حقوق دعت إليها الفطرة
رسالة لطيفة تقدم شرحًا مفصلًا لعشرة حقوق أساسية تشمل حقوق الله تعالى، وحقوق النبي صلى الله عليه وسلم، وحقوق الوالدين، والأولاد، والأقارب، والجيران، والزّوجين، والرّعية والولاة، والمسلمين عمومًا، وغير المسلمين. يهدف الكتاب إلى تعزيز الفهم الصحيح للعلاقات الاجتماعية والواجبات الفردية تجاه الآخرين، مستندًا إلى نصوص الوحي من القرآن الكريم والسنة النبوية، مما يجعله مرجعًا مهمًا لكل مسلم يسعى لتطبيق الشريعة في حياته اليومية مع ربه ومع الآخرين.
These files are generated automatically from the book's text; their layout may differ from the printed edition.
پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: بیخوێننەوە ئەگەر ویستتان: {فَهَلْ عَسَيْتُمْ إِن تَوَلَّيْتُمْ أَن تُفْسِدُوا فِي الأَرْضِ وَتُقَطِّعُوا أَرْحَامَكُم} واتە: {جا ئایا ئێوە بەتەمان (ئەی ناپاکان) ئەگەر پشت ھەڵبکەن (لە ئیسلام وجیھاد) ولە زەویدا ئاژاوە وخراپە بەرپا بکەن وھەرچی پەیوەندی خزمایەتیە بیپچڕێنن}».
ئەو ماف وئەرکانەی کە فیتڕەتی مرۆڤەکان داواي دەکات وشەریعەتی ئیسلامیش پەسەنديان دەکات
*
بەناوى خواى گەورە ومیهرەبان
پێشەکی
إن الحمد لله، نحمده، ونستعينه، ونستغفره، ونتوب إليه، پەنامان بە پەروەردگارە لە شەڕی نەفسمان، ودوواي تاڵی تاوانەکانمان ئەو کەسەی الله هیداتي بدات هیچ کەسێک نیە گومڕای بکات الله هەرکەسێک گومڕا بکات ئەوا هیچ کەسێک نیە هیدایەتی بدات وە شاهێدی دەدەم بەوەی هیچ پەرستراوێت نیە بە حەق شایستەی پەرستش بێت بێجگە لە الله، ئەو زاتەی کە بێ هاوەڵ و شەریکە وە شاهێدي دەدەم کە محمد-صلى الله عليه وسلم- بەندە ونێرداراوي پەروەردگارمانە صلى الله عليه وعلى آله وأصحابه ومن تبعهم بإحسان وسلم تسليما.
پاشان لە تایبەتمەندیەکانى شەریعەتی الله -سبحانه وتعالى- ئەوەیە کە ڕەچاوی دادپەروەری کردووە، وهەروەها هەموو خاوەن مافێک مافی خۆی پێدراوە بەبێ زیادەڕەوی، و بەبێ کورتڕەوی، خواى گەورە فەرمانى کردووە بە دادپەروەری وچاکەکاری و بەخشندەیی بەرامبەر کەسوکار، و بەدادپەروەری پێغەمبەرانی نێردراون، وکتێبەکانى دابەزاندووە، وهەموو شتێکی دونیا وقیامەتی لەسەر دادپەروەری دامەزراندووە.
ودادپەروەری بریتیە لە پێدانی ماف بەهەموو خاوەن مافێک، ودانانى هەرکەسێکە لە پلەوپایەى تایبەتی خۆی، وئەمە ناکرێت جێبەجێ بکرێت مەگەر پاش زانینی مافەکان بۆئەوەى بدرێت بەخاوەنەکانیان، لەبەرئەمە پێمان باش بوو گرنگترینی ئەو مافانە ڕوون بکەینەوە ؛ بۆئەوەى بەندە ئەو مافانە جێبەجێ بکات هێندەى دەیزانێت ودەتوانێت، وئەم مافانەش بەشێوەیەکی گشتی بریتین لە:
١- مافەکانى خواى گەورە.
٢- مافەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-.
٣- مافەکانى دایک وباوک.
٤- مافەکانی منداڵ.
٥- مافەکانى کەسە نزیکەکان -خزمەکان-.
٦- مافەکانى هاوسەرەکان (ژن ومێرد).
٧- مافەکانى فەرمانڕەوا وفەرمانپێکراوەکان (ژێردەستەکان).
٨- مافەکانى دراوسێ.
٩- مافەکانی مسوڵمانان بەشێوەیەکی گشتی.
١٠- مافەکانى نامسوڵمانەکان.
ئەمە ئەو مافانەیە کە دەمانەوێت هەندێک باسیان لەسەر بکەین وڕوونی بکەینەوە بە شێوەیەکی کورت وپوخت.
*
مافى یەکەم: مافى خواى گەورە -سبحانه وتعالى-
ئەم مافە گرنگترین وگەورەترین و واجبترین مافە؛ چونکە مافى خواى گەورەیە -سبحانه وتعالى- پەروەردگاری مەزن وپاشا وخاوەنداری وبەڕێوەبەری هەموو شتان، مافى پاشای هەقە کە هەمیشە زیندوو وڕاگری بوونەوەرەکان وئاسمانەکان وزەویە، هەموو شتێکی خوڵقاندووە وئەندازەیەکی بۆ دیاریکردووە بەئەوپەڕی حیکمەتەوە، مافى ئەو خودايەی کە تۆی لە نەبوونەوە هێناوەتە بوون لەکاتێکدا هیچ شتێک نەبوویت کە باس بکرێت، ئەو خودایەى کە بە نیعمەتەکاني تۆی پەروەردە کردووە لەکاتێکدا تۆ لەنێو سکی دایکتدا بوویت لەنێو سێ تاریکی کە هیچ بوونەوەرێک نەیدەتوانى خواردن وهۆکارەکانى گەشەکردن بەتۆ بگەیەنێت، شیرخواردنی بۆت ئاسانکرد لەڕێگەى مەمکەکانى دایکتەوە، و ڕێگای پێت نیشانداوە، ودایک وباوکی بۆت تەرخانکرد بۆئەوەى چاودێریت بکەن، ونیعمەتی زۆری پێ بەخشیون وەک نیعمەتی ئەقڵ وبیستن وهتد، وئامادەى کردی بۆئەوەى ئەمە قبوڵ بکەیت وسوودی لێوەربگریت، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَاللّهُ أَخْرَجَكُم مِّن بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ لاَ تَعْلَمُونَ شَيْئًا وَجَعَلَ لَكُمُ الْسَّمْعَ وَالأَبْصَارَ وَالأَفْئِدَةَ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُون﴾ واتە: ﴿خوا ئێوهی له سکی دایکتان دهرهێناوه بێ ئهوهی هیچ شتێك بزانن، ئینجا هۆکاری بیستن و بینین و تێگهیشتنی بۆ دابین کردوون، بۆ ئهوهی سوپاسگوزاری بکهن﴾, ئەگەر بێبەشت بکات لە فەزڵ ونیعمەتەکانى هێندەی چاوتروکانێک ئەوا تیادەچیت، وئەگەر بێبەشت بکات لە ڕەحمەتی خۆی ئەوا ناژیت، ئەگەر ئەمە فەزڵ وڕەحمەتی خواى گەورە بێت لەسەر تۆ ئەوا مافى ئەو لەسەر تۆ گەورەترین مافە؛ چونکە مافى پێبەخیشنی ژیان وبەخشینی نیعمەتەکانى بوونە لەسەر زەوی، لەبەرامبەردا ئەو هیچ ڕزق وخۆراکێکی لە تۆ ناوێت، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...لاَ نَسْأَلُكَ رِزْقًا نَّحْنُ نَرْزُقُكَ وَالْعَاقِبَةُ لِلتَّقْوَى﴾ [طه:132] واتە: ﴿...ئێمه بێگومان داوای ڕزق و ڕۆزی له تۆ ناکهین، بهڵکو ئێمه ڕزق و ڕۆزی به تۆ دهبهخشین، سهرهنجامی چاک ههر بۆ تەقوا دارانە﴾.
ئەو زاتە مەزنە تەنها یەک شتی لە تۆ دەوێت کە ئەویش بەرژەوەندی وسوودەکەى هەر بۆ تۆ دەگەڕێتەوە، دەیەوێت ئەو بپەرستیت بەتەنها بەبێ بڕیاردانى هاوبەش وشەریک لە پەرستنیدا، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ﴾ [الذاريات:56]، واتە: ﴿من جن و مرۆڤایەتیم دروست نەکردووە تەنها بۆ پەرستنی من نەبێت﴾، ئەو دەیەوێت بەندەی بیت بەهەموو ماناکانى بەندایەتی، هەروەکو چۆن ئەو پەروەردگارتە بەهەموو ماناکانى پەروەردگارێتی، بەندەیەکی ملکەچ وزەلیل بیت بۆی، وفەرمانەکانى جێبەجی بکەیت، ودوور بکەویتەوە لە نەهی لێکراوەکانى، وئەوەی فەرموویەتی بەڕاستی دابنێیت؛ چونکە نیعمەتەکانى دەبینیت لەسەرت کە زۆر وبەردەوامن، ئایا شەرم نییە ئەم نیعمەتانە بگۆڕیتەوە بە کوفر وپێنەزانیان ؟!
ئەگەر کەسێک لە خەڵکی فەزڵی بەسەرتەوە هەبێت ئەوا شەرم دەکەیت بەئاشکرا سەرپێچی بکەیت لەشتێک کە پێت دەڵێت، ئەی چی سەبارەت بە پەروەردگارت کە هەموو فەزڵ ونیعمەتێک هی ئەوە، وهەرچی شەڕ وخراپەیەک لە تۆ دوور بێت هەمووی بەڕەحمەتی ئەو زاتەیە -سبحانه وتعالى- ؟! خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَا بِكُم مِّن نِّعْمَةٍ فَمِنَ اللّهِ ثُمَّ إِذَا مَسَّكُمُ الضُّرُّ فَإِلَيْهِ تَجْأَرُون﴾ [النحل:53] واتە: ﴿ههرچی نازو نیعمهتێکتان ههیه ههمووی بههرهو بهخششی خوایه، پاشان کاتێك ناخۆشی و بهڵایهکتان بۆ پێشهات، ئهوه هاناو هاوارو پهنا ههر بۆ لای ئهو دهبهن و ههر لهو زاته دهپاڕێنهوه﴾.
وئەم مافە کە خواى گەورە واجبی کردووە بۆ نەفسی خۆی ؛ ئاسانە بۆ هەرکەسێک پەروەردگار بۆی ئاسان کردبێت، چونکە خواى گەورە وایکردووە هیچ ناڕەحەتی وبارگرانی وقورسییەکیان تێدا نەبێت، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَجَاهِدُوا فِي اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ هُوَ اجْتَبَاكُمْ وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ مِّلَّةَ أَبِيكُمْ إِبْرَاهِيمَ هُوَ سَمَّاكُمُ الْمُسْلِمينَ مِن قَبْلُ وَفِي هَذَا لِيَكُونَ الرَّسُولُ شَهِيدًا عَلَيْكُمْ وَتَكُونُوا شُهَدَاء عَلَى النَّاسِ فَأَقِيمُوا الصَّلاَةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَاعْتَصِمُوا بِاللَّهِ هُوَ مَوْلاَكُمْ فَنِعْمَ الْمَوْلَى وَنِعْمَ النَّصِير﴾ [الحج:78] واتە: ﴿ههروهها بهردهوام بن له خهبات و جیهاد و ههوڵ و کۆشش له پێناوی خوادا بهو شێوهیهی که شایستهیهتی، لهبهر خاتری ئهو بێت، ئهو زاته بۆ ئهوه ههڵی بژاردوون و له ئاین و بهرنامهکهیدا هیچ جۆره شتێكی ناڕهواو قورس و گرانی لهسهر دانهناون (که نهتوانن ئهنجامی بدهن، جا ئهم بهرنامهیه) ڕێ و شوێن و بهرنامهی ئیبراهیمی باواتانه که پێشتر ههر خوای گهوره ناوی ناون موسڵمان و لهم قورئانهشدا بهموسڵمان ناوی بردوون، تا پێغهمبهر ببێته شایهت بهسهرتانهوه (که پهیامی خوای پێ ڕاگهیاندوون) و ئێوهش (به گهیاندنی ئهو پهیامه) ببنه شایهت بهسهر خهڵکییەوه، کهواته نوێژهکانتان بهچاکی ئهنجام بدهن و زهکاتیش (له ماڵ و سامانتان) دهربکهن و پشت بهخوا ببهستن، چونکه ههر ئهو زاته یارو ویاوهرتانه، جا دڵنیابن که خوا چهنده یارمهتیدهرێکی چاکه و چهنده پشت و پهنایهکی بههێزو به نرخه﴾،
ئەمە بیروباوەڕێکی نمونەییە، وباوەڕهێنانە بە هەق، وکردەوەی چاکی بەرهەمدار، ئەمە عەقیدەى باوەڕهێنانە بە غەیب، وبنیات نراوە لەسەر خۆشەویستی و بەمەزندانان، وبەرهەمەکەى دڵسۆزی و خۆبەخشین وکۆڵنەدانە، پێنج نوێژ لە شەو وڕۆژێکدا بەهۆیانەوە ؛ خواى گەورە لە گوناهەکان خۆش دەبێت، و پلەکان بەرز دەکاتەوە، ودڵ وحاڵەکان چاک دەکات، وبەندە ئەنجامیان دەدات هێندەى لەتوانایدایە، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ...﴾ [التغابن: 16] واتە: ﴿کهوابوو ههتا دهتوانن بهتهقوا و خواناس بن...﴾.
وکاتێک عیمرانی کوڕی حوصەین نەخۆش بوو -ڕەزاى خواى لێبێت- پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: ««بە پێوە نوێژ بکە، ئەگەر ناتوانیت ئەوا بە دانیشتنەوە ئەنجامی بدە، خۆ ئەگەر ھەر ناتوانیت ئەوا بە پاڵکەوتنەوە نوێژ بکە (لەسەر لا نوێژ بکە)».
زەکات، بەشێکی کەمە لە پارە وسامانەکەت دەبەخشرێت بۆ دابینکردنی پێویستی هەژار ونەدار وڕێبوار وقەرزدارەکان وهتد لەوانەى شایستەن زەکاتیان پێبدرێت، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿... فَأَقِيمُوا الصَّلاَةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَاعْتَصِمُوا بِاللَّهِ هُوَ مَوْلاَكُمْ فَنِعْمَ الْمَوْلَى وَنِعْمَ النَّصِير﴾ [الحج:78] واتە: ﴿... کهواته نوێژهکانتان بهچاکی ئهنجام بدهن و زهکاتیش (له ماڵ و سامانتان) دهربکهن و پشت بهخوا ببهستن، چونکه ههر ئهو زاته یارو ویاوهرتانه، جا دڵنیابن که خوا چهنده یارمهتیدهرێکی چاکه و چهنده پشت و پهنایهکی بههێزو به نرخه﴾
بەڕۆژووبوونی مانگێک لە ساڵدا، وئەوەى نەخۆش بێت یان ڕێبوار بێت ئەوا دەتوانێت پاش ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت، وئەوەى نەتوانێت ڕۆژوو بگرێت بەهۆی نەخۆشی بەردەوام ودرێژخایەن ئەوا بەرامبەر هەر ڕۆژێک خۆراکی یەک هەژار دابین دەکات ودەی بەخشێت
حەجکردن بۆ ماڵی خواى گەورە -البیت الحرام- یەک جار لە تەمەندا ؛ بۆئەوەى بتوانێت،
ئەمانە بنچینەکانى مافى خواى گەورەن -سبحانه وتعالى-، غەیری ئەم بنچینانە واجبن دەبن بەهۆی پێشهاتێک وەکو جیهاد لەپێناو الله، یان بەهۆی ئەو هۆکارانەی واجبی دەکەن وەکو سەرخستنی ستەملێکراو.
سەیر بکە ئەی مسوڵمان ئەم مافانە کردەوەیەکی ئاسانن، وپاداشتیان گەلێک زۆرە، ئەگەر ئەنجامیان بدەیت ئەوا بەختەوەر دەبیت لە دونیا وقیامەتدا، وڕزگارت دەبێت لە دۆزەخ، ودەچیتە بەهەشتەوە، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...فَمَن زُحْزِحَ عَنِ النَّارِ وَأُدْخِلَ الْجَنَّةَ فَقَدْ فَازَ وَما الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلاَّ مَتَاعُ الْغُرُور﴾ [آل عمران:185] واتە: ﴿...ئهوسا ئهوهی دوور خرایهوه له ئاگری دۆزهخ و خرایه بهههشتهوه، ئهوه بهڕاستی سهرفراز بووه، ژیانی دونیاش بێجگه لهوهی که ڕابواردنێکی خهڵهتێنهره شتێکی تر نیه﴾.
*
مافى دووەم: مافى پێغەمبەری خودایە -صلى اللە علیە وسلم-
ئەم مافە گەورەترین مافى خوڵقێندراوەکانە، هیچ مافێک گەورەتر نیە لە مافى پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّا أَرْسَلْنَاكَ شَاهِدًا وَمُبَشِّرًا وَنَذِيرًا﴾ [الفتح:8] واتە: ﴿ئێمه تۆمان ڕهوانهکردووه -ئهی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- که شایهت و مژدهدهر و بهئاگاهێنهر بیت بۆ گرۆی ئادهمیزاد﴾، بۆیە واجبە خۆشویستنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بخرێتە پێش خۆشویستنی هەموو خەڵکی تەنانەت نەفس ومنداڵ ودایک وباوکیش، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هیچ کەسێک لە ئێوە ئیمانی تەواو وکامڵ نابێت؛ هەتا ئەو کاتەی من خۆشەویستتر دەبم لە لای لە منداڵەکەی وباوکی وهەموو خەڵکی».
ولە مافەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-: ڕێزگرتنی، وبەگەورەدانانی بەو شێوەیەی شایستەیە بەبێ زیادەڕەوی و بەبێ کورتڕەوی، وڕێزلێگرتنی لەژیانیدا ؛ ڕێزگرتنی سونەتەکەى وکەسایەتی بەخشندەیەتی، وڕێزگرتنی لەپاش مردنی ؛ ڕێزگرتنی سونەتەکەى وشەریعەتە دامەزراوەکەیەتی، هەرکەسێک ڕێزگرتن و بەگەورەدانانى هاوەڵانی بینیبێت بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەزانێت چۆن ئەو چاکەکار و بەشکۆیانە ئەوەی لەسەریان بووە جێبەجێیان کردووە دەرهەق بە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، عروەى کوڕی مەسعود کاتێک قوڕەیش ناردنیان بۆئەوەى گفتوگۆ لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بکات لە باسی پەیماننامەى حودەیبیە ؛ پێیانی ووت: «چوومەتە لای پاشاکان -کیسرا وقەیسەر ونەجاشی- هیچ یەکێکم نەبینیوە هاوەڵانی بەگەورەی دابنێن هەروەکو چۆن هاوەڵانی موحەمەد ؛ موحەمەد بەگەورەدادەنێن، ئەگەر فەرمانێکیان پێبکات ؛ دەستبەجێ جێبەجێی دەکەن، وئەگەر دەسنوێژ بگرێت خەریکە شەڕ بکەن لەسەر پاش ماوەی ئاوی دەست نوێژی ، وئەگەر قسە بکەن لەلای ئەو ئەوا دەنگیان نزم دەکەنەوە، وڕاستەوخۆ سەیری نێوچاوانی ناکەن وەکو بەگەورەدانانێک بۆی».
بەم شێوەیە بەگەورەیان دادەنا -ڕەزاى خوایان لێبێت- هەرچەندە خواى گەورە لەسەر ڕەوشتە جوان وبەخشندەکان خوڵقاندوویەتی، وکەسایەتیەکی ئاسان ونەرمونیانی هەبووە، ئەگەر دڵڕەق و وشک بووایە بەرامبەریان ئەوا لێی دوور دەکەوتنەوە.
ولە مافەکانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- : بەڕاستدانانىەتی لەو شتانەى فەرموویەتی لە باسەکانى پێشوو و داهاتوو، وجێبەجێکردنی فەرمانەکانى، ودوورکەوتنەوە لە نەهی لێکراوەکانى، وباوەڕ بەوەى ڕێبازی ئەو باشترین ڕێبازە، وشەریعەتەکەى باشترین شەریعەتە، ونابێت هیچ شەریعەت وڕێکخستەیەک لە لایەن هە کەسێکەوە بێت بخرێتە پێش شەریعەتەکەى ئەو. خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لَا يَجِدُوا فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجًا مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيمًا﴾ [سورة النساء: 65] واتە: ﴿نەخێر (وانیە کە خۆیان بە باوەڕدار نیشیان دەدەن) سوێند بەپەروەردگارت بڕوادار نین هەتاوەکو تۆ نەکەنە دادوەر لە ھەر ئاژاوە و دووبەرەکیەکی نێوانیان دا ولە پاشان ھەست نەکەن لە دەرونیاندا بەھیچ بێزارییەک دەربارەی ئەو بڕیارەی داوتە و ملکەچ ببن بەملکەچیەکی تەواو﴾، ﴿قُلْ إِن كُنتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ ۗ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَّحِيمٌ﴾ [آل عمران:31] واتە: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بڵێ: ئەگەر ئێوە خواتان خۆش دەوێت کەواتە دوای من بکەون تا خواش ئێوەی خۆش بوێت و لە گوناھەکانتان خۆش ببێت وە خوا لێخۆشبووی میھرەبانە﴾
ولە مافەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- : بەرگری کردن لە شەریعەت وڕێبازەکەى هێندەى مرۆڤ لە هێز وتواناى وهێندەى حاڵەتەکە پێویست دەکات لە بەکارهێنانى چەک وکەرەستەى تر. ئەگەر دوژمن بە بەڵگە وگومانەوە هێرش بکات؛ ئەوا بەرگری کردن لێی بەزانست و ڕەتدانەوەى بەڵگە وگومانەکانیان دەبێت وڕوون دەکرێتەوە کە هیچ وپوچەڵن، وئەگەر بە چەک هێرش بکەن ئەوا بەرگری کردن لە شەریعەتەکەى بەهەمان شێوە دەبێت.
وناکرێت هیچ ئیماندارێک شتێکی ناڕەوا ببیستێت سەبارەت بە شەریعەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- یان کەسایەتی بەخشندەى، وبێدەنگ بێت لەسەر ئەمە لەگەڵ بوونی تواناى بەرگری کردن.
*
مافى سێیەم: مافی دایک وباوک
هیچ کەسێک نکۆڵی ناکات لە فەزڵ وچاکەى دایک وباوک بەسەر منداڵەکانەوە، دایک وباوک هۆکاری بوونی منداڵەکانن، ومافى زۆر ومەزنیان هەیە بەسەریانەوە، ئەوان بەخێویان کردووە لەو کاتەی منداڵ وبچووک بووە، وماندووبوون لەپێناو ئیسراحەتی ئەو، وشەونخونیان کردووە بۆئەوەى بخەوێت، ودایک لە سکی هەڵیگرتووە، و لەسەر خۆراک وتەندروستی ئەو ژیاوە بۆماوەى نۆ مانگ، هەروەکو خواى گەورە ئاماژەی بۆ کردووە وفەرموویەتی: ﴿...حَمَلَتْهُ أُمُّهُ وَهْنًا عَلَى وَهْنٍ...﴾ [لقمان:14] واتە: ﴿...دایکی به ئێش و ئازارو لاوازی و بێتاقهتیهکی زۆرهوه، (نۆ مانگ) ههڵی گرتووه...﴾، پاشان چاودێریکردنی وشیرپێدانى بەردەوام بۆ ماوەی دووساڵ لەگەڵ ماندووبوون وبارگرانى وناڕەحەتی،
وباوکیش بەهەمان شێوە هەوڵدەدات بۆ دابیکردنی خەرجی وبژێوی ژیانت لەو کاتەى منداڵیت هەتاوەکو باڵغ دەبیت ودەتوانیت خۆت کار بکەیت، وپەروەردە وئاراستەت دەکات لەکاتێکدا تۆ سوود وزیانت نازانیت، بۆیە خواى گەورە فەرمانى بە منداڵەکان کردووە کە بەرامبەر دایک وباوکیان چاکەکار بن وسوپاسیان بکەن، بۆیە خواى گەورە فەرموویەتی: ﴿وَوَصَّيْنَا الإِنسَانَ بِوَالِدَيْهِ حَمَلَتْهُ أُمُّهُ وَهْنًا عَلَى وَهْنٍ وَفِصَالُهُ فِي عَامَيْنِ أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِير﴾ [لقمان:14] واتە: ﴿ئێمه فهرمانمانداوه به ئادهمیزاد به چاک ڕهفتاری لهگهڵ دایک و باوکیدا، دایکی به ئێش و ئازارو لاوازی و بێتاقهتیهکی زۆرهوه، (نۆ مانگ) ههڵی گرتووه، لێگرتنەوەی شیریش له دوای دوو ساڵ، فهرمانمان پێدا که ئهی ئینسان سوپاسگوزاری منیش و دایک و باوکیشت به، دڵنیابن که گهڕانهوهتان ههر بۆ لای منه﴾، وپەروەردگار دەفەرموێت: ﴿وَقَضَى رَبُّكَ أَلاَّ تَعْبُدُواْ إِلاَّ إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِندَكَ الْكِبَرَ أَحَدُهُمَا أَوْ كِلاَهُمَا فَلاَ تَقُل لَّهُمَا أُفٍّ وَلاَ تَنْهَرْهُمَا وَقُل لَّهُمَا قَوْلاً كَرِيمًا﴾ [الإسراء:23] واتە: ﴿پهروهردگاری تۆ بڕیاریداوه که جگه لهو کهسی تر نهپهرستن، ههروهها بڕیاریداوه چاکهکاریش بن لهگهڵ دایك و باوکتاندا، ههر کاتێك یهکێکیان یان ههردووکیان به پیری کهوتنه لای تۆ (تهنانهت) ئۆفیان له دهست مهکهو (ههرگیز) پیایاندا ههڵمهشاخێ و هاواریان بهسهردا مهکه، بهردهوامیش قسهو گفتو گۆت لهگهڵیاندا با چاك و جوان و بهجێ بێت﴾.
مافى دایک وباوک لەسەر تۆ: چاکە کار بیت لەگەڵیاندا، ئەمیش بە قسە وکردەوە وماڵ ولاشە دێتە جێ، وفەرمانەکانیان جێبەجێ بکەیت ئەگەر سەرپێچی فەرمانى الله نەبێت، ولە شتێکدا زیانی بۆت نەبێت، بە لەسەرخۆیی قسەیان لەگەڵدا دەکەیت وڕووت بەرامبەریان خۆش دەبێت، وبەخێویان دەکەیت بەو شێوەی شیاوە بۆیان، ونابێت بێزاری دەربڕیت کاتێک بەتەمەن ونەخۆش ولاواز دەبن، ونابێت ئەمە بەلاتەوە ناڕەحەت بێت؛ چونکە تۆش وەکو ئەوانت لێدێت، وەکو ئەوان دەبیتە باوک، و بەتەمەن دەبیت لەلای منداڵەکانت -ئەگەر هەتا ئەو تەمەنە بمێنیت- وەکو ئەوان، وپێویسیت بە چاکەکاری منداڵەکانتە بەرامبەرت هەروەکو چۆن ئەوان پێویستیان بە چاکەکاری تۆ بوو، ئەگەر بەرامبەریان چاک بووی ئەوا چاوەڕوانی پاداشتی زۆر وگەورە بکە، وپاداشت هاوشێوەی کردەوەیە، زۆرجار هەرکەسێک بەرامبەر دایک وباوکی چاک بێت ؛ ئەوا منداڵەکانیشى بەرامبەری چاک دەبن، وزۆرجار هەرکەسێک بەرامبەر دایک وباوکی خراپ بێت ؛ ئەوا منداڵەکانیشی بەرامبەری خراپ دەبن، هەرچی بچنیت ئەوە دەدووریتەوە.
وخواى گەورە پلەیەکی بەرز وگەورەی داناوە بۆ مافى دایک وباوک بەشێوەیەک مافى ئەوان لەدوای مافى خواى گەورە ومافى پێغەمبەرەکەى دێت -صلى اللە علیە وسلم-، بۆیە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَاعْبُدُواْ اللّهَ وَلاَ تُشْرِكُواْ بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا...﴾ واتە: ﴿(ئهی خهڵکینه) تهنها خوا بپهرستن و هیچ جۆره شهریک و هاوهڵێکی بۆ بڕیار مهدهن و چاکهکار بن لهگهڵ دایک و باوکتان...﴾ [النساء: 36]، وپەروەردگار فەرموویەتی: ﴿...أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِير﴾ [لقمان:14] واتە: ﴿...سوپاسگوزاری منیش و دایک و باوکیشت به، دڵنیابن که گهڕانهوهتان ههر بۆ لای منه﴾، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چاکەکاری بەرامبەر دایک وباوکی خستووەتە پێش جیهاد کردن لەپێناو خواى گەورە، هەروەکو لە فەرموودەى عبداللەی کوڕی مەسعودەوە -ڕەزای خوای لێبێت- هاتووە، دەڵێت: پرسیارم لە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- کرد: چی کردەوەیەک خۆشەویستترینە لای خوای گەورە؟ فەرمووی: «نوێژ کردن لە کاتی خۆی»، ووتم: پاش ئەوە چی؟ فەرمووی: «چاکەکاری بەرامبەر دایک وباوک» ووتم: پاش ئەوە چی؟ فەرمووی: «جیهاد وتێکۆشان لە پێناو خوای گەورە» [رواه البخاري ومسلم]، ئەمیش بەڵگەیە لەسەر گرنگی مافى دایک وباوک کە زۆرێک لە خەڵکی پشتگوێیان خشتووە، وتووشی خراپەکاری وپچڕانی پەیوەندی بوون بەرامبەر دایک وباوکیان، وپێت سەیرە کەسی وا هەیە کە پێی وایە دایک وباوکی هیچ مافێکیان بەسەریەوە نیە، ولەوەیە بەکەم سەیریان بکات وخۆی بەگەورەتر بزانێت بەسەریانەوە، وهاوشێوەى ئەم کەسە پاداشتی کردەوەکەى وەردەگرێت زوو یان درەنگ بێت.
*
مافى چوارەم: مافى منداڵەکان
کاتێک دەڵێن منداڵ مەبەستمان کوڕ وکچەکانە، ومافەکانى منداڵ زۆرن، ولە گرنگترینیان: پەروەردەکردن؛ ئەمیش بریتیە لە پەروەردەکردنیان لەسەر دینداری وڕەوشتی جوان لە نەفسیاندا هەتاوەکو خۆیان تەواو گرنگی پێدەدەن، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ...﴾ [التحريم:6] واتە: ﴿ئهی ئهو کاسانهی که باوهڕتان هێناوه خۆتان و ماڵ ومنداڵەکانتان بپارێزن له ئاگرێك که سووتهمهنیهکهی خهڵکی و بهرده...﴾, وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەمووتان بەرپرسیار وسەرپەرشتکارن، وهەریەکێکتان بەرپرسیارە بەرامبەر ژێردەستەکەى: دەسەڵاتدار بەرپرسیارە، وپیاو بەرپرسیارە لەسەر خێزانەکەى..»، منداڵەکان سپاردەن لە گەردنی دایک وباوک، بەرپرسیارن لەسەریان لەڕۆژی قیامەت، وبەرپرسیارن لە پەروەردەکردنیان لەسەر پەروەردەی ئاینی وڕەوشتی جوان وئەمە دەبێتە هۆی جێبەجێکردنی ئەرکی دایک وباوک بەرامبەر نەوەکانیان وڕزگاریان دەبێت لە لێپرسینەوەی سەخت، ومنداڵەکان چاک دەبن، ودەبنە هۆی ئارامی وبەختەوەری بۆ دایک وباوک لە دونیا وقیامەتدا، وپەروەردگار دەفەرموێت: ﴿وَالَّذِينَ آمَنُوا وَاتَّبَعَتْهُمْ ذُرِّيَّتُهُم بِإِيمَانٍ أَلْحَقْنَا بِهِمْ ذُرِّيَّتَهُمْ وَمَا أَلَتْنَاهُم مِّنْ عَمَلِهِم مِّن شَيْءٍ كُلُّ امْرِئٍ بِمَا كَسَبَ رَهِين﴾ [الطور:21] واتە: ﴿جا ئهوانهی باوهڕیان هێناوه و نهوهکانیشیان بهئیمان و باوهڕهوه شوێنیان کهوتوون، ئهوانهلهبهههشتدا پێک شاد دهکهینهوه (تا کامهرانی و خۆشییان زیاتر بێت)، وهنهبێت ئهوانهی کهپلهی بهرزیان دهستکهوتووه دایان بهزێنین بۆ پلهی نزمتر، چونکهئێمه پاداشتی کردهوهی کهس کهم ناکهینهوه (ئهگهر زیادی نهکهین) لهههمان کاتدا ههرکهسهبارمتهی کردهوهی خۆیهتی﴾، کاتێک پەروەردگار دەفەرموێت: ﴿وَمَا أَلَتْنَاهُم: چونکه ئێمه پاداشتی کردهوهی کهس کهم ناکهینهوه﴾ ؛ مەبەست ئەوەیە کاتێک منداڵەکانیان پلەیان بەرز دەکرێتەوە لە بەرامبەر کەمکردنی پاداشتی دایک وباوکیان نیە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «گهر ئادهمیزاد مرد له كردهوهكهى دادهبڕێت، مهگهر لهسێ شت نهبێت: خێرێكى بهردهوام، یان زانستێک بڵاو بكاتهوه سوودى لێوهربگیرێ لەپاش خۆی، یان منداڵێكى چاك لە دووای خۆی دوعاى خێری بۆ بكات»، پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر پەروەردەیەکی چاک ؛ بەرهەمەکەى ئەوەیە منداڵەکە بەسوود دەبێت بۆ دایک وباوکی تەنانەت لەپاش مردنیان،
زۆرێک لە دایک وباوکەکان گرنگی بەم مافە گەورەیە نادەن، بۆیە منداڵەکانیان پشتگوێ خستوە و لەبیریان کردون، هەروەکو ئەوە وابێت هیچ بەرپرسیار نین لەسەریان، ناپرسن بۆ کوێ دەچن؟! وکەی دێنەوە بۆ ماڵ؟! وناپرسین کێ هاوڕێ وهاوەڵیانە؟! وئاراستەیان ناکەن بۆ خێر وچاکە، ونەهیان لێناکەن لە شەڕ وخراپە.
وسەیرە ئەوان بەپەرۆشن لەسەر پارە وسامانەکانیان بە پاراستنی وگەشەکردنی، وشەونخونی دەکەن بۆئەوەى بەرهەمدار بێت، ئەگەرچیش زۆرجار ئەوان گەشە بە سامانەکانیان دەدەن بۆ بەرژەوەندی خەڵکی تر، بەڵام هیچ گرنگی نادەن بە منداڵەکانیان، لەکاتیکدا پاراستنی ئەوان باشتر وچاکترە لە دونیا وقیامەتدا، هەروەکو چۆن واجبە لەسەر باوک خواردن وخواردنەوە وپۆشاک دابین بکات بۆ منداڵەکانی، بەهەمان شێوە واجبە لەسەری ببێتە هۆکار بۆ زیندووکردنەوەى دڵی منداڵەکانی بە زانست وئیمان، ودەبێت لاشەیان دابپۆشێت بە پۆشاکی تەقوا چونکە ئەمە خێرترینە.
ولە مافەکانى منداڵ : خەرجیان لەسەر بکات بە چاکەو بەبێ زیادەڕەوی وبە بێ کورتڕەوی، چونکە ئەمە واجبی منداڵەکانە لەسەری، وسوپاسگوزاریە بۆ نیعمەتەکانى خواى گەورە لەوەى پێی بەخشیووە لە ماڵ وسامان، چۆن ڕێگری خەرجیان لێدەکات لەژیانیدا، وڕەزیل دەبێت دەرهەقیان؛ چونکە لەهەموو حاڵەتێکدا بۆ ئەوان کۆی دەکاتەوە، بۆیە بەزۆر دەیبەن لەپاش مردنی ؟! وئەگەر ڕەزیل بێت دەرهەقیان لەوەى واجبە خەرجیان لەسەر بکات ؛ ئەوا بۆیان هەیە لە سامانەکەى ببەن بە پێی پێویستی بەشێوازێک زەرەری پێنەگەیەنن، هەروەکو چۆن پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەتواى بۆ هیندی کچی عوتبە دا -ڕەزاى خوای لێبێت-.
ولە مافەکانی منداڵ: هیچ یەکێکیان نەخاتە پێش ئەوانى تر لە بەخشین ودیاریەکان پێیان، نابێت ببەخشێت بەهەندێک لە منداڵەکانى وئەوانى تر بێبەش بکات، ئەمە ستەمە، وخواى گەورە ستەمکارانی خۆشناوێت، ئەمە دەبێتە هۆی ناڕەحەتبوونی بێبەشکراوان، وهەڵگیرسانی دوژمنایەتی دژ بە ئەوانەى پێیان بەخشراوە، ولەوەیە ببێتە هۆی دوژمنایەتی لەنێوان بێبەشکراوان ودایک وباوکدا،
وهەندێک لە خەڵکی یەکێک لە منداڵەکانى دەخاتە پێش ئەوانی تر چونکە چاکەکار وبەسۆزە بەرامبەر دایک وباوکی، بۆیە ئەو تایبەت دەکەن بە بەخشین ودیاریەکان؛ چونکە چاکەکارە، بەڵام ئەمە بیانوو نیە بۆ تایبەتکردنی ئەو، چونکە ئەوەیان چاکەکارە نابێت بەتایبەت دیاری پێبدرێت بەهۆی ئەوەى چاکەکارە؛ چونکە پاداشتی چاکەکاربوون لەلای خواى گەورەیە، وتایبەتکردنی دەبێتە هۆی ئەوەى تووشی عوجب وسەرسامبوون بێت بە نەفسی، وپێی وابێت فەزڵی هەیە بەسەر دایک وباوکی، وئەوانى تر دوور دەکەونەوە وبەردەوام دەبن لەسەر خراپبوونیان، پاشان ئێمە نازانین لەوەیە حاڵ بگۆڕێت، چاکەکار ببێتە خراپەکار و بەپێچەوانەوە، دڵەکان بەدەستی خواى گەورەن ؛ هەرچۆنێک بیەوێت ئاراستەى دەکات.
لە هەردوو سەحیحدا [بخاري ومسلم]دا هاتووە، لە نوعمانی کوڕی بەشیرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: باوکی غوڵامێکی -خزمەتکاری- پێی بەخشی، وباوکی ئەمەى بۆ پێغەمبەری خودا باسکرد -صلى اللە علیە وسلم-، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئایا ئەمەت بەخشیووە بە هەموو منداڵەکانت؟»، باوکی ووتی : نەخێر، ئەویش فەرمووی: «کەواتە وەریبگرەوە -بەخشینەکە-»، ولە گێڕانەوەیەکدا: «تەقوای خوا بکەن -لە خوا بترسن-، ودادپەروەر بن لە نێوان منداڵەکانتان»، ولە گێڕانەوەیەکی تردا: «یەکێکی تر بکە بە شاهێد لەسەر ئەمە، چونکە من شاهێدی نادەم لەسەر ستەمکردن»، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێشخستنی هەندێک لە منداڵەکانى بەسەر ئەوانى تردا ؛ بە زوڵم وستەم وەسفی کردووە، وستەم کردنيش حەرامە.
بەڵام ئەگەر هەندێک شت ببەخشێت بەئەوەیان کە پێویستيەتي، ودوووەم پێویستی نیە، وەکو ئەوەى یەکێک لەمنداڵەکان پێویستی بە پێداویستی خوێندن یان چارەسەر یان هاوسەرگیری بێت، ئەوا ئاساییە ئەو تایبەت بکات بەدابینکردنی ئەو شتەی پێویستیەتی؛ چونکە ئەم تایبەت کردنە بەهۆی پێویستیەوەیە، بۆیە وەکو مەسرەفبۆکردنی وایە.
وهەرکاتێک باوک ئەوەی لەسەریەتی لە واجب جێبەجێی کرد دەرهەق بە منداڵەکانى لە پەروەردە وخەرجکردن، ئەوا زۆرجار منداڵەکانیش بەهەمان شێوە چاکەکار دەبن بەرامبەری، ومافەکانى جێبەجێ دەکەن، وهەرکاتێک باوک کەمتەرخەم بێت لەوەى واجبە لەسەری ئەوا شایستەى سزادانە، ئەمیش بەوەى منداڵەکانى مافەکانى پشتگوێ بخەن، وسزا دەدرێت هاوشێوەى کەمتەرخەمبوونەکەى، چی بچنیت ئەوە دەدووریتەوە.
*
مافى پێنجەم: مافى خزمەکان
ئەو نزیکەى پەیوەندی خزمایەتی لەگەڵ تۆدا هەیە وەکو -برا ومام وخاڵ ومنداڵەکانیان، وهەرکەسێک کە پەیوەندی نزیک وخزمایەتی هەیە لەگەڵت- مافى خزمایەتی هەیە بەپێی نزیکبوونی لێتەوە، خواى گەورە دەفەرموێت: واتە: ﴿وَآتِ ذَا الْقُرْبَى حَقَّهُ...﴾ [الإسراء:26] واتە: ﴿مافی خزم و دۆستان بهجێ بهێنه و پهیوهندیهکان (له چوار چێوهی شهرعدا چاودێری بکه)...﴾، و دەفەرموێت: ﴿وَاعْبُدُواْ اللّهَ وَلاَ تُشْرِكُواْ بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَى...﴾ [النساء:36] واتە: ﴿(ئهی خهڵکینه) تهنها خوا بپهرستن و هیچ جۆره شهریک و هاوهڵێکی بۆ بڕیار مهدهن و چاکهکار بن لهگهڵ دایک و باوکتان و خزماندا...﴾, واجبە لەسەر هەموو خزمێک پەیوەندی خزمایەتی بگەیەنێت بە چاکە ئەمیش بەڕێزلێگرتنی، وسوود پێگەیاندنی لاشەیی ودارایی، بەپێی ئەوەى داواکراوە لە نزیکبوونی وپێویستی، ئەمە داواکراوە لەڕوانگەى شەریعەت وئەقڵ وفیترەتەوە.
وبەڵگەى زۆر هاتووە لەسەر ئامۆژگاری وهاندان بۆ گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی ئەمیش کەسی نزیک دەگرێتەوە، لە هەردوو سەحیحدا هاتووە لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خودا بوونەوەرەکانى دروستکرد، کاتێک خوڵقاندنیان تەواو بوو، ڕەحم (پەیوەندی خزمایەتی) هەستا ووتی: ئەمە پەناگەی کەسێکە کە پەنا دەگرێت لە پچڕاندنی پەیوەندی خزمایەتی، خودا فەرمووی: «ئایا ڕازی دەبیت ئەگەر پەیوەندیم هەبێت لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی تۆ دەگەیەنێت، وپەیوەندی بپچڕێنم لەگەڵ ئەو کەسەی پەیوەندی تۆ دەپچڕێنێت»، ووتی: بەڵێ، ئەی پەروەردگار، خودا فەرمووی: «دەی بڕیار بێت ئەوە بۆ تۆ بێت». وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک باوەڕی بە خوا وڕۆژی قیامەت هەیە با پەیوەندی خزمایەتی بگەیەنێت».
وزۆرێک لە خەڵکی ئەم مافەیان پشتگوێ خستووە، وکەمتەرخەمن تێیدا، کەسی وا هەیە هیچ پەیوەندی نیە لەگەڵ خزمەکانی، نە بە ماڵ و نە بە ڕەوشتی جوان ونە بە ڕێزگرتن، ڕۆژ ومانگ دەڕوات ونەیانی بینیووە، وسەردانیانی نەکردووە، وخۆشەویستیان زیادی نەکردووە بەدیاری بەخشین، هیچ ناڕەحەتی وپێویستیەکی لەسەریان لانەداوە، بەڵکو لەوەیە بەرامبەریان خراپ بووبێت بە قسە یان کردەوە، یان هەردوویان، پەیوەندی بە کەسی دوورەوە هەیە بەڵام پەیوەندي پچڕاندووە لەگەڵ خزمەکانى.
وخەڵکی وا هەیە ئەگەر خزمەکانى پەیوەندی پێوە بکەن وسەردانى بکەن ؛ ئەویش بەو شێوەیە دەبێت، بەڵام کە ئەوان پەیوەندیان پچڕان ئەمیش دەیپچڕێنێت، ئەمە لەڕاستیدا پەیوەندی خزمایەتی نەگەیاندووە، بەڵکو هاوشێوەى چاکەی بەرامبەر کردەوە، ئەمیش بەرامبەر خزم وکەسی تریش ڕوودەدات، چونکە چاکەدانەوەى بەرامبەر تایبەت نیە بە خزم وکەسی نزیک، وئەو کەسەی پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنێت لەهەقیقەتدا ئەوەیە کە لەپێناو خواى گەورە بیگەیەنێت، وگوێ نەدات بەوەى ئایا ئەوان پەیوەندی دەگەیەنن یان نا، هەروەکو لە [صحيح البخاري]دا هاتووە لە عبداللەی کوڕی عەمرو -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوە خزم ودۆستی ڕاستەقینە نیە کە چاکە بە چاکە دەداتەوە، بەڵام خزم ودۆستی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ئەگەر بەرامبەرەکەی پەیوەندی خزمایەتی پچڕاند ئەو هەر پەیوەندیەکە دەگەیەنێت». پیاوێک پرسیاری لە سەروەرمان کرد ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، من کەسانێکی نزیک وخزمم هەیە، من پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنم بەڵام ئەوان دەیپچڕێنن، ومن بەرامبەر ئەوان چاکم بەڵام ئەوان بەرامبەر من خراپن، ولە سەریان ئارام دەگرم وئەوان خراپە دەکەن بەرامبەرم، پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- پێی فەرموو: «ئەگەر بەو شێوە بیت کە باست کرد، وەکو ئەوە وایە لمیان دەرخوارد بدەیت، وبەردەوام لە لایەن خوای گەورەوە یارمەتی وپشتیوانیت بۆ هەیە لە بەرامبەر ئەوان ئەگەر تۆ هەر بەو شێوەیە بیت». [رواه مسلم]،
وئەگەر لە گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی هیچ شتێک نەبێت جگە لەوە نەبێت کە خواى گەورە پەیوەندی دەگەیەنێت لە دونیا وقیامەتدا بە ئەوانەى پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنن، بە هۆکاری گەیاندی خزمایەتی الله ڕەحمی پێدەکات وکارەکانى بۆ ئاسان دەکات، وناڕەحەتیەکانى لەسەر لادەدات، وگەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەى ئەندامانی خێزان لەیەکتر، وخۆشەویستی وسۆزیان لەسەر یەک زیاد دەبێت، ویارمەتی یەکتر دەدەن لەکاتی سەختی وناڕەحەتی، وبەختەوەری وئاسوودەیی دێتە دی ؛ چونکە ئەمە جێبەجێکراوە وزانراوە، وهەموو ئەم سوودانە پێچەوانە دەبێتەوە ئەگەر پەیوەندی بپچڕێنێت و لەیەکتر دووربن.
*
مافى شەشەم: مافى هاوسەرەکان (ژن ومێرد)
هاوسەرگیری شوێنەواری گرنگ، وزۆر ئەرکی داواکراوی تێدایە، چونکە پەیوەندیە لەنێوان ژن ومێردەکەى، هەریەکەیان مافى هەیە بەسەر ئەوی ترەوە: مافى لاشەیی وکۆمەڵایەتی ودارایی.
بۆیە پێویستە لەسەر هەریەک لە هاوسەرەکان بەچاکە مامەڵە لەگەڵ ئەوی تردا بکات، ودەبێت ئەو مافەى واجبە لەسەری جێبەجێی بکات بە لێبووردەیی وئاسانی بەبێ ناچارکردنی بەرامبەر و بەبێ دواخستن، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ...﴾ [النساء:19] واتە: ﴿...هاوژینییان بهجوانی لهگهڵدا بهرنهسهر...﴾، وخواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ...﴾ [البقرة:228] واتە: ﴿...ژنان مافیان ههیه بهسهر پیاوانهوه بهوێنهی ئهو مافانهی که بۆ پیاوانه لهسهر ژنان بهگوێرهی باو و نهریتێک که پهسهنده له ئیسلامدا و پیاوان بهسهر ئافرهتانهوه یهک پلهیان ههیه (ئهویش دهسهڵاتی گێڕانهوهی ژنهکانیانه لهکاتی تهڵاقی ڕهجعیدا)...﴾، واجبە لەسەر ئافرەت مافەکانى مێردەکەى جێبەجێ بکات.
ئەگەر هەردوویان مافە واجبەکانى جێبەجێ کرد دەرهەق بەئەوی تر ئەوا ژیانێکی بەختەوەر دەژین، وپەیوەندی وجوان مامەڵەییان بەردەوام دەبێت، وئەگەر بە پێچەوانەوە بێت ئەوا ناکۆکی ولێکترازان دروست دەبێت، وژیانی هەردوویان ناڕەحەت دەبێت.
ودەقی زۆر هاتووە سەبارەت بە جوان مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەت، وڕەوچاوکردنی حاڵی، وکامڵی حاڵ ومامەڵە ؛ شتێکی مەحاڵە، چونکە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «ئامۆژگاریتان دەکەم بە نەرم ونیانی مامەڵەكردن لەگەڵ ئافرەتدا؛ چونکە ئافرەت لە پەراسوو دروستکراوە، وچەماوەترین بەشی پەراسوو بەشی سەرەوەیەتی، ئەگەر هەوڵبدەیت ڕێکی بکەیتەوە دەیشکێنیت، وئەگەر وەکو خۆی جێی بهێڵیت؛ ئەوا هەر بە چەماوەیی دەمێنێتەوە، بۆیە بە نەرم ونیانی مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا بکەن»، ولە گێڕانەوەیەکدا: «ئافرەت لە پەراسوو دروستکراوە، وبۆ تۆ ڕێک وکامڵ نابێت لەهەموو حاڵەتێکدا، وئەگەر چێژی لێوەربگریت، ئەوا چێژی لێوەردەگریت وچەماوەیی هەر تێدایە، وئەگەر هەوڵبدەیت ڕێکی بکەیتەوە دەیشکێنیت، وشکاندنەوەى بریتیە لە تەڵاقدانى»، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «با هیچ پیاوێکی ئیماندار ڕقی لە ئافرەتێکی ئیماندار نەبێتەوە، ئەگەر ڕقی لە ڕەوشتێکی بێت؛ ئەوا ڕەوشتێکی تری لە لا پەسەندە». [رواه مسلم]، لەم فەرموودەیەدا: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنموێنی ئومەتەکەى دەکات سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی پیاو لەگەڵ ژنەکەى؟ وپێویستە پیاو بەختەوەر بێت لەگەڵ خێزانەکەى بەوەى هەیە؛ چونکە سروشتی ئافرەت وایە کامڵ نیە، بەڵکو هەر لاریەکی تێدا دەبێت، وپیاو تەنها ئەو کاتە دەتوانێت چێژی لێوەربگرێت ئەگەر لەسەر سروشتی خۆی مامەڵەى لەگەڵدا بکات کە لەسەری دروستکراوە.
ولەم فەرموودانەوە ئەم سوودە وەردەگرین: پێویستە پیاو بەراوردی چاکە وخراپەکانی ژنەکەى بکات، ئەگەر ڕقی لە ڕەوشتێکی بێت ئەوا ڕەوشتێکی تری هەیە کە پێی ڕازیە، ونابێت تەنها بەچاوی توڕەیی وڕەقەوە سەیری بکات.
وزۆرێک لە هاوسەرەکان ژیانی کامڵیان دەوێت لەهاوسەرەکانیان، وئەمە شتێکی مەحاڵە، ئەگەر ئەمە مەبەستیان بێت ئەوا دەکەنەوە نێو ناڕەحەتی وتاڵی ژیانەوە وناتوانن چێژ وەربگرن لە هاوسەرەکانیان، ولەوەیە ئەمە ببێتە هۆی تەڵاقدان، هەروەکو پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «وئەگەر هەوڵبدەیت ڕێکی بکەیتەوە دەیشکێنیت، وشکاندنەوەى بریتیە لە تەڵاقدانى» ؛ بۆیە پێویستە لەسەر مێرد ئاسانکار بێت وچاوپۆشی لە هەندێک شت بکات دەرهەق بە خێزانەکەى ئەگەر سەر بە ئاین وشەرەف نەبێت،
ولە مافەکانى ژن لەسەر مێرد: ئەوەی لەسەری واجبە جێبەجێی بکات بۆی لە خەرجکردن ودابینکردنی خواردن وخواردنەوە وشوێنی نیشتەجێبوون وهتد؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: خواى گەورە دەفەرموێت:﴿...وَعلَى الْمَوْلُودِ لَهُ رِزْقُهُنَّ وَكِسْوَتُهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ...﴾ [البقرة:233] واتە: ﴿...پێویسته لهسهر ئهو کهسهی خاوهنی منداڵهکهیه (واته باوکی یان بهخێوکهاری) ڕزق و ڕۆزی و پۆشاک به شێوهیهکی جوان و پهسهندی ئایین ئاماده بکات...﴾، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «وئەوان -ژنەکانتان- پێویستە لەسەرتان ڕزق وپۆشاکیان بۆ دابین بکەن بەشێوەیەکی چاک -بە جوانی وپەسەندکراو لە ئایندا-»، پرسیار لە پێغەمبەری خودا کرا -صلى اللە علیە وسلم- : ئایا مافی خێزانی یەکێک لە ئێمە چییە لەسەرمان؟ ئەویش فەرمووی: «خۆراکی پێببەخشیت ئەگەر خۆت خۆراکت خوارد، وجلی پێببەخشیت ئەگەر خۆت جلت لەبەرکرد -یان پارەی پێببەخشیت ئەگەر پەیدات کرد-، وبە لێدان لە دەموچاوی نەدەیت، وجوێنی پێنەدەیت، وقسەی لەگەڵ دانەبڕیت (هەجری نەکەیت -بەجێی نەهێڵیت-) مەگەر تەنها لە نێو ماڵدا نەبێت». [رواه أبو داود].
ولە مافەکانى ژن لەسەر مێردەکەى: دادپەروەر بێت لەنێوان ئەو وهەوێکەى ئەگەر ژنێک زیاتری هەبوو، دادپەروەر بێت لەنێوانیان لەڕوانگەى خەرجی ونیشتەجێبوون وشەومانەوە وهەموو ئەوەى تێیدا دەتوانێت دادپەروەر بێت، ئەگەر لە یەکێک لەو شتانەى کە دەتوانێت تێیدا دادپەروەر بێت مەیلی بۆ لای یەکێکیان زیاتر بێت ؛ ئەمە لە تاوانە گەورەکانە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک دوو ژنی هەبێت مەیلی بۆ لای یەکێکیان زیاتر بێت؛ ئەوا ڕۆژی قیامەت دێت لەکاتێکدا کەلایەکی لاشەی لارە». بەڵام ئەوەی ناکرێت دادپەروەری تێدا جێبەجی بکرێت؛ وەکو خۆشەویستی وئارامی نەفس، لەمەدا گوناهبار نابێت؛ چونکە لەتوانایدا نیە، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَلَن تَسْتَطِيعُواْ أَن تَعْدِلُواْ بَيْنَ النِّسَاء وَلَوْ حَرَصْتُمْ...﴾ [النساء:129] واتە: ﴿ههرگیز ئێوه ناتوانن له نێوان هاوسهرهکانتاندا دادپهروهرانه ڕهفتار بکهن، له کاتێکدا ئهگهر زۆریش سوور بن لهسهری...﴾، وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەوەى لەتوانایدا بووایە بە دادپەروەری دابەشی دەکرد لەنێوان خێزانەکانى، ودەیفەرموو: «خودایە ئەمە بەشکردنی منە لەوەى لە توانامدایە، بۆیە لۆمەم مەکە لەوەى لە توانای تۆدایە ولە تواناى مندا نیە»،
بەڵام ئەگەر یەکێکیان پێش بخات لەڕوانگەى شەو مانەوە لە لای ؛ بەڕەزامەندی ئەوی تر یان ئەوانی تر ئەوا ئاساییە، وەکو مانەوەى پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لەگەڵ عائیشە لە شەوی سەودەدا چونکە سەودە شەوەکەى خۆی بەخشی بە عائیشە، وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لەو نەخۆشیەی تێیدا وەفاتی کرد ؛ پرسیاری دەکرد: «من بەیانی لە کوێم؟ من بەیانی لە کوێم؟»، خێزانەکانى ئیزنیان پێدا بەوەى لە هەرشوێنێک دەیەوێت بمێنێتەوە، بۆیە لە ماڵی عائیشە بوو کاتێک کۆچی دوایی کرد.
سەبارەت بە مافەکانى مێرد لەسەر ژن گەورەترە لە مافەکانى ئەو لەسەر مێردەکەى، چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ...﴾ [البقرة:228] واتە: ﴿...ژنان مافیان ههیه بهسهر پیاوانهوه بهوێنهی ئهو مافانهی که بۆ پیاوانه لهسهر ژنان بهگوێرهی باو و نهریتێک که پهسهنده له ئیسلامدا و پیاوان بهسهر ئافرهتانهوه یهک پلهیان ههیه (ئهویش دهسهڵاتی گێڕانهوهی ژنهکانیانه لهکاتی تهڵاقی ڕهجعیدا)...﴾، وپیاو سەرپەرشتیاری ئافرەتە، وبەرژەوەندیەکانى بۆ جێبەجێ دەکات وپەروەردە وئاراستەى دەکات، هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاء بِمَا فَضَّلَ اللّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُواْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ...﴾ [النساء:34] واتە: ﴿پیاوان سهرپهرشتیارن بهسهر هاوسهرهکانیانهوه، ئهمهش بههۆی ڕێزو زیاده ئهرکێکهوه که خوا داویهتی بهههندێک بهسهر ههندێکی تردا (سهرهڕای ئهوهی که)پیاوان لهماڵ و سامانیان خهرج دهکهن (له پێناوی ئاسوودهیی و خۆشگوزهرانی ئافرهتاندا)...﴾.
لە مافەکانى مێرد لەسەر ژنەکەى: گوێڕایەڵی بکات ئەگەر سەرپێچی فەرمانى خواى گەورە نەبێت، وبیپارێزێت لە نهێنی وسامانەکەیدا، و پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «ئەگەر فەرمانم بکردایە یەکێک سوجدە بۆ یەکێکی تر ببات؛ ئەوا فەرمانم دەکرد بە ئافرەت کە سوجدە بۆ مێردەکەى ببات». وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر پیاوێک خێزانەکەى بانگ بکات بۆ سەرجێگایی کردن (جیماع کردن) وئافرەتەکە ڕەتی بکاتەوە، وپیاوەکە شەوی بەسەردا بێت ولێی توڕەبێت؛ ئەوا فریشتەکان نەفرەت لەو ئافرەتە دەکەن هەتا بەیانی بەسەردا دێت».
و لەمافەکانی مێرد لەسەری: نابێت کردەوەیە بکات ببێتە هۆی لەدەستدانى کامڵی چێژوەرگرتن ئەگەرچیش کردەوەکە پەرستنێکی سونەت بێت؛ چونکە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «حەڵاڵ نیە بۆ ئافرەت ڕۆژوو بگرێت لەکاتێکدا پیاوەکەى ئامادەیە مەگەر بەئیزنی ئەو نەبێت، ونابێت ئیزن بدات بە هاتنی کەسێک بۆ نێو ماڵی مەگەر پاش ئیزنی ئەو نەبێت».
وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- یەکێک لەهۆکارەکانى چوونە بەهەشتی ئافرەتی ڕوونکردووەتەوە ئەویش ئەوەیە مێردەکەى لێی ڕازی بێت، لە [الترمذي]دا هاتووە لە ئوم سەلەمەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەر ئافرەتێک بمرێت ومێردەکەى لێی ڕازی بێت ؛ دەچێتە بەهەشتەوە».
*
مافى حەوتەم: مافى فەرمانڕەوا وخەڵکی -فەرمانپێکراو-
فەرمانڕەوا -کاربەدەست-: ئەوانەن کە کاروباری مسوڵمانان بەدەستی ئەوانە، ئەگەر فەرمانڕەوایی گشتی بێت وەکو سەرۆکی یەکەم لە وڵاتدا، یان سەرۆکایەتی تایبەت وەکو بەڕێوبەری فەرمانگەیەک یان کارێکی دیاریکراو، وهەموویان مافیان هەیە واجبە لەسەر خەڵکی -فەرمانپێکراوەکان:ژێردەستەکانیان- جێبەجێیان بکەن، وهەروەها ژێردەستەکانیان مافیان هەیە لەسەریان دەبێت فەرمانڕەواکان جێبەجێی بکەن.
مافەکانى فەرمانپێکراوەکان لەسەر فەرمانڕەواکانیان: ئەو سپاردەى خواى گەورە پێیانی سپاردووە وپابەندیانی کردووە پێی ؛ دەبێت جێبەجێی بکەن، لە ئامۆژگاری بۆ خەڵکی وپەیڕەوکردنی مەنهەجێکی دامەزراو کە بەرژەوەندی دونیا وقیامەتی ئەوانى تێدایە. ئەمیش بە شوێنکەوتنی ڕێبازی ئیمانداران، کە ئەو ڕێبازەیە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لەسەری بووە؛ چونکە مایەی بەختەوەریە بۆ خۆی وخەڵکی، ودەبێتە هۆی ڕازیبوونی فەرمانپێکراوەکان لە فەرمانڕەواکانیان، ودامەزراندنی پەیوەندیەکی پتەوە لەنێوانیان، وهەروەها ملکەچبوون بۆ فەرمانەکانیان وپاراستنی ئەو سپاردانەى پێیان دەسپێرن، هەرکەسێک تەقوادار بێت ولە خواى گەورە بترسێت ؛ هەیبەتدار دەبێت لەلای خەڵکی، وهەرکەسێک مەبەستی ڕەزامەندی خواى گەورە بێت ؛ ئەوا چاوی لەدەستی خەڵکی نابێت وخەڵکیش لێی ڕازی دەبن، چونکە دڵەکان بەدەستی خواى گەورەیە چۆن بیەوێت ئاڕاستەی دەکات.
سەبارەت بە مافى فەرمانڕەواکان لەسەر خەڵکی -فەرمانپێکراوەکان-: ئامۆژگاری کردنیان لەو فەرمان وئەرکانەى پێی دەسپێردرێت، وبیرهێنانەوەیان ئەگەر تووشی بێئاگایی وکەمتەرخەمی بوون، ونزا کردن بۆیان ئەگەر لە هەق وڕاستی لایان دا، وجێبەجێکردنی فەرمانەکانیان ئەگەر سەرپێچی فەرمانى خواى گەورە نەبێت؛ ئەگەر هەردوولا بەم شێوەیە بن ئەوا دەوڵەت وفەرمانگە وکار دامەزراو وڕێک دەبێت، وسەرپێچیکردنیان دەبێتە هۆی تەشەنەکردنی پشێوی وخراپبوونی هەموو شتێک، بۆیە خواى گەورە فەرمانیکردووە بە گوێڕایەڵیکردنی وگوێڕایەڵیکردنی پێغەمبەرەکەى وگوێڕایەڵیکردنی فەرمانڕەواکان، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ أَطِيعُواْ اللّهَ وَأَطِيعُواْ الرَّسُولَ وَأُوْلِي الأَمْرِ مِنكُمْ...﴾ [النساء:59] واتە: ﴿ئهی ئهوانهی باوهڕتان هێناوه، فهرمانبهردارو گوێڕایهڵی خواو پێغهمبهرو فهرمانڕهواکان بکهن که له خودی خۆتانن (له بیروباوهڕو پابهندیدا)...﴾ وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پێویستە لەسەر مسوڵمان گوێڕایەڵ بێت وفەرمانەکان جێبەجێبکات لە هەرشتێک پێی خۆش بێت یان پێی ناخۆش بێت، مەگەر فەرمانى پێبکرێت بە ئەنجامدانى تاوانێک؛ ئەگەر فەرمانی پێکرا بە ئەنجامدانى تاوانێک ئەوا نابێت گوێڕایەڵ بێت ونابێت فەرمانەکە جێبەجێبکات» [متفق عليه].
لە عبداللەی کوڕی عەمرو -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بووین لە سەفەرێکدا، لە شوێنێک وەستاین، هەندێکمان خێمەکەى چاکدەکرد، وهەندێکمان پێشبڕکێی نیشان شکێنیان دەکرد، وهەندێکی ترمان خەریکی ئاژەڵەکانى بوو، هەواڵدەری پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بانگی کرد: بۆ نوێژ کردن کۆببنەوە، ئێمەش کۆ بووینەوە ﻻی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وفەرمووی: «هەر پێغەمبەرێک لە پێش من هاتبێت ماف بووە لەسەری کە ڕێنیشاندەری ئومەتەکەى بێت بۆ ئەو شتانەى کە دەزانێت خێرە بۆیان، وئاگاداریان بکاتەوە لەو شتانەى کە دەزانێت شەڕە بۆیان، ئەم ئومەتەی ئێوە سەلامەت بوونی لە سەردەمەکانى سەرەتایدایە، وسەردەمەکانى کۆتایی ئەم ئومەتە تووشی بەڵا وتاقیکردنەوە دەبێت وتووشی شتانێک دەبن کە ئێوە ئینکاریان لێدەکەن لەسەر ئەو کردەوانەیان، وفیتنە وتاقیکردنەوەکان هەتا دێت گەورەتر دەبن وئەوانەى پێشووتر بچووکتر دەبنەوە، فیتنە وبەڵای ئەوتۆ تووشی ئیماندار دەبێت کە دەڵێت: لەم فیتنەیەدا تیا دەچم، پاشان فیتنەکە نامێنێت، ودانەیەکی تر دێت، ئیماندار دەڵێت: ئەمەتا ئەمەتا (تیا چوونم). بۆیە ئەوەى حەز دەکات ڕزگاری بێت لە دۆزەخ، وبچێتە بەهەشتەوە، ئەوا با بمرێت لەسەر باوەڕهێنان بە ( الله ) وڕۆژی دوایی، وبا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی بکات کە ئەو حەز دەکات بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، وهەرکەسێک بەیعەت بە پێشەوایەک بدات؛ ودەستی بگرێت ودڵسۆزی خۆی بۆ دەرببڕێت، با بە گوێرەی توانا گوێڕایەڵی بکات، ئەگەر کەسێکی تر هات بۆ ئەوەى لەسەر دەسەڵات لای بەرێت؛ ئەوا لە گەردنی ئەو کەسەی تر بدەن». [رواه مسلم]، وپیاوێک پرسیاری لە پێغەمبەری خودا کرد -صلى اللە علیە وسلم-، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، هەواڵمان پێبدە ئەگەر کاربەدەستانێک داواى مافی خۆیان لە ئێمە بکەن، ومافى ئێمە نەدەن، ئایا فەرمانى چیمان پێدەکەیت؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئاوڕی دا بە لایەکی تردا، پاشان پرسیارەکەى دووبارە کردەوە، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «گوێڕایەڵ بن وفەرمانەکان جێبەجی بکەن، تاوانى کەموکوڕیەکان لەسەر خۆیانە، وتاوانى گوێڕایەڵی نەکردن لەسەر ئێوەیە» [رواه مسلم].
ولە مافەکانى فەرمانڕەوا لەسەر فەرمانپێکراوەکان: یارمەتیدانی فەرمانڕەوا لە ئەرکەکانیان، بەشێوەیەک یارمەتیدەریان بن لە جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی پێیان سپێردراوە، وهەموو یەکێک بزانێت ئەرک وبەرپرسیاریەتی چیە لە کۆمەڵگادا بۆئەوەى کارەکان بەو شێوەیە جێبەجێ بێت کە داواکراوە؛ چونکە ئەگەر فەرمانڕەواکان یارمەتی نەدرێن لەلایەن فەرمانپێکراوەکانەوە ئەوا داواکراو نایەتە دی.
*
مافى حەوتەم: مافى دراوسێ
دراوسێ: ئەوەیە کە ماڵی نزیکە لە تۆوە، ومافى گەورەی لەسەرت هەیە، ئەگەر نزیک بێت لە ڕەچەڵەکەوە ومسوڵمان بێت، ئەوا سێ مافى هەیە: مافى دراوسێیەتی، وخزمایەتی، وئیسلامەتی، وئەگەر مسوڵمان بێت وخزمت نەبێت، ئەوا دوو مافى هەیە: مافى دراوسێیەتی، وئیسلامەتی، وئەگەر خزمت بێت، ومسوڵمان نەبێت، دوو مافەی هەیە: مافى دراوسێیەتی، وخزمایەتی، وئەگەر خزم نەبێت، ومسوڵمان نەبێت، یەک مافى هەیە: ئەویش مافى دراوسێیەتیە،
خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَى وَالْجَارِ الْجُنُبِ...﴾ [النساء:36] واتە: ﴿...و چاکهکار بن لهگهڵ دایک و باوکتان و خزمان و ههتیووان و ههژاران و دراوسێی خزم ونزیک و دراوسێی بیانیدا...﴾ وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «جبریل -علیه السلام- بەردەوام ئامۆژگاری و وەسیەتی دەکردم سەبارەت بە دراوسێ؛ هەتا گومانم وابوو کە دراوسێ دبێتە میرات گری دراوسێی». [متفق علیه].
لە مافەکانى دراوسێ بەسەر دراوسێوە: چاکەکاری بەرامبەری هێندەى دەتوانێت بە سامان وپشتگرتنی وسود پێگەیاندني پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «خێرترین وباشترین دراوسێ لەلای خواى گەورە ؛ خێرترین وباشترینیانە بۆ دراوسێکەى»، وفەرموویەتی: «هەرکەسێک باوەڕی بە خوا وڕۆژی دوایی هەیە با چاکەکار بێت بەرامبەر دراوسێکەى»، وهەروەها فەرموویەتی: «ئەگەر شۆربات لێنا ئەوا ئاوی زۆر تێبکە، وهەندێکی ببەخشە بە دراوسێکانت».
ولە چاکەکاری بەرامبەر دراوسێ: پێشکەشکردنی دیاری بۆی لەکاتی بۆنەکاندا، چونکە دیاری بەخشين دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆشەویستی، ونەهێشتنی دوژمنایەتی.
ولە مافەکانى دراوسێ: ئازار نەدانیەتی ، نە بە قسە و نە بە کردەوە، چونکە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «والله ئیمانی -تەواو- نیە، والله، ئیمانی -تەواو- نیە، والله، ئیمانی -تەواو- نیە»، ووتیان: کێ ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: «ئەوەى کە دراوسێکەى ئەمین نییە لە شەڕی»، ولە گێڕانەوەیەکدا: «ناچێتە بەهەشتەوە ئەو کەسەى کە دراوسێکەى سەلامەت نییە لە شەڕ وخراپەى»، واتای« البوائق»: شەڕ وخراپە کاری، ئەوکەسەی دراوسێکەی پارێزراو نەبێت لە شەڕ وخراپەکاریی ئەوکەسە ئیمانداري تەواو نیە وناچێتە بەهەشتەوە.
وزۆرن لەو خەڵکانەی گوێنادەن بە مافى دراوسێ، ودراوسێکانیان دوور نین لە شەڕ وزیانیان، دەبینیت بەردەوام ناکۆکن لەگەڵیان ودەستدرێژی دەکەنە سەر مافەکانیان، بە قسە یان کردەوە یان هەردوویان ئازاریان دەدەن هەموو ئەمانە پێچەوانەى ئەوەیە کە خواى گەورە وپێغەمبەرەکەى فەرمانیان پێکردووە، چونکە دەبێتە هۆی پەرتەوازەبوونی مسوڵمانان، ودوورکەوتنەوەی دڵیان لەیەکتر، وسنوور وحورمەتیان بەرامبەر یەکتر نامێنێت.
*
مافى نۆیەم: مافی مسوڵمانان بەشێوەیەکی گشتی
وئەم مافانە زۆرن، تێیاندا لە فەرموودەکەی بوخاریدا هاتووە، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: « مافى مسوڵمان لەسەر مسوڵمان شەش دانەیە: ئەگەر پێی گەیشت سەلامی لێبکات، ئەگەر دەعوەتی کرد وەڵامی بداتەوە، ئەگەر داواى ئامۆژگاری لێکردیت ئامۆژگاری بکات، ئەگەر پژمی و ووتی: ( الحمد للە ) وەڵامی بدەرەوە (بڵێ: یرحمک الله)، ئەگەر نەخۆش کەوت سەردانی بکات، ئەگەر مرد شوێنی جەنازەکەى بکەوێت». لەم فەرموودەیەدا هەندێک لە مافەکانى نێوان مسوڵمانان ڕوونکراوەتەوە:
مافى یەکەم: سەلامکردن، سەلامکردن سونەتێکە جەختی لەسەر کراوەتەوە، ولە هۆکاری تەبایی ویەکڕیزی وپتەوبوونی پەیوەندی خۆشەویستیە لەنێوانیان، وئەمەش بینراوە وجێبەجێ بووە، ولە فەرموودەیەکدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنموێنی بۆ ئەنجامدانى کردووە: «سوێند بە ئەو زاتەی کە نەفسی منی بە دەستە، ناچنە بەهەشتەوە هەتا ئیمان نەهێنن، وئیمان ناهێنن هەتا یەکترتان خۆش نەوێت، ئایا شتێکتان پێ بڵێم کە بەهۆیەوە یەکترتان خۆش دەوێت؟ سەلام کردن لە نێوانتان بڵاو بکەنەوە».
وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- سەرەتا سەلامی دەکرد لە ئەوانەى پێیان دەگەیشت، وسەلامی دەکرد لە منداڵان ئەگەر بەلایان تێپەڕ بووایە.
وسونەت وایە ئەوەى تەمەنی بچووکترە سەلام بکات لە ئەوەى تەمەنی گەورەترە، وژمارەی کەم سەلام بکات لە ژمارەی زۆر، وئەوەى سواریە سەلام بکات لە ئەوەى ڕێدەکات، ئەگەر ئەوەیان لەسونەتدا لەپێشترە بۆ سەلام کردن ؛ سەلامی نەکرد با ئەوەى بەرامبەر سەلام بکات، بۆئەوەى پاداشتی سەلام کردنیان لەدەست نەچێت.
عەماری کوڕی یاسر -ڕەزاى خواى لێبێت- دەفەرمووێت: «سێ شت لە هەرکەسێکدا هەبێت ئەوا ئیمانی کامڵە: دادپەروەر بیت تەنانەت دەرهەق بە نەفسی خۆتیش، وسەلامکردن لە هەموو کەسێک، وبەخشین هەرچەندە کەمیش لەنێو دەستدا بێت».
وئەگەر دەستپێکردن بە سەلامکردن سونەت بێت ئەوا وەڵامدانەوەى فەرزی کیفایەتە، واتە ئەگەر یەکێک لە نێو کۆمەڵێک وەڵامی بداتەوە ؛ ئەوا واجبێتی وەڵامدانە لەسەر ئەوانى تر لادەچێت. خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِذَا حُيِّيْتُم بِتَحِيَّةٍ فَحَيُّواْ بِأَحْسَنَ مِنْهَا أَوْ رُدُّوهَا...﴾ [النساء:86] واتە: ﴿ههرکاتێک سەلامتان لێکرا ئهوه بهجوانتر له سەلامی ئهو یاخود (هیچ نهبێت) وهکو خۆی وهڵام بدهنهوه،..﴾، تەنها بەس نیە بۆ وەڵامدانەوەی سەلام بڵێت: «چۆنی وباشی یان هاوشێوەی ئەمە»؛ چونکە ئەمە باشتر نیە لە سەلامکردنە و وەکو سەلامکردنەکەیش نیە، ئەگەر بڵێت: «السلام علیکم»، دەبێت وەڵامبدرێتەوە بە: «وعلیکم السلام»، وئەگەر پاشان ووتی: «چۆنی بەخێر بێیت»، با بەرامبەریش هەمان شت بڵێت یان زیاتر چونکە باشترە.
مافى دووەم: «ئەگەر دەعوەتی کردیت وەڵامی بدەرەوە»؛ واتا : ئەگەر بانگی کردیت بۆ ماڵەکەى بۆ خواردن، یان بۆ سەرداني ؛ وەڵامی بدەرەوە، و وەڵامدانەوەى دەعوەتی سونەتێکە کە زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە؛ چونکە دڵ نەشکاندنی بەرامبەرە، وهەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی تەبایی وخۆشەویستی ویەکڕیزی.
بەڵام جیاکاری دەکرێت لە وەلیمەی هاوسەرگیری ئەمیش ئەو خواردنەیە دروست دەکرێت بەهۆی هاوسەرگیریەوە، چونکە وەڵامدانەوەى واجبە بە مەرجە ئاشکراکانی؛ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «وهەرکەسێک وەڵام نەداتەوە ئەوا سەرپێچی فەرمانى خوا وپێغەمبەرەکەى کردووە».
وکاتێک دەفەرموێت: «ئەگەر بانگی کردیت وەڵامی بدەرەوە» ئەمە تەنانەت بانگکردنیش دەگرێتەوە بۆ یارمەتیدانی، تۆ فەرمانپێکراویت بە وەڵامدانەوەى، ئەگەر بانگی کردیت بۆ یارمەتیدانى لە هەڵگرتنی شتیک یان فڕێدانى یان هتد ؛ تۆ فەرمانپێکراویت وەڵامی بدەیتەوە، چونکە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئیماندار بۆ ئیماندار وەکو بینایەک وایە کە بەشێک بەشێکی تری پتەو دەکات -پاڵپشتی دەکات-».
مافى سێیەم: «ئەگەر داواى ئامۆژگاری لێکردیت ئامۆژگاری بکە»؛ واتە ئەگەر هات بۆ لات پێویستی بە ڕاوێژ وئامۆژگاری هەبوو ئەوا پێویستە دڵسۆز وڕاستگۆ بیت لە ئامۆژگاریکردنی چونکە ئەمە بەشێکە لە دين، هەروەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: « ئاین ئامۆژگارییە» (تەمیم) دەڵێت: ووتمان: بۆ کێ؟ واتا (ئاین ئامۆژگارییە بۆ کێ؟)، ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: بۆ خودا، وبۆ کتێبەکەی، وبۆ پێغەمبەرەکەی، وبۆ پێشەوای مسوڵمانان وتێکڕای مسوڵمانان».
وئەگەر نەهات داواى ئامۆژگاریت لێبکات، ولەوەیە تووشی زیانێک یان تاوانێک بێت ؛ ئەوا واجبە لەسەرت ئامۆژگاری بکەیت بۆئەوەى تووشی زیان وتاوان نەبێت، ئەگەرچیش ئەو نەهاتوە داواى ئامۆژگاریت لێبکات؛ چونکە ئەمە لابردنی زیان وخراپەیە لەسەر مسوڵمانان، بەڵام ئەگەر تووشی زیان وتاوان نەبێت لەو کارەی دەیکات، بەڵام تۆ پێت وایە شتی تر هەیە بەسوودترە لەم کارە، ئەوا واجب نیە لەسەرت هیچی پێبڵێیت مەگەر خۆی داوای ڕاوێژ وئامۆژگاری بکات، ئەوکات تۆیش بەپێی توانا ئامۆژگاری دەکەیت.
مافى چوارەم: «ئەگەر پژمی، ووتی: الحمد لله [بەماناى حەمد وسوپاس بۆ الله]، ئەوا تۆش وەڵامی بدەرەوە، -واتا بڵێ: یرحمک الله [بەمانای: خودا ڕەحمت پێبکات]-»؛ بۆ سوپاسکردنی لەسەر ئەوەى حەمد وستایشی پەروەردگاری کرد لەکاتی پژمین، وئەگەر پژمی ونەیووت : الحمد لله، لەم حاڵەتەدا هیچ مافێکی نیە، بۆیە وەڵامی نادرێتەوە.
دۆعا کردن بە ڕەحمەت بۆئەوەى دەپژمێت ؛ فەرزە، و واجبە ئەوەى دۆعا دەکات ؛ وەڵامی بدرێتەوە، بۆیە ئەوەى پژمیوە پێی دەڵێت: «یهدیکم الله و یصلح بالکم» واتە: «خواى گەورە هیدایەتتان بدات وحاڵتان چاک بکات».
وئەگەر بەردەوام بوو لەسەر پژمین، وسێ جار وەڵامی دایەوە، ئەوا لە چوارەم جاردا پێی دەڵێت: «عافاک الله» واتە: «خواى گەورە لەش ساغیت پێببەخشێت»، لەجیاتی ووتنی: «یرحمک الله».
مافى پێنجەم: «ئەگەر نەخۆش کەوت ؛ سەردانی بکە»، وسەردانیکردنی نەخۆش مافی مسوڵمانە لەسەر برای مسوڵمانی، بۆیە واجبە جێبەجێی بکات، هەرچەندە نەخۆشەکە مافى لەسەرت زیاتر بێت لەڕوانگەى خزمایەتی وهاوڕێیەتی ودراوسێیەتی ئەوا سەردانیکردنیشی زیاتر جەختی لەسەر کراوەتەوە.
وسەردانیکردنی نەخۆش بەپێی حاڵی نەخۆشەکەیە، لەوەیە پێویست بکات زۆ سەردانی بکرێت وەکو بۆ نمونە دابینکردنی پێداویستیەکانى ودڵدانەوەى، یان لەوەیە پێویست بکات کەم سەردانی بکرێت بەهۆی ناڕەحەتی حاڵەتەکەى، بۆیە باشتر وایە ڕەچاوی حاڵی بکرێت.
وسونەت وایە بۆ ئەو کەسەی سەردانى نەخۆش دەکات: پرسیار لە حاڵی بکات وئارامی بکاتەوە، ونزای بۆ بکات ودەرگای هیوای لەسەر بکاتەوە؛ چونکە ئەمە گەورەترین هۆکارە بۆ باشتەندروستی وشیفا، ودەبێت تەوبە کردنی بەبیردا بهێنێتەوە بەشێوەیەک تووشی ترسی نەکات، بۆ نمونە پێی دەڵێت: تۆ بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە خێر وچاکەت دەستدەکەوێت، ونەخۆشی دەبێتە هۆی لێخۆشبوون لە گوناهـ وتاوانەکان، ونەخۆش کەوتنت لەسەر جێگا دەبێتە هۆی بەدەست خستنی پاداشتێکی زۆر بە یادی خواى گەورە وتەوبە وئیستیغفار ونزا کردن.
مافى شەشەم: «ئەگەر مرد ؛ شوێنی جەنازەکەى بکەوێت»، چونکە شوێنکەوتنی جەنازە لە مافەکانى مسوڵمانە لەسەر برای مسوڵمانى، وپاداشتی زۆری تێدایە، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەى ئامادەی جەنازە بێت ونوێژی لەسەر بکات؛ ئەوا قیراتێکی بۆ هەیە، وئەوەى ئامادە بێت هەتا لە گۆڕ دادەنرێت؛ ئەوا دوو قیراتی بۆ هەیە، ووترا: دوو قیرات چییە؟ فەرمووی: «وەکو دوو شاخی مەزن».
ولە مافەکانى مسوڵمان لەسەر مسوڵمان: دوورخستنەوەی شەڕ وزیانە لێی، چونکە ئازاردانی مسوڵمان تاوانێکی گەورەیە، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَالَّذِينَ يُؤْذُونَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ بِغَيْرِ مَا اكْتَسَبُوا فَقَدِ احْتَمَلُوا بُهْتَانًا وَإِثْمًا مُّبِينًا﴾ [الأحزاب:58] واتە: ﴿ئهوانهش که ئازاری ئیمانداران لە پیاو وئافرەتان دهدن بێئهوهی تاوانێکیان ئهنجامدابێت، ئهوانه بوختان و گوناهو تاوانێکی ئاشکرا دهگرنه ئهستۆ﴾.
وزۆر جار ئەگەر کەسێک بیەوێت بە ئازار وزیان پێگەیاندن زاڵ بێت بەسەر براکەیدا ؛ ئەوا خواى گەورە لە دونیادا تۆڵەی لێدەکاتەوە پێش قیامەت، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «حەسودی بە یەکتری مەبەن، و(فێڵ مەکەن لە مەزاددا -لا تناجشوا-)، وڕقتان لە یەکتری نەبێتەوە، وپشت لە یەکتری مەکەن، ولە سەر فرۆشتنی یەکتر شت مەفرۆشن، وبەندەی خودا بن بە برایەتیەوە، مسوڵمان برای مسوڵمانە؛ ستەمی لێناکات وسەرشۆڕی ناکات وبە درۆی ناخاتەوە وبە چاوی سووک وکەم سەیری ناکات، وتەقواداری لێرەدایە -سێ جار ئاماژەی بۆ سینگی کرد- بەسە بۆ مسوڵمانێک کە ئەوەندە شەڕ وخراپەی لە خۆ گرتبێت کە برای مسوڵمانی بە کەم بزانێت وبە چاوی سووک سەیری بکات، هەموو شتێکی مسوڵمان لەسەر مسوڵمانێکی تر حەرامە: خوێنی وماڵی (پارە وموڵکی) وناموسی (ناوبانگی)».
ومافەکانى مسوڵمان لەسەر مسوڵمان زۆرن، بەڵام دەکرێت هەمووی پوخت بکرێتەوە لەم فەرموودەیەدا کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «مسوڵمان برای مسوڵمانە»، هەرکاتێک مسوڵمان ئەوەى داواکراوە لەم برایەتیەدا جێبەجێی بکات ئەوا کۆشش دەکات بۆئەوەى برا موسوڵمانەکەی تووشی هەموو خێرێک بێت ودوور بکەوێتەوە لە هەموو شتێک کە زیانی پێدەگەیەنێت.
*
مافى دەیەم : مافى نا مسوڵمانەکان
نا مسوڵمانەکان ؛ هەموو کافرەکان دەگرێتەوە، کە دابەش دەبن بەسەر چوار بەشدا : ١- ئەوانەى دەجەنگن دژی مسوڵمانان. ٢- ئەوانەى داوا پەنابەرێتی وپاراستنیان دەکەن. ٣- ئەوانەی پەیمانیان هەیە لەگەڵ مسوڵمانان. ٤- ئەوانەى لەنێو مسوڵمانان دەژین.
١- ئەوانەى دەجەنگن دژی مسوڵمانان : مافى پاراستن ویارمەتیدانیان لەسەر ئێمە نیە، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبێت مسوڵمانان دژیان بجەنگن بۆئەوەى پارێزراو بن لە شەڕ وزیانیان.
٢- ئەوانەى داواي پەنابەرێتی وپاراستنیان دەکەن : مافى پاراستنیان لەسەرمانە لە کات وشوێنی دیاریکراو بۆ پاراستنیان؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: واتە: ﴿وَإِنْ أَحَدٌ مِّنَ الْمُشْرِكِينَ اسْتَجَارَكَ فَأَجِرْهُ حَتَّى يَسْمَعَ كَلاَمَ اللّهِ ثُمَّ أَبْلِغْهُ مَأْمَنَهُ...﴾ [التوبة:6] واتە: ﴿خۆ ئهگهر کهسێک له هاوبەش پەیداکاران داوای پهنای لێ کردیت (ئهی پێغهمبهر (صلى الله عليه وسلم)، ئهی ئیماندار)، ئهوه تۆیش پهنای بده ههتا گوێی له فهرموودهکهی خوا (قورئان) دهبێت، پاشان بیگهیهنه بهو شوێنهی دهیهوێت و (ماڵ و گیان و ژیانی) تیایدا پارێزراوه...﴾.
٣- ئەوانەی پەیمانیان هەیە لەگەڵ مسوڵمانان: دەبێت ڕاستگۆ بین لە پەیمانەکانمان لەگەڵیان هەتاوەکو ئەو ماوەیەی لە ڕێکەوتنەکەدا دیاریکراوە لەنێوانمان، ئەگەر ئەوان لەسەر پەیمانەکە بەردەوام بن ونەیشکێنن وکەمتەرخەمی تێدا نەکەن، ویارمەتی کەس نەدەن دژی ئێمە وتانە نەدەن لە ئاینەکەمان، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿إِلاَّ الَّذِينَ عَاهَدتُّم مِّنَ الْمُشْرِكِينَ ثُمَّ لَمْ يَنقُصُوكُمْ شَيْئًا وَلَمْ يُظَاهِرُواْ عَلَيْكُمْ أَحَدًا فَأَتِمُّواْ إِلَيْهِمْ عَهْدَهُمْ إِلَى مُدَّتِهِمْ إِنَّ اللّهَ يُحِبُّ الْمُتَّقِين﴾ [التوبة:4] واتە: ﴿بهڵام ئهو هاوبەش پەیداکارانەی که پهیمانتان لهگهڵیاندا بهستووه، پاشان پابهندی پهیمانهکه بوون و هیچیان لێ کهم نهکردووه و یارمهتی کهسیشیان نهداوه دژتان، ئهوه ئێوه پهیمانهکهیان بۆ بهرنه سهرو تهواوی بکهن، تا کاتی دیاری کراویان، چونکه بهڕاستی خوا تەقوا دارانی خۆش دهوێت﴾، وکاتێک دەفەرموێت: ﴿وَإِن نَّكَثُواْ أَيْمَانَهُم مِّن بَعْدِ عَهْدِهِمْ وَطَعَنُواْ فِي دِينِكُمْ فَقَاتِلُواْ أَئِمَّةَ الْكُفْرِ إِنَّهُمْ لاَ أَيْمَانَ لَهُمْ...﴾ [التوبة:12] واتە: ﴿خۆ ئهگهر ئهوانه پهیمانهکانیان بشکێنن لهدوای بهستنی و گاڵتهو تانهوتهشهریان له ئاین و بهرنامهکهتان دهدا، ئهوه بجهنگن دژی سهرانی کوفر، بهڕاستی ئهوان هیچ پهیمانێکیان نیه...﴾
٤- ئەوانەى لەنێو مسوڵمانان دەژین : بەبەراود بە ئەوانەى پێشوو زۆرترین مافیان هەیە ومافیان لەسەرە، چونکە ئەوان لە وڵاتی مسوڵمانان دەژین، ولە ژێر پاراستن وبەڕێوەبردنی مسوڵماناندان، ئەمیش بەرامبەر بە ئەو سەرانەیەى -جزیەى- دەیدەن بە وڵات.
واجبە لەسەر فەرمانڕەوای مسوڵمانان حوکمیان بکات بە حوکمی ئیسلام لە نەفس وسامان وشەرەفدا، وحەددی شەرعی لەسەریان جێبەجێ بکات لەوەى باوەڕیان وایە حەرامە، و واجبە لەسەری بیانپارێزێت وزیانیان لێ دوور بخاتەوە.
و واجبە جیاواز بن لە مسوڵمانان لە جلوبەرگدا، ونابێت شتێک دەربخەن پێچەوانەى ئیسلام بێت یان نابێت شتێک لە دروشمەکانى ئاینەکەیان دەربخەن وەکو خاچ وزەنگ وهتد، وحوکمەکانى -ئەهلی زیمە : أهل الذمة : ئەو کافرانەى لەنێو مسوڵمانان دەژین- لە نێو کتێبی زانایاندا هەیە لێرەدا زۆر باسی ناکەین.
والحمد لله ربّ العالمين، وصلى الله وسلم على نبيّنا محمّد وعلى آله وصحبه أجمعين.
نووسینی: هەژار بۆ الله -سبحانه وتعالى-
موحەمەد ساڵح عوسەیمین
*
Related books
All books
واجبێتی پەیڕەوکردن وکردەوە کردن بە سونەتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وکوفرى ئەو کەسەی نکۆڵی لە ئەمە دەکات23 زمانواجبێتی پەیڕەوکردن وکردەوە کردن بە سونەتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وکوفرى ئەو کەسەی نکۆڵی لە ئەمە دەکات
دانەر: عبد العزيز ئیبن عبد الله ئیبن باز -ڕەحمەتی خواى لێبێت- بسم الله الرحمن الرحيم پێشەکی سوپاست وستایشت بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وسەرەنجام وکۆتایی بۆ تەقوادارانە، وسەڵاوات وسەلام لەسەر پێغەمبەرمان موحەمەد نێردراو وەکو ڕەحمەت بۆ جیهانیان وسەڵاوات وسەلام لەسەر ئەهلی بەیتی وهاوەڵانی کە قەڕئان وسونەتی پێغەمبەرەکەیان بە پارێزراوی گەیاندووە لەوانەی دووای خۆیان، بەئەوپەڕی پاراستنی ئەمانەت و وردبینیەوە، ومانا ودەستەواژەکانیان پاراستووە -ڕەزاى خوایان لێبێت- وبمانکات بە یەکێک لەئەوانەى شوێنیان دەکەون بەچاکە وبمانکات بە بەڵگە لەسەر هەموو بەندەکان بەگەیاندنی ئاینەکەى، پاشان: زانایان لەپێشوو ولە…
پەیامێكی پوخت بۆ مولحیدێك61 زمانپەیامێكی پوخت بۆ مولحیدێك
پەیامێكی پوخت بۆ مولحیدێك، گفتوگۆ لەگەڵ ئەقڵ دەكات بەوەی وردی گەردوون وڕێكخستەكەی بە سودفە وڕێكەوت دروست بونی هەڵدەوەشێنێتەوە، وبەڵگەیە لەسەر خوڵقێنەرێكی دانا، ئایا ڕەوایە ئەم هەموو خوڵقێنراوە لە هیچەوە هاتبن؟ دڵت بكەرەوە بۆ بیركردنەوە وتێڕامان، وبە دوای هەق وڕاستیدا بگەڕێ، لەوەیە نور وڕۆشناییەك بدۆزیتەوە كە ڕێنموێنیت بكات.
ئیسلام89 زمانئیسلام
بەناوى خوداى بەخشندەی میهرەبان ئایا پرسیارت لە خۆت كردووە: كێ خوڵقێنەری ئاسمانەكان وزەوی وئەوەی تێیاندایە لە خوڵقێنراوە مەزنەكان؟ كێ ئەم ڕێكخستە ووردەی تێدا دروستكردووە؟
هیندۆسیەت لە تەرازووی فێرکاریە بنچینەییەکانى وئەقڵ وفیترەتی پاک و سەلامەت11 زمانهیندۆسیەت لە تەرازووی فێرکاریە بنچینەییەکانى وئەقڵ وفیترەتی پاک و سەلامەت
کلیک بکە بۆ بینینی وردەکارییەکانی کتێب.