وسڵاوی خودای لەسەر بێت- بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە بیروباوەڕی ڕاست پوخت دەبێتەوە لە شەش شتدا، ئەوانیش: باوەڕهێنان بە خوداى گەورە، وفریشتەکانى، وکتێبەکانى، وپێغەمبەرانی، وڕۆژی دوایی، وبە قەدەر بە خێر وشەڕییەوە. ئەم شەش بنەمایە بریتین لە: پایەکانی ئەو عەقیدە ڕاستەی کە خودای گەورە کتێبە شكۆدارەكەی پێ دابەزاندووە، و پێغەمبەرەکەی موحەمەد -عليه الصلاة والسلام - ی پێ ناردووە،
بێگومان زۆر بەڵگە هاتووە لەسەر ئەم شەش بنەمایە لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی سەحیحدا، ولەو بەڵگانەیش بۆ نموونە:
یەکەم: بەڵگەکان لە قورئان؛ لەوانە: خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿خێر وچاکە ئەوە نییە کە لە نوێژدا ڕوو بکەنە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بەڵکو چاکە ئەوەیە کە مرۆڤ بڕوای هەبێت بە خودا وە بە ڕۆژی دوایی وە بە فریشتەکان وە بە کتێبەکان وە بە پێغەمبەران...﴾ [سورەتی ئەلبەقەڕە:177].
وپەروەردگار -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿پێغەمبەر ﷺ بڕوای ھێنا بەو نامەیەی کە بۆی نێردراوە لە پەروەردگاریەوە لەگەڵ بڕواداراندا ھەموو بڕوایان ھێناوە بە خودا وە بە فریشتەکانی وە بە کتێبەکانی وە بە پێغەمبەرانی وە جیاوازی ناکەین لە نێوان ھیچ یەکێک لە پەیامبەرانی...﴾ [سورەتی ئەلبەقەڕە: 285]،
وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە بەردەوام بن لەسەر باوەڕبوون بە خودا و پێغەمبەرەکەی و بەو قورئانەی ناردوویەتیە خوارەوە بۆ پێغەمبەرەکەی وە بەو کتێبانەیش کە پێشتر ناردوویەتیە خوارەوە، وە ھەر کەسێک بێ باوەڕ بێت بە خودا و بە فریشتەکانی و بە کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی وە بە ڕۆژی دوایی ئەوە بەڕاستی گومڕا بووە بەگومڕاییەکی زۆر دوور لەڕاستی (136)﴾ [سورەتی النساء:136]،
وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿ئایا نازانی بەڕاستی خودا دەزانێت بەھەموو ئەو شتانەی لە ئاسمان و زەویدایە، بێگومان ئەوەی باسکرا لە کتێب لە لەوحولمەحفوز دایە بەڕاستی ئەوەی باسکرا بەلای خوداوە ئاسانە (70)﴾ [سورەتی ئەلحەج : 70].
دووەم: بەڵگەکان لە سوننەتدا؛ لەوانەیش ئەو فەرموودە سەحیحە بەناوبانگەیە کە موسلیم لە سەحیحەکەیدا گێڕاویەتیەوە: لە ئەمیری باوەڕداران عومەری کوڕی خەتابەوە ڕەزای خودای لێبێت کە جبریل -علیه السلام- پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد سەبارەت بە ئیمان، ئەویش پێی فەرموو: «ئیمان بریتیە لەوەی باوەڕ بهێنیت بە خودا، وفریشتەکانی، وکتێبەکانی، وپێغەمبەرانی، وڕۆژی دوایی، وباوەڕ بهێنیت بە قەدەر بە خێر وشەڕی»[1]. هەتا كۆتایی فەرموودەكە، بوخاری وموسلیمیش گێڕاویانەتەوە ـ بە جیاوازییەکی کەمەوە- لە ئەبو هوڕەیڕەوە ڕەزای خودای لێبێت. [1] موسلیم گێڕاویەتەوە: 8.
ولەم شەش پایەیەوە: هەموو ئەوە بابەتانە سەرچاوە دەگرێت کە واجبە لەسەر موسڵمان باوەڕی پێی هەبێت، دەربارەی مافی خودای گەورە، و ڕووداوەكانی ڕۆژی دوایی، و جگە لەمانەیش لە بابەتە نەبینراو وغەیبیەکان؛ ئەوانەی کە خودای گەورە و پێغەمبەرەکەی -صلى الله عليه وسلم- هەواڵیان لەبارەیەوە داوە.
وە ڕوونکردنەوەی ئەم شەش بنەمایەیش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
بنچینەى یەکەم: باوەڕهێنان بە الله -سبحانه وتعالی-
ئەمەش چەند بابەتێکی لەخۆ دەگرێت، لەوانەیش: باوەڕهێنان بەوەی کە ئەو پەرستراوی هەقە و تەنها ئەو شایستەی پەرستنە نەك هیچ كەسێك یان شتێکی تر؛ چونكە تەنها ئەو خوڵقێنەری بەندەکانە، و چاکەکارە لەگەڵیان، و دابینکاری ڕۆزییانە، و زانایە بە نهێنی و ئاشکرایان، و توانادارە لەسەر پاداشتدانەوەی گوێڕایەڵەکانیان و سزادانی سەرپێچیکارەکانیان.
وخودای گەورە مرۆڤ و جنۆکەکانى بۆ ئەم پەرستنە خوڵقاندووە، وە فەرمانیشی هەر بەمە پێکردوون، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە من جنۆکە وئادەمیزادم تەنھا بۆ ئەوە دروست کردووە کە بەندایەتیم بۆ بکەن (56) من ھیچ ڕۆزییەکم ناوێ لێیان، ناشمەوێت خواردنم بدەنێ (57) بەڕاستی تەنھا خودا خۆی ڕۆزیدەرە کە خاوەن دەسەڵاتی زۆر بەھێزە (58)﴾ [سورەتی ئەلزاریات: 56-58].
وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەی خەڵکینە پەروەردگارتان بپەرستن کە ئێوە و ئەوانەی پێش ئێوەیشی دروست کردووە بەڵکو بەو پەرستنە خۆتان بپارێزن (21) ئەو خودایەی کە زەوی بۆ ڕاخستوون وە ئاسمانی بە تۆکمەیی بۆ بینا کردون وبارانی لە ئاسمانەوە بۆ باراندون وە بەهۆی ئەو بارانەوە ھەموو جۆرە میوە و بەروبومێکی دەرهێناوە بۆ ڕۆزیی ئێوە کەواتە ھاوتا بۆ خودا پەیدا مەکەن، کە ئێوە خۆتان دەزانن بێ ھاوتایە (22)﴾ [سورەتی ئەلبەقەڕە:21-22].
بێگومان خوداى گەورە پێغەمبەرانی ناردووە وکتێبەکانی دابەزاندووە: بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم هەق وڕاستییە، وبانگەوازکردن بۆى، وئاگادارکردنەوە لەوەى كە دژ وپێچەوانەیەتی، هەروەک خودای گەورە -سبحانە وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خودا لەناو ھەموو گەل و ئوممەتێکدا پێغەمبەرێکمان ناردووە (کە فەرمان دەکەن بەخەڵکی) بەوەی تەنھا خودا بپەرستن و دوور بکەونەوە لە (پەرستنی) ھەر پەرستراوێکی تر...﴾ [سوڕەتی ئەلنەحل: 36].
وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە ئێمە نەمان ناردووە پێش تۆ ھیچ پێغەمبەرێک مەگەر نیگامان بۆ ناردووە (بەوەی کە) بێگومان جگە لە من ھیچ پەرستراوێکی هەق وڕاست نیە کەواتە تەنھا من بپەرستن (25)﴾ [سوڕەتی ئەلئەنبیا: 25].
ھەروەھا خودای گەورە فەرموویەتی: ﴿بە (ئەلیف، لام، ڕا) دەخوێنرێتەوە ئەمە کتێبێکە پتەو داڕێژراوە ئایەتەکانی پاشان ڕوون کراونەتەوە لەلایەن (خودای) کاردروست و زاناوە (1) بۆ ئەوەی ھیچ شتێک نەپەرستن بێجگە لە خودا بەڕاستی من لەلایەن ئەو (خودا) وە بۆ ئێوە ترسێنەر و موژدەدەرم (2)﴾ [سوڕەتی هود 1-2].
وە هەقیقەت وڕاستی ئەم پەرستنە بریتییە لە: بەتاكدانان و تایبەتکردنی خودای گەورە -سبحانه وتعالى- بە هەموو ئەو شتانەی کە پەرستنی پێدەکرێت؛ وەک: نزا وپاڕانەوە، و ترس، و ئومێد، و نوێژ، و ڕۆژوو، و قوربانی ونەزر کردن، و جگە لەمانەیش لە جۆرەکانی تری پەرستن، بە شێوازێک کە ملکەچی تەواوی تێدا بێت بە تەنها بۆ ئەو زاتە، و ئارەزووكردنی پاداشتەكەی، و ترس لە سزاكەی، لەگەڵ ئەوپەڕی خۆشەویستی بۆی، و خۆبەکەمزانین و ملکەچی لەبەرامبەر گەورەیی ئەودا.
وە هەرکەسێک تێڕامان لە قورئانی پیرۆز بکات؛ بۆی دەردەکەوێت کە زۆربەی هەر لەسەر ئەم بنەما مەزنە دابەزیووە، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿بێگومان ئێمە بە ھەق و ڕاستی قورئانمان بۆ تۆ ھێناوەتە خوارەوە کەواتە خودا بپەرستە و بە تەنھا ھەر بۆ ئەو ملکەچ بە (2) بێداربە ئاینی (گەردنکەچی) پاك و خاوێن ھەر بۆ خودایە وە کەسانێك جگە لە (خودا) چەند پەرستراوێکیان بۆ خۆیان داناوە (دەڵێن) تەنھا لەبەرئەوە دەیان پەرستین نزیکمان بکەنەوە لە خوا بێگومان خودا بڕیار دەدات لە نێوانیاندا لەو شتانەدا کە ئەوان تێیدا جیاواز بوون بە ڕاستی خودا ڕێنمونی کەسێك ناکات کە درۆزنی و زۆر بێ باوەڕە (3)﴾ [سوڕەتی ئەلزومەڕ:2-3].
وخودای گەورە -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿وە پەروەردگارت بڕیاریداوە کە ھیچ شتێک نەپەرستن بێجگە لە ئەو...﴾ [سوڕەتی ئەلئیسڕا: 23].
وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿کەواتە لە خودا بپارێنەوە و بە پاکی ودڵسۆزی و بۆی گەردن کەچ بن ھەرچەندە بێ باوەڕانیش پێیان ناخۆش بێت (14)﴾ [سوڕەتی غافیر: 14].
هەروەها هەرکەسێک وردببێتەوە لە سوننەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، بۆی دەردەكەوێت کە گرنگی بەم بنەما گەورەیەیش دراوە، وە نمونەیش: ئەوەی لە هەردوو سەحیحەکەدا هاتووە لە موعازەوە -ڕەزاى خوداى لێبێت-؛ کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «مافى خوداى گەورە لەسەر بەندەکانى ئەوەیە بیپەرستن و بەهیچ شێوەیەک هاوبەشی بۆ بڕیار نەدەن» [2]. [2] بوخاری: (2856)، وموسلیم: (30)، گێڕاویانەتەوە
هەروەها باوەڕهێنان بە الله؛ ئەمانەیش لەخۆ دەگرێت: باوەڕهێنان بە هەموو ئەو شتانەی لەسەر بەندەكانی واجب وفەرزی كردووە؛ لە پێنج پایە ئاشكراكەی ئیسلام.
كە بریتین لە: شاھێدیدان بە (لا إله إلا الله ومحمد رسول الله) واتە: هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق جگە لە الله وموحەمەد نێردراوی خوایە، و نوێژ ئەنجامدان، و زەکاتدان، و بەڕۆژووبوونی مانگی ڕەمەزان، و حەجکردنی ماڵی پیرۆزی خودا بۆ ئەو کەسەی توانای هەبێت، و جگە لەمانەیش لەو فەریزەتانەی تر کە شەریعەتی پاک وپیرۆز هێناویەتی.
وگرنگترین و گەورەترینی ئەم پایانه: شاهێدی دانە بە (لا إله إلا الله ومحمد رسول الله) واتە: هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاست جگە لە الله وموحەمەد پێغەمبەری خودایە، وئەم شاهێدی دانە ئەمە دەخوازێت: دڵسۆزی و تایبەتكردنی پەرستن تەنها بۆ الله، و نكۆڵی وڕەتکردنەوەی پەرستن بۆ هیچ یەكێكی تر جگە لەو زاتە، ئەمەیە واتای (لا إله إلا الله)، کەواتە واتای -هەروەک زانایان ڕەحمەتی خودایان لێبێت فەرموویانە-: هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە الله، ولەسەر ئەم بنەمایەیش: هەموو ئەوەی دەپەرسترێت جگە لە الله -جا مرۆڤ بێت یان فریشتە یان جنۆکە یان جگە لەمانەیش- ئەوا پەرستراوێکی پوچەڵە، وە پەرستراوی هەق وڕاستی تەنها الله یە و هیچ هاوبەشێکی نییە، هەروەک خودای گەورە -سبحانە وتعالی- فەرموویەتی: ﴿ئەمە لەبەر ئەوەیە بەڕاستی ھەر خودا ھەق و ڕاستە وە بێگومان ئەوەی جگە لە خودا ھاواری لێ دەکەن (ودەیپەرستن) ھەر ئەو بەتاڵ و ناڕاستە...﴾ [سوڕەتی ئەلحەج: 62].
وە پێشتر ڕوونکرایەوە کە: الله -سبحانە وتعالی- مرۆڤ و جنۆکەی بۆ ئەم بنەما بنەڕەتییە دروستکردووە، و فەرمانی پێکردوون، و پێغەمبەرانی ناردووە و کتێبەکانیشی دابەزاندووە؛ جا لەسەر بەندەیە کە بە باشی لەمە وردبێتەوە و زۆر بیری لێبکاتەوە، هەتاوەکو ئەو نەزانییە گەورەیەی بۆ ڕوون ببێتەوە کە زۆربەی موسڵمانان تێی کەوتوون سەبارەت بەم بنەمایە، بەشێوازێک گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پەرستشیان بۆ جگە لە خودای گەورە ئەنجامدا، و مافە تایبەتەکانی ئەویان تەرخانكرد بۆ كەس وشتانێکی تر، خودای گەورە یارمەتیدەرمان بێت.
وە باوەڕهێنان بە الله -سبحانه-؛ ئەم خاڵانەیش لەخۆ دەگرێت: باوەڕبوون بەوەی کە ئەو خوڵقێنەری گەردوونە و بەڕێوەبەری کاروباریانە، و بە زانست و توانای خۆی ڕێکیان دەخات هەروەک چۆن خۆی ویستی لەسەرە -سبحانه-، وە بەوەی کە ئەو خاوەن و پادشای دونیا و دواڕۆژە و پەروەردگاری هەموو جیهانیانە بە گشتی، هیچ خوڵقێنەرێکی تر نییە جگە لە ئەو، و هیچ پەروەردگارێکیش نییە بێجگە لەو زاتە. وە ئەوەى کە پێغەمبەرانی ناردووە، وکتێبەکانی دابەزاندووە؛ بۆ چاکسازی بەندەکان، و بانگکردنیان بۆ ئەو شتەی کە ڕزگاربوون و چاکەیانی تێدایە لە دونیا وقیامەتدا، وە خودا -سبحانه- هیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە لە هەموو ئەمانەدا، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿خودا بەدیھێنەری ھەموو شتێکە وە ھەر ئەویش پارێزەری ھەموو شتێکە (62)﴾ [سوڕەتی ئەلزومەڕ: 62].
وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿بەڕاستی پەروەردگارتان ئەو خودایەیە کە ئاسمانەکان و زەوی لە شەش ڕۆژدا دروستکردووە پاشان (خودا) بەرز بووەوە سەر عەرش و قەراری گرت، وبە تاریکایی شەو ڕۆشنایی ڕۆژ دادەپۆشێت وبە خێرایی خۆر و مانگ و ئەستێرەکانیش ژێر بار کراوون بە فەرمانی خۆی، وبێدار بن کە بەدیھێنان و فەرماندان ھەر بۆ خودای پاک و بێگەرد وپەروەردگاری ھەموو جیھانیان (54)﴾ [سوڕەتی ئەلئەعڕاف:54].
وە باوەڕهێنان بە خوداى گەورە؛ ئەمانەیش لەخۆدەگرێت: باوەڕهێنان بە ناوە جوانەکانى وسیفەتە بەرزەکانى كە لە کتێبە شكۆدارەكەیدا هاتوون، هەروەها ئەو ناو وسیفەتانەیشی کە پێغەمبەرەكەی -صلى اللە علیە وسلم- گێڕاویەتیەوە، بەبێ دەستكاری وبە بێ شێواندن وبە بێ پەکخستن وبە بێ باسكردنی چۆنیەتی وبە بێ چواندن، ﴿...ھیچ شتێك بە وێنەی خودا نیە وئەو بیسەر و بینایە﴾ [سوڕەتی ئەلشوڕا: 11].
کەواتە واجبە هەروەکو چۆن هاتوون بەو شێوەیە باوەڕیان پێبهێنرێت بە بێ لێکدانەوەى چۆنیەتیان، لەگەڵ باوەڕهێنان بەو مانا مەزنانەى کە ئاماژەیان بۆ كردووە و سیفەتن بۆ خوداى گەورە -عز وجل-، و واجبە خوداى گەورەى پێ وەسف بکرێت بە شێوەیەک کە شیاوى زاتى پیرۆزی بێت؛ بەبێ ئەوەى هیچ یەكێك لە دروستكراوەكانی بە ئەو بچوێنرێت لە سیفەتەكانیدا، هەروەكو خوداى گەورە -عز وجل- دەفەرمووێت: ﴿کەواتە وێنە بۆ خودا مەھێننەوە بە ڕاستی خودا دەزانێت و ئێوە نازانن (74)﴾ [سوڕەتی ئەلنەحل: 74].
دەی ئەمە بریتیە لە: بیر وباوەڕی ئەهلی سوننه وجەماعەت كە بیر وباوەڕی هاوەڵانی پێغەمبەری خودا ﷺ وشوێنکەوتووانیانە بە چاکە؛ سەبارەت بە ناوەکانی خودا وسیفەتەکانی، کە ئەبو حەسەنی ئەشعەریەلە کتێبی "المقالات"دا گێڕاویەتیەوە لە زانایانی فەرموودەناس وئەهلی سوننەوە، وجگە لە ئەمیش زانایان لە شوێنی تر باسیان كردووە.
ئەوزاعی -ڕەحمەتی خوداى لێبێت- دەڵێت: (پرسیار لە زوهری و مەکحول کرا سەبارەت بە ئەو ئایەتانەی باسی سیفەتەكان دەكات؛ فەرموویان: «هەروەک چۆن هاتووە تێیبپەڕێنن وباسی بكەن»)[3]. [3] اللالكائي له کتێبی شرح أصول الاعتقاد: (735)، وابن عبد البر له کتێبی جامع العلم وفضله گێڕاویانەتەوە:(1801)؛ بەڵام لە گێرانەوەی ابن عبدالبر بە دەستەواژەی: فەرموودەكان بگێڕنەوە بەو شێوەیەی كە هاتوون وباسكراون، وموناقەشەی لەسەر مەکەن.
هەروەها ئەوزاعی -ڕەحمەتی خوداى لێبێت- دەڵێت: (ئێمە لە کاتێکدا تابیعیەکان ژمارەیەکی زۆر بوون ولەژیاندابوون، دەمانووت: بەڕاستی خودای گەورە -سبحانه وتعالی- لەسەر عەرشەکەیەتی، وە ئیمانمان هەیە بەو سیفەتانەی کە لە سوننەتدا هاتوون) [4]. [4] البيهقي لە کتێبی الأسماء والصفات (865)، گێڕاویەتەوە، وئیبن تەیمیە ئیسنادەكەی بە سەحیح داناوە لە کتێبی الحموية-: (269)، و الذهبي لە کتێبی العرش دا (2/223) دەڵێت: گێڕەرەوەکانی پێشەوا ومتمانەپێكراون.
و وەلید كوڕی موسلیم -ڕەحمەتی خودای لێبێت- دەڵێت: (پرسیارکرا لە مالیک، و ئەوزاعی، و لەیسی کوڕی سەعد، و سوفیانی سەوری -ڕەحمەتی خودایان لێبێت- دەربارەی ئەو فەرموودە وگێڕانەوانەی لەبارەی سیفاتەکانی الله وە هاتوون، هەموویان فەرموویان: هەروەکو خۆی تێی بپەڕێنن وباسی بكەن بەبێ باسکردنی چۆنیەتی بۆیان [5]. [5] اللالكائي لە کتێبی شرح أصول الاعتقاد: (930)، والبيهقي لە کتێبی الأسماء والصفات: (955) گێڕاویانەتەوە.
وە کاتێک پرسیارکرا لە ڕەبیعە کوڕی ئەبی عبد الرحمن (مامۆستای ئیمامی مالیک) -ڕەحمەتی خودایان لێبێت- سەبارەت بە (ئیستوا) فەرمووی: ئیستوا واتاکەی زانراوە، وچۆنیەتیەکەى بە ئەقڵ نازانرێت، وناردنی پەیام لەلایەن خوداوەیە، ولەسەر پێغەمبەرە گەیاندنی، وباوەڕهێنان وبە ڕاست دانان لەسەر ئێمەیە)[6]، وە کاتێک پرسیار لە ئیمام مالیک کرا -ڕەحمەتی خودای لێبێت- دەربارەی ئەم بابەتە، ووتی: (ئیستیوا واتاکەی زانراوە بەڵام چۆنیەتیەکەى نەزانراوە، وباوەڕبوون پێی واجبە، وپرسیارکردن سەبارەتی بیدعەیە). پاشان بە پرسیارکارەکەى ووت: من تۆ بە پیاوێکی خراپ نەبێت بە شتێکی ترت نابینم! وفەرمانی کرد ودەرکرا [7]. وە هەروەها ئەم واتایە لە ئوم سەلەمەوە (دایكی ئیمانداران) گێڕدراوەتەوە -ڕەزاى خوداى لێبێت- [8]. [6] اللالكائي لە کتێبی شرح أصول الاعتقاد (665)، والبيهقي لە کتێبی الأسماء والصفات (868) گێڕاویانەتەوە. [7] اللالكائي لە کتێبی شرح أصول الاعتقاد (664)، وأبو نعيم لە کتێبی حلية الأولياء (325/6)، والبيهقي لە کتێبی الأسماء والصفات (867) گێڕاویانەتەوە. [8] المزكي لە کتێبی المزكيات (29)، وابن بطة لە کتێبی الابانة (120)، واللالكائي لە کتێبی شرح أصول الاعتقاد (663) گێڕاویانەتەوە.
وە پێشەوا ئەبو عبد الرحمان کوڕی موبارەک -ڕەحمەتی خودای لێبێت- دەڵێت: (پەروەردگارمان -سبحانە- دەناسین بەوەی کە لە سەرەوەی ئاسمانەكانە، لەسەر عەرشی خۆیەتی، و جودایە لە خوڵقێنراوەكانی)[9]. [9] الدارمي لە کتێبی الرد على الجهمية (67)، والبيهقي لە کتێبی الأسماء والصفات (903)گێڕاویانەتەوە.
وتەى پێشەوایان لەم بابەتەدا زۆر زۆرە و ناتوانرێت هەمووی لەم وانەیەدا باس بكەین، وهەرکەسێکیش بیەوێت زانیاری زیاتری لەسەر هەبێت، با بگەڕێتەوە بۆ نووسراوەكانی زانایانی سوننە لەم بوارەدا، وەک کتێبی "السنة" نووسینی عبدالله کوڕی ئیمام ئەحمەد، وکتێبی "التوحيد" نووسینی محمدی کوڕی خوزەیمە، وکتێبی "السنَّة" نووسینی ئەبی قاسمی لالەکائی تەبەری، وکتێبی "السنَّة" نووسینی ئەبوبەکری کوڕی ئەبی عاسم، و وەڵامەکەی شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە بۆ خەڵکی حەما، کە وەڵامێکی گەورە و پڕ سوودە، تێیدا بیروباوەڕی ئەهلی سوننەی ڕوون کردۆتەوە، و زۆرێک لە وتەکانی ئەوانی تێدا گواستۆتەوە، هەروەها بەڵگە شەرعی و ئەقڵییەکانی خستۆتە ڕوو لەسەر ڕاستی وتەی ئەهلی سوننە و پوچەڵێتی وتەی نەیارەکان.
وە بەهەمان شێوە ئەو نامەیەی کە ناسراوە بە (التدمریة)؛ تێیدا بە درێژی باسی بابەتەکەی کردووە و بیروباوەڕی ئەهلی سوننەی ڕوونكردۆتەوە بە بەڵگە دەقی و ئەقڵییەکانەوە، وە وەڵامی نەیارەکانی داوەتەوە بەشێوەیەک کە هەق دەردەخات و شكست بە پوچەڵ دەهێنێت؛ بۆ هەموو ئەو زانایانەی کە بە نیەتێکی پاک و بە ئارەزووی ناسینی هەق و ڕاستی لەم بابەتە ورد دەبنەوە. کەواتە پوختەی بیر وباوەڕی ئەهلی سوننە وجەماعەت لە بابەتی ناو وسیفاتەکاندا: جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بۆ خودای گەورە -سبحانه وتعالى- کە بۆ نەفسی خۆی جەختی لەسەر کردۆتەوە لە قورئاندا، یان پێغەمبەرەکەی (موحەممەد ﷺ) لە سوننەتەکەیدا جەختی لەسەر کردۆتەوە، جەختکردنەوەیەک بەبێ چواندن، و بە پاک ڕایدەگرن -سبحانه وتعالى- لە هاوشێوەبوونی بە دروستکراوەکانی، و بە پاک ڕاگرتنێک بە بێ پەکخستن؛ بەمەیش ڕزگاریان بووە لە دژیەکی وناکۆکی. وکردەوەیان بە هەموو بەڵگەکان کردووە؛ ئەمەیش بە یارمەتی وسەرخستنی خودای گەورەیە، چونکە لە ڕێبازی خودای گەورەیە هەرکەسێک دەست بگرێت بەو هەق وڕاستیەی کە پێغەمبەرانی پێ ناردووە، وهەموو توانای خۆی لەو پێناوەدا بخاتەگەڕ، ودڵسۆز بێت بۆ خودای گەورە لە داواکردنیدا؛ ئەوا خودای گەورە یارمەتی دەدات وسەری دەخات بۆ گەیشتن بە هەق وڕاستی، وبەڵگەکەیشی بۆ ئاشکرا دەكات و بەهۆیەوە سەری دەخات، هەروەکو خودای گەورە فەرموویەتی: ﴿بەڵکو هەق دەدەین بەسەر پوچەڵ و ناهەقدا بەھۆیەوە پوچەڵ تێکدەشکێت ئەمجا دەستبەجێ بەتاڵ دەفەوتێت و لەناو دەچێت...﴾ [سوڕەتی ئەلئەنبیا: 18].
وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ھەر نموونە و مەسەلەیەکت بۆ بھێنن (لە ڕەخنە و پێشنیارە نابەجێکانیان) ئێمە وەڵامەکەیمان بۆ تۆ ھێناوە بە ڕاستی و بە جوانترین ڕوونکردنەوە (33)﴾ [سوڕەتی ئەلفوڕقان: 33].
بەڵام ئەوانەی پێچەوانەی ئەهلی سوننەن لەوەی باوەڕیان پێیەتی لە بابەتی ناوەكان وسیفەتەکاندا؛ ئەوا بێگومان دەکەونە نێو سەرپێچیكردنی بەڵگە دەقی وئەقڵیەکان، لەگەڵ هاودژیەکی ئاشکرادا لە هەموو ئەو شتانەی جەختی لەسەر دەکەنەوە و نکۆڵی لێدەکەن. وە ئیبن کەسیر لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا قسەیەکی زۆر جوانی وتووە: ﴿بەڕاستی پەروەردگارتان ئەو خودایەیە کە ئاسمانەکان و زەوی لەشەش ڕۆژدا دروستکردووە پاشان بەرز بووەوە بۆ سەر عەرش...﴾ [سورەتی ئەلئەعڕاف:54].
وە باسكردنی لێرەدا شتێكی باشە؛ لەبەر گەورەیی سوودەکەی، جا ئەمە دەقەکەیەتی كە دەڵێت:
(خەڵکی لەم بابەتەدا وتەی زۆر زۆریان هەیە، کە ئێرە شوێنی باسکردنیان نییە بە درێژی، بەڵکو ئێمە لەم بابەتەدا پەیڕەوی مەزهەبی پێشینی چاك دەکەین: مالیک، و ئەوزاعی، و سەوری، و لەیسی کوڕی سەعد، و شافیعی، و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، و ئیسحاقی کوڕی ڕاهەوەی، و جگە لەوانیش لە پێشەوایانی موسڵمانان لە ڕابردوو و ئێستادا، مەزهەبیان بریتیە لە: باوەڕهێنان پێیان و تێپەڕاندنیان هەروەکو چۆن هاتوون بەبێ چۆنیەتی دانان بۆیان و بەبێ چواندنیان و بەبێ پەکخستنیان، وە ئەو واتا دیارەی کە دێت بە مێشکی شوبهێنەراندا ڕەتکراوەیە و شیاوی خودای گەورە نییە، چونکە خودای گەورە لە هیچ شتێک لە دروستکراوەکانی ناچێت و ﴿...ھیچ شتێك بە وێنەی خودا نیە وە ئەوە بیسەر و بینایە﴾، [سوڕەتی ئەلشوڕا: 11]. بەڵکو بابەتەکە هەروەکو پێشەوایان باسیان كردووە، -لەوانە نوعەیمی کوڕی حەممادی خوزاعی مامۆستای بوخاری-؛ كە دەڵێت: (هەرکەسێک خودای گەورە بچوێنێت بە خوڵقێنراوەکانی ئەوا کافر بووە، وە هەرکەسێک نکۆڵی بکات لەوەی كە خودای گەورە وەسفی خۆی پێکردووە ئەوا کافر بووە) [10]، ئەو سیفەتانەی کە خودای گەورە وەسفی بۆ خۆی پێ کردووە یان پێغەمبەرەکەی -صلى الله عليه وسلم- وەسفی پێ کردووە؛ هیچ چواندنێکی تێدا نییە، هەرکەسێک جەخت لەسەر ئەو سیفەتانە بکاتەوە بۆ خودای گەورە کە لە ئایەتە ڕوونەكان و فەرموودە سەحیحەکاندا هاتوون؛ بە شێوەیەک کە شیاوی شکۆداری خودای گەورە بێت و خودای گەورە بە پاک وبێگەرد ڕابگرێت لە هەموو کەموکورتی و ناتەواوییەک، ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕێگای هیدایەت و ڕێنموێنی گرتووەتە بەر[11]. کۆتایی قسەکانی ئیبن کەسیر. [10] الذهبي لە کتێبی العلو (464)، هێناویەتی، و الألباني لە کتێبی مختصر العلو (184) دەڵێت: ئەم سەنەدە سەحیحە، گێڕەوەکانی جێی متمانەن و ناسراون. [11] تەفسیری ئیبنو کەسیر: (ب 3، ل 426-427).
وە هەروەها باوەڕهێنان بە الله ئەمەیش لەخۆدەگرێت: باوەڕبوون بەوەی کە ئیمان بریتیە لە وتە وکردەوە، بە پەرستن وگوێڕایەڵی زیاد دەکات، وبە گوناهـ وسەرپێچی کەم دەکات، ودروست نییە هیچ مسوڵمانێك بە کافر دابنرێت بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکەوە کە نەگاتە ئاستی هاوبەشدانان وبێباوەڕی؛ وەکو تاوانەكانی: زینا وداوێنپیسی، ودزی کردن، وخواردنی سوو، وخواردنەوەی شتە سەرخۆشکەرەکان، وسەرپێچیکردنی دایک وباوک، وتاوانە گەورەكانی تریش، مادام بە حەڵاڵی نەزانێت، بە بەڵگەی فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿بەڕاستی خودا خۆش نابێت گەر ھاوبەشی بۆ دابنرێت بێجگە لەوە خۆش ئەبێت لەھەر گوناھێکی تر بۆ ھەرکەسێک کە بیەوێت...﴾ [سوڕەتی ئەلنیسا: 48]. وە هاتووە لە پێغەمبەری خوداوە ﷺ ؛ كە فەرموویەتی: «بەڕاستی خوداى گەورە هەركەسێك لە دۆزەخ دەردەهێنێت ؛ ئەگەر لە ناو دڵیدا هێندەی کێشی دانە خەردەلەیەك ئیمانی تێدابێت» [12]. [12] بوخاری بەژمارە: (22) گێڕاویەتەوە لە فەرموودەی ئەبو سەعیدی خودری ڕەزای خودای لێبێت.
بنچینەی دووەم: باوەڕهێنان بە فریشتەکان،
ئەمەیش دوو بابەتی لەخۆگرتووە: بابەتی یەکەم: باوەڕهێنان بە فریشتەکان بە شێوەیەکی گشتی؛ باوەڕ بهێنین بەوەی کە خودای گەورە فریشتەی هەیە و دروستیانی کردووە بۆ گوێڕایەڵیکردنی، وبەم شێوەیە وەسفیانی کردووە: ﴿(وە بێباوەڕان) ووتیان خودای میھرەبان منداڵی بۆ خۆی بڕیارداوە (کە فریشتەکانن) پاک و بێگەردە خودا (لەم شتانە) بەڵکو ئەوانە ( ئەو فریشتانە) بەندەی ڕێزلێنراوی (خودان) (26) ئەوان بە فەرمانی خوا کار دەکەن وبێ فەرمانی ئەو ناکەن (27) (خودا) دەزانێت وئاگادارە بە ئەوەی لە دونیا لەبەر دەستیاندایە وە بە ئەوەی لەڕۆژی دواییدا بۆیان ئامادەکراوە وە (فریشتەکان) تکا ناکەن تەنھا بۆ ئەو کەسە نەبێت (خودا) ڕازی بێت (تکای بۆ بکرێت) وە ئەوان (فریشتەکان) لە ترس وھەیبەتی خودا زۆر دەترسن (28)﴾ [سوڕەتی ئەلئەنبیا: 26-28].
وئەوان چەند جۆرێکی زۆرن؛ تێیاندایە سپێردراون بە هەڵگرتنی عەرش، وتێیاندایە سەرپەرشتیار وبەرپرسیاری بەهەشت ودۆزەخە، وتێیاندایە سپێردراون بە تۆماركردنی کردەوەکانی بەندەکان. بابەتی دووەم: باوەڕهێنان بە فریشتەکان بە وردەکاریەوە؛ ئەمەیش بەوە دەبێت کە باوەڕ بهێنین بە ئەوانەیان کە خودا وپێغەمبەرەکەی ناویان هێناون؛ وەکو جبریل کە سپێردراوە بە وەحی، ومیکائیل کە سپێردراوە بە باران، ومالیک کە بەرپرسی دۆزەخە، وئیسرافیل کە سپێردراوە بە فووکردن بە کەڕەنادا. و لە فەرموودە سەحیحەکاندا باسیان کراوە، لەوانەیش: ئەوەی لە سەحیحدا هاتووە لە عائیشەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «فریشتەکان لە نور (ڕووناکی) دروستکراون، وجنۆکەکان لە بڵێسەی ئاگر دروستکراون، وئادەم لەو شتە دروستکراوە کە وەسفەکەى بۆتان باسکراوە (لە قورئاندا)» [13] موسلیم گێڕاویەتیەوە لە سەحیحەكەیدا. [13] موسلیم بەژمارە: (2996) گێڕاویەتەوە لە فەرموودەکەی دایکی ئیمانداران عائیشە ڕەزای خودای لێبێت.
بنچینەی سێیەم: باوەڕهێنان بە کتێبەکان، هەروەها ئەمەیش دوو شت لەخۆدەگرێت:
خاڵی یەكەم: باوەڕبوون بە کتێبەکان بە گشتی؛ بەوەی کە خودای گەورە چەندەها كتێبی دابەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەران لەپێناو ڕوونكردنەوەی مافەكانی لەسەر بەندەکانی، و بانگەشەكردن بۆی، هەروەكو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خودا بەڕاستی ئێمە پێغەمبەرانی خۆمانمان ناردووە بە بەڵگە وموعجیزەی ڕوونەوە وە کتێبی (ئاسمانی) وتەرازوی دادمان لەگەڵدا ناردن بۆ ئەوەی خەڵکی بەدادگەری ڕەفتار بکەن...﴾ [سوڕەتی ئەلحەدید: 25]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿خەڵکی یەک کۆمەڵ بوون وتەنها خودا پەرست بوون ئەمجا خودا پێغەمبەرانی نارد بە موژدەدەر و ترسێنەر وە کتێبی ڕاستی و دروستی لەگەڵدا ناردنە خوارەوە تا بڕیار بدات و حوکم بکات لەناو خەڵکی دا لەو شتانەی کە جیاواز و دووبەرەک بوون تیایدا...﴾ [سوڕەتی ئەلبەقەڕە: 213].
خاڵی دووەم: باوەڕهێنان بە کتێبەکان بە شێوەیەکی ورد و دیاریکراو؛ بەوەی کە باوەڕ بهێنین بەو کتێبانەی خوداى گەورە ناویانی بۆ باسکردووین؛ وەکو تەورات، و ئینجیل و زەبور و قورئان، و باوەڕمان وابێت کە قورئان باشترینیان و کۆتاییانە، و زاڵ و پارێزەرە بەسەریاندا، و بەڕاستدانەری کتێبەکانی پێش خۆیەتی، و هەر ئەو کتێبەیە کە دەبێت هەموو ئوممەت شوێنی بکەون و حوکمەکانی جێبەجێ بکەن؛ لەگەڵ ئەو فەرموودە سەحیحانەی کە لە پێغەمبەری خوداوە هاتوون -صلى اللە علیە وسلم-، چونکە خودای گەورە پێغەمبەرەکەی (موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-)ی ناردووە وەک پێغەمبەرێک بۆ هەموو مرۆڤ و جنۆکەکان، و ئەم قورئانەی بۆ دابەزاندووە؛ بۆئەوەی حوکمی پێ بکات لە نێوانیاندا، و کردوویەتی بە شیفا بۆ ئەوەی لە دڵ و دەرووندایە لە نەخۆشییەكان، و ڕوونکارەوەی هەموو شتێکە، و ڕێنمایی و ڕەحمەتە بۆ باوەڕداران، هەروەکو خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە ئەم قورئانە پیرۆزە وموبارەکەمان ناردۆتە خوارەوە کەواتە ئێوەیش شوێنی بکەون و خۆتان بپارێزن و (پارێزکار بن) بۆئەوەی ڕەحمتان پێ بکرێت (155)﴾ [سوڕەتی ئەلئەنعام:155]. وپەروەردگار -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿وە ئێمە قورئانمان ناردووەتە خوارەوە بۆت کە ڕوونکارەوەیە بۆ ھەموو شتێک وە ڕێنموێنی و میھرەبانی و موژدەیە بۆ موسڵمانان﴾ [سوڕەتی ئەلنەحل:89]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ئەی خەڵکینە بەڕاستی من پێغەمبەری خوام بۆ ئێوە ھەمووتان ئەو (خودایەی) کە تەنھا بۆ ئەوە موڵکی ھەموو ئاسمانەکان و زەوی ھیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاست جگە لە ئەو دەژێنێت و دەمرێنێت کەواتە بڕوا بە خودا و پێغەمبەرەکەی بھێنن کە نێردراوێکی نەخوێندەوارە ئەویش باوەڕی بە خودا و بە وتەکانی ھەیە ئێوەیش شوێنی بکەون و پەیڕەوی بکەن بۆئەوەی بکەونە سەر ڕێگای ڕاست (158)﴾ [سوڕەتی ئەلئەعراف: 158]. و ئایەتی تر سەبارەت بەم بابەتە زۆرن.
بنچینەی چوارەم: باوەڕهێنان بە پێغەمبەران
دوو خاڵ لەخۆدەگرێت: خاڵی یەکەم: باوەڕهێنان بە پێغەمبەران بە شێوەیەکی گشتی؛ ئەمەیش بەوەی باوەڕمان وابێت خوداى گەورە پێغەمبەرانی ناردووە بۆ بەندەکانی، بۆئەوەی موژدەدەر وئاگادارکەرەوە بن، و بانگخواز بن بۆ هەق وڕاستی؛ جا هەرکەسێک وەڵامیان بداتەوە ئەوا سەرفرازی و بەختەوەری بەدەستهێناوە، و هەرکەسێکیش سەرپێچییان بکات ئەوا تووشی شکست وپەشیمانی بووەتەوە، وکۆتا پێغەمبەر وباشترینیان پێغەمبەری ئێمەیە (موحەمەد کوڕی عبد الله -صلى اللە علیە وسلم-)، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خودا لەناو ھەموو گەل و ئوممەتێکدا پێغەمبەرێکمان ناردووە (کە فەرمان دەکەن بەخەڵکی) بەوەی تەنھا خودا بپەرستن و دوورکەونەوە لە (پەرستنی) ھەر پەرستراوێکی تر...﴾ [سوڕەتی ئەلنەحل: 36]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿پێغەمبەرانـ(مان ناردووە) كە موژدەدەرن و ترسێنەر بن بۆئەوەی بۆ خەڵکی نەبێت بەڵگە بەسەر خوداوە دوای (ناردنی) پێغەمبەران...﴾ [سوڕەتی ئەلنیسا: 165]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿موحەممەد (ﷺ) باوکی ھیچ یەكێك لە پیاوەکانتان نیە بەڵکو ئەو نێردراوی خودا و کۆتاھەمینی پێغەمبەرانە...﴾ [سوڕەتی ئەلئەحزاب: 40].
خاڵی دووەم: باوەڕهێنان بە شێوەیەکی ورد ودیاریکراو بەو پێغەمبەرانەی کە خودا ناوی هێناون یان پێغەمبەر ﷺ ناویانی باسكردووە؛ وەکو نوح و هود و ساڵح و ئیبراهیم و جگە لەوانیش، درود و سەلامی خودایان لەسەر بێت و لەسەر خانەوادە و شوێنکەوتووانیان.
بنچینەی پێنجەم: باوەڕهێنان بە ڕۆژی دوایی
ئەمانە لەخۆدەگرێت:
باوەڕهێنان بە هەموو ئەو شتانەی خودای گەورە و پێغەمبەرەكەی -صلى اللە علیە وسلم- هەواڵیان سەبارەت داوە لەو شتانەی كە لە پاش مردن ڕوودەدەن؛ وەكو تاقیكردنەوەی نێو گۆڕ، و سزا و نیعمەتەكەی، و ئەو ترس و ناڕەحەتیانەی لە ڕۆژی قیامەتدا ڕوودەدەن، و پردی سیرات، و تەرازوو، و لێپرسینەوە، و پاداشتدانەوە، و بڵاوكردنەوەی نامەی كردەوەكان بەسەر خەڵكیدا؛ جا هەیە نامەی كردەوەكانی بە دەستی ڕاستی وەردەگرێت، و هەیە بە دەستی چەپی، یان لە پشتیەوە وەریدەگرێت.
هەروەها ئەمانەیش دەچنە نێو ئەم باسەوە: باوەڕهێنان بە حەوزی -گۆلاوی- پێغەمبەرەکەمان موحەمەد ﷺ، و باوەڕهێنان بە بەهەشت ودۆزەخ، و باوەڕداران پەروەردگاریان دەبینن -سبحانە وتعالى-، و قسەی لەگەڵدا دەكەن، و جگە لەمانەیش هەموو ئەوەی لە قورئانی پیرۆز وسوننەتی سەحیحدا هاتووە لە پێغەمبەری خوداوە ﷺ؛ کەواتە واجبە لەسەر بەندە باوەڕی بە هەموو ئەمانە هەبێت، و بەڕاستیان بزانێت بەو پێیەی کە خودا و پێغەمبەرەکەی ﷺ ڕوونیان کردووەتەوە.
بنچینەی شەشەم: باوەڕهێنان بە قەدەر
باوەڕهێنان بە قەدەر چوار شت لەخۆدەگرێت:
خاڵی یەكەم: باوەڕبوون بەوەی الله -سبحانه وتعالی- زانستی هەیە سەبارەت بەوەی ڕوویداوە وئەوەی ڕوودەدات، و بەهەمان شێوە زانستی هەیە سەبارەت بە حاڵی بەندەكانی، وڕزقیان وكاتی مردنیان وكردەوەكانیان، وجگە لەمانەیش لە كاروبارەكانیان، وهیچ شتێك لێی شاراوە نییە -سبحانه وتعالی-، هەروەكو پەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿...وە بزانن کە خودا بە ھەموو شتێك زانایە﴾ [سوڕەتی ئەلبەقەڕە: 231]. ھەروەھا خودای گەورە فەرموویەتی: ﴿...بۆئەوەی چاك بزانن کە خودا بەسەر ھەموو شتێکدا بە دەسەڵات وبە توانایە وە بێگومان خودا (بە زانست وزانیاری) دەوری ھەموو شتێکی داوە﴾ [سوڕەتی ئەلتەڵاق:12].
خاڵی دووەم: باوەڕبوون بەوەی کە خودای گەورە هەموو ئەو شتانەی نووسیووە کە دیاری کردووە و بڕیاری لەسەر داوە؛ هەروەكو -سبحانه وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿بێگومان ئێمە دەزانین زەوی چەندێ لە لاشەیان دەخوات (ھیچیمان لێ وون نابێت) پەڕاوێکیشمان لایە کە پارێزەری ھەموو شتێکە (4)﴾ [سوڕەتی قاف: 4]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿... وە ھەموو شتێکمان لە پەڕاوێکی ڕوون وئاشکرادا ژماردووە و نووسییوە کە لوح المحفوظە﴾ [سوڕەتی یاسین: 12]. وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿ئایا نازانی بەڕاستی خودا دەزانێت بە ھەموو ئەو شتانەی لە ئاسمان و زەویدایە، بێگومان ئەوەی باسکرا لەکتێب لە لوح المحفوظ دایە بەڕاستی ئەم زانیاریەی باسکرا بەلای خوداوە ئاسانە (70)﴾ [سوڕەتی ئەلحەج: 70].
خاڵی سێیەم: باوەڕبوون بە ویستی جێبەجێکراوی خودای گەورە؛ جا ئەوەی خودا بیەوێت ڕوودەدات، وئەوەی نەیەوێت ڕوونادات، هەروەکو -سبحانه وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿...بەڕاستی خودا ھەر شتێکی بوێت دەیکات﴾ [سوڕەتی ئەلحەج: 18]. ھەروەھا خودای گەورە فەرموویەتی: ﴿بەڕاستی کاری ئەو (خودا) ئەمەیە ھەر کاتێك بیەوێت شتێك بە دیبھێنێت پێی دەڵێت: ببە، دەست بەجێ (ئەو شتە) دەبێت (82)﴾ [سوڕەتی یاسین: 82]. وپەروەردگار -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿ئێوە ئارەزووی (ڕێگای ڕاست) ناکەن مەگەر کاتێك کە پەروەردگاری ھەمووان بیەوێت وە ناچارتان بکات پێی (29)﴾ [سوڕەتی ئەلتەکویر: 29].
خاڵی چوارەم: باوەڕبوون بەوەی کە خودای گەورە خوڵقێنەری هەموو بوونەوەرەکانە؛ بۆیە هیچ خوڵقێنەرێک نییە جگە لە ئەو، و هیچ پەروەردگارێک نییە جگە لە ئەو؛ هەروەكو -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿خودا بەدیھێنەری ھەموو شتێکە وە ھەر ئەویش پارێزەری ھەموو شتێکە (62)﴾ [سوڕەتی ئەلزومەڕ:62]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەی خەڵکینە بیر بکەنەوە لە فەزڵی خودا بەسەرتانەوە ئایا بێجگە لە خودا خوڵقێنەرێکی تر ھەیە کە ڕۆزیتان بدات لەئاسمان و زەویدا ھیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق و ڕاستی بێجگە لە خودا دەی چۆن وا ڕوو وەردەگێڕن (لە یەکخوداپەرستی) (3)﴾ [سوڕەتی فاتیڕ: 3].
باوەڕهێنان بە قەدەر؛ باوەڕهێنان بە هەموو ئەو چوار خاڵە لەخۆدەگرێت، ئەمەیش بیروباوەڕی ئەهلی سوننە وجەماعەتە؛ بە پێچەوانەی بیدعەچییەكانەوە کە نکۆڵییان لە هەندێکی کردووە.
وە لە بابەتە گرنگەكانی بیروباوەڕی ڕاست کە ئەهلی سوننە باوەڕیان پێیەتی: خۆشەویستی لەبەر خودا، وە ڕق وکینە لەبەر هەر لەبەر ئەو، وە دۆستایەتی کردن و دژایەتی کردن لەبەر خودا، ئەمەیش بریتیە لە: بیروباوەڕی دۆستایەتی کردن ودژایەتی کردن (الولاء والبراء)، وە ئەمە بەشێكە لە باوەڕبوون بە خودای گەورە.
کەواتە ئیماندار ئیماندارانی خۆش دەوێت وپشتیوانیان دەکات، وڕقی لە بێباوەڕانە ودژایەتیان دەکات، ولە سەرووی هەموو ئیماندارانی ئەم ئوممەتەوە هاوەڵانی پێغەمبەری خودان -صلى الله علیه وسلم-؛ ئەمە یەكلاكراوەتەوە لەلای ئەهلی سوننە وجەماعەت، ئەهلی سوننە هاوەڵانیان خۆش دەوێ وپشتیوانیان دەکەن، وباوەڕیان وایە کە ئەوان خێرترین وباشترین خەڵکن لە پاش پێغەمبەران، بەهۆی فەرموودەی پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم-: «خێرترین سەدەکان؛ سەدەکەی منە، دواتر ئەوانەی لە پاشیان دێن، دواتر ئەوانەی لە پاشیان دێن»[14] بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی گێڕاویانەتەوە، [14] بوخاری بە ژمارە: (3651)، وموسلیم بە ژمارە: (2533) لە فەرموودەی عبد الله کوڕی مەسعودەوە گێڕاویانەتەوە.
وە باوەڕیان وایە کە باشترینیان: ئەبوبەکری سدیقە، پاشان عومەری فاروق، پاشان عوسمانی زو نورەین، پاشان عەلی ئەلمورتەزا -ڕەزاى خودایان لێبێت-، پاشان لە دوای ئەمان؛ ئەوەی دەمێنێتەوە لە دە هاوەڵە موژدەپێدراوەکە بە بەهەشت، پاشان هەموو هاوەڵانی تر -ڕەزاى خودایان لێبێت-، وە ئەهلی سوننە زمانیان دەگرن لەو ناکۆکیانەی کە لە نێوانیاندا ڕووی داوە، وە باوەڕیان وایە کە ئەوان لەوەدا هەوڵیان داوە بۆ پێكانی ڕاستی، وهەرکەسێکیان ڕاستی پێکابێت ئەوا دوو پاداشتی بۆ هەیە، وە هەرکەسێکیشیان هەڵەی کردبێت ئەوا یەک پاداشتی بۆ هەیە.
وە ئەهلی سوننە خانەوادەی پێغەمبەری خودایان خۆشدەوێت ﷺ لە ئیمانداران و پشتیوانیان دەکەن، وە پشتیوانی لە خێزانەکانی پێغەمبەری خودا دەكەن ﷺ کە دایکانی باوەڕدارانن، وە داواكارن خودای گەورە لە هەموویان ڕازی بێت. وبەرائەت ودووربوونی خۆیان ڕادەگەیەنن لە ڕێبازی ڕافیزەکان کە ڕقیان لە هاوەڵانی پێغەمبەری خودایە ﷺ وجوێنیان پێدەدەن، و زیادەڕەوی دەکەن دەربارەی ئەهلی بەیت، ولەو پلە وپایەیە بەرزیان دەکەنەوە کە خوداى گەورە بۆی داناون، هەروەها بەرائەت ودووربوونی خۆیان ڕادەگەیەنن لە ڕێبازی ناسیبیەکان کە ئازاری ئەهلی بەیت دەدەن بە وتە یان بە کردار.
هەموو ئەمانەی كە باسمانکرد: هەمووی دەچێتە ناو ئەو بیروباوەڕە ڕاستەوە کە خودا پێغەمبەرەکەی (موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-)ی پێ ناردووە، وئەمە ئەو بیروباوەڕەیە کە واجبە باوەڕی پێبهێنرێت و دەستی پێوە بگیرێت، و لەسەری بەردەوام بین، و خۆمان لەوە بپارێزین کە پێچەوانەیەتی، وبیروباوەڕی كۆمەڵی ڕزگار بووە (ئەهلی سوننه وجەماعەت)؛ ئەوانەن کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەربارەیان فەرموویەتی: «هێشتا كۆمەڵێك لە ئومەتەكەم سەرفراز وسەركەوتوون لەسەر هەق، ئەوەى سەرشۆڕیان دەکات زیانیان پێناگەیەنێت، هەتاوەكو فەرمانی الله دێت وئەوانیش هەر لەسەر ئەو حاڵەتەن»[15]، ولە گێڕانەوەیەكدا هاتووە: «بەردەوام كۆمەڵێك لە ئومەتەكەم لەسەر هەق دەمێننەوە وسەرخراون»[16]، وهەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «جولەکە دابەشبوون بۆ سەر حەفتا ویەک کۆمەڵ، وگاوڕەکان دابەشبوون بۆ سەر حەفتا ودوو کۆمەڵ، وئەم ئومەتە دابەش دەبێت بۆ سەر حەفتا وسێ کۆمەڵ؛ هەموویان لە دۆزەخن جگە لە یەکێکیان نەبێت، هاوەڵان ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا، ئەو (کۆمەڵە) کێیە؟ فەرمووی: ئەوانەن کە لەسەر هەمان ئەو (ڕێبازە)ن کە من وهاوەڵانمی لەسەرین»[17] [15] موسلیم بەژمارە: (1920) لەفەرموودەی ثەوبانەوە ڕەزای خودای لێبێت گێڕاویەتەوە [16] ئیبو ماجە بەژمارە: (3952)، لە فەرموودەی ثەوبانەوە ڕەزای خودای لێبێت، و ئیبنو حیبان بە سەحیحی داناوە بەژمارە: (6714)، وحاکیم بەژمارە: (8653)، گێڕاویانەتەوە [17] تیرمزی: (2641)، لە فەرموودەی عبد الله کوڕی عەمڕ ڕەزای خودای لێبێت گێڕاویەتەوە، ومەناوی لە کتێبی فەیز ولقەدیر (5/347) دەڵێت: "عبد الرحمن بن زياد الأفريقی -تێدایە-، زەهەبی دەڵێت: بە لاوازیان داناوە"، وە ئەلبانی بە سەحیحی داناوە لە -صحيح الجامع-: (5343).
ئەو بیروباوەڕانەی پێچەوانەی بیروباوەڕی ڕاستن
ئەوانەی لەم بیروباوەڕە لایانداوە، و ڕێڕەوی پێچەوانەیان گرتووەتەبەر؛ چەندەها جۆریان تێدایە، ئەمانە دەپەرستن: بت و پەیکەرەکان، و فریشتەکان، و پیاوچاکان، و جنۆکەکان، و دار و بەردەکان، و جگە لەمانەیش. ئەمانە وەڵامی بانگەوازی پێغەمبەرانیان نەدایەوە، بەڵکو پێچەوانەیان بوونەوە و سەرسەختیان لەگەڵدا کردن، هەروەکو سەرسەختی قوڕەیش و جۆرەها چین و توێژەکانی عەرەب لەگەڵ پێغەمبەرمان (موحەمەد ﷺ)؛ داوایان لە پەرستراوەکانیان دەکرد بۆ جێبەجێکردنی پێویستییەکانیان، و شیفای نەخۆشەکان، و سەرکەوتن بەسەر دوژمناندا، وە قوربانیان بۆ سەردەبڕین و نەزریان بۆ دەکردن، جا کاتێک پێغەمبەری خودا ﷺ نکۆڵی كرد لەو کارانەیان، وە فەرمانی پێکردن کە پەرستن تەنھا بۆ خودای گەورە بێت، كەچی ئەمەیان بەلاوە سەیر بوو و نکۆڵییان لێکرد، و وتیان: ﴿ئایا ئەو (پێغەمبەرە) ھەموو خوداکانی کردووەتە یەك خودا بەڕاستی ئەمە (کە یەك خودا ببێت) شتێکی زۆر سەرسوڕھێنەرە (5)﴾ [سوڕەتی ساد: 5].
بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەردەوام بوو لە بانگەوازکردنیان بۆ لای خودای گەورە، وئاگاداری دەکردنەوە لە شیرک، وڕاستی ئەو پەیامەی بۆ ڕوون دەکردنەوە کە بانگەوازی بۆ دەکرد؛ هەتاوەکو خودای گەورە هیدایەتی ئەوانەی دا کە ویستی لێبوو، پاشان بە کۆمەڵ هاتنە نێو ئاینی خوداوە، بۆیە ئاینی خودا زاڵ بوو بەسەر هەموو ئاینەکانی تردا؛ پاش بانگەوازێکی بەردەوام وجیهادێکی درێژخایەن لە لایەن پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵەکانی -ڕەزاى خودایان لێبێت- وئەوانەی بە چاکە شوێنیان کەوتوون. پاشان بارودۆخ گۆڕا، ونەزانی زاڵ بوو بەسەر زۆربەی خەڵکیدا؛ بۆیە زۆربەیان گەڕانەوە بۆ ئاینی نەفامی (جاهیلیەت)، بە زیادەڕەوی کردن لە پێغەمبەران وپیاوچاکان، وپاڕانەوە لێیان وداواکردنی بەهاناوە هاتن لێیان، وجگە لەمانەیش لە جۆرەکانی تری شیرک وهاوبەش بڕیاردان، وواتای (لا إله إلا الله)یان نەدەزانی و نایزانن؛ كەچی کافرەكانی عەرەب واتاکەیان دەزانی، وخودای گەورە یارمەتیدەر بێت.
وە ئەم شیرکە بەردەوام بوو لە تەشەنە كردن بە نێو خەڵکیدا هەتا گەیشتە ئەم سەردەمەی ئێمە؛ بەهۆی زاڵبوونی نەزانی و دوورکەوتنەوە لە سەردەمی پێغەمبەرایەتی.
وە شوبهەی ئەم پاشینانە هەمان شوبهەی پێشینانیانە، کە بریتیە لەم وتەیەیان: ﴿...ئەو بتانە تکا کارمانن لای خودا...﴾ [سوڕەتی يونس: 18]، ودەڵێن: ﴿...تەنھا لەبەر ئەوە دەیان پەرستین بۆئەوەی نزیکمان بکەنەوە لە خودا...﴾ [سوڕەتی ئەلزومەڕ: 3] وخوداى گەورە ئەم شوبهەیەی پوچەڵ کردۆتەوە، وڕوونی کردۆتەوە کە هەرکەسێک جگە لە الله؛ یەكێكی تر بپەرستێت جا هەریەكێك بێت، ئەوا بەڕاستی هاوەڵی بۆ بڕیارداوە وکوفری کردووە، هەروەک خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەوانە بێجگە لە خودا شتانێک دەپەرستن کە نە زیانیان پێدەگەیەنن نە سوود و قازانج وە دەڵێن ئەو بتانە تکا كارمانن لای خودا...﴾ [سوڕەتی يونس: 18]. خودای گەورە -سبحانه وتعالى- وەڵامیانی داوەتەوە و فەرموویەتی: ﴿بە ئەوانە بڵێ ئایا ئێوە ھەواڵ دەدەن بە خودا سەبارەت بە شتێک كە لە ئاسمانەکان و زەویدا بێت ؛ وخودا پێی نەزانێت؟! پاک و بێگەرد و بڵندە لەوەی کە دەیکەنە ھاوبەشی (18)﴾ [سوڕەتی يونس: 18].
بۆیە خودای گەورە لەم ئایەتەدا ڕوونی کردووەتەوە: کە پەرستنی جگە لە ئەو؛ واتا پەرستنی پێغەمبەران وپیاوچاكان یان جگە لە ئەوان بریتیە لە شیرکی گەورە، ئەگەرچیش بكەرانی ئەم شیركە؛ ناوێكی تر لە كارەكەیان بنێن، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە کەسانێك جگە لە (خودا) چەند پەرستراوێکیان بۆ خۆیان داناوە (دەڵێن) تەنھا لەبەر ئەوە دەیان پەرستین بۆئەوەی نزیکمان بکەنەوە لە خودا...﴾ [سوڕەتی ئەلزومەڕ:3]. پاشان خوداى گەورە لە وەڵامیاندا فەرموویەتی: ﴿...بێگومان خودا بڕیار دەدات لە نێوانیاندا لەو شتانەدا کە ئەوان تیایدا جیاواز بوون بەڕاستی خودا ڕێنموێنی کەسێك ناکات کە درۆزنی زۆر بێباوەڕە﴾ [سوڕەتی ئەلزومەڕ:3].
لەم ئایەتانەدا خودای گەورە ڕوونی کردەوە کە پەرستنی جگە لە ئەو -سبحانه وتعالی- بە جۆرەكانی پەرستنی وەكو: پاڕانەوە، و ترس، و هیوا، و هاوشێوەکانی؛ کوفرە بە الله -سبحانە-، وە قسەکەیشیانی بە درۆ خستەوە کە دەیانووت: پەرستراوەکانمان نزیكمان دەکەنەوە لە خودا.
وە لەو بیروباوەڕە کوفریانەى کە دژی بیروباوەڕی ڕاستە، وپێچەوانەى ئەوەیە کە پێغەمبەران هێناویانە -درود وسەلامی خودایان لێبێت-: بیروباوەڕەی مولحیدەکانی ئەم سەردەمەیە لە شوێنکەوتوانی مارکس ولینین، وئەوانی تریش لە بانگەشەکارانی ئیلحاد وکوفر، جا ناوی بنێن ئیشتراکیەت یان شیوعیەت یان بەعسییەت یان هەر ناوێکی تر، لە بنەماکانی ئەم مولحیدانە ئەوەیە کە دەڵێن: هیچ خودایەک نییە وژیان ماددەیە،
وە لە بنچینەکانیان: نکۆڵی کردن لە زیندووبوونەوە و بەهەشت و دۆزەخ، و بێ باوەڕبوون بە هەموو ئاینەکان، وە هەرکەسێک لە کتێبەکانیان وردببێتەوە و لەوە تێبگات کە لەسەرین، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم ڕاستیەى بۆ دەردەکەوێت، و گومانی تێدا نیە کە ئەم بیروباوەڕە پێچەوانەی هەموو ئاینە ئاسمانیەکانە، و شوێنکەوتووانی تووشی خراپترین سەرئەنجام دەکات لە دونیا و دواڕۆژدا.
وە لەو بیروباوەڕانەی کە دژ بە هەقن: بیروباوەڕی هەندێک لە سۆفیەکانە، کە باوەڕیان وایە هەندێک لەوانەی ناویان لێناون پیاوچاكان -ئەولیا- ؛ هاوبەشی الله ن لە بەڕێوەبردنی کاروباری گەردووندا، و دەسەڵاتیان هەیە بەسەر کاروباری جیهانەوە، وە ناویان لێناون (قوتبەكان) و (وەتەدەكان) و (غەوسەكان)، وە جگە لەم ناوانەیش کە دایانهێناوە بۆ پەرستراوەکانیان، ئەمەش شیرکە لە پەروەردگارێتیدا، وە یەکێکە لە قێزەونترین جۆرەکانی هاوبەشدانان بۆ الله -تعالى-.
هەرکەسێک تێڕامان بکات لە شیرکی پێشینەکان لە سەردەمی نەفامیدا و بەراوردی بکات بەو شیرکەی کە لەنێو پاشینەكاندا تەشەنەی كردووە؛ ئەوا بۆی دەردەکەوێت کە شیرکی پاشینەكان گەورەتر و وێرانترە، وە ڕوونکردنەوەکەیشی بەم شێوەیە: لە سەردەمی جاهیلیەتدا بێباوەڕانی عەرەب لە دوو سیفەتدا لەمان جیاوازتربون: یەكەم: ئەوان لە پەروەردگارێتیدا هاوبەشیان بۆ الله بڕیار نەدەدا، بەڵکو هاوبەش بڕیاردانەکەیان تەنها لە پەرستندا بوو؛ چونکە دانیان دەنا بە تەنها پەروەردگارێتی الله -عز وجل-، هەروەکو -سبحانە وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿وە ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت کێ دروستی کردوون؟ بێگومان دەڵێن خودا...﴾ [سوڕەتی ئەلزوخروف: 87]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ ئایا کێ ڕزق و ڕۆزیتان دەدات لە ئاسمان (بە باران) و لە زەویەوە (بە ڕووەک) یان کێ خاوەنی (دروستکاری) بیستن و بینینەكانە وە کێ زیندوو لە مردوو دەردەھێنێت وە مردوو لە زیندوو دەردەھێنێت ھەروەھا کێ کارەکان ھەڵدەسوڕێنێ بێگومان یەکسەر دەڵێن خودا کەواتە (ئەی پێغەمبەر ﷺ) پێیان بڵێ دەی بۆ خۆتان ناپارێزن (لە سزای خودا)؟ (31)﴾ [سوڕەتی يونس: 31]. وئایەتەکان لەم بارەیەوە زۆرن.
دووەم: شیرک و هاوەڵ بڕیاردانەکەیان لە پەرستندا بەردەوام نەبوو، بەڵکو تەنها لە کاتی خۆشی و ئاسوودەییدا بوو، بەڵام لە کاتی ناڕەحەتیدا ؛ لە پەرستنیاندا تەنها دڵسۆز دەبوون بۆ خودای گەورە، هەروەک خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەمجا کاتێك ئەو (بێباوەڕانە) سوار کەشتی دەبن (و ترسان لە نوقم بوون) تەنھا ھاوار لە خودا دەکەن بە دڵسۆزی و گەردن کەچیەوە کەچی کاتێك خودا ڕزگاریان دەکات و دەگەنەوە وشکانی کتوپڕ ئەوان ھاوبەش بۆ خودا دادەنێن(65)﴾ [سوڕەتی ئەلعەنکەبوت: 65].
بەڵام موشریکەكانی پاشینە، لە دوو لایەنەوە لە پێشینەکانیان خراپترن: لایەنی یەکەم: هاوبەش بڕیاردانی هەندێکیان لە پەروەردگارێتیدا. لایەنی دووەم: شیرک وهاوبەشدانانیان لە خۆشی وناخۆشیدا، هەروەکو ئەوە دەزانرێت لەلایەن ئەو کەسەى تێکەڵیان بووە وئاگاداری حاڵیانە، وئەو کارانەى بینیووە کە دەیکەن لەلای گۆڕی حوسەین وبەدەوی وئەوانی تر لە میسر، ولەلای گۆڕی عەیدەرووس لە عەدەن، وهادی لە یەمەن، وئیبن عەرەبی لە شام، وشێخ عەبدولقادری گەیلانی لە ئێراق، وگۆڕە بەناوبانگەکانی تر کە خەڵکی ئاسایی زیادەڕۆییان تێدا کردوون، وزۆرێک لە مافی خودای گەورەیان بۆ ئەوان تەرخانكردووە، وکەم کەس هەیە نكۆڵیان لێبكات لەسەر ئەو کارانەیان، وهەقیقەتی یەکتاپەرستییان بۆ ڕوون بکاتەوە کە خودای گەورە پێغەمبەرەکەى (موحەمەد ﷺ)ی پێ ناردووە، وهەروەها پێغەمبەرانی پێش ئەویش -درود وسەلامی خوایان لێبێت-، جا ئێمە موڵکی خواین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە.
وە لەو بیروباوەڕانەی دژ بە بیروباوەڕی ڕاستن لە بابەتی ناوەكان وسیفاتەکانی خودای گەورە: بیروباوەڕی بیدعەچییەكان لە جەهمیەکان، وموعتەزیلەکان، وئەوانەی ڕێچکەی ئەوانیان گرتووەتە بەر لە نکۆڵی کردن لە سیفەتەکانى خواى گەورە، وپەکخستنی ئەو سیفەتە کامڵانەی خودای گەورە کە باسكراون، و وەسفکردنی خوداى گەورە بە سیفەتی شتە نەبووەکان و بێگیانەکان و مەحاڵەکان، خوداى گەورە زۆر بەرز و پایەدارترە لەو قسانەیان.
ئەمەیش ئەو کەسانە دەگرێتەوە: کە نکۆڵییان لە هەندێک سیفەت کردووە وجەختیان لەسەر هەندێکی تر کردۆتەوە؛ وەكو بیروباوەڕی ئەشعەرییەکان، ئەمانە لەو سیفەتانەى کە جەختیان لەسەر کردۆتەوە؛ تووشی هەمان ئەو شتە دەبنەوە کە لێی هەڵاتوون لەو سیفەتانەى کە نکۆڵییان لێکردووە، وئەو سیفەتانەی كە نكۆڵیان لێكردووە؛ بەڵگەکانیان بە واتایەکی تر لێکداوەتەوە، بەم کارەیان پێچەوانەی بەڵگە شەرعییەكان -بیستراوەكان- وئەقڵییەکانیان بوونەتەوە، وە کەوتوونەتە ناو هاودژییەکی ئاشکراوە.
بەڵام ئەهلی سوننە وجەماعەت: جەختیان لەسەر ئەو ناو وسیفەتانە كردۆتەوە كە خودای گەورە بۆ خۆی جەختی لەسەر كردۆتەوە، یان پێغەمبەرەكەی (موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم-) جەختی لەسەر كردۆتەوە بۆ خودای گەورە -عز وجل- بەو شێوەی شیاوی الله یە، و خوایان پاك وبێگەرد ڕاگرتووە لەوەی بیچوێنن بە دروستكراوەكانی، بەپاك ڕاگرتنێك كە دوورە لە گەردی پەكخستن، هەربۆیە كاریان بە هەموو بەڵگەكان كردووە، و لایان نەداوە لە مانا ڕاستەقینەکان و پەکیشیان نەخستوون، و پارێزراو بوون لەو هاودژییەی كە جگە لە ئەوان تێی كەوتوون -هەروەك پێشتر ڕوونكرایەوە-.
ئەمە ڕێبازی ڕزگاری و بەختەوەریە لە دونیا وقیامەتدا، وئەو ڕێبازە ڕاستەیە کە پێشینانی ئەم ئومەتە وپێشەواکانی گرتوویانەتە بەر، وە پاشینەکانی ئەم ئومەتە چاک نابن مەگەر بەوە نەبێت کە یەکەمینەکانی پێ چاک بوون، ئەویش بریتیە لە پەیڕەوکردنی قورئان وسوننەت، و وازهێنان لە هەموو ئەوانەی پێچەوانەیانن. داواکارین لە خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- ئومەت بگەڕێنێتەوە بۆ سەر ڕێبازی ڕاست، وە بانگخوازانی هیدایەتی تێدا زۆر بکات، وە سەرکردە و زانایانی ڕێنموێنی بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی شیرك و لەناوبردنی، وە ئاگادارکردنەوە لە هۆکارەکانی... بەڕاستی ئەو بیسەر و نزیکە. خوداى گەورە سەرکەوتوومان بکات، و هەر ئەو زاتەمان بەسە و چەند پشت پێ بەستراوێكی چاكە، هیچ هێز و توانایەكمان نییە لەسەر ئەنجامدانی چاكە مەگەر ئەوە نەبێت كە ئەو زاتە پێمان دەبەخشێت. وصلى الله وسلم على عبده ورسوله، نبينا محمد وآله وصحبه.
نامیلکەی دووەم: سەبارەت بە حوکمی داوای بەهاناوە هاتن لە پێغەمبەر ﷺ
الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن اهتدى بهداه.
پاشان: ڕۆژنامەى (المجتمع)ی کوەیتی لە ژمارە (١٥)ی دەرچوو لە بەرواری ١٩/ ٤/ ١٣٩٠ی کۆچی، چەند دێڕە شیعرێکی بڵاوکردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی: (لە یادى پیرۆزی لەدایکبوونى پێغەمبەر)، وئەو دێڕە شیعرانە داوای بەهاناوە هاتن وفریاکەوتنیان تێدایە لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وداواى سەرخستنی تێدایە؛ تافریایی ئومەتەکەی بکەوێت وڕزگاریان بکات لەو دووبەرەکی وناکۆکیەى کە تێی کەوتوون، وئیمزای کەسێکی لەسەرە کە خۆی ناوناوە: (ئامینە)، ئەمەیش دەقی هەندێک لەو دێڕە شیعرانەیە کە ئاماژەى پێکرا:
ئەی پێغەمبەری خودا فریای جیهانێك بكەوە ... جەنگ هەڵدەگیرسێنێت و بە بڵێسەکەی دەبرژێ
ئەی پێغەمبەری خودا، فریای ئوممەتێک بکەوە ... کە لە تاریکی گوماندا سەرگەردانییەکەی درێژەی کێشاوە
ئەی پێغەمبەری خودا فریای ئومەتێک بکەوە... لە گێژاوەکانی خەمدا ڕێگای لێ ونبووە
دوواجار دەڵێت:
سەرکەوتن پێش بخە هەروەک پێشت خست ... لە ڕۆژی بەدردا لەو کاتەی هانات بۆ خودا برد وپاڕایتەوە
ئیتر زەلیلی و بێ دەستەڵاتی گۆڕا بۆ سەرکەوتنێکی شکۆدار... بەڕاستی اللە سەربازانێکی هەیە کە نایان بینیت
(بەم شێوەیە ئەم نووسەرە هاوار و داوای بەهاناوە هاتنی خۆی ئاراستەی پێغەمبەر ﷺ دەکات، داوای لێدەکات کە بە هانای ئوممەتەوە بێت و پەلە بکات لە بەدیهێنانی سەرکەوتن، لە کاتێکدا بیری چووە -یان نەزانە- کە سەرکەوتن تەنها بە دەستی خودای گەورەیە، و بە دەستی پێغەمبەر ﷺ و هیچ دروستکراوێکی تر نییە، هەروەک خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- لە قورئاندا دەفەرمووێت: ﴿...سەرکەوتن تەنھا لەلایەن خودای باڵا دەستی داناوەیە﴾ [آل عمران: 126]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەگەر خودا سەرتان بخات ئەوە ھیچ کەس زاڵ نابێت بەسەرتاندا وە ئەگەر یارمەتیتان نەدات کێیە ئەو کەسەی سەرتان دەخات لە غەیری الله...﴾ [آل عمران: 160].
ئەم کردەوانە لە نزا و پاڕانەوە و هاوارکردن بریتییە لە: ئەنجامدانی جۆرێک لە جۆرەکانی پەرستن بۆ غەیری خودای گەورە -سبحانه وتعالى-؛ وە بە دەقی ئاشكرا و كۆدەنگی زانایان زانراوە: كە ئەو كارە دروست نییە، وخودای گەورە -سبحانە- زیندەوەرەکانی دروست کردووە بۆ ئەوەی پەرستن تەنها بۆ ئەو ئەنجامبدەن، وە پێغەمبەرانی ناردووە وکتێبەکانی دابەزاندووە بۆ ڕوونكردنەوەی پەرستنەكان وبانگەوازكردن بۆی، هەروەكو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە من جنۆکە وئادەمیزادم دروست نەکردووە تەنھا بۆ ئەوە نەبێت کە بەندایەتی بۆ من بکەن﴾ [الذاريات: 56]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خودا لەناو ھەموو گەل و ئوممەتێکدا پێغەمبەرێکمان ناردووە کە فەرمان دەکەن بەخەڵکی بەوەی تەنھا خودا بپەرستن و دوورکەونەوە لە پەرستنی ھەرپەرستراوێکی تر...﴾ [النحل: 36]، وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿وە ئێمە نەمان ناردووە پێش تۆ ھیچ پێغەمبەرێک مەگەر نیگامان بۆ ناردووە بەوەی کە بێگومان جگە لە من ھیچ پەرستراوێکی تر ڕاست وهەق نیە کەواتە تەنھا من بپەرستن﴾ [الأنبياء: 25]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿.. ئەم کتێبە کە قورئانی پیرۆزە ئایەتەکانی موحکەمە وهیچ کەموکوڕیەکی تێدا نیە وپاشان هەموو بابەتەکانی بە تەواوی وکامڵی تێدا ڕوونکراوەتەوە لەلایەن ئەوزاتەی کە زۆر کاربەجێ وزانایە (1) ئەم قورئانە بۆ ئەوە هاتووە کە ئێوە ھیچ کەسێک نەپەرستن بێجگە لە خودا بەڕاستی من لەلایەن خوداوە بۆ ئێوە نێردراوم وەكو ترسێنەر و موژدەدەر (2)﴾ [هود: 1، 2].
خوداى گەورە لەم ئایەتە موحکەمانەدا ڕوونیکردووەتەوە کە مرۆڤ و جنۆکەی دروست کردووە بۆ ئەوەی کە بە تەنها ئەو بپەرستن و هیچ هاوبەشێکی بۆ بڕیار نەدەن، وە ڕوونیکردووەتەوە کە پێغەمبەرانى ناردووە -عليهم الصلاة والسلام- بۆ فەرمانکردن بە ئەم پەرستنە، وڕێگریکردن لە دژەکەى، وە خوداى گەورە -عز وجل- باسی ئەوەى کردووە کە ئایەتەکانى قورئانی بە دانایی و ڕێک وپێکی داناوە و بە وردی ڕوونیکردۆتەوە؛ بۆ ئەوەى جگە لە ئەو زاتە -سبحانه- کەسی تر نەپەرسترێت.
وە زانراوە کە پەرستن بریتیە لە: بەتاکدانانی خودای گەورە وگوێڕایەڵیکردنی، بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی و وازهێنان لە قەدەغەکراوەکانی، وە خودای گەورە فەرمانی بەمە کردووە و هەواڵی لەبارەی داوە لە چەندین ئایەتدا، لەوانەیش: ﴿(لەگەڵ ئەوەیشدا) کە فەرمانیان پێ نەدرا بوو مەگەر بەوەی کە پەرستشی خودا بکەن بە دڵسۆزی وملکەچی بوون وخۆیان بە دوور بگرن لە ھەموو بیروباوەڕێکی خوارو خێچ...﴾ [البينة: 5]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە پەروەردگارت بڕیاریداوە کە ھیچ کەس وشتێک نەپەرستن بێجگە لە ئەو...﴾ [الإسراء: 23]، وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿بێگومان ئێمە بەھەق و ڕاستی قورئانمان بۆ تۆ دابەزاندووە کەواتە خودا بپەرستە و بە تەنھا ھەر بۆ ئەو ملکەچ بە (2) ئایا پهرستنی پاك و بێگهرد له شیرك و ڕیا تهنها بۆ خوای گهوره نیه، وه ئهوانهیشی كه جگه له خوای گهوره ههندێك ئهولیاو شتی تریان داناوهو ئهیپهرستن كه پێیان بڵێی بۆچی جگه له خوای گهوره ئهمانه ئهپهرستن، ئهوان ئهڵێن: ئێمه نایانپهرستین تهنها بۆ ئهوه نهبێ كه له خودای گهوره نزیكمان بكهنهوهو شهفاعهتمان بۆ بكهن، به دڵنیایی خودای گهوره خۆی له رۆژى قیامهت بڕیار له نێوان موسڵمانان و كافران و موشریكاندا ئهدات لهو جیاوازى و ناكۆكییهی كه له نێوانیاندا ههبووه له دونیادا لهسهر دین، وبه دڵنیایی خودای گهوره هیدایهتی كهسانێك نادات كه زۆر درۆزن و زۆر كافر بن. (3)﴾ [الزمر: 2-3].
وئەو ئایەتانەى کە ئاماژە بۆ ئەم بابەتە دەكەن زۆرن، وهەموویان بەڵگەن لەسەر واجبێتی تایبەتکردنی پەرستن تەنها بۆ الله، و وازهێنان لە پەرستنی جگە لە ئەو لە پێغەمبەران و جگە لەوانیش.
وگومانی تێدا نییە کە نزا ودۆعا کردن یەکێکە لە گرنگترین جۆرەکانی پەرستن و گشتگیرترینیانە، کەواتە واجبە بەدڵسۆزییەوە تەنها بۆ خودای گەورە ئەنجامبدرێت، هەروەک خودای گەورە -عز وجل- دەفەرمووێت: ﴿کەواتە لە خودا بپاڕێنەوە و بەپاکی ودڵسۆزی و بۆی گەردن کەچ بن ھەرچەندە بێ باوەڕانیش پێیان ناخۆش بێت﴾ [غافر: 14]، ھەروەھا پەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿بێگومان مزگەوتەکان هی الله یەو هەر بۆئەوە، دەی جگە لە ئەو با پەرستنتان بۆ کەس نەبێت، ولەگەڵ خوادا ھاوار لە کەسی تر مەکەن﴾ [الجن: 18]، وە ئەم ئاڕاستەکردنە بۆ بە تاکدانانی خودای گەورە لە دۆعا وپاڕانەوەدا، هەموو دروستکراوەکان دەگرێتەوە لە پێغەمبەران و جگە لەوانیش؛ پەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿ھاوار وداوا مەکە لە غەیری خودا لە کەسان وشتانێک نە سوودت پێدەگەیەنن و نە زیانت لێدەدەن جا ئەگەر وات کرد ئەوە بێگومان ئەو کاتە تۆ لە ستەمکار وهاوبەش پەیداکارانیت﴾ [يونس: 106]، وئەم فەرمایشتە بۆ پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-، لەکاتێکدا زانراوە خوادى گەورە پاراستوویەتی لە شیرک، کەواتە مەبەست لێی ئاگادارکردنەوەى هەمووانە لەم بابەتە، وپاشان خوداى گەورە -جل جلاله- دەفەرمووێت: ﴿ھاوار وداوا مەکە لە غەیری خودا لە کەسان وشتانێک نە سوودت پێدەگەیەنن و نە زیانت لێدەدەن جا ئەگەر وات کرد ئەوە بێگومان ئەو کاتە تۆ لە ستەمکار وهاوبەش پەیداکارانیت﴾ [یونس: 106]، وئەم فەرمایشتە بۆ پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-، لەکاتێکدا زانراوە خوادى گەورە پاراستوویەتی لە شیرک، کەواتە مەبەست لێی ئاگادارکردنەوەى هەمووانە لەم بابەتە، پاشان خوداى گەورە -جل جلاله- زیاتر جەخت دەكاتەوە لەسەر نەهی كردن و هۆشداریدان لە پاڕانەوە لە جگە لە الله؛ ودەفەرمووێت: ﴿...جا ئەگەر وات کرد ئەوە بێگومان ئەو کاتە تۆ لە ستەمکار وهاوبەش پەیداکارانیت﴾ و(الظلم) ئەگەر بە شێوەیەکی ڕەها باس بکرێت، ئەوا مەبەست لێی: شیرکی گەورە، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە ھەر بێ بڕوایانن ستەمكار وهاوبەش پەیداکارن﴾ [البقرة: 254]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...بەڕاستی ھاوبەشدانان بۆ خودا ستەمێکی زۆر گەورەیە﴾ [لقمان:13]. جا ئەگەر سەرداری نەوەكانی ئادەم -صلى اللە علیە وسلم- داوای لە غەیری خودای گەورە بکردایە ئەوا لە ستەمکار وهاوبەش پەیداکاران دەبوو، ئەی ئاخۆ حاڵی کەسانی تر چۆن بێت؟!
کەواتە بەم ئایەتانە و جگە لەمانەیش زانرا کە پاڕانەوە لە غەیری الله ـ لە مردووەکان و درەختەکان و بتەکان و جگە لەمانەیش ـ شیرک وهاوبەشدانانە بۆ الله -عز وجل-، و پێچەوانەی تەوحیدی -بەتاكدانانی- الله یە لە پەرستندا، ئەو یەکخوداپەرستییەی کە مەبەستی سەرەکییە لە دروستکردنی مرۆڤ و جنۆکە، و ناردنی پێغەمبەران، و دابەزاندنی کتێبەکان، هەروەها پاڕانەوە لە غەیری الله؛ دژە بە واتای: (لا إله إلا الله)؛ کە واتاکەی پەرستنی غەیری الله ڕەتدەکاتەوە، و تەنها چەسپاوی دەکات بۆ الله، هەروەکو خودای گەورە -سبحانه وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿.. بەڕاستی ھەر خودا ھەق و ڕاستە وە بێگومان ئەوەی جگە لە خودا ھاواری لێدەکەن ودەیپەرستن ھەر ئەو بەتاڵ و ناڕاستە وبەڕاستی خودا ھەر خۆی بەرز و بڵند و گەورەیە﴾ [الحج: 62].
وە ئەمە بنچینە و بنەمای ئاینە، وە پەرستنەکان ڕاست وتەواو نابن هەتاوەکو ئەم بنچینەیە دێتە جێ، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خوا نیگا کراوە بۆ تۆ وبۆ پێغەمبەرانی پێش تۆیش ئەگەر ھاوبەش بۆ خودا بڕیار بدەیت بەڕاستی کردەوەت ھەڵدەوەشێتەوە وە بێگومان لە زەرەرمەندان دەبیت﴾ [الزمر: 65]، وپەروەردگار -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿...وە ئەگەر ھاوبەشیان بڕیار بدایە بۆ خودا بێگومان ئەو كردەوە چاکانەی کردبوویان ھەمووی بێ پاداشت دەردەچوو وهەڵدەوەشایەوە﴾ [الأنعام: 88].
ولەوەی پێشووتر باسكرا دەردەکەوێت کە ئاینی ئیسلام، وشاهێدی دان بە (لا إله إلا الله)، دوو بنچینەی گەورە وموزنیان هەیە:
یەکەمیان: ئەوەیە کە بە تەنها الله بپەرسترێت، و هیچ هاوبەشێکی بۆ بڕیار نەدرێت؛ بۆیە هەرکەسێک داوا لە مردووەکان بکات لە پێغەمبەران و جگە لەوانیش، یان داوا لە بتەکان بکات، یان درەختەکان، یان بەردەکان، یان جگە لەوانە لە دروستکراوەکانی تر، یان داوای بە هاناوە هاتن وفریاکەوتنیان لێبکات، یان بە قوربانی کردن ونەزر کردن خۆی لێیان نزیک بکاتەوە، یان نوێژیان بۆ بکات، یان کڕنوشیان بۆ ببات؛ ئەوا ئەوانی کردووە بە پەرستراوی خۆی لەجیاتی الله، وە کردوونی بە هاوتا وهاوبەش بۆ ئەو زاتە -سبحانه وتعالى-، وە پێچەوانەی واتای (لا إله إلا الله) هەڵبژاردووە وئەنجامی داوە.
دووەم: نابێت خودای گەورە بپەرسترێت مەگەر بە شەریعەتی پێغەمبەر و نێردراوەکەی نەبێت -صلى اللە علیە وسلم-، هەرکەسێک شتێک دابهێنێت لە ئایندا کە خودای گەورە ڕێگەی پێنەداوە؛ ئەوا واتای شاهێدی دانی (محمد رسول الله)ی بەدی نەهێناوە، و کردەوەکەی سوودی بۆی نابێت و خودای گەورە لێی قبوڵ ناکات، خودای گەورە -جل جلاله- دەفەرمووێت: ﴿وه كافران ئهگهر له دونیا كردهوهی چاكیان كردبێ له ڕۆژی قیامهت ئهیهێنین و ههمووی ئهكهین به تۆزێكی بڵاو و بڵاو ئهبێتهوهو هیچى نامێنێت لهبهر ئهوهی بۆ خودای گهوره نهیان كردووهو پاداشتیان دهست ناكهوێ.﴾ [الفرقان: 23]، وە مەبەست لەو کردەوانەی لە ئایەتەکەدا باسکراون: کردەوەکانی ئەو کەسەیە کە مردووە لەسەر شیرک وهاوبەشدانان بۆ الله -عز وجل-،
وە هەروەها ئەمەیش دەگرێتەوە: ئەو كردەوە داهێنراوانەی كە خودای گەورە ڕێگەی پێ نەداون؛ لە ڕۆژی قیامەتدا دەبن بە تۆزی پەرش وبڵاو، چونكە ئەو كردەوانە بە پێی شەریعەتە پاكەكەی نەبوون، هەروەكو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەوەی کردەوە وپەرستنێک دابهێنێت لەم ئاینەی ئێمەدا؛ ئەوا ئەو کردەوە داهێنراوە -ئەو بیدعەیە- ڕەت دەکرێتەوە». [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی گێڕاویانەتەوە].
پوختەى قسە ئەوەیە: ئەم نووسەرە هانا وپاڕانەوەکانى ئاڕاستەى پێغەمبەر ﷺ کردووە، وپشتى کردووە لە پەروەردگارى جیهانیان؛ ئەو زاتەى کە سەرکەوتن وزیان وسوود بەدەستی ئەوە، وهیچ شتێک لەمانە بەدەستى هیچ کەسێکی ترەوە نییە.
گومانی تێدا نییە کە ئەمە ستەمێکی گەورە و مەترسیدارە، وە خوداى گەورە ومەزن فەرمانى کردووە بە پاڕانەوە لێی، وپەیمانى داوە بە وەڵامدانەوەى ئەوانەى لێى دەپاڕێنەوە، وهەڕەشەى چوونە دۆزەخى لە ئەوانە کردووە کە خۆیان بە گەورە دەزانن لە ئاست پاڕانەوە لێی، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە پەروەردگارتان فەرموویەتی: لێم بپاڕێنەوە وەڵامتان دەدەمەوە بەڕاستی ئەوانەی خۆیان بەگەورە دەزانن لەئاست پەرستنم بێگومان بەسەرشۆڕی دەچنە نێو دۆزەخەوە﴾ [غافر: 60]، واتا: بە زەلیلی و سەرشۆڕی و ڕیسواییەوە، ئەم ئایەتە پیرۆزە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە پاڕانەوە پەرستنە، وە هەرکەسێک خۆی بەگەورە بزانێت لەئاستی پاڕانەوە ئەوا شوێنی دۆزەخە، جا ئەگەر ئەمە حاڵى ئەو کەسە بێت کە خۆی بەگەورە دەزانێت لەئاست پاڕانەوە لە الله، ئەى دەبێت حاڵى ئەو کەسە چۆن بێت کە لە غەیری الله دەپاڕێتەوە وپشت دەکاتە الله، لە کاتێکدا ئەو زاتە -سبحانه وتعالى- نزیکە، وخاوەنی هەموو شتێکە، وبە دەسەڵاتە بەسەر هەموو شتێکدا، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿ھەر کارتێک بەندەکانم پرسیاریان لێ کردیت دەربارەی من ئەوا بێگومان من لێیانەوە نزیکم وەری دەگرم نزای نزاکاران ھەرکاتێک ھاوار و نزام لێ بکەن دەی با ئەوانیش بڕوام پێبھێنن بۆ ئەوەی ڕێی راست بدۆزنەوە﴾ [البقرة: 186]، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە فەرموودەى سەحیحدا باسی ئەوەی کردووە کە نزا ودۆعاکردن پەرستنە، و فەرموویەتی بە عبد اللە ی کوڕی عەباس ئامۆزای خۆی -ڕەزای خوایان لێبێت-: «سنوورەکانی شەریعەتی خودا بپارێزە؛ ئەوا خودا دەتپارێزێت، سنوورەکانی شەریعەتی خودا بپارێزە؛ ئەوا دەبینیت خودا لە پێشەوە لە گەڵ تۆدا دەبێت، ئەگەر داوات کرد؛ ئەوا تەنها داوا لە خودا بکە، وئەگەر داواى يارمەتی وپشتیوانیت كرد؛ ئەوا تەنها داواى يارمەتى وپشتیوانی له خودا بكه». الترمذي وغەیری ئەویش گێڕاویانەتەوە.
وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەر کەسێک بمرێت لە سەر پاڕانەوە لە غەیری الله؛ ئەوا دەچێتە دۆزەخەوە». البخاري گێڕاویەتیەوە. وە لە لای بوخاری وموسلیم هاتووە: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێكرا: ئایا چی تاوانێک گەورەترینە؟ فەرمووی: «ئەوەیە هاوتایەک بۆ خودا بڕیار بدەیت، لە کاتێکدا ئەو تۆی دروست کردووە». الند: بریتیە لە هاوبەش وشەریک، جا هەرکەسێک داوا لە غەیری خوداى گەورە بکات، یان داوای فریاکەوتنی لێبکات، یان نەزری بۆ بکات، یان سەربڕینی بۆ ئەنجامبدات، یان هەر یەكێكی تر لە پەرستنەکان بۆ غەیری الله ئەنجامبدات؛ ئەوا ئەو بە هاوبەشدانراو وپەرستراوەی کردووە بە شەریك وهاوبەش وهاوتای خوداى گەورە، جا ئەو پەرستراوە پێغەمبەرێک بێت، یان پیاوچاک، یان فریشتە، یان جنۆکە، یان بت، یان هەر دروستکراوێکی تر.
ولێرەدا لەوانەیە یەکێک بڵێت: ئەی حوکمی داواکردن لە کەسی زیندووی ئامادە چییە بەو شتەی کە لە توانایدا هەیە، و داوای یارمەتی لێ بکرێت لەوکارانەی بەردەستە وتوانای بەسەریاندا هەیە وەڵامەکە بەم شێوەیە: ئەمە بە شیرک وهاوبەشدانان دانانرێت، بەڵکو كارێكی ئاسایی و دروستە لە نێوان موسڵماناندا، هەروەکو خودای گەورە لە چیرۆک و بەسەرھاتی موسادا -سەلامی خوای لێ بێت- دەفەرمووێت: ﴿... ئەمجا ئەوەیان کە لە كۆمەڵەكەی خۆی بوو داوای یارمەتی لێکرد لەدژی ئەوەی کە لە تاقمی دوژمنەکەی بوو ...﴾ [القصص: 15]، وهەروەها خوداى گەورە لە بەسەرهاتی موسادا دەفەرمووێت: ﴿ئەویش لەشار دەرچوو بە ترسەوە وچاودێری دەکرد...﴾ [القصص:21]، وهەروەکو چۆن مرۆڤ لە جەنگدا داوای بەهاناوە هاتن لە هاوەڵەکانی دەکات، و لە کاروباری تریشدا کە دێتە ڕێی خەڵكی وپێویستیان بە یەکتر دەبێت.
وخودای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەکەی كردووە -صلى الله عليه وسلم- کە بە ئوممەتەکەی ڕابگەیەنێت کە ئەو (ﷺ) توانای سوود و زیان گەیاندنی نییە بە هیچ کەسێک، خودای گەورە -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿بڵێ: دڵنیا بن من ھەر خودای خۆم دەپەرستم وە کەس ناکەم بە ھاوبەشی (21) بڵێ: بەڕاستی من نەزیان ونە ڕێنمونی ئێوەم بەدەست نیە (22)﴾ [الجن: 21، 22]، وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: من خاوەنی ھیچ سوود و زیانێک نیم بۆ خۆم مەگەر ئەوەی خودا بیەوێت ئەگەر من غەیب و شتە نادیارەکانم بزانیایە خێرو خۆشی زۆرم بەدەست دەھێنا وە ھیچ خراپە و زیانێکم پێ نەدەگەیشت من تەنھا ترسێنەر و مژدەدەرم بۆ خەڵکانێک کە باوەڕ دەھێنن﴾ [الأعراف: 188].
وئەو ئایەتانەى ئاماژە بۆ ئەم بابەتە دەکەن زۆرن.
وەبێگومان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تەنها لە پەروەردگار دەپاڕایەوە، هەروەکو لە گێڕانەوەكاندا هاتووە کە لە ڕۆژی بەدردا داوای بەهاناوە هاتنی لە خودا دەکرد، وداوای سەرکەوتنی لێدەکرد بەسەر دوژمندا، و زۆر لەسەر ئەم داواکارییە سوور بوو، ودەیفەرموو: «ئەی پەروەردگار! ئەو بەڵێنەی پێت داوم بۆم جێبەجێ بکە». هەتاوەکو ڕاستگۆی گەورە ئەبوبەکر -ڕەزای خودای لێبێت- ووتی: ئەوەندە بەسە ئەی پێغەمبەری خودا، بێگومان خودا ئەو بەڵێنەی پێیداویت بۆتی جێبەجێ دەکات، وخودای گەورە سەبارەت بەمە ئەم فەرمایشتەی خۆی دابەزاند: ﴿(بیربکەنەوە) کاتێک لە بەدردا ھاناتان بۆ پەروەردگارتان دەبرد خوایش ھات بە ھاناتانەوە ووتی من دەینێرم بۆ یارمەتیدانتان ھەزار فریشتە بە دوای یەکدا (دێنە خوارێ)﴾ [الأنفال: 9]، وخودای گەورە لەم ئایەتانەدا وەبیریان دەخاتەوە کاتێک داوای بەهاناوە هاتنیان لە پەروەردگار کرد، وھەواڵی پێدان کە وەڵامی داونەتەوە و بە فریشتەکان پشتیوانی لێکردوون؛ بۆ موژدەدان بە سەرکەوتن و دڵنیایی، وە خودای گەورە ڕوونیکردەوە کە سەرکەوتن لە فریشتەکانەوە نییە، بەڵکو سەرکەوتن ھەر لەلایەن خوداوەیە، بۆیە دەفەرمووێت: ﴿سەرکەوتنیش تەنھا لەلایەن خودای باڵا دەستی داناوەیە...﴾ [آل عمران: 126]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خودا بێگومان خودا ئێوەی سەرخست لە (جەنگی) بەدردا لە کاتێکدا ئێوە کەم و لاواز بوون دەی لە خودا بترسن بەڵکو سوپاسگوزاری بن﴾ [آل عمران: 123]. وخودای گەورە لەم ئایەتەدا ڕوونیکردەوە کە ھەر ئەو سەرخەریان بووە لە ڕۆژی بەدردا، بەمەیش زانرا کە ئەو چەک و ھێزەی پێی بەخشیبوون، وە ئەو پشتیوانییەی کە بە فریشتەکان لێی کردبوون، ھەموو ئەوانە لە ھۆکارەکانی سەرکەوتن و موژدەدان و دڵ ئارامین، وە سەرکەوتن لەوانەوە نییە، بەڵکو تەنھا لەلایەن خودای گەورەوەیە و بەس. جا چۆن ئەم نووسەرە یان جگە لە ئەو جورئەت دەکات کە هاوار وداوای سەرکەوتنی ئاڕاستەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بکات، وپشت لە پەروەردگاری هەموو جیهانیان بکات؛ ئەو زاتەی خاوەنی هەموو شتێکە وبە توانا وبە دەسەڵاتە بەسەر هەموو شتێکدا؟!
بێگومان ئەمە ناشرینترین نەزانییە، بەڵکو گەورەترین شیرك وهاوەڵدانانە، بۆیە پێویستە لەسەر نووسەرەکە تەوبەیەکی ڕاستگۆیانە بکات بۆ لای خودای گەورە -سبحانه-، وە تەوبەی ڕاستگۆیانە (تەوبەی نەسوح) چەند شتێک لەخۆ دەگرێت، ئەوانیش: یەکەم: پەشیمان بوونەوە لەو تاوانانەی كردوویەتی. دووەم: وازهێنان لەو گوناهەی کە تێی کەوتووە. سێیەمیش: پێداگیربوون لەسەر نەگەڕانەوە بۆ ئەو تاوانە، وبە گەورە ڕاگرتنی خودای گەورە و دڵسۆزی بۆی، و جێبەجێکردنی فەرمانەکەی، و خۆپاراستن لەوەی کە قەدەغەی کردووە، ئەمەیە تەوبەی ڕاست و دروست. وە خاڵى چوارەم تایبەتە بە کاتێک کە خراپەکارییەکە دەرهەق بە مافی دروستکراوەکان بێت، ئەمیش بریتییە لە: گێڕانەوەى ماف بۆ خاوەنەکەی، یان داواى گەردن ئازادی لێبکات.
وخوداى گەورە فەرمانی بە بەندەکانی کردووە تەوبەبکەن، و بەڵێنی قبوڵکردنیشی پێداون، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿و ھەمووتان تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا ئەی ئیمانداران بۆئەوەی ڕزگار و سەرکەوتوو بن﴾ [النور: 31]، وسەبارەت بە گاوڕەکان ؛ خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿دەی ئایا بۆ تۆبە ناکەن و ناگەڕێنەوە بۆلای خوا؟ و داوای لێبوردنی لێ ناکەن؟ لەکاتێکدا خوا لێبوردەی میھرەبانە﴾ [المائدة: 74]، وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە کەسانێکن کە لەگەڵ خوادا ناپاڕێنەوە (داوا ناكەن) لە ھیچ پەرستراوێکی تر و ناکوژن ھیچ کەسێک کە خودا کوشتنی ئەوی یاساغ و(حەرام) کردووە مەگەر بە ھەق و ڕەوا نەبێت وە زینا و داوێن پیسی ناکەن وە ھەر کەس ئەو تاوانانە بکات (کە باسکران) سزاکەی وەردەگرێت (68) سزای بۆ چەند بارە دەکرێتەوە لەڕۆژی قیامەتدا وە بێ بڕانەوە وبە بێ ڕێزو بە ڕیسوایی لە دۆزەخ دا دەمێنێتەوە (69) بێجگە لە کەسێك كە تەوبەی کردبێت و باوەڕی ھێنابێت کارو کردەوەی چاکیشی کردبێت ئا ئەوانە خودا خراپە و تاوانەکانیان دەگۆڕێت بە چاکە وە خوا ھەمیشە لێبووردەی بە بەزەییە (70)﴾ [الفرقان: 68-70]، وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿وە ئە و خودا زاتێکە تەوبە لە بەندەکانی وەردەگرێت وە لە کردەوە خراپەکان چاوپۆشی دەکات وە دەزانێت بە ھەرچی شتێك کە ئێوە دەیکەن﴾ [الشورى: 25].
وبە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەری خوداوە -صلى اللە علیە وسلم- کە دەفەرمووێت: «مسوڵمان بوون دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەكانی پێشوو، هەروەها تەوبەکردن دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەكانی پێشوو».
وئەم بابەتە کورت وپوختەم نووسیوە؛ لەبەر گەورەیی و ترسناكی شیرک -هاوبەشدانان-، و چونكە شیرك گەورەترین تاوانە، و لە ترسی فریوخواردن بەو شتانەی کە ئەم نووسەرە باسیكردووە، و لەبەر واجبێتی ئامۆژگاری کردن لەپێناو خودای گەورە و بۆ بەندەکانی. وداواکارم لە خودای گەورە کە بیکاتە مایەی سوود، و بارودۆخی ئێمە و هەموو مسوڵمانان چاک بکات، و تێگەیشتن لە ئاین و دامەزران لەسەری بە هەموومان ببەخشێت، وپەنامان بدات لەگەڵ مسوڵمانان لە خراپەی نەفسمان و خراپەی کردەوەکانمان، ئەو توانادارە لەسەر ئەم کارە.
وصلى الله وسلم وبارك على عبده ورسوله نبينا محمد وآله وصحبه.
پهیامی سێیەم
حوکمی داوای بەهاناوە هاتن لە جنۆکە و شەیتانەکان و نەزرکردن بۆیان
لە (عبد العزيز بن عبد الله بن باز)ەوە بۆ هەموو ئەو موسڵمانانەی کە ئەم پەیامە دەبینن، خودای گەورە من و ئەوانیش ڕێنموێنی بکات بۆ دەستگرتن بە ئاینەکەیەوە، و جێگیربوون لەسەری، ئامین.
السلام علیكم ورحمة الله وبركاته.
وپاشان: هەندێک لە برایان پرسیاریان لێکردم سەبارەت بەوەى هەندێک لە نەزانەکان ئەنجامی دەدەن؛ لە پاڕانەوە وداوای بە هاناوە هاتن لە جگە لە خودای گەورە -سبحانە- لە كارە گرنگەكاندا، وەک پاڕانەوە لە جنۆکەکان وداواى بەهاناوە هاتن لێیان، ونەزر کردن وسەربڕین بۆیان. وەكو وتەی هەندێکیان كاتێك دەڵێن: (ئەی حەوتەکان)، واتە: حەوت لە سەرۆکی جنۆکەکان بیگرن، ئێسقانەکانی بشکێنن، وخوێنەکەی بخۆنەوە، ولاشەکەی بشێوێنن، ئەی حەوتەکان ئاوا و ئاوای لێبکەن، یان كاتێك هەندێکیان دەڵێن: (بیبەن ئەی جنۆکەکانی نیوەڕۆ، ئەی جنۆکەکانی عەسر)، ئەمەش زۆر هەیە لە هەندێک ناوچەی باشووردا، وە لەو شتانەی دەچێتە ژێر ئەم بابەتەوە: داوا كردن لە مردووەكان لە پێغەمبەران وچاکەکاران وجگە لە ئەوانیش، وە داوا کردن لە فریشتەکان وداوای یارمەتی لێکردنیان، جا هەموو ئەمانە وهاوشێوەکانی لەلایەن زۆرێک لەو كەسانەوە ڕوودەدات کە خۆیان دەدەنە پاڵ ئیسلام، وبەهۆی نەزانین وشوێنکەوتنی خەڵكانی پێش خۆیانەوە ئەم جۆرە شتانە ڕوودەدات، و ڕەنگە هەندێکیان ڕەوا بەم کارە بدەن وبەڵگە بە ئەم قسەیە دەهێننەوە: ئەمە شتێکە بەسەر زماندا دێت، ومەبەستمان نییە وباوەڕیشمان پێی نییە.
هەروەها پرسیاری لێکردم: دەربارەی حوکمی هاوسەرگیری کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی بەم کردەوانە ناسراون، و سەربڕاوەکانیان، و نوێژکردن لەسەریان، و نوێژکردن لە دوایانەوە، و دەربارەی باوەڕپێکردنی تەڵەکەبازەکان و فاڵگرەوەکان؛ وەک ئەو کەسەی بانگەشەی زانینی نەخۆشی و هۆکارەکانی دەکات تەنها بە سەیرکردنی شتێک کەداپۆشەری جەستەی نەخۆشەکەیە؛ وەک مێزەر و شەرواڵ و سەرپۆش و هاوشێوەکانیان.
ووەڵام: الحمد لله وحده والصلاة والسلام على من لا نبي بعده، وعلى آله وصحبه ومن اهتدى بهم إلى يوم الدين.
وپاشان: بەڕاستی خودای گەورە تەنها مرۆڤ و جنۆکەی دروستکردووە بۆ ئەوەی ئەو بپەرستن بەتەنها، ووە بۆ ئەوەی پاڕانەوە وداوای فریاکەوتن و سەربڕین و نەزر کردن و تەواوی پەرستنەکان تەنها بۆ ئەو ئەنجام بدەن، وە پێغەمبەرانی بەم پەیامە ناردووە و فەرمانی پێکردوون، وکتێبە ئاسمانییەکانی دابەزاندووە کە مەزنترینیان قورئانی پیرۆزە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە و بانگەوازی کردن بۆی، و هۆشداریدان وئاگادار كردنەوەی خەڵکی لە هاوبەش بڕیاردان بۆ الله و پەرستنی جگە لە ئەو. وئەمەیش بنچینەى بنچینەکانە وبنەماى ئاینەكەیە، هەروەها واتای شاهێدی دانە بە (لا إله إلا الله)؛ ڕاستیەکەى بریتیە لەوەى: هیچ پەرستراوێک شایستەى پەرستن نیە بەهەق وڕاستی جگە لە الله، کەواتە ئەم شاهێدیە نکۆڵی دەکات لە خودایەتی، وپەرستنی جگە لە الله، وجێگیری دەکات -واتا: پەرستنەکە- تەنها بۆ الله، نەک بۆ جگە لە ئەو زاتە لە هەموو دروستکراوەکانی تر. وە بەڵگەکان لەسەر ئەمە لە کتێبی خودا و سوننەتی پێغەمبەرەکەیدا -صلی الله علیه وسلم- زۆرن، لەوانە: خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە من جنۆکە وئادەمیزادم تەنھا بۆ ئەوە دروست کردووە کە بەندایەتی بۆ من بکەن﴾ [الذاريات: 56]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە پەروەردگارت بڕیاریداوە کە ھیچ شتێک نەپەرستن بێجگە لە ئەو...﴾ [الإسراء: 23]، وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿(لەگەڵ ئەوەیشدا) کە فەرمانیان پێ نەدرا بوو مەگەر بەوەی کە پەرستشی خودا بکەن بەدڵسۆزی وملکەچی بن وخۆیان بە دوور بگرن لە ھەموو بیروباوەڕێکی خوارو خێچ...﴾ [البينة: 5]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە پەروەردگارتان فەرموویەتی: لێم بپاڕێنەوە وەڵامتان دەدەمەوە بەڕاستی ئەوانەی خۆیان بەگەورە دەزانن لەئاست پەرستنم بێگومان بە سەرشۆڕی دەچنە نێو دۆزەخەوە﴾ [غافر: 60]، وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿ھەر کارتێک بەندەکانی من پرسیاریان لێ کردیت دەربارەی من ئەوا بێگومان من لێیانەوە نزیکم گیرا دەکەم نزای نزاکاران ھەرکاتێک ھاوار و نزام لێ بکەن...﴾ [البقرة: 186].
کەواتە خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- لەم ئایەتانەدا ڕوونی کردۆتەوە کە مرۆڤ و جنۆکەکانى دروستکردووە بۆ پەرستنی خۆی، وە فەرمانى بە بەندەکانی کردووە -واتە: فەرمان و ڕاسپاردەى کردووە- لە قورئانە پیرۆزەکەیدا، ولەسەر زاری پێغەمبەرەکەی -عليه الصلاة والسلام-؛ بەوەى کە تەنها پەروەردگاریان بپەرستن.
وخوداى گەورە -جل وعلا- ڕوونی کردۆتەوە کە پاڕانەوە پەرستنێکی مەزنە، هەرکەسێک خۆی بەگەورە بزانێت لە ئاستیدا ئەوا دەچێتە دۆزەخەوە، وفەرمانى بە بەندەکانی کردووە کە تەنها لە ئەو بپاڕێنەوە، وهەواڵی داوە کە ئەو نزیکە و وەڵامی پاڕانەوەکانیان دەداتەوە، کەواتە لەسەر هەموو بەندەکان واجبە کە پاڕانەوەکانیان تەنها بۆ پەروەردگاریان بێت؛ چونکە جۆرێکە لەو پەرستنەی کە بۆ ئەنجامدانی دروستکراون، وفەرمانیان پێکراوە بە جێبەجێكردنی، خوداى گەورە -جل جلاله- دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ بێگومان نوێژ و (بەندایەتی) و قوربانی و ژیان و مردنم ھەر بۆ خوای پەروەردگاری ھەموو جیھانیانە (162) ھیچ ھاوبەشێکی نیە و ھەر بەوە فەرمانم پێدراوە، وە من یەکەمی ناو ھەموو موسڵمانان و فەرمانبەردارانم (بۆ خوا) (163)﴾ [الأنعام: 163،162].
وخوداى گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەکەى -صلى اللە علیە وسلم- کردووە کە بە خەڵکی ڕابگەیەنێت کە نوێژ و سەربڕین و ژیان و مردنی؛ بۆ خودای پەروەردگاری جیهانیانە و هیچ هاوبەشێکی نییە، و لەسەر ئەم بنەمایە: هەرکەسێک قوربانی سەرببڕێت بۆ جگە لە الله ئەوا هاوبەشی بۆ الله بڕیارداوە، بەهەمان شێوە ئەگەر نوێژ بۆ جگە لە الله بکات؛ چونکە خوداى گەورە نوێژ و سەربڕینی پێکەوە بەستووەتەوە، و هەواڵی داوە کە هەردووکیان تەنها بۆ خودایە و ئەو زاتە هیچ هاوبەشێکی نییە، جا هەرکەسێک قوربانی سەرببڕێت بۆ جگە لە الله، لە جنۆکە و فریشتە و مردووەکان و جگە لە ئەوانیش؛ بۆ ئەوەی لێیان نزیک ببێتەوە، ئەوا وەکو ئەو کەسە وایە کە نوێژی كردبێت بۆ جگە لە الله. لە فەرموودەى سەحیحدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «خوداى گەورە نەفرەتی کردووە لەو کەسەی -قوربانی- سەردەبڕێت بۆ جگە لە الله». و ئيمامی ئەحمەد بە سەنەدێکی حەسەن لە تاریقی کوڕی شیھابەوە -ڕەزای خودای لێبێت-، لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- ڕیوایەتی کردووە کە دەفەرمووێت: «دوو پیاو بەلای گەلێکدا تێپەڕین کە بتێکیان هەبوو، کەس بۆی نەبوو بەلایدا تێبپەڕێت هەتا شتێکی بۆ دەكرد بە قوربانی، جا بە یەکیانیان ووت: قوربانییەک بکە. ووتی: هیچم نییە بیکەمە قوربانی. ووتیان: قوربانییەک بکە با مێشێکیش بێت، ئەویش مێشێکی کردە قوربانی، ئەوانیش وازیان لێهێنا، وچووە نێو دۆزەخەوە. و بە ئەوی تریان ووت: قوربانییەک بکە. ووتی: من بۆ هیچ کەسێک شتێک ناکەمە قوربانی جگە لە خودای گەورە. ئەوانیش ملیان پەڕاند، وچووە نێو بەهەشتەوە».
جا ئەگەر ئەو کەسەی بە مێشێک یان هاوشێوەی خۆی نزیک بکاتەوە لە بتێک و هاوشێوەکانی و بەم کارە ببێتە موشریک، و شایستەی چوونە نێو ئاگر بێت، ئەی دەبێت حاڵی ئەو کەسە چۆن بێت کە هانا و هاوار بۆ جنۆکە و فریشتە و پیاوچاکان دەبات، و داوای فریاکەوتنیان لێدەکات، و نەزریان بۆ دەکات، و بە سەربڕینی قوربانی خۆی لێیان نزیک دەکاتەوە، بە ئومێدی ئەوەی ماڵ و سامانی بپارێزرێت، یان نەخۆشەکەی شیفای بۆ بێت، یان ئاژەڵ و کشتوکاڵەکەی سەلامەت بن، و ئەی حاڵی ئەو کەسە چۆنە کە ئەو کارە دەکات لە ترسی شەڕ و خراپەی جنۆکە، یان هەر شتێکی هاوشێوەی ئەمە؟! بێگومان ئەو کەسەی ئەم کارانە و هاوشێوەکانیان دەکات، لەپێشترە بەوەی کە موشریک بێت و شایستەی چوونە نێو ئاگر بێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو پیاوەی کە مێشێکی کردە قوربانی بۆ بتەکە.
هەروەها لەسەر ئەم بابەتە خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿بێگومان ئێمە بەھەق و ڕاستی قورئانمان بۆ تۆ ھێناوەتە خوارەوە کەواتە خودا بپەرستە و بە تەنھا ھەر بۆ ئەو ملکەچ بە (2) بێدار بە ئاینی (گەردنکەچی) پاك و خاوێن ھەر بۆ خودایە وە کەسانێك جگە لە (خودا) چەند پەرستراوێکیان بۆ خۆیان داناوە (دەڵێن) تەنھا لەبەر ئەوە دەیان پەرستین نزیکمان بکەنەوە لە خوا بێگومان خودا بڕیار دەدات لە نێوانیاندا لەو شتانەدا کە ئەوان تیایدا جیاواز بوون بە ڕاستی خوا ڕێنمونی کەسێك ناکات کە درۆزنی زۆر بێ باوەڕە (3)﴾ [الزمر: 1-3]، وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەوانە بێجگە لە خودا شتانێک دەپەرستن کە نە زیانیان پێ دەگەیەنن نە سوود و قازانج وە دەڵێن ئەو بتانە تکا کارمانن لای خودا (ئەی پێغەمبەر ﷺ بە ئەوانە) بڵێ ئایا ئێوە ھەواڵ دەدەن بە خودا سەبارەت بە شتێک کە لە ئاسمانەکان و زەویدا هەبێت و خودا پێی نەزانێت ؟! خودا پاک و بێگەرد و بڵندە لەوەی کە دەیکەنە ھاوبەشی﴾ [يونس: 18].
وخودای گەورە -سبحانه وتعالى- لەم دوو ئایەتەدا باسی ئەوەی کردووە، کە موشریک و بتپەرستەکان جگە لە ئەو چەندین پەرستراو و پشتیوانیان بۆ خۆیان داناوە لە دروستکراوەکان، کە دەیانپەرستن لەگەڵ خودادا بە ترس و ئومێد و سەربڕین و نەزر و نزا و پاڕانەوە و شتی لەو جۆرە، بە گومانی ئەوەی هەركەسێك ئەو پیاوچاكانە بپەرستێت ئەوا نزیكی دەكەنەوە لە خودای گەورە، وە تکایان بۆ دەکەن لەلای الله، پاشان خودای گەورە -سبحانه وتعالى- بە درۆزنی دانان و پوچەڵێتی بانگەشەکەیانی ڕوونکردەوە، وە ناوی نان بە درۆزن و بێباوەڕ و موشریک، وە زاتی پیرۆزی خۆی پاک و بێگەرد ڕاگرت لە شیرک و هاوبەش بڕیاردانیان، خودای گەورە -جل وعلا- دەفەرمووێت: ﴿...خودا پاک و بێگەرد و بڵندە لەوەی کە دەیکەنە ھاوبەشی﴾ [النحل: 1]. کەواتە بەمە زانرا کە هەرکەسێک لەگەڵ الله دا بپاڕێتەوە لە فریشتەیەک یان پێغەمبەرێک یان جنۆکەیەک یان دارێک یان بەردێک، وداواى بەهاناوە هاتنی لێبکات، وبە نەزر کردن وسەربڕین خۆی لێ نزیک بکاتەوە، بەهیوای ئەوەی شەفاعەتی بۆ بكات لەلای الله، ونزیکی بكاتەوە لە الله، یان بەهیوای شیفای نەخۆش، یان پاراستنی ماڵ وسامان، یان سەلامەتی کەسی ئامادەنەبوو بێت، یان هاوشێوەی ئەمانە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە کەوتۆتە نێو شیرکی گەورەوە، كە سەختترین بەڵایە؛ وخودای گەورە دەربارەی دەفەرمووێت: ﴿بەڕاستی خودا خۆش نابێت گەر ھاوبەشی بۆ دابنرێت بێجگە لەوە خۆش دەبێت لەھەر گوناھێکی تر بۆ ھەرکەسێک کە بیەوێت وە ھەرکەسێک ھاوبەش بۆ خودا دابنێت ئەوە بێگومان گوناھێکی زۆر گەورەی ھەڵبەستووە﴾ [النساء: 48]، وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿بەڕاستی ھەر کەس ھاوبەش بۆ خودا دابنێت ئەوە بێگومان خودا بەھەشتی لێ حەرام کردووە، وە جێگا و شوێنی ئاگر دەبێت وە بۆ ئەو ستەمکارانە ھیچ یارمەتیدەرێک نیە﴾ [المائدة: 72].
وە شەفاعەت لە ڕۆژی قیامەتدا تەنها بۆ یەكخواپەرستانە، نەک بۆ موشریكەكان، هەروەک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی کاتێک پێی ووترا: ئەی پێغەمبەری خودا، کێ بەختەوەرترین کەسە بە شەفاعەتی تۆ؟ فەرمووی: «هەرکەسێک بڵێت: (لَا إِلَهَ إِلَّا الله) بە دڵسۆزی لە دڵییەوە». هەروەها -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەموو پێغەمبەرێک دۆعایەکی وەرگیراوی بۆ هەیە، وهەموو پێغەمبەرێک پەلەی کردووە لە دۆعاکەدا ولەدونیاندا کردوویەتی، بەڵام من دۆعای خۆمم هەڵگرتووە بۆ شەفاعەتکردن بۆ ئومەتەکەم لە ڕۆژی قیامەتدا، بە ویستی خودای گەورە بەری ئەو كەسە دەکەوێت لە ئومەتەکەم كە بمرێت لەسەر هاوبەش بڕیار نەدان بۆ الله بە هیچ شێوەیەك».
وموشریکەکانى پێشین باوەڕیان بەوە هەبوو کە الله پەروەردگار و خوڵقێنەر و ڕۆزیدەریانە، كەچی پەنایان دەبرد بۆ پێغەمبەران وپیاوچاکان وفریشتەكان ودار ودرەخت وبەرد وهاوشێوەکانیان، بە هیوای ئەوەی شەفاعەتیان بۆ بكەن لەلای الله، ونزیکیان بكەنەوە لێی، هەروەکو لە ئایەتەکانی پێشوودا هاتووە، بەڵام خوداى گەورە ئەمەی وەک عوزرێک لێ وەرنەگرتن، بەڵکو پەروەردگار لە کتێبە پیرۆزەکەیدا نكۆڵی لێکردن، وە بە کافر و موشریک ناوی هێناون، وە بە درۆزنی دانان لەو بانگەشەیەیاندا کە گوایە ئەم پەرستراوانە تکایان بۆ دەکەن و لە خوداى گەورە نزیکیان دەکەنەوە، وە پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- پاساوی لێ وەرنەگرتن، بەڵکو پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- لەسەر ئەم شیرک وهاوبەشدانانە جەنگی لە دژیان بەرپاكرد؛ بۆئەوەی پەرستن تەنها بۆ خوداى تاک و تەنها ئەنجام بدەن، و وەکو کارپێکردنێک بە فەرمایشتی خوداى گەورە -سبحانه وتعالى-: ﴿جەنگیان لە دژ بەرپا بکەن هەتا دژایەتیكردنی ئاین وھاوەڵ بڕیاردان نەمێنێت وە ئاین و ملکەچی ھەر بۆ خودا دەبێت...﴾ [البقرة:193]. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «فەرمانم پێکراوە کە بەرامبەر خەڵکی بجەنگم هەتا ئەو کاتەی شاهێدی دەدەن بە (لا إله إلا الله ومحمد رسول اللە)، واتا: (ھیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لە اللە، وموحەمەد پێغەمبەر ونێردراوی خودایە)، ونوێژ ئەنجامدەدەن، وزەکات دەدەن، جا ئەگەر ھاتوو ئەوانەیان ئەنجامدا؛ ئەوا خوێن وسامانیان پارێزراو دەبێت مەگەر بە ھەق ومافەکانی ئیسلام نەبێت، ولێپرسینەوەیان لە لای خودایە». واتای فەرموودەکەی -ﷺ-: «هەتاوەکو شاهێدی دەدەن بە (لَا إِلهَ إِلَّا اللهُ:هیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە ڕاست وهەق جگە لە الله)» واتا: هەتاوەکو پەرستن ئەنجام دەدەن وتەرخانی دەكەن بە تەنها بۆ خوداى گەورە، نەک بۆ شتێکى تر جگە لە ئەو.
وە بێگومان موشریکەکان لە جنۆکەکان دەترسان و پەنایان پێ دەگرتن، جا خودای گەورە لەمبارەیەوە ئەم ئایەتەی دابەزاند: ﴿بەڕاستی پیاوانێك لە ئادەمیزاد پەنایان دەبردە بەر پیاوانێك لە جنۆکە (بۆئەوەی بیانپارێزن) کەچی زیاتر ماندوویان دەکردن﴾ [الجن: 6]. ڕاڤەکاران لەسەر واتای ئەم ئایەتە پیرۆزە دەڵێن: ﴿...زۆرتر ماندوویان دەکردن﴾ واتە: زیاتر دەترسان و دەتۆقان؛ چونکە جنۆکەکان خۆیان بە گەورەتر دەزانن و لووتبەرزتر دەبن، کاتێک دەبینن ئادەمییەکان پەنایان بۆ دەبەن، لەو کاتەدا زیاتر تووشی ترس و تۆقاندنیان دەکەن، بۆئەوەی زیاتر بیانپەرستن و پەنایان بۆ ببەن.
وە خوداى گەورە لە جیاتی ئەوە؛ مسوڵمانانی بەوە قەرەبوو کردۆتەوە کە پەنا بە خۆی ببەن -سبحانه وتعالى-، و بە وشە تەواو و بێ کەموکورتیەکانی، وە لەم بارەیەوە خودای گەورە -جل جلاله- فەرمایشتی خۆی دابەزاندووە كەدەفەرمووێت: ﴿وە ئەگەر خەتەرە و خەیاڵ و وەسوەسەیەکت بۆ ھات لە لایەنی شەیتانەوە یەکسەر پەنا بگرە بە خودا بەڕاستی ھەر ئەو بیسەری زانایە﴾ [الأعراف: 200]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: پەنا دەگرم بە دروستكەری بوونەوەر (بە پەروەردگاری بەرەبەیان)﴾ وبە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە دەفەرمووێت: «هەرکەسێک لە شوێنێک دابەزی، ووتی: (أَعُوذُ بِكَلِمَاتِ اللهِ التَّامَّاتِ مِنْ شَرِّ مَا خَلَقَ) واتە: (پەنا دەگرم بە وشە تەواو و كامڵەكانی الله ؛ لە شەڕی ئەوەی خوڵقاندوویەتی)؛ ئەوا هیچ شتێک زیانی پێناگەیەنێت هەتا لەو شوێنە دەردەچێت».
لەو ئایەت وفەرموودانەى پێشتر باسکران، کەسی ڕزگاریخواز، وئەوەی ئارەزووی پاراستنی ئاینەکەی وسەلامەتبوونی هەیە لە شیرک وهاوبەشدانان بۆ خودای گەورە؛ بچووک وگەورەی، دەزانێت کە خۆ پەیوەستکردن بە مردووەکان وفریشتەکان وجنۆکەکان و جگە لەوانیش لە دروستکراوەکان، وهاوارکردن لێیان وپەناگرتن پێیان وشتی لەم شێوەیە؛ لە کردەوەى موشریکەکانی سەردەمی نەفامیە، ولە ناشیرینترین جۆرەکانی شیرك وهاوبەشدانانە بۆ خودای گەورە -سبحانە-، بۆیە واجبە وازی لێبهێنرێت، و خۆمانى لێ بپارێزین، وئامۆژگاری یەکتری پێبکەین بۆ وازلێهێنانی، ونکۆڵی بکرێت لەو کەسەی ئەنجامی دەدات.
بەڵام ئەو کەسەی لەناو خەڵکدا بەم کردەوە شیرکیانە ناسراوە: ئەوا مارەبڕینی، وخواردنی سەربڕاوەکەی، و نوێژكردن لەسەری، و نوێژکردن لە پشتیەوە؛ هەموو ئەمانە دروست نییە، هەتاوەکو تەوبەی خۆی بۆ لای خودای گەورە ڕادەگەیەنێت لەو کارانە، وپاڕانەوە وپەرستن تەنها بۆ الله ئەنجام دەدات، وپاڕانەوە پەرستنە، بەڵكو کڕۆکەکەیەتی، هەروەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نزا ودوعا وپاڕانەوە عیادەت وپەرستنە». ولە گێڕانەوەیەکی تردا -ﷺ- دەفەرمووێت: «نزا کردن کرۆکی پەرستنە». سەبارەت بە مارەبڕینی موشریکەکان: خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿ژنانی ھاوبەش بڕیاردەر (موشریك) مارە مەکەن هەتا بڕوا دەھێنن کەنیزەکێکی بڕوادار باشترە لە ژنە (ئازادێکی) ھاوبەش بڕیاردەر با (ھاوبەش بڕیاردەرەكە) سەرسامیشی کردبن (بە جوانی یان داراییان) وە ژنانی موسڵمان مارە مەکەن لە (پیاوە) ھاوبەش بڕیاردەكان هەتا بڕوا دەھێنن وە کۆیلەیەکی بڕوادار باشترە له (ئازادێکی) ھاوبەش بڕیاردەر با سەرسامیشی کردبن (بە دارایی یا جوانیان) ئەوانە بانگی (خەڵکی) دەکەن بۆ نێو ئاگر بەڵام خودا (خەڵکی) بانگ دەکات بۆ بەھەشت ولێخۆش بوون بە فەرمانی خۆی وە نیشانەکانی خۆی ڕۆشن دەکاتەوە بۆ خەڵکی بەڵکو بیر بکەنەوە﴾ [البقرة: 221]، وخودای گەورە ڕێگری لە موسڵمانان کردووە لەوەی ئافرەتە موشریكەكان مارە بكەن، ئەوانەیان كە بت پەرستن یان جنۆکە و فریشتە و جگە لەمانیش دەپەرستن، هەتاوەکو باوەڕ دەهێنن و بە دڵسۆزییەوە پەرستن تەنها بۆ خودای تاک ئەنجام دەدەن، و باوەڕ بەو پەیامە دەهێنن کە پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- هێناویەتی، و شوێن ڕێبازەکەی دەکەون، وە خودای گەورە نەهی کردووە لە بە شوودانی ئافرەتانی موسڵمان بە پیاوە موشریكەكان، هەتاوەکو باوەڕ دەهێنن و بە دڵسۆزییەوە پەرستن تەنها بۆ خودای تاک ئەنجام دەدەن، و باوەڕ بە پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- دەهێنن، و شوێنی دەکەون.
وخودای گەورە -سبحانە وتعالى- هەواڵی داوە کە کەنیزەکێکی ئیماندار خێرترە لە ئافرەتێکی ئازادی موشریک، ئەگەرچیش بە جوانیەکەی وشیرینی قسەکانی سەرسامی ئەو كەسە بکات کە سەیری دەکات وگوێی لێدەگرێت، وە بەندەیەکی ئیماندار خێرترە لە پیاوێکی ئازادی موشریک، ئەگەرچیش بە جوانیەکەی وڕەوانبێژیەکەی وئازایەتیەکەی وشتی تریش سەرسامی ئەو كەسە بکات کە گوێی لێدەگرێت وسەیری دەکات، پاشان هۆکارەکانی ئەم فەزڵ وپلەپایەیەی ڕوونکردۆتەوە بە فەرمایشتی خۆی -سبحانە وتعالى-: ﴿...ئەوانە بانگی (خەڵکی) دەکەن بۆ نێو ئاگر...﴾ [البقرة: 221]. مەبەست لە ئایەتەكە: پیاو وئافرەتە موشریكەکانە؛ چونکە ئەوان بە وتە و کردار و ڕەفتار و ڕەوشتیان؛ بانگەوازکارن بۆ نێو ئاگری دۆزەخ، بەڵام پیاو وئافرەتە باوەڕدارەکان بە ڕەوشت و کردار و ڕەفتاریان؛ بانگەوازکارن بۆ بەهەشت، جا چۆن ئەمانە وئەوانە وەكو یەك ویەکسان دەبن!
وسەبارەت بە نوێژکردن لەسەر موشریکەکان: ئەوا خودای گەورە سەبارەت بە دووڕووەکان دەفەرمووێت: ﴿وە (ئەی پێغەمبەر ﷺ) تۆ هەتاهەتایە نوێژ مەکە لەسەر ھیچ کەسێک لەوانە کاتێك مرد وە ڕامەوەستە لەسەر گۆڕەکەی بێگومان ئەوانە بێ باوەڕ بوون بە خودا و پێغەمبەرەکەی و ئەوانە مردن لەکاتێکدا بەردەوام بوون لەسەر سنوور شکاندن﴾ [التوبة: 84]، وخوادی گەورە لەم ئایەتە پیرۆزەدا ڕوونی کردۆتەوە کە دووڕوو و کافر (بێباوەڕ) نوێژیان لەسەر ناکرێت؛ بەھۆی بێباوەڕییان بە خودا و پێغەمبەرەکەی، وە بەھەمان شێوە نوێژ لە دواوەیان ناکرێت، وە ناکرێن بە پێشنوێژی موسڵمانان؛ لەبەر بێباوەڕییان و نەبوونی سپاردە و دەستپاکییان، وە لەبەر ئەو دوژمنایەتیە گەورەیەی کە لە نێوان ئەوان و موسڵماناندا ھەیە، وە بەهۆی ئەوەی ئەوان لە كۆمەڵی نوێژخوێنان و پەرستكاران نین؛ چونکە کوفر و شیرک (بێباوەڕی و ھاوەڵدانان بۆ خودا) ھیچ کردەوەیەکیان لەگەڵدا نامێنێتەوە، داوا لە خودا دەکەین سەلامەتی و پارێزراویمان پێ ببەخشێت لێیان. وسەبارەت بە خواردنی سەربڕدراوەکانی موشریكەكان: بۆ ڕوونکردنەوەی حەرامێتی مردارەوە بوو وسەربڕدراوەکانی موشریكەكان؛ خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿لەو (سەربڕاوە) مەخۆن کە ناوی خودای لەسەر نەھێنراوە (لەکاتی سەربڕیندا) بێگومان (خواردنی) ئەوە تاوان و لەسنوور دەرچوونە وە بێگومان شەیتانەکان بە نھێنی شت بە دۆستانیان دەڵێن بۆ ئەوەی مشتومڕ و دەمە دەمێتان لەگەڵدا بکەن جا ئەگەر بەگوێیان بکەن ئەوە بێگومان لەھاوبەش دانەران دەبن﴾ [الأنعام: 121]، وخودای گەورە قەدەغەی كردووە لە موسڵمانان کە گۆشتی مردارەوەبوو و سەربڕدراوی کەسی موشریک بخۆن؛ چونکە پیسە، و سەربڕدراوی موشریك حوكمەكەی وەكو حوکمی مردارەوەبوو وایە، ئەگەرچیش ناوی خودای گەورەی لەسەر بھێنێت؛ چونکە ناوھێنانەكە لەلایەن ئەوەوە پوچەڵە و ھیچ کاریگەرییەکی نییە، لەبەرئەوەی ئەم کارە پەرستنە، وە ھاوەڵ بڕیاردانیش پەرستن پووچەڵ و بەتاڵ دەکاتەوە، هەتاوەکو کەسی ھاوەڵبڕیاردەر (موشریك) تەوبە دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ لای خودای گەورە. وە خودای گەورە -جل جلاله- سەربڕاوی خاوەن كتێبەكانی (ئەهلی کیتابی) حەڵاڵ کردووە، هەروەکو دەفەرمووێت: ﴿...وە سەربڕاوی ئەھلی کتاب حەڵاڵە بۆتان وە سەربڕاوی ئێوەیش حەڵاڵە بۆ ئەوان...﴾ [المائدة: 5]، چونکە ئەوان خۆیان دەدەنە پاڵ ئاینێکی ئاسمانی، وە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شوێنکەوتووی موسا و عیسان، هەرچەندە لەمەیشدا درۆزنن، وە خودای گەورە ئاینەکەیانی هەڵوەشاندەوە و پوچەڵی کردەوە بە ناردنی پێغەمبەر موحەممەد -صلی الله علیه وسلم- بۆ هەموو خەڵکی، بەڵام خودای گەورە خواردن و ئافرەتانی خاوەن كتێبەكانی بۆ ئێمە حەڵاڵ کردووە؛ بەهۆی حیکمەتێکی گەورە و چەند نهێنیەكی ڕەچاوکراو، کە زانایان ڕوونیان کردۆتەوە، بە پێچەوانەی موشریکەکان لە بتپەرستان و ئەوانەی مردووەکان دەپەرستن، جا ئەو مردووانە پێغەمبەران بن یان پیاوچاکان یان جگە لەوانیش؛ چونکە ئاینەکەیان هیچ بنچینەیەکی نییە، و هیچ شتێکی هاوشێوەی هەق وڕاستی تێدا نییە، بەڵکو لە بنچینەوە پوچەڵە، بۆیە سەربڕاوەکانیان مردارەوەبووە، وە خواردنی حەڵاڵ نییە.
بەڵام كاتێك کەسێک بە یەكێكی تر دەڵێت: (جنۆکە تووشت بووە)، (جنۆکە تۆی بردووە)، (شەیتان تۆی فڕاندووە)، وهاوشێوەکانی، ئەوا ئەمە لە بابەتی جوێن وتانەدانە، وئەمە دروست نییە لە نێوان مسوڵماناندا؛ وەکو هەموو جۆرەکانی تری جوێن وتانەدان، وئەمە ناچێتە چوارچێوەی شیرکەوە، مەگەر ئەو کەسەى ئەمە دەڵێت باوەڕی وابێت کە جنۆکە دەسەڵاتیان هەیە بەسەر خەڵکیدا بە بێ مۆڵەت و ویستی خودای گەورە. وهەرکەسێک باوەڕی وابێت سەبارەت بە جنۆکە یان هەر بوونەوەرێکی تر، ئەوا بەهۆی ئەم بیروباوەڕەوە کافر دەبێت؛ چونکە خودای گەورە -سبحانه- خاوەنی هەموو شتێکە، و بەسەر هەموو شتێکدا بەتوانایە، و سوود پێگەیاندن و زیان لێدان بە تەنها لەژێر دەسەڵاتی ئەودایە، و هیچ شتێک ڕوونادات مەگەر بە مۆڵەت و ویست و قەدەری پێشینەی ئەو نەبێت، هەروەکو فەرمان بە پێغەمبەرەکەی دەكات (ﷺ) كە خەڵکی ئاگادار بکاتەوە لەم بنەما گەورەیە؛ -جل جلاله- دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: من خاوەنی ھیچ سوود و زیانێک نیم بۆ خۆم مەگەر ئەوەی خودا بیەوێت ئەگەر من غەیب و شتە نادیارەکانم بزانیایە خێر و خۆشی زۆرم بەدەست دەھێنا وە ھیچ خراپە و زیانێکم پێ نەدەگەیشت من تەنھا ترسێنەر و مژدەدەرم بۆ خەڵکانێک کە باوەڕ دەھێنن﴾ [الأعراف: 188]. وکاتێک گەورەی خوڵقێنراوەكان و باشترینیان -صلى اللە علیە وسلم- سوود و زیان گەیاندن بە خۆی لە ژێر دەسەڵاتیدا نەبێت، مەگەر بە ویستی الله نەبێت، ئیتر حاڵی خوڵقێنراوەكانی تر چۆنە؟! وئایەتەکانیش لەم بارەیەوە زۆرن.
بەڵام پرسیارکردن لە فاڵگرەوەکان وتەڵەکەبازەکان وئەستێرەناسەکان وهاوشێوەکانیان، لەوانەی کە هەواڵی شتە نەزانراوەکان (غەیبیەکان) دەدەن، ئەوا کارێکی نکۆڵی لێکراوە وڕێگەپێدراو نییە، و بە ڕاستدانانیان توندترە وزیاتر نکۆڵی لێکراوە، بەڵکو یەکێکە لە لقەکانی کوفر؛ بەهۆی فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ: «هەرکەسێک بڕوات بۆ لای فاڵگرەوەیەک وپرسیاری شتێکی لێبکات؛ ئەوا چل ڕۆژ نوێژی لێ وەرناگیرێت». مسلم گێڕاویەتیەوە لە سەحیحەكەیدا ولە هەمان سەرچاوەدا هاتووە لە معاویەی کوڕی حەکەمی سولەمییەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لە چوون بۆ لای فاڵگرەوەكان (کاهینەکان) وداوا كردن لێیان».
وخاوەنی سونەنەکان گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەرکەسێک بچێتە لای فاڵگرەوەیەك (کاهینێک)، وبڕوای پێبکات لەوەی کە دەیڵێت؛ ئەوا کوفری کردووە بەوەی کە دابەزیوە بۆ سەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-». وئەو فەرموودانەى ئاماژە بۆ ئەم مانایە دەکەن زۆرن. وبۆیە واجبە لەسەر مسوڵمانان: ئاگادار بن لە پرسیارکردن لە کاهین و فاڵگرەوەکان، و هەموو تەڵەکەبازەکانی تر، ئەوانەی خەریکی هەواڵدانن دەربارەی شتە غەیبیەکان، و چەواشەکردنی مسوڵمانانن، جا چ بەناوی پزیشکییەوە بێت یان جگە لەمە، بەهۆی ئەوەی پێشتر باسكرا لە نەهی كردن و هۆشداریدانی پێغەمبەر ﷺ لەم بابەتە، وهەروەها دەچێتە نێو ئەم بابەتەوە: ئەو شتانەى هەندێک کەس بانگەشەی بۆ دەکەن بە ناوی پزیشکییەوە، لە شتە غەیبیەکان، ئەگەر مێزەرى نەخۆشەکە، یان سەرپۆشی ئافرەتە نەخۆشەکە، یان شتی لەو جۆرەى بۆن کرد، دەڵێت: ئەم نەخۆشە یان ئەم ئافرەتە نەخۆشە فڵانە کاری کردووە، لەو شتە غەیبیانەى کە لە مێزەرى نەخۆشەکە وهاوشێوەکانیدا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نییە، بەڵکو مەبەست لێی هەڵخەڵەتاندن و چەواشە كردنی خەڵکیە، بۆ ئەوەى بڵێن: کە ئەو شارەزایە لە پزیشکیدا، وشارەزای جۆرەکانی نەخۆشی وهۆکارەکانیەتی، ولەوانەیە هەندێک دەرمانیان پێبدات، ولەوەیە شیفایان بۆ بێت بە قەدەری خودا، ئیتر وا گومان دەبەن کە بەهۆی دەرمانەکەی ئەوەوە بووە، و لەوانەیە نەخۆشیەکە بەهۆی هەندێک لە جنۆکە و شەیتانەکانەوە بێت، کە خزمەتی ئەو کەسە دەکەن کە بانگەشەی پزیشکی دەکات، و هەواڵی هەندێک لەو شتە غەیبیانەی پێدەدەن کە سەبارەتی دەزانن، ئەویش پشتی پێدەبەستێت، و جنۆکە و شەیتانەکان ڕازی دەکات بەو پەرستنەی کە بۆ ئەوان گونجاوە، ئەوانیش لەسەر ئەو نەخۆشە لادەچن، و واز لەو ئازاردانە دەهێنن کە تووشیان کردبوو، ئەمە شتێکی زانراوە دەربارەی جنۆکە و شەیتانەکان و ئەو کەسانەی بەکاریان دەهێنن.
هەروەها واجبە لەسەر مسوڵمانان: خۆیان بپارێزن لەمە، وئامۆژگاری یەکتر بکەن بە وازهێنان لێی، وپشت بە خوداى گەورە ببەستن -سبحانه-، وتەوەکولیان بە ئەو بێت لە هەموو کاروبارەکاندا، و بەکارهێنانی ڕوقیەی شەرعی و دەرمانە ڕێگەپێدراوەکان دروستە، بەهەمان شێوە چارەسەرکردن وەرگرتن لەلای پزیشکان کە پشکنین بۆ نەخۆش دەکەن ودڵنیا دەبنەوە لە نەخۆشییەکەی بە هۆکارە هەستپێکراو و ماقوڵەکان، وە لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم- كە دەفەرمووێت: «خوداى گەورە هەر نەخۆشیەکی دابەزاندبێت، ئەوا چارەسەرێکی بۆ دابەزاندووە، زانیویەتی سەبارەتی؛ ئەو کەسەی كە زانستی سەبارەتی هەیە، ونەیزانیوە سەبارەتی؛ ئەو کەسەی كە لێی نازانێت». وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەموو نەخۆشیەک دەرمان وچارەسەرێکی هەیە، ئەگەر چارەسەر ودەرمانی نەخۆشیەکە بەکارهێنرا ئەوا چاک دەبێتەوە بە ئیزنی خوداى گەورە». وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەی بەندەکانی خودا، چارەسەر وەربگرن وبە -شتی- حەرام چارەسەر وەرمەگرن». وئەو فەرموودانەى ئاماژە بۆ ئەم مانایە دەکەن زۆرن.
وداواکارین لە خوداى گەورە کە بارودۆخی هەموو مسوڵمانان چاک بکات، ودڵ و لاشەیان شیفا بدات لە هەموو نەخۆشی وخراپەیەک، ولەسەر هیدایەت کۆیان بکاتەوە، وئێمە وئەوانیش بپارێزێت لە فیتنە گومڕاکەرەکان و لە گوێڕایەڵی کردنی شەیتان و دۆستەکانی، بەڕاستی ئەو بەسەر هەموو شتێکدا بەتوانایە، و هیچ هێز و توانایەکمان نییە مەگەر ئەوە نەبێت كە خوداى گەورە و باڵادەست پێمانی دەبەخشێت.
وصلى الله وسلم وبارك على عبده ورسوله نبينا محمد وآله وصحبه.
پهیامی چوارەم:
حوکمی ئەنجامدانی پەرستن بە ویردە بیدعی و شیرکیەكان
لە (عبد العزيز بن عبد الله بن باز)ەوە بۆ برای بەڕێزم (.........)، خودا بۆ هەموو خێرێک ڕێنموێنی بکات، ئامین.
سلام علیكم ورحمة الله وبركاته.
وپاشان: بێ گومان نووسراوەکەتانم پێگەیشت، خوداى گەورە بەهیدایەتی بەسەرتان بکاتەوە، وە ئەوەی تێیدا بوو لە ئاماژەدان بەوەی کە لە وڵاتەکەتاندا خەڵکانێک هەن دەستیان گرتووە بە کۆمەڵێک ویردەوە کە خودای گەورە هیچ بەڵگەیەکی لەسەر دانەبەزاندووە، هەندێکیان بیدعین و هەندێکیشیان شیرکین، وە ئەو ویردانە دەدەنە پاڵ ئەمیری باوەڕداران: عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب -خودا لێی ڕازی بێت- و جگە لەویش. وە ئەو ویردانە دەخوێننەوە لە کۆڕەکانی زیکردا، یان لە مزگەوتەکاندا لە دووای نوێژی ئێوارە، بەو بانگەشەیەی کە ئەم کارەیان مایەی نزیکبوونەوەیە لە خودای گەورە، وەکو ئەوەی كە دەڵێن: بە هەقی خودا، ئەی پیاوچاکانی خودا، یارمەتیمان بدەن بە یارمەتی خودا، وە ببنە یارمەتیدەرمان. هەروەها وەكو ئەوەی كە دەڵێن: ئەی قوتبەکان، و ئەی گەورەکان، وهڵاممان بدهنهوه ئەی ئەوانەی یارمەتیدەرمانن، تکاکاریمان بۆ بکەن لەلای خودا، ئەمە بەندەکەتانە لەبەر دەرگاتان ڕاوەستاوە و جێگیر بووە، و لە کەمتەرخەمییەکانی خۆی دەترسێت، بەهانامانەوە بێ ئەی پێغەمبەری خودا، چونکە جگە لە ئێوە ھیچ کەسێکی ترم نییە ڕووی تێبکەم، و داواکاری و مەبەست ھەر لە ئێوەوە بەدی دێت، و ئێوە کەسە نزیکەکانی خودان، بە هەقی حەمزەی سەروەری شەھیدان، و لە ئێوەوە یارمەتی و پشتیوانیمان دەوێت، بەهانامانەوە بێ ئەی پێغەمبەری خودا. و وەكو ئەوەی كە دەڵێن: خودایە درود بڕژێنە بەسەر ئەو کەسەی کە کردووتە بە هۆکارێک بۆ دەرکەوتنی نهێنییە مەزنەكانت وگەشانەوەی ڕۆشناییە -نورە- ڕەحمانییەکانت، بەمەیش بووە بە نوێنەری حەزرەتی ڕەببانی، وجێنشینی نهێنییە زاتییەکانت.
وە ئارەزووتان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چی بیدعەیە، و چی شیرك و هاوەڵ بڕیاردانە، و ئایا نوێژکردن دروستە لە دوای ئەو پێشنوێژەی کە ئەم جۆرە دۆعایانە دەکات، هەموو ئەمانە زانراو بوو؟
وەڵام: الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده، وعلى آله وصحبه، ومن اهتدى بهداه إلى يوم الدين.
وپاشان: بزانە ـ خوداى گەورە ڕێنموێنیت بكات ـ کە خوداى گەورەى پاک و بێگەرد دروستکراوەکانی دروستکردووە و پێغەمبەرانی ناردووە (درود وسەلامی خودایان لێبێت) بۆئەوەی بە تەنها الله بپەرسترێت نەك هیچ یەكێكی تر، و هیچ هاوبەشێکی بۆ بڕیار نەدرێت، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە من جنۆکە وئادەمیزادم تەنھا بۆ ئەوە دروست کردووە کە بەندایەتی بۆ من بکەن﴾ [الذاريات: 56].
وپەرستن -وەک پێشتر ڕوونکرایەوە- بریتییە لە: گوێڕایەڵی کردنی ئەو -سبحانه- وگوێڕایەڵی کردنی پێغەمبەرەکەی موحەممەد ﷺ؛ بە ئەنجامدانی ئەوەی خوداى گەورە وپێغەمبەرەکەی فەرمانیان پێکردووە، و وازلێهێنان لەوەی خوداى گەورە وپێغەمبەرەکەی نەهییان لێکردووە؛ لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە خوداى گەورە وپێغەمبەرەکەی، ودڵسۆزی -ئیخلاص- بۆ خوداى گەورە لە کردەوەدا، لەگەڵ ئەوپەڕی خۆشەویستی بۆ خوداى گەورە، وتەواوی زەلیل بوون بە تەنها بۆ ئەو -سبحانه وتعالی- نەك بۆ هیچ یەكێكی تر؛ هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە پەروەردگارت بڕیاریداوە کە ھیچ شتێک نەپەرستن بێجگە لە ئەو...﴾ [الإسراء: 23] واتە: فەرمان و ڕاسپاردەی کردووە کە بە تاک وتەنها ئەو بپەرسترێت، وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ھەموو سوپاس وستایشێك بۆ خودای پەروەردگاری جیھانیان (2) بەخشندەی میھرەبان (الرحمن) بەو مانایەی ڕەحم وبەزەیی پەروەردگار لەم جیھانەدا ھەمووانی گرتوەتەوە بە بێباوەڕانیشەوە، وە (الرحیم) ڕەحم وبەزەیی پەروەردگار وەك زانایان دەڵێن تایبەتە بە بڕواداران لەڕۆژی دواییدا (3) تەنھا ئەوە خاوەنی ڕۆژی سزا وپاداشت دانەوە (4) (خودایە) تەنھا تۆ دەپەرستین (تەنھا تۆیت شایستەی پەرستن وجگە لە تۆ ھیچ کەس شایستەی ئەوە نیە)، وە تەنھا لە تۆ داوای یارمەتی دەکەین (لەھەموو کار وکردەوە وپێداویستیەکماندا، چونکە ھەموو فەرمانێك بەدەستی تۆیە، جگە لە تۆ ھیچ کەس بەئەندازەی گەردیلەیەک خاوەنی ھیچ شتێک نییە) (5)﴾ [الفاتحة: 2 - 5]. خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- بەم ئایەتانە ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە تەنها ئەو شایستەی پەرستنە، وە تەنها داوای یارمەتی لە ئەو دەکرێت. خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿بێگومان ئێمە بەھەق و ڕاستی قورئانمان بۆ تۆ ھێناوەتە خوارەوە کەواتە خودا بپەرستە و بە تەنھا ھەر بۆ ئەو ملکەچ بە (2) بێداربە ئاینی (گەردنکەچی) پاك و خاوێن ھەر بۆ خودایە...﴾ [الزمر: 2- 3]، وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿کەواتە لە خودا بپاڕێنەوە و بە پاکی ودڵسۆزی و بۆی گەردن کەچ بن ھەرچەندە بێباوەڕانیش پێیان ناخۆش بێت﴾ [غافر: 14]، وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿بێگومان مزگەوتەکان بۆ پەرستنی خودان بەتەنھا، جگە لەئەو کەسی تری تێدا نەپەرسترێت، کەواتە لەگەڵ خودا ھاوار لە کەسی تر مەکەن﴾ [الجن: 18]، وئەو ئایەتانەى کە ئاماژەن بۆ ئەم بابەتە زۆرن، وهەموویان بەڵگەن لەسەر واجبێتی بە تاکدانانى خوداى گەورە لە پەرستندا.
وە زانراوە کە پاڕانەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە ؛ پەرستنە، بۆیە نابێت هیچ کەسێک لە خەڵکی بپاڕێتەوە و داوای بەهاناوە هاتنیان لێ بکات مەگەر لە پەروەردگاری خۆی نەبێت، ئەمەیش وەک کارکردنێک بەو ئایەتە پیرۆزانە، و ئەو ئایەتانیش کە بە هەمان واتا هاتوون. وئەمە داوا كردنی یارمەتی ناگرێتەوە لە کاروباری ئاسایی و هۆکارە هەستپێکراوەکاندا، کە خوڵقێنراوی زیندووی ئامادە توانای بەسەردا هەبێت، ئەم جۆرە داواكردنی یارمەتیە بە پەرستن دانانرێن، بەڵکو بە دەقی قورئان وسوننەت وکۆدەنگی زانایان دروستە؛ كە مرۆڤ داوای یارمەتی لە مرۆڤێکی زیندووی بەتوانا بکات، لەو کاروبارانەى ئاسایین بەمەرجێك توانای بەسەردا هەبێت؛ وەکو ئەوەى داوای یارمەتی یان بەهاناوە هاتنی لێبکات بۆ دوورخستنەوەی خراپەى کوڕەکەى یان خزمەتکارەکەى یان سەگەکەى و هاوشێوەکانی. یان بۆ نمونە مرۆڤ داوای یارمەتی لە مرۆڤێکی زیندووی ئامادەی بەتوانا بکات، یان لە کەسێکی ئامادەنەبوو لە ڕێگەی هۆکارە هەستپێکراوەکانەوە وەک نامە نووسین وهاوشێوەکانی، بۆ دروستکردنی خانووەکەی، یان چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی، یان شتی هاوشێوەی ئەمانە، وە ئەمانەیش دەگرێتەوە: داوای بەهاناوە هاتنی مرۆڤ لە هاوەڵەکانی لە جیهاد وجەنگدا، و هاوشێوەکانی. لەم بارەیەوە خوداى گەورە لە چیرۆکی موسادا -عليه الصلاة والسلام- دەفەرمووێت: ﴿... ئەمجا ئەوەیان کە لە كۆمەڵەكەی خۆی بوو داوای یارمەتی لێکرد لەدژی ئەوەی کە لە(تاقمی) دوژمنەکەی بوو ...﴾ [القصص: 15].
سەبارەت بە داواى بەهاناوە هاتن لە مردووەکان، وجنۆکە وفریشتەکان، ودار وبەردەکان؛ ئەمە شیرکی گەورەیە، هەروەها لە هەمان جۆری کردەوەی موشریکەكانی پێشووە لەگەڵ پەرستراوەکانیان؛ وەک عوزا و لات وهاوشێوەکانیان، بەهەمان شێوە داواى بەهاناوە هاتن وداواى یارمەتی لەو زیندووانەى کە باوەڕی وایە لە پیاوچاکانن لە شتێكدا كە کەس توانای بەسەردا نییە جگە لە الله؛ شیركە، وەک شیفای نەخۆشەکان، وهیدایەتدانی دڵەکان، وچوونە نێو بەهەشت، وڕزگاربوون لە ئاگری دۆزەخ، وهاوشێوەی ئەمانە.
وئەو ئایەتانەی پێشتر باسکران، وئەو ئایەت وفەرموودانەی کە بە هەمان واتا هاتوون: هەموویان بەڵگەن لەسەر واجبێتی ئاراستەکردنی دڵەکان بۆ لای الله لە هەموو کاروبارێکدا، وە دڵسۆزبوون لە پەرستندا تەنها بۆ الله؛ چونكە بەندەکان هەر بۆ ئەمە دروستکراون، وە هەر بەمەیش فەرمانیان پێکراوە -هەروەکو لە ئایەتەکاندا پێشتر باسکرا-، وهەروەها پەروەردگار -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿بەس خودا بپەرستن، و ھیچ شتێک مەکەن بەھاوبەشی...﴾ [النساء: 36]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿(لەگەڵ ئەوەیشدا) کە فەرمانیان پێ نەدرا بوو مەگەر بەوەی کە پەرستشی خودا بکەن بە دڵسۆزی وملکەچی بن...﴾ [البينة: 5]، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە فەرموودەکەى موعازی کوڕی جەبەلدا -خودای لێ ڕازی بێت- دەفەرمووێت: «مافى خوداى گەورە لەسەر بەندەکانى ئەوەیە بیپەرستن و بەهیچ شێوەیەک هاوبەشی بۆ بڕیار نەدەن». [بوخاری وموسلیم بەهاوبەشی گێڕاویانەتەوە]، ولە گێڕانەوەی ئیبن مەسعود دا هاتووە -ڕەزای خودای لێبێت- كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەر کەسێک بمرێت لە سەر پاڕانەوە لە جگە لە الله؛ ئەوا دەچێتە دۆزەخەوە». [البخاري گێڕاویەتیەوە]. وە لە هەردوو سەحیحەکەدا لە فەرموودەی ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خودایان لێبێت- هاتووە، کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کاتێک موعازی نارد بۆ یەمەن، پێی فەرموو: «تۆ دەچیت بۆ لای کەسانێک لە ئەهلی کتێب (جولەکە ونەسڕانیەکان) با یەکەم شت کە ئەوانی بۆ لا بانگ دەکەیت ؛ بریتی بێت لە شاهێدیدان بە (لا إله إلا الله) واته: (هیچ شتێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق جگە لە خودا -الله-).» ولە گێڕانەوەیەکدا: «بانگیان بکە بۆ شاهێدی دان بە (لا إله إلا الله وأني رسول الله) (واتە: هیچ شتێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق جگە لە خودا -الله- ومن -موحەمەد- پێغەمبەری خودام)» لە ڕیوایەتی بوخاریدا ھاتووە: «با یەکەم بانگەوازیت لەنێوانیان؛ بە تاكدانانی خودای گەورە بێت لە پەرستشەکاندا». ولە سەحیحی مسلم دا هاتووە: لە تاریقی کوڕی ئەشیەمی ئەشجەعیەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەوەی بڵێت: (لَا إِلَهَ إِلَّا الله)، وکوفر بکات بەوەی دەپەرسترێت جگە لە خودای گەورە؛ ئەوا ماڵ وخوێنی ئەو کەسە حەرامە، ولێپرسینەوەی ئەو کەسە لای خودای گەورەیە -جَلَّ جَلَالُهُ-». وئەو فەرموودانەى ئاماژە بۆ ئەم مانایە دەکەن زۆرن.
وئەم یەكخواپەرستیە -تەوحیدە- بنچینەى ئیسلامە، وە بنەما ولەتکەی ئاینەکەیە، وە گرنگترین فەرزەکانە، وە مەبەستە لە دروستکردنی مرۆڤ و جنۆکە، وە مەبەستە لە ناردنی هەموو پێغەمبەران، درود وسڵاوی خودایان لەسەر بێت، هەروەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەو ئایەتانە کرد کە بەڵگەن لەسەر ئەم باسە، وە لەوانەیش: فەرمایشتی خوادى گەورە -سبحانه وتعالی- : ﴿وە من جنۆکە وئادەمیزادم تەنھا بۆ ئەوە دروست کردووە کە بەندایەتی بۆ من بکەن﴾ [الذاريات: 56]. هەروەها لە بەڵگەکان لەسەر ئەم بابەتە: خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خودا لەناو ھەموو گەل و ئوممەتێکدا پێغەمبەرێکمان ناردووە (کە فەرمان دەکەن بە خەڵکی) بەوەی تەنھا خودا بپەرستن و دوور بکەونەوە لە (پەرستنی) ھەر پەرستراوێکی تر...﴾ [النحل: 36]، وخودای گەورە -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿وە ئێمە نەمان ناردووە پێش تۆ ھیچ پێغەمبەرێک مەگەر نیگامان بۆ ناردووە (بەوەی کە) بێگومان جگە لە من ھیچ پەرستراوێکی تر ڕاست نیە کەواتە تەنھا من بپەرستن﴾ [الأنبياء: 25]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت سەبارەت بە نوح و هود و ساڵح و شوعەیب -عليهم الصلاة والسلام-، کە بە گەلەکەیان فەرموو: ﴿...خودا بپەرستن وھیچ پەرستراوێکتان نیە بێجگە لە ئەو...﴾ [الأعراف: 59]، وئەمە بانگەوازی هەموو پێغەمبەران بووە، هەروەكو دوو ئایەتەكەی پێشوو ئاماژەیان پێکرد، وە دوژمنانی پێغەمبەرانیش دانیان بەوەدا ناوە کە پێغەمبەران فەرمانیان پێکردوون بە تەنهادانانی خوداى گەورە لە پەرستندا، و وازهێنان لە پەرستراوەکانی تر جگە لە ئەو، هەروەك خودای گەورە -جل جلاله- لە بەسەرهاتی عاد دا دەفەرمووێت، کە بە هودیان ووت -عليه الصلاة والسلام-: ﴿...ئایا بۆ ئەوە ھاتووی بۆ ناومان کە بە تەنھا خودا بپەرستین وە واز بھێنین لەوەی باوک و باپیرانمان دەیانپەرستن...﴾ [الأعراف: 70]، ودەربارەی قوڕەیش کاتێک پێغەمبەرمان موحەممەد ﷺ بانگی کردن بۆ ئەوەی تەنھا خودای گەورە بپەرستن، وە واز لە پەرستنی ئەوانە بھێنن کە لە جیاتی الله دەیانپەرستن، وەک فریشتەکان و پیاوچاکان و بتەکان و درەختەکان، و جگە لەوانیش؛ خودای گەورە قسەكانیان دەگێڕێتەوە ودەفەرمووێت: ﴿ئایا ئەو (پێغەمبەرە) ھەموو خواکانی کردوەتە یەك خودا بەڕِاستی ئەمە (کە یەك خودا -پەرستراو- هەبێت) شتێکی زۆر سەرسوڕھێنەرە﴾ [ص: 5]. وخودای گەورە -سبحانه وتعالی- دەربارەیان دەفەرمووێت: ﴿بەڕاستی ھەر کاتێك بە ئەوانە بووترایە ھیچ پەرستراوێکی هەق و ڕاست نیە بێجگە لە الله، خۆیان بە گەورە دەزانی (35) وە دەیانووت: ئایا ئێمە واز لە پەرستراوەکانمان بھێنین؟ لە بەر شاعیرێکی شێت (36)﴾ [الصافات: 35-36]، وئەو ئایەتانەی ئاماژە بۆ ئەم مانایە دەکەن زۆرن.
ولەو ئایەت وفەرموودانەى کە باسمان کرد: بۆت ڕوون دەبێتەوە -خودای گەورە من وتۆیش ڕێنموێنی بکات بۆ تێگەیشتن لە ئاین وبینایی بۆ ناسینی مافی پەروەردگاری جیهانیان- کە ئەم نزایانە وجۆرەکانی داواى بەهاناوە هاتن -کە لە پرسیارەکەتدا ئاماژە بۆ کردبوو-، هەمووی لە جۆرەکانی شیرکی گەورەیە؛ چونکە پەرستنی جگە لە الله یە، وداواکردنی شتانێکە کە هیچ کەسێک جگە لە الله توانای بەسەردا نییە، لە مردووەکان وئەوانەى ئامادە نین، ئەمەیش قێزەونترە لە شیرکی پێشینەکان؛ چونکە پێشینەکان تەنها لە کاتی خۆشیدا دەکەوتنە هاوبەش پەیدا کردنەوە، بەڵام لە کاتی تەنگانە و ناڕەحەتیدا پەرستنیان بە دڵسۆزییەوە تەنھا بۆ خودای گەورە ئەنجام دەدا؛ چونکە دەیانزانی کە تەنها ئەو -سبحانە وتعالی- بەتوانایە بۆ ڕزگارکردنیان لەو تەنگانەیە، نەک هیچ کەسێکی تر، هەروەک خودای گەورە لە کتێبە ڕوون و ئاشکراکەیدا دەربارەی ئەو موشریک و بتپەرستانە دەفەرمووێت: ﴿ئەمجا کاتێك ئەو (بێ باوەڕانە) سوار کەشتی دەبن (و دەترسن لە نوقم بوون) تەنھا ھاوار لە خودا دەکەن بە دڵسۆزی و گەردن کەچیەوە کەچی کاتێك خوا ڕزگاریان دەکات و دەگەنە وشکانی کتوپڕ ئەوان ھاوبەش بۆ خوا دادەنێن﴾ [العنکبوت: 65]، وخودای گەورە -سبحانه وتعالی- لە ئایەتێکى تردا ڕوویان تێدەکات و دەفەرمووێت: ﴿جا کاتێک لە دەریادا تووشی بەڵا و زیان بێن ھەموو ئەو (پەرستراوانەی) ھاواریان لێ دەکەن ون دەبن بێجگە لە خودا کەچی کاتێک کە (خودا) ڕزگارتان دەکات و دەگەنە وشکانی ڕوو وەردەگێڕن (لە خودا) (چونکە) ئادەمی ھەمیشە سپڵە و ناسوپاسە﴾ [الإسراء: 67].
جا ئەگەر یەکێک لە موشریکانی پاشینە بڵێت: ئێمە مەبەستمان ئەوە نییە کە ئەوانە بەخۆیان سوود دەگەیەنن، و بەخۆیان نەخۆشەکانمان چاک دەکەنەوە، یان بەخۆیان زیانمان پێ دەگەیەنن، بەڵکو لەم كارەمان تەنها مەبەستمان شەفاعەتیانە بۆ ئێمە لەلای خودای گەورە؟
لە وەڵامدا پێی دەوترێت: بێگومان ئەمە مەبەست و ئامانجی بێباوەڕانی پێشین بووە، وە مەبەستیان ئەوە نەبووە کە پەرستراوەکانیان بخوڵقێنن یان ڕۆزی بدەن، یان بەخۆیان سوودێک بگەیەنن یان زیانێک، چونکە ئەم بانگەشەیان پوچەڵ دەبێتەوە بەوەی کە خودای گەورە لە قورئاندا سەبارەت بە ئەوان باسی کردووە، و ئەوان شەفاعەت و پلە و پایەی پەرستراوەكانیان ویستووە، وە بۆئەوەی لە خودای گەورە نزیکیان بكەنەوە، هەروەک خودای گەورە -سبحانە وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿ئەوانە بێجگە لە خودا شتانێک دەپەرستن کە نە زیانیان پێ دەگەیەنن نە سوود وە دەڵێن ئەو بتانە تکاکارمانن لەلای خودا...﴾ [يونس: 18]، وخوداى گەورە وەڵامیانی داوەتەوە و دەفەرمووێت: ﴿...بە ئەوانە بڵێ ئایا ئێوە ھەواڵ دەدەن بە خودا سەبارەت بە شتێک لە ئاسمانەکان و زەویدا هەبێت و خودا پێی نەزانێت؟! خودا پاک و بێگەرد و بڵندە لەوەی کە دەیکەنە ھاوبەشی﴾ [يونس: 18]، بۆیە خودای گەورە ڕوونی کردەوە کە لە ئاسمانەکان و زەویدا هیچ تکاکارێک نییە لەلای خودا بەو شێوەیەی کە موشریكەكان مەبەستیانە، وە هەر شتێک کە لە زانستی خودای گەورەدا بوونی نەبێت، ئەوا هەرگیز بوونی نییە؛ چونکە ئەو زاتە پاکە هیچ شتێکی لێ شاراوە نییە. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەم قورئانە ھێنراوەتە خوارەوە لە لایەن خودای باڵادەست و داناوە (1) بێگومان ئێمە بەھەق و ڕاستی قورئانمان بۆ تۆ ھێناوەتە خوارەوە کەواتە خودا بپەرستە و بە تەنھا ھەر بۆ ئەو ملکەچ بە (2) بێدار بە ئاینی (گەردنکەچی) پاك و خاوێن ھەر بۆ خودایە وە کەسانێك جگە لە (خودا) چەند پەرستراوێکیان بۆ خۆیان داناوە (دەڵێن) تەنھا لەبەر ئەوە دەیان پەرستین نزیکمان بکەنەوە لە خوا بێگومان خودا بڕیار دەدات لە نێوانیاندا لەو شتانەدا کە ئەوان تیایدا جیاواز بوون بەڕاستی خوا ڕێنمونی کەسێك ناکات کە درۆزنی زۆر بێ باوەڕە (3)﴾ [الزمر: 1-3].
واتای ئاین لێرەدا: پەرستنە، ئەمیش بریتیە لە: گوێڕایەڵی کردنی خودای گەورە وپێغەمبەرەکەی ﷺ -هەروەک پێشتر باسکرا-، وهەروەها ئەمانەیش پەرستنن: پاڕانەوە وهاوارکردن (داوای بەهاناوە هاتن وفریاکەوتن)، وترس وئومێد، وسەربڕین ونەزر، نوێژ وڕۆژوو، وپەرستنەكانی تریش؛ لەو شتانەی کە خوکای گەورە وپێغەمبەرەکەی فەرمانیان پێکردووە. وخوداى گەورە -سبحانه وتعالى- ڕوونی کردەوە کە دەبێت پەرستن تەنها بۆ ئەو زاتە ئەنجام بدرێت، و واجبە لەسەر بەندەکان لە جێبەجێكردنیدا دڵسۆز بن تەنها بۆ ئەو زاتە -جل جلاله-؛ چونکە فەرمانى كردووە بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەوەی لە پەرستندا دڵسۆز بێت بۆ ئەو، ئەمیش فەرمانێکە بۆ هەموو تاکەکانى ئەم ئوممەتە.
وپاشان خودای گەورە -عز وجل- لەبارەی کافرەکانەوە دەفەرمووێت: ﴿وە کەسانێك جگە لە (خودا) چەند پەرستراوێکیان بۆ خۆیان داناوە (دەڵێن) تەنھا لەبەر ئەوە دەیان پەرستین نزیکمان بکەنەوە لە خودا﴾ [الزمر: 3]. وخوداى گەورە بە فەرمایشتی خۆی وەڵامی داونەتەوە: ﴿...بێگومان خودا بڕیار دەدات لە نێوانیاندا لەو شتانەدا کە ئەوان تیایدا جیاواز بوون بەڕاستی خودا ڕێنمونی کەسێك ناکات کە درۆزنی زۆر بێ باوەڕە﴾ [الزمر: 3]، وخودای گەورە -سبحانه- لەم ئایەتە پیرۆزەدا ڕوونی دەکاتەوە: کە بێباوەڕان پیاوچاكانیان پەرستووە لەجیاتی خودا؛ تەنها لەبەر ئەوەی کە لە خوای گەورە نزیکیان بکەنەوە، ئەمە مەبەستی بێباوەڕان بووە لە ڕابردوو و ئێستادا، وە خودای گەورە ئەمەی بە پوچەڵ داناوە و دەفەرمووێت: ﴿...بێگومان خودا بڕیار دەدات لە نێوانیاندا لەو شتانەدا کە ئەوان تیایدا جیاواز بوون بەڕاستی خودا ڕێنمونی کەسێك ناکات کە درۆزنی زۆر بێ باوەڕە﴾ [الزمر: 3]، وخودای گەورە -سبحانه وتعالى- درۆی ئەوانی ڕوون کردەوە لەو بانگەشەیەیاندا کە دەڵێن گوایە پەرستراوەکانیان لە خودا نزیکیان دەکەنەوە، ھەروەھا بێباوەڕیی ئەوانیشی ڕوون کردەوە چونكە پەرستنیان ئەنجام دەدا بۆیان، بەمەیش ھەموو کەسێک کە کەمترین تێگەیشتنی ھەبێت دەزانێت کە بێباوەڕانی پێشین بێباوەڕییەکەیان تەنھا بەھۆی ئەوەوە بوو؛ کە پێغەمبەران و پیاوچاکان، و دار و بەرد، و جگە لەمانەیش لە دروستکراوەکانی تریان کردبوو بە تکاکار -شەفاعەتكار- لە نێوان خۆیان و خودای گەورەدا. وبیروباوەڕیان وایە کە ئەوانە پێویستیەکانیان بۆ جێبەجێ دەکەن بەبێ مۆڵەت و ڕەزامەندی خودای گەورە، هەروەک چۆن وەزیرەکان شەفاعەت دەکەن لەلای پاشاکان، بۆیە ئەوان خودای گەورە و شکۆمەندیان چواندووە بە پاشا و سەرکردەکان، وە ووتیان: هەروەک چۆن ئەو کەسەی پێویستی بە پاشا و سەرکردەیەک هەیە، لە ڕێگەی کەسە نزیک و وەزیرەکانیەوە شەفاعەتی بۆ دەکات، ئێمەیش بە ھەمان شێوە بە پەرستنی پێغەمبەران و دۆست و خۆشەویستانی خودا خۆمان لە اللە نزیک دەکەینەوە، ئەمەیش ئەوپەڕی پوچەڵ و ناھەقییە؛ چونکە ئەو -سبحانە وتعالی- ھیچ ھاوشێوە و وێنەیەکی نییە، وە بە بەدیھێنراوەکانیشی بەراورد ناکرێت، وە ھیچ کەسێک ناتوانێت لەلای ئەو شەفاعەت وتکا بکات مەگەر خودا مۆڵەتی بدات بۆ شەفاعەت كردن، وە مۆڵەتیش نادات بە کەس جگە لە یەکخواپەرستان (موەحیدەكان)، وە ئەو -سبحانە وتعالی- بەسەر ھەموو شتێکدا بەتوانایە، وە بە ھەموو شتێکیش زانایە، وە ئەو بە بەزەییترین و بە ڕەحمترینە، لە ھیچ کەسێک ناترسێت و سڵ لە هیچ یەكێك ناکاتەوە؛ چونکە ئەو -سبحانە- زاڵ و باڵادەستە بەسەر بەندەکانیدا، وە کاروباریان بەڕێوە دەبات بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت، بە پێچەوانەی پاشا و سەرکردەکانەوە، ئەوان بەسەر هەموو شتێکدا بە توانا نین، هەر بۆیە پێویستیان بە یارمەتیدەرە لەو کارانەی کە توانایان بەسەریدا نییە؛ لە یارمەتیدانی وەزیر و کەسە تایبەت و سەربازەکانیان، هەروەها پێویستیان بەوەیە كە پێداویستی ئەو کەسانەیان پێ بگەیەنرێت کە ئاگاداریان نین، کەواتە پێویستیان بە کەسانێکە لە وەزیر و کەسە تایبەتەکانیان کە سۆزیان بۆ ڕابکێشن و ڕازیان بکەن، بەڵام پەروەردگار -سبحانه- پێویستی بە هەموو خوڵقێنراوەكانی نییە، وئەو میهرەبانترە بۆیان زیاتر لە دایكیان، وئەو فەرمانڕەوای دادپەروەرە، شتەكان لە شوێنی خۆیاندا دادەنێت، لەسەر بنەمای دانایی و زانست و توانای خۆی، بۆیە بە هیچ شێوەیەك دروست نییە بەراورد بكرێت بە خوڵقێنراوەكانی، هەر بۆیە خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- لە کتێبەکەیدا ڕوونی کردۆتەوە: کە موشریکەکان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو (الخالق:خوڵقێنەر) و (الرازق:ڕۆزیدەر) و (المدبر:بەڕێوبەر)ە، وە هەر ئەو زاتەیە کە وەڵامی لێقەوماو دەداتەوە، وخراپە لادەبات، و ژیان ومردن هەربەدەستی ئەوە، و جگە لەمانەیش لە کردەوەکانی -سبحانه وتعالى-. وبێگومان ناکۆکی و دەمەقاڵێی نێوان موشریکەکان و پێغەمبەران لەسەر بەتاک وتەنها پەرستنی الله بووە بە دڵسۆزییەوە، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت کێ دروستی کردوون؟ بێگومان دەڵێن الله...﴾ [الزخرف: 87]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ ئایا کێ ڕزق و ڕۆزیتان دەدات لە ئاسمان (بە باران) و لە زەویەوە (بە ڕووەک) یان کێ خاوەنی (دروستکەری) گوێ و چاوانە وە کێ زیندوو لە مردوو دەردەھێنێت وە مردوو لە زیندوو دەردەھێنێت ھەروەھا کێ کارەکان ھەڵدەسوڕێنێت بێگومان یەکسەر دەڵێن الله کەواتە (ئەی پێغەمبەر ﷺ) پێیان بڵێ دەی بۆ خۆتان ناپارێزن (لە سزای خودا)؟﴾ [يونس: 31]، وئەو ئایەتانەی ئاماژە بۆ ئەم مانایە دەکەن زۆرن.
وپێشتر باسی ئەو ئایەتانە کرا کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کێشە و ناکۆکی نێوان پێغەمبەران و ئوممەتەکانیان؛ تەنها لەسەر بابەتی یەکلاکردنەوەی پەرستن بووە بۆ خودای گەورە بەتەنها، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خودا لەناو ھەموو گەل و ئوممەتێکدا پێغەمبەرێکمان ناردووە (کە فەرمان دەکەن بە خەڵکی) بەوەی تەنھا خودا بپەرستن و دوور بکەونەوە لە (پەرستنی) ھەرپەرستراوێکی تر...﴾ [النحل: 36]، وە هەروەها ئەو ئایەتانەیش كە بەم واتایە هاتوون. وە خوداى گەورە -سبحانه- لە چەندین شوێنی کتێبە پیرۆزەکەیدا بابەتی شەفاعەتی ڕوونكردۆتەوە، دەفەرمووێت: ﴿...کێیە ئەو کەسەی لەو ڕۆژەدا بتوانێ شەفاعەتی لەلا بکات مەگەر بە ڕێ پێدانی خۆی نەبێت...﴾ [البقرة: 255]. وھەروەھا پەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿وە چەندەھا فریشتە کە لە ئاسمانەکاندا ھەن شەفاعەتیان ھیچ سوودی نیە، مەگەر دوای ئەوەی کە خودا مۆڵەت بدات بۆ ھەرکەسێك کە خۆی بیەوێت وڕازی بێت لێی﴾ [النجم: 26].
وە لە وەسفی فریشتەکاندا دەفەرمووێت: ﴿(فریشتەکان) شەفاعەت ناکەن تەنھا بۆ ئەو کەسە نەبێت (خودا) ڕازی بێت (تکای بۆ بکرێت) وە ئەوان (فریشتەکان) لە سام وھەیبەتی خودا زۆر دەترسن﴾ [الأنبياء: 28].
وە خودای گەورە هەواڵی داوە کە ڕازی نیە لە کوفری بەندەکانی، بەڵکو تەنها بە سوپاسگوزاری لێیان ڕازی دەبێت، وە سوپاسگوزاری بریتیە لە یەکخواپەرستی و کارکردن بە گوێڕایەڵی کردنی، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەگەر ئێوە بێ باوەڕبن ئەوە بێگومان خودا بێ نیازە لە ئێوە و ڕازی نیە لە بێباوەڕبوونی بەندەکانی وە ئەگەر سوپاسی خودا بکەن بەوە لێتان ڕازی دەبێت...﴾ [الزمر: 7].
ەبوخاری لە سەحیحەکەیدا لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خودای لێبێت- دەیگێڕێتەوە، کە وتوویەتی: ئەی پێغەمبەری خودا! کێ دڵخۆشترین کەسە بە شەفاعەتی تۆ؟ فەرمووی: «هەرکەسێک بڵێت: (لَا إِلهَ إِلَّا اللهُ) بە دڵسۆزی لە دڵیەوە». یان فەرمووی: «لە دەروونیەوە».
وە لە سەحیحدا هاتووە: لە ئەنەسەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەموو پێغەمبەرێک دۆعایەکی وەڵامدراوەى هەیە، جا هەموو پێغەمبەرێک پەلەی کردووە لە دۆعاکەیدا، بەڵام من دۆعاکەی خۆمم هەڵگرتووە بۆ شەفاعەت كردن بۆ ئوممەتەکەم لە ڕۆژی قیامەتدا، جا -إن شاء الله- بەر هەرکەسێک دەكەوێت لە ئوممەتەکەم ئەگەر بمرێت لەسەر هاوبەش بڕیار نەدان بۆ الله بە هیچ شێوەیەك». وئەو فەرموودانەى ئاماژە بۆ ئەم مانایە دەکەن زۆرن.
وهەموو ئەو ئایەت و فەرموودانەی کە باسمان کرد، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە پەرستن مافی الله یە بە تەنها، ونابێت هیچ شتێک لەم پەرستنانە بۆ یەکێکی تر جگە لە الله ئەنجام بدرێت، نە بۆ پێغەمبەران و نە بۆ هیچ کەسێکی تر، و شەفاعەت و تکاکردن موڵکی الله یە -جل جلاله-، هەروەک خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿بڵێ: شەفاعەت ھەمووی (موڵكی) خودایە...﴾ [الزمر: 44]. وە هیچ کەسێک شایستەى شەفاعەت نییە مەگەر پاش ڕوخسەتی خوداى گەورە بۆ شەفاعەتکار، و ڕەزامەندی ئەو لەو کەسەی كە شەفاعەتی بۆ دەکرێت، و ئەو زاتە -سبحانه وتعالى- لە هیچ شتێک ڕازی نییە جگە لە یەکخواپەرستی -تەوحید- نەبێت، -هەروەک پێشتر باسکرا-. ولەسەر ئەم بنەمایە: موشریکەکان ھیچ بەش و پشکێکیان لە تکا و شەفاعەتدا نییە، وە خودای گەورە ئەمەی ڕوون کردۆتەوە لە فەرمایشتیدا: ﴿ئیتر شەفاعەتی شەفاعەتكاران ھیچ سوودێکیان پێ ناگەیەنێت﴾ [المدثر: 48]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...ستەمکاران نە ھیچ دۆستێکیان ھەیە وە نە شەفاعەتکارێک كە بە گوێی بکرێت﴾ [غافر: 18].
وە زانراوە کە ستەمکردن بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە شیرک وهاوبەشدانان بۆ خودا، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە ھەر بێ بڕوایان ستەمكارن﴾ [البقرة: 254]. وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿...بەڕاستی ھاوبەش دانان بۆ خودا ستەمێکی زۆر گەورەیە﴾ [لقمان: 13].
وسەبارەت بەوەی لە پرسیارەکەدا باست کردووە: لە وتەی هەندێک لە سۆفیەکان لە مزگەوتەکان وشوێنەکانی تردا: خودایە دروود بڕژێنە بەسەر ئەو کەسەی کە کردووتە بە هۆکارێک بۆ دەرکەوتنی نهێنییە مەزنەكانت، و دەرکەوتنی ڕۆشناییە -نورە- ڕەحمانییەکانت، بۆیە بووە بە جێگرەوەی حەزرەتی ڕەببانی، وجێنشینی نهێنییە زاتیەکانت... هتد.
لە وەڵامدا دەوترێت: ئەم قسەیە وهاوشێوەکانی لە ڕیزی زێدەڕۆیی کردنە؛ کە پێغەمبەرەکەمان موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداری سەبارەت داوە، لە فەرموودەیەك کە موسلیم لە سەحیحەکەیدا گێڕاویەتیەوە لە عبداللەی کوڕی مەسعودەوە -ڕەزای خودای لێبێت كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «تیاچوون ئەوانەى كە زیادەڕۆیی دەكەن» (ئەمەى سێ جار فەرموو).
خەتابی دەڵێت: زێدڕەڕۆ (المتنطع): ئەو کەسەیە کە زۆر قووڵ دەبێتەوە لە شتێکدا، وخۆی ماندوو دەکات لە گەڕان بەدوایدا؛ لەسەر ڕێبازی خاوەن فەلسەفەكان کە ڕۆدەچن لە نێو ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، و دەچنە ناو باس وخواسی ئەو شتانەی کە ئەقڵیان دركی پێ ناكات.
وئەبو سەعادات ئیبن ئەسیر دەڵێت: ئەوانە ئەو کەسانەن کە زێدەڕۆیی دەکەن و قووڵ دەبنەوە لە قسەکردندا؛ بە ڕادەیەك بە ئەوپەڕی نێوی قوڕگیانەوە قسە دەکەن، وشەی (المنتطع:زێدەڕۆ) لە (النطع)ـەوە وەرگیراوە کە بریتییە لە قوڵای سەرەوەی ناو دەم، وپاشان بەكارهێنراوە بۆ وەسفكردنی هەموو کەسێک كە لە وتە و کرداردا قووڵ دەبێتەوە.
بە پێی قسەى ئەم دوو زانایانە لە زمانەوانیدا؛ ڕوون دەبێتەوە بۆ تۆ و بۆ هەموو کەسێک کە کەمترین تێگەیشتنی هەبێت، کە ئەم شێوازە لە سەڵات وسەلام کردن لەسەر پێغەمبەر و سەروەرمان نێردراوی خودا -صلى اللە علیە وسلم-؛ بەشێکە لە خۆ ماندوو كردن و زێدەڕۆیی کە قەدەغەکراوە. وئەوەى شەرعی وڕێگەپێدراوە بۆ مسوڵمان لەم بابەتەدا ئەوەیە کە شوێنی ئەو شێوازە بکەوێت؛ لە پێغەمبەرەوە هاتووە ﷺ لە بابەتی سەڵات وسەلام دان لەسەر پێغەمبەری خودا ﷺ، وە ئەمەیش كە هاتووە بەسە وپێویستمان بە شتی تر نییە.
وە لەو شێوازانەی كە هاتووە بۆ سەڵات دان لەسەر پێغەمبەر ﷺ: ئەوەیە کە بوخاری وموسلیم لە هەردوو سەحیحەکەیاندا گێڕاویانەتەوە لە کەعبی کوڕی عوجرەوە -ڕەزای خودای لێبێت-، کە هاوەڵان -ڕەزای خودایان لێبێت- ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا ! خودا فەرمانی پێکردووین کە سەڵاتت لەسەر بدەین؛ جا چۆن سەڵاتت لەسەر بدەین؟ فەرمووی: «بڵێن: اللَّهُمَّ صَلِّ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى إِبرَاهِيمَ وَعَلَى آلِ إِبرَاهِيمَ، إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ، وَبَارِكْ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ كَمَا بَارَكْتَ عَلَى إِبرَاهِيمَ وَعَلَى آلِ إِبرَاهِيمَ إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ» واتە: «خودایە وەسف وستایشی موحەمەد وبنەماڵە وشوێنکەوتووانى بکە -صلى اللە علیە وسلم- هەروەکو چۆن وەسف وستایشی ئیبراهیم وبنەماڵە وشوێنکەوتووانیت کرد -علیه السلام-، وبەرەکەت وپیرۆزی بڕژێنە سەر موحەمەد وبنەماڵە وشوێنکەوتووانى -صلى اللە علیە وسلم- هەروەکو چۆن بەرەکەتت ڕژانە سەر ئیبراهیم وبنەماڵە وشوێنکەوتووانی -علیه السلام-، تۆ ستایشکراو وشکۆداریت».
وە لە هەردوو سەحیحەکەدا لە ئەبی حومەیدی ساعیدیەوە -ڕەزای خودای لێبێت- هاتووە: کە ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا ! چۆن سەڵات لەسەر تۆ بدەین؟ فەرمووی: «بڵێن: اللَّهُمَّ صَلِّ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى أَزْوَاجِهِ وَذُرِّيَّتِهِ كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى آلِ إِبرَاهِيمَ، وَبَارِكْ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى أَزْوَاجِهِ وَذُرِّيَّتِهِ كَمَا بَارَكْتَ عَلَى آلِ إِبرَاهِيمَ، إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ» واتە: «خودایە وەسف وستایشی موحەمەد وهاوسەرەکانی ونەوەکانی بکە -صلى اللە علیە وسلم- هەروەکو چۆن وەسف وستایشی بنەماڵە وشوێنکەوتووانی ئیبراهیمت کرد -علیه السلام-، وبەرەکەت وپیرۆزی بڕژێنە سەر موحەمەد وهاوسەرەکانی ونەوەکانی -صلى اللە علیە وسلم- هەروەکو چۆن بەرەکەتت ڕژاندە سەر بنەماڵە وشوێنکەوتووانی ئیبراهیم -علیه السلام-، تۆ ستایشکراو وشکۆداریت».
وە لە سەحیحی (مسلم)دا لە ئەبی مەسعودی ئەنساریەوە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: بەشیری کوڕی سەعد ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا ! خودای گەورە فەرمانی پێکردووین کە سەڵات لەسەر تۆ بدەین؛ ئەی چۆن سەڵات لەسەر تۆ بدەین؟ ئەویش بێدەنگ بوو، پاشان فەرمووی: «بڵێن: اللَّهُمَّ صَلِّ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ؛ كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى آلِ إِبرَاهِيمَ، وَبَارِكْ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ؛ كَمَا بَارَكْتَ عَلَى آلِ إِبرَاهِيمَ فِي العَالَمِينَ، إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ، وَالسَّلَامُ كَمَا عَلِمتُم» واتە: «خودایە وەسف وستایشی موحەمەد وبنەماڵە وشوێنکەوتووانى بکە -صلى اللە علیە وسلم- هەروەکو چۆن وەسف وستایشی بنەماڵە وشوێنکەوتووانی ئیبراهیمت کرد -علیه السلام-، وبەرەکەت وپیرۆزی بڕژێنە سەر موحەمەد وبنەماڵە وشوێنکەوتووانى -صلى اللە علیە وسلم- هەروەکو چۆن بەرەکەتت ڕژاندە سەر بنەماڵە وشوێنکەوتووانی ئیبراهیم -علیه السلام- لە هەموو جیهاندا، تۆ ستایشکراو وشکۆداریت، وسەلامکردنیش بەو شێوەیە كە دەیزانن (فێرکراون)».
ئەم دەستەواژانە وهاوشێوەکانیان وجگە لەمانەیش کە لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم-؛ پێویستە لەسەر مسوڵمان بەکاریان بهێنێت بۆ سەڵات وسەلام دان لەسەر پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- زاناترین کەسە سەبارەت بەو ڕستانەی کە شیاوە لە مافی ئەودا بەکاربهێنرێت، هەروەها ئەو زاناترین کەسە بەو دەستەواژانەی کە پێویستە لە مافی پەروەردگاریدا بەکاربهێنرێن.
بەڵام سەبارەت بەو دەستەواژانەى کە زیادە ڕۆییان تێدایە وداهێنراون، یان لەوەیە مانایەکی نادروستیان لەخۆگرتبێت؛ وەکو ئەو دەستەواژانەى لە پرسیارەکەدا باسکراون، ئەوا بەکارهێنانیان دروست نییە؛ لەبەرئەوەى زێدەڕۆیی تێدایە، هەروەها ڕەنگە بە مانای پووچەڵ ونادروست لێکبدرێنەوە، لەگەڵ ئەمەیشدا پێچەوانەى ئەو دەستەواژانەن کە پێغەمبەری خودا ﷺ هەڵیبژاردوون وئومەتەکەیشی ڕێنموێنی کردووە بۆ ووتنیان، چونکە ئەو زاناترینە لەنێو خوڵقێنراوەكاندا ودڵسۆزترینیانە بۆیان ودوورترینیانە لە زێدەڕۆیی كردن، باشترین دروود وسەلامی پەروەردگاری لەسەر بێت.
هیوادارم ئەوەی باسمان کرد لە بەڵگەکان لە ڕوونکردنەوەی ڕاستی یەكخودا پەرستی -تەوحید- و شیرک، و جیاوازی نێوان ئەوەی کە موشریکە یەکەمینەکان و دوایینەکان لەسەری بوون لەم بوارەدا، و لە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی سەڵاواتدانی شەرعی لەسەر پێغەمبەری خودا ﷺ؛ بەس بێت و جێی قایل بوون بێت بۆ ئەوانەی هەق ویستن. وبەڵام هەرکەسێک ئارەزووی ناسینی هەقی نەبێت؛ ئەوا شوێنکەوتووی هەوا و ئارەزووی خۆیەتی، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەمجا ئەگەر بە گوێیان نەکردی (و وەڵامیان نەدایتەوە) ئەوە بزانە کە تەنھا شوێن ھەواو ئارەزووی خۆیان دەکەون وە کێ لەو کەسە گومڕاترە کە شوێن ئارەزووی خۆی بکەوێت بێ ڕێنمونی لەلایەن خوداوە بێگومان خودا ڕێنمونی گەلی ستەمکار ناکات﴾ [القصص: 50].
جا خودای گەورە -سبحانه وتعالى- لەم ئایەتە پیرۆزەدا ڕوونی کردەوە: کە خەڵکی بەرامبەر بەو ڕێنموونی وئایینە هەقەی کە خودای گەورە پێغەمبەرەکەی -موحەممەدی- پێ ناردووە -صلى اللە علیە وسلم-، دابەش دەبن بۆ دوو جۆر:
یەكەم: وەڵامدەرەوەی خودا وپێغەمبەرەکەیەتی.
ودووەمیان: شوێنکەوتووی هەوا و ئارەزووی خۆیەتی؛ پاشان -سبحانە- باسی ئەوەی کردووە کە هیچ کەسێک گومڕاتر نییە لەو کەسەی شوێنی هەوا و ئارەزووی خۆی کەوتووە بەبێ هیدایەتێک لە لایەن الله وە.
داواکارین لە خوداى گەورە -جل جلاله- عافیەت وسەلامەتیمان پێ ببەخشێت لە شوێنکەوتنی هەوا وئارەزوو، وە ئێمە وئێوە وهەموو براکانمان بگێڕێت لەوانەی کە وەڵامی خودا وپێغەمبەرەکەی دەدەنەوە ﷺ، وشەریعەتەکەی بە گەورە دادەنێن، وهۆشداری دەدەن لە هەموو ئەو شتانەی کە پێچەوانەی شەریعەتەکەیەتی لە بیدعە وئارەزووەکان.. ئەو سەخی وبەخشندەیە.
وصلى الله على عبده ورسوله؛ نبينا محمد وآله وأصحابه وأتباعه بإحسان إلى يوم الدين.
نامیلکەی پێنجەم:
حوکمی ئاهەنگ گێڕان بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر ﷺ و یادەکانی تریش
الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وعلى آله وصحبه ومن اهتدى بهداه.
پاشان: پرسیار كردن دووبارە دەبێتەوە لە لایەن خەڵكێكی زۆرەوە سەبارەت بە حوکمی ئاهەنگ گێڕان بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، و هەستان لەسەر پێ بۆی لەو کاتەدا، و سەلام کردن لێی، و ئەو کارانەی تر کە لە مەولودەکاندا ئەنجام دەدرێن.
لە وەڵامدا دەوترێت: ئاهەنگ گێڕان بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- و جگە لە ئەویش؛ ڕێگەپێدراو نییە چونكە ئەمە لەو بیدعانەیە کە داهێنراون لە ئایندا، نە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەنجامی داوە، ونە جێنشینە ڕێنموێنیكراوەكان، و نە هاوەڵانی تر -ڕەزای خودایان لێبێت-، و نە شوێنکەوانیشیان بە چاکە لە باشترین سەدەکاندا، لەكاتێكدا ئەوان زاناترین کەس بوون بە سوننەت، و تەواوترین کەس بوون لە خۆشەویستیان بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، و شوێنکەوتنی شەریعەتەکەی بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی كە لە دوای خۆیان هاتون، وخودای گەورە -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت:
﴿...وە ئەوەی پێغەمبەر ﷺ پێی دان وەریبگرن وە ئەوەی لێتانی قەدەغەکرد وازی لێ بھێنن...﴾ [سوڕەتی ئەلحەشر: 7]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿...جا با بترسن ئەوانەی کە پێچەوانەی فەرمانی پێغەمبەر ﷺ (كردەوە) دەکەن کە (لە دونیادا) بەڵا و تاقیکردنەوەیەکیان تووش ببێت یا سزایەکی سەختیان تووش ببێت (لە دوا ڕۆژدا)﴾ [سوڕەتی ئەلنور: 63]، وپەروەردگار -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿سوێند بە خودا بەڕاستی لە پێغەمبەری خوادا ﷺ بۆ ئێوە ھەیە سەرمەشقی وپێشەوایەتیەكی چاك بۆ کەسێك بەھیوای خودا و (پاداشتی) ڕۆژی دواییە وە زۆر یادی خودا دەکات﴾ [سوڕەتی ئەلئەحزاب: 21]، وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿وە پێشکەوتووە یەکەمەکان (ئەوانەی لەسەرەتاوە باوەڕیان ھێنا) لە کۆچەران -موهاجیرەكان- و پشتیوانان -ئەنساڕەكان- وئەوانەیش زۆر بە چاکی شوێنیان کەوتوون خودا لێیان ڕازیە ئەوانیش لە خودا ڕازین وە (خودا) بەھەشتانێکی بۆ ئامادە کردوون کە ڕووبارەکان دێن و دەچن بەژێریاندا تێیدا دەمێننەوە بە ھەمیشەیی و بێ بڕانەوە ئەوەیە بردنەوەی مەزن﴾ [سوڕەتی ئەلتەوبە: 100]، وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...ئەمڕۆ ئایینەکەتانم بۆ تەواو (کامڵ) کردووە و چاکە و بەھرەی خۆم بە تەواوی ڕشتووە بەسەرتاندا و ڕازی بووم کە ئیسلام ئاینتان بێت...﴾ [سوڕەتی ئەلمائیدە: 3]. ئەو ئایەتانەی ئاماژە بۆ ئەم واتایە دەکەن زۆرن. وە هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە دەفەرمووێت: «ئەوەی کردەوەیەک دابهێنێت لەم ئاینەی ئێمە کە (لە بنەڕەتدا) تێیدا نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوە ڕەت دەکرێتەوە». واتا : لێی وەرناگیرێت، وە لە فەرموودەیەکی دیکەدا دەفەرمووێت: «دەستبگرن بە سوننەتی من وسوننەتی خەلیفە ڕێنموێنیکراوەکان لە پاش من، بەپێداگیریەوە دەستی پێوەبگرن وپابەندی بن، و وریای شتە داهێنراوەکان بن، چونکە هەموو شتێکی داهێنراو بیدعەیە و هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە». دەی لەم دوو فەرموودەیەدا هۆشداریەكی توند هەیە سەبارەت بە داهێنراو وبیدعەکان، و کردەوە پێکردنیان،
وە داھێنانی ئەم جۆرە مەولودانە واتای ئەوەیە کە خودای گەورە ئاینەکەی بۆ ئەم ئوممەتە تەواو نەکردووە، وە پێغەمبەر -عليه الصلاة والسلام- ئەو پەیامەی نەگەیاندووە کە پێویستە ئوممەت کاری پێ بکات، هەتاوەکو ئەم پاشینانە ھاتن، و لە شەریعەتی خودادا شتێکیان داھێنا کە ڕێگەی پێ نەداوە؛ بەو بانگەشەیەی کە گوایە ئەم کارە لە خودای گەورە نزیکیان دەکاتەوە، وە ئەمەیش بێگومان مەترسیەکی گەورەی تێدایە، وڕەخنەگرتنە لە خودای گەورە وپێغەمبەرەکەی ﷺ، خودای گەورە ئاینەکەی بۆ بەندەکانی کامڵ کردووە، ونیعمەتی خۆی بەسەریاندا تەواو کردووە، وپێغەمبەریش -صلى الله عليه وسلم- پەیامەکەی بە ڕوون وئاشکرایی گەیاندووە، وهیچ ڕێگایەکى نەهێشتۆتەوە کە مرۆڤ بەرەو بەهەشت ببات، ولە ئاگری دۆزەخ دووری بخاتەوە مەگەر -ئیلا- بۆ ئومەتەکەی ڕوونی کردۆتەوە، هەروەکو لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە لە عبد اللە ی کوڕی عەمرو -خودا لێی ڕازی بێت- کە پێغەمبەری خودا ﷺ دەفەرمووێت: «هەر پێغەمبەرێک خودای گەورە ناردبێتی، ماف بووە لەسەری کە ڕێنیشاندەری ئومەتەکەی بێت بۆ ئەو شتانەی کە دەزانێت خێرە بۆیان، وئاگاداریان بکاتەوە لەو شتانەی کە دەزانێت شەڕە بۆیان». موسلیم لە سەحیحەکەیدا گێڕاویەتیەوە.
وزانراوە کە پێغەمبەرەکەمان -صلى اللە علیە وسلم- کۆتا پێغەمبەرە وباشترینیانە، و کامڵترینیانە لە گەیاندنی پەیام وئامۆژگاریدا، جا ئەگەر ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەى لەدایک بوونەوە لەو ئاینە بوایە کە خواى گەورە پێی ڕازیە؛ ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئومەتەکەى ڕوونی دەکردەوە، یان لە ژیانی خۆیدا ئەنجامی دەدا، یان هاوەڵەکانى -ڕەزای خودایان لێبێت- ئەنجامیان دەدا، کەواتە کاتێک هیچ کام لەمانە ڕووی نەدا، زانرا کە ئەم کارە بە هیچ شێوەیەک لە ئیسلامدا بوونی نییە، بەڵکو لە داهێنراوەکانە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئومەتەکەى لێ ئاگادار کردۆتەوە، هەروەک پێشتر لە فەرموودەکاندا باسکرا. وئایەتەکان وفەرموودەکان لەم بابەتەدا زۆرن.
وە کۆمەڵێک لە زانایان بە ئاشکرا نکۆڵییان لە مەولودەکان کردووە، وهۆشداریان داوە سەبارەتیان؛ بە کارکردن بەو بەڵگانەی کە باسکران وجگە لەوانەیش، بەڵام هەندێک لە زانایانی پاشینە پێچەوانەی ئەم ڕایە بوونەوە: ڕێگەیان پێدا بەمەرجێك هیچ شتێک لە خراپەکانی تێدا نەبێت؛ وەکو زیادەڕەوی کردن لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، وتێکەڵ بوونی ئافرەتان وپیاوان، وبەکارهێنانی ئامێرەکانی گۆرانی ومۆسیقا، وجگە لەمانەیش لەو شتانەی کە شەرعی پاک نکۆڵی لێدەکات، وە پێیان وایە کە ئەمە لە بیدعە چاکەکانە.
بەڵام بنەمای شەرعی بریتییە لە: گەڕاندنەوەی ئەو بابەتانەی کە خەڵکی کێشەیان تێدا هەیە بۆ لای قورئان و سوننەتی پێغەمبەر موحەمەد -صلی الله علیه وسلم-، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە گوێڕایەڵی خودا و گوێڕایەڵی پێغەمبەر بن وە پاشانیش گوێڕایەڵی کاربەدەستە (دادپەروەرەكانی) خۆتان بن جا ئەگەر دووبەرەکیتان ھەبوو لە شتێکدا ئەوە بیگێڕنەوە بۆ لای خودا و (پێغەمبەر ﷺ) ئەگەر ئێوە باوەڕتان ھەیە بە خودا و بە ڕۆژی دوایی ئەوە باشترە وە ئاکام و ئەنجامی چاکترە﴾ [سوڕەتی ئەلنیسا: 59]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە ھەرشتێك کە تێیدا جیاواز بوون ئەوە بڕیارەکەی بۆ لای خودا دەگەڕێتەوە ...﴾ [سوڕەتی ئەلشورا: 10].
ئێمە ئەم بابەتەمان گەڕاندۆتەوە بۆ لای کتێبی خودای گەورە، بابەتەكەیش بریتییە لە: ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی لە دایکبوونەکانەوە، بینیمان کە فەرمانمان پێدەکات بە شوێنکەوتنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەوەی کە پێی هاتووە، و ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی كە نەهی لێکردووە، و هەواڵمان پێدەدات کە خودای گەورە ئاینەكەی بۆ ئەم ئوممەتە تەواو و کامڵ کردووە، ئەم ئاهەنگ گێڕانە لەو شتانە نییە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی هاتووە؛ کەواتە بەشێک نییە لەو ئایینەی کە خودای گەورە بۆی تەواو کردووین و فەرمانی پێکردووین بە شوێنکەوتنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە پەیڕەو كردنیدا.
هەروەها ئێمە ئەم بابەتەمان گەڕاندۆتەوە بۆ سوننەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-؛ نەماندۆزییەوە کە ئەنجامی دابێت یان فەرمانی پێکردبێت، وە هاوەڵەکانی ئەنجامیان نەداوە -ڕەزای خودایان لێبێت-؛ بۆیە بەمە زانیمان کە ئەم ئاهەنگ گێڕانانە بەشێك نییە لە ئاین، بەڵکو لە بیدعە داهێنراوەکانە، وە خۆچواندنە بە جولەکە وگاورەکان لە جەژن وبۆنەكانیاندا.
بەمەیش ڕوون دەبێتەوە بۆ هەرکەسێک کە کەمترین چاوڕۆشنی و ئارەزووی هەبێت بۆ هەق، وڕاستپەروەر بێت لە داواکردنیدا: کە ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی لەدایكبوونەوەكان (مەولودەکان) لە ئاینی ئیسلام نییە، بەڵکو لە بیدعە داهێنراوەکانە، کە خودای سبحانە وپێغەمبەرەکەی ﷺ فەرمانیان کردووە بە وازهێنان لێیان وهۆشداریدان سەبارەتیان، وە نابێت مرۆڤی ژیر هەڵبخەڵەتێت بە زۆری ئەو خەڵکەی کە لە سەرانسەری وڵاتاندا ئەنجامی دەدەن، چونکە هەق بە زۆری ئەنجامدەرانی ناناسرێتەوە، بەڵکو بە بەڵگە شەرعییەکان دەناسرێتەوە، هەروەکو خودای گەورە دەربارەی جوولەکە و گاورەکان دەفەرمووێت: ﴿(جولەکە و گاورەکان) ووتیان: کەس ناچێتە بەھەشتەوە مەگەر یەکێک کە جولەکە یا گاور بێت ئەمە ئاواتیانە پێیان بڵێ: بەڵگەتان بھێنن ئەگەر ڕاست دەکەن﴾ [سوڕەتی ئەلبەقەڕە: 111]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە ئەگەر تۆ گوێڕایەڵی زۆربەی ئەوانە بیت كە لەسەر زەویدان ئەوا وێڵ وگومڕات دەکەن لە ڕێگەی خودا...﴾ [سوڕەتی ئەلئەنعام: 116]،
وە پاشان زۆرینەی ئەم ئاهەنگانەى مەولود لەگەڵ ئەوەی کە داهێنراو وبیدعەیە، چەندین خراپەکاری تریشی تێدایە؛ وەکو تێکەڵ بوونی ئافرەتان وپیاوان، وبەکارهێنانی گۆرانی وئامێرەکانى مۆسیقا، وخواردنەوەی ماددە سەرخۆشکەر وبێهۆشکەرەکان، وجگە لەمانەیش لە خراپەکاری تر، وە ڕەنگە شتی لەمانە گەورەتریشی تێدا ڕووبدات، وەكو شیرکی گەورە، ئەمەیش بەهۆی زیادەڕەوی کردنە لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- یان جگە لە ئەو لە پیاوچاکان، وپاڕانەوە وداوای بەهاناوە هاتن ویارمەتی لێیان، وباوەڕبوون بەوەی کە زانستی غەیب دەزانن، وهاوشێوەی ئەمانە لەو کارە کوفریانەی کە زۆرێک لە خەڵکی ئەنجامی دەدەن لە کاتی ئاهەنگ گێڕانیان بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، و جگە لە ئەویش لەوانەی کە ناویان ناون بە پیاوچاکان (ئەولیا)، بە سەحیحی لە پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-ەوە هاتووە کە دەفەرمووێت: «ئاگاداری زیادەڕەوی وسنوور تێپەڕاندن بن لە ئایندا، چونکە ئەوەی بووە هۆی تیاچوونی ئەوانەی پێش ئێوە بریتی بوو لە زیادەڕەوی کردن لە ئایندا». وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «زیادەڕەوی مەکەن لە وەسفکردنی من هەروەکو چۆن نەسڕانیەکان زیادەڕەوییان کرد لە وەسفکردنی کوڕی مەریەم (عیسا)، من تەنها بەندەم، بۆیە بڵێن: بەندەی خودا (عبد الله) وپێغەمبەری خودا». بوخاری لە سەحیحەکەیدا گێڕاویەتیەوه، لە فەرموودەکەى عومەرەوە ڕەزاى خوداى لێبێت.
وە لە شتە سەیر وسەمەرەکان: ئەوەیە کە زۆرێک لە خەڵکی چالاکن و تێدەکۆشن بۆ ئامادەبوون لەم ئاهەنگە داهێنراوانەدا، وبەرگری لێدەکەن، و دوا دەکەون لەوەی خوداى گەورە لەسەریانی فەرز کردووە لە ئامادەبوونی نوێژی هەینی و نوێژی بەكۆمەڵ (جەماعەت)، وگوێی پێنادەن، و وا نابینن کە کارێکی خراپی گەورەیان ئەنجامداوە، وگومانی تێدا نییە کە ئەمە بەهۆی لاوازی ئیمان، وکەمی تێگەیشتن، وزۆری ئەو تاوان و سەرپێچیانەیە کە دڵەکانی داپۆشیووە، داوا لە خوداى گەورە دەکەین سەلامەتی وعافیەت ببەخشێت بە ئێمە و بە هەموو مسوڵمانان.
هەروەها لەو شتە سەیروسەمەرانەیش: هەندێکیان پێیان وایە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامادەى ئاهەنگ گێڕانی مەولود دەبێت؛ هەر بۆیە هەڵدەستنە سەرپێ بۆی؛ بۆ سڵاو لێکردنی و بەخێرهاتنی، ئەمەیش لە گەورەترین پووچەڵى وناشرینترین نەزانییە، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە قەبرەکەی نایەتە دەرەوە پێش ڕۆژی دوایی، وپەیوەندی بە هیچ کەسێک لە خەڵکییەوە ناکات، وئامادەى کۆبوونەوەکانیان نابێت، بەڵکو لە قەبرەکەیدا دەمێنێتەوە هەتا ڕۆژی دوایی، وڕۆحی لە بەرزترین پلەدایە لە لای پەروەردگاری لە شوێنی ڕێزلێناندا، هەروەکو خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿پاشان بەڕاستی ئێوە لە دوای ئەوە ھەمووتان دەمرن (15) لە پاشان بێگومان ئێوە لەڕۆژی دواییدا زیندوو دەکرێنەوە (16)﴾ [سوڕەتی ئەلموئمینون: 15-16].
وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «من یەکەم کەسم کە گۆڕەکەم بەسەردا دەکرێتەوە لە ڕۆژی قیامەتدا، و من یەکەم شەفاعەتکارم، و یەکەم کەسیشم کە شەفاعەتەکەم قبوڵ دەکرێت». چاكترین درود و سەلامی پەروەردگاری لەسەر بێت.
کەواتە ئەم دوو ئایەتە پیرۆزە، و فەرموودە ڕێزدارەکە، و ئەو ئایەت و فەرموودانەی کە بە هەمان مانا هاتوون: هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە پێغەمبەر ﷺ و جگە لە ئەویش لە مردووەکان، تەنها لە ڕۆژی قیامەتدا لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە، و ئەمە بابەتێکە کە کۆدەنگی زانایانی مسوڵمانانی لەسەرە؛ و هیچ ناکۆکییەک لە نێوانیاندا نییە سەبارەتی. بۆیە پێویستە لەسەر هەموو مسوڵمانێک ئاگاداری ئەم بابەتانە بێت، و ئاگاداری ئەو داهێنراو و خورافەتانە بێت کە نەزانەکان وهاوشێوەکانیان دایان هێناون؛ لەكاتێكدا خوداى گەورە هیچ بەڵگەیەکی لەسەر دانەبەزاندوون، و خوای گەورە پشتیوانە و هەر ئەو پشتی پێ دەبەسترێت، و هیچ هێز و توانایەک نییە مەگەر بە یارمەتی ئەو نەبێت.
سەبارەت بە سەڵات وسەلام لەسەر پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-: ئەوا لە باشترین هۆكارەكانی نزیكبوونەوەیە لە الله، وە لە کردەوە چاکەکانە، هەروەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿بەڕاستی خودا وفریشتەکانی سەڵات دەدەن لەسەر پێغەمبەر (ﷺ) ئەی ئەوانەی کە باوەڕتان ھێناوە ئێوەیش سەڵات و سەلامی زۆری لەسەر بدەن﴾ [سوڕەتی ئەلئەحزاب: 56]، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەرکەسێک سەڵاتێک لەسەر من بدات؛ ئەوا خوداى گەورە بەهۆیەوە دە سەڵاتى لەسەر دەدات». وە سەڵاتدان لەسەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە هەموو کاتێکدا دروستە، و لە کۆتایی هەموو نوێژێکدا جەختی لەسەر کراوەتەوە، بەڵکو لای کۆمەڵێک لە زانایان واجبە لە تەشەهودی -تەحیاتی- کۆتایی هەموو نوێژێکدا. جەختکراوەتەوە لەسەر سونەت بوونی لە چەند شوێن و کاتێكدا؛ لەوانەیش: لە دواى بانگ، وە لە کاتی ناوهێنانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وە لە ڕۆژی هەینی وشەوەکەیدا، وچەندین فەرموودە بەڵگەن لەسەر ئەم باسە.
داواکارین لە خوداى گەورە کە ڕێنموێنیمان بکات لەگەڵ هەموو مسوڵمانان بۆ تێگەیشتن لە ئاینەکەى ودامەزران لەسەری، وڕێنموێنی هەمووان بکات بۆ پابەندبوون بە سوننەت وخۆپاراستن لە بیدعە، ئەو سەخی وبەخشندەیە.
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه.
نامیلکەی شەشەم:
حوکمی یادکردنەوە وئاهەنگ گێڕان لە شەوی ئیسرا و میعراجدا
الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وعلى آله وصحبه.
پاشان؛ بێگومان شەوڕەوی وبەرزبوونەوە بەرەو ئاسمان (ئیسرا ومیعراج) یەکێکە لە نیشانە گەورەکانى خوداى گەورە کە بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەرەکەى (موحەممەد ﷺ)، و ئاماژەیە بۆ گەورەیی پلە وپایەى ئەو لە لای خوداى گەورە -جل جلاله-، هەروەها یەکێکە لە بەڵگەکان لەسەر مەزنی دەسەڵات وتواناى خوداى گەورە، و لەسەر بەرزى وبڵندی ئەو -سبحانە وتعالى- بەسەر هەموو دروستکراوەکانیدا، خوداى گەورە -سبحانە وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿پاک و بێگەردی بۆ ئەو زاتەی کە شەوڕەوی کرد بە بەندەی خۆی لە شەوێکدا لە مزگەوتی حەرامەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا کە دەور و بەریمان پیرۆز و فەڕدار کردووە بۆ ئەوەی ھەندێک لە بەڵگە و نیشانە ڕوونەکانی خۆمانی پێ نیشان بدەین بەڕاستی ھەر ئەو بیسەر و بینایە﴾ [سوڕەتی ئەلئیسڕا: 1].
وە بە شێوەی موتەواتر لە پێغەمبەری خوداوە -صلى اللە علیە وسلم- هاتووە کە بۆ ئاسمانەکان بەرزکراوەتەوە، و دەرگاکانی بۆ کراوەتەوە هەتاوەکو ئاسمانی حەوتەمی تێپەڕاندووە، ئەوسا پەروەردگاری پاک و بێگەردی قسەی لەگەڵدا کرد بەو پێیەی کە ویستوویەتی، وپێنج نوێژەکەی لەسەر فەرزکرد، وخوای گەورە لە سەرەتادا پەنجا نوێژی فەرز کردبوو، بەڵام پێغەمبەرەکەمان موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم- بەردەوام دەگەڕایەوە بۆ لای وداوای ئاسان كردنی لێدەکرد، هەتاوەکو کردی بە پێنج نوێژ، کەواتە پێنجە لە فەرزێتیدا، وپەنجایە لە پاداشتدا؛ چونکە چاکەیەک بە دە ئەوەندەی خۆیەتی، جا سوپاس و ستایش بۆ خودا لەسەر هەموو نیعمەتەکانی.
ئەو شەوەی کە ئیسرا ومیعراج تێدا ڕوویدا؛ لە فەرموودە سەحیحەکاندا کاتەکەی دیاری نەکراوە، نە لە مانگی ڕەجەب و نە لە مانگێکی تریشدا، و هەموو ئەوەی کە هاتووە سەبارەت بە دیاریکردنی کاتەکەی؛ بە دیاریكراوی نەهاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- بەپێی بۆچوونی زانایانی فەرموودەناس، وخودای گەورە داناییەكی بێ سنووری هەیە لەوەی كە وایكردووە خەڵكی ئەو شەوەیان لەبیر بچێتەوە، و ئەگەریش کاتەکەی دیاریكراو بووایە؛ دروست نەبوو بۆ مسوڵمانان کە تایبەتی بکەن بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە پەرستنێک، و دروست نەبوو بۆیان کە ئاهەنگی تێدا بگێڕن؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- و هاوەڵانی -ڕەزای خودایان لێبێت- ئاهەنگیان تێدا نەگێڕاوە، و بە هیچ شتێک تایبەتیان نەکردووە. ئەگەر ئاهەنگ گێڕان بۆ (ئیسرا و میعراج) کارێکی ڕێگەپێدراو بوایە، ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئوممەتەکەی ڕوونی دەکردەوە؛ بە وتە یان بە کردار، وە ئەگەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- یادی بكردایەتەوە یان شتێکی لەو شێوەیە ڕوویدابا ئەوا دەزانرا و بەناوبانگ دەبوو، وە هاوەڵان -ڕەزای خوایان لێبێت- دەیان گێڕایەوە بۆمان، چونکە ئەوان هەموو شتێکیان لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- گێڕاەتەوە کە ئوممەت پێویستی پێیەتی، وە لە هیچ شتێکی ئایندا کەمتەرخەمییان نەکردووە، بەڵکو ئەوان پێشەنگ بوون بۆ هەموو خێرێک، بۆیە ئەگەر ئاهەنگ گێڕان بەم شەوە ڕێگەپێدراو بوایە؛ ئەوان پێشی خەڵکی دەکەوتن بۆ ئەنجامدانی. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دڵسۆزترین کەسە بۆ خەڵکی، وپەیامەکەى بە تەواوەتی گەیاندووە، وسپاردەكەی جێبەجێ کردووە، جا ئەگەر بە مەزندانانی ئەم شەوە ویادکردنەوەی لە ئاینی خوداى گەورە بووایە، ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لێی بێ ئاگا نەدەبوو ونەیدەشاردەوە، جا لەبەرئەوەی هیچ شتێک لەمە ڕووی نەداوە؛ بۆیە زانراوە کە یادکردنەوەی و بەمەزندانانی هیچ پەیوەندیەکیان بە ئیسلامەوە نییە، وخواى گەورە ئایینەکەى كامڵ کردووە بۆ ئەم ئومەتە، ونیعمەتی خۆی بەسەریاندا تەواو کردووە، ونکۆڵی کردووە لەوەی کەسێک شتێک دابهێنێت لە ئاییندا کە خوداى گەورە ڕێگەی پێنەدابێت، بۆیە -سبحانه وتعالى- لە کتێبە ڕوونەکەیدا دەفەرمووێت: ﴿...ئەمڕۆ ئایینەکەتانم تەواو (کامڵ) کردووە بۆتان و چاکە و بەھرەی خۆم بەتەواوی ڕشتووە بەسەرتاندا و ڕازی بووم کە ئیسلام ئاینتان بێت...﴾ [سوڕەتی ئەلمائیدە: 3]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئاخۆ ئەو (بێباوەڕانە) ھاوبەشانێکیان ھەیە كە ئاینێکیان بۆ داناون کە خودا ڕێگەی پێنەداوە وە ئەگەر بڕیاری یەکجاری دەرنەچووایە ئەوا لە نێوانیاندا بڕیار دەدرا (بە لە ناوبردنیان) وە بەڕاستی بۆ ستەمکاران سزای سەختی ئازاردەر ھەیە﴾ [سوڕەتی ئەلشوڕا: 21].
ولە پێغەمبەری خوداوە هاتووە ﷺ لە فەرموودە سەحیحەکاندا: هۆشداریدان سەبارەت بە بیدعەکان، وڕوونكردنەوەی ئەوەی كە گومڕایین؛ بۆ ئاگادارکردنەوەی ئوممەت لە گەورەیی مەترسییەکەی، و بۆ دوورخستنەوەیان لە ئەنجامدانی، یەکێک لەو فەرموودانەیش: لە هەردوو سەحیحدا هاتووە لە عائیشەوە -ڕەزای خودای لێبێت- كە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: «ئەوەی کردەوەیەک (پەرستنێک) دابهێنێت لەم ئاینەی ئێمە کە (لە بنەڕەتدا) تێیدا نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوە (داهێنراوە) ڕەت دەکرێتەوە». ولە گێڕانەوەیەكى موسلیمدا هاتووە: «ھەرکەسێک کردەوەیەک بکات کە فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت (لە دینی ئێمە نەبێت)؛ ئەوا ئەو کردەوەیە وەرناگیرێت وڕەتدەکرێتەوە». وە لە سەحیحی موسلیمدا، لە جابرەوە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە وتاری ڕۆژی هەینیدا فەرمووی: «جا پاشان، بەڕاستی باشترین وتە بریتیە لە کتێبەکەی خودا، وباشترین ڕێباز بریتیە لە ڕێبازی موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم-، وخراپترین کاروباریش بریتیە لە داهێنراوەکان -بیدعەكان-، وهەموو بیدعەیەک گومڕاییە». ونەسائی ئەم بەشە زیادەی گێڕاوەتەوە بە سەنەدێکی جەید كە دەفەرمووێت: «وه هەموو گومڕاییەك لە ئاگردایە». وە لە سونەنەکاندا لە عیرباز کوڕی ساریەوە -ڕەزاى خوداى لێبێت- هاتووە کە دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئامۆژگاریەکی کردین کە دڵەکانى ترساند وچاوەکان فرمێسکیان لێ دەهاتە خوارەوە، ووتمان: ئەی پێغەمبەری خودا وەکو ئەوە وابێت ئامۆژگاری کەسێکە كە ماڵئاوایی بکات، بۆیە وەسیەتمان بۆ بکە، ئەویش فەرمووی: «وەسیەتتان دەکەم بەوەی تەقواى خوداى گەورە بکەن وگوێڕایەڵ بن وفەرمانەکان جێبەجێ بکەن، ئەگەرچیش بەندەیەک بە زۆر خۆی بکات بە فەرمانڕەواتان، چونکە هەرکەسێکتان بژێت ئەوا ناکۆکی زۆر دەبینێت، بۆیە دەستبگرن بە سونەتی من وسوننەتی خەلیفە ڕێنموێنیکراوەکان لە پاش من وپێداگیریەوە دەستی پێوەبگرن وپابەندی بن، وئاگاداری شتە داهێنراوەکان -بیدعەکان- بن، چونکە هەموو شتێکی داهێنراو بیدعەیە و هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە». وئەو فەرموودانەى ئاماژە بۆ ئەم بابەتە دەکەن زۆرن.
وە لە هاوەڵانی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- و لە پێشینە چاکەکانى دوای ئەوان؛ گێڕانەوەی زۆر هاتووە سەبارەت بە هۆشداریدان لە بیدعە وداهێنراوەکان و ترساندن لێیان، ئەمیش تەنها لەبەر ئەوەیە کە زیادکردنێکە لە ئایندا، و شەرعاندنێکە کە خوداى گەورە ڕوخسەتی لەسەر نەداوە، و خۆچواندنە بە دوژمنانی خودا لە جولەکە و گاورەکان كاتێك شتی زۆریان زیاد کرد لەنێو ئاینەکەیاندا، و داهێنانی وایان تێیدا كرد کە خواى گەورە ڕوخسەتی لەسەر نەداوە، چونكە ئەم زیاد كردنە وا دەخوازێت كە ئاینی ئیسلام بە كەم دابنرێت، و تۆمەتبارکردنیەتی بەوەی تەواو نییە، وە زانراوە کە ئەمە چەند خراپەکاریەكى گەورەیە و کارێكی ناپەسەند و قێزەونە، و دژایەتیکردنی ئەم فەرمایشتەی خوداى گەورەیە -جل جلاله-: ﴿...ئەمڕۆ ئایینەکەتانم تەواو (کامڵ) کردوە بۆتان...﴾ [سوڕەتی ئەلمائیدە: 3]، وە سەرپێچی کردنی ئاشکرای فەرموودەکانی پێغەمبەرە -صلی اللە علیە وسلم-؛ كە هۆشداری دەدات سەبارەت بە بیدعەکان و دوورمان دەخاتەوە لێیان.
هیوادارم ئەوەی باسمان کرد لە بەڵگەکان بەس بێت و جێی قایلبوون بێت بۆ ئەوانەی هەق ویستن، بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم بیدعەیە؛ مەبەستم: بیدعەی ئاهەنگ گێڕانە لە شەوی (ئیسرا و میعراج)، و ئاگادارکردنەوە لێی، و ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک لە ئاینی ئیسلامدا نییە.
لەبەر ئەو ئەرکەی خودا دایناوە لە ئامۆژگاریکردنی موسڵمانان، و ڕوونکردنەوەی ئەو دینەی بۆیانی شەرعاندووە، و حەرامێتی شاردنەوەی زانست؛ پێم باش بوو برا موسڵمانەکانم ئاگادار بکەمەوە لەم بیدعەیە، کە لە زۆربەی شار و وڵاتاندا تەشەنەی کردووە، هەتا وای لێهاتووە هەندێک لە خەڵکی بە بەشێک لە ئاینی دادەنێن.
وە داواکارین لە خوداى گەورە کە بارودۆخی هەموو مسوڵمانان چاک بکات، و تێگەیشتوویان بکات لە ئایندا، و ئێمە و ئەوانیش سەرکەوتوو بکات بۆ دەستگرتن بە هەق ودامەزران لەسەری، و وازهێنان لەوەی پێچەوانەیەتی، ئەو توانادارە لەسەر ئەم کارە.
وصلى الله وسلم وبارك على عبده ورسوله نبينا محمد وآله وصحبه.
نامیلکەی حەوتەم:
حوکمی یادکردنەوەی شەوی نیوەی مانگی شەعبان
سوپاس وستایش بۆ ئەو خودایەی کە ئاینی بۆ کامڵ کردین، و نیعمەتی بەسەرماندا تەواو کرد، و سەڵات و سەلام لەسەر پێغەمبەر و نێردراوەکەی موحەمەد ﷺ پێغەمبەری تەوبە و ڕەحمەت.
پاشان: خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿...ئەمڕۆ ئاینەکەتانم تەواو (کامڵ) کردووە بۆتان و چاکە و بەھرەی خۆم بەتەواوی ڕشتووە بەسەرتاندا و ڕازی بووم کە ئیسلام ئاینتان بێت...﴾ [سوڕەتی ئەلمائیدە: 3]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿ئاخۆ ئەو (بێباوەڕانە) ھاوبەشانێکیان ھەیە ئاینێکیان بۆ داناون کە خودا ڕێگەی پێ نەداوە...﴾ [سوڕەتی ئەلشوڕا: 21]، وە لە هەردوو سەحیحەکەدا لە عائیشەوە خودای لێ ڕازی بێت هاتووە، کە پێغەمبەر صلى اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: «ئەوەی کردەوەیەک (پەرستنێک) دابهێنێت لەم ئاینەی ئێمە کە (لە بنەڕەتدا) تێیدا نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوە (داهێنراوە) ڕەت دەکرێتەوە». وە لە سەحیحی موسلیمدا لە جابرەوە -ڕەزای خودای لێبێت- هاتووە، کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە وتاری هەینیدا دەیفەرموو: «پاشان: بەڕاستی باشترین وتە بریتیە لە کتێبی خودا، وباشترین ڕێباز بریتیە لە ڕێبازی موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-، وخراپترین کارەکان بریتیە لە داهێنراوەکان (بیدعەكان لە ئایندا)، وهەموو بیدعەیەک گومڕاییە». ئایەتەکان وفەرموودەکان لەم بارەیەوە زۆرن، و بەڵگەی ڕوون وئاشکران لەسەر ئەوەى کە خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- ئاینەکەى بۆ ئەم ئومەتە کامڵ کردووە، ونیعمەتی خۆی بەسەریاندا تەواو کردووە، وپێغەمبەرەکەى -عليه الصلاة والسلام- کۆچی دوایی نەکرد هەتاوەکو پەیامە ڕوون وئاشکراکەی گەیاند، وهەموو ئەو وتە وکردەوانەی بۆ ئومەتەكەی ڕوون کردەوە؛ کە خوداى گەورە بۆی شەرعاندوویەتی بۆیان. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیکردەوە کە هەموو ئەو شتانەی خەڵکی لە دوای ئەو دایدەهێنن و دەیاندەنە پاڵ ئاینی ئیسلام لە وتە یان کردەوە؛ ئەوا هەمووی بیدعەیە و ڕەتدەکرێتەوە بەسەر ئەو کەسەدا کە دایهێناوە، ئەگەرچیش نیەت ومەبەستی باش بێت، وە هاوەڵانی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەم بابەتەیان زانیووە، وە هەروەها زانایانی ئیسلامیش لە دوای ئەوان، بۆیە نکۆڵییان لە بیدعەکان کردووە، و هۆشدارییان سەبارەت داون، وهەموو ئەو زانایانەی کتێبیان نووسیوە لە بارەی بەگەورەدانانی سوننەت ونکۆڵیکردن لە بیدعە باسیان کردووە؛ وەکو ئیبن وەزاح، وتورتوشی، وئەبو شامە، و جگە لە ئەوانیش.
وە لەو بیدعانەی کە هەندێك خەڵك دایانهێناوە: بیدعەی ئاهەنگ گێڕانە بە شەوی نیوەی مانگی شەعبان، و تایبەتکردنی ڕۆژەکەی بە ڕۆژووگرتن، لەكاتێكدا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە کە شایەنی پشت پێ بەستن بێت، وە چەند فەرموودەیەکی لاواز هاتووە دەربارەی فەزڵی ئەم شەوە؛ کە دروست نییە پشتیان پێ ببەسترێت.
بەڵام ئەوەى هاتووە سەبارەت بە فەزڵی نوێژکردن لەم شەوەدا؛ هەمووی هەڵبەستراوە، هەروەکو زۆرێک لە زانایان ئاماژەیان بۆ کردووە، و گێڕانەوەی هەندێک لە قسەکانیان دواتر دێت إن شاء الله.
هەروەها چەند گێڕانەوەیەك هاتووە لە هەندێک لە پێشینیانی خەڵکی شام و شوێنەكانی تریش.
وە زۆربەی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئاهەنگ گێڕان لەم شەوەدا بیدعەیە، وە ئەو فەرموودانەی کە لەبارەی فەزڵی ئەم شەوە هاتوون هەموویان لاوازن، و هەندێکیان هەڵبەستراون، لەو کەسانەی ئاماژەیان بەمە کردووە: (ئیبن رەجەب)؛ لە کتێبەکەیدا: (لطائف المعارف)، و جگە لە ئەویش، وە زانراوە کە فەرموودە لاوازەکان تەنها لەو پەرستنانەدا کاریان پێدەکرێت کە بنچینەکەیان بە بەڵگەی سەحیح دامەزراوە، وە سەبارەت بە ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی شەوی نیوەی شەعبانەوە؛ هیچ بنچینەیەکی ڕاست و دروستی نییە وتەنانەت بە فەرموودە لاوازەکانیش ناتوانرێت پشتگیری لێبکرێت. ئەم بنەما گەورەیە ئیمام ئەبو عەباس شێخى ئیسلام ئیبن تەیەمییە -ڕەحمەتی خودای لێبێت- باسی کردووە.
خوێنەری بەڕێز، قسەی هەندێک لە زانایانت بۆ دەگێڕمەوە لەسەر ئەم بابەتە، بۆئەوەی لەم بابەتەدا چاوڕۆشن بیت سەبارەت بە بەڵگە ڕوونەكان.
زانایان -ڕەحمەتی خودایان لێبێت- کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە واجبە: ئەو بابەتانەی کە خەڵکی ناکۆکیان تێدا هەیە بگەڕێندرێنەوە بۆ لای قورئان، و بۆ لای سوننەتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، جا هەر شتێک کە ئەو دوانە یان یەکێکیان حوکمی لەسەر دابێت، ئەوە ئەو شەریعەتەیە کە شوێنکەوتنی واجبە، و هەر شتێک پێچەوانەیان بێت واجبە ڕەت بکرێتەوە، و هەر پەرستنێک کە لەو دوانەدا (لە قورئان و سوننەتدا) نەهاتبێت؛ ئەوا بیدعەیە و ئەنجامدانی دروست نییە، چ جای بانگەواز کردن بۆی و بە چاک پیشاندانی، خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿ئەی کەسانێک کە باوەڕتان ھێناوە گوێڕایەڵی خودا و گوێڕایەڵی پێغەمبەر بن وە پاشانیش گوێڕایەڵی کاربەدەستە (دادپەروەرەکانی) خۆتان بن جا ئەگەر دووبەرەکیتان ھەبوو لە شتێکدا ئەوە بیگێڕنەوە بۆ لای خودا و (پێغەمبەر ﷺ) ئەگەر ئێوە باوەڕتان ھەیە بە خودا و بە ڕۆژی دوایی ئەوە باشترە وە ئاکام و ئەنجامی چاکترە﴾ [ سوڕەتی ئەلنیسا: 59]، وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە ھەرشتێك کە تێیدا جیاواز بوون ئەوە بڕیارەکەی بۆ لای خودا دەگەڕێتەوە...﴾ [سوڕەتی ئەلشوڕا: 10] وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ئەگەر ئێوە خواتان خۆش دەوێت کەواتە دوای من بکەون بۆئەوەی خودایش ئێوەی خۆش بوێت وە لە گوناھەکانتان خۆش بێت...﴾ [سوڕەتی ئالی عیمڕان: 31]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿نەخێر (وانیە کە خۆیان بە باوەڕدار پیشیان دەدەن) سوێند بە پەروەردگارت بڕوادار نین هەتاوەكو تۆ نەکەنە دادوەر لەھەر ئاژاوە و دووبەرەکیەکی نێوانیان دا لە پاشان ھەست نەکەن لە دەرونیاندا بەھیچ بێزارییەک لەو بڕیارەی تۆ داوتە و ملکەچ دەبن بە ملکەچیەکی تەواو﴾ [سوڕەتی ئەلنیسا: 65]، وئایەتەکان لەسەر ئەم واتایە زۆرن، وە چەند دەقێکی ڕوونن لەسەر ئەوەی ئەو بابەتەی ناكۆكی هەیە بۆ حوكمدا لەسەری؛ واجبە بگەڕێندرێتەوە بۆ لای قورئان و سوننەت، وە ڕازی بوون بە حوکمەکەیان؛ واجبە، وە بەڕاستی ئیمان ئەمە دەخوازێت، وە خێرترە بۆ بەندەکان لە دونیا و دواڕۆژدا، وە باشترینە لە ڕووی سەرەنجامەوە.
ئیبن ڕەجەب -ڕەحمەتی خوداى لێبێت- لە کتێبەکەیدا (لطائف المعارف) سەبارەت بەم بابەتە ـ پاش باسەكەی پێشتر ـ دەڵێت:
«وە شەوی نیوەی شەعبان، تابیعيەكانی خەڵکی شام؛ وەکو خالیدی کوڕی مەعدان، ومەکحول، و لوقمانی کوڕی عامر و جگە لەوانیش، بە گەورەیان دادەنا و کۆششیان تێیدا دەکرد بۆ ئەنجامدانی پەرستن، و خەڵکیش فەزڵ و گەورەیی ئەو شەوەیان لێوەرگرتوون، وگووتراوە: سەبارەت بەو شەوە هەندێک گێڕانەوەی ئیسرائیلیان پێگەیشتووە، جا کاتێک ئەمە لە نێوانیاندا بەناوبانگ بوو لە شارەكاندا، خەڵکی سەبارەتی دابەش بوون؛ تێیاندا بوو قبوڵی کرد، وهاوڕابوون لەگەڵیان لەسەر بەگەورە دانانی، لەوانەیش دەستەیەک لە خوداپەرستانی خەڵکی بەسڕە و جگە لەوانیش. وە زۆربەی زانایانی حیجاز نکۆڵییان لەمە کرد، لەوانەیش: عەتا، وئیبن ئەبی مولەیکە، كە عەبدولڕەحمانی کوڕی زەیدی کوڕی ئەسلەم؛ لە زانایانی خەڵكی مەدینەوە گێڕاویەتیەوە، وە ئەمە وتەی هاوەڵانی مالیک و جگە لەوانیشە، وە وتوویانە: ئەمە هەمووی بیدعەیە.
وە زانایانی وڵاتی شام لەسەر چۆنیەتی زیندوو کردنەوەی دوو بۆچونیان هەیە:
یەکێکیان: زیندووکردنەوەی ئەو شەوە بە کۆمەڵ لە مزگەوتەکاندا؛ سوننەتە، خالیدی کوڕی مەعدان و لوقمانی کوڕی عامر و جگە لەوانیش لەو شەوەدا جوانترین پۆشاکیان لەبەر دەکرد، و خۆیان بۆنخۆش دەکرد و کلیان لە چاویان دەکرد، و بە درێژایی ئەو شەوە لە مزگەوتدا بە پێوە دەوەستان -بۆ ئەنجامدانی پەرستن-، و ئیسحاقی کوڕی ڕاهەوەی لەسەر ئەم کارە هاوڕا بوو لەگەڵیان، ودەربارەی زیندوو كردنەوەی ئەو شەوە بەکۆمەڵ لە مزگەوتەکاندا؛ ووتی: بیدعە نیە، حەربی کرمانی لە (مسائل)ەکەیدا گێڕاویەتیەوە.
دووەم: کۆبوونەوە لە مزگەوتەکاندا بۆ نوێژ و وتار و نزاکردن؛ مەکروهە، بەڵام مەکروهـ نییە کە پیاوێک بە تەنها بۆ خۆی نوێژ لە مزگەوتدا بکات، ئەمە وتەی ئەوزاعییە، کە پێشەوای خەڵکی شام و فیقهزان و زانا بووە، وە ئەم بۆچوونە نزیکترە لە ڕاستیەوە -إن شاء الله تعالى-». هەتا دەڵێت: «ونەزانراوە هیچ قسەیەک هاتبێت لە ئیمامی ئەحمەدەوە سەبارەت بە شەوی نیوەی شەعبان، و سەبارەت بە سوننەت بوونی -زیندووکردنەوەی ئەو شەوە بە پەرستن-؛ دوو گێڕانەوەی لێوە وەردەگیرێت لەسەر بنەمای ئەو دوو گێڕانەوەیەی کە لێیەوە هاتووە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی هەردوو شەوی جەژنەكان، ئەو (لە گێڕانەوەیەکدا) بە سوننەتی دانەناوە کە بە کۆمەڵ زیندوو بکرێتەوە؛ چونکە نەگێڕدراوەتەوە لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵەکانی كە ئەمەیان ئەنجام دابێت، وە بە سوننەتی داناوە (لە گێڕانەوەیەکدا)، بەهۆی کردەوەی عەبدولڕەحمانی کوڕی یەزیدی کوڕی ئەسوەدەوە، کە لە تابیعیەکانە، هەروەها سەبارەت بە شەونوێژكردن -بە تایبەتی- لە شەوی نیوەی (شەعبان)؛ هیچ شتێکی لەسەر نەهاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- وە نە لە هاوەڵەکانیەوە، بەڵام لە کۆمەڵێک لە تابیعیەکانەوە هاتووە -كە شەونوێژیان ئەنجامداوە لەو شەوەدا-؛ کە لە فیقهزان و گەورە زانایانی خەڵکی شام بوون».
کۆتایی بە مەبەست هات لە وتەکەی ئیبن ڕەجەب -ڕەحمەتی خودای لێبێت-، وە تێیدا بە ڕاشکاوی باسی ئەوەی کردووە کە: هیچ شتێک نەهاتووە لە پێغەمبەرەوە ﷺ، وە نە لە هاوەڵەکانیشیەوە -ڕەزای خودایان لێبێت- سەبارەت بە شەوی نیوەی شەعبان.
بەڵام ئەوەى کە ئەوزاعی -ڕەحمەتی خوداى لێبێت- هەڵیبژاردووە لە پەسەندبوونی ئەنجامدانی شەونوێژ بۆ تاکەکەس -بەتایبەتی- لەو شەوەدا، هەروەها حافیزی کوڕی ڕەجەبیش ئەم وتەیەی هەڵبژاردووە، ئەمە وتەیەکی نامۆ و لاوازە؛ چونکە هەر شتێك کە بە بەڵگە شەرعییەکان نەسەلمێنرا کە ڕێگەپێدراوە، ئەوا دروست نییە بۆ مسوڵمان لە ئاینی خوادا دایبهێنێت، جا بە تەنها ئەنجامی بدات یان بە کۆمەڵ، بە نهێنی بیکات یان بە ئاشکرا؛ بەهۆی گشتگیری فەرموودەکەی پێغەمبەر ﷺ: «ھەرکەسێک کردەوەیەک بکات کە فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت (لە دینی ئێمە نەبێت)؛ ئەوا ئەو کردەوەیە وەرناگیرێت وڕەتدەکرێتەوە». هەروەها زۆر بەڵگەی تریش هەن کە ئاماژەن بۆ نکۆڵیکردن لە بیدعەکان وئاگادارکردنەوە لێیان.
وە ئیمام ئەبو بەکری تەرتوشی -ڕەحمەتی خوداى لێبێت- لە کتێبی (الحوادث والبدع)دا دەڵێت:
«ئیبن وەزاح لە زەیدی کوڕی ئەسلەمەوە گێڕاویەتیەوە، دەڵێت: نەگەیشتین بە هیچ یەکێک لە مامۆستایان و فیقهزانەکانمان کە گرنگی بدەن بە نیوەی شەعبان، وە گرنگیشیان نەئەدا بە فەرموودەکەی مەکحول، وە هیچ فەزڵێکیان بۆی دانەناوە بەسەر ڕۆژ وشەوەكانی تردا».
وە بە ئیبن ئەبی مولەیكە ووترا: زیادی نومەیری دەڵێت: «پاداشتی شەوی نیوەی شەعبان، وەک پاداشتی شەوی قەدر وایە». ئەویش ووتی: «ئەگەر گوێم لێی بوایە و دارم بەدەستەوە بوایە، لێیم دەدا». و زیاد لە چیرۆکخوێنان بووە.
وە ئیمامی شەوکانی -ڕەحمەتی خوداى لێبێت- لە کتێبی (الفوائد المجموعة)دا دەڵێت:
«فەرموودەی: «ئەی عەلی، هەرکەسێک سەد ڕکات نوێژ ئەنجامبدات لە شەوی نیوەی شەعباندا، لە هەموو ڕکاتێکدا سورەتی -الفاتحة- و (قل هو الله أحد:سورەتی -الإخلاص-) دە جار بخوێنێت؛ ئەوا خوداى گەورە هەموو پێویستییەکی بۆ جێبەجێ دەکات» ...هتد. ئەمە فەرموودەیە داهێنراوە، و لە وشە ڕوونەکانیدا سەبارەت بەو پاداشتەی کە ئەنجامدەری بەدەستی دێنێت؛ شتی وای تێدایە کە هیچ کەسێکی ژیر گومانی لە داهێنراوی ئەم فەرموودەیە ناکات، و گێڕەرەوەکانی نەناسراون، هەروەها لە ڕێگای دووەم و سێیەمیشەوە گێڕدراوەتەوە کە هەموویان داهێنراون و گێڕەرەوەکانیان نەناسراون. ولە «المختصر» دا دەڵێت: فەرمودەی نوێژی نیوەی شەعبان پوچەڵە، وئیبن حیبان لە فەرموودەی عەلیەوە گێڕاویەتیەوە: «ئەگەر شەوی نیوەی شەعبان بوو، ئەوا شەوەكەی شەونوێژ بكەن، وڕۆژەكەی بەڕۆژوو بن»، لاوازە. وە لە «اللآلئ» دا دەڵێت: (فەرموودەی) «سەد ڕکات لە نیوەی شەعباندا بە خوێندنی سوڕەتی -الإخلاص- دە جار»، لەگەڵ ئەو فەزڵە زۆرەی بۆی باسکراوە، لای دەیلمی و جگە لە ئەویش هەڵبەستراوە، وە زۆربەی گێڕەرەوەکانی لە هەر سێ ڕێگاكەیدا نەناسراو و لاوازن. ودەڵێت: (وگێڕانەوەی): «و دوانزە ڕکات بە خوێندنی سورەتی -الإخلاص- سی جار». هەڵبەستراوە، (وگێڕانەوەی): «و چواردە ڕکات» هەڵبەستراوە.
وە کۆمەڵێک لە فەقیهەکان بەم فەرموودەیە هەڵخەڵەتاون؛ وەک دانەری (الإحياء) و جگە لە ئەویش، هەروەها هەندێک لە ڕاڤەکارانیش، وە نوێژكردن لەم شەوەدا ـ واتا: شەوی نیوەی شەعبان ـ بە چەندین شێوازی جیاواز گێڕدراوەتەوە، کە هەموویان پووچەڵ و هەڵبەستراون، ئەمەیش ناکۆک نییە لەگەڵ گێڕانەوەکەی (الترمذی) لە فەرموودەکەی عائیشە -ڕەزای خودای لێبێت- سەبارەت بە چوونى پێغەمبەر ﷺ بۆ بەقیع، و دابەزینی پەروەردگار لە شەوی نیوەی شەعبادا بۆ ئاسمانی دونیا، ولە زۆرێک لە گوناهەکان خۆش دەبێت، چونکە قسەكردن لێرەدا تەنها لەسەر ئەو نوێژە داهێنراوەیە کە لەم شەوەدا ئەنجام دەدرێت، سەبارەت بە فەرموودەکەی عائیشە؛ لاوازی وپچڕانی تێدایە، هەروەها فەرموودەکەی عەلی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا سەبارەت بە شەونوێژکردن لەو شەوەدا؛ ناکۆک نییە لەگەڵ ئەوەی کە ئەم نوێژە داهێنراو بێت، سەرەڕای ئەو لاوازییەشی کە تێیدایە هەوەکو باسمان کرد» کۆتایی بە مەبەستەکە هات.
حافیزی عێراقی دەڵێت: «فەرموودەى نوێژكردن لە شەوی نیوەی شەعباندا؛ هەڵبەستراوە بەناوی پێغەمبەری خوداوە ﷺ و درۆیە بە دەمیەوە». ئیمامی نەوەوی لە کتێبی: (المجموع)دا دەڵێت: «ئەو نوێژەی کە ناسراوە بە نوێژی ڕەغائیب، کە بریتییە لە دوانزە ڕکات لە نێوان نوێژی مەغریب وعیشا، لە شەوی یەکەم هەینی مانگی ڕەجەب، هەروەها نوێژكردن لە شەوی نیوەی شەعبان کە سەد ڕکاتە، ئەم دوو نوێژە دوو بیدعەی خراپ وناپەسەندن، ونابێت مرۆڤ هەڵبخەڵەتێت بەو فەرموودەیە وئەو باسانەی کە لە هەردوو کتێبی: (قوت القلوب)، و(إحياء علوم الدين)دا هاتوون، چونکە هەموو ئەوانە پوچەڵن، وە نابێت هەڵبخەڵەتێت بە هەندێک لەو پێشەوایانەی کە حوکمی ئەم دوو نوێژەیان لێ تێکچووە وچەند لاپەڕەیەکیان نووسیوە لەسەر سونەت بوونیان، چونکە لەم بابەتەدا تووشی هەڵە بوون».
و شێخ: ئەبو موحەمەد عەبدولڕەحمان کوڕی ئیسماعیل ئەلمەقدیسی کتێبێکی بەنرخی نووسیوە لەسەر پوچەڵێتیان، و زۆر بەچاکی و کارامەیی نووسیویەتی، و قسەی زانایان لەسەر ئەم بابەتە زۆر زۆرە، ئەگەر بمانەوێت هەموو ئەو قسانە بگێڕینەوە کە ئاگادارین لێی لەسەر ئەم بابەتە، ئەوا وتارەکەمان زۆر درێژ دەبێتەوە، بەڵكو ئەوەی كە باسمان کرد بەس و ڕازیکار بێت بۆ داواکاری هەق.
لە ڕێگەی ئەو ئایەت و فەرموودانە و وتەی زانایانەوە کە پێشتر خرایەڕوو: بۆ ئەو کەسەی بەدوای هەقدا دەگەڕێت؛ ڕوون دەبێتەوە کە ئاهەنگ گێڕان بە شەوی نیوەی شەعبان بە نوێژ یان شتی تر، و تایبەتکردنی ڕۆژەکەی بە ڕۆژووگرتن؛ بیدعەیەکی داهێنراوی نەشیاوە لای زۆربەی زانایان، و هیچ بنچینەیەکی نییە لە شەریعەتی پاکدا، بەڵکو لەو شتانەیە کە لە ئیسلامدا داهێنراوە لە پاش سەردەمی هاوەڵان -ڕەزاى خوداى لێبێت-، وە وتەی خودای گەورە بەسە بۆ ئەو کەسەی بەدوای هەقدا دەگەڕێت لەم بابەتە و لە شتی تریشدا: ﴿...ئەمڕۆ ئایینەکەتانم تەواو وکامڵ کردوە بۆتان...﴾ [سوڕەتی ئەلمائیدە: 3]. هەروەها ئەو ئایەتانەیش کە بە هەمان واتا هاتوون، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەوەی کردەوەیەک (پەرستنێک) دابهێنێت لەم فەرمانەی ئێمە (واتە: لەم ئاینەی ئێمە) کە تێیدا نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوە داهێنراوە -ئەو بیدعەیە- ڕەت دەکرێتەوە». وە هەروەها ئەو فەرموودانەیش كە بە هەمان واتا هاتوون.
ولە سەحیحی موسلیمدا هاتووە: لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «شەوی جومعە تایبەت مەکەن بە شەونوێژ کردن لە نێوان شەوەکانی تردا، وە ڕۆژەکەیشی تایبەت مەکەن بە ڕۆژووگرتن لە نێوان ڕۆژەکانی تردا، مەگەر ڕۆژووگرتنەکە بکەوێتە ناو ڕۆژوویەکی دیاریکراوەوە کە یەکێک لە ئێوە دەیگرێت». ئەگەر تایبەتکردنی شەوێك بە جۆرێك لە پەرستن دروست بوایە، ئەوا شەوی هەینی شیاوتر بوو لەوانی تر؛ چونکە ڕۆژەکەی خێرترین ڕۆژە کە خۆر تێیدا هەڵهاتبێت، بەپێی دەقی فەرموودە سەحیحەکان كە لە پێغەمبەری خوداوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم-، کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداریدا سەبارەت بە تایبەتکردنی شەوی هەینی بە شەونوێژکردن لە نێوان شەوەکانی تردا؛ ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە شەوەکانی تر لە پێشترن بۆ ئەم ڕێگریە، و دروست نییە هیچ کامیان تایبەت بکرێت بە هیچ جۆرە پەرستنێک، مەگەر بەڵگەیەکی دروست هەبێت کە ئاماژە بۆ ئەو تایبەتکردنە بکات.
و لەبەرئەوەی زیندووکردنەوەی شەوی قەدر وشەوەكانی ڕەمەزان وکۆششکردن تێیاندا شەرعیە؛ پێغەمبەر -صلى الله علیە وسلم- هانی ئوممەتەکەی داوە لەسەر زیندووکردنەوەیان، وخۆیشی ئەم کارەی ئەنجامداوە، هەروەکو لە هەردوو سەحیحەکەدا هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى الله علیە وسلم- کە فەرموویەتی: «ئەوەی شەونوێژ ئەنجامبدات لە ڕەمەزاندا بە باوەڕ وئیمانەوە وچاوەڕێی پاداشت بێت لەسەری لە لایەن خوداوە؛ ئەوا خودای گەورە لە هەموو تاوانەکانی پێشووی خۆش دەبێت، وە ئەوەی شەونوێژ ئەنجامبدات لە شەوی قەدردا بە باوەڕ وئیمانەوە وچاوەڕێی پاداشت بێت لەسەری لە لایەن خوداوە؛ ئەوا خودای گەورە لە هەموو تاوانەکانی پێشووی خۆش دەبێت». ئەگەر تایبەتکردنی شەوی نیوەی شەعبان، یان شەوی یەکەم هەینی لە مانگی ڕەجەب یان شەوی ئیسرا و میعراج بە ئاهەنگ گێڕان یان بە شتێک لە پەرستن؛ شەرعی بووایە، ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنموێنی ئومەتەکەی دەکرد بۆ ئەنجامدانی، یان خۆی ئەنجامی دەدا، وە ئەگەر شتێک لەمە ڕوویدابا ئەوا هاوەڵان -خودا لێیان ڕازی بێت- بۆ ئوممەتیان دەگێڕایەوە و نەیان دەشاردەوە لێیان، چونکە ئەوان باشترین و دڵسۆزترینی خەڵکی بوون لەدوای پێغەمبەرانەوە -سەلام و سەڵاتی خودایان لەسەر بێت-، و خودای گەورە لە هاوەڵانی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ڕازی بێت و ڕازیان بکات.
پێشتر لە وتەی زانایانەوە ڕوون بوویەوە کە هیچ شتێک نەسەلەمێنراوە كە لە پێغەمبەری خوداوە هاتبێت ﷺ یان لە هاوەڵانەوە -ڕەزاى خودایان لێبێت- سەبارەت بە فەزڵی شەوی یەکەم هەینی لە مانگی ڕەجەب و شەوی نیوەی شەعبان، کەواتە زانرا کە ئاهەنگ گێڕان لەم شەوانەدا بیدعەیەکی داهێنراوە لە ئیسلامدا، هەروەها تایبەتکردنیان بە هەر جۆرە پەرستنێک، بیدعەیەکی خراپ وناپەسەندە. هەروەها شەوی بیست وحەوتی مانگی ڕەجەبیش، کە هەندێک خەڵک پێیان وایە شەوی ئیسرا ومیعراجە، دروست نییە تایبەت بکرێت بە هیچ جۆرە پەرستنێک، هەروەها دروست نییە ئاھەنگ گێڕان تێیدا؛ بەهۆی ئەو بەڵگانەی پێشتر باسکرا، ئەمە ئەگەر کاتەکەی زانراو بووایە، چ جای ڕای دروست لەلای زانایان ئەوەیە کە کاتەکەی نەزانراوە. وە ئەو کەسەی کە دەڵێت: ئەو شەوە شەوی بیست وحەوتی مانگی ڕەجەبە، وتەیەکی پوچەڵە و هیچ بنچینە وبنەمایەکی نییە لە فەرموودە سەحیح ودروستەکاندا، و چاک وپەسەندی فەرمووە ئەو کەسەی کە دەڵێت:
باشترینى کاروبارەکان؛ ئەوانەى پێشینانە لەسەر هیدایەت وڕێنموێنى... وە خراپترینى کاروبارەکان؛ بیدعە داهێنراوەکانە
داواکارین لە خوداى گەورە کە ئێمە و سەرجەم مسوڵمانان ڕێنموێنی بکات بۆ دەستگرتن بە سونەت ودامەزراوی لەسەری، وخۆپاراستن لەوەى پێچەوانەیەتی، ئەو سەخی وبەخشندەیە.
وصلى الله وسلم على عبده ورسوله نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.
نامیلکەی هەشتەم:
ئاگادارییەکی گرنگ لەسەر درۆبوونی ئەو وەسیەتەی دراوەتەپاڵ
شێخ ئەحمەدی خزمەتکاری حەرەمی پیرۆزی نەبەوی
لە عبد العزيز بن عبد الله بن بازەوە بۆ هەموو ئەو موسڵمانانەی کە ئەم پەیامە دەبینن، خودای گەورە بە ئیسلام بیانپارێزێت، وە ئێمە وئەوانیش بپارێزێت لە شەڕی درۆ و بوهتانی نەزانە ستەمکارەکان، ئامین.
سلام علیكم ورحمة الله وبركاته.
پاشان، وتەیەکم بەرچاوکەوت کە درابووە پاڵ شێخ ئەحمەد خزمەتکاری حەرەمی پیرۆزی نەبەوی، بەناونیشانی: «ئەمە وەسیەتێکە لە مەدینەی منەوەرەوە لە لایەن شێخ ئەحمەد خزمەتکاری حەرەمی نەبەوی پیرۆز»، کە تێیدا هاتووە:
«شەوی هەینی بەخەبەر بووم وقورئانم دەخوێند، و لە پاش خوێندنەوەی ناوە جوانەکانی خوداى گەورە، کاتێک لەوە بوومەوە خۆم ئامادەکرد بۆ خەوتن، پاشان خاوەن ڕوخسارە جوانەکەم بینی واتە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، ئەوەی کە ئایەتە قورئانییەکان وحوكمە ڕێزدارەكانی هێناوە؛ وەک ڕەحمەتێک بۆ جیهانیان، گەورەمان موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-؛ فەرمووی: ئەی شێخ ئەحمەد، ووتم: دامەزراوم لەسەر گوێڕایەڵیت و وەڵامدانەوەت ئەی پێغەمبەری خودا، ئەی بەڕێزترین دروستکراوی خودا، پێی ووتم: من شەرمەزارم لە کردەوە ناشیرینەکانی خەڵکی، و ناتوانم ڕووبەڕووی پەروەردگارم و فریشتەکانیش ببمەوە؛ چونکە لە هەینییەکەوە بۆ هەینییەکەی تر سەد و شەست هەزار کەس مردوون لەسەر جگە لە ئاینی ئیسلام -پاشان باسی هەندێک لەو تاوانانەی کرد کە خەڵکی تێی کەوتوون-، پاشان فەرمووی: ئەم وەسیەتە ڕەحمەتێکە بۆیان لە لایەن خودای شكۆدار و مەزنەوە. پاشان باسی هەندێک لە نیشانەکانی ڕوودانی قیامەتی کرد، هەتا فەرمووی: ئەی شێخ ئەحمەد ئەم وەسیەتەیان پێ ڕابگەیەنە؛ چونکە بە قەڵەمی قەدەر لە لەوحى مەحفوزەوە وەرگیراوە، وهەرکەسێک بینوسێتەوە و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بینێرێت، کۆشکێکی لە بەهەشتدا بۆ دروست دەکرێت، وهەرکەسێک نەی نوسێتەوە و نەی نێرێت، ئەوا لە ڕۆژی قیامەتدا لە شەفاعەتی من بێبەش دەکرێت، وهەرکەسێک بینوسێتەوە و هەژار بێت، الله دەوڵەمەندی دەکات، یان قەرزدار بێت، الله قەرزەکەی بۆ دەداتەوە، یان گوناهێکی لەسەر بێت، الله لە خۆی و دایک و باوکی خۆش دەبێت بە پیرۆزی وبەرەکەتی ئەم وەسێەتە، وهەرکەسێک لە بەندەکانی خودا نەینووسێت، ڕووی ڕەش دەبێت لە دونیا و دواڕۆژدا، هەروەها ووتی: «سوێند بە خوداى گەورە؛ سێ جار، ئەمە هەق وڕاستییە، وئەگەر درۆ بکەم با لە دونیا دەربچم لەسەر جگە لە ئاینی ئیسلام، وهەرکەسێک باوەڕی پێی هەبێت ئەوا لە سزای دۆزەخ ڕزگاری دەبێت، وهەرکەسێکیش بە درۆی بزانێت ئەوا کافر بووە».
ئەمە پوختەی ئەو وەسیەتە هەڵبەستراوەیە کە دراوەتە پاڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، بەڕاستی ئەم وەسیەتە هەڵبەستراوەمان چەندین جار بیستووە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا، کە جار دوای جار لە نێو زۆرێك لە خەڵکیدا بڵاودەکرێتەوە وڕەواجی پێدەدرێت، كە لە دەستەواژەکانیاندا هەندێك جیاوازی هەیە، درۆزنەکە دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-ی لە خەودا بینیووە، وئەویش ئەم ڕاسپاردەیەی پێداوە، وە لەم بڵاوکراوەی دواییدا کە باسمانكرد بۆ تۆی خوێنەر، درۆهەڵبەستەکە بانگەشەی ئەوەی تێدا کردووە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-ی بینیووە کاتێک خۆی ئامادەکردووە بۆ خەوتن، کەواتە واتای ئەوەیە: لەکاتی بەئاگابوونییدا بینیوویەتی!
ئەم درۆهەڵبەستە لەم وەسیەتنامەیەدا بانگەشەی چەندین شتی کردووە؛ کە لە ئاشکراترین درۆ وڕوونترین پوچەڵەکانن، بەم نزیکانە لەم وتارەدا ئاگادارتان دەکەمەوە سەبارەتیان إن شاء الله، وە لە ساڵانی ڕابردوویشدا هۆشداریم دا سەبارەتیان، وبۆ خەڵکیم ڕوونکردووەتەوە کە ئەمانە لە ئاشکراترین درۆ وڕوونترین پوچەڵەکانن، بۆیە کاتێک ئاگاداری ئەم بڵاوکراوەی كۆتا بووم؛ دوودڵ بووم لە نووسین لە بارەیەوە، ئەمیش بەهۆی ئاشکرایی پوچەڵبوونی، وگەورەیی بوێری درۆهەڵبەستەکەی لەسەر درۆکردن، وە هەرگیز گومانم نەدەکرد کە پوچەڵییەکەی بەسەر کەسێکدا تێپەڕێت کە کەمترین تێگەیشتن یان سروشتێکی پاک وسەلامەتی هەبێت. بەڵام زۆرێک لە برایان ئاگاداریان کردمەوە کە لەنێو خەڵکێکی زۆردا بڵاوبۆتەوە، و دەستاودەستی پێدەکەن و هەندێکیشیان باوەڕیان پێی هێناوە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە بە پێویستم زانی لەسەر کەسانی وەکو من لە بارەیەوە بنووسن، بۆ ڕوونکردنەوەی پوچەڵییەکەی، وە ئەوەی کە درۆ و بوهتانێکی هەڵبەستراوە بەدەم پێغەمبەری خوداوە ﷺ، بۆئەوەی کەس پێی فریو نەدرێت و هەڵنەخەڵەتێت. هەرکەسێکی خاوەن زانست و ئیمان، یان خاوەن سروشتی پاک و ئەقڵی ساغ، لێی وردبێتەوە؛ بۆی دەردەکەوێت کە لە زۆر ڕووەوە درۆ و بوھتانە.
پرسیارم لە یەكێك لە خزمەکانى شێخ ئەحمەد کرد -کە ئەم بوهتانەی دراوەتە پاڵ- سەبارەت بەم وەسیەتە، ئەویش لە وەڵامدا پێی ووتم: کە درۆیە و دراوەتە پاڵ شێخ ئەحمەد، و ئەو هەر لە بنچینەدا شتی وای نەوتووە، شێخ ئەحمەدی ناوبراو ماوەیەکە مردووە، خۆ ئەگەر وای دابنێین کە شێخ ئەحمەدی ناوبراو، یان کەسێکی گەورەتر لەویش، بانگەشەی ئەوەی کردبێت کە پێغەمبەری بینیووە -صلى الله علیه وسلم- لە خەودا یان لە لەكاتی بە ئاگابوونیدا، و ئەم وەسیەت و ئامۆژگارییەی کردووە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەمانزانی کە درۆ دەکات، یان ئەوەی کە ئەو قسانەی پێ وتووە شەیتانە، نەوەک پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- بێت، لەبەر چەندین هۆکار، لەوانەیش:
یەکەم: پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- لە پاش وەفاتی لە ڕاستیدا نابینرێت، وە هەرکەسێک لە نەزانەکانی سۆفییەکان بانگەشەی ئەوە بکات کە پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- دەبینێت لە ڕاستیدا، یان ئامادەی مەولود دەبێت، یان شتی هاوشێوەی ئەمە؛ ئەوا تووشی ناشیرینترین هەڵە بووە، و بە تەواوەتی شتی لێ تێکەڵ کراوە و هەڵخەڵەتێندراوە، وە کەوتووەتە ناو هەڵەیەکی گەورەوە، وە پێچەوانەی قورئان و سوننەت و کۆدەنگی زانایانی بۆتەوە؛ چونکە مردووەکان تەنها لە ڕۆژی قیامەتدا لە گۆڕەکانیان دەردەچن نەک لە دونیادا. وە هەرکەسێک پێچەوانەی ئەمە بڵێت ئەوا درۆزنێکی ئاشکرایە، یان کەسێکی هەڵەكارە و ڕاستی لێ شێوێنراوە، وئەو هەقەی نەزانیوە کە پێشینە چاکەکان ناسیوویانە؛ و هاوەڵانی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- و شوێنکەوتووانیان بە چاکە لەسەری ڕۆیشتوون، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿پاشان بەڕاستی ئێوە لەدوای ئەوە ھەمووتان دەمرن (15) لە پاشان بێگومان ئێوە لەڕۆژی دواییدا زیندوو دەکرێنەوە (16)﴾ [سوڕەتی ئەلموئمینون: 15، 16]، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «من یەکەم کەسم کە زەوی لەسەرم شەق دەبات لە ڕۆژی قیامەتدا، و من یەکەم شەفاعەتکارم ویەکەم کەسیشم کە شەفاعەتەکەم قبوڵ دەکرێت». وئایەتەکان وفەرموودەکان سەبارەت بەم باسە زۆرن.
دووەم: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هیچ شتێکی پێچەوانەى هەق وڕاستی نافەرمووێت، نە لە ژیانیدا ونە لە پاش مردنیشی، وئەم وەسیەتە بە شێوەیەکی ئاشکرا پێچەوانەى شەریعەتەکەیەتی، ئەمیش لە چەندین ڕوویەكەوە ـ هەروەکو پاشتر باس دەكرێت ـ ، وهەروەها ئەو -صلى اللە علیە وسلم- لەوانەیە لە خەودا ببینرێت، ئەوەی لە خەودا لەسەر شێوە پیرۆزەکەی بیبینێت ئەوا بەڕاستی ئەوی بینیووە؛ چونکە شەیتان ناتوانێت خۆی بکاتە سەر شێوەی ئەو، هەروەکو لە فەرموودە سەحیحە پیرۆزەكاندا هاتووە، بەڵام مەسەلەکە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕ و ڕاستگۆیی و دادپەروەری و وردبینی و دینداری و سپاردەیی خەوبینەرەکە، و ئایا پێغەمبەری -صلى اللە علیە وسلم- لەسەر شێوەی خۆی بینیووە یان لەسەر شێوەیەکی تر.
ئەگەر فەرموودەیەک لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- بگێڕدرێتەوە کە لە ژیانی خۆیدا فەرموویەتی، بەڵام لە ڕێگەیەكەوە بێت كە یەكێك لە گێڕەرەوەكانی فەرموودەكە متمانەپێکراو یان دادپەروەر یان وردبین نەبێت؛ ئەوا ئەم فەرموودەیە پشتی پێنابەسترێت و وەکو بەڵگە بەکارناهێنرێت، یان ئەگەر لە ڕێگەی گێڕەرەوەی متمانەپێکراو و وردبینەوە هاتبێت، بەڵام پێچەوانەی گێڕانەوەی کەسێک بێت کە لە ئەوان لەبەرکردنی بەهێزتر و متمانەپێکراوترە؛ بە شێوەیەک کە نەتوانرێت هەردوو گێڕانەوەکە پێکەوە کۆبکرێنەوە، ئەوا یەکێکیان بە سڕاوە ومەنسوخ دادەنرێت و کاری پێناکرێت، و ئەوی تریان بە سڕەرەوە وناسخ دادەنرێت و کاری پێدەکرێت، ئەمەیش ئەگەر مەرجەکانی تێدا بێت، وە ئەگەر کۆکردنەوە و سڕینەوە ونەسخکردنەوەیش گونجاو نەبوو، ئەوا پێویستە واز لە گێڕانەوەی ئەو کەسە بهێنرێت کە لەبەرکردنی لاوازتر و دادپەروەری کەمترە، و حوکمی ئەوەی بەسەردا دەدرێت کە شاذە و کاری پێناکرێت.
ئینجا ئەی حاڵی ئەو وەسیەتە چۆن بێت کە ئەو کەسە ناناسرێت کە گێڕاویەتیەوە لە پێغەمبەرى خوداوە ﷺ، وە دادپەروەرى و دەستپاکیشی نەزانراوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا شایستەی ئەوەیە كە گێڕانەوەكەی ڕەت بکرێتەوە و ئاوڕی لێ نەدرێتەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکیشی تێدا نەبێت کە پێچەوانەى شەرع بێت، چ جای ئەوەی کە وەسیەتەکە چەندین شتی لەخۆگرتبێت کە بەڵگەن لەسەر پوچەڵبوونی، وە درۆیە و هەڵبەستراوە بەدەم پێغەمبەرى خوداوە ﷺ، وە زیاد كردنی شتێكە لە ئایندا کە خواى گەورە ڕێگەى پێنەداوە؟!
پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەرکەسێک قسەیەک بەناوی منەوە بکات کە من نەموتووە؛ ئەوا با شوێنێک بۆ خۆی دابنێت لە دۆزەخدا». ئەو کەسەى ئەم وەسیەتەى هەڵبەستووە، قسەیەکی داوەتە پاڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- کە نەیفەرمووە، ودرۆیەکی ئاشکرا و مەترسیداری بەناویەوە کردووە، بۆیە زۆر شایستەى ئەم هەڕەشە گەورەیە ئەگەر پەلە نەکات لە تەوبەکردن، و بۆ خەڵکی ڕوون نەکاتەوە کە ئەم وەسیەتە درۆیە و دراوەتە پاڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، چونکە هەرکەسێک شتێکی پوچەڵ لە نێو خەڵکیدا بڵاوبکاتەوە وبیداتە پاڵ ئاین؛ ئەوا تەوبەکەی لێی وەرناگیرێت مەگەر بە ڕاگەیاندن وئاشکراکردنی پوچەڵێتی بانگەشەی نەبێت، بۆئەوەى كە خەڵکی بزانن پاشگەزبووەتەوە لە درۆکەی، وخۆی بە درۆ بخاتەوە؛ بەهۆی فەرمایشتى خودای گەورە: ﴿بێگومان ئەوانەی دەیشارنەوە ئەو ئایەتە ڕۆشن وڕێنماییەی کە ناردوومانەتە خوارەوە لە دوای ئەوەی کە ڕوونمان کردەوە بۆ خەڵکی لە نامەی (تەورات و ئینجیل) دا ئەوانە خودا نەفرەتیان لێ دەکات وە نەفرەتکارانیش نەفرەتیان لێ دەکەن (159) مەگەر ئەوانەی کە پەشیمان بوونەوە، وە کردەوەی چاکیان کردبێت و (ئەوەی شاردبوویانەوە) ئاشکرایان کردبێت ئا ئەوانه تۆبە و پەشیمانیان لێ گیرا دەکەم وە ھەر منم تۆبە گیراکاری میھرەبان (160)﴾ [سوڕەتی ئەلبەقەڕە: 159، 160]، خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- لەم ئایەتە پیرۆزەدا ڕوونی کردۆتەوە: کە هەرکەسێک شتێک لە هەق بشارێتەوە تەوبەکەی لێی وەرناگیرێت مەگەر دوای چاکسازی کردن وڕوونکردنەوەی نەبێت، وخوداى گەورە -سبحانه- ئاینی بۆ بەندەکانی کامڵ کردووە، ونیعمەتی خۆی بەسەریاندا تەواو کردووە بەناردنی پێغەمبەرەکەی موحەممەد ﷺ، وبەو وەحیەی کە خودای گەورە بۆی نارد کە شەریعەتێکی کامڵە، وگیانی پیرۆزی نەکێشا مەگەر دوای کامڵکردن وڕوونکردنەوەی ئاینەکەی نەبێت، هەروەکو -جل جلاله- دەفەرمووێت: ﴿...ئەمڕۆ ئایینەکەتانم تەواو (کامڵ) کردووە بۆتان و چاکە و بەھرەی خۆم بەتەواوی ڕشتووە بەسەرتاندا و ڕازی بووم کە ئیسلام ئایینتان بێت...﴾ [سوڕەتی ئەلمائیدە: 3]
هەڵبەستەری ئەم وەسیەتە لە سەدەی چواردەهەمدا دەرکەوت ودەیەوێت ئاینێکی نوێ دابهێنێت و خەڵکی پێ چەواشە بکات، کە دەیكاتە بە پێوەر بۆ چوونە بەهەشت دەرهەق بە ئەو کەسەی کە شەریعەتەکەی وەردەگرێت، و بێبەشبوون لە بەهەشت و چوونە دۆزەخیش دەرهەق بە ئەو کەسەیە کە شەریعەتەكەی وەرناگرێت، و دەیەوێت ئەم وەسیەتە هەڵبەستراوە بە گەورەتر و چاکتر دابنێت لە قورئان، کە تێیدا درۆی هەڵبەستووە ودەڵێت: هەرکەسێک بینووسێت و بینێرێت -مەبەستی وەسیتەكەیە- لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، یان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر؛ کۆشکێکی بۆ دروست دەکرێت لە بەهەشتدا، و هەرکەسێک نەینووسێت و نەینێرێت شەفاعەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-ی لێ حەرام دەکرێت لە ڕۆژی قیامەتدا، ئەمیش یەکێکە لە قێزەونترین جۆرەکانی درۆ، وە ڕوونترین بەڵگەیە لەسەر درۆبوونی ئەم وەسیەتە، و نیشانەی کەم شەرمی ھەڵبەستەرەکەیەتی، ھەروەھا گەورەیی بوێرییەتی لەسەر درۆکردن؛ چونکە ھەرکەسێك قورئانی پیرۆزی نووسیبێتەوە و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، یان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری ناردبێت؛ ئەوا ئەم فەزڵ و پاداشتەی دەستناکەوێت ئەگەر خۆی کار بە قورئانی پیرۆز نەکات، جا چۆن ئەم فەزڵ و پاداشتە بەدەست دێت بۆ نووسەری ئەم درۆ و بوهتانە و گوێزەرەوەكەی لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر. ئەوەی قورئانی نەنووسیبێت و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تری نەناردبێت، ئەوا بێبەش ناکرێت لە شەفاعەتی پێغەمبەر ﷺ، ئەگەر باوەڕی پێی هەبێت و شوێنکەوتووی شەریعەتەکەی بێت، تەنها ئەم درۆ و بوهتانە لەم وەسیەتەدا؛ بەسە بۆ سەلماندنی پوچەڵبوونی و درۆزنی بڵاوکەرەوەکەی، و بێشەرمی و گەمژەیی و دووربوونی لە زانست سەبارەت ئەو ڕێنموێنیەی کە پێغەمبەر ﷺ پێی هاتووە.
لەم وەسیەتەدا -جگە لەوەی کە باسکرا- چەندین شتی تر هەن، هەموویان بەڵگەن لەسەر پوچەڵی و درۆ بوونی ئەم وەسیەتە، تەنانەت ئەگەر درۆهەڵبەستەکەیش هەزار سوێند یان زیاتر بخوات لەسەر ڕاستی و دروستێتی وەسیتەكەی، وە تەنانەت ئەگەر نزای لە خۆی بکات بە گەورەترین سزا و سەخترین ئازار لەسەر ئەوەی کە ڕاست دەکات؛ ئەوا هەر ڕاستگۆ نییە، و وەسیەتەکەش ڕاست و دروست نییە، بەڵکو سوێند بە خوا و دووبارە سوێند بە خوا، ئەمە یەکێکە لە گەورەترین و ناشرینترین شتە پوچەڵەکان، وە ئێمە خودا -سبحانە- و ئەو فریشتانەی کە ئامادەن بە شاهێد دادەنێین، وهەر موسڵمانێکیش كە ئاگاداری ئەم نووسراوە بێت شاهێدی دەدات ـ بە شاهێدیەك کە پێی دەگەین بە دیداری پەروەردگارمان (جل جلاله) ـ : کە ئەم وەسیەتە درۆ و بوهتانە بەدەم پێغەمبەرەوە هەڵبەستراوە -صلی الله علیه وسلم-، خوای گەورە ئەو کەسە ڕیسوا بکات کە هەڵیبەستووە و بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکات کە شایستەیەتی.
بەڵگەیش لەسەر درۆ و پوچەڵی ئەم وەسیەتە؛ جگە لەوانەی كە پێشتر باسكرا، چەند شتێكی ترە لە نێو ئەو دەقانەی کە باسکراوە، لەوانەیش:-
بابەتی یەکەم: كاتێك دەڵێت: (چونکە لە هەینیەوە بۆ هەینی سەد وشەست هەزار کەس مردوون لەسەر -ئاینێكی تر- جگە لە ئاینی ئیسلام)؛ لەڕاستیدا ئەمە لە زانستی غەیبە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەحی لێی دابڕا لە پاش مردنی، ئەو لە ژیانی خۆیدا غەیبی نەزانیووە ئەی چۆن دەیزانێت لە پاش مردنی؛ بە بەڵگەی فەرمایشتی خودای گەورە: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ من پێتان ناڵێم خەزێنەکانی خودا لای منە وە شتی نھێنیش نازانم...﴾ [سوڕەتی ئەلئەنعام: 50] وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿بڵێ هيچ کەسێك لە ئاسمانەکان و زەویدا غەیب نازانێت بێجگە لە خودا...﴾ [سوڕەتی ئەلنەمل: 65]، ولە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە دەفەرمووێت: «لە ڕۆژی قیامەتدا پیاوانێک لە حەوزەکەم دوور دەخرێنەوە، منیش دەڵێم: ئەی پەروەردگار! هاوەڵانم، هاوەڵانم، پێم دەووترێت: بەڕاستی تۆ نازانیت لە پاش تۆ چیان داهێناوە، منیش هەروەکو بەندە چاکەکە دەڵێم: ﴿وَكُنتُ عَلَيۡهِمۡ شَهِيدٗا مَّا دُمۡتُ فِيهِمۡۖ فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي كُنتَ أَنتَ ٱلرَّقِيبَ عَلَيۡهِمۡۚ وَأَنتَ عَلَىٰ كُلِّ شَيۡءٖ شَهِيدٌ﴾ واتە: ﴿و من شاهێد و چاودێر بووم بە سەریانەوە تا لە ناویاندا بووم ئەمجا کاتێک تۆ منت بردەوە ھەر خۆت چاودێر بووی بەسەریانەوە، وە خۆت ئاگادار و شاهێدی بەسەر ھەموو شتێکەوە﴾ [المائدة: 117]».
خاڵی دووەم: -لەو بەڵگانەی کە ئاماژەن بۆ درۆیی و پوچەڵێتی ئەم وەسیەتە-: ئەو قسەیەی كە دەڵێت: (هەرکەسێک بینووسێت و هەژار بوو؛ خودای گەورە دەوڵەمەندی دەکات، یان قەرزدار بوو؛ خودای گەورە قەرزەکەی بۆ دەداتەوە، یان گوناهی لەسەر بوو؛ خوای گەورە لێی خۆش دەبێت ولە دایک وباوکیشی بە بەرەکەتی ئەم وەسیەتە) هەتا کۆتایی... ئەمە یەکێکە لە گەورەترین درۆکان، وە ڕوونترین بەڵگەیە لەسەر درۆی ئەو کەسەی کە ھەڵیبەستووە، وە نیشانەی کەم شەرمیەتی بەرامبەر بە خودای گەورە و بەندەکانی؛ چونکە ئەم سێ شتە تەنھا بە نووسینەوەی قورئانی پیرۆز بەدەست نایەت، ئەی چۆن بۆ ئەو کەسە بەدەست دێت کە ئەم وەسیەتە پوچەڵەی نووسیوە؟! ئەم كەسە پیسە تەنها دەیەوێت خەڵکی چەواشە بکات، و پەیوەستیان بکات بەم وەسیەتەوە؛ بۆ ئەوەی بینوسنەوە وپەیوەست بن بەم پاداشتە درۆیەوە، و واز لەو هۆکارانە بهێنن کە خودای گەورە بۆ بەندەکانی دایناوە، و کردوونی بە هۆکارێک بۆ گەیشتن بە دەوڵەمەندی ودانەوەی قەرز، ولێخۆشبوون لە گوناهەكان، جا پەنا بە خودای گەورە دەگرین لە هۆکارەکانی سەرشۆڕی وگوێڕایەڵی کردنی ئارەزوو وشەیتان.
خاڵی سێیەم: -لەو بابەتانەی کە بەڵگەن لەسەر پووچەڵێتی ئەم وەسیەتە-، دەڵێت: (هەرکەسێک لە بەندەکانی خودای گەورە نەینووسێت؛ ئەوا ڕووی ڕەش دەبێت لە دونیا و دواڕۆژدا). هەروەها ئەمەیش یەکێکە لە قێزەونترین درۆکان، وە ڕوونترین بەڵگەیە لەسەر پوچەڵی ئەم وەسیەتە و درۆزنی هەڵبەستەرەکەی، چۆن شتی وا لە ئەقڵی کەسێکی ژیردا جێی دەبێتەوە کە وەسیەتێکی لەم شێوەیە بنووسێتەوە کە پیاوێکی نەناسراو لە سەدەی چواردەهەمدا هێناویەتی، درۆی پێ هەڵدەبەستێت بەناوی پێغەمبەری خوداوە -صلى اللە علیە وسلم-، وە بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەرکەسێک نەی نووسێتەوە ڕووی ڕەش دەبێت لە دونیا و دواڕۆژدا، وە هەرکەسێک بینووسێتەوە دەوڵەمەند دەبێت لە پاش هەژاری، وە قەرزەکانی نامێنێت پاش ئەوەی کەڵەکە بوو لەسەری، وە لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لەو تاوانانەی کە ئەنجامی داون!!
خودایە پاکی و بێگەردی هەر بۆ تۆیە، ئەمە بوهتانێکی گەورەیە!! وە بەڕاستی بەڵگەکان و ژیانی بینراو -واقیع- شاهێد دەدەن لەسەر درۆی ئەم درۆهەڵبەستە، و گەورەیی بوێری بەرامبەر بە خودای گەورە، و کەم شەرمی لە خودای گەورە و لە خەڵکی، چەندین ئوممەت و گەلی زۆر هەن کە نەیاننووسیوە، کەچی ڕوویان ڕەش نەبووە، وە لێرەیشدا کۆمەڵێکی زۆر و بێشومار لە خەڵكی کە جگە لە خوای گەورە کەس ناتوانێت بیانژمێرێت؛ چەندین جار نووسیویانە، بەڵام نە قەرزەکەیان بۆ درایەوە و نە هەژارییەکەیشیان کۆتایی پێهات، جا پەنا بە خودای گەورە دەگرین لە لادانی دڵەکان، و ژەنگی تاوانەکان، ئەم سیفەت و پاداشتانە لە شەریعەتی پیرۆزدا نەهاتوون بۆ ئەو کەسەی باشترین و مەزنترین کتێبی نووسیوە کە ئەویش قورئانی پیرۆزە، جا چۆن ئەم پاداشتانە بۆ ئەو کەسە دەبێت کە وەسیەتێکی درۆینەی نووسیوەتەوە لەكاتێكدا پڕە لە جۆرەها شتی بەتاڵ و پوچەڵ، و چەندین ڕستەی لەخۆگرتووە کە جۆرەها کوفر و بێباوەڕیان تێدایە، سبحان الله!! خودای گەورە چەند ئارامگر و لەسەرخۆیە بەرامبەر بە ئەو کەسەی کە دەوێرێت درۆ بە ناوی ئەوەوە بکات.
خاڵی چوارەم: -لەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنێت ئەم وەسیەتە پووچترین شت و ڕوونترین درۆیە-: دەڵێت: (هەرکەسێک باوەڕی پێبکات لە سزای دۆزەخ ڕزگاری دەبێت، وە هەرکەسێک بە درۆی بزانێت ئەوا کافر بووە)، هەروەها ئەمەیش لە گەورەترین بوێرییە لەسەر درۆکردن، وە لە ناشرینترین پوچەڵێتیە، ئەم درۆهەڵبەستەرە داوا لە هەموو خەڵکی دەکات، کە باوەڕ بكەن بە درۆ ودەلەسەکەی، وە وا گومان دەبات کە بەوە ڕزگاریان دەبێت لە سزای دۆزەخ، وە هەرکەسێکیش بە درۆی بزانێت ئەوا کافر دەبێت، سوێند بە خودا، ئەم درۆزنە گەورەترین درۆ و بوهتانی هەڵبەستووە بە ناوی خودای گەورەوە، وە سوێند بە خودا، قسەیەکی ناڕاست وناهەقی کردووە، بەڕاستی ھەرکەسێک باوەڕ بەم بوهتانە بکات، ئەوا ئەو شایستەیە بەهۆی ئەم باوەڕپێكردنەوە کافر بێت، نەک ئەو کەسەی کە بەدرۆی دەزانێت؛ چونکە ئەم وەسیەتە درۆ و بوهتان و قسەیەکی پوچەڵە وھیچ بنچینەیەکی ڕاستی نیە، وە ئێمە خودای گەورە دەکەین بە شاهێد کە ئەم وەسیەتە درۆیە، وە ئەوەی ئەم درۆیەی ھەڵبەستووە درۆزنێکی گەورەیە، دەیەوێت شەریعەتێک بۆ خەڵکی دابنێت کە خودای گەورە ڕێگەی پێ نەداوە، وە دەیەوێت شتێک بخاتە ناو ئاینەکەیانەوە کە بەشێک نیە لێی؛ لەکاتێکدا خودای گەورە ئەم ئاینەی تەواو و کامڵ کردووە بۆ ئەم ئوممەتە چواردە سەدە پێش ئەم درۆ و بوهتانە. کەواتە ئاگاداربن: ئەی خوێنەران و برایان، خۆتان بپارێزن لە باوەڕکردن بەم جۆرە درۆ و بوهتانانە، و لەوەی کە لە نێوانتاندا بڵاو ببێتەوە، چونکە هەق و ڕاستی ڕووناکییەکی لەسەرە و لەسەر داواکارەکەی تێکەڵ و ناڕوون نابێت، کەواتە داوای هەق بکەن بە بەڵگەکەیەوە، و پرسیار لە زانایان بکەن دەربارەی ئەوەی کە بۆتان ئاڵۆز و ناڕوونە، و بە سوێندی درۆزنان هەڵمەخەڵەتێن، چونکە ئیبلیسی نەفرەتلێکراو سوێندی بۆ دایک و باوکتان -ئادەم و حەوا- خوارد، کە گوایە ئەو بۆ ئەوان لە دڵسۆزانە، لەکاتێکدا ئەو گەورەترینی ناپاکان و درۆزنترینی درۆزنانە، هەروەکو خودای گەورە -سبحانه وتعالی- ئەو قسەیەی گێڕاوەتەوە و فەرموویەتی: ﴿وە سوێندی بۆ خواردن ووتی بێگومان من لە ئامۆژگاریکەرانی دڵسۆزی ئێوەم﴾ [سوڕەتی ئەلئەعڕاف: 21]. کەواتە ئاگاداری بن، وە ئاگاداری شوێنکەوتووانی بن لە درۆھەڵبەستەکان، چەندەھا سوێندی درۆ و پەیمان شکێنی و وتەی ڕازاوەیان ھەیە بۆ لەخشتە بردن و گومڕاکردن! بەڵام سەبارەت بەوەی كە ئەم بوهتانچییە باسی کردووە لە دەرکەوتنی خراپەکان؛ ئەوە شتێکی ڕاستەقینەیە، وە قورئانی پیرۆز وسوننەتی پاک زۆر بە توندی هۆشداریان سەبارەت داوە، وە لە هەردووکیاندا ڕێنمونی هەیە و بەسن بۆ ئێمە.
سەبارەت بەوەی کە باسکراوە دەربارەی نیشانەکانی قیامەت، ئەوا فەرموودەكانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نیشانەکانی قیامەتیان ڕوونکردووەتەوە، وە قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی بە هەندێکیان داوە، هەرکەسێک بیەوێت دەربارەیان بزانێت ئەوا لە شوێنەكانی خۆیاندا دەیاندۆزێتەوە لە نێو کتێبەکانی سوننەت، و دانراوەکانی زانایان وباوەڕداراندا، وە خەڵکی پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی ئەم کەسە درۆزن و بوهتانچییە نییە كە هەق و ناهەق لە خەڵكی دەشێوێنێت وتێكەڵیان دەكات. خوداى گەورە من و ئێوە و سەرجەم موسڵمانان بپارێزێت لە شەڕ وخراپەی شەیتانەکان، و فیتنەی گومڕاکەران، و لاڕێبوونی لادەران، و چەواشەكاری دوژمنە پوچەڵەكانی خودا، ئەوانەی دەیانەوێت نور و ڕۆشنایی خوای گەورە بە دەمیان بکوژێننەوە، و ئاینەکە لە خەڵکی بشێوێنن، و خودا تەواوکاری ڕۆشناییەکەی خۆیەتی، و سەرخەری ئاینەکەیەتی، ئەگەرچیش دوژمنانی خودا پێیان ناخۆش بێت لە شەیتانەکان و شوێنکەوتووانیان لە بێباوەڕان و مولحیدەکان. داواکارین لە خودای گەورە حاڵ و بارودۆخی مسوڵمانان چاك بکات، و نیعمەتی شوێنکەوتنی هەق و ڕاستیان پێببەخشێت، و دامەزراویان بكات لەسەری، و ڕێگای تەوبەکردنیان پێ ببەخشێت بۆ لای خۆی -سبحانه- لە هەموو تاوانەکان، بەڕاستی ئەو تەوبە وەرگری بە بەزەییە و بەسەر هەموو شتێکدا بە توانایە. وحسبنا الله ونعم الوكيل، ولا حول ولا قوة إلا بالله العلي العظيم.
والحمد لله رب العالمين، وصلى الله وسلم على عبده ورسوله الصادق الأمين، وعلى آله وأصحابه وأتباعه بإحسان إلى يوم الدين.
نامیلکەی نۆیەم: حوکمی سیحر و فاڵگرتنەوە وئەو شتانەى پەیوەندیان پێوەی هەیە [1]
[1] ئەم ڕێنموێنیە بڵاوکراوەتەوە لە نامیلکەیەکدا بە ژمارە 17 لەلایەن (الرئاسة العامة لإدارات البحوث العلمية والإفتاء والدعوة والإرشاد:سەرۆكایەتی گشتی بۆ بەڕێوەبردنی توێژینەوەی زانستی وفەتوا وبانگەوازی وڕێنموێنی) لە ساڵی 1402 ك.
الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده، وپاشان:
بەهۆی زۆری تەڵەکەباز ودەستبڕەکان لەم سەردەمەدا لەوانەی بانگەشەی پزیشکی وچارەسەر دەکەن لەڕێگای سیحر وفاڵگرتنەوەوە، وتەشەنەکردنیان لە وڵاتەکاندا، هەروەها سادەیی ئەو خەڵکە دەقۆزنەوە كە نەفامی زاڵە بەسەریاندا؛ بۆیە لەڕوانگەى ئامۆژگاری لەپێناو خودا وئامۆژگاری بۆ بەندەکانى پێم باش بوو گەورەیی مەترسی ئەم بابەتە ڕوون بکەمەوە لەسەر ئیسلام ومسوڵمانان، چونکە ئەمە پەیوەست بوونی تێدایە بە جگە لە الله -سبحانه وتعالى- وسەرپێچی کردنی فەرمانی خودا وپێغەمبەرەکەیەتی -صلى اللە علیە وسلم-.
بە پشتیوانی خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- دەڵێم: بەکارهێنانى چارەسەر ڕێگەپێدراوە؛ بەیەکدەنگی زانایان، ومسوڵمان بۆی هەیە بڕوات بۆ لای پزیشکی نەخۆشییە ناوەکیەکان وبرینەکان ودەمارەکان وهتد، بۆئەوەى نەخۆشیەکەى دەست نیشان بكات وچارەسەری بۆ دابنێت لە ڕێگای بەكارهێنانی دەرمانە ڕێگەپێدراوەکان لە شەریعەتدا بەو پێیەى لەزانستی پزیشکیدا هاتووە؛ چونکە ئەمە لە بابەتی بەکارهێنانى هۆکارە ئاساییەکانە بۆ چارەسەر وپێچەوانەى تەوەکول نیە بە الله، وخوداى گەورە -سبحانه وتعالى- نەخۆشی دابەزاندووە وچارەسەریشی بۆ دابەزاندووە؛ هەیە زانستی هەیە سەبارەتی وهەیشە زانستی سەبارەتی نیە، بەڵام خواى گەورە -سبحانه وتعالى- شیفای بۆ بەندەکانى دانەناوە لە نێو ئەو شتانەى كە حەرامی کردووە.
بۆیە نابێت نەخۆش بچێت بۆ لای فاڵگرەوەكان کە بانگەشەى زانینی شاراوەكان -غەیب- دەکەن بۆئەوەى لەڕێگەى ئەوانەوە نەخۆشیەکەى بزانێت، هەروەکو چۆن نابێت باوەڕیان پێبکات لەوەى دەیڵێن چونکە ئەوانە لەخۆیانەوە بانگەشەی زانینی غەیب دەکەن، یان داوای یارمەتی لە جنۆکەکان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو شتانەى دەیانەوێت، ئەوان حوکمیان ئەوەیە كە کافرن وگومڕان ئەگەر بانگەشەی زانینی غەیب بکەن.
وموسلیم لە سەحیحەکەیدا دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەرکەسێک بڕوات بۆ لای فاڵگرەوەیەک وپرسیاری شتێکی لێبکات ئەوا چل ڕۆژ نوێژی لێ قبوڵ ناکرێت».
ولە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «وهەرکەسێک بچێتە لای فاڵگرەوەیەك -كاهینێک- وبڕوای پێبکات لەوەی کە دەیڵێت، ئەوا کوفری کردووە بە ئەوەی کە دابەزیوە بۆ سەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-». وئەبو داود و تیرمذی و نەسائی و ئیبنو ماجە دەیگێڕنەوە، و (الحاكم)یش بە سەحیحی داناوە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «هەرکەسێک بچێـت بۆ لای فاڵگرەوەیەک یان کاهینێک وباوەڕی پێبکات لەوەى دەیڵێت؛ ئەوا کوفرى کردووە بە ئەوەى دابەزیووە بۆ سەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-».
لە عیمرانی کوڕی حوصەینەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لە ئێمە نییە ئەو کەسەی باوەڕی هەبێت بە شومیەتی لە شتێکدا یان داوا بکات بە پشکنینی شومیەتی لە شتێکدا، وئەو کەسەی فاڵ بگرێتەوە یان داوا بکات فاڵی بۆ بگیرێتەوە، وئەو کەسەی سيحر بکات یان داوا بکات سیحری بۆ بکرێت، وهەرکەسێک بچێتە لای فاڵگرەوەیەك -کاهینێک- وبڕوای پێبکات لەوەی کە دەیڵێت، ئەوا کافرە بەوەی دابەزیوە بۆ سەر موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم-»، البزار گێڕاویەتیەوە بە سەنەدێکی بەهێز.
لەم فەرموودە پیرۆزانەدا: نەهی کراوە لە ڕۆیشتن بۆ لای فاڵگرەوە و کاهین وساحیرەکان وهاوشێوەکانیان، وپرسیار کردن لێیان وباوەڕکردن پێیان، و تێیدا هەڕەشە هاتووە لەسەر ئەم کارە؛
بۆیە نابێت هەڵبخەڵەتێت بە ڕاستگۆییان لەهەندێک شتدا، ونە بە زۆری ئەو خەڵکانەى دەچن بۆ لایان؛ چونکە ئەوانە نەزانن ونابێت خەڵكی پێیان هەڵبخەڵەتێت، و پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لە چوون بۆ لایان وپێسیارکردن لێیان وباوەڕکردن پێیان؛ لەبەر بونی خراپە ومەترسی زۆر لەم کارەدا وسەرەنجامی خراپی، وهەروەها ئەوان درۆزن وفاسقن،
وئەم فەرموودانە بەڵگەن لەسەر ئەوەى کاهین وساحیرەکان کافرن، چونکە ئەوان بانگەشەی زانینی غەیب دەکەن وئەمیش کوفرە، وئەوان ناگەن بە مەبەستیان مەگەر لەڕێگەى خزمەتکردنی جنۆکەکان وپەرستنیان نەبێت لە جیاتی پەرستنی الله، وئەمیش کوفرە بە الله وشیرک بڕیاردانە بۆ ئەو زاتە -سبحانه وتعالى-، وئەوەى باوەڕیان پێدەکات لە بانگەشەکەیان بۆ زانینی غەیب وەکو ئەوان وایە، وهەرکەسێک فێری ئەم شتانە بێت لەوانەوە؛ ئەوا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بەرییە لێی،
هەروەها نابێت مسوڵمان هەڵبخەڵەتێت بە ئەو شتانەى بانگەشەی بۆ دەکەن کە گوایە چارەسەرە؛ وەکو نووسينەوەى تەڵەسیمەکان وکارکردنیان بە قورقۆشم، وهتد لە خورافاتەکان؛ ئەمە بانگەشەی زانینی غەیبە وهەڵخەڵەتاندنی خەڵکیە، و هەرکەسێک ڕازی بێت بەمە ئەوا یارمەتی داون لەسەر شتە پوچەڵ وکوفرەکانیان.
هەروەها نابێت هیچ یەکێک لە مسوڵمانان بڕوات بۆ لایان؛ بۆئەوەی پرسیاریان لێبکات سەبارەت بەوەى کێ هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕەکەى یان کەسێکی نزیکی دەکات، یان چی ڕوودەدات لەنێوان دوو هاوسەر وخێزانەکەیان لە خۆشەویستی و وەفاداری، یان دوژمنایەتی وناکۆکی وهتد؛ چونکە ئەمە غەیبە وتەنها خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- دەیزانێت.
بۆیە واجبە لەسەر کاربەدەستان وئەوانەى فەرمان بە چاکە ونەهی لە خراپە دەکەن لەو کەسانەى كە دەسەڵاتیان هەیە؛ نەهی بکەن لە چوون بۆ لای کاهین وفاڵگرەوەكان وهاوشێوەکانیان، وبە توندترین شێوە ڕێگری بکەن لە ئەوانەى مامەڵە بەم شتانەوە دەکەن لە بازاڕ وشوێنەکانى تر، ونکۆڵی بكەن لە ئەوانەى كە دێن بۆ لایان.
وهەروەها سیحریش: بەدڵنیاییەوە لە حەرامکراوە کوفریەکانە؛ هەروەکو خوداى گەورە -عز وجل- سەبارەت بە دوو فریشتەکە دەفەرمووێت: ﴿...وە (ئەمانە) کەسیان فێر نەدەکرد هەتا پێیان نەوتایە ئێمە ھەر تاقیکەرەوەی (ئادەمیزاد)ین کەواتە بێ بڕوا مەبە ئەمجا فێری جادووی وا دەبوون لێیانەوە کە ژن و مێردی پێ لەیەک جیا بکەنەوە ئەوان بەم جادووە ناتوانن زیان بەکەس بگەیەنن مەگەر بەویستی خودا نەبێت وە فێری شتێک دەبن کە زیانیان پێ دەگەیەنێت نەک قازانج بێگومان زانیان ھەرکەسێ جادوو بکڕێ وفێری ببێت لەڕۆژی دواییدا بێبەش دەبێت بەڕاستی زۆر خراپە ئەو شتەی کە بڕوای خۆیانیان پێ فرۆشت ئەگەر بیانزانیایە﴾ [البقرة: 102].
وئەم ئایەتە پیرۆزانە بەڵگەن لەسەر ئەوەى سیحر کوفرە وساحیرەکان ژن ومێردەکان لەیەک جیا دەکەنەوە، هەروەها ئاماژەیشە بۆئەوەى کە سیحر لەخودی خۆیدا کاریگەری نیە بە سوود یان زیان پێگەیاندن، بەڵکو کاریگەری هەیە بەویستی خوداى گەورە -یستی گەردوونی وقەدەری-؛ چونکە خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- خێر وشەڕی دروستکردووە.
هەروەها ئایەتە پیرۆزەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەوانەى فێری سیحر دەبن ؛ فێری شتێک دەبن کە زیانیان پێدەگەیەنێت وسوودی بۆیان نابێت، ولای خوداى گەورە هیچ بەشێکیان بۆ نیە لە خێر وپاداشت، ئەم هەڕەشە گەورەیە بەڵگەیە لەسەر گەورەیی خەسارۆمەندیان لە دونیا وقیامەتدا، وئەوان نەفسی خۆیان فرۆشتووە بە کەمترین نرخ، بۆیە خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- سەرزەنشتی کردوون لەسەر ئەم کارەیان و دەفەرمووێت: ﴿...بەڕاستی زۆر خراپە ئەو شتەی کە بڕوای خۆیانیان پێ فرۆشت ئەگەر بیانزانیایە﴾ [البقرة: 102]، لە ئایەتەکەدا وشەی (الشراء) هاتووە بە واتای فرۆشتن دێت.
وبەڕاستی زیانەکە گەورە بووە، و کارەساتەکە سەخت بووە بەهۆی ئەم درۆهەڵبەستانەوە، کە ئەم زانستانەیان لە موشریکەکانەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە و خەڵکی کەم ئەقڵیان پێ چەواشە کردووە، جا ئێمە موڵکی خوداین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە، و خودای گەورە بەسە بۆمان و چاکترین کارساز و پشتیوانیش هەر ئەوە.
داواکارین خوداى گەورە عافیەت وسەلامەتیمان پێ ببەخشێت لە شەڕ وخراپەى ساحیر وفاڵگرەوە وهەموو تەڵەکە بازەکان، وداواکارین پەروەردگار -سبحانه وتعالى- مسوڵمانان بپارێزێت لە شەڕ وزیان وخراپەیان، و فەرمانڕەوایانی مسوڵمانان ڕێنموێنی بکات بۆ ئاگاداربوون لێیان و جێبەجێکردنی حوکمی خودا بەسەریاندا؛ بۆئەوەى بەندەکان ڕزگاریان بێت لە زیان وکارە پیسەکانیان.. وە الله سەخی وبەخشندەیە.
وخوداى گەورە هەندێک شتی لە شەریعەتدا داناوە بۆ بەندەکانى کە بەهۆیانەوە خۆیان دەپارێزن لە شەڕ وزیانی سیحر پێش ئەوەى ڕووبدات، وپەروەردگار -سبحانه وتعالى- ئەو شتانەى بۆیان ڕوونکردووەتەوە کە بەهۆیانەوە چارەسەر وەردەگرن لەپاش ئەوەى ڕوودەدات؛ وەکو ڕەحم وچاکەکاریەک بەرامبەریان وتەواوکاری نیعمەتەکانی لەسەریان.
ولێرەدا باسی ئەو شتانە دەکەین کە بەهۆیانەوە خۆمان دەپارێزین لە مەترسی سیحر پێش ئەوەى ڕووبدات، وئەو شتانەى دەبێتە هۆی چارەسەر لەپاش ڕوودانى؛ لەو ڕێكارانەی ڕێگەپێدراوە لە شەریعەتدا، وڕوونکردنەوەکەیشی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
یەکەم: لەو شتانەى دەبێتە هۆی خۆ پاراستن لە مەترسی سیحر پێش ئەوەى ڕووبدات؛ گرنگترینیان وبەسوودترینیان بریتیە لە: خۆپاراستن بە زیکرە شەرعیەکان، ونزاکان وپەناگرتنەکان کە لە سوننەتدا هاتوون، ولەوانەیش خوێندنی: ئایەتی کورسی -کە گەورەترین ئایەتە لە قورئانی پیرۆزدا- لەپاش هەموو نوێژێک لەدوای سەلامدانەوە، خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿خوا ئەو خوایەیە کە ھیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بەھەق و ڕاستی بێجگە لە ئەو ھەمیشە زیندوی تەدبیرکار و ڕاگری (بوونەوەرە) وەنەوز و خەونایگرێت ھەر ھی ئەوە ھەر چی لە ئاسمانەکان و ھەرچی لە زەوی دایە کێیە ئەو کەسەی لەو ڕۆژەدا بتوانێت تکای لەلا بکات مەگەر بە ڕێ پێدانی خۆی نەبێت ئاگادارە بە ئەوەی لەبەردەمی (ئادەمی) یە وەیە (لە دونیا لە بەردەستیاندایە) وە ئەوەی لە دواوەیەتی (لە ڕۆژی دوایی بۆیان ئامادەکراوە) وە کەس ئاگای نیە لە ھیچ شتێک لە زانین و زانیاری ئەو مەگەر بەوەی کە خۆی بیەوێ کورسیەکەی خودا ھەموو ئاسمانەکان و زەوی گرتۆتەوە وە پارێزگاری کردنی ئاسمانەکان و زەوی بۆ خودا ئاسانە و (گران نیە) وە ھەر ئەوە مەزن وخاوەن شکۆ ودەستەڵات (255)﴾ [البقرة: 255]. هەروەها خوێندنەوەی: لە کاتی خەوتندا، بە سەحیحی لە پێغەمبەری خوداوە -صلى اللە علیە وسلم- هاتووە کە دەفەرمووێت: «هەرکەسێک لە شەودا ئایەتی -کورسی- بخوێنێت ئەوا لەلایەن خوداى گەورەوە پارێزگارێکی بۆ دادەنرێت، وشەیتان نزیکی نابێتەوە هەتاوەکو بەیانی بەسەردا دێت».
هەروەها خوێندنی: ﴿(ئەی پێغەمبەرﷺ) بڵێ: ھەر ئەو (اللە) یە خودای تاک وتەنها...﴾ ؛ سورەتی -الإخلاص-. [الإخلاص: 1]، و ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: پەنا دەگرم بە دروستكەری بوونەوەر (بە پەروەردگاری بەرەبەیان)...﴾ ؛ سورەتی -الفلق-. [سورەتی الفلق : 1]، و ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: پەنا دەگرم به پەروەردگاری خەڵکی﴾ ؛ سورەتی -الناس-. [الناس: 1]، لە پاش هەموو نوێژێک، وخوێندنی ئەم سێ سورەتە لەسەرەتای ڕۆژ لەپاش نوێژی بەیانی، و لەسەرەتای شەو لەپاش نوێژی ئێوارە.
هەروەها: خوێندنی دوو ئایەت لە کۆتایی سورەتی -البقرة- لەسەرەتای شەو، ئەمیش ئەم دوو ئایەتەیە كە خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿(پێغەمبەر ﷺ) بڕوای ھێنا بەو پەیامەی کە بۆی نێردراوە لە پەروەردگاریەوە لەگەڵ بڕواداراندا ھەموو بڕوایان ھێناوە بە خودا وە بە فریشتەکانی وە بە کتێبە ئاسمانیەکان وە بە پێغەمبەرانی جیاوازی ناکەین لە نێوان ھیچ یەکێک لە پەیامبەرانی (بڕواداران) ووتیان: (پێغەمبەر ئاینی خودای پێگەیاندین ئێمەش) بیستمان فەرمانبەرداریمان کرد داوای لێخۆشبوونت لێدەکەین ئەی پەروەردگارمان وە ھەر بۆ لای تۆیە گەڕانەوە (285)﴾ هەتا كۆتایی سورەتەكە. [البقرة: 285].
بە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە فەرموویەتی: «هەرکەسێک دوو ئایەتی کۆتایی سورەتی -البقرة- بخوێنێت لە شەودا ؛ ئەوا ئەو شەوە پارێزراوە وئەو کارە بەسە بۆی» واتای ئەوەیە -خودا زاناترە- : بەسە بۆی بۆئەوەى پارزێراو بێت لە هەموو شەڕ وزیانێک، وهەروەها زۆر خوێندنی دۆعای پەناگرتن بە خوداى گەورە: (أعوذ بكلمات الله التامات من شر ما خلق) واتە: (پەنا بە وشە کامڵەکانى خوداى گەورە دەگرم [قورئان] لە شەڕ وزیانی ئەوەى دروستیکردووە)، لە شەو وڕۆژدا بەتایبەتی لەکاتی چوون ومانەوە لە شوێنێک وەکو بینا یان بیابان یان دەرودەشت یان دەریا؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «هەرکەسێک لە شوێنێک لایدا بۆ حەسانەوە، ووتی: (أَعُوذُ بِكَلِمَاتِ اللهِ التَّامَّاتِ مِن شَرِّ ما خَلَقَ)، ئەوا هیچ شتێک زیانی پێناگەیەنێت هەتا لەو شوێنە دەردەچێت».
وهەروەها سوننەتە مسوڵمان لە سەرەتای ڕۆژ و لە سەرەتای شەودا (سێ جار) بڵێت: «بِسْمِ اللهِ الَّذِي لَا يَضُرُّ مَعَ اسْمِهِ شَيءٌ فِي الأَرْضِ وَلَا فِي السَّمَاءِ، وَهُوَ السَّمِيعُ العَلِيمُ» واتە: «بەناوى خوداى گەورە کە لەگەڵ ناوى ئەودا هیچ شتێک زیان ناگەیەنێت لە زەوی و ئاسماندا، و ئەو بیسەر و زانایە».
چونكە بە سەحیحی هاتووە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنموێنی كردووین بۆ بەردەوامبوون لەسەر ووتنی ئەم ویردە، وهۆکارە بۆ سەلامەتبوون لە هەموو شەڕ وزیانێک.
دووەم: ئەو شتانەی سیحری پێ چارەسەر دەکرێت لە پاش ڕوودانی، ئەمەیش بە چەند شتێک دەبێت:
یەکەمیان: زۆر پاڕانەوە لە خوداى گەورە، وداواکردن لێی -سبحانه وتعالى- بۆ لابردنی زیان، ونەهێشتنی ناڕەحەتی.
دووەمیان: هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شوێنی سیحرەکە لە زەوی وشاخ وشوێنی تر؛ ئەگەر شوێنەکەی دۆزرایەوە و دەرکرا و لەناو برا، سیحرەکە پوچەڵ دەبێتەوە، ئەمەش لە بەسوودترین چارەسەرەکانى سیحرە.
سێیەمیان: ڕوقیە کردن بە زیکر و دۆعا شەرعییەکان، کە زۆرن؛ لەوانەیش:
ئەوەی هاتووە لە فەرموودەی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-: «اللَّهُمَّ رَبَّ النَّاسِ، أَذْهِبِ الْبَأْسَ، وَاشْفِ أَنْتَ الشَّافِي، لَا شِفَاءَ إِلَّا شِفَاؤُكَ، شِفَاءً لَا يُغَادِرُ سَقَمًا» واتە: «خودایە، پەروەردگاری خەڵکی، ئەم ناڕەحەتیە لاببە؛ شیفا بنێرە تەنها تۆ شیفا بەخشیت -الشافي-يت، شیفایەک هیچ نەخۆشیەک نەهێڵێت» سێ جار دەیڵێت،
هەروەها ئەو ڕوقیەی کە جبریل خوێندی بەسەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ئەویش ئەم نزایەیە: «بِسْمِ اللَّهِ أَرْقِيكَ، مِنْ كُلِّ شَيْءٍ يُؤْذِيكَ، وَمِنْ شَرِّ كُلِّ نَفْسٍ أَوْ عَيْنِ حَاسِدٍ، اللَّهُ يَشْفِيكَ، بِسْمِ اللَّهِ أَرْقِيكَ» واتە: «بەناوی خودا ڕوقیەت بەسەردا دەخوێنم، لە هەموو شتێک کە ئازارت دەدات، ولە شەڕی هەموو نەفس وچاوێکی حەسوود، خودا شیفات بۆ بنێرێت، بەناوی خودا ڕوقیەت بەسەردا دەخوێنم» و ئەمە سێ جار دووبارە بکاتەوە.
ولەوانەیش -کە چارەسەرێکی سوودبەخشە بۆ پیاو ئەگەر بەسترابێتەوە لە جوتبوون لەگەڵ خێزانەکەى-: ئەوەیە حەوت گەڵای سیدری سەوز بهێنێت و بە بەرد یان شتێکی هاوشێوەى بیکوتێت، و بیخاتە نێو جامێکەوە، و ئەوەندە ئاوی بەسەردا بکات کە بەشی خۆشۆردنی بکات و ئەم سورەت وئایەتانەی بەسەردا بخوێنێت:
ئایەتی کورسی، و ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ئەی بێباوەڕینە...﴾؛ سورەتی -الكافرون-. [الكافرون: 1]، و ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ھەر ئەو (اللە) یە خودای تاک وتەنها...﴾؛ سورەتی -الإخلاص-. [الإخلاص:1]، و ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: پەنا دەگرم بە دروستكەری بوونەوەر (بەپەروەردگاری بەرەبەیان)...﴾؛ سورەتی -الفلق-. [الفلق : 1]، و ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: پەنا دەگرم به پەروەردگاری خەڵکی...﴾؛ سورەتی -الناس-. [الناس:1]،
وئەو ئایەتانەى باسی سیحر دەکات لە سورەتی (الأعراف)دا ؛ کە خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وەحیمان کرد بۆ موسا کە گۆچانەکەت فڕێ بدە ئیتر یەکسەر ئەو (گۆچانە بوو بەمار) و ھەرچی جادووی درۆینەیان کردبوو ھەڵی لووشی (117) ئیتر ڕاستی دەرکەوت و ڕوون بوویەوە ئەوانیش ھەرچی (سیحر) یان کرد بوو پووچەڵ بوویەوە (118) ھەر لەوێدا (فیرعەون و شوێنکەوتوانی) ژێر خران و دۆڕان و بە ڕسوایی گەڕانەوە (119)﴾ [الأعراف: 117-119]،
وئایەتەکانى سورەتی (یونس) ؛ کە خوداى گەورە -سبحانه وتعالى- دەفەرمووێت: ﴿فیرعەون ووتی بۆم بھێنن و کۆی بکەنەوە ھەموو جادووگەرێکی زۆر زانا و لێزان (79) جا کاتێک جادووگەرەکان ھاتن موسا پێی ووتن: ئەوەی دەتانەوێ فڕێی دەن (80) ئەمجا کاتێک جادووەکانیان فڕێدا مووسا ووتی ھەرچی ئێوە ھێناوتانە جادووە بێگومان خودا بەزوویی پوچەڵی دەکاتەوە چونکە بەڕاستی خودا چاکی ناکات کردەوەی خراپەکاران (81) خودا هەق و ڕاستی سەردەخات (دەیچەسپێنێت) بە فەرمان و بەڵێنەکانی با تاوانبارانیش پێیان ناخۆش بێت (82)﴾ [يونس: 79-82]،
وئایەتەكانی سورەتی -طه-: ﴿(ساحیرەکان) ووتیان ئەی موسا یا تۆ جادووەکەت فڕێ بدە یا ئێمە لەسەرەتاوە فڕێی دەدەین (65) (موسا) فەرمووی نەخێر ئێوە لە پێشەوە فڕێی بدەن ئەوانیش فڕێیاندا جا لەناکاودا گوریس و دار دەستەکانیان وەھا ھاتە پێش چاوی موسا بەھۆی جادووەکەیانەوە کە بەڕاستی دەجوڵێن و دەڕۆن (66) جا موسا لەدڵی خۆیدا کەمێک ترسا (6) ووتمان پێی مەترسەو بێباک بە بێگومان ھەر تۆ سەرکەوتوو دەبیت (68) ئەوەی لەدەستی ڕاستتدایە کە گۆچانەکەتە فڕێی بدە ھەرچی جادوو ئەوان کردوویانە قوتی دەدات بێگومان ئەوەی ئەوانە کردوویانە تەنھا فڕوفێڵی جادووگەرە جادووگەریش سەرکەوتوو نابێت لەھەر کوێوە ھاتبێت و ھەرچی بکات (69)﴾ [طه: 65-69].
وپاش خوێندنی ئەوەى باسکرا بەسەر ئاوی سیدرەکەدا سێ مشتی لێ دەخواتەوە وخۆی دەشوات بە ئەوەی ماوەتەوە، وبەم شێوەیە نەخۆشیەکە لادەچێت بە ویستی خوداى گەورە، وئەگەر پێویستی کرد دوو جار یان زیاتر دووبارەی دەکاتەوە وئاساییە هەتاوەکو نەخۆشیەکە نامێنێت.
وئەم زیکر وپەناگرتن وڕێگایانە گەورەترین هۆکارن بۆ خۆپاراستن لە شەڕ وزیانی سیحر وشتی تر لە شەڕ وزیانەکان، هەروەها گەورەترین چەکە بۆ لابردنی سیحر لەپاش ڕوودانى؛ بۆ کەسێک بەڕاستگۆیی وئیمان، و متمانە بە خوداى گەورە، وپشت بەستن پێی، و بە سینگ فراوانییەوە بەردەوام بێت لەسەریان.
ئەوەی باسکرا بە پێی توانا ئەو ڕێکارانەیە کە بەهۆیانەوە خۆپارێزی دەکرێت لە سیحر وچارەسەر کردنی، وخودای گەورە بەخشەری ڕێنمونی وگرتنە بەری ڕێگای ڕاستە.
وە لێرەدا بابەتێکی گرنگ دێتە ئاراوە، ئەویش چارەسەرکردنی سیحرە بە کردەوەی سیحربازەکان کە لە ڕێگای نزیکبوونەوە لە جنۆکەوە ئەنجام دەدرێت بە سەربڕین یان ئەو شتانەی ئەنجامی دەدەن بۆ نزیک بونەوە لە جنیەکان، ئەمە ڕێگەپێدراو نیە؛ چونکە لە کردەوەی شەیتانە، وبەڵکو شیرکی گەورەیە، هەروەها ڕێگەپێدراو نیە چارەسەر بکرێت بە داواکردن لە کاهین وفاڵگرەوە وتەڵەکەبازەکان، وبەکارهێنانی ئەوەی دەیڵێنەوە؛ چونکە ئەوان باوەڕدار نین، ودرۆزن وفاسقن وبانگەشەی زانینی غەیب دەکەن، وخەڵکی چەواشە دەکەن، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداری داوە لە چوون بۆ لایان وداواکردن لێیان وباوەڕکردن پێیان هەروەکو چۆن پێشتر ڕوونکرایەوە لەسەرەتاى نامیلکەکەدا، کەواتە خۆپاراستن لەم شتانە؛ ئەركە، و بە سەحیحی هاتووە لە پێغەمبەری خوداوە -صلى اللە علیە وسلم- كە پرسیاری لێكرا سەبارەت بە (نوشرە) فەرمووی: «ئەوە لە کردەوەی شەیتانە»، ئەحمەد وئەبو داود گێڕاویانەتەوە بە ئیسنادێكی سەحیح.
و(نوشرە) بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی سیحر لەسەر ئەو كەسەی سیحری لێكراوە، ومەبەستی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەم فەرموودەیەدا: ئەو (نوشرە)یە كە خەڵكی لە جاهیلیەتدا سەرقاڵی بوون؛ كە بریتی بوو لە: داوا كردن لە ساحیر بۆئەوەی سیحرێك پوچەڵ بكاتەوە، یان بە سیحرێكی هاوشێوە پوچەڵی بكاتەوە لەلایەن ساحیرێكی ترەوە.
بەڵام پوچەڵکردنەوەى بە ڕوقیە وپەناگرتنی شەرعی ودەرمانى ڕێگەپێدراو ؛ ئاساییە هەروەکو پێشتر باسکرا، وئەمە قسەی زانایان: ئیبن ئەلقەیم و شێخ عبد الرحمن بن حسن ـە لە فتح المجيد دا، وهەروەها زانایانی تر هەمان ڕایان هەیە لەسەر ئەم بابەتە.
وداواکارین لە خوداى گەورە کە مسوڵمانان سەرکەوتوو وڕێنموێنی بکات بۆ عافیەت وسەلامەت بوون لە هەموو شەڕ وخراپەیەک وبیان پارێزێت لە دینداریدا، وسەلامەت بن لە پێچەوانەکردنی شەریعەت.
وصلى الله وسلم على عبده ورسوله محمد، وعلى آله وصحبه.
نامەی دەیەم: هۆشداریدان سەبارەت بە دروستکردنی مزگەوت لە سەر گۆڕەکان
بسم الله، والحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله.
پاشان: چاوم کەوت بڵاوکراوەی ژمارەی سێیەمی گۆڤاری کۆمەڵەی زانستە ئیسلامییەکاندا بڵاوکراوەتەوە لە بەشی (ھەواڵی موسڵمانان لە مانگێکدا): کە کۆمەڵەی زانستە ئیسلامییەکان لە شانشینی ئوردونی ھاشمی نیازی ھەیە مزگەوتێک لەسەر ئەو ئەشکەوتە دروست بکات؛ کە بەم دواییانە لە گوندی (الرحيب) دۆزراوەتەوە، دەووترێت: ئەمە ئەو ئەشکەوتەیە کە ھاوەڵانی ئەشکەوت تێیدا خەویان لێکەوت؛ كە لە قورئانی پیرۆزدا باسیان ھاتووە، .
لەبەر ئەرکی ئامۆژگاریکردن لە پێناو خودای گەورە و بۆ بەندەکانی؛ بە باشم زانی وتەیەک ئاڕاستەی کۆمەڵەی زانستە ئیسلامییەکان بکەم لە شانشینی ئوردونی هاشمی لە هەمان گۆڤاردا؛ ناوەڕۆکەکەی: ئامۆژگاریکردنی کۆمەڵەکە بەوەی وازبهێنن لە جێبەجێکردنی ئەو نیازەی هەیانە سەبارەت بە دروستکردنی مزگەوتێک لەسەر ئەو ئەشکەوتەی باسیان کردووە، ئەمەیش تەنها لەبەر ئەوەیە دروستکردنی مزگەوت لەسەر گۆڕی پێغەمبەران و پیاوچاکان و شوێنەوارەکانیان؛ یەکێکە لەو کارانەی کە شەریعەتی ئیسلامی هاتووە بۆ ڕێگریکردن لێی و هۆشداریدان سەبارەتی، و نەفرەتی لە ئەنجامدەری کردووە؛ چونکە یەکێکە لە هۆکارەکانی شیرک و هاوبەشدانان بۆ خودای گەورە، و زیادەڕەوی کردنە سەبارەت بە پێغەمبەران و پیاوچاکان. ئەوەیشی دەبیندرێت شاهێدە لەسەر ڕاستی و دروستی ئەوەی شەریعەت هێناویەتی، و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لە لایەن خودای گەورە -جل جلاله- وە هاتووە، و بەڵگەیەكی ڕوون و ئاشکرا ویەکلاکەرەوەیە لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بەوەی لە لایەن خوداوە هێناویەتی و بە ئوممەتەکەی گەیاندووە. وهەرکەسێک سەرنج بدات لە حاڵی جیهانی ئیسلامی، وئەوەی کە تێیدا ڕوویداوە لە شیرک وزيادەڕەوی؛ بەهۆی دروستکردنی مزگەوتە لەسەر گۆڕ ومەزارگەکان، وبە گەورە دانانیان وفەڕش ڕاخستن لەنێویان وڕازاندنەوەیان، ودانانی خزمەتکار وپاسەوان بۆیان، بە دڵنیاییەوە دەزانێت کە ئەمانە لە هۆکارەکانی تووشبوونن بە شیرک، و لە جوانیەکانی شەریعەتی ئیسلامی ئەوەیە نەهی و ڕێگریان لێدەكات، وهۆشداری دەدات سەبارەت بە دروستکردنیان.
ولەو فەرموودانەی کە لەسەر ئەم بابەتە هاتووە، گێڕانەوەکەی بوخاری و موسلیم ە -ڕەحمەتی خوایان لێبێت-: لە عائیشەوە -ڕەزای خودای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «نەفرەتی الله لە جولەكە وگاوڕەكان، گۆڕەكانی پێغەمبەرانیان كرد بە مزگەوت، عائیشە دەڵێت: هۆشداری دەدا سەبارەت بەو کارەیان، ودەڵێت: وئەگەر ئەم هۆشدارییە نەبوایە گۆڕەكەی دیار دەخرا، بۆیە ترسا لەوەی بکرێت بە مزگەوت». وە لە هەردوو سەحیحدا هاتووە: «ئوم سەلەمە وئوم حەبیبە -ڕەزای خودایان لێبێت- باسی کڵێسایەکیان بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد کە لە خاکی حەبەشە بینیان، وچەند وێنەیەکی تێیدا بوو، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەوانە ئەگەر پیاو چاکێک لە نێویاندا بمردایە؛ لە سەر قەبرەکەی مزگەوتیان دروست دەکرد، وئەو وێنانەیان تێیدا دادەنا، ئەوانە خراپترین بوونەوەرن لەلای خودای گەورە».
ولە سەحیحی مسلم دا هاتووە: لە جوندوبی کوڕی عبد اللە وە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا بوو -صلى اللە علیە وسلم- ؛ پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی وەفات بکات، فەرمووی: «من دوور وبەریم لەو کارەی کەسێک بکەم بە خەلیلی خۆم، خودای گەورە منی کردووە بە خەلیلی خۆی هەروەکو چۆن ئیبراهیمی کرد بە خەلیلی خۆی، ئەگەر کەسێکم بکردایە بە خەلیلی خۆم لە ئومەتەکەمدا ئەوا ئەبو بەکرم دەکرد بە خەلیلی خۆم، ئەوانەی پێش ئێوە گۆڕی پێغەمبەران و پیاوچاکانیان دەکرد بە مزگەوت، ئێوە گۆڕستانەکان نەکەن بە مزگەوت، من نەهیتان لێ دەکەم لە ئەو کارە». وفەرموودەکان لەم بابەتەدا زۆرن.
ونەهی کردن لە دروستکردنی مزگەوت لەسەر گۆڕەکان بە دەقی ڕوون باسكراوە لەلایەن پێشەوایان و زانایانی موسڵمانان لە هەر چوار مەزهەبەکە و جگە لەوانیش، و هۆشداریان داوە لەو کارە؛ ئەمیش وەكو کارکردنێك بە سوننەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، هەروەها وەکو ئامۆژگارییەک بۆ ئومەت و ئاگاداركردنەوەیان نەوەکو بکەونە نێو هەمان ئەو کارانەى کە ئەوانەی پێش خۆیان تێی كەوتن لە زێدەڕۆکانی جوولەکە و گاورەکان، و هاوشێوەکانیان لە گومڕایانی ئەم ئومەتە.
بۆیە دەستگرتن بە سوننەتەوە وشوێنکەوتنی ڕێبازی پێشەوایان، و وریابوون لەوەی کە خودا وپێغەمبەرەکەی ھۆشداریان سەبارەت داوە واجبە لەسەر كۆمەڵەی زانستە ئیسلامییەکان لە ئوردون، و لەسەر موسڵمانانی تریش چونکە چاکبوونی بەندەکان و بەختەوەرییان و ڕزگاربوونیان لەمەدایە لە دونیا ودواڕۆژدا. وهەندێک لە خەڵکی لەم بابەتەدا -لە دروستكردنی مزگەوت لەسەر ئەو شوێنەی كە دەڵێن یاوەرانی ئەشكەوت لەوێ خەوتوون- پشتیان بەستووە بە فەرمایشتی خودای گەورە لە چیرۆکی ھاوەڵانی ئەشکەوتدا: ﴿...ووتیان بێگومان مزگەوتێکیان بەسەرەوە دروست دەکەین﴾ [الكهف: 21].
وەڵام بۆ ئەم گومانە ئەوەیە کە بوترێت: خودای گەورە -سبحانه وتعالى- هەواڵی ئەوەی داوە کە سەرکردە و دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمە ئەو قسەیان وتووە، وە ئەمەیش واتای ئەوە نییە كە خودای گەورە لەم قسەیان ڕازییە، بەڵکو ئەم ئایەتە لە ڕوانگەی سەرزەنشتکردن و ڕەخنەگرتن و دوورخستنەوەی خەڵكیە لە کردەوەکەیان. وبەڵگەیش لەسەر ئەمە: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كە ئەم ئایەتەی بۆ دابەزیوە و زاناترینی خەڵکیە بە لێکدانەوەی؛ نەهی لە ئومەتەکەی کردووە لە دروستکردنی مزگەوت لەسەر گۆڕەکان، و ئاگاداری کردوونەتەوە لەو کارە، و سەرزەنشت ونەفرەتی لەو کەسە کردووە کە ئەنجامی دەدات.
وئەگەر ئەو کارە دروست بووایە، ئەوا پێغەمبەری خودا ﷺ بەم شێوە توندە جەختی لەسەر نەدەکردەوە، هەتا ئەو ڕادەیەی نەفرەت لە ئەنجامدەرەکەی بکات، وە هەواڵی داوە کە لە خراپترین دروستکراوەکانە لای خودای گەورە، وە لەم باسەدا بەڵگەی بەس و ڕازیکار هەیە بۆ داواکاری هەق. وئەگەر وایشی دابنێین کە دروستکردنی مزگەوت لەسەر گۆڕەکان دروست بووبێت بۆ ئومەتەکانی پێش ئێمە؛ ئەوا دروست نییە بۆ ئێمە كە چاویان لێبکەین لەو کارەدا، چونکە شەریعەتی ئێمە هەڵوەشێنەرەوەی شەریعەتەکانی پێش خۆیەتی، وە پێغەمبەری ئێمە -عليه الصلاة والسلام- كۆتایی پێغەمبەرانە، وە شەریعەتەکەی تەواو و گشتگیرە، وە نەهی لێکردووین لە دروستکردنی مزگەوت لەسەر گۆڕەکان؛ بۆیە دروست نییە بۆمان پێچەوانەی كردەوە بکەین، وە واجبە لەسەرمان شوێنی بکەوین، وە دەستبگرین بەوەی کە هێناویەتی، وە وازبهێنین لە هەرشتێك لەنێو شەریعەتە کۆنەکاندا هاتێبت كە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەم شەریعەتە، هەروەها وازهێنانیش لە ئەو دابونەریتانەی کە بەلاى ئەنجامدەرانیەوە باش بووە؛ چونکە هیچ شەریعەتێک تەواوتر نییە لە شەریعەتی خودا، وە هیچ ڕێباز و سوننەتێکیش باشتر نییە لە ڕێباز و سوننەتی پێغەمبەری خودا ﷺ.
وداواکارین لە خوداى گەورە کە ڕێنموێنیمان بکات لەگەڵ هەموو مسوڵمانان بۆ دامەزران لەسەر ئاینەکەى، ودەستگرتن بە شەریعەتی پێغەمبەرەکەى موحەمەد -عليه الصلاة والسلام-؛ لە قسە وکردەوەدا، ولە ئاشکرا وپەنهانیدا، ولە هەموو کاروبارێکدا هەتاوەکو دەگەین بە دیداری خوداى گەورە، بەڕاستی ئەو بیسەر ونزیکە.
وصلى الله وسلم على عبده ورسوله محمد وآله وصحبه ومن اهتدى بهداه إلى يوم الدين.
نامیلکەی یانزەهەم: ناشتنی مردوو لە مزگەوتەکاندا
بسم الله، والحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وعلى آله ومن اهتدى بهداه، پاشان:
ڕۆژنامەى «الخرطوم» كەوتە بەرچاوم کە دەرچووە لە بەرواری: ١٧/ ٤ / ١٤١٥کۆچی؛ تێیدا بەیاننامەیەک بڵاوکرابوویەوە سەبارەت بە ناشتنی سەید محمد الحسن الإدريسي- لە تەنیشت باوکیەوە لە مزگەوتەکەیاندا لە شاری ئوم درمان... هتد.
ولەبەر ئەو ئەرکەی کە خودای گەورە واجبی کردووە لە ئامۆژگاریکردنی موسڵمانان، وڕوونکردنەوەی ڕێگریکردن لە خراپە؛ بە پێویستم زانی ئاگاداری بدەم لەسەر ئەوەی کە ناشتنی مردوو لە مزگەوتەکاندا کارێکی نادروستە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ شیرک وهاوبەشدانان، وە لە کردەوەکانی جولەکە وگاورەکانە کە خودای گەورە سەرزەنشتی کردوون لەسەری، وپێغەمبەرەکەی -صلى اللە علیە وسلم- نەفرەتی لێکردوون، هەروەکو لە بوخاری وموسلیمدا هاتووە لە عائیشەوە -ڕەزای خودای لێبێت- كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «نەفرەتی الله لە جولەكە وگاوڕەكان، گۆڕەكانی پێغەمبەرانیان دەكرد بە مزگەوت» ولە سەحیحی موسلیم دا هاتووە: لە جوندوبی کوڕی عبد اللە وە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئاگاداربن، بەڕاستی ئەوانەی پێش ئێوە گۆڕی پێغەمبەران وپیاوچاکانیان دەکرد بە مزگەوت، ئاگاداربن گۆڕەکان مەکەن بە مزگەوت؛ چونکە من قەدەغەی ئەو کارەتان لێدەکەم». وئەو فەرموودانەى ئاماژە بۆ ئەم بابەتە دەکەن زۆرن.
بۆیە واجبە لەسەر مسوڵمانان لە هەموو شوێنێک ـ حکومەتەكان و خەڵکیش: کە تەقوای خودا بکەن، و خۆیان بپارێزن لەوەی کە قەدەغەی کردووە، وە مردووەکانیان لە دەرەوەی مزگەوتەکان بنێژن، هەروەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- و هاوەڵانی -ڕەزاى خوایان لێبێت- مردووەکانیان لە دەرەوەی مزگەوتەکان دەناشت، وە بەهەمان شێوە شوێنکەوتووانیشیان بە چاکە.
و سەبارەت بە بوونی گۆڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- و هەردوو هاوەڵەکەی ئەبوبەکر و عومەر -ڕەزاى خودایان لێبێت- لە ناو مزگەوتەکەیدا -صلى اللە علیە وسلم-، بەڵگە نییە لەسەر ڕەوایەتی ناشتنی مردووەکان لە مزگەوتەکاندا؛ چونکە ئەو -صلى اللە علیە وسلم- لە ماڵەکەی خۆیدا نێژرا (لە ماڵی عائیشەدا -ڕەزای خودای لێبێت-)، پاشان هەردوو هاوەڵەکەیشی لەگەڵیدا نێژران، جا کاتێک وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک مزگەوتەکەی فراوانکرد، ژوورەکەی عائیشەی خستە نێو مزگەوتەکەوە لە سەرەتای سەدەی یەکەمی کۆچیدا، وە زانایان نکۆڵییان لەو کارەی کرد، بەڵام ئەو پێی وابوو کە ئەمە ڕێگر نییە لە فراوانکردنەکە، وە بابەتەکە ڕوونە و نابێتە جێی گومان بۆ خەڵکی.
وبەمەیش بۆ هەموو مسوڵمانێک ڕوون دەبێتەوە: کە پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- و هەردوو هاوەڵەکەی -ڕەزای خودایان لێبێت- لە سەرەتادا لەنێو مزگەوتەكەدا نەنێژراون، وكاتێك گۆڕەكانیان خرایە نێو مزگەوتەكە بەهۆی فراوانکردنەکەوە ئەمە نابێتە بەڵگە لەسەر دروستی ناشتنی مردوو لە نێو مزگەوتەکاندا؛ چونکە لەڕاستیدا ئەوان لە نێو مزگەوتەكەدا نین، بەڵکو ئەوان لە نێو ماڵەکەی پێغەمبەردان -عليه الصلاة والسلام-، هەروەها کردەوەکەی وەلید نابێتە بەڵگە بۆ هیچ کەسێک لەم بارەیەوە، بەڵکو بەڵگە تەنها لە قورئان وسوننەت وکۆدەنگی پێشینانی ئوممەتدایە -ڕەزا وڕەحمەتی خودایان لێبێت-، وخودای گەورە بمانگێڕێت بە شوێنکەوتوویەکی چاکی ئەوان.
ئەمیش بەمەبەستی ئامۆژگاری موسوڵمانان وهەستان بەو ئەرکەی لەسەرمانە؛ نووسرا لە: ١٤/ ٥/ ١٤١٥ کۆچی.
خوداى گەورە سەرکەوتوومان بکات. وصلى الله وسلم على نبينا محمد، وآله وصحبه، وأتباعهم بإحسان.
نامەی دوانزەهەم: ڕوونکردنەوەی کوفر و گومڕایی ئەو کەسەی کە پێی وایە دروستە بۆ هەرکەسێک دەربچێت لە شەریعەتی موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم-.
الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على خاتم الأنبياء والمرسلين نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين.
پاشان: ئەو وتارەم بەرچاوکەوت کە لە ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)دا بڵاوکراوەتەوە بە ژمارە (٥٨٢٤) لە بەرواری ٥/ ٦/ ١٤١٥ کۆچی، کە لەلایەن کەسێکەوە نووسراوە بەناوی: عبد الفتاح الحايك، بە ناونیشانی: (تێگەیشتنی هەڵە).
وپوختەی وتارەکە: نکۆڵیکردنیەتی لە بنچینە زانراوەكانی ئاینی ئیسلام، کە بە دەقی (قورئان وسوننەت) و کۆدەنگی زانایان ئەم بابەتە یەكلایی كراوەتەوە؛ ئەمیش بریتیە لە گشتگیری پەیامی موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم- بۆ هەموو خەڵکی، وخاوەن وتارەكە بانگەشەی ئەوە دەكات کە هەرکەسێک شوێنی موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم- نەکەوێت وگوێڕایەڵی نەبێت، بەڵکو بە جولەکە یان گاوری بمێنێتەوە، ئەوا لەسەر ئاینێکی ڕاست وڕەوایە، پاشان زمان درێژی كردووە بەرامبەر بە دانایی پەروەردگاری جیهانیان -سبحانە وتعالى- سەبارەت بە سزادانی بێباوەڕان وسەرپێچیکاران، و ئەو کارەی بە بێهودە وگاڵتەجاڕی داناوە.
و هەستاوە بە گۆڕین و دەستکاریکردنی دەقە شەرعییەکان، و لە شوێنی خۆیان لایداون، و بە پێی ئارەزووی خۆی لێکدانەوەی بۆ کردوون، و پشتی هەڵکردووە لە بەڵگە شەرعییەکان و دەقە ڕوون و ئاشکراکان کە بەڵگەن لەسەر گشتگیری پەیامی موحەمەد -صلی اللە علیە وسلم-، و لەسەر کافربوونی هەرکەسێک کە بانگەوازەکەی پێبگات و شوێنی نەکەوێت، و ئەوەی کە خودای گەورە هیچ ئاینێک قبوڵ ناكات جگە لە ئیسلام، و چەندین دەقی ڕوون و ئاشکرای تر کە پشتی تێکردوون؛ بۆ ئەوەی بە قسەکانی کەسانی نەفام و نەزان فریو بخۆن. وئەم کارەی کوفرێکی ئاشکرایە، وە هەڵگەڕانەوەیە لە ئیسلام، وە بەدرۆدانانی اللە -سبحانه وتعالى- و پێغەمبەرەکەیەتی -ﷺ-، و هەركەسێك لە زانایان و ئیمانداران وتارەکەی بخوێنێتەوە ئەمە دەزانێت وبۆی دەردەكەوێت.
وواجبە لەسەر فەرمانڕەوا: ڕەوانەی دادگای بکات؛ بۆ ئەوەی داوای تەوبەی لێبکرێت، وحوکمی لەسەر بدرێت بەپێی ئەوەی شەرع دەیخوازێت.
وخوداى گەورە -سبحانه وتعالى- گشتگیری پەیامی موحەممەدی ڕوونکردووەتەوە -صلى اللە علیە وسلم-، وەبەهەمان شێوە واجبێتی شوێنکەوتنی لەسەر هەموو مرۆڤ و جنۆکەکان، ئەمەیش شاراوە نییە لەلای هەرمسوڵمانێك کە کەمترین زانستی هەبێت.
خوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ئەی خەڵکینە بەڕاستی من پێغەمبەری خودام بۆ ئێوە ھەمووتان ئەو خوایەی کە تەنھا بۆ ئەوە موڵکی ھەموو ئاسمانەکان و زەوی وھیچ پەرستراوێک شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاست جگە لە ئەو وژیان ومردن هەربەدەیتی ئەوە، کەواتە بڕوا بە خودا و پێغەمبەرەکەی بھێنن کە نێردراوێکی نەخوێندەوارە وئەویش باوەڕی بەخودا و بە وتەکانی ھەیە ئێوەیش شوێنی بکەون و پەیڕەوی بکەن بۆئەوەی هیدایەت وڕێنمونی وەربگرن (158)﴾ [الأعراف: 158]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە ئەم قورئانەم بۆ نێردراوە بۆئەوەی ئێوەی پێ بترسێنم و ھەرکەسێکی تریش کە پێی دەگات...﴾ [الأنعام: 19]. هەروەها پەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ئەگەر ئێوە خوداتان خۆش دەوێت کەواتە شوێنی من بکەون بۆئەوەی خودایش ئێوەی خۆش بوێت وە لە گوناھەکانتان خۆش ببێت وە خودا لێخۆشبووی میھرەبانە (31)﴾ [آل عمران:31]. وخودای باڵادەست دەفەرمووێت: ﴿وە ھەر کەسێک دوای ھەر ئاینێک بکەوێت جگە لە ئاینی ئیسلام ئەوە لێی وەرناگیرێت وە ئەو لە ڕۆژی دواییدا لە زەرەرمەندانە(85)﴾ [آل عمران:85]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە ئێمە تۆمان نەناردووە بۆ ھەموو مرۆڤایەتی مەگەر بۆ ئەوە نەبێت كە مژدەدەر و ترسێنەر بیت...﴾ [سبأ: 28]. وپەروەدگار دەفەرمووێت: ﴿وە (ئەی پێغەمبەر ﷺ) تۆمان تەنھا بۆ ئەوە ناردووە کە ڕەحمەت بیت بۆ جیھانیان (107)﴾ [الأنبياء: 107]. وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە (ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ بە ئەوانە کە نامەی تەورات و ئینجیلیان دراوەتێ لە جولەکە و گاورەکان وە بە ھاوبەش پەیداکەرەکانی گەلی عەرەب ئایا ئێوە موسوڵمان بوون؟ ئەمجا ئەگەر موسوڵمان بوون ئەوە بەڕاستی واتای ئەوەیە کە ھیدایەتیان وەرگرتووە، وە ئەگەر ڕووشیان وەرگێڕا ئەوە بەڕاستی تۆ ھەر ڕاگەیاندنت لەسەرە وخودا بینایە بە بەندەکان﴾ [آل عمران: 20]. وخودا -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿گەورە و پیرۆزە ئەو زاتەی کە قورئانی بۆ سەر بەندەی خۆی ناردۆتە خوارەوە بۆئەوەی ترسێنەر بێت بۆ ھەموو جیھانیان؟ (1)﴾ [الفرقان: 1].
وە بوخاری و موسلیم ڕیوایەتیان کردووە، لە جابرەوە -ڕەزای خودای لێبێت-، کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «پێنج شتم پێدراوە، بە هیچ یەكێك لە پێش من نەدراوە: پێم بەخشراوە چاندنی ترس لە دڵی دوژمنەکاندا پێش گەیشتن پێیان بە ماوەی مانگێک، وزەوی کراوە بە مزگەوت وهۆکاری پاککردنەوە دەستنوێژ بۆ من، بۆیە لە هەر شوێنێک پیاوێک لە ئومەتەکەم گەیشتە کاتی نوێژ کردن ئەوا با نوێژ بکات، وغەنیمە ودەستکەوتەکانی جەنگ بۆ من حەڵاڵکراوە وبۆ هیچ كەسێك لە پێش من حەڵاڵ نەبووە، وشەفاعەت کردنم پێبەخشراوە لەڕۆژی دووایدا، وپێغەمبەرانی تر دەنێردران بۆ قەومەکەی خۆیان بە تایبەتی، ومن نێردراوم بۆ هەموو خەڵکی بە گشتی».
وئەمەیش ڕوونكردنەوەیەكی ئاشكرایە لەسەر گشتگیری پەیامی پێغەمبەرەکەمان موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم- بۆ هەموو مرۆڤایەتی، وە پەیامی ئەو هەموو شەریعەتەكانی پێشووی هەڵوەشاندۆتەوە، وە ئەوەی شوێنی موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم- نەکەوێت وگوێڕایەڵی نەبێت؛ ئەوا کافرێکی سەرپێچیکارە، وشایستەی سزای خودایە، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...وە ھەرکەسێك باوەڕی پێی نەبێت لەو کۆمەڵ و تاقمانەی کۆبوونەتەوە لەسەر دژایەتی ئیسلام ئەوە ئاگر جێگایەتی...﴾ [هود: 17]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿...جا با بترسن ئەوانەی کە سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەر (ﷺ) دەکەن لە دونیادا بەڵاو تاقیکردنەوەیەكیان تووش ببێت یان دوچاری سزایەکی سەخت ببنەوە لە دووا ڕۆژدا)﴾ [النور: 63]. وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿ھەر کەسێکیش سەرپێچی خوداو پێغەمبەرەکەی بکات و سنورەکانی خودا ببەزێنێت ئەوا دەیخاتە ئاگرێکەوە ھەمیشە دەمێنێتەوە تیایدا وە سزایەکی ڕیسواکەری بۆ ھەیە (14)﴾ [النساء: 14]، وخودا -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿...ھەر کەسێک بڕوا بگۆڕێتەوە بە بێ بڕوایی ئەوە بێگومان ڕێی ڕاستی ونکردووە﴾ [البقرة: 108]، وئەو ئایەتانەى ئاماژە بۆ ئەم بابەتە دەکەن زۆرن.
وخوداى گەورە گوێڕایەڵی كردنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-ی بە گوێڕایەڵی خۆیەوە بەستۆتەوە، وە ڕوونیکردۆتەوە هەرکەسێک باوەڕی بە جگە لە ئیسلام هەبێت ئەوا خەسارۆمەندە، و هیچ فەرز و سوننەتێکی لێ قبوڵ ناکرێت، خودای گەورەیش دەفەرمووێت: ﴿وە ھەر کەسێک دوای ھەر ئاینێک بکەوێت جگە لە ئاینی ئیسلام ئەوە لێی وەر ناگیرێت وە ئەو لە ڕۆژی دواییدا لە زەرەرمەندانە﴾ [آل عمران:85]. وخودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ھەر کەسێک گوێرایەڵی (پێغەمبەر ﷺ) بکات ئەوە بەڕاستی گوێرایەڵی خودای کردووە﴾ [النساء: 80]. وپەروەردگار دەفەرمووێت: ﴿بڵێ فەرمانبەرداری خودا و فەرمانبەرداری پێغەمبەر ﷺ بن ئەمجا ئەگەر پشتیان ھەڵکرد ئەوا ئەو پێغەمبەر ﷺ تەنھا بەرپرسیارە لەوەی دراوە بەسەریدا کە گەیاندنی پەیامی خودایە وە ئێوەیش بەرپرسن لەوەی دراوە بەسەرتاندا کە باوەڕھێنانە وە ئەگەر گوێڕایەڵی پێغەمبەر ﷺ بکەن، ئەوا ھیدایەت دراو دەبن﴾ [النور: 54]. وخودا -سبحانه وتعالی- دەفەرمووێت: ﴿بێگومان ئەوانەی کە بێ بڕوابوون لە خاوەن پەیام وبت پەرستەکان لە ئاگری دۆزەخدان، تێیدا دەمێننەوە بە ھەمیشەیی، ئا ئەوانە خراپترینی ھەموو دروست کراوانن﴾ [البينة: 6].
و مسلم لە سەحیحەکەیدا دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «سوێند بە ئەو زاتەی کە نەفسی منی بە دەستە؛ هیچ کەسێک نییە لەم ئومەتە لە جولەکەیەک یان گاورێک سەبارەت بە من ببیسێت، پاشان بمرێت لە سەر باوەڕ نەهێنان بەو پەیامەی کە من پێی نێردراوم؛ ئەوا لە ئەهلی دۆزەخە».
وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیكردووەتەوە هەركەسێك نەیەتە نێو ئاینی ئیسلامەوە؛ ئەو ئاینەی تر كە هەڵیبژاردووە پوچەڵە، وجەنگی بەرپا کردووە دژی جولەکە وگاوڕەکان، هەروەکو چۆن جەنگی بەرپا کرد دژی کافرەکانی تر، وباجی لەوانەیان وەرگرتووە کە پێیان داوە؛ بۆ ئەوەی ڕێگری نەکەن لە گەیشتنی بانگەواز بۆ خەڵكانی تر، وبۆئەوەی هەرکەسێکیان بیەوێت بە ئارەزووی خۆی بێتە نێو ئیسلامەوە؛ بەبێ ئەوەی بترسێت لە گەلەکەی کە ڕێگری لێبکەن یان بیوەستێنن لەباوەڕهێنان یان بیکوژن.
وبوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە، لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خودای لێبێت- دەڵێت: لەکاتێکدا ئێمە لە مزگەوت بووین، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- هاتە دەرەوە و فەرمووی: «با بڕۆین بۆ لای جولەکەکان، ئێمەیش لەگەڵیدا دەرچووین هەتا گەیشتینە لایان، وپێغەمبەر ﷺ هەستایە سەرپێ، وبانگی کردن وفەرمووی: ئەی کۆمەڵی جولەکە، موسڵمان بن سەلامەت دەبن، ووتیان: پەیامەکەت گەیاند ئەی باوکی قاسم، پێغەمبەری خودا ﷺ پێی فەرموون: هەر ئەوەم دەوێت، موسڵمان بن سەلامەت دەبن، ووتیان: پەیامەکەت گەیاند ئەی باوکی قاسم، پێغەمبەری خودا ﷺ پێی فەرموون: هەر ئەوەم دەوێت، پاشان بۆ جاری سێیەم هەمان شتی وتەوە پێیان...». فەرموودەکە تا کۆتایی
ومەبەست ئەوەیە: کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چوو بۆ لای جولەکەکان لە شوێنی خۆیان، وبانگی کردن بۆ هاتنە نێو ئاینی ئیسلام، وپێی فەرموون: «موسڵمان بن سەلامەت دەبن»، وئەم وتەیەی بۆ چەند بارە کردنەوە.
وهەروەها: نامەیەکی نارد بۆ هیڕەقل و بانگەوازی كرد بۆ هاتنە نێو ئاینی ئیسلام، وە هەواڵی پێدا ئەگەر ئەم بانگەوازیە ڕەت بکاتەوە ئەوا تاوانی ئەو کەسانەیشی دەکەوێتە ئەستۆ کە بەهۆی ئەوەوە مسوڵمان نابن، و بوخاری وموسلیم گێڕاویانەتەوە، کە هیڕەقل داوای نووسراوەکەی پێغەمبەری خودای کرد (ﷺ)، وخوێندیەوە، ئەمەی تێدا هاتبوو: «بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان، لە موحەمەد نێرداری خوداوە بۆ هیڕەقل گەورەی ڕۆم، سەلام لەو کەسە بێت کە شوێنی هیدایەت دەکەوێت، بانگت دەکەم بە بانگەوازی ئیسلام، مسوڵمان بە سەلامەت دەبیت، مسوڵمان بە خودا دوو جار پاداشتت دەداتەوە، خۆ ئەگەر پشتت هەڵکرد، ئەوا تاوانی خەڵکیش لە ئەستۆ دەگریت و ﴿ئەی خاوەن کتێبەکان وەرن بۆ لای وتەیەکی ڕاست و (یەکسان) لە نێوان ئێمە و ئێوەدا کە جگە لە خودا ھیچ شتێكی تر نەپەرستین وە ھیچ شتێک نەکەین بە ھاوبەشی وە ھەندێکمان ھەندێکمان بە پەروەردگار دانەنێین ئەمجا گەر پشتیان ھەڵکرد ئێوەیش بڵێن: ئێوە شاھید بن کە ئێمە فەرمانبەردار وگوێڕایەڵ وملکەچی خوداین (64)﴾ [آل عمران:64].
وپاشان کاتێک ڕوویان وەرگێڕا وڕەتیان کردەوە بێنە نێو ئاینی ئیسلامەوە؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانی -ڕەزای خودایان لێبێت- دژیان جەنگان، وسەرانەیان بەسەردا سەپاندن.
ودوای ئەوەی ئاینەكەیان بە ئاینی موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- هەڵوەشایەوە؛ بۆ جەختکردنەوە لەسەر گومڕاییان و ئەوەی کە لەسەر ئاینێکی پوچەڵن، خودای گەورە فەرمانی بە مسوڵمان کردووە کە لە هەموو ڕۆژێک و لە هەموو نوێژێک و لە هەموو ڕکاتێکدا داوا لە خودا بکات؛ کە ڕێنمایی بکات بۆ سەر ڕێگای ڕاست و دروست و پەسەندکراو، ئەویش: ئاینی پیرۆزی ئیسلامە. وە خودای گەورە فەرمانی بە مسوڵمان كردووە كە داوا لە پەروەردگاری بكات بۆئەوەی بیپارێزێت لە ڕێگای خەشم لێگیراوان، کە ئەوانیش جولەکەکان و هاوشێوەکانیانن، ئەوانەی کە دەزانن لەسەر پوچەڵ وناهەقین؛ کەچی هەر سوورن لەسەری، وە مسوڵمان داوا لە پەروەردگاری دەكات كە لە ڕێگای گومڕایان دووری بخاتەوە، ئەوانەی بەبێ زانست پەرستش ئەنجام دەدەن، و وای دادەنێن کە لەسەر ڕێگای هیدایەتن، لەکاتێکدا ئەوان لەسەر ڕێگای گومڕایین، ئەوانیش: گاوڕەكانن، و هەرکەسێکیش هاوشێوەیان بێـت لە گەلانی تر كە لەسەر گومڕایی و نەزانی پەرستش ئەنجام دەدەن، وهەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە: كە مسوڵمان بە دڵنیاییەوە بزانێت کە هەموو ئاینێک جگە لە ئیسلام پوچەڵە، و هەرکەسێک خودای گەورە بپەرستێت لەسەر ڕێگای ئاینێکی تر جگە لە ئیسلام ئەوا گومڕایە، وە هەرکەسێکیش باوەڕی بەمە نەبێت؛ ئەوا لە مسوڵمانان نییە. وبەڵگەکان لەسەر ئەم بابەتە زۆرن لە قورئان و سوننەتدا.
کەواتە ئەرکە لەسەر خاوەنی وتارەکە ـ عبد الفتاح ـ: کە پەلە بکات بۆ تەوبەکردنێکی ڕاستگۆیانە، وە وتارێک بنووسێت و تەوبەکردنی خۆی تێدا ڕابگەیەنێت، وە ھەرکەسێک بە ڕاستگۆیانەوە تەوبە بکات؛ ئەوا خودای گەورە تەوبەکەی لێ وەردەگرێت، وخودای باڵادەست دەفەرمووێت: ﴿...و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا ئەی ئیماندارەکان بۆئەوەی ڕزگار و سەرکەوتوو بن﴾ [النور: 31]، وخوداى گەورە دەفەرمووێت: ﴿وە کەسانێکن کە لەگەڵ خودادا هیچ کەسێک ناپەرستن وخوێنی کەس ناڕێژن لەکاتێکدا خودا لەسەری حەرامکردوون مەگەر بەھەق و ڕەوا نەبێت وە زینا و داوێن پیسی ناکەن وە ھەر کەس ئەو تاوانانە بکات (کە باسکران) سزاکەی وەردەگرێت (68) سزای بۆ چەند بارە دەکرێتەوە لە ڕۆژی قیامەتدا وە بێ بڕانەوە وبە بێ ڕێزو ڕیسوایی لە دۆزەخ دا دەمێنێتەوە (69) بێجگە لە کەسێك تەوبەی کردبێت و باوەڕی ھێنابێت وکارو کردەوەی چاکیشی کردبێت ئەوانە خودا خراپە و تاوانەکانیان دەگۆڕێت بە چاکە وخودا ھەمیشە لێبووردەی بە بەزەییە (70)﴾ [الفرقان: 68-70]. وە پێغەمبەری خودا -صلی اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «مسوڵمان بوون دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەکانی پێشوو، و تەوبەکردنیش دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەکانی پێشوو». وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: «ئەوەى تەوبە دەکات لە گوناهەکان؛ وەکو ئەوە وایە کە هەرگیز گوناهی نەکردبێت».
وئایەتەکان و فەرموودەکان لەم بابەتدا زۆرن.
وداوا لە خوداى گەورە دەکەم -سبحانه وتعالى- کە ھەق وڕاستیمان بە ھەق وڕاستی پێ پیشان بدات، وە یارمەتیمان بدات کە شوێنی بکەوین، وە پوچەڵێتیش بە پوچەڵێتی پێمان پیشان بدات، وە یارمەتیمان بدات خۆمانی لێ بپارێزین، وە ڕێنموێنمیان بكات بۆ تەوبەیەكی نەسوح وڕاستگۆیانە ویارەمەتی ئێمە ونوسەر و هەموو مسوڵمانان بدات بۆ تەوبەیەکی ڕاست ودروست، وە هەموومان بپارێزێت لە فیتنە گومڕاکەرەکان وگوێڕایەڵی کردنی هەوا وئارەزوو وشەیتان، ئەو توانادارە لەسەر ئەم کارە.
وصلى الله وسلم على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه، ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين.
Related books
All books
ئیسلام89 زمانئیسلام
بەناوى خوداى بەخشندەی میهرەبان ئایا پرسیارت لە خۆت كردووە: كێ خوڵقێنەری ئاسمانەكان وزەوی وئەوەی تێیاندایە لە خوڵقێنراوە مەزنەكان؟ كێ ئەم ڕێكخستە ووردەی تێدا دروستكردووە؟
چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژ (گرتە ڤیدیۆیەکی پوخت)86 زمانچۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژ (گرتە ڤیدیۆیەکی پوخت)
جێبەجێکردنی کرداری کورت بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژ، بۆ ئەوەی پەرستشی خودای گەورە بكەین بە بەرچاوڕوونیەوە، و نوێژەکانمان ڕوکن و مەرجەکانی تەواو بێت. چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژ ئەگەر بمانەوێت نوێژ بکەین ئەوا پێویستە پاکژی گەورە وبچوک ئەنجامبدەین وە بە جلێکی پاکەوە نوێژ دەکەین بەشێوازێک شەرمگەمان دابپۆشێت وە پێویستە جەستەمان و شوێنی نوێژکردنمان پاک بێت لە هەموو پیسییەک ڕوو دەکەینە قیبلە وە سوننەتە کە لە پشت بەربەستێك -سوترەیەک- نوێژ بکەین
الوسائل المفيدة للحياة السعيدة85 زمانالوسائل المفيدة للحياة السعيدة
كتاب "الوسائل المفيدة للحياة السعيدة" للشيخ عبد الرحمن بن ناصر السعدي، يتناول مفهوم السعادة الحقيقية التي يسعى لتحقيقها كل إنسان. الكتاب يوضح أن السعادة تتحقق بطاعة الله ورسوله، والعمل الصالح، والإيمان. ويُقسم السعادة إلى دنيوية مؤقتة وأخروية دائمة، ويربط بينهما بالرضا الإلهي للمؤمنين. يعتمد الكتاب على الأدلة الشرعية من القرآن والسنة لتقديم الأسباب المؤدية للسعادة وكيفية تحقيقها، مما يجعله دليلاً للمسلمين لتنظيم حياتهم على بصيرة وإيمان.
الإسلام دين رب العالمين