آداب السفر وأحكامه
ئاداب وحوكمەكانی گەشت وسەفەر كردن الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين.
ئاداب وحوكمەكانی گەشت وسەفەر كردن الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين.
پاشان:
ئەمە نامیلكەیەكی پوختە سەبارەت بە ئاداب وحوكمەكانی گەشت وسەفەر كردن، بەپەرۆش بووین لەسەر ڕوونكردنەوەی زۆرینەی ئەو شتانەی گەشتیار پێویستیەتی.
داواكارین لە خوای گەورە بە ئیخلاس ودڵسۆزی لە پێناو زاتی پیرۆزی ئەو بێت، وهەموو مسوڵمانان سوودی لێ ببینن.
لیژنەی زانستی لە (كۆڕگەی خزمەتگوزاری بڵاوکراوە ئیسلامیەكان بە زمانەكانی جیهان - جمعية خدمة المحتوى الإسلامي باللغات)
یەكەم: ئادابی گەشت وسەفەر كردن
ئەو كەسەی گەشت وسەفەر دەكات بۆ ئەنجامدانی حەج یان هەر پەرستنێكی تر؛ پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵە گرنگانەی لای خوارەوە بكات:
1. داوای ڕێنمونی لە الله دەكات -سبحانه وتعالی- سەبارەت بە كات، وشێواز وئامرازی گەشتكردن، وهاوەڵ، وڕێگای گەشتەكە ئەگەر ڕێگاكان زۆر بوون، هەروەها ڕاوێژ بە كەسی چاك وشارەزا دەكات لەم بابەتەدا، سەبارەت بە گەشت کردن بۆ ئەنجامدانی حەج وعومرە؛ ئەمە خێرە بە بێ هیچ گومانێك، وشێوازی داوای ڕێنمونی لە الله (ئیستیخارە) بەم شێوەیە دەبێت: دوو ڕكات نوێژ دەكات، پاشان نزا دەكات بەو شێوەیەی لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم-.
2. واجبە حاجی وعومرەكار مەبەستی لە ئەنجامدانی حەج وعومرەكەی زاتی پیرۆزی الله وڕەزامەندی ئەو بێت، لەگەڵ نزیكبوونەوە لێی، دەبێت هۆشدار بێت سەبارەت بەوەی مەبەستی بابەتی دونیایی یان شانازی یان بەدەستهێنانی نازناو یان ڕیابازی یان ناوبانگ بێت لەم گەشت وسەفەرەدا؛ چونكە ئەمانە دەبنە هۆی پوچەڵبوونەوەی كردەوە وقبوڵ نەبوونی، خوای گەورە دەفەرموێت: (من هرۆڤێکم وەکو ئێوە ووەحیم بۆ دێت بەڕاستی پەروەردگاری ئێوە پەروەردگارێکی تاک و تەنھایە جا ھەرکەس تامەزرۆی گەیشتنە بەخزمەت پەروەردگاری -لە قیامەتدا- ئەوە با کردەوەی چاک بکات وە لەپەرستنی پەروەردگاریدا کەس نەکات بەھاوبەشی وڕیا بازی نەکات). [الكهف: 110] ولە فەرموودەیەكی قودسیدا هاتووە: «من لە هەموو هاوبەش وشەریکەکان دەوڵەمەندترم ولەهەموویان بێ پێویستم، ئەگەر هەر کەسێک کردەوەیەک ئەنجام بدات وکەسێک بکاتە هاوبەش وشەریکی من؛ ئەوا واز لەو کەسە وکردەوەکەی دێنم بە هۆی ئەو هاوبەشدانانەوە کە بۆ منی بڕیار داوە» [1]. [1] (موسلیم) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە: (2985).
3. واجبە حاجی وعومرەكار لە حوكمەكانی حەج وعومرە وگەشت وسەفەر كردن تێبگات پێش سەفەر كردن؛ نەوەك واز لە واجبێك بهێنێت یان تووشی حەرامكراوێك ببێت، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی خوای گەورە خێری بۆی بوێت ئەوا شارەزای دەکات لە دیندا». [2] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (3116)، و(موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (100).
4. دەبێت حاجی یان عومرەكار پارەی حەڵاڵ هەڵبژێرێت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرەكەی؛ چونكە خوای گەورە پاكە وتەنها پاكیش قبوڵ دەكات، وپارەی حەرام هۆكارە بۆ وەڵام نەدانەوەی نزا ودۆعاکان.
5. تەوبە كردن لە هەموو گوناهـ وتاوانەكان، وئەگەر ستەمێكی لە خەڵكی كردبێت پێویستە مافەكەیان بۆ بگێڕێتەوە وداوای لێبووردنیان لێبكات، ئینجا ستەمەکە: لە كەسایەتی یان پارە یان هەرشتێكی تر بێت.
6. سوننەتە گەشتیار وەسێت بنووسێت، ئەوەی دەبێت بۆی بكرێت وئەوەی لەسەریەتی بیكات؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «گونجاو نییە بۆ مسوڵمانێک شتێک هەبێت وەسیەت سەبارەتی بکات؛ دوو شەو بەسەریدا تێپەڕ ببێت و وەسیەتەکەى نەنووسیبێت» [3]. ودەبێـت شاهێدی لەسەر دابنێت، وئەو قەرزانەی لەسەریەتی بیداتەوە، وسپاردەكان بگێڕێتەوە بۆ خاوەنەكانیان یان ڕوخسەتیان لێوەربگرێت لە هێشتنەوەیان لە لای خۆی. [3] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە: (2738). (موسلیم) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە: (1627).
7. سوننەتە گەشتیار كۆشش بكات بۆ دۆزینەوەی هاوەڵی چاك لە گەشتەكەیدا، وپێویستە بە پەرۆش بێت لەسەر ئەوەی فێرخوازی زانستی شەرعی بن؛ چونكە ئەمە هۆكارە بۆ سەركەوتنی وتووش نەبوونی بە هەڵە لە گەشتەكەیدا ولە حەج وعومرەكەیدا؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «مرۆڤ لە سەر ئاینی هاوڕێکەیەتی؛ بۆیە با هەریەکێکتان بڕوانێت وبزانێت هاوڕێیەتی کێ دەکات» [4]؛ هەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هاوڕێیەتی هیچ کەسێک مەکە جگە لە ئیماندار، وبا هیچ کەسێک لە خواردنەکەت نەخوات جگە لە تەقواداران» [5]. [4] (ئەبو داود) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (4833). [5] (ئەبو داود) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (4832)، و(تیرمزی) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (2395).
8. سوننەتە گەشتیار ماڵئاوایی لە خێزان وكەسە نزیكەكان ودراوسێ وهاوەڵانی بكات؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی دەیەوێت سەفەر بكات با بە ئەو كەسانە بڵێت كە جێیان دەهێڵێت: (أَسْتَوْدِعُكُمُ اللَّهَ الَّذِي لَا يُضِيعُ وَدَائِعَهُ) واتە: (ئەتانسپێرم بە الله بە ڕاستی هیچ سپاردەیەك لە لای ئەو ون نابێت)» [6]، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ماڵئاوایی لە هاوەڵانی دەكرد ئەگەر یەكێكیان بی ویستایە سەفەر بكات، دەیفەرموو: «أَسْتَوْدِعُ اللهَ دِينَكَ وَأَمَانَتَكَ وَخَوَاتِيمَ عَمَلِكَ» واتە:«من ئاین وسپاردە وکۆتا کرەوەکانت بە خودا دەسپێرم» [7]، وئەو كەسەی داوای وەسیەتی لێدەكرد لە گەشتیارەكان؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی دەفەرموو: «زَوَّدَكَ اللَّهُ التَّقْوَى، وَغَفَرَ ذَنْبَكَ، وَيَسَّرَ لَكَ الخَيْرَ حَيْثُ مَا كُنْتَ» واتە: «خوای گەورە تەقواداریت پێببەخشێت، ولە گوناهەكانت خۆش بێت، وكاری خێرت بۆ ئاسان بكات لە هەر شوێنێك بوویت» [8]. وپیاوێك دەیویست سەفەر بكات هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا ئامۆژگاریم بكە، ئەویش فەرمووی: «ئامۆژگاریت دەكەم بە تەقوای خوای گەورە وتەكبیر كردن -ووتنی: الله أكبر- لە سەر هەموو شوێنێكی بەرز»، كاتێك ئەو کەسەی بەتەمای سەفەر بوو ڕۆیشت، فەرمووی: «خودایە زەوی -ڕێگاكەی- بۆ كورت بكەرەوە وگەشتەكەی لەسەر ئاسان بكە» [9]. [6] (تەبەڕانی) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (823). [7] (ئەحمەد) لە موسنەدەكەیدا گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (4524). [8] (تیرمزی) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (3444). [9] (ئەحمەد) لە موسنەدەكەیدا گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (9724).
9. نابێت زەنگ ومۆسیقا وسەگ لەگەڵ خۆیدا ببات لە كاتی گەشت كردندا؛ بەهۆی ئەم فەرموودەیە: لە ئەبو هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «فریشتەکان هاوەڵی کۆمەڵێک نابن ئەگەر سەگ یان زەنگیان تێدا بێت» [10]. [10] (موسلیم) گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (2113).
10. ئەگەر بیەوێت گەشت بكات وزیاتر لە یەك خێزانی هەبوو؛ ئەوا تیروپشك لە نێوانیان دەكات ئەگەر هەر خێزانێكی لە تیروپشكەكە دەرچوو ئەوا لەگەڵی دەبێت لە گەشتەكەیدا،بەهۆی ئەم فەرموودەیە: لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر مەبەستی سەفەرێکی بووایە؛ تیروپشکی دەکرد لە نێوان خێزانەکانى، هەرکامێکیان لە تیروپشکەکە دەربچووایە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەگەڵ خۆیدا دەیبرد» [11]. [11] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2593)، و(موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2770).
11. سوننەتە لە ڕۆژی پێنج شەممە لە سەرەتای ڕۆژدا گەشت بكات ئەگەر ئاسان بوو بۆی؛ چونكە ئەمە كردەوەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بووە، كەعبی كوڕی مالیك -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «كەمجار پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەردەچوو بۆ سەفەر كردن ئیلا لە ڕۆژی پێنج شەممەدا دەردەچو» [12]. [12] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2949).
12. سوننەتە نزای دەرچوون لە ماڵ بكات لەكاتی گەشت كردن وڕۆیشتن بۆ هەر شوێنێكی تر، لەكاتی دەرچوونیدا دەڵێت: «بِسْمِ اللَّهِ، تَوَكَّلْتُ عَلَى اللَّهِ، وَلا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلَّا بِاللَّهِ، اللَّهمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ أَنْ أَضِلَّ أَوْ أُضَلَّ، أَوْ أَزِلَّ أَوْ أُزَلَّ، أَوْ أَظْلِمَ أَوْ أُظْلَمَ، أَوْ أَجْهَلَ أَوْ يُجْهَلَ عَلَيَّ» واتە: «بە ناوی خوای گەورە، تەوەکول وپشت بەستنم تەنها بەخواى گەورەیە، هچ هێز وتوانایەکمان نییە مەگەر ئەوە نەبێت کە خواى گەورە دەیبەخشێت، خوای گەورە پەنات پێ دەگرم لەوەى گومڕا بم یان گومڕا بکرێم، ولەوەى بکەوم یان بمکەوێنن، و لە ستەم یان ستەمم لێبکرێت، و لەڕەفتارکردنی نەزانانە یان بەنەزانى مامەڵەم لەگەڵ بکرێت» [13]. [13] (ئەبو داود) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (5094).
13. سوننەتە نزای سەفەر بكات كاتێك سواری ئاژەڵەكەی، یان ئۆتۆمبێلەكەی، یان فڕۆكە یان هەرشتێكی تر دەبێت لە سواریەكان، و دەڵێـت: «اللَّهُ أَكْبَرُ، اللَّهُ أَكْبَرُ، اللَّهُ أَكْبَرُ ثُمَّ يَقُولُ: {سُبْحَانَ الَّذِي سَخَّرَ لَنَا هَذَا وَمَا كُنَّا لَهُ مُقْرِنِينَ وَإِنَّا إِلَى رَبِّنَا لَمُنْقَلِبُونَ} [الزخرف: 14] اللَّهُمَّ إِنَّا نَسْأَلُكَ فِي سَفَرِنَا هَذَا الْبِرَّ وَالتَّقْوَى، وَمِنَ الْعَمَلِ مَا تَرْضَى، اللَّهُمَّ هَوِّنْ عَلَيْنَا السَّفَرَ، وَاطْوِ عَنَّا بُعْدَهُ، اللَّهُمَّ أَنْتَ الصَّاحِبُ فِي السَّفَرِ، وَالْخَلِيفَةُ فِي الْأَهْلِ، اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ وَعْثَاءِ [14] السَّفَرِ، وَكَآبَةِ المنظر[15]، وسوء الْمُنْقَلَبِ[16] فِي الْمَالِ وَالْأَهْلِ..» واتە: «خودا لە هەموو شتێک گەورەترە، خودا لە هەموو شتێک گەورەترە، خودا لە هەموو شتێک گەورەترە، پاشان دەڵێت: ﴿پاك وبێگەردی بۆ ئەو خودایەی، كە ئەمەى بۆ ڕامكردووین (موسەخەر كردووین) وئێمەش دەسەڵاتمان نەبوو بەسەریدا * بەڕاستی لە دواڕۆژیشدا هەر بۆ لای ئەو خودایە دەگەڕێینەوە﴾ [الزخرف: 14]، خودایە ئێمە لەم گەشتەماندا داوای چاكە و خۆپارێزی وئەو كردەوانەت لێدەكەین كە تۆ پێی ڕازیت، خودایە ئەم گەشتەمان بۆ ئاسان بكە و دووریەكەیمان بۆ نزیك بكەرەوە، خودایە تۆ پارێزەرمان بە لەم گەشتەماندا وخانەوادەكەشمان بپارێزە، كە جێمان هێشتوون، خودایە من پەنات پێدەگرم لە ناڕەحەتی ئەم گەشتە [14] وخەمۆكی ڕواڵەتمان [15] و -پەنات پێدەگرم- لە خراپی حاڵمان [16] لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ لای ماڵ وخێزان» [17]. [14] (وعثاء السفر-ناڕەحەتی ئەم گەشتە)؛ مەبەست لێی ئەوپەڕی سەختی وبارگرانیە لە گەشتەكەدا. [الإفصاح عن معاني الصحاح (4/ 284)] [15] (كآبة المنظر-خەمۆكی ڕواڵەتمان)؛ مەبەست لێی خراپی ڕواڵەت وشێوەیە بەهۆی غەم وخەفەت ودڵتەنگیەوە. [الإفصاح عن معاني الصحاح (4/ 284)] [16] (المنقلب-گەڕانەوە)؛ مەبەست لێی كاتی گەڕانەوەیە بۆ نێو ماڵ وكەسوكار. [الإفصاح عن معاني الصحاح (4/ 284)] [17] (ئەحمەد) گێڕاویەتیەوە لە موسنەدەكەیدا، بە ژمارە (6374).
14. سوننەتە گەشتیار بە تەنها گەشت نەكات بە بێ هاوەڵ؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر خەڵكی ئەوەیان بزانیایە سەبارەت بە تەنهایی كە من دەیزانم ئەوا کەس بە تەنها گەشتی نەدەكرد لە شەودا» [18]. [5] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2998).
15. گەشتیارەكان كەسێكیان دیاری دەكەن بۆئەوەی ببێتە فەرمانداریان؛ چونكە ئەمە دەبێتە یەكگرتوویی، وكۆك بوونیان، وپاڵنەرێكی بەهێزە بۆ بەدەستهێنانی مەبەست وپێویستیەكانیان، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر سێ كەس دەرچوون بۆ گەشت با یەكێكیان بكەن بە فەرمانداریان» [19]. [19] (ئەبو داود) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2608).
16. دەبێت بەپەرۆش بێت لەسەر جێبەجێكردنی ئەوەی الله واجبی كردووە لەسەری لە پەرستنەكان ودووركەوتنەوە لە حەرامكراوەكان وخۆڕازاندنەوە بە ڕەوشتە جوانەكان، ویارمەتی ئەو كەسانە دەدات كە پێویستیان بە یارمەتیە، وزانست دەگەیەنێت بەو كەسانەی داوای دەكەن وپێویستیانە، وسەخی دەبێت لە پارەدا، ودەیبەخشێت لە بەرژەوەندییەكانی خۆی وبرایانی ولە پێویستیەكانیان.
17. باشتر وایە زیاد لە پێویست خەرجی وكەرەستەكانی گەشت لەگەڵ خۆیدا ببات، چونكە داوا كردن وپێویستی لەوەیە زیاد بكات وحاڵ وبارەكان بگۆڕێت.
18. پێویستە لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا ڕووی خۆش بێت، ودەروونی بەختەوەر بێت، وبە پەرۆش بێت لەسەر ئەوەی ئاسوودەیی بخاتە نێو دڵی هاوەڵانی؛ بۆئەوەی ئاشتی خواز وهۆگر بڵاوکار بێت
19. هەروەها دەبێت ئارام بگرێت لەسەر خراپ هەڵسوکەوت کردنی هاوەڵانی وخۆڕاگر بێت لەسەر پێچەوانە كردنیان بۆ سەرخستنی ڕاوبۆچوونەكانی، وپێویستە بە شێوەیەكی جوان مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، بۆئەوەی ڕێزدار بێت لە نێوانیان، وبە گەورەی دابنێن لە دەروونیاندا.
20. سوننەتە ئەگەر گەشتیارەكان لە شوێنێك وەستان پێكەوە بمێننەوە، وهەندێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر لە شوێنێك بوەستانایە بڵاو دەبوونەوە لە نێو شیو ودۆڵەكاندا، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «جیابوونەوەتان لە نێو ڕێچكەی ئەم شیو ودۆڵانەدا بە دڵنیاییەوە لە شەیتانەوەیە» [20]، پاش ئەم فەرمایشتە نزیك لە یەكتر وپێكەوە دەمانەوە؛ تەنانەت ئەگەر پۆشاكێك بدرایە بە سەریاندا بەشی هەموویانی دەكرد. [20] (ئەحمەد) لە موسنەدەكەیدا گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (17736).
21. سوننەتە ئەگەر لایدایە شوێنێك لە كاتی سەفەردا یان هەرشوێنک با لەسەفەریشدا نەبێت؛ ئەم نزایە بكات كە لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم-فەرموویەتی: «أعوذ بكلمات الله التامات من شر ما خلق» واتە: «پەنا دەگرم بە [وشەکانی خوای گەورە کە بێ کەموکوڕی وعەیبە -مەبەست قورئانە-] لە هەموو شەڕێک کە دروستی کردووە» [21]؛ ئەگەر ئەم زیكرە بڵێت ئەوا هیچ شتێك زیانی پێناگەیەنێت هەتاوەكو لەو شوێنە دەڕوات. [21] (موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2708).
22. سوننەتە لە كاتی چوونە سەر شوێنی بەرز تەكبیر بكات -بڵێت: الله أكبر-، وتەسبیح بكات -بڵێ: سبحان الله- كاتێك دادەبەزێتە نێو شوێنە نزمەكان ودۆڵەكان، جابر -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: "ئەگەر سەربکەوتینایە؛ تەکبیرمان دەکرد، وئەگەر دابەزینایە؛ تەسبیحمان دەکرد" [22]، ولە كاتی تەكبیردا دەنگیان بەرز نەدەكردەوە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەی خەڵکینە، نەرم ونیان بن دەرهەق بە خۆتان، ئێوە نە دەپارێنەوە لە کەسێک نەبیسێت ونە دەپاڕێنەوە لە کەسێکی دوور، الله لەگەڵ ئێوەیە، ئەو بیسەر ونزیکە» [23]. [22] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2994). [23] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2993).
23. سوننەتە لە شەودا گەشت بكات بەتایبەت لە سەرەتای شەودا؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لە شەودا سەفەر بکەن، چونکە (ڕێگاکانى) زەوی لە شەودا كورت دەكرێتەوە» [24].. [24] (ئەبو داود) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2571).
24. هەروەها سوننەتە زۆر نزا ودۆعا بكات لە كاتی گەشتەكەیدا، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «سێ نزا دۆعا وەڵامدەدرێنەوە بە بێ هیچ گومانێک: نزا ودۆعای ستەملێکراو، ونزا ودۆعای ڕێبوار، ونزا ودۆعای دایك وباوك لەسەر منداڵەکانیان» [25]. [25] (ئەحمەد) لە موسنەدەكەیدا گێڕاویەتیەوە، بە ژمارە (10771).
***
دووەم: پاوكوخاوێنی لە كاتی گەشت وسەفەردا
واجبە گەشتیار گرنگی بدات بە پاكوخاوێنی خۆی، دەبێت دەستنوێژ بگرێت لە پاش دەستنوێژشكاندنی، ودەبێت خۆی بشوات لە پاش لەشگران بوونی.
ئەگەر ئاوی دەستنەكەوت، یان كەمی پێیە ودەیەوێت بەكاریبهێنێت بۆ خواردن وخواردنەوە؛ لەم حاڵەتەدا تەیەموم دەكات.
چۆنیەتی تەیەموم كردن: ناو لەپەكانی دەستەكانی دەدات بە سەر خۆڵی سەر زەویدا پاشان مەسح دەكات بە سەر ڕووی وهەردوو دیوی دەستەكانی.
تەیەموم پاکژییەکی كاتیە، و هەركات ئاوی دەستكەوت واجبە بەكاریبهێنێت، ئەگەر تەیەمومی كرد بۆ لابردنی لەشگرانی پاشان ئاوی دەستكەوت ئەوا واجبە خۆی بشوات بەو ئاوە، ئەگەر تەیەمومی كرد بۆ دەست نوێژ پاشان ئاوی دەستكەوت ئەوا واجبە بە ئاوەكە دەستنوێژ بگرێتەوە، لە فەرموودەدا هاتووە: «خاك وخۆڵی پاك بەکاردەهێندرێت بۆ تەیەموم لە لایەن مسوڵمانەوە، ئەگەرچیش ئاوی دەستنەوكەوت هەتا دە ساڵیش؛ ئەگەر ئاوی دەستكەوت با لە خودا بترسێت و بەکاری بێنێت بۆ دەست نوێژ وخۆشۆردنی لەش گرانی» [26]. [26] (ئەلبەزار) گێڕاویەتیەوە لە موسنەدەكەیدا، بە ژمارە (10068).
مەسح كردن لە سەر گۆرەوی وخوفەكان؛ ڕێگەپێدراوە لە قورئان وسوننەت ویەكدەنگی ئەهلی سوننە.
بۆ مەسحكردن لەسەر خوف وگۆرەوییەكان وهاوشێوەكانیان؛ چەند مەرجێك هەیە، لەوانەیش:
1. دەبێت خوفەكان وگۆرەوییەكان پاك وڕێگەپێدراو بن.
2. پێویستە بە دەستنوێژەوە لە پێی كردبێت.
3. پێویستە ئەو شوێنانە دابپۆشن كە دەبێت لە كاتی دەستنوێژدا بشۆردرێن.
4. مەسح كردن بەسەریاندا بۆ کاتی دەست نوێژ شکاندن دەبێت، ولە کاتی توش بون بە لەشگرانی وئەو شتانەی خۆشۆردن واجب دەكەن؛ مەسحكردن ڕێگەپێدراو نییە.
5. مەسحكردن بە سەریاندا كاتی دیاریكراوی هەیە لە شەریعەتدا ئەمیش بریتیە لە ڕۆژ وشەوێك بۆ نیشتەجێبوو، وسێ شەو وڕۆژ بۆ ڕێبوار، وبۆچوونی دروست ئەوەیە كە ماوەی مەسحكردن دەستپێدەكات لە پاش یەكەم مەسحكردن پاش ئەوەی دەستنوێژی شكاوە، ودوای بیست وچوار كاتژمێر ماوەكە تەواو دەبێت بۆ نیشتەجێبوو، ودوای حەفتا ودوو كاتژمێر تەواو دەبێت بۆ ڕێبوار.
ومەسحكردن پوچەڵ دەبێتەوە بە یەكێك لەم سێ شتە:
1. ئەگەر دەستنوێژی شكا بە هۆی ئەو شتانەی خۆشۆردن واجب دەكەن وەكو لەشگرانی؛ لەم حاڵەتەدا مەسحكردنەكە پوچەڵ دەبێتەوە ودەبێت خۆی بشوات.
2. ئەگەر دایان بكەنێت لە پاش مەسح كردن بە سەریاندا.
3. ئەگەر ماوەی ڕەچاوكراو تەواو بێت كە لە شەریعەتدا دیاریكراوە؛ مەسحكردنیش پوچەڵ دەبێتەوە.
***
سێیەم: حوكمەكانی كورتكردنەوەی -قەسری- نوێژ لە گەشت وسەفەردا
كورتكردنەوەی نوێژەكان لە گەشت وسەفەردا باشترە لە ئەنجامدانیان بە بێ کورتکردنەوە؛ بەڵام ئەگەر گەشتیار نوێژەكەی بە چوار ڕكات ئەنجامدا نوێژەكە دروستە بەڵام بە پێچەوانەی باشتر كردەوەی ئەنجامداوە.
گەشتیار دەتوانێت نوێژەكەی كورت بكاتەوە ئەگەر دەربچێت لە سنووری هەموو ماڵەكانی گوندەكەی یان شارەكەی، وئەمە مەزهەبی زۆرینەی زانایانە.
وئەگەر گەشت وسەفەر بكات لە پاش هاتنی كاتی نوێژ؛ دەتوانێت نوێژەكە كورت بكاتەوە، چونكە گەشتی كردووە لە پێش ئەوەی ماوەی نوێژەكە تەواو بێت.
سەبارەت بە كۆكردنەوە لە نێوان نوێژەكانی نیوەڕۆ وعەسر، ولە نێوان نوێژەكانی مەغریب وعیشا، ئەمیش سوننەتە بۆ گەشتیار لە كاتی پێویستیدا، ئەگەر لە ڕێگا بەردەوام بوو؛ دەتوانێت ئەوەیان هەڵبژێرێت كە گونجاوە بۆی لە نێوان كۆكردنەوەی پێش خستن یان دووا خستن.
ئەگەر ڕێبوار پێویستی بە كۆكردنەوەی نوێژەكان نەبێت ئەوا كۆیان ناكاتەوە، وەكو ئەوەی لە شوێنێك دەمێنێتەوە ونایەوێت لەوێ بڕوات هەتاوەكو هاتنی كاتی نوێژی دواتر، لەم حاڵەتەدا باشتر وایە نوێژەكان كۆ نەكاتەوە؛ چونكە پێویستی پێی نییە، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نوێژەكانی كۆ نەكردەوە كاتێك لە مینا مایەوە لە حەجی ماڵئاوایی؛ چونكە پێویستی پێی نەبوو.
سەبارەت بە نوێژە سوننەتەكان؛ ڕێگەپێدراوە گەشتیار ئەو نوێژە سوننەتانە بكات كە نیشتەجێبوو ئەنجامیان دەدات، وەكو نوێژی چێشتەنگاو وشەونوێژ و ویتر ونوێژە سوننەتەكانی تر؛ جگە لە سوننەتی راتیبەی نوێژەكانی نیوەڕۆ ومەغریب وعیشا نەبێت چونكە باشتر وایە ئەنجامیان نەدات.
ئەنجامدانی نوێژی سوننەت لە سەر سواری دروستە؛ وەكو: لە نێو فڕۆكە، وئۆتۆمبێل، وكەشت وهتد لە هۆكارەكانی گواستنەوە، بەڵام بۆ ئەنجامدانی نوێژی فەرز دەبێت دابەزێت لە سەر سواریەكە مەگەر نەتوانێت.
نوێژی گەشتیار لە پشتی نیشتەجێبوو دروستە، گەشتیار نوێژەكەی تەواو دەكات هەروەكو ئیمامەكەی، ئینجا بگات بە هەموو ڕكاتەكانی نوێژەكە، یان ڕكاتێكی، یان كەمتر، تەنانەت ئەگەر بگات پێی لە تەشەهودی -تەحیاتی- كۆتایی لە پێش سەلامدانەوە ئەوا نوێژەكەی هەر تەواو دەكات، وئەمیش پەسەندترین بۆچوونە لە نێو دوو بۆچوونی زانایاندا.
***
چوارەم: داب وڕێساكانی گەڕانەوە لە حەج وعومرە یان هەر گەشت وسەفرێک
پێویستە پەلە بكات لە گەڕانەوە ودرێژە نەدات بە گەشتەكەی بە بێ پێویستی؛ چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «گەشت كردن بەشێكە لە ئازار، ڕێگر دەبێت لە خواردن وخواردنەوە وخەوتنتان، ئەگەر یەكێكتان هۆکاری سەفەری تەواو بوو با پەلە بكات لە گەڕانەوە بۆ لای خێزان وماڵی». [27]. [27] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1804)، و(موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1927).
ئەگەر بیەوێت بگەڕێـتەوە بۆ شارەكەی یان وڵاتەكەی؛ ئەوا نزای سەفەر دەخوێنێت لە كاتی سەركەوتن بە سەر سواریەكەی، هەروەها ئەم بەشەیشی بۆ زیاد دەكات: «آيِبُونَ تَائِبُونَ عَابِدُونَ لِرَبِّنَا حَامِدُونَ» واتە: «گەڕاینەوە بە تۆبە کاری لە تاوانەکان، وهەروەها به پەرستش بۆ خودا و سوپاسگوزار وستایش كاریشین بۆ پەروەردگارمان» [28]. [28] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1797)، و(موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1342).
سوننەتە لە كاتی گەڕانەوە لە گەشت وسەفەر ئەوە بڵێت كە لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم- كە ئەگەر بگەڕایەتەوە لە جەنگ، یان حەج یان عومرە، لە سەر هەموو شوێنێكی بەرز تەكبیری دەكرد -دەیووت: الله أكبر- سێ جار، پاشان دەیووت: «لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ، وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ، وَلَهُ الْحَمْدُ، وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، آيِبُونَ، تَائِبُونَ، عَابِدُونَ، سَاجِدُونَ، لِرَبِّنَا حَامِدُونَ، صَدَقَ اللهُ وَعْدَهُ، وَنَصَرَ عَبْدَهُ، وَهَزَمَ الْأَحْزَابَ وَحْدَهُ» واتە: «هیچ پەرستراوێك هەق وڕاستی نییه كه شایستەی پەرستن بێت جگه له -الله-ی تاك و تەنیای بێ هاوەڵ، موڵك وسامان وستایش بۆ ئەوه و بەسەر هەموو شتێكیشدا بە توانا و بە دەسەڵاتە، گەڕاینەوە بە پەشیمانی لە تاوان، هەروەها به پەرستش بۆ خودا وسوپاسگوزار وستایش كاریشین بۆ پەروەردگارمان، خودا بەڵێنەکانی هێنایە جێ و بەندەكەی خۆی سەرخست و خۆی بە تەنها کۆمەڵەی بێباوەڕانیشی تێكشكاند» [29]. [29] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (4116).
هەروەها سوننەتە كاتێك شارەكەی دەبینێت بڵێت: «آيِبُونَ تَائِبُونَ عَابِدُونَ لِرَبِّنَا حَامِدُونَ» واتە: «گەڕاینەوە بە پەشیمانی لەتاوان، وهەروەها به پەرستش بۆ خودا و سوپاسگوزار وستایش كاریشین بۆ پەروەردگارمان» [30]، ئەمە دووبارە دەكاتەوە هەتاوەكو دەچێتە نێو شارەكەیەوە؛ وئەمە كردەوەی پێغەمبەر بووە -صلى اللە علیە وسلم-. [30] (بوخاری) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1797)، و(موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (1342).
نابێت لە پاش سەفەرێکی درێژ بە شەو بگەڕێتەوە بۆ لای خێزانەكەی ئەگەر پێویست نەبێت؛ مەگەر پێشتر هەواڵیان بداتێ كە لە شەودا دەگەڕێتەوە، چونكە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی لەم کارە كردووە، جابر -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كردووە لەوەی پیاو لە شەودا -بە ناكاو- بگەڕێتەوە بۆ لای خێزانەكانی» [31]، دانایی ئەم كارە گێڕانەوەیەكی تر ڕاڤەی كردووە: «بۆئەوەی ئەو ئافرەتەی قژی ناڕێكە شانەی بكات [32]، وئەو ئافرەتەی پیاوەكەی لە لای نەبووە مووی لاشەی لابەرێت» [33]، هەروەها لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كردووە لەوەی پیاو لە شەودا -بە ناكاو- بگەڕێتەوە بۆ لای خێزانەكانی بەهۆی ئەوەی گومان دەکات خیانەت بکەن، یان بە دوای هەڵەكانیان بگەڕێت» [34]. [31] (موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (715). [32] (ئەو ئافرەتەی قژی ناڕێكە)؛ چونكە ماوەیەكی زۆر پرچی پشتگوێ خستووە پێویستیەتی شانەی بكات وڕێکی بخات، (مووەكانی لابەرێت)؛ لابردنی مووی ئەو شوێنانەی داواكراوە لاببرێن بە بەكارهێنانی موس، (و ئافرەتەی پیاوەكەی لە لای نەبووە)؛ كە بۆ ماوەیەكی زۆر نەگەڕاوەتەوە. [التحرير في شرح صحيح مسلم - الأصبهاني (ص292)]. [33] (نەسائی) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (9099). [34] (موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (715).
سوننەتە ئەو كەسەی لە سەفەر دەگەڕێتەوە سەرەتا بچێتە نێو نزیكترین مزگەوت لە ماڵیان ودوو ڕكات نوێژی تێدا ئەنجام بدات؛ چونكە كردەوەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەم شێوەیە بووە.
سوننەتە ئەو كەسەی لە سەفەر دەگەڕێتەوە نەرمونیانی بنوێنێت بەرامبەر بە منداڵەكانی و خێزانەكەی ودراوسێكانی وچاكەكار بێت بەرامبەریان ئەگەر پێشوازیان لێكرد، لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: كاتێك پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هات بۆ مەككە چەند منداڵیكی بەنی عەبدولموتەڵیب پێشوازیان لێكرد یەكێكیانی لە باوەشكرد وئەوی تر لە پشتی بوو، عبد اللەی كوڕی جەعفەر -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: "پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر لە سەفەر بگەڕایەتەوە؛ ئێمە پێشوازیمان لێدەكرد، كاتێك دەگەیشت بە من وحەسەن یان حوسەین یەكێكمانی دەكردە باوەش وئەوی تر لە پشتیەوە بوو هەتاوەكو دەهاتە نێو مەدینەوە" [35]. [35] (موسلیم) گێڕاویەتیەوە؛ بە ژمارە (2428).
دیاری بەخشین سوننەتە، چونكە دەبێتە هۆی ئاسوودە كردنی دڵەكان ونەهێشتنی ناكۆكی، وسوننەتە قبوڵ بكرێت، ولە بەرامبەردا پاداشت بدرێتەوە، مەكروهە ڕەت بكرێتەوە بە بێ ڕێگرێكی شەرعی؛ بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرموویەتی: «دیاری ببەخشن بە یەكتر؛ خۆشەویستر دەبن لە لای یەكتر» [36]. ودیاری بەخشین هۆكارە بۆ زیاد بوونی خۆشەویستی وتەبایی لە نێو مسوڵماناندا. [36] (بەیهەقی) گێڕاویەتیەوە لە (السنن الكبری)؛ بە ژمارە (11946).
ئەگەر لە گەشت وسەفەر بگەڕێتەوە بەرەو شارەكەی؛ باوەش پێدا كردنی سوننەتە، چونكە لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم- هەروەكو ئەنەس -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: "ئەگەر بە یەك بگەیشتنایە تەوقەیان دەكرد، وئەگەر لە سەفەر بگەڕانایەتەوە باوەشیان بە یەكدا دەكرد" [37]. [37] (تەبەرانی) گێڕاویەتیەوە لە (الأوسط)؛ بە ژمارە (97).
وصلى الله وسلم على نبينا محمد.